سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

01/08/2017


دوڕیان – تایبەت

ناوی حزب:- یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
بەرواری دامەزراندن:- 6-2-1994
ئایدۆلۆژیا:- ئیسلامی
قوتابخانە:- ئیخوان ئەلموسلیمین
دروشم:- ئازادی، برایەتی، دادپەروەری
ئامانج:- دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی
بەرپرسی یەكەمی حزب:- سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی
بارەگای سەرەكی:- هەولێر- هەرێمی كوردستان
ڕۆژنامە:- ڕۆژنامەی یەكگرتوو (پێشتر)
ڕەنگی فەرمیی حزب:- قاوەیی
ئارم:- دوو دەستی لێكهەڵپێكراو لە ناو هیلالێكدا

پەیكەر و پێكهاتەكانی یەكگرتووی ئیسلامی:-
ئەمینداری گشتی
ئەنجومەنی سەركردایەتی
دەستەی باڵای چاودێری
ئەنجومەنی جێبەجێكردن
ئەنجومەنی كاروباری سیاسی و جەماوەری
ئەنجومەنی كاروباری بانگەواز
ئەنجومەنی كاروباری ناوخۆ
دامەزراوەی راگەیاندن و هونەر

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان حزبێكی ئیسلامییە و سەر بە قوتابخانەی ئیخوان موسلیمینە و لەو رێكخراوەوە سەرچاوەی گرتوە. یەكگرتووی ئیسلامی تا ئێستاش لە رووی رێكخراوەییەوە، لەلایەن ئیخوان موسلیمینەوە دانی پێدا دەنرێت و بە باڵی ئیخوان یاخود شۆڕبوونەوەی ئیخوان موسلیمین لە كوردستاندا ئەژمار دەكرێت. كەسی یەكەمی حزبەكە (سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین سادق)ـە، ناوبراو لەدایكبووی ١٩٥٠ـیە لە هەڵەبجە، دوای دامەزراندنی حزبەكە و لە یەكەم كۆنفرانسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ١٩٩٤ بە ئەمینداری گشتی هەڵبژێردرا. بەڵام مێژوی ریشەداكوتینی یەكگرتووی ئیسلامی و كاری سیاسیی ئەمیندارە گشتییەكەی، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانێك پێش ئەو بەروارە، بە تایبەت سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین كە بە یەكێك لە ئیخوانییە هەرە دێرینەكانی كوردستان ئەژمار دەكرێت و رۆڵی سەرەكی هەبووە لە بڵاوكردنەوەی فیكری ئیخوان موسلیمین و گواستنەوەی ئەزمون و كاری رێكخراوەیی و سیاسییەكەی بۆ كوردستان.

یەكگرتووی ئیسلامی و كاری سیاسی و هەڵبژاردنەكان:-
*لە هەڵبژاردنەكانی كانوونی یەكەمی ٢٠٠٥ـدا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، یەكگرتوو رێژی ١٫٣%ی دەنگەكانی بەدەستهێنا كە دەكاتە پێنج كورسی لە كۆی ٢٧٥ كورسی پەرلەمان.

*لە هەڵبژاردنەكانی ٢٠١٤ی عیراقدا، ئەو حزبە ئیسلامییە توانی چوار كورسی بەدەستبهێنێت لەكۆی ٣٢٨ كورسی.

*لە هەڵبژاردنەكانی ٢٠١٣ی هەرێمی كوردستاندا، لەكۆی ١١١ كورسی یەكگرتووی ئیسلامی ١٠ كورسی مسۆگەر كرد.

كۆنگرەكانی یەكگرتووی ئیسلامی:-
*كۆنگرەی یەك لە 1994
*كۆنگرەی دوو لە 1996 
*كۆنگرەی سێ لە‌ 1999
*كۆنگرەی چوار لە 2005 
*كۆنگرەی پێنج لە 2008 
*كۆنگرەی شەش لە 2012
*كۆنگرەی حەوتەم لە 2016

سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین و گەمەی دەستاودەستكردنی دەسەڵات
لە كۆنگرەی شەشەمی یەكگرتووی ئیسلامیدا كە ساڵی 2012 بەڕێوەچوو، سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتیی حزبەكە، خۆی نەپاڵاوت بۆ پۆستی ئەمینداری یەكگرتوو، لە ڕێكەوتی ٢ی ئایاری ساڵی ٢٠١٢ـدا هەڵبژاردن بۆ ئەمینداریەتی حیزب كرا و محەمەد فەرەج لەلایەن ئەندامانی كۆنگرەی شەشەمەوە بە ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی هەڵبژێردرا، ڕاستەوخۆ دوای ئەم سیناریۆیە، زۆر لە شارەزایانی بواری ئیسلامی سیاسی شیكردنەوەیان بۆ كرد و ئەو ڕاستییەیان خستەڕو كە كشانەوەی سەلاحەدین بەهادین لە پۆستی ئەمینداری یەكگرتو، تەنها بۆ یەك ئامانج بوە، ئەویش: "ناوبراو لە سەروبەندی دیاریكردنی بوە بۆ بون بە سەرۆكی ڕێكخراوی ئیخوان موسلمین لە هەموو عیراق"، واتە كشانەوەی لەو پۆستە حزبیە تەنها بەنیەتی پۆستێكی باڵاتربوە لەناو ئەو ڕێكخراوەدا كە یەكگرتوی ئیسلامی لەمنداڵدانی هاتۆتە دەر!.

پاش ئەوەی سیناریۆی باسكراو سەری نەگرت و ئەمیندارەكەی یەكگرتو بێهیوابو، دوای چوار ساڵ و لە كۆنگرەی حەوتەمی یەكگرتووی ئیسلامیدا كە ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی ئایاری ٢٠١٦ بەڕێوەچوو، چوار پاڵێوراو خۆیان پاڵاوت بۆ پۆستی ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، ئەوانیش بریتی بوون لە سەڵاحەدین بەهائەدین، محەمەد فەرەج، ئەبوبەكر كاروانی و محەممەد ڕەئوف. بەر لەئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە، محەمەد فەرەج لە هەڵبژاردنەكان كشایە و پشتگیری خۆی لە سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ڕاگەیاند. دواتر هەڵبژاردنەكان ئەنجامدرا و لەگەڕی یەكەمدا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین و ئەبوبەكر كاروانی زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا، بۆیە پەنا برا بۆ گەڕی دووەم و لەكۆتاییدا بەڕێژەی ٧٥%ـی دەنگی ئەندامانی كۆنگرە، سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین جارێكی تر بوو بە ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی.

لەلایەكی تریشەوە چاودێرانی سیاسی و بە تایبەت شارەزا و چاودێرانی گروپە ئیسلامییەكان، لێكدانەوەیەكی جیاوازیان بۆ ئەو گەمە سیاسیەی سەلاحەدین بەهادین كرد، بەوەی كە وازهێنانی لە پۆستی ئەمینداری گشتی و دواتر هەوڵی گەڕانەوەی بۆ هەمان پۆست و سەركەوتنی لەو هەوڵەدا، ئامانج لێی، ویستی خۆكاندیدكردنی ناوبراو بووە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2013ـدا، بەڵام دواخستنی ئەو هەڵبژاردنە و تەنها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لەو ساڵەدا، وای لە سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین كردبوو جارێكی تر هەوڵی گەیشتن بە پۆستی ئەمینداری گشتیی حزبەكەی بدات. تەنانەت بەشێك لە چاودێران و هەندێك دەنگی ناوخۆی خودی یەكگرتووی ئیسلامییش، كشانەوەی محەمەد فەرەج ئەمینداری گشتی ئەوكاتەی یەكگرتووی ئیسلامییان لە كۆنگرەی حەوتەم و رێگە خۆشكردن و پشتیوانیكردنی لە سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین بۆ بوونەوە بە ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی، بە رێككەوتنی ژێربەژێری نێوان هەردوو سەركردەی حزبەكە ئەژمار دەكرد.

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا لە كتێبەكەیدا (ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەویەوە بۆ خەونی خەلافەت) لەو بڕوایەدایە كە ئەو كارە سیناریۆی سیاسی بووبێت و لەو بارەیەوە دەنووسێت: "یەكگرتوو دەیویست بڵێت ئێمە ئاڵوگۆڕ لە پۆستەكانی ناو یەكگرتوودا دەكەین، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعدا هێشتا سەڵاحەددین بەهائەددین ئەمینداری شاراوەی یەكگرتووی ئیسلامی بوو! كۆی بڕیارە سیاسییەكانی یەكگرتووش، لەو ماوەیەدا كە فەرەج بە رووكەش ئەمیندار بوو، بەبێ رەزامەندی سەڵاحەددین بەهائەددین نەدەدران، واتە لە سێبەردا بەهائەددین هەر ئەمینداری یەكگرتوو بوو! ئەمەش بووە هۆی رەخنەكردنی یەكگرتوو، بە تایبەتی خودی سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین، كە پێشووتر بانگەشەی دیموكراسی و ئاڵوگۆڕی كورسی ئەمینداریەتییان دەكرد، بەڵام كاتێك، سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین، خۆی كاندید دەكاتەوە، ئیدی دەرچوونی مسۆگەر دەبێت، رەنگە هەر ئەوەش بووبێتە هۆی ئەوەی كە محەممەد فەرەج، دەست لە خۆكاندیدكردن بۆ ئەمیندارێتی بكشێنێتەوە و بە ناچاری پشتگیری لە سەڵاحەددین محەممەد بەهائەددین بكات، تا ئەندامانی كۆنگرە دەنگی بۆ بدەن، چونكە زۆر باش دەیزانی دەرچوونی سەڵاحەددین مسۆگەرە!".

یەكگرتووی ئیسلامی و هەردوو پرسی نەتەوە و نیشتمان:-
لە سەرەتاكانی دروستبوون و كاركردنییەوە، یەكگرتووی ئیسلامی پێی وابووە كە جیابوونەوەی كوردستان لە عیراق كارێكی ئەستەمە و هۆكارە سیاسی و جوگرافی و بابەتییەكان رێگرن لەبەردەم سەربەخۆبوونی كوردستاندا، لەو سۆنگەیەوە پێداگیری كردوە لەسەر مانەوەی هەرێمی كوردستان وەك بەشێك لە عیراق و بۆچونی وابووە كە جیابوونەوەی كوردستان، دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی قەیران و گرفتەكان قووڵتردەكاتەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات و بە تایبەت لە دوایین گۆنگرەی خۆیدا، یەكگرتووی ئیسلامی هەوڵی گۆڕینی گوتاری خۆی داوە و خۆی لەگەڵ بارودۆخەكەدا گونجاندوە و لە پاڵ هزر و ئایدۆلۆجیا ئیسلامییەكەیدا، بانگەشەی نەتەوایەتی دەكات.

میدیای یەكگرتووی ئیسلامی:-
یەكگرتووی ئیسلامی چەندین دەزگا و دامەزراوەی میدیایی هەیە كە لە چێوەی دامەزراوەی راگەیاندن و هونەر-دا كۆیكردوونەتەوە و لەلایەن هەمان دامەزراوەوە سەرپەرشتی دەكرێن. ئەوانیش بریتین لە كەناڵێكی ئاسمانیی بە ناوی "سپێدە" و 12 كەناڵی تەلەڤیزیۆنی ناوخۆیی كە لە شار و شارۆچكەكانی كوردستاندا پەخش دەكەن. وەك میدیای بیستراو، یەكگرتووی ئیسلامی 16 ئێستگەی رادیۆی هەیە. لە بواری چاپەمەنی و بڵاوكراوەی ئەلیكترۆنیشدا یەكگرتووی ئیسلامی پێشتر خاوەنی رۆژنامەیەك بوو بە ناوی یەكگرتوو، لەگەڵ 10 گۆڤاری مانگانە و وەرزی، هەروەها دوو وێبسایت بە ناوەكانی كوردیو و یەكگرتوو.

دارایی یەكگرتووی ئیسلامی
لە ئێستادا یەكگرتووی ئیسلامی هاوشێوەی حزبە سیاسییەكانی تری هەرێمی كوردستان، لەلایەن حكومەتەوە بودجەی بۆ دابیندەكرێت، بەڵام بە گوێرەی سەرچاوەكان، بەر لە دروستبوونی ئەم حزبە و ساڵانێكی زۆر دوای دروستبوونیشی، لەلایەن چەند دەزگا و حكومەتێكی عەرەبی و ئیسلامییەوە پشتیوانی دارایی كراوە و بودجەی بۆ دابینكراوە، ئەوەش وایكردبوو یەكگرتوو بتوانێت كاری خێرخوازی لە شار و دێهاتی هەرێمی كوردستاندا ئەنجام بدات و لەرووی داراییەوە كۆمەك بە خەڵكانێكی هەژار و كەمدەرامەتی كوردستان بكات، سەرئەنجام ئەو دارایی و هاوكاریكردنانەش بوون بەهۆی كێشكردنی خەڵك بە لای یەكگرتوودا و رۆڵێكی سەرەكی هەبوو لە پێكهاتن و فراوانبوونی بنكەی جەماوەریی ئەو حزبە ئیسلامییەدا.

مێژووی یەكگرتووی ئیسلامی
قسەكردن لەسەر مێژووی دروستبوونی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، هەروا ئاسان نییە، چونكە ئەو حیزبە، بەر لە راگەیاندنی خۆی، سەركردە و كەسایەتییە سیاسییەكانی، پێوەندیی تۆكمەیان لەگەڵ ئیخوان ئەلموسلمیندا هەبووە، بەو پێیەی ئیخوان بزووتنەوەیەكی سیاسی ئیسلامخوازی سەرتاسەری بووە، لە جیهانی عەرەبی و وڵاتانی ئیسلامی، بە تایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، باشووری كوردستانیش، وەك بەشێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە زۆربەی هەرە زۆری پێكهاتە سەرەكییە كوردەكەی مسوڵمانن.
كەوایە ئیخوان ئەلموسلمین بە ئاسانی دەیتوانی لە رێگەی كەسایەتییە ئایینییەكان و چالاكی خێرخوازیی، هژموونی خۆی لە باشووری كوردستانیشدا بسەپێنێت، كە ئێستاش یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سەرباری ئەوەی وەك حیزبی سیاسی كار دەكات، بەڵام هێشتاش شوناسە رێكخراوەییە خێرخوازییەكەی فڕێنەداوە و وەك بەشێك لە كاری سیاسی خۆی، لە پرسی رێكخستنی حیزبیدا، ئەو شوناسە خێرخوازییە وەگەڕدەخات.

بە نزیكەی حەوت ساڵ، دوای دروستبوونی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، یەكگرتووی ئیسلامی لە ساڵی 1994دا، خۆی رادەگەیەنێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئەو هەلومەرجە ناسەقامگیرەی ئەوكاتەی باشووری كوردستان، كە هەردوو پارتی سیاسی نەتەوەخوازیی نیمچە سێكۆلار، واتە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ یەكتریدا لە ململانێ و رووبەڕووبوونەوەی چەكداریدا بوون، ئەمەش رێگەخۆشكەر بوو، بۆ گەشەكردنی خێراییانەی یەكگرتوو، چونكە  یەكگرتوو ئەو بۆشاییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەی، بە دەرفەتزانی و لە پاڵ كاری حیزبیدا، دەستیشیكرد بە دروستكردنی مزگەوت و چالاكی كۆمەڵایەتیی خێرخوازیی بە پێدانی خۆراك و دابینكردنی چەندین جۆری دیكەی كەرەستەی پێویستی رۆژانەی هاووڵاتییان.
ئەمانەش هاوكات بوون لەگەڵ ئەوەی كە دۆخی ئابووری باشووری كوردستان، باش نەبوو، خەڵكی لە هەژاریدا دەژیان و هیچ جۆرە هاوكارییەكی هەر حیزبێكیانیش رەت نەدەكردەوە، ئەمە سەرباری ئەوەی كە یەكگرتووی ئیسلامی لە لایەن رابیتەی ئیسلامی و هاوكات چەند رێكخراوێكی دیكەی خێرخوازیی عەرەبی، هاوكاری ماددی و مەعنەوی دەكرا، بووە هۆكاری ئەوەی كە یەكگرتوو بەشێوەیەكی بەرفراوان، لەسەر ئاستی گوندەكانی باشووری كوردستان، خەریكی سندوقی خێرخوازی و دروستكردنی مزگەوت و قوتابخانە و بنكەی تەندروستی و دابەشكردنی هاوكاری ماددی بێت.

یەكگرتووی ئیسلامی، لە پاش بزووتنەوەی ئیسلامی دامەزراوە، واتە پلەی دووەمی هەیە لە ریزبەندی دامەزراندنی گرووپ و حیزبە ئیسلامییەكانی كوردستاندا. یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، حیزبێكە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیای سیاسی ئیسلامخوازیی و بانگخوازیی دامەزراوە، ئەگەرچی بە جیاواز، لەگەڵ حیزب و گرووپە ئیسلامییەكانی دیكەدا، هێزی چەكداری نییە، بەڵام لە ڕووی ئامانجی سیاسییەوە لەوان نزیكە، یەكگرتووش هاوشێوەی ئەوانی دیكە، واتە حیزبە ئیسلامییەكان، كار بۆ بە ئیسلامی سیاسییكردنی كۆمەڵگەی كوردستانی دەكات و ئامانجیشی دروستكردنی دەوڵەتێكی ئیسلامییە، لەسەر شەریعەتی ئیسلامی، واتە لە ڕووی فیكرییەوە، یەكگرتووش جیاوازییەكی ئەوتۆی لەگەڵ حیزبە ئیسلامییەكانی تری كوردستاندا نییە، رەنگە ئەوەی یەكگرتوو، لەوان جیادەكاتەوە، تەنیا ئەوەبێت كە یەكگرتوو بە بەراورد بەوان، نەختێك خۆی میانڕەوتر نیشاندەدات، بەڵام لە جەوهەردا، یەكگرتووش هەمان ئامانجی سیاسی حیزبە ئیسلامییەكانی دیكەی هەیە، چونكە حیزبی ئیسلامی، دەیەوێت لەسەر جەستەی كۆمەڵگەی ئاییندارەوە بگات بە دەسەڵات و خۆی وەك تاكە پارێزەری ئیسلام بزانێت. هەڵبەت یەكگرتووش ئەو رۆڵەی وازی كردووە و ئیسلامی وەك كەرەستەیەكی سیاسی خاو، بۆ بەرەژەوەندی كاری رێكخراوەیی و رێكخستنی حیزبی خۆی بەكارهێناوە.

یەكگرتووی ئیسلامی، جگە لەوەی بە تەواوی لەژێر كاریگەری ئیخوان ئەلموسلیمن دایە، بەڵام هەندێكجار، بەبێ دەستبەردان لە هەندێك میراتی ئیسلامییانەی خۆی، ئەویش دەیەوێت تەنانەت ئەگەر تەنیا بە قسەش بێت، لاسایی داد و گەشەپێدانی توركیا بكاتەوە، لەكاتێكدا ئەو هەلومەرجە دیموكراسی و پێشكەوتووەی لە ‌توركیادا هەیە، وەك میراتی سێكۆلاریزم بۆ ئاكپارتی ماوەتەوە، كە لە بنەڕەتدا پارتی داد و گەشەپێدان "ئاكپارتی" خۆی دروستكەری نەبووە‌، بەڵكو ئەو حیزبە درێژەپێدەرێتی و هاتووەتە سەر خوانی دیموكراسی و سێكۆلاریزمی توركیا، كە لەسەر دەستی ئەتاتورك بنیادنراوە، بەڵام بە جۆرێك گۆڕانكاریی لە تێڕوانین و سیاسەتی توركیادا،‌ بۆ جیهان و ناوخۆی وڵات، لەمەڕ بایەخدانی زیاتری بواری بازرگانی و ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتی، هەروەها باشتركردنی رەوشی ژیانی خەڵك و ئازادییەكان و پرسی ئاشتی ناوخۆیی، ئەمانەش لە خاڵە بەهێزەكانی پارتی داد و گەشەپێدان بوون، كە سەرەتا هەوڵیدا ئیشییان لەسەر بكات، ئەوروپاش رێگە نادات وڵاتێكی دراوسێیان ببێتە ئەندام لە یەكێتییەكەیان، ئەگەر دەستی هەبێت لە چەوساندنەوەی هاووڵاتییانی خۆی، لەسەر بنەمای جیاوازی نەتەوەیی و ئایینی بیروڕای سیاسی، بەڵام لە ئێستادا ئەو نموونەیە بەرەو خراپی دەچێت، زۆرترین رەخنە لە دەسەڵاتی ئاكپارتی دەگیرێت، سەبارەت بە پرسی ئازادییەكان و مامەڵەی لەگەڵ حیزبەكانی تردا، بە تایبەتی لەگەڵ هاووڵاتییان و لایەنی سیاسی كوردی.

بەڵام یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، خاوەنی هەمان تێڕوانینی سیاسی و مەدەنی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا نییە بۆ حوكمڕانێتی؟ راستە ئێستا توانجی زۆر لە ئاكپارتیش دەگیرێت، بەڵام هێشتا یەكگرتوو لە ئاستی چارەگی ئاكپارتیدا نییە.

داد و گەشەپێدان سەرباری ناكۆكییە ناوخۆییەكان، هێشتاش هەوڵی پاراستنی هەندێك بەهای دیموكراسی و سێكۆلاریزمی توركیا دەدات، بە پێچەوانەوە یەكگرتووی ئیسلامی، بە كردەوە لەژێرپەردەی میانڕەویی و ئیسلاحدا، دۆخێكی خراپی لە ڕووی بەرتەسككردنەوەی ئازادییە كەسییەكان دروستكردووە، بە بڵاوكردنەوەی كولتووریی دواكەوتووانەی فێندەمێنتالی ئیسلامییانە لە سێبەری میانڕەویەكەیدا و بە سوودوەرگرتن لە سادەیی خەڵكە گشتییەكە لە رێگەی مەلا و مزگەوت و كەناڵ و نێت و رادیۆ و بارەگە حیزبییەكانییەوە.
واتە یەكگرتوو بە شێوەیەكی نهێنی و ئاشكرا، هانی خەڵك دەدات بۆ ئەوەی دژایەتی‌ هەرچی پێشكەوتنێكی كولتووریی و كرانەوەیەكی كۆمەڵایەتییانەی كوردستان هەیە بكەن‌، ئەمەش بەڵگەیەكی زیندووە سەبارەت بەوەی كە ئەو هێزە نەیتوانیوە كۆپی پارتی داد و گەشەپێدان بێت لە باشووری كوردستان، بەڵكو ترسی ئەو هێزە، لە كرانەوەی كۆمەڵگەدا چڕبووەتەوە، لەوەی بە هەر هۆشیاربوونەوەیەك، ئیدی كێرڤی جەماوەریی بۆ ئاستێكی نزم دادەبەزێت و خەڵكیش نایانەوێت لەناو وەهمی خەلافەتدا بژیەن، ئەگەر بەڕاستی خەڵكی بگەیەندرێنە ئەو قەناعەتەی كە ئیسلامییەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان دەیانەوێت خەڵك و ئایین وەك كەرەستەیەك بەكاربهێنن‌. ئەگینا لە كرۆكدا مەبەستیان دڵسۆزی نییە بۆ ئیسلام، ئەمەش لەكاتێكدایە ناكرێت خەڵكانێك لە كۆمەڵگەیەكی زۆرینە موسڵماندا، موزایەدەی ئایینداری بەسەر خەڵكانی دیكەدا بكات كە ئیسلامییەكانی جیهان و باشووری كوردستان بە تایبەتی یەكگرتوو و كۆمەڵ ئەمەیان كردووەتە سیاسەتی دەنگ كۆكردنەوە لە كاتی هەڵبژاردنەكان و وەستانەوە دژی یاساكانی دەوڵەت لە كاتی تەنگەژە ئەمنییەكاندا، بەردەوامیش لە بۆسەدان بۆ دروستكردنی فەوزای كۆمەڵایەتی، بە جوڵاندنی هەستی ئایینی خەڵكی، وەك ئەوەی لە بەرانبەر گۆڤاری وێران و گۆڤاری چرپە و مەساجخانەكان و نووسینی چەند نووسەرێكدا كردیان، ئەمانە تەواو لەگەڵ بنەمای ئازادی و كۆمەڵگەی دیموكراسییدا دژبوون.

تێبینی/ ئەم بابەتە نوێ دەكرێتەوە

سەرچاوەكان:-
*راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی.
*كتێبی (ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەویەوە بۆ خەونی خەلافەت)، نوسینی: شاخەوان برایم عەبدوڵڵا.
*رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕە هەواڵی و هزرییەكانی كوردستانی و عەرەبی.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.