سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

محەمەد ئەلعورەیفی

24/07/2017


دوڕیان – تایبەت

بایۆگرافیا
ناوی تەواوی:- محەمەد بن عەبدلڕەحمان ئەلعورەیفی
بەرواری لەدایكبوون:- 15-7-1970
شوێنی لەدایكبوون:- دەمام - سعودیە
ئایین و رێباز:- مسوڵمان – ئەهلی سوننە و جەماعە – سەلەفی
كار و پسپۆڕی:- بانگخوازی ئیسلامی

محەمەد عورەیفی، كۆلێژی شەریعەی خوێندوە. دواتر بڕوانامەی دكتۆرا و پلەی شەرەفی بەدەستهێناوە لە كۆلێژی "اصول الدین" لە زانكۆی ئیمام محەمەد بن سعود كە زانكۆیەكی ئیسلامییە لە ریاز. تێزی دكتۆراكەی بە ناونیشانی "وتەكانی شێخی ئیسلام دەربارەی سۆفیگەرایی" بوو. ناوبراو لای چەند كەسایەتییەكی ئیسلامی ناوداری سعودیە وانەی ئایینی خوێندوە، لەوانە ئیبن باز كە تەفسیر و فیقهی لای خوێندوە. هەروەها لای ئیبن عوسەیمین فیقهی ئیسلامی خوێندوە.

پۆست و پیشە
محەمەد عورەیفی چەندین پیشە و پۆستی ئایینی و فێركاری پێسپێردراوە لە ناوخۆی سعودیە، ئەمانەی لای خوارەوە بەشێكیانن:-
*ئەندامی لیژنەی ئەمینداران لە دەستەی باڵای راگەیاندنی ئیسلامی سەر بە رایەڵەی جیهانی ئیسلامی.
*ئەندام لە چەندین نوسینگە و دەستەی بانگخوازی و ئیسلامی.
*وانەبێژ لە چەند كۆلێژێكی شەریعە.
*هاوكار لە رێنوێنی ئایینی لە:- ئاسایشی گشتیی سعودیە، بەرگری شارستانی، وەزارەتی بەرگری سعودیە، كۆلێژی هێزی ئاسمانیی شا فەیسەڵ، گاردی نیشتمانی سعودیە.
*ئەندامی رایەڵەی زانایانی مسوڵمان.

ناونیشانی بەشێك لە كتێبەكانی عورەیفی:-
*زیكری رۆژانەی مسوڵمان.
*بۆ كوێ دەڕۆن؟ (كتێبێك سەبارەت بە چاوپیسی و جادوو)
*چی دەكەیت لەوێ؟ (رێنمایی ژنان)
*لە دەرگات داوە؟
*چەند خودا دەپەرستیت؟
*بەختەوەران كێن؟
*رەمەزان باخچەی شەیدایانە
*زیكرەكان
*رێگەی بەهەشت
*لە هەناوی نەهەنگدا
*چیرۆكی تەرمێك
*لەگەڵمان وەرە
*هەڵوێستی ئیبن تەیمیە سەبارەت بە سۆفیگەرایی
جگە لەو كتێبانە، محەمەد ئەلعورەیفی لە دەیان پرۆگرامی رادیۆیی و تەلەڤیزیۆنیدا كاریكردوە كە سەرجەمیان بڕگەی ئایینی بوون. لە بەشێك لەو پرۆگرامانەدا ئامادەكار و پێشكەشكار و لە بەشێكیاندا وەك میوان بەشداریكردوە و رێنوێنی ئایینی بڵاوكردوەتەوە و فەتوایداوە.

عورەیفی و زیندان
محەمەد عورەیفی، ساڵی 2013 لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەكەیەوە زیندانیكرا، ئەوەش بەتۆمەتی دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی میسر و هەڵوێستی سەبارەت بە روداوە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە.
ساڵی 2014 بە تۆمەتی "غەڵبەغەڵب و پەشێوی نانەوە لە كۆمەڵدا" بۆ ماوەی دوو مانگ زیندانیكرا. ماوەیەكیش رێگەی پێنەدرا لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بۆچون و وانە و وتە ئایینیەكانی بڵاوبكاتەوە.

بەشێك لە فەتوا و وتەكانی عورەیفی:-
*كریسمس و هەر جەژنێكی تر جگە لە جەژنەكانی رەمەزان و قوربان، حەرامن.
*دەبێت نوێژ لە مزگەوت بكرێت، پێغەمبەر لە فەرمودەیەكدا دەڵێت: "ئەوانەی لە ماڵەوە نوێژ دەكەن، ئەگەر ژن و منداڵ لەوێ نەبووبان، ماڵەكانیانم دەسووتاند".
*ژن لەكاتی سوڕی مانگانەدا نابێت دەست لە قورئان بدات، بەڵام دەتوانێت لەرێگەی ئامێری ئەلیكترۆنییەوە قورئان بخوێنێت.
*شیعەكان كافرن.
*خۆبۆنخۆشكردن و خۆڕازاندنەوەی ژن حەرامە.
*حەرامە كچ لەبەردەمی باوكیدا جلی تەسك بپۆشێت.
حەرامە عەبای ژن نەخش و جوانكاری پێوەبێت.
*سیستانی كافر و زەندیق و فاجیرە.
*نابێت و  رێگەپێدراو نییە ژنی سوننی شوو بە پیاوی شیعە بكات.
*دانیشتنی كچ و باوك دووبەدوو حەرامە.
*دەبێت ژن وەك كەر و وشتر لێی بدرێت تا شەرم و ئابڕوی هەبێت.
*نوێژنەكەر كافرە.
*فریشتەكان هاوشانی چەكدارانی سوریا لە دژی رژێمەكەی بەشار ئەسەد دەجەنگن.
*گۆرانی حەرامە.


شەڕەكەی عورەیفی و ژنانی سعودیە
جارێك لە جریوەیەكدا لە تویتەرەكەی خۆی، محەمەد عورەیفی ئامۆژگاری ژنانی كردبوو سەبارەت بەو عەبایەی دەیپۆشن و نوسیبوی: "كچەكەم، عەبایەك مەكڕە شتێك لە جوانكاری پێوەدیاربێت، نە تەتڕیز و نە چرچ و گیرفان و نە فەتحە.. تكات لێدەكەم كیژەكەم هیچ جوانییەك دەرمەخە.. ولا تبرجن تبرج الجاهلیة الأولی."
ئەو پەیامەی عورەیفی، شەپۆلێكی بەرفراوانی ناڕەزایی توندی ژنانی سعودیەی بەدوای خۆیدا هێنا. هەزاران ژن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا رەخنەی توندیان لێگرت و بەشێكیان بە توانجەوە لێی هاتنە دەنگ. تەنانەت بەشێكی زۆر لەو ژنانە، وێنەی عەبا رازاوە و نەخشێندراوەكانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكردەوە و هەریەكێك دێڕێكی توانجئامێزی بۆ عورەیفی نوسیبوو، تەنانەت بەشێكیان نوسیبوویان: "ها شێخ! عەباكەمت پێچۆنە؟! ئەمجارە عەبایەك دەكڕم نەك تەتڕیز و فەتحە، دەبێت بەجۆرێك بێت ژنانی سەردەمی كوێرەوەری "جاهلیە"ـش نەیانپۆشیبێت و شتی وەهایان نەكردبێت".

دوابەدوای ئەو شەپۆلە لە ناڕەزایی ژنان، بانگخوازە سعودییەكە نەك لە بۆچونەكەی پاشگەز نەبووەوە، بەڵكو دووبارە و بەشێوەیەكی توندتر هاتە وەڵام و ئەمجارەیان نوسیبووی: "حیجاب بە مەبەستی داپۆشینی جوانیی ژنان داهێنراوە و شەرعێندراوە.. خۆ ئەگەر خودی حیجاب ببێت بە جوانی و جوانكاری، ئەوە حەرامە.. بۆیە كچەكەم، لەپێناو خوداپەرستیدا، خۆت لە عەبای نەخشێندراو دووربگرە، چونكە خودا دەفەرموێت: (ولا يبدین زینتهنّ)"

تێبینی/ ئەو فەتوا و بۆچونانەی عورەیفی لە یوتیوب دا بڵاوكراونەتەوە. "دوڕیان" وەكخۆی وەریگێڕاون.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.