سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان/عیراق

08/08/2017


دوڕیان – تایبەت

ناوی حزب:- كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان/عیراق
كەسی یەكەمی حزب:- عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی
رێكار:- لە بنەڕەتدا كۆمەڵی ئیسلامی وەك حزبێكی سەلەفی جیهادی چەكدار دامەزراوە و هاتوەتە سەر گۆڕەپانی كوردستان.
دروشم:-
پێشتر دروشمی سەر لۆگۆی كۆمەڵی ئیسلامی بریتی بوو لە:- "وجاهدوا فی الله حق جهادە" دواتر گۆڕدرا بۆ "لا إلە إلا الله محمد رسول الله"
لە دوایین كۆنگرەی حزبەكەدا، لۆگۆكە گۆڕدرا و جگە لە ناوی حزبەكە، هیچ نووسین و دروشمێكی لەسەر نییە.
ساڵی دامەزراندن:- 2001
لۆگۆ:-
سێ لۆگۆی كۆمەڵی ئیسلامی لە سێ قۆناغی جیاوازدا

 

كۆمەڵی ئیسلامی و كاری پەرلەمانی و حكومی
لە دوایین هەڵبژاردندا بۆ پەرلەمانی كوردستان كە ساڵی 2013 بەڕێوەچو، كۆمەڵی ئیسلامی شەش كورسی مسۆگەر كرد. بەوەش پۆستی سكرتێری پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی بەدەستهێنا.
لە حكومەتیشدا، كۆمەڵی ئیسلامی پۆستی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەڕێوەدەبات و كادرەكانی ئەو حزبە، چەندین پۆستی باڵای تریان لە حكومەتدا بەدەستخستون، وەك بەڕێوەبەری گشتی.

مێژووی دامەزراندن
دوای ئەوەی لە ساڵی 1999 بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، بە رابەرایەتی مەلا عەلی عەبدولعەزیز و بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی، بە رابەرایەتی مەلا سدیق عەبدولعەزیز، بڕیاری یەكگرتن دەدەن، ئەوەبوو لە دەرئەنجامی ئەو یەكگرتنەدا، بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی كوردستان دادەمەزرێت، بە هۆكاری كێشەی ناوخۆیی لەناو بزووتنەوەی یەكبووندا، ئەو بزووتنەوەیە هەڵدەوەشێتەوە و كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسی و ئایینی بە رابەرایەتی عەلی باپیر، لە رێككەوتی 31/5/2001 كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان دادەمەزرێت.

دامەزراندنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، رەنگدانەوەیەكی گەورەی لەناو لایەنگران و ئەندامانی حیزبە ئیسلامییەكاندا دروستكرد، بە هۆی ئەوەی لەگەڵ دامەزراندنی كۆمەڵدا، چەندین پارچە لە جەستەی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان بۆوە، كە لەگەڵ بزووتنەوەی راپەڕینی ئیسلامی كوردستان، دوای گفتوگۆیەكی زۆری نێوان هەردوو رابەرە براكە، بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی كوردستانی پەیدابووبوو، بزووتنەوەییەكان دروستبوونی كۆمەڵی ئیسلامی بە هۆكاری لاوازبوونی حیزبەكەیان دەزانن، چونكە لەگەڵ دروستبوونی كۆمەڵی ئیسلامیدا، ئیدی بزووتنەوەی ئیسلامی، كە بە حیزبی ئیسلامی سیاسی دایك، لە باشووری كوردستان ناودەبرێت، ئەو دایكایەتییە رۆڵی لاواز دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی ململانێ و یەكتر رەتكردنەوە لە نێوان كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان.
كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، دوای ئەوەی لە ساڵی 2001 خۆی وەك حیزبێكی ئیسلامی سیاسی رادەگەیەنێت و بەشداری هەڵبژاردنەكانی كوردستان دەكات و لە هەڵبژاردنی ساڵی 2013ی پەرلەمانی كوردستاندا، شەش كورسی مسۆگەر دەكات، سكرتێری پەرلەمان و سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی پێدەدرێت، كەچی بزووتنەوەی ئیسلامی تەنیا یەك كورسی مسۆگەر دەكات، ئەمەش وەك ئاماژەیەك لێكدەدرێتەوە كە لایەنگرانی بزووتنەوەی ئیسلامی، لە بەرژەوەندی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، دەنگی خۆیان یەكلایی كردبۆوە.

عەلی باپیر و قۆرخكردنی پۆستی سەركردایەتیكردنی حزب
لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە ساڵی 2001ـەوە تا ئێستا، كۆمەڵی ئیسلامی لەلایەن هەمان كەسەوە سەركردایەتی دەكرێت و بەڕێوەدەبرێت، ئەویش عەلی باپیر ئەمیری حزبەكەیە. تەنانەت لەو سێ كۆنگرەیەی حزبەكە سازیداون، هەموو جارێك ناوبراو خۆی بۆ پۆستی ئەمیر كاندیدكردوە و پۆستەكەی مسۆگەر كردوە. ئەمەش لەكاتێكدا، خودی ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، رەخنە لە بەشێك لە حزبەكانی كوردستان و سەركردەكانیان دەگرێت و تۆمەتباریان دەكات بە قۆرخكاری و پاوانخوازی و تاكڕەوی و دیكتاتۆرییەت.

دوایین كۆنگرەی كۆمەڵی ئیسلامی
كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لە 30ی ئایاری 2015 بە بەشداری 788 ئەندامی كۆنگرە لە شاری هەولێر گرێدرا، هاوشێوەی هەردوو كۆنگرەكەی پێشتر، لە كۆنگرەی سێیەمدا دیسانەوە بە زۆرینەی دەنگ، عەلی باپیر، وەك ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان هەڵبژێردرایەوە و هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆش لە فیكری سیاسیی كۆمەڵ رووینەدا، بگرە جۆرێك ناڕەزایەتی لە یەكەم رۆژی كۆنگرەكەدا لەناو ئەندامانی كۆنگرە روویدا و نزیكەی 10 ئەندامی كۆنگرە، شەرعیەتی كۆنگرەكەیان رەتكردەوە.
تاكە شت كە لە كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵ روویدا، ئەوەبوو گۆڕانكاری لە لۆگۆی كۆمەڵدا كرا، بە رەشكردنەوەی نووسراوە ئیسلامییەكە و لە جێگەیدا، لۆگۆیەكی تازە پەسەندكرا، كە ناوی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و گوڵە گەنمێكی لەناودایە، وەك پێشتر لە میدیاكاندا روونكردنەوەیاندا، كە گوڵە گەنمەكە و گەڵاكانی هێمای دەستی راستی مرۆڤ و گوڵەكەش هێمای پەنجەی شایەتومانی مرۆڤە و دەنكە گەنمەكانیش ئاماژەیەكن بۆ پایەكانی ئیمان و ئیسلام كە لە لۆگۆ كۆنەكە (لا الە الا اللە محمد رسول الله) هەبوو.‌ ئەمەش دوای ئەوە هات لە هەڵبژاردنی 2013، ئەو دەستەواژە ئیسلامییە لە پروپاگەندەی هەڵبژاردنەكاندا ناڕەزاییەتی زۆری لێكەوتەوە، بە هۆی ئەوەی لەسەر شەقام و لە شوێنە گشتییەكان كەوتە ژێرپێی خەڵكەوە.

ژنانی كۆمەڵ خۆیان بە پلە دوو دەبینن
لە كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستاندا، بەشێك لە ئەندامانی سكرتاریەتی خوشكانی كۆمەڵ كۆنگرەكەیان بەجێهێشت، بە بیانووی ئەوەی كە حسابی پلە دوو بۆ ژنان دەكرێت و لە رووی سیاسییەوە بایەخ بە توانای ژنان نادرێت. ئەمەش ئاماژەیەكی دیكەیە كە كۆمەڵ حیزبێكی سیاسی پیاوسالارە، ئەگەرچی زۆربەی دەنگدەرانی لە رەگەزی مێینەن، كەچی بە كردەوە كۆمەڵ نەیوستووە ژنان رۆڵی سیاسی ئەوتۆ بگێڕن بە شێوەیەك كە جێگەی خواستی ژنان بێت. هۆكاری سەرەكی ئەمەش بۆ رۆڵی عەلی باپیر دەگەڕێتەوە، چونكە ئەو كەسی یەكەمی ئەو حیزبەیە و ئەگەر خواستی لەسەر پێدانی رۆڵ بە ئافرەتان هەبووایە، ناڕەزایی خوشكانی كۆمەڵی ئیسلامی رەنگە رووینەدابایە.
سەرباریی ئەوەی لە جەوهەردا ژنانی ناو كۆمەڵ تەنیا ماكیاژی رووكەشانەی كۆمەڵن، ئەگینا بە هیچ شێوەیەك، حساب بۆ ژنان ناكرێت، بە هۆی نەبوونی روئیای كۆمەڵی ئیسلامی لە تەماشاكردنی یەكسانی بۆ هەردوو رەگەزەكە.

سەركردە و چەكدارانی كۆمەڵی ئیسلامی و شەڕی ناوخۆ
بەوپێیەی كۆمەڵی ئیسلامی، دوای كۆتاییهاتن یاخود بەرەو نەماچوونی سەردەمی شەڕی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دامەزرێندراوە، وەك حزب و بەشێوەیەكی رەسمی بەشداری ئەو شەڕانەی نەكردوە. بەڵام بەوپێیەی كۆمەڵ لە هەناوی بزووتنەوەی ئیسلامییەوە هاتوەتە دەرەوە و زادەی ئەو حزبە ئیسلامییە جیهادییە چەكدارە بووە، بەشێك لە سەركردە و كادرە باڵا و چەكدارەكانی كۆمەڵی ئیسلامی، لە چەند وێستگەیەكی شەڕی ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا بەشداربوون، بە تایبەت شەڕەكانی نێوان بزووتنەوەی ئیسلامی و یەكێتی نیشتمانی لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا. تەنانەت دڵشاد گەرمیانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی، یەكێك بووە لەوانەی رۆڵێكی سەرەكی و كاریگەریان هەبووە لە هەڵسوڕاندن و درێژەپێدانی ئەو شەڕانەدا و چاودێرانی ئەوكاتی بارودۆخی هەرێمی كوردستان، بەشێكی گەورەی بەرپرسیاریەتی شەڕی نێوان كۆمەڵ و یەكێتی و ئەو خوێنەی لەنێوان هەردوولادا رژاوە، دەخەنە ئەستۆی ناوبراو.

بۆردومانكردنی بارەگاكانی كۆمەڵی ئیسلامی
لە چارەكی یەكەمی ساڵی 2003ـدا و لەچوارچێوەی پرۆسەی رزگاركردنی عیراق لە رژێمەكەی سەدام حسێن و هەڵمەتە سەربازییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیدا، هاوشانی بارەگا و مۆڵگەكانی جوندولئیسلام، بەشێك لە بارەگاكانی كۆمەڵی ئیسلامی لە ناوچەكانی هەڵەبجە و هەورامان كرانە ئامانج، ئەوەش بووەهۆی كوژرانی بەشێك لە چەكدارانی ئەو حزبە ئیسلامییە. دوای رزگاركردنی عیراق و ئەو گۆڕانكارییە سیاسییەی لە هەردوو گۆڕەپانی سیاسیی باشووری كوردستان و عیراقدا هاتەئاراوە، كۆمەڵی ئیسلامیی باڵە سەربازییەكەی خۆی هەڵوەشاندەوە.

دەستگیركردن و زیندانیكردنی عەلی باپیر
بە هۆی ئەوەی سەردەمی راگەیاندنی كۆمەڵی ئیسلامی و ئەنسارولئیسلام، هەمان سەردەمە، كە بە هۆی ئینشقاقەوە لە بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی كوردستان جیابوونەوە، بۆیە جۆرێك پێوەندیی لە نێوان كۆمەڵ و ئەنسارولئیسلامدا لە ئارادا بووە، هەر بۆیەش هێزە فرەڕەگەزەكان كە ئەمەریكا لە عێراقدا سەرپەرشتی دەكردن، عەلی باپیر دەستگیر دەكەن، ئەگەرچی عەلی باپیر دواتر ئەو تۆمەتەی رەتكردەوە، بەڵام نەی شاردەوە كە سیاسەتی كۆمەڵی ئیسلامی ئەوەیە پەیمانی برایەتی لەگەڵ سەرجەم ئەو گرووپانەدا گرێبدەن كە پاشگری ئیسلامییان هەڵگرتووە و باوەڕییان بە ترادیسیۆنی سەلەفی جیهادی هەیە.

چۆنیەتی دەستگیركردنەكە
پاش دوو ساڵ لە راگەیاندنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، لە رێككەوتی 10/7/2003 لە لایەن هێزە فرەڕەگەزەكان كە ئەمەریكا سەرپەرشتی دەكرد لە عێراق، دوای بانگهێشتكردن لە هۆتێل ئاشوور، لە هاوینە هەواری دووكان و لە نزیك گوندی قەمچوغە دەستگیر دەكرێت و لە گرتووخانەی كرۆپەر، بە تۆمەتی هاوكارییكردنی گرووپی ئەنسارولئیسلام و سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر عێراق و كوردستان و پێوەندیی لەگەڵ رژێمی پێشووی عێراق "بەعس" بۆ ماوەی بیست و دوو مانگ زیندانی دەكرێت.
ئەگەرچی ئەو رووداوی دەستگیركردنە لەنێوخۆدا دەنگدانەوەی هەبوو، بە تایبەتی لەناو لایەنگرانی كۆمەڵ و حیزبی ئیسلامی سیاسیدا، یان بزاوتی ئیسلامی بە گشتی، بەڵام لەسەر ئاستی جیهانییدا، رەهەندێكی فراوانی وەرنەگرت، بە پێچەوانەی دادگاییكردن و زیندانیكردنی مەلا كرێكار، لە وڵاتی نەرویژ، كە بووە هۆی دەنگدانەوەی جیهانی.

كۆمەڵی ئیسلامی و بیری توندڕەوی
لە كتێبی (ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەویەوە بۆ خەونی خەلافەت)، نوسەر دەڵێت:- "كۆمەڵی ئیسلامی نێوانی لەگەڵ ئاسایشی هەرێمی كوردستان خۆش نەبووە، چونكی بە بەردەوامی ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبە، بە تۆمەتی توندوتیژیی و بڵاوكردنەوەی توندڕەوی ئایینی لە مزگەوت و شوێنە گشتییەكاندا دەستگیر و دەستبەسەر دەكرێن، ئەمە سەرباری ئەوەی كە زۆرێك لە مەلاكانی كۆمەڵی ئیسلامی لە لایەن وەزارەتی ئەوقافی باشووری كوردستانەوە، لە گوتارخوێنی مزگەوتەكان دوورخراونەتەوە، بە هەمان بیانووی بڵاوكردنەوەی هەستی توندڕەویی ئایینی و هاندان و جوڵاندنی سۆزی خەڵكی، بۆ توندوتیژیی و چوونیان بۆ نێو گرووپە تیرۆریستییەكانی هاوشێوەی دەوڵەتی ئیسلامی، واتە داعش."

تێبینی/ ئەم بابەتە نوێدەكرێتەوە...

سەرچاوەكان:-
*كتێبی (ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەویەوە بۆ خەونی خەلافەت)، نوسینی: شاخەوان برایم عەبدوڵڵا.
*وێبسایت و گۆڤارە سیاسی و هزرییەكان.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.