سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئێزدی و ئێزدیەكان بە كورتی (بەشی دووەم)

24/07/2017


ئامادەكردنی: هیوا موسا

ژینگە و شوێنی ئێزدیەكان
شارەكانی شێخان، دهۆك و شنگال سەر بە پارێزگای موسڵ، سەنتەر و ناوەندی ئێزدیەكانە، لە باكوری كوردستانیش زۆر هەبوون،بەڵام بە هۆی گوشار و زەختی حكوومەت كەم بوونەتەوە،لە باكوری كوردستان و سۆڤیەتی پێشووش  ژمارەیەكی زۆر دەژین، هەروەها لە ناوچە كوردنیشنەكانی ڕووسیاش ئێزدیەكان دەژین و لە قەوقاز و تبلیسی بڵاو بوونەتەوە.

جەكسۆن لە سەفەرێكدا كە ساڵی 1903ی زایینی بۆ ئاسیای نێوەڕاست  ژمارەی   ئێزدیەكانی ڕووسیای بە دوازدە هەزار كەس خەمڵاندووە.

 

فەقیران چی یە؟

لەئاینی ئێزدیدا بە تاقمێك دەوترێت كە پارێزگارو خوا ناسبن و لەخۆشییەكانی جیهان چاو بپۆشن ، تەنها بەبیری رۆژی دوای یەوە بن، خەڵكیش گەلێ رێزیان دەگرن ،ئەم گروپە جلوبەرگێكی تایبەتیان هەیە كە خەرقەی پێ دەگوترێت كەهەژار دەیكاتە بەری و سنگی خۆی پێ دادەپۆشێ و دای ناكەنێ مەگەر بدڕێت، ئەگەر كۆنیش بوو ئەوا هەڵیدەگرن و لەگەل مردنیدا دەی خەنە گۆڕەكەوە .

ئەگەر فەقیرێك لەئاین و رێوڕەسمی ئێزدی سەرپێچی بكات و لەفەرمانی شێخ دەرچێ ،ئەوا كۆڕێكی بۆ دەبەسترێ و لەو كۆرەدا ئەوسێ شتەی لایەتی لێی دەسەنرێتەوە و رسوا دەكرێ و ریش و سمێلی دەتاشرێت. 

سەربڕینی گا

ئێزدییەكان هەموساڵێك دەچنە كێوی لالش و دەست دەكەن بە ‌شای و بەهەڵپەركێ وشادی،كچان وكوڕان بەدەف لێدان و چەپڵەكێشان گایەك دێنن و ڕاوی دەنێن،پاشان لەبەرامبەر گڵكۆی شێخ ڕەشدا سەری دەبڕن و دواتر گۆشتەكەی لێدەنێن و لەناو ئێزدیەكاندا دابەشی دەكەن.
ئێزدییەكان لەسەر ئەو بڕوایەن كەئەم كارە پەرەدەدات بەوەرزێری وكشتوكاڵ و ئاژەڵداری،ئەڵێن هەر دڵۆپە خوێنێك لەوگایە بڕژێتە زەوی  ئەوا دەبێتە هۆی ڕوانی روەكەكان وگیاكان و دڵێ خەڵكی زەوی. 

ژن هێنان لەناو ئێزدیەكاندا
بەپێی مەسحەفی ڕەش كوڕو كچان راسپێدراون كە لەكاتی پەیوەندی ژن و مێردایەتیدا بۆ پاك داوێنی خۆیان تیبكۆشن و بۆیەك ئەمەك داربن . 

لەئاینی ئێزدیدا ئەگەر هاتو پیاو ژنەكەی مرد یان نەزۆك بوو ئەوا دەتوانێ ژن بهێنێت بەڵام ئەگەر ئەو مەرجانەی تێدا نەبوو ئەوا ناتوانێ، هەر كوڕێكی ئێزدی دەتوانێ لەهۆزەكەی خۆی ژن بێنێت هیچ كچێكی ئێزدی مافی ئەوەی نییە كە شو بەكەسێك بكات كە ئێزدی نەبێ. 

نوێژی ئێزدیان
لەناو ئێزدیەكاندا چەند نوێژێك باوە بەڵام چوار نوێژ پتر پیرۆزترەو فێری منداڵەكانیان دەكەن هەتا لەكاتی خۆیدا ئەو نوێژانە بكەن . 
ئەم نوێژانەش بریتین لە نوێژی بەیانی، نیوەڕۆ، ئێوارە لەگەڵ خۆرئاوا.
جگە لەمە هەر ئێزدیە‌ك دەبێت لەكاتی خۆرهەڵهاتندا لەبەردەم خۆردا راوەستێ و خاك ماچكات و نوێژ بكات و بپاڕێتەوە، بەم نوێژە دەڵێن نوێژی خۆر. 
واتە ئێزدیەكان دەبێت پێنج نوێژ بخوێنن، هەمو نوێژێكێش دەبێت رووەو هەتاو راوەستن وە باوەڕیان وایە كە هەمو روناكی جیهان لەخۆرەوەیەو بریتییە لە رۆشنایی تیشكی خودا كەبا‌وەڕێكی كۆنە!، پێم وابێ ئەمە لە میتراییەكانەوە وەرگیراوە. 
ئەوان لەدوای هەمو نوێژێك دەبێت هەمیشە نزایەك بۆ خۆر بخوێنن كە پێی دەڵێن نزای خۆر، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ شێخ ئادی هەكاریی. 

دوناو دۆن

ئێزدیەكان لایان وایە ئەگەر مرۆڤی مردوو كەسێكی باش بوو، ئەوا رۆحەكەی دەچێتە جەستەی منداڵێكی چاك، بەڵام ئەگەر خراپ بو ئەوا دەچێتە لەشی جانەواران و دڕندەكان  وەك مارو دوپشك ئەوانی دی ئەم بیرو باوەرە لای یارسانەكان و لای هندۆسەكانیش هەیە.

هەر لەبەر ئەمەیە كە كاتێك ئێزدیەك دەمرێ چواردەورەكەی زۆر دەگرین لەسەر گۆڕەكەی و بە شەو ئاگر دەكەنەوە، چون لایان وایە بۆ شەو مردوەكە دێتە خەویان، ئیدی دەزانن بەهەشتییە یان نا.

مردن و بەخاك سپاردنی مردوان
ئێزدییەكان مردوەكانیان بە دەف وشمشاڵ ڵێدان دەبەنە ‌گۆرستان و دەی نێژن. 
پرسە تاسێ رۆژ دەخایەنێت لەرۆژی سێ یەمدا مەڕێك سەردە‌برن و دەی بەنە سەر گڵكۆی مردوەكە، لایان وایە مردوەكە پێویستی بەخواردن هەیە. 

جەژنی ئێزدیەكان
 ئێزدیەكان جەژنی زۆریان هەیە ئاینی ئێزدی خەم وپەژارە بەخراپ دادەنێن . بۆیە ئەوان هەردەم ساغ وكەیف خۆشن لەخەم وپەژارە خۆیان لادەدەن،گرنگترین جەژنی ئێزدییەكان جەژنی نەورۆزە،‌ كەبەو جەژنە‌‌ دەڵێن جەژنی سەری ساڵ ،چون ئەوان لایان وایە كەخوا لەو رۆژەدا رزق و رۆزی بەش دەكات ،ئەگەر كەسێكیش لەشەوی جەژندا خێربكات ئەوا خوا ڕزق و ڕۆزی ئەو زیاتر دەكا. 
هەروەها بروایان وایە كەخوا لەو رۆژەدا بنیادەمی خوڵقاندوە . هەروەها لایان وایە كەلەشەوی جەژندا رۆحی مردوەكانیان دێتە دیداریان ئەگەر ئەوان كەیف و دڵخۆش بون ئەوا مردوەكانیش هەروادەبن.

هەروەها لەرۆژی جەژندا فریشتەكان دێنە زەوی لەگەڵ ئەواندا سەماو دڵخۆشی دەردەبڕن، ئێزدیەكان چەند رۆژێ پێش نەورۆز دەست دەكەن بەخاوێن كردنەوەو رازندنەوەی ماڵ و شۆردنی سەرجەم كەل وپەلەكانی ناوماڵ.

 

سەرچاوەكان:
-داب و نەریتی كوردەواری - نووسین و كۆكردنەوەی: ڕەزا سەرسێفی.
-ئاینی ئێزدی لەنێوان چەند جەمسەری و بڕوای یەكتاپەرستیدا: نەجم ئەڵوەنی
-ئێزدیەكان، بەشی 2 بۆ 2 . رامان ، لاپەرە 220 ژمارە 52، ساڵی 2000 سدیق بۆرەكەی (تاران).

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.