سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

محەمەد حەسان

26/07/2017


دوڕیان – تایبەت

بایۆگرافیا
ناوی تەواوی:- محەمەد ئیبراهیم ئیبراهیم حەسان
بەرواری لەدایكبوون:- 8-4-1962
شوێنی لەدایكبوون:- دەقهەلیە – میسر
ئایین و رێباز:- مسوڵمان – ئەهلی سوننە و جەماعە – سەلەفی
بڕوانامە و پسپۆڕێتی:- بەكالۆریۆس لە كۆلێژی راگەیاندن – زانكۆی قاهیرە، دكتۆرا لە ئایینی ئیسلامدا لە زانكۆی ئەمریكی لە لەندەن.
كار و پیشە:- بانگخوازی ئیسلامی

منداڵی و گەنجێتی محەمەد حەسان
دایكی محەمەد حەسان، ناوبراوی لە تەمەنی چوار ساڵییەوە بردوەتە لای مەلا بۆ فێربوونی خوێندنەوە و قورئان. بە گوێرەی وتەی خۆی، محەمەد حەسان لە تەمەنی هەشت ساڵیدا قورئانی بە تەواوەتی لەبەركردوە. هەر لە تەمەنی مێردمنداڵیدا، محەمەد حەسان شارەزایی لە عەقیدە و شەریعەی ئیسلامی و فیقه و فەرمودەدا بەدەستهێناوە. شارەزایی محەمەد حەسان لە ئاییندا بە جۆرێك بووە، لە تەمەنی 13 ساڵیدا لە مزگەوتەكاندا وانەی ئایینی بە منداڵان وتوەتەوە و وتاری رۆژانی هەینیی خوێندوە.

لە تەمەنی 18 ساڵیدا، محەمەد حەسان چووەتە ئوردن و وانەی ئایینی خوێندوە. هەر لەو تەمەنەدا چەندین جار چووەتە كۆڕ و كۆبوونەوە ئایینیەكانی "ئەلبانی"ـیەوە و وانەی ئایینی لێوە فێربووە. ماوەیەك لای "بن باز" خوێندكار بووە و چەندین وانەی لە بوارەكانی عەقیدە و فیقه و فەرمودەدا لاخوێندوە. دواتر چوەتە لای "ئیبن عوسەیمین" و ماوەیەك خوێندكاری ئەو بووە. جگە لە بن باز و ئیبن عوسەیمین كە دوو موفتی و شارەزای ناوداری ئیسلام و بە تایبەت سەلەفییەكانی سەردەمن، محەمەد حەسان لای عەبدڵڵا بن جەبرین و عەبدلقادر شیبە شارەزایی لە ئاییندا بەدەستهێناوە.

كاری ئیسلامی و بانگخوازی
محەمەد حەسان لە چەندین مزگەوت و ناوەندی ئایینیدا وانەی وتوەتەوە و خەڵكێكی زۆری فێری پرس و بابەتە ئایینیەكان كردوە. لە چەندین پەیمانگەی ئامادەكردنی بانگخوازان لە میسردا وانەبێژ و مامۆستایە و وانەكانی عەقیدە، فەرمودە، ژیانی پێغەمبەر دەڵێتەوە. سەرۆكی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی "كۆمەڵەی ئەهلی سوننەیە". سەدان وانە و كۆڕ و سیمیناری ئایینی هەیە و بەشێكی زۆریان لە ئینتەرنێتدا بڵاوكراونەتەوە. محەمەد حەسان لە چەندین كەناڵی تەلەڤیزیۆنی و ئیزگەی رادیۆدا بەرنامەی ئایینی ئامادە و پێشكەشكردوە و لەڕێگەیانەوە وانەی ئایینی و فەتوای بڵاوكردوەتەوە. لەوانە:-
*قەیرانی رەوشت.
*وشەیەك.
*فەتواكانی رەحمەت.
*تەفسیری قورئان.
*لە ماڵەكانی خودا.
*نەخۆشییەكانی میلـلەت.

كتێبەكانی محەمەد حەسان
*راستیی یەكتاپەرستی.
*ئەندێشەكانی رێگەی بانگخوازی.
*رێساكانی كۆمەڵی مسوڵمان.
*باوەڕهێنان بە قەزا و قەدەر.
*پێداگیری تا مردن.
*جبریل دەپرسێت و پێغەمبەر وەڵام دەداتەوە.
*چەند وانەیەك لە سورەتی نور-ەوە.
*سیفاتەكانی مونافیق.
*وانەگەلێك لە پەروەردەدا.
*ئەو مافانەی دەبێت بیانزانیت.

بەشێك لە فەتواكانی محەمەد حەسان
*شوێنەوار حەرامە. پارچەی شوێنەوار و پەیكەر دەبێت بشكێندرێن.
*دزین و فرۆشتنی پارچەی شوێنەوار حەڵاڵە، بەو مەرجەی پەیكەری مرۆڤ نەبێت. ئەو پارچە شوێنەوارەی لە ماڵ یان زەوی یان كێڵگەكەتدا دەیدۆزیتەوە، مافی خۆتە بیفرۆشیت و سوود لە پارەكەی وەربگریت، ئەوە رزق و رۆزییەكە و خودا بۆی ناردویت. حكومەت بۆی نییە لێپێچینەوەت لەگەڵدا بكات.
*گۆرانی و مۆسیقا حەرامن. وتن و ژەنین و گوێگرتن لێیان حەرامە.
*كاركردنی ژن لە دەرەوەی ماڵەكەی حەرام نییە.
*پەچە فەرزە و دەبێت ژن بیپۆشێت.
*پانتۆڵ و كراس و بۆدی حەرامە و نابێت ژنان بیانپۆشن.
*حەرامە قژی ژن دەربكەوێت.
*وێنەهەڵواسین لە ماڵ و شوێنەكاندا حەرامە و سزای بەدوادادێت.
*بەكارهێنانی هۆكار و ئامرازی رێگریكردن لە دووگیانبوون حەرامە.
*لابردنی مووی برۆ و نێوان برۆكان حەرامە. پێغەمبەر نەفرەتی لەو ژنانە كردوە كە ئەو كارە دەكەن.
*سەیركردنی یاری دووگۆڵی رێگەپێدراو نییە.
*وێنەی ڤیدیۆیی حەرام نییە. لەوبارەیەوە فەتوای هەریەك لە بن باز، ئیبن عوسەیمین و چەندین "زانا"ـی ترم بە تۆماركراوی لایە.
وتەكەی محەمەد حەسان لەكاتێكدایە كە ئیبن عوسەیمین لە ژیانیدا جەختیكردوەتەوە لە حەرامێتی وێنە و ڤیدیۆ تۆماركردن و كۆڕ و كۆبوونەوەكانی تەنها بە دەنگ تۆمار دەكران.
*گەشتوگوزار حەرامە. ئەو پارەیەی لە گەشتیارانەوە بەدەستدێت، حەرامە.
*شیعەكان كافرن. زانا و شارەزاكانیان كافرن. نەفام و نەزانەكانیان كافر نین تا ئەوكاتەی رونكردنەوەیان پێدەدرێت و نایەنە سەر رێگەی راست.
*تەوقەكردنی ژن و پیاو حەرامە. بڕوانە فەرمودەكەی پێغەمبەر "پیاو بزمارێكی ئاسنین بچەقێت بە سەریدا، باشترە لەوەی دەستی بەر ژنێك بكەوێت".
*حەرامە ژن بەبێ كەسی مەحرەم سەفەر بكات.
*ئاهەنگگێڕان بەهۆی هاوسەرگیرییەوە حەرامە. تەنانەت لەنێوان خودی خانەوادەشدا.
*زیكری بە كۆمەڵ دروست و رێگەپێدراو نییە.
*دابڕان لە نوێژ كفرە. نوێژنەكەر كافرە.
*بەرتیلدان حەڵاڵە، ئەگەر بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆت بێت.
*سەیركردنی دراما و فیلم رێگەپێدراو نییە.
*رێگەپێدراو نییە لەكاتی دەستوێژگرتندا قسە بكرێت.
*حەرامە ژن لەبەردەمی شوبرادا دەموچاوی دەربكەوێت.
*خۆشەویستی حەرامە.
پەیوەندی بەر لە هاوسەرگیری حەرامە.
*پێكەنین نوێژ بەتاڵ دەكاتەوە.
*نەشتەرگەری جوانكاریی حەرامە ئەگەر مەبەست لێی جوانكردن بێت.
*پێویستە مێینە خەتەنە بكرێت. بەشێك لە زانایان دەڵێن خەتەنەكردنی مێینە واجبە و دەبێت بكرێت.
*دڵنیانین كە مردوو ئاگای لە سەردانیكردن و قسەكردنی ئەوانەیە كە سەردانی دەكەن یاخود نەخێر.
*ئەو (بۆن)ـانەی كە كحولیان تیادایە حەرامن. بەشێك لە زانایان بە رێگەپێدراو و بەشێكیان بە حەرامی دەزانن.
*ئەو پیاوەی نوێژ ناكات كافرە و دەبێت ژنەكەی لێی جیاببێتەوە.
*مێردمنداڵ نوێژ نەكات دەبێت لێی بدرێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.