دوڕیان – تایبەت
بایۆگرافیا
ناوی تەواوی:- ساڵح بن فەوزان بن عەبدڵڵا ئەلفەوزان.
مێژوی لەدایكبوون:- 28-9-1935
شوێنی لەدایكبوون:- قەسیم - سعودیە.
ئایین و رێباز:- مسوڵمان – ئەهلی سوننە و جەماعە – سەلەفی حەنبەلی.
كار و پیشە:- ئەندامی هەمیشەیی لیژنەی فەتوای سعودیە. بانگخواز و پێشنوێژ و وتاربێژ. فەقێ و شەرعزان.
ساڵح فەوزان، ئەندامی "دەستەی گەورە زانایانی سعودیە" و ئەندامی كۆمەڵەی فیقهییە لە مەككە. ئەندامی لیژنەی هەمیشەیی توێژینەوەی زانستی و فەتوایە. پێشنوێژ و وتارخوێن و مامۆستا و وانەبێژە لە مزگەوتی ئەمیر موتعەب بن عەبدلعەزیز ئال سعود. بە یەكێك لە موفتییە گەورەكانی سعودیە ئەژماردەكرێت و خەڵكی سعودیە و زۆرێكی تر لە مسوڵمانان، بۆ بابەتە فیقهییەكان دەگەڕێنەوە بۆ فەتواكانی و پشتیان پێدەبەستن و پەیڕەوییان لێدەكەن.
منداڵی و گەنجێتی
ساڵح فەوزان لە تەمەنی مێردمنداڵیدا فێری خوێندنەوە و نوسین و قورئانخوێندن بووە. پاشان چوەتە خوێندنگە و دوای تەواوكردنی ئامادەیی، كراوە بە مامۆستای سەرەتایی. دواتر پەیمانگەی زانستی خوێندوە و بەدوای ئەوەشدا چوەتە كۆلێژی شەریعە لە ریاز و ماستەری لە فیقهی ئیسلامیدا بەدەستهێناوە. دواتر لە هەمان كۆلێژ درێژەی بە خوێندن داوە و دكتۆرای لە فیقهدا وەرگرتوە.
ساڵح فەوزان لای چەندین بانگخواز و شارەزای ئیسلام و مەلا و موفتی گەورەی سعودیە وانەی ئایینی خوێندوە، لەوانە عەبدلعەزیز بن باز و عەبدلڕەحمان سەعدی و عەبدلڕەزاق عەفیفی. دوای بەدەستهێنانی شارەزایی و ئەزمونی پێویست، فەوزان وانەی بە چەندین كەسایەتی ناوداری ئایینی وتوەتەوە وەك یوسف ئەلحەوشان و عەبدلڕەحمان سودەیس.
كار و پیشە
دوای تەواوكردنی خوێندنی ئایینی، فەوزان كراوە بە مامۆستای پەیمانگە و پاشان لە كۆلێژی شەریعەی ریاز وانەی وتوەتەوە. دواتر لە كۆلێژی "اصول الدین" سەرپەرشتی خوێندنی باڵای كردوە. ماوەیەك بەڕێوەبەری پەیمانگەی باڵای دادوەری بووە و دواتر بووە بە مامۆستا لە هەمان پەیمانگە. دوای چەند ساڵێك لە وانەوتنەوە، ساڵح فەوزان كراوە بە ئەندامی "دەستەی گەورە زانایانی سعودیە" و ئەندامی كۆمەڵەی فیقهی. ئێستاش ئەندامی لیژنەی هەمیشەیی توێژینەوەی زانستی و فەتوای سعودیەیە.
بەشێك لە كتێبەكانی ساڵح فەوزان:-
*حوكمی خۆراك لە شەریعەتی ئیسلامدا.
*كۆمەڵێك وانە لە عەقیدە و بانگخوازیدا.
*كۆمەڵێك فەتوا لە عەقیدە و فیقهدا.
*رەخنەگرتن لە كتێبی حەڵاڵ و حەرام لە ئیسلامدا.
*كورتەی فیقه.
*كتێبی یەكتاپەرستی.
*كۆڕەكانی مانگی رەمەزانی پیرۆز.
*تیشكگەلێك لە فەتواكانی ئیبن تەیمیەوە.
*چەند وانەیەك لە قورئانی پیرۆزەوە.
*شیكردنەوەی پرسەكانی كوێرەوەری.
*كۆی عەقیدەی پێشینی چاك.
*راستیی سۆفیگەری.
*كێشەكانی گەنجان.
*پێویستی حوكمكردن بە پەیامی خودا.
*چەند پرسێكی ئیمانی.
*واتای لا اله إلا الله.
*یەكتاپەرستی لە قورئاندا.
*پرسیار و وەڵام لە پرسی باوەڕ و كوفردا.
بەشێك لە فەتوا و بۆچونەكانی ساڵح فەوزان:-
*دەبێت حوكمی ئیسلام جێبەجێ بكرێت و "حەد" بسەپێندرێت و پەیڕەو بكرێت. (حەد) ئەو سزایەیە كە ئیسلام دیاریكردوە تا بەسەر ئەو كەسانەدا جێبەجێ بكرێت كە پێشێلكاری دەكەن. حەد چەند جۆرێكە، لەوانە سەرپەڕاندن، لەخاچدان، دەست و قاچ بڕین، بەردبارانكردن تا مردن، جەڵدكردن و جەڵدكردن تا مردن.
*خەڵكی عەوام و ژنان مافی دەنگدانیان نییە لە هەڵبژاردنی پێشەوا و سەرانی وڵاتدا.
*خووەنهێنی حەرامە. ئەنجامدەرانی دژی ئیسلامن.
*نوێژكردن لە كەناری دەریا دروست نییە، چونكە شوێنی بەدڕەوشتی و تاوانە.
* نوێژكردن لە شوێنێكدا كە تابلۆ و وێنەی تیادا هەڵواسرابێت دروست نییە، چونكە شوێنی بتپەرستانە.
*"ژندان" بە پیاوی نوێژنەكەر، فیتنە و فەسادی لێدەكەوێتەوە.
*نوێژنەكردن لە مزگەوت تاوانە.
*شیعە كافرن. واز لەو فەلسەفە و قسەپوچە بهێنن كە دەوترێت خەڵكی سادە و عەوامی شیعە كافرنین، نەخێر كافرن.
*ریش نیشانەی پیاوەتییە و نابێت كورت بكرێتەوە و رێكبخرێت.
*حەرامە ژنان لە هێزی سەربازی و پۆلیس و ئاسایشدا كاربكەن.
*شۆفێریكردنی ژنان حەرامە، چونكە بەدڕەوشتی بەدواوە دێت و ئەوكات ژن دەتوانێت بە ئازادی و بە ویستی خۆی بچێت بۆ زیناكردن.
*دەموچاوی ژن زەقترین و گەورەترین عەورەتیەتی و فیتنەیە، بۆیە دەبێت دایبپۆشێت.
*گۆرانی و مۆسیقا حەرامن.
*قژ بۆیەكردن و رەشكردنەوەی حەرامە.
*نابێت ژن لە دەرەوەی ماڵدا چاكەت بەسەر شانیدا بدات.
*پێكەنینی زۆر رێگەپێدراو نییە.
*كۆمیدیا و خەڵكهێنانە پێكەنین حەرامە.
*چەپڵەلێدان كاری كافر و جاهیلەكانە و نابێت پیاو چەپڵەلێبدات. تەنها ژن لەكاتی نوێژی بەكۆمەڵدا ئەگەر پێشنوێژەكە هەڵەیكرد، دەتوانن چەپڵەلێبدەن.
تێبینی/ ئەم فەتوایانە و سەدان فەتوای تری فەوزان، بە دەنگ و رەنگی خۆی لە یوتیوب دا بڵاوكراونەتەوە.