سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئەنسارولئیسلام

10/08/2017


دوڕیان- تایبەت

ناو:- كۆمەڵی ئەنسارولئیسلام
ساڵی دامەزراندن:- 2001
رێباز و ئایدۆلۆجیا:- سەلەفی جیهادی
شێوازی كاركردن:- هێرشی چەكداری و كردەوەی تێرۆریستی
رێبەر:- مەلا كرێكار- ئەمیری ئەنسارولئیسلام

چۆنیەتی دامەزراندنی گرووپی ئەنسارولئیسلام
ئەنسارولئیسلام، كە بە گرووپێكی تێرۆریستی ئەژمار دەكرێت و بەرپرسیار و ئەنجامدەری چەندین كردەی تێرۆرستییانەیە لە كوردستان و عیراقدا، لە دەرئەنجامی ململانێ و لەتبوونی ریزەكانی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان و دواتر بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامییەوە دروستبووە و هەڵقوڵاوی هەناوی ئەو دوو حزبەیە.

لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2001ـدا، گرووپی جوندولئیسلام، كە عەبدوڵڵای شافیعی سەركردایەتی دەكرد، لەگەڵ باڵەكەی مەلا كرێكار دا كە لە بزووتنەوەی ئیسلامی (لایەنێكی پێكهێنەری "یەكبوون") جیابووەوە، ئەنسارولئیسلام پێكدەهێنن. دامەزراندنی گرووپی ئەنسارولئیسلام لە هەلومەرجێكدا بوو كە ئیسلامگەرای كوردستان لەنێو خۆیاندا لە ململانێیەكی سەختدابوون، لەسەر دابەشكاری و قۆرخكاری میرات و سامانی بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی كوردستان، بە تایبەت ئەو ململانێ توندەی پێشتر لەناو بزووتنەوەی یەكبوونی ئیسلامی و پێشووتریش لە ریزەكانی بزووتنەوەی ئیسلامی دا بوون، هەروەها پێگەی پێشووتری مەلا كرێكار كە بەرپرسی مەكتەبی عەسكەری بزوتنەوەی ئیسلامی بوو، هەموو ئەوانە وایانكرد، هەر لە یەكەم كاتژمێرەكانی راگەیاندنی خۆیدا، ئەنسارولئیسلام دووچاری لەتبوون و لێكترازانی ئەندامی سەركردایەتی بووە و سەرئەنجام گرووپەكە لە لایەن مەلا كرێكار-ەوە سەرپەرشتی كرا و خۆی وەك كەسی یەكەمی ئەو گرووپە سەپاند.

بەشێوەیەكی گشتی، گرووپی ئەنسارولئیسلام، لە لایەن كۆمەڵێك كاربەدەست و چەكداری توندڕەۆی ئایینیەوە دادەمەزرێت كە سەلەفی جیهادی بوون و پێشووتر بەشداری جەنگی ئەفغانستانیان كردبوو، دژ بە سوپای رووسیا، ئەو گرووپە چەكدارە سوننەگەرایە، بنكەی چالاكیی چەكداریی لەسەر سنووری عیراق و ئێران دا بوو، بە تایبەتی ناوچەكانی باشووری كوردستان، كە لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دا بوون، ئەمەش هۆكاری سەرەكی بوو، ئەو گرووپە بەردەوام لە شەڕێكی سەختدا بێت، لەگەڵ پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەربەست دروستكردن بۆ دامەزراوەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو ناوچانەدا.

چۆنیەتی و مێژووی كاركردنی ئەنسارولئیسلام
ئەنسارولئیسلام ئەو گرووپە توندڕۆیە بوو كە بە خێرایی بە هۆی توندڕۆی فیكرییانەوە كاریگەرییان لەسەر ئەو ناوچانەی سنووری ئێران و باشووری كوردستان دادەنا، بە جۆرێك یاسا و بنەما شەرعییەكانی ئیسلامییان لەسەر خەڵكی جێبەجێ دەكرد، تا ئاستی ئەوەی مۆسیقا و گۆرانی و شیعریان قەدەغە كرد، خۆ ئەگەر كەسێكیش سەرپێچی بكردایە، ئەوا دووچاری سزای توند دەبووەوە، تەنانەت ئەگەر لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی گرووپی ئەنسارولئیسلامدا كەسێك (سی دی) پێبووایە و لەلایەن چەكدارانی گرووپەكەوە ببینرایە، یاخود زانیاری و هەواڵی لەبارەوە بدرایە بەو چەكدارانە، ئەوا دەستگیردەكرا و سزا دەدرا. سزادانی هاوڵاتییانی ئەو ناوچانەش، بە چەندین شێواز جێبەجێ دەكرا و چەكدارانی ئەنسارولئیسلام، جۆرەها شێوازی ئەشكەنجەدان و ئازاردانی خەڵكیان پەیڕەودەكرد، لەوانە جەڵدكردن.

ئەو گرووپە لەگەڵ ئەوەی دژی مۆسیقا و گۆرانی بوون، دەستكاری گۆڕی كەسایەتییە ئایینییەكانی ناوچەكەیانیش دەكرد و گۆڕەكانیان شوێن بزر دەكردن، بە تایبەتی كەسایەتییە ئایینییەكانی كاكەییەكان و سۆفییەكان، بە بیانووی ئەوەی كاكەییەكان موسڵمان نین و بڕوایان بە ئیسلام نەهێناوە، هەروەها سۆفییەكان بە بیانووی ئەوەی كە بیدعەچین و لە رێبازی راستەقینەی ئیسلام لایانداوە و خەڵك گومڕا دەكەن.

بە گوتەی سەرچاوەگەلێكی میدیایی، ژمارەی چەكدارەكانی گرووپی ئەنسارولئیسلام لە ناوچەكانی هەڵەبجە و هەوراماندا، لە نێوان 500 بۆ 1000 هەزار كەس دەبوون، بەردەوام خەریكی دروستكردن و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن بوون، لەناو خەڵكی ناوچەكەدا، تا ئاستی ئەوەی رێگەیان نەدەدا كە دامەزراوەكانی حكوومەت كاروباری خەڵكی رایی بكات، ئەوەش بووبووە هۆی دواكەوتنی ناوچەكە لە رووی جێبەجێكردنی پرۆژە جۆراوجۆرەكانی خزمەتگوزاری و باڵكێشانی جۆرێك لە بارگرژی و ژیانسەختی بەسەر دانیشتوانی ناوچەكەدا. بەوپێیەش كە ئەو ناوچەیە بە كردەوە لەژێردەسەڵاتی یەكێتییدا بوو، ئەنسارولئیسلام لەگەڵ یەكێتییدا دەكەوێتە شەڕێكی سەخت و ئەنسارولئیسلام، لەو شەڕەدا چەندین تاوانی جەنگی بەرانبەر خەڵك و پێشمەرگەكانی یەكێتیی ئەنجامدا، دیارترینیان رووداوی خێلی حەمە بوو.

كوشتارگەی خێڵی حەمە
لە دوای سەرهەڵدانی گرووپی ئەنسارولئیسلام، خێڵی حەمە، چیتر ناوی گوندێكی ئاسایی ناوچەی شارەزووی باشووری كوردستان نییە، ئەو ئیدی لە زاكیرەی كورد دا ناوێكی دیكەیە، ئەو ناوەی بە جیاواز، لە هەموو سەردەمەكانی دیكەدا، لەگەڵ هاتنی ئەنسارولئیسلام بۆی دروست دەبێت، خێڵی حەمە رووی راستەقینەی گرووپی ئەنسارولئیسلام و سەرجەم گرووپە هاوشێوەكانی دەرخست.

لە 23ی ئەیلوولی 2001 كە تازە ئەنسارولئیسلام دامەزرا بوو، چەكدارانی ئەنسار بە شێوەیەكی بەرفراوان و لە چەندین قۆڵەوە هێرشدەكەنە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە گوندی خێڵی حەمە، دوای ئەوەی ژمارەیەك چەكداری ئەنسار، لەو شەڕەدا دەكوژرێن، گوندەكە لە لایەن چەكدارانی ئەنسار كۆنتڕۆڵ دەكرێت، رەنگە دەستبەسەرداگرتنی گوندەكە ئاسایی بێت، سرووشتی شەڕ وایە، بەڵام ئەوەی ئاسایی نەبوو، كە بووە جێگەی تێڕامانی خەڵكی كوردستان و بەشێك لە میدیای جیهانیش، ئەوەبوو لەو شەڕەدا 43 پێشمەرگە دەكەونە ژێردەستی چەكدارانی ئەنسارولئیسلام.

شاخەوان برایم عەبدوڵڵا لە كتێبەكەیدا (ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەویەوە بۆ خەونی خەلافەت) دەنووسێت:- "بە گوتەی میدیا كوردستانییەكان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، ئەو چل و سێ پێشمەرگەیە، بە قێزەوەنترین شێوە، شەهید دەكرێن، بە جۆرێك كۆمەڵكوژ دەكرێن كە مرۆڤایەتی تاوانی لەمجۆرە كەم وێنەیەی، بەخۆوە نەدیوە، ئەگەرچی سێزدە ساڵ، دوای ئەو رووداوە كۆمەڵكوژییە، كاتێك چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی، واتە داعش، دەستبەسەر مووسڵدا دەگرن و تاوانی لەمجۆرە روودەداتەوە و خەڵكی سەردەبڕن، داعش دوای ئەوەی لە شەڕەكانی لەگەڵ پێشمەرگەدا، چەند پێشمەرگەیەكی دەكەوێتە دەست، هاوشێوەی ئەنسارولئیسلام، پێشمەرگە دیلەكان شەهید دەكات. یەكێك لەو پێشمەرگە شەهیدكراوانە، ناوی "هوجام" بوو كە رووداوی شەهیكردنەكەی بووە سیمبۆل لەسەر ئاستی جیهانیدا، كاتێك بە بەرچاوی كامێراوە چەتەكانی داعش سەری دەبڕن.

 ئەم دوو زەمەن و رووداوە هاوبەش و قێزەوەنە، ئاماژەیەكی روونن كە خاڵێكی روون و هاوبەش، لە نێوان سەرجەم حیزب و گرووپە ئیسلامییەكاندا هەیە، كاتێك هەست بە شكست و لاوازی دەكەن، بۆ ئەوەی ورەبەخشی لە نێوان چەكدار و لایەنگرانیان بڵاوبكەنەوە، ئیدی هەڵدەستن بە ئەنجامدانی كردەوەی قێزەوەنی دژە مرۆڤایەتی.

 ئەمەش دوو ئامانجیشی لە پشتەوەیە، یەكەم بۆ ئەوەیە ئەو كەسانەی كە لە تەكیاندا چەكیان هەڵگرتووە، بیر لەوە نەكەنەوە واز لە گرووپەكە بهێنن، بە بیانووی ئەوەی كە ئەوانیش بەشداربوونە لە ریزی گرووپێكدا كە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامداوە، بەمەبەستی ئەوەی كە كردەی قێزەوەنی كوشتن، لێخۆشبوونی نییە لە لایەن حكوومەت و كەسوكاری شەهیدەكانەوە، بۆ ئەوەی چەكدارەكانی ئەو گرووپانە، بیر لە خۆ رادەستكردن بە دامەزراوەكانی دەوڵەت نەكەنەوە.

هۆیەكی دیكەی هانابردن بۆ ئەو جۆرە كوشتارانە، چ ئەوەی لە خێڵی حەمە، چ ئەوەی داعش لە عیراق و سووریا و بەرەی نوسرە لە سووریادا ئەنجامدران، مەبەستی سەرەكییان بڵاوكردنەوەی ترسە لەو گرووپانە، ترس بۆ ئەوەی هەم دەسەڵات، چۆك دابدات و هەم خەڵكیش دژایەتی ئەو ئەو گرووپانە نەكەن، واتە دەیانەوێت لە رێگەی كوشتاری لەمجۆرەوە، بە خەڵك و لایەنگر و دەسەڵات، بڵێن ئەوەی دژی ئێمە بجەنگێت، چارەنووسی ئاوا دەبێت!

سەركەوتنی ئەو گرووپانەش زیاتر دەبێت، كاتێك دەسەڵات هەڵوێستی رووبەڕووبوونەوەی توندی بەرانبەریان نابێت، ئەگەر داعش بە خێرایی لوتی بشكێندرایە، ئاوا تاوانی سپایكەر رووی نەدەدا و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر كچان و ژنانی عێراقیش، بەمشێوە فراوانە نەدەبوو، بەڵام كاتێك سوپای عێراق، سەرەتا رۆڵی سەیركەری بینی، ئیدی تاوانەكانی داعش زیاتر بوون".

پەیوەندی نێوان ئەنسارولئیسلام بە رابەرایەتی مەلا كرێكار و رژێمەكەی سەدام
لە سەرەتای دووهەزارەكاندا، هەواڵی پەیوەندی نێوان ئەنسارولئیسلام بە رابەرایەتی مەلا كرێكار و رژێمەكەی سەدام حوسێن بڵاوكرایەوە. ئەوكات كۆڵن پاوڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندبوو كە ئەنسارولئیسلام لەگەڵ رژێمەكەی سەدام حوسێن دا لە پەیوەندی و هاوكاریدان، بە جۆرێك كە ئەنساروئیسلام بە هاوكاری رژێمەكەی سەدام، سەرگەرمی دروستكردنی چەكی كۆمەڵكوژی كیمیاییە.

ئەنسارولئیسلام و چەكی كیمیایی
بە گوێرەی راپۆرتێكی ئیدارەی ئەمەریكا كە لە سەروبەندی كار و كردەوەكانی ئەنساروئیسلام دا بڵاوكرایەوە، گرووپی تێرۆرستی ئەنسارولئیسلام كەرەستەی بەرهەمهێنانی چەكی كیمیاییان لەژێردەستدابووە، تەنانەت ئەوكات ئەمریكا لە زاری كۆڵن پاوڵ وەزیری دەرەوەیەوە، جەختیكردەوە كە ئەنسارولئیسلام كارگە و سەربازگەی تایبەت بە دروستكردن و بەرهەمهێنانی چەكی كیمیایی هەیە و سەرگەرمی دروستكردنی ئەو جۆرە چەكانەیە.

ئەمەریكا بە جیاواز لە وڵاتانی دیكە، بەردەوام لە رێگەی دەزگا هەواڵگرییەكانییەوە، سەرقاڵی زانیاری كۆكردنەوەیە لەسەر گرووپ و حیزبە ئیسلامییەكان، چونكە ئەمەریكا، ترسی گەورەی لەو گرووپانە هەیە، نەك ئاسایشی ئەمەریكا تێكبدەن، بە تایبەتی دوای رووداوە تیرۆریستییەكەی 11ی سێپتەمبەری ئەمەریكا كە بە هۆیەوە نزیكەی پێنج هەزار قوربانی لێكەوتەوە، ئەوەش وایكردبوو ئەمریكا هەوڵی كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی گرووپی ئەنسارولئیسلامەوە بدات و دواتریش هێرشكردنە سەر بارەگاكانی گرووپەكە.

پەیوەندی نێوان ئەنسارولئیسلام و قاعیدە
بەگوێرەی بەڵگەنامەكان، هەروەها مێژووی دروستبوون و شێوازی كاركردنی گروپی تێرۆرستیی ئەنسارولئیسلام، پەیوەندی لەنێوان ئەو گرووپە و رێكخراوی تێرۆرستی ئەلقاعیدە-دا هەبووە. ئەوەی كە وایكرد بوونی پەیوەندییەكی لەو جۆرە باوەڕپێكراوبێت، پێشینە و مێژووی بەشێك لە سەركردە و چەكدارەكانی ئەنسارولئیسلام بوو كە لە ئەفغانستان دا شەڕی جیهادییانەیان كردبوو. هۆیەكی تریش، شێوازی كاركردنی ئەنساروئیسلام بوو لە هەرێمی كوردستاندا، دواتریش كردەوە تێرۆرستییەكانی هەمان گرووپ لە باشووری كوردستان (بە تایبەت ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان) و هەروەها شار و ناوچەكانی عیراق لەدوای پرۆسەی رزگاركردنی عیراق لە ساڵی 2003 و ساڵانی دواتردا. سەرباری ئەوانەش، ئەمەریكا لەو سەروبەندەدا جەختیدەكردەوە لەوەی كە پەیوەندییەكی قووڵ و جەوهەری لە نێوان رێكخراوی قاعیدە بە رابەرایەتی ئوسامە بن لادن (لەو سەردەمەدا) و گرووپی تێرۆرستی ئەنسارولئیسلام دا هەیە. لەوبارەیەوە نووسەر لە كتێبی (ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەویەوە بۆ خەونی خەلافەت) دا دەڵێت: "لە جەوهەردا كردەوەكانی ئەنسارولئیسلام هی ئەوەن كە بڵێین ئەنسارولئیسلام و قاعیدە پێوەندیی رۆحی و رەنگە ئۆرگانیشیان لە نێواندا هەبێت!".

قۆناغێكی تری كاركردنی ئەنسارولئیسلام
لە سەروبەندی پرۆسەی ئازادی عیراق لە ساڵی 2003ـدا، بنكە و بارەگەكانی ئەنسارولئیسلام، لە لایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە مووشەكباران كران، پاشان لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانیشەوە ناوچەكە لە چەكدارانی گرووپەكە پاككرایەوە، بەڵام ئەوەش نەبووە هۆی ئەوەی كە ئەو گرووپە چەكدارییە بە یەكجاریی كۆتایی بێت، بەڵكو قۆناغێكی تری كاركردنی ئەنسارولئیسلام دەستیپێكرد، بە جۆرێك كە چەندین كردەی دیكەیان دژ بە خەڵكی باشووری كوردستان ئەنجامدا. جگە لەوەش، دوای لەناوچوونی رژێمەكەی سەدام حوسێن و هاوكات لەگەڵ سەرهەڵدانی كردەوە تێرۆرستییەكاندا كە لەلایەن پاشماوەكانی رژێمەكەی سەدام و گرووپە جیهادییەكانی وەك نەقشبەندی و قاعیدەوە ئەنجامدەدران، (ئەنسارولئیسلام)ـیش كار و كردەوەی تێرۆرستییانەی دەستپێكردەوە و پەنای دەبردە بەر هێرشی چەكداری و كاری تەقینەوە، بە جۆرێك مانگانە هەواڵی ئەنجامدانی چەندین كردەوەی تێرۆرستییانە بڵاودەكرانەوە، كە لەلایەن چەكدار و خۆكوژەكانی ئەنسارولئیسلامەوە ئەنجامدەدران. ئەوەش هاوكاتی كوژران و دەستگیكردنی بەشێك لەو چەكدارانە لە عیراقدا بوو.

مەلا كرێكار
نەجمەدین فەرەج ئەحمەد، ناسراو بە مەلا كرێكار، ئەمیری پێشوی ئەنسارولئیسلامە، ماوەیەكە خۆی وەك ئەمیری "رەوتی شاخ" دەناسێنێت. مەلا كرێكار، بەو پێیەی ئەمیری ئەنسارولئیسلام بووە، بەرپرسیاریەتی سەرەكیی ئەو تاوان و كردەوە تێرۆرستییانەی دەكەوێتە ئەستۆ، كە گرووپەكەی ئەنجامیانداون. جگە لەوەش، بە تۆمەتی هاندانی توندوتیژی، چەند جارێك لە نەرویج دەستگیركراوە و خراوەتە زیندانەوە، دوو جاریش حكومدراوە و دوای تەواوبوونی حوكمەكانی ئازاد كراوە. جگە لەوەش، مەلا كرێكار، لەلایەن حكومەتی ئوردن-ەوە داوا دەكرێت و لە دادگاكانی ئەو وڵاتەدا كەیسی هەیە.

مەلا كرێكار، چەندین جار فەتوای تەكفیركردنی كەسان و چین و توێژی جیاوازی كۆمەڵی كوردەواریی دەركردوە، لەوانە تەكفیركردنی پێشمەرگە، تەنانەت تەكفیركردنی كۆی كۆمەڵی كوردەواری. بەڵام بۆچونەكانی جێگیر نین و جارێك تەكفیر دەكات، جارێك نكۆڵیی لێدەكات، جارێكی تر هێرش دەكات و دووبارە خەڵك بە كافر و مورتەد ناودەبات. بۆ نموونە:- لە سەرەتای ئەمساڵدا، عەبدولـلەتیف سەلەفی‌ رێبەری سەلەفییەكانی كوردستان باسی لەو بۆچون و فەتوایانەی مەلا كرێكار سەبارەت بە تەكفیركردنی كورد كردبوو، لە بەرامبەریشدا مەلا كرێكار لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەركەوت و ڕوی قسەی لە عەبدولـلەتیف سەلەفی‌ كرد و وتی: "كە تۆ دەڵێیت گوایە من وتومە كورد مورتەدە، یەكەم درۆیە، دووەم ئیفترایە، سێیەم چەواشەكارییە، چوارەم گومڕاییكردنی‌ خەڵكییە، پێنجەم خۆبردنەپێشەوەیە لە دەسەڵات و ئەهلی‌ كوفر". لە كاتێكدا وتەكانی مەلا كرێكار لەو ڤیدیۆیەدا گوایە بەدرۆخستنەوەی تەكفیركردنەكانی بوو، كەچی لە هەمان ڤیدیۆدا جارێكی تر دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانی بە "ئەهلی كوفر" ناوزەد كرد.

چیرۆكی مەلا كرێكار و تەكفیركردن تاك و دامەزراوەكانی كۆمەڵی كوردستان، مێژوویەكی دوورودرێژی هەیە و چەندین جار دووبارەبووەتەوە. دیارترین فەتواكانی تەكفیركردن كە مەلا كرێكار داونی، تەكفیركردنی مەریوان هەڵەبجەیی بوو، بەهۆی بڵاوكردنەوەی كتێبێكی رەخنەییەوە لە كۆتاییەكانی دەیەی رابردودا.

جگە لەوەش، كۆتایی مانگی نیسانی ئەمساڵدا، مەلا كرێكار، (عەبدولڕەحمان سدیق)ـی تەكفیر كرد. لە تۆمارێكی دەنگییدا كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (فەیسبوك)ـدا بڵاویكردبووەوە، مەلا كرێكار، بە توندیی هێرشیكردە سەر عەبدولڕەحمان سدیق رابەری قورئانییەكانی كوردستان و بە زەندیق و مورتەد و مولحید و تاغوت ناوزەدی كرد. هەر لەو تۆمارە دەنگییەدا، مەلا كرێكار جارێكی تر هێرشیكردە سەر مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتیی پلاتفۆرمی دابڕان و بە كافر و مورتەد و مەلعون ناوزەدی كرد. ئەوەش سەرباری وتنی چەندین وشەی نەشیاوی تر لەدژی ئەو دوو كەسایەتییە.

مەلا كرێكار و داعش
دوای دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش، مەلا كرێكار بەیعەتی بەو دەوڵەتە ئیسلامییە دا و پشتیوانی خۆی بۆ خەلیفەكەی (ئەبوبەكر بەغدادی) ڕاگەیاند. ئەوكات كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەدژی داگیركاری و دەستدرێژییەكانی داعش چووبووە مەیدان و بەرەنگاریی دەكرد، مەلا كرێكار پێشمەرگەی بە كافر و مورتەد پێناسە و ناوزەد كرد.

مەلا كرێكار بووە بە سیمبوڵی تێرۆر
لە یەكەمین كۆنگرەی فێمێنیزمی رۆشنگەری و سێیەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی دابڕان دا كە كۆتایی مانگی ئایاری ئەمساڵ لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوون، بابەتێك سەبارەت بە "جیهادیستە كوردەكان" لەلایەن د. یان بۆیەر ڤیندهایم، لەژێر ناونیشانی "جیهادیزمی رۆژهەڵات و رۆژئاوا (لە كەیسی جیهادیستە كوردەكان لە نەرویژ)" پێشكەشكرا. توێژەر لە بابەتەكەیدا كەیسەكەی مەلا كرێكاری بە نمونە هێنایەوە و وتی: "بەلای زۆربەی نەرویژییەكانەوە، مەلا كرێكار بووەتە سیمبوڵی توندوتیژی و تیرۆری ئیسلامی".

مەلا كرێكار، لەكاتێكدا كە بانگەشەی ئەوە دەكات ئەوروپا بۆ ئەو دۆزەخە و لەوێ سەرگەرمی بڵاوكردنەوەی ئیسلامە، لەلایەن خودی هاوڕێ و هاوڕێبازەكانییەوە بەدرۆ دەخرێتەوە. تەنانەت مانشێتێكی سەرەكیی ژمارەیەكی گۆڤاری "رێگا" لە ساڵی 2009ـدا كە كەسانی نزیك لە مەلا كرێكار بڵاویاندەكردەوە، بریتی بوو لەمە: "مەلا كرێكار لەپاڵتاك قسەی گەرم دەكات و لەنەرویج كەباب دەخوات" ئەوەش دەنگدانەوەیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بە تایبەت لەنێو هەوادارانی مەلا كرێكار-دا و تووشی شۆكی كردن، چونكە مەلا كرێكار پێشتر وای نیشاندابوو كە سانسۆری لەسەرە و رێگەی چونە دەرەوە و جموجۆڵی لێگیراوە و لە وتەكانیشیدا بە توندیی باسی لە "كاری ئیسلامی" دەكرد و هانی ئەو جۆرە كارانەی دەدا.

مەلا كرێكار حاجیانی كورد بە كەر و ئێستر ناوزەد دەكات
لە ماوەی رابردوودا، مەلا كرێكار، هێرشێكی توندی كردە سەر حاجیانی كورد و بە "كەر" ناوزەدیكردن.

لە تۆمارێكی دەنگییدا، مەلا كرێكار وەڵامی پرسیارێكی دایەوە سەبارەت بەوەی كە "ئایا جائیزە حاجیانی كورد ئاڵای كوردستان بە سەریانەوە دەبەستن؟"
لە وەڵامدا، مەلا كرێكار وتی: "نەوەڵڵا كەرێتییە. جارێ تەقەڵی پێوە بێت هەر ئیشەكەیان خراپكردوە". دواتر درێژە بە سوكایەتیپێكردن و تانەدان و جنێوەكانی دەدات و دەڵێت: "ئەمە لە گەوجاندن دەرچوە، ئەمە كەراندنە، ئەمە ئێستراندنە. ئەگەر حاجی وایكردبێت، ئەمە ئێستراندنە، كردنێتی بە كەر گەورەتر".
پاشان مەلا كرێكار دوعای شەڕی لە حاجیانی كورد كرد و وتی: "خوای گەورە سەرت توشی ژانەسەرێك بكات كە ئەو ئاڵایەت تێوە بەستوە، مانگێكیش دوای هاتنەوەت ئینشائەڵڵا عیلاجت نەبێت".
دواتر مەلا كرێكار دژی قسەكانی خۆی دوا و وتی: "ئەی ئەگەر ئەوەندە دیندار و مسوڵمان و چاكی دەچیت بۆ حەج، ئاڵای پێغەمبەر بۆ ناكەی بەناو چاوتەوە؟".
هەروەها وتی: "بەخوا حەیفە لەوێ نەیگری، كۆمەڵێك برای كەلاری و چەمچەماڵی مەزبوت لەگەڵتا بن، تۆ شەقێ بوەشێنی ئەوان پێنجی تێهەڵبدەن".
لە كۆتایی قسەكانیدا، مەلا كرێكار بەدەم گۆرانی وتن و توانجدانەوە لە حاجیانی كورد، جارێكی تر دوعای لێكرد و وتی: "داوەشێن.. خوا لێتان قبوڵ نەكات.. ئینشائەڵڵا سەرتان بتەقێت".

مەلا كرێكار و شەراب
مەلا كرێكار لەبارەی خواردنەوەی شەرابەوە دەڵێت: "هێندە قورس و گەورە نیە كە لێی تێگەیشتون!".
لە تۆمارێكی دەنگییدا كە مانگی رابردوو بڵاوكرایەوە، مەلا كرێكار پاساو بۆ خواردنەوەی شەراب دەهێنێتەوە و نمونەی یەكێك لە هاوەڵانی پێغەمبەری ئیسلام دەهێنێتەوە و دەڵێت: "لە جەبهەی جیهاددا بووە لە غەزادا سەحابە بووە جیهادەكەشی كردووە و شەرابیشی خواردووەتەوە".

"مەلا كرێكار توندەڕەو و داعشەكان كۆدەكاتەوە"
لە ماوەی رابردوودا، مەلا كرێكار كەناڵێكی بە ناوی "شاهیدان" لە نەرویژ كردەوە و 10 بەرنامەی لێوە پەخش دەكرێت كە سەرجەمیان لەلایەن خۆیەوە پێشكەشدەكرێن. سەبارەت بە كردنەوەی ئەو كەناڵەش، جەمال حسێن، شارەزا لە كاروباری گرووپە ئیسلامییەكان دا وتبووی: "كردنەوەی ئەم كەناڵە بۆ كۆكردنەوەی ئەو كەسانەیە كە توندەڕەون و ڕێكخستەوەیانە، بەتایبەت دوای شكستی داعش لە كوردستان ‌و ناوچەكە، مەلا كرێكار جارێكی تر هەوڵ دەدات ببێتەوە ڕابەری بزوتنەوە سیاسییە توندڕەوەكە".

مەلا كرێكار و فەتوای كوشتن
مەلا كرێكار چەندین جار بە ئاشكرا و زۆر بە سانایی فەتوای كوشتنی ئەو كەسانەی داوە كە پێچەوانەی ئەو بیردەكەنەوە و بەگوێرەی شەریعەتی ئیسلام رەفتار ناكەن. تەنانەت لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەڵێت: "هەركەسێك دژایەتی ئیسلامی كرد، پێویست بە فەتوا ناكات، لە هەر كۆڵانێكا مسوڵمانێك بۆی رێككەوت، بە تەورێك ملی ببڕێت. بە فیشەكێك بینێ بە سەرییەوە... من ئەگەر بۆم رێككەوت ئەیكوژم."

مەلا كرێكار داوای بەیعەتدان لە ئیسلامییەكان دەكات
لە چەند مانگی رابردوودا، مەلا كرێكار لە تۆمارێكی‌ دەنگییدا ستایشی‌ ئەكبەری‌ حاجی‌ ڕۆستەم كەسایەتی‌ كۆمەڵایەتی‌ ناوچەی‌ گەرمیانی كرد لەسەر وتەیەكی‌ كە وتبوی‌ دادگا بەو ناوێرێت، مەلا كرێكار داوایكرد ئیسلامییەكان بەیعەتی‌ پێ بدەن و وتی: "ئەگەر ئەو نوێژ دەكات بچن بڵێن ئەمیرمان بەو شەرعی‌ خوا جێبەجێ بكە... ئەگەر ئیسلامییەكان ڕۆیشتن دەوریان لەو كابرایە داو بڵێن هەمومان لە خزمەتی‌ تۆداین، بەشەریعەتی‌ خوا حكوم بكات و ئیسلامەتی‌ قبوڵ بێت، منیش بەیعەتی‌ پێ دەدەم."

هەركەسێك گوێ لە تۆمارە دەنگییەكانی مەلا كرێكار بگرێت و سەیری گرتە ڤیدیۆییەكانی بكات، ئەوا بۆی دەردەكەوێت مەلا كرێكار جگە لە توندڕەوی و فەتوا توندەكانی سەبارەت بە كافركردنی خەڵك و هاندان بۆ توندوتیژی و رەشەكوژی، كەسێكە لە كاتی ئاخاوتن و وتارداندا پەنا بۆ سوكایەتیپێكردن و جنێودان دەبات و "تەنانەت جنێوی سێكسیی دەدات".

تێبینی/ كۆی وتەكانی مەلا كرێكار، لە تۆڕی ئینتەرنێتدا بڵاوكراونەتەوە، بە تایبەت لە پێگەی یوتیوب دا.

سەرچاوەكان:-
*ئەرشیڤی وێبسایتی دوڕیان
*كتێبی (ئیسلامی سیاسی لە گوتاری توندڕەویەوە بۆ خەونی خەلافەت)، نوسینی: شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
*تۆڕی ئینتەرنێت.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.