سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

"بزووتنەوەی ئیسلامیی لە كوردستان/ عێراق"

27/07/2017


دوڕیان – تایبەت

لە ئێستادا سێ حیزبی ئیسلامی سیاسی لە باشوری كوردستاندا، لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە مۆڵەتی كاركردنیان پێدراوە، ئەوانیش بریتین لە: بزووتنەوەی ئیسلاميی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلاميی كوردستان، كۆمەڵی ئیسلاميی كوردستان. ئەگەرچی ئەم حزبانە بانگەشەی بوونی خاڵی جیاواز لەنێوانیاندا دەكەن، بەڵام لە جەوهەردا هەر سێ حیزبە رێگەپێدراوە ئیسلامییەكەی كوردستان، بۆ یەك ئاقاری سیاسی هەنگاو دەنێن و بە میكانیزمی سیاسی، رێكخستنی جیاواز، هەوڵی بەدیهێنانی ئامانجی سیاسی خۆیان دەدەن، كە خۆی لە دروستكردنی ژینگەیەكی كۆمەڵایەتییانەی تەواو ئیسلامی سیاسی دا دەبینێتەوە، لە چوارچێوەی دروستكردنی دەوڵەتێكی خەلافەتی ئیسلامی سوننەگەرایی.

لێرەدا، وەك سەرەتایەك بۆ ناساندن و خستنەڕوی ئەو بزاوت و جوڵانەوە ئیسلامییانەی لە كوردستاندا سەریانهەڵداوە و لە رابردو و ئێستادا كاریان كردوە و دەكەن، ماڵپەڕی "دوڕیان" تیشك دەخاتە سەر بزووتنەوەی ئیسلامی. ئەمەش هەوڵێكە كە خزمەت بە خوێنەر، هەروەها ئەو توێژەرانە دەكات كە بیانەوێت زانیاری بەشێوەی ئەلیكترۆنی لەبارەی حزب و رەوتە ئیسلامییەكانەوە بەدەستبخەن.

ناو/ بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان/ عێراق
سەركردە/
عیرفانی مەلا عەلی، رابەری گشتی حزبەكەیە.
دامەزران/ ساڵی ١٩٨٧ لە لایەن (عوسمان عەبدولعەزیز)ـەوە دامەزرێندراوە
رێكار و رێباز/ سوننە و جەماعەت
ئامانج/ ئیسلام وەك شەریعەت. لە روانگەی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە، دەبێت قورئان و سوننەت سەرچاوەی دەستور و یاسادانان بن.
ئایدۆلۆجیا/ ئیسلامیی جيهادى
دروشم/ و جاهدوا فی الله حق جهاده
ماڵپەڕ/ basknet.org

رادیۆ/ دەنگی ئیسلام
ئارم

مارش

كلیك بكە بۆ بیستنی مارشی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی

بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان/عێراق بزوتنەوەیەكی سیاسی جیهادیی ئیسلامییە و لە سەر پێڕەوی ئەهلی سوننەت و جەماعەت كار دەكات بۆ چەسپاندنی فەرمانڕەوایی شەریعەتی ئیسلام و مافە ئیسلامییەكان لە كوردستاندا.

دامەزراندن
ساڵی ١٩٨٧ لە لایەن كۆمەڵێك پیاوی ئایینی بە سەركردایەتی مەلا عوسمان عەبدولعەزیز لە ئێران ڕاگەیاندرا. بزووتنەوە یەكەم حیزبی ئیسلامیی چەكدارە كە لە كوردستانی عیراق دامەزراوە و بە فەرمی ڕاگەیەندراوە. پێشتر پەیوەندی ئیسلامی كە بە سەركردایەتی شێخ محەمەد بەرزنجی هەبووە كە لە سەرەتای هەشتاكان دروست بووە پاشان هاتوونەتە نێو بزوتنەوەوە.

بەو پێیەی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، یەكەم حیزبی ئیسلامیی سیاسییە، لە باشوری كوردستان، بۆیە بە حیزبی دایك، لە ناوەندی سیاسی و مێژویی ئیسلامی سیاسی تەماشای دەكرێت. بەڵام دوای كەرتبوونی ئەو حیزبە، ئیدی پێگەی سیاسی لاواز دەبێت، بەوەی جەماوەرەكەی دابەشی سەر یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دەبن و تا ئەم چركەساتەش، سەركردەكانی ئەو حیزبە، بزووتنەوەی ئیسلامی بە حیزبی دایكی ئیسلامی سیاسی دەزانن.

سەرەتای راگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە ساڵی 1987ـدا، ساڵێك پێش روودانی كارەساتی هەڵەبجەیە، كە لە ئەنجامی بۆردوومانی كیمیایی فڕۆكە عیراقییەكان، كە بە هۆیەوە هەزاران هاووڵاتی سڤیلی كورد كوژران و بێسەروشوێنبوون. واتە هەلومەرجی راگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی، هەلومەرجێكی ناسەقامگیرە كە كۆمەڵگەی كوردستانی پێدا گوزەردەكات، هاوكات پارتی سیاسیی كوردی، لە خەباتی چەكداریی دابوون، دژ بە رژێمی بەعس لە عیراق و بەشەكانی دیكەی كوردستان، بە تایبەتی دژی دەسەڵاتدارێتی سەددام حوسێنی سەرۆكی ئەوكاتی عیراق.

ئەگەرچی ئەو حیزبە سەرەتا لە وڵاتی ئێران دادەمەزرێت، بەڵام بە شوناس، حیزبێكی ئیسلامی سیاسیی كوردییە، هەر بۆیەش، بزووتنەوەی ئیسلامی لە پاڵ كارە بانگخوازییەكەیدا، هاوكات دەبێتە حیزبێكی چەكداریش، ئەمەش رەنگە هۆیەك بێت بۆ ئەوەی، بڵێین كە شوناسی راستەقینەی بزووتنەوەی ئیسلامی، لە پاڵ ئەوەی حیزبێكی سیاسیی ئیسلامی بانگخوازییە، بە لای چەكداریشەوە دەچێت و لە مێژووی خۆشیدا، چەندین گرووپی چەكداری لێبووەتەوە، وەك كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، بە سەرۆكایەتی عەلی باپیر، ئەنسارولئیسلام، بە سەرۆكایەتی مەلا كرێكار، كە لە بزووتنەوە جیابوونەوە.

بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، بۆ یەكەمجار لە كۆماری ئیسلامی ئێران، لە لایەن مەلا عوسمان عەبدولعەزیز دادەمەزرێت، وەك خۆیان ئاماژەی بۆ دەكەن و لە كردەوەشدا دەركەوتووە، لەسەر بنەمای جیهادكردن و ئەهلی سوننەت و جەماعەت كار دەكات. واتە ئایدۆلۆژیای راستەقینەی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، سوود وەردەگرێت لە ترادیسیۆنی ئیسلامی، شەریعەتی ئیسلام، هەڵبەت ئامانجی سیاسیشی كاركردنە، بۆ رەخساندنی ژینگەیەكی سیاسی ئیسلامییانە، لەسەر بنەمای دەوڵەتی شەریعەتی ئیسلامی، واتە ئامانجی سیاسی بزووتنەوە چەسپاندنی شەریعەتی بێ ئەملاو ئەولای ئیسلامە.

بزووتنەوەی ئیسلامی، هاوشێوەی سەرجەم حیزب و گرووپە ئیسلامییەكانی دیكە، ئەویش بڕوای بە جیهادی مسوڵمانان هەیە، لەكاتێكدا هەستی جیهادی، بووەتە هۆی خوڵقاندنی كارەسات لە وڵاتانی ئیسلامی و هەتا جیهانیشدا كە بە هۆی مومارەسەكردنی ئەركی جیهادییەوە رۆژانە كردەی تیرۆریستی و تەقینەوە، خۆكوژیی، سەربڕین و كوشتار ئەنجامدەدرێن.

بزووتنەوەی ئیسلامی و كاری سیاسی و پەرلەمانی
*لە دوای راپەڕینی ساڵی 1991ی خەڵكی كوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامی بەشداری یەكەم هەڵبژاردنی ساڵی 1992ی كوردستان دەكات، لە دوای پارتی دیموكراتی كوردستان، كە دەنگی یەكەم و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە دەنگی دووەم مسۆگەر دەكەن، ئەوەبوو بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، بە سەرۆكایەتی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز، دەنگی سێیەمی خەڵكی كوردستان مسۆگەر دەكات، واتە لەوكاتدا بزووتنەوەی ئیسلامی، حیزبی سێیەم بووە لەسەر ئاستی باشووری كوردستان، لەو سەروبەندەشدا، چونكە زۆربەی پشتیوانان و لایەنگرانی لە پارێزگەی هەڵەبجە و دەوروبەری بوو، قورسایی سیاسی و ئایینی خۆی لە ناوچەی هەڵەبجە و هەوراماندا چڕدەكاتەوە.

*لە سەرەتاكانی ساڵی 1993 بە دواوە، ناوچەی هەڵەبجە و پێنجوێن و تەوێڵە و بیارە و هەندێك شوێنی دیكەش بە جۆرێك لە جۆرەكان، لە لایەن بزووتنەوەی ئیسلامیی سەرپەرشتی دەكرێت، تا ئەوكاتەی نێوانی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، تێكدەچێت.

*لە هەڵبژاردنی ٢٥/٠٧/٢٠٠٩ بزووتنەوەی ئیسلامی توانی ٢ كورسی پەرلەمانی كوردستان بەدەستبهێنێت.

*لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی 2013ـدا، بزوتنەوە توانی یەك كورسی پەرلەمان مسۆگەر بكات.

یەكگرتن، پەرتبوون و جیابوونەوەكان لە ریزەكانی بزوتنەوەی ئیسلامیدا
بزوتنەوەی ئیسلامی، بە سەرچاوە و بناغەی بزاوت و جوڵانەوە ئیسلامییە سیاسییەكانی تری باشوری كوردستان ئەژمار دەكرێت، ئەوەش بەو پێیەی كە یەكەم بزوتنەوەی چەكداری ئیسلامی بووە.

لە ساڵی ١٩٩٩ـدا، بزوتنەوەی ئیسلامی لەگەڵ بزوتنەوەی ڕاپەڕین یەكیان گرتوەتەوە كە مەلا سدیق سەركردایەتی دەكرد و بزوتنەوەی یەكبوونیان ڕاگەیاند. بەڵام زۆری نەخایاند كە ئەم یەكبوونە بوو بەهۆی دابەشبوونی بزوتنەوە بۆ سێ پارتی ئیسلامی، ئەوانیش: بزووتنەوەی ئیسلامی و دوو حزبی تر كە لێی جیابوونەوە بە ناوەكانی: كۆمەڵی ئیسلامی بە سەركردایەتی عەلی باپیر كە ساڵی 2001 دامەزرێندراوە، ئەنسارولئیسلام بە سەركردایەتی مەلا كرێكار. دوای ئەم جیابوونەوانە، بزووتنەوە تووشی لاوازییەكی گەورە بوو، بە جۆرێك تا ئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە ساڵی 2013ـدا، بزووتنەوە، واتە حیزبە سێیەمەكە، بە یەك كورسی پەرلەمانییەوە دەچێتە پەرلەمانی كوردستان، لە تەك ئەویشدا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە حەوت ساڵ پاش بزووتنەوە دامەزراوە، دەبێتە خاوەنی دە كورسی پەرلەمانی، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش، كە چواردە ساڵ دوای بزووتنەوە خۆی راگەیاندووە، شەش كورسی و سكرتێری پەرلەمانی كوردستانیش مسۆگەر دەكات.

ناودارانی بزوتنەوە
* مەلا عوسمان ڕابەر و دامەزرێنەری بزووتنەوە لە ساڵی ١٩٩٧ لە دیمەشق كۆچی دوایی كرد.
* مەلا عەلی ڕابەری دووەم لە ساڵی ٢٠٠٧ لە لەندەن كۆچی دوایی كرد.
* سدیق عەبدولعزیز ڕابەر.
* ئەحمەد كاكە مەحموود ئەندامی مەكتەبی سیاسی لە ساڵی ٢٠٠٧ كۆچی كردوە.
* كەمال ڕەحیم ئەندامی مەكتەبی سیاسی.
* كامیلی حاجی عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی، وەزیری ئەوقاف بۆ كاروباری ئایینی لە ساڵانی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٣
* محەمەد عومەر ئەندامی مەكتەبی سیاسی.
* عیرفانی مەلا عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی و ڕابەری بزووتنەوە ئیسلامیی كوردستان لە ئێستادا.
* ئەنوەر عەنەبی ئەندامی مەكتەبی سیاسی.
* محەمەد بازیانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی (دواتر جیابووەوە و پارتی داد و گەشەی دامەزراند)

تەحسینی مەلا عەلی و تاڵیبان
تەحسین، یەكێكە لە چوار كوڕەكانی مەلا عەلی، رابەری پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، واتە برای عیرفانی مەی عەلی رابەری گشتیی ئێستای بزووتنەوەی ئیسلامییە.

ئەو كاتەی ئەنسارولئیسلام لە هەورامان بوو، تەحسین لە تەوێڵە دادەنیشت، تەحسین وەكو كوڕەكانی دیكەی مەلا عەلی نەبووە و مەیلێكی توندڕەوانەی هەبووە، لەكاتی لێدانی ئەنسارولئیسلام لە لایەن ئەمریكاوە لە 2003دا، تەحسین لەگەڵ چەكدارانی ئەنسارولئیسلام رووی لە ئێران كرد. پاشان تەحسین بە مەبەستی جیهادكردن دەچێتە پاكستان و ئەفغانستان و لە ریزەكانی بزوتنەوەی تاڵیبان-دا دەجەنگێت.

لە 03-08-2011ـدا، هەواڵی كوژرانی تەحسینی مەلا عەلی لە ناوچەی وەزیرستانی باشوور لە سنوری پاكستان لەلایەن هێزەكانی ناتۆوە بڵاوكرایەوە. 

بزوتنەوە و شەڕی ناوخۆی كوردستان
بزوتنەوەی ئیسلامیی كوردستان، شەڕێكی سەختی درێژخایەنی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا كردوە. ئەو شەڕە لە ماوەی جیاجیای نێوان ساڵی 1987 تا ساڵی 1997ـی خایاندوە و هەزاران كەس لە هەردوولای شەڕەكە كوژراون.
سەرەكیترین وێستگەی ئەو شەڕە خوێناوییەی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكێتی نیشتمانی، ئەو شەڕە بوو كە ساڵی 1993 لەنێوان هەردوولادا هەڵگیرسا. بە دەستگیركردنی مەلا عوسمان عەبدلعەزیز دامەزرێنەر و رابەری ئەوكاتی بزووتنەوە و كشانەوەی هێزەكانی بزووتنەوە بۆ ئێران كۆتایی پێهات. ساڵی 1995 بزووتنەوەی ئیسلامی هاوشانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشداریی شەڕی ناوخۆی لە دژی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان كرد.

بزوتنەوەی ئیسلامی- قەیران و هەوڵەكانی دەربازبوون
سەركردایەتی بزوتنەوەی ئیسلامی، لە ماوەكانی رابردودا ئاماژەیان بۆ ئەوە كردوە كە حزبەكەیان "بە قەیراندا تێپەڕدەبێت" و دوچاری گرفتی ناوخۆ و دەرەكی بووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی دوایین وتەی عیرفانی حاجی عەلی، رابەری گشتیی بزووتنەوەی‌ ئیسلامی كە كۆتایی زستانی رابردو، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ گۆڤاری "بزاڤ"ـدا ئاشكرایكردوە، حزبەكە‌ "بەرنامەیەكی‌ هەیە بۆ ئەوەی بتوانین لەو قەیرانانەی‌ تێپەڕێنێ".
بەشێك لە كار و چالاكییەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی
*مەشق و راهێنانی سەربازیی بە ئەندام و لایەنگرانیان، تەنانەت كەسانی خوار تەمەنی یاسایی گرتوەتەوە.
*سازدانی خولی ئایینی بۆ خەڵك، بە مەبەستی كێشكردنی جەماوەر بە لای خۆیاندا.
*هەندێك خول و چالاكی جۆراوجۆری دیكە.

سەرچاوەی دارایی بزوتنەوەی ئیسلامی
بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بودجەی مانگانەی هەیە. باس لەوەش دەكرێت كە هاوكاری دارایی لە دەرەوەی وڵاتەوە و لە چەند وڵاتێكی عەرەبییەوە پێدەگات. بە تایبەت دوای ئەوەی لە دوو ساڵی رابردودا، بەڵگەی ئەوە بڵاوكرایەوە كە بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، بڕی ٥٠٠ هەزار دۆلاری ئەمریكی لە عەرەبستانی سعودیەوە بۆ هاتوە. وەك لە یەكێك لەو بەڵگەنامە نهێنییانەی كە ویكیلیكس لەسەر عەرەبستانی سعودی بڵاویكردونەتەوە، لە نامەیەكدا كە باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە لە عەممانەوە بۆ ڕیازی ناردوە، باس یارمەتییەكی ٢ ملیۆن ڕیاڵی (نیو ملیۆن دۆلار) عەڕەبستان بۆ بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان كراوە.

بزوتنەوە و ژن
عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان لە وتارێكیدا لە دیداری ئیسلامییەكانی كوردستان كە ناوەڕاستی مانگی نیسانی رابردو لە شاری سلێمانی بەڕێوەچو، رایگەیاند: "تێڕوانینمان بۆ ئافرەت باش نییە، بۆیە دەبێت كارێكی وابكەین ئافرەتەكانمان بەو دڵگەرمییەی كاردەكەن، دڵ گەرمتر لەئێستا كار بكەن".

لە ساڵی 2014ـدا، ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز كوڕی دووەم رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی و برای رابەری ئێستای بزوتنەوەكە، لە بەریتانیا تۆمەتباركرا بە دەستدرێژیكردنە سەر كچێكی هەرزەكار. ئەو بابەتە دەنگدانەوەیەكی كاریگەری بەدوای خۆیدا هێنا. بە تایبەت دوای ئەوەی باس لەوە دەكرا كە ئیحسان لە كۆتایی مانگی هەشتی ساڵی 2014ـدا، هاوڕێ كچەكەی بانگهێشت دەكات بۆ یانەیەكی شەوانە و ئەو شەوە مێزێك بەكرێ دەگرێت بە بڕی هەزار پاوەندی بەریتانی، هەروەها ڕەزامەندی دەردەبڕێت كە هاوڕێ كچەكەی دوو هاوڕێی تری كچ لەگەڵ خۆیدا بهێنێت.

شەو ئیحسان دوای تەواو بوونیان لە یانە شەوانەكە بەدرەنگەوە هەرسێكیان دەباتەوە ماڵەكەی خۆی، سەرەتا لەماڵەوە خواردنەوەی ڤۆدگا پێشكەشی میوانەكانی دەكات و دواتر هاوڕێ كچە بیست و چوار ساڵیەكەی دەباتە ژورەوە و كاری سێكسی لەگەڵدا دەكات دواتر سێكس لەگەڵ یەكێكی دیكەشیاندا دەكات، بەڵام ئەو كچە هەژدە ساڵەی سێیەمیان داوای لەسەر ئیحسان تۆماركردبوو كە ئەو شەوە بە تۆبزی سێكسی لەگەڵدا كردووە.

كۆتایی ساڵی 2015 دادگا بێتاوانیی ئیحسانی سەلماند كەوا ئەو شەوە ئەو كچە لەسەر قەنەفەی ماڵەكەی ئیحسان خەوتووە و ئیحسانیش بە ڕێكەوت بەسەریدا كەوتووە و لەو كاتەشدا كچەكە بە ئاگا هاتوەتەوە. بەڵام باس لە وردەكارییەكانی تری بابەتەكە و دوو كچەكەی تر نەكرا و دۆسێكە داخرا.

پێشتریش بڵاوبونەوەی وێنەیەكی ئیحسان لەگەڵ ژنێكی نیمچە ڕوتدا دەنگدانەوەی بەدوادا هات.
زۆربەی سەركردەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی و ئەندامانی فرەژنیان هەیە و باوەڕیان بەو مەسەلەیە هەیە، بەگشتی ئەندامانی ئەو حزبەش لەگەڵ كرانەوە و هاوسەنگی نێوان ژن و پیاودا نین و دەركەوتنی ژنیان لەزۆر بۆنەدا و لەسەر شاشەی تیڤی بەلاوە ئاسایی نیە.


سەرچاوەكان
- راگەیاندنی بزوتنەوەی ئیسلامی.
- كتێبی (ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەویەوە بۆ خەونی خەلافەت)، نوسینی: شاخەوان برایم عەبدوڵڵا.
- ئاژانسەكانی هەواڵ و گۆڤار و وێبسایتە هزرییەكان.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.