سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی لە كوردستان/عیراق

06/08/2017


دوڕیان – تایبەت

ناوی حزب:- "بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامیی لە كوردستان/عیراق"
بەرواری راگەیاندن:- 20- 8- 1999
رابەری گشتی:- عەلی عەبدولعەزیز
جێگری رابەری گشتی:- سدیق عەبدولعەزیز

چۆنیەتی پێكهێنان
بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی كوردستان، لە دەرئەنجامی گفتوگۆی چەند ساڵەی نێوان سەركردەكانی "بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان" و "بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامیی كوردستان" دروست بووە.

لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردودا، گفتوگۆیەكی درێژخایەن لەنێوان سەركردەكانی هەریەك لە بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان (باسك) و بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامیی كوردستان (برا)ـدا هاتە ئاراوە، مەبەست لەو گفتوگۆ و كۆبوونەوانە، یەكخستنی هەردوو حزبەكە و یەكگرتنیان بوو لەژێر چەتری یەك حزبی ئیسلامیدا.

بە بڕوای چاودێرانی گرووپە ئیسلامییەكان و ئەو كتێب و بڵاوكراوانەی سەبارەت بە كاری رەوتە ئیسلامییەكانی باشوری كوردستان نوسراون، بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی، لە ماوەی كاركردنیدا، كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستان بەجێنەهێشتووە، تەنانەت ئەوەندەی كۆبوونەوەی چەند كەسایەتییەكی ئیسلامی بووە، لە چواردەوری یەكتری و لە شێوەی ئەنجوومەنێكی خێڵەكی، نیو هێندە حیزبی سیاسی نەبووە.

ئەوكات (ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو تا كۆتاییەكانی هەمان دەیە) بۆچونێك هەبووە كە (یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان" نوێنەرایەتی رەوتی ئیخوان لە كوردستاندا دەكات، لەبەرامبەریشدا، بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان (باسك) رەوتێكی سەلەفی جیهادی بووە و خاوەن هێزی چەكداری جیهادی بووە، ئایا پێگەی بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی (برا) لەو نێوەندەدا چی بووە؟ پرسیارێك كە وای لە سەرانی بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی كردبوو، بیر لە نزیكبوونەوە لە بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان بكەنەوە و هەوڵی كاری پێكەوەییان لەگەڵدا بدەن. چونكە بۆچونی سەركردەكانی هەردوو رەوتە ئیسلامییەكە لەو كاتانەدا، ئەوە بووە كە تێكەڵكردنی دوو حزبی ئیسلامی كە یەكێكیان هێزی چەكدار و ئەوی تریشیان رەوتێكی سیاسی بێت و هەردوو رەوتەكەش لە بنەڕەتدا سەلەفی جیهادی بن، دەكرێت ببێت بە فاكتەری بەهێزبوونی رەوتی سەلەفی جیهادی لە كوردستاندا و دەستكراوەتریان دەكات لە راپەڕاندنی ئەركە هاوبەشەكانیاندا.

راگەیاندنی یەكبوون
دوای زنجیرەیەكی درێژخایەن لە كۆبوونەوە و دانوستاندن و وتووێژی نێوان هەردوولا، سەرئەنجام لە كۆتایی هاوینی ساڵی 1999ـدا، هەریەك لە بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی (برا) بە رابەرایەتی سدیق عەبدولعەزیز و بزووتنەوەی ئیسلامی (باسك) بە رابەرایەتی عەلی عەبدولعەزیز، لەژێر ناوی "بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی لە كوردستان/عیراق"ـدا یەكیانگرت.

پەرتبوونی یەكبوون
ئەو رەوتە نوێیەی لە ئەنجامی یەكگرتنی دوو حزبە ئیسلامییەكەدا هاتە ئاراوە، لە هەردوو گۆڕەپانی سیاسی و میدیایی كوردستاندا بە "یەكبوون" ناوبانگی بڵاوبووەوە. بەڵام حزبە نوێیەكەش زۆری نەخایاند دووچاری پەرتبوون و هەڵوەشاندنەوە بووەوە، بە جۆرێك كە بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكان لەسەر میراتی رابەر، بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی دووچاری لێكترازانێكی قووڵ بووەوە، چەندین حیزب و گرووپی ئیسلامی لە جەستەی بزووتنەوەی یەكبووندا جیابوونەوە، كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە 30/5/2001 بە سەرۆكایەتی عەلی باپیر، كە پێشتر ئەندامی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بوو، دادەمەزرێت، هاوكات جوندولئیسلام دروست دەبێت، پاشان ئەنسارولئیسلام بە سەرۆكایەتی مەلا كرێكار خۆی رادەگەیەنێت، ئەوەی وەك میراتێكی سیاسی دەمێنێتەوە، دەكەوێتەوە دەست باڵی شێخ عەبدولعەزیز و لەژێر هەمان تایتلە كۆنەكەی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستاندا دەستبەكاری سیاسی دەكەنەوە. ئەوەی بەسەر بزووتنەوەی (یەكبوون)ـدا هات، وەرچەرخان یاخود پەرتبوونێك بوو، كە چارەنووسی لایەنێكی پێكهێنەری (یەكبوون)ـی بە لاپەڕەكانی مێژو سپارد و كۆتایی بە بوونی هێنا، ئەویش بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی ناسراو بە نەهزە بوو.

سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوە و دابەشبوونی بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی، شاخەوان برایم عەبدوڵڵا لە كتێبەكەیدا (ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەویەوە بۆ خەونی خەلافەت)، دەنووسێت:- 
"هاوشێوەی پارتە نەتەوەیی و سێكۆلاریستەكانی كوردستان، كە بەردەوام دووچاری لێكترازانی ناوەخۆیی بوونەتەوە، لەناو گرووپ و حیزبە ئیسلامییەكانی كوردستانیشدا و لە سەرجەم قۆناغە مێژووییەكاندا، جیابوونەوە و لێكترازان روویداوە، لەسەر بنەمای جیاوازی فیكری و سیاسی و میراتی حیزب. بەڵام ئەوەی وا دەكات كە لێكترازان و جیابوونەوەی بەردەوامی كەسایەتی و حیزبە ئیسلامییەكانی كوردستان، ئاسایی نەبێت و جێگەی هەڵوەستە لەسەركردن بێت، ئەوەیە كە سەرجەم ئەو حیزب و كەسایەتییە ئیسلامییانە لە پەیڕەو و پرۆگرام و بەرنامەی سیاسی خۆیاندا، ئیسلام و شەریعەتەكەی، بە بنەمای سەرەكی كاركردنی خۆیان دەزانن و بە گوتەی خۆیانیش، بە موو لە بنەمای شەریعەتی ئیسلامی لانادەن، بەڵام لێكترازان و جیابوونەوە، یاخود ناكۆكییەكانی ناو مێژووی حیزبی ئیسلامی سیاسی، ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی كە ئەو گرووپانە دەیانەوێت ئیسلام وەك كەرەستەی سیاسی و شەخسی بەكاربهێنن، بۆیەش پێویستە بپرسین، ئایا شەریعەتی ئیسلامی كێشەی جەوهەری هەیە؟ یان تێگەیشتنی ئەو حیزبانە بۆ شەریعەتی ئیسلامی جیاوازە؟ كە بەمشێوەیە لەناو خۆیاندا، بەردەوام دووچاری لێكترازان بوونەتەوە! لەكاتێكدا ئەوان بانگەشەی ئاشتیخوازی لەناو ئیسلامدا دەكەن، كەچی بە هۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانی خۆیان، هەندێكجار هانایان بۆ رفاندنی ئەندامانی یەكتریش بردووە بە تایبەتی لە سەردەمی ناكۆكییەكانی ناو بزووتنەوەی یەكبووندا، كە ئەمەش ئاماژەیەكە سەرجەم جیابوونەوە و لێكترازانی حیزبە ئیسلامییەكان، هۆكارەكەی بۆ چاوتێبڕینی سەركردە ئیسلامییەكان بۆ میراتی حیزبەكانیان دەگەڕێتەوە."

تێبینی/ ئەم بابەتە نوێدەكرێتەوە و زانیاری تری بۆ زیاد دەكرێت.

سەرچاوەكان:-
*كتێبی/ (بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی)، نوسینی:- ئیدریس سیوەیلی.
*كتێبی/ (ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەویەوە بۆ خەونی خەلافەت)، نوسینی:- شاخەوان برایم عەبدوڵڵا.
*رۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕە هەواڵی و هزرییەكانی كوردستانی و عەرەبی.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.