ئامادەكردنی: سەركۆ جەمال
لێكۆڵینەوە و نوسین لەسەر ئاینی زەردەشتی زۆر هەڵدەگرێت، چونكە بەپێی سەرچاوە مێژوویەكان بە یەكێك لەو ئاینانە دادەنرێت كە قسەی زۆری لەسەر كراوە و زۆریشی لەسەر نوسراوە، یەكێكە لەو ئاینانەی بەهۆی لەمێژینە بوونی تا ئێستا مێژووی دیار نییە،ئێستا زەردەشتیەكان جیاواز دەركەوتونەتەوە،ڕۆژ بە ڕۆژ بەتایبەت لە باشوری كوردستان لە گەشەسەندندان.
زەردەشتیەكان یەكەم رۆژی مانگی (ئایار) ی 2015 بۆ یەكەمجارو پاش زیاتر لە1400 ساڵ لەگوندی زێوێی پیرەمەگرون مەراسیمی پشتوێن بەستنیان بۆ شوێنكەوتوەكانیان كرد كە رێورەسمێكی تایبەتەو مەرجە تاكی زەردەشتی لەو رێگەیەوە بەڵێنی روحی بەخۆی بدات كە (بیرو گوتەو كرداری چاك) جێبەجێدەكات، هەفتانەش ئەو جۆرە مەراسیمانە لەناوچەكانی دیكەی كوردستان بەڕێوەدەبەن، ئەمە سەرباری ئەوەی بە ڕەسمی داوایان پێشكەش كردوە بۆ كردنەوەی پەرستگاو بەڕێوەبەرایەتی تایبەت بەخۆیانو داواش دەكەن كە دەبێت بەفەرمی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بناسێنرێن،بەپێی زانیاریەكانی دوڕیانیش بەنیازن لە باشوری كوردستان 12 پەرستگا نۆژەن بكەنەوە و كەناڵێكی ئاسمانیش دادەمەزرێنن.
ئاینی زەردەشتی كۆنترین ئاینی یەكتاپەرستییە
بە وتەی ئاسرەوان قادرۆك لە پەرستگای زەردەشتیانی كوردستان ئاینی زەردەشتی كۆنترین ئاینی یەكتاپەرستییە،ئەو دەڵێت:" پێش مەزدیەسنا فرەدینی بەرقەراربوو ، خواكانیان بریتی بوو لە (خۆر ، مانگ، ئاگر ،ئەستێرەكان،ئاو ، ڕەشەبا ،هەورەبرسكە ، بت كە خۆیان دروستیان دەكرد، بەڵام ئەشوزەردەشت بۆ یەكەمجار خودای تاك و تەنهای دۆزییەوە ناساندی كە دروستكەری گەردوونە و زانای زانستەكانە و سەرچاوەی هێزەكانە و داهێنەر و دروستكەری هەموو داهێنراو ئەفراندنەكانە ".
نوێنەری زەردەشتیەكانی كوردستانیش لە وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم دەڵێت:" یەسنا یەكەم ڕێكخراوی زەردەشتی بوو لە كوردستان ، بیرۆكەی بڵاوكردنەوەی ئاینی زەردەشتی و دروستكردنی ڕێكخراوەكەش لە كتێبخانەیەكەوە سەریهەڵدا.
ئاسرەوان قادرۆك لە پەرستگای زەردەشتیانی كوردستان وەڵامی چەند پرسیارێكی دوڕیان سەبارەت بە ئاینی زەردەشتیان دەداتەوە.
بۆچی بە ئاینی زەردەشتی دەوترێت (پێشەنگی ئاینی یەكتاپەرستی) ؟
وەڵام:ئاینی زەردەشتی كۆنترین ئاینی یەكتاپەرستییە، پێش مەزدیەسنا فرەدینی بەرقەراربوو ، خواكانیان بریتی بوو لە (خۆر ، مانگ، ئاگر ،ئەستێرەكان،ئاو ، ڕەشەبا ،هەورەبرسكە ، بت كە خۆیان دروستیان دەكرد، بەڵام ئەشوزەردەشت بۆ یەكەمجار خودای تاك و تەنهای دۆزییەوە ناساندی كە دروستكەری گەردوونە و زانای زانستەكانە و سەرچاوەی هێزەكانە و داهێنەر و دروستكەری هەموو داهێنراو ئەفراندنەكانە ، هەربۆیە خودای ناونا (ئەهورامەزدا) فەلسفە و ئاینی زەردەشتی تایبەت مەزدیەسنایە و لەهیچ ئاینێكی ترەوە وەرنەگیرا، بەڵكو سەرجەم ئاینەكانی تر سودیان لە زەردەشتی وەرگرتووە هەزاران بەڵگە هەبێ.
مەبەست لە پشتێن بەستنی سێ گرێ چییە؟
وەڵام:ئەڵقەی یەكەم واتە بیری چاك (هومەتە)
ئەڵقەی دووەم واتە گفتاری چاك (هوفتە)
ئەڵقەی سێیەم واتە كرداری چاك (هوڤەرشتە)
واتە پێویستە بیر و گفتار و كرداری چاك هەردەم لەدەوروخولمان بێت.
وشەی پشتێن لە (پشتبەند) ەوە هاتووە، بەومەبەستەی ئەو كەسەی پشتێن دەبەستێ و دەبێت بە زەردەشتی، سۆز دەدات پشتیوانی ئاینەكە بێت و هەردەم چاكە و باشەكان ئەنجام بدات.
قیبلە (ڕوانگە) ی زەردەشتیەكان كوێ یە لەكاتی نوێژ و مەراسیمە ئاینیەكاندا ڕوودەكەنە كوێ؟
ڕوانگەی زەردەشتی شوێنێكی تایبەت نیە، چونكە بڕوامان وایە خودا لە هەموو شوێنێك هەیە و بە چەند شێوەیەك وزە و هێز و ڕوناكی وەردەگرین، بەپلەی یەكەم ڕوودەكەینە تیشكی خۆر ،لە شەودا مانگ یان ئەستێرەكان ، لەكاتێكدا ئەم وزانە دیارنەبوون ڕوودەكەینە ئاگر یان هەر سەرچاوەیەكی تری ڕووناكی وەك مۆمێك ڕوونتر بڵێین ئاگرلامان پیرۆزە بەڵام نایپەرستین.
ئایا ڕۆژی چەند جار نوێژ ئەكەن؟ مەبەست لە نوێژ چییە؟
وەڵام: ڕۆژی پێنج جار نوێژ دەكەین لەپێنج كاتی جیاوازدا ، هەر نوێژە و پێی دەوترێت (گاه) واتە (دەم) ناوی تایبەتی خۆی هەیە و نوێژەكانیش جیاوازن ، ئێمە مانترا دەخوێنین، بەڵام فەرز نییە، بەهدین ئازادە ڕۆژی چەندجار مانترا بخوێنی ، قەرزار و گوناهبار نابێ زەردەشتی نە عابیدە نە زاهیدە ، بەڵكو عارفە بەهۆش و خۆشەویستی لەخوا نزیك دەبنەوە، ئێمە عەبد نین كڕنوش نابەین ، ئاهورا پێی خۆشە ، هەمیشە سەرمان بەرز بێت ، پێویستی بە كڕنوش بردنی ئێمە نییە، ئەوە ئێمەین پێویستیمان بە سۆز و وزە و میهرەبانی ئاهورامەزدایە ، هەربۆیە بە ستایش وەفای خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر بەو هەموو نیعمەتەی بۆی دابین كردووین.
شێوازی ڕۆژووگرتن لای زەردەشتیەكان چۆنە؟
وەڵام: بەهدینی زەردەشتی مانگی چوار ڕۆژ بەڕۆژوو دەبێت ، تەنها گۆشت ناخۆین ، هەموو ڕۆژەكانیش ناوی تایبەتی خۆیان هەیە.
2 ی مانگ (ڤۆهومەنە)
12 ی مانگ(ماه)
14 ی مانگ(گئوش)
21 ی مانگ (ڕام) واتە ساڵی 48 ڕۆژ گۆشت ناخۆین .
سەربڕینی ئاژەڵ ڕێگە پێنەدراوە لەم چوار ڕۆژەدا ،سودی ئەم گۆشت نەخواردنە یەكەم لەبەر پاشەكەوتی سامانی ئاژەڵە، دووەم گۆشت نەخواردن لەبەر پارێزگاری تەندروستی مرۆڤە،ئەوەش بڵێین زۆربەی زەردەشتیەكان هەر لە بنەڕەتدا گۆشت خۆر نین سەوزە خۆرین .
ڕۆژوو گرتنی ترمان هەیە
لە جەژنی 13 بەدەردا لەمانگی نەورۆز ژەمی نیوەڕوان هیچ ناخۆین.
ئێمە بڕوامان وایە جەستە پێویستی بە ڕۆژوو گرتنی 16 سەعات نیە، بەڵكو ڕۆحمان پێویستە بە ڕۆژوو بین پێویستە هۆش و دەم و چاو دەستمان كردارمان بپارێزین لەخراپەكاری.
حەج دەكەن؟
وەڵام: نەخێر نییە بەڵام لە مەراسیمە ئاینی و نیشتیمانیەكاندا سەردانی شوێنەوارە دێرینەكان دەكەین، ئەویش فەرزنییە ئازادە.
دەربارەی چارەنوسی ژیانی خاكی چی دەڵێیت؟
وەڵام: لە ئاینی زەردەشتیدا پێش لەدایكبوون خودا چارەنوس بۆ دیاری نەكردووین لە ژیاندا چیمان بەسەردێ و چۆن دەگوزەرێنین ، واتە لەناوچەوانمان نەنوسراوە كە دەبێ ڕووبدات قەزا و قەدەر نییە، چونكە خوا چارەنوسی شەڕانگێزی گوناهباری بۆ هیچ كەسێ دیاری نەكردووە بەڵكو چۆنیەتی ژیان و چارەنوسی مرۆڤ بەستراوە بە ئەندێشە و گفتار و كرداری چاك، یان خراپەوە، ئیرادەی مرۆڤ بەستراوە بە چارەنوس و كۆتایی مرۆڤەكەوە ، گوناحەكانیشمان ناخەینە ملی شەیتان چونكە لای ئێمە شەیتان نییە، ئەوە خۆمانین كاتی چاكە دەكەین كاری ئەهورایی ئەنجام دەدەین كاتێ خراپە دەكەین كاری ئەهریمەنی دەكەین.
ئایا لە ڕۆژی دوایی دا ئەشوزەردەشت هیچ شەفاعەتێك دەكات بۆ هەڵە و گوناحەكانی شوێنكەوتوانی؟
وەڵام: نەخێر ئەشوزەردەشت هیچ پەیمانێكی بە شوێنكەوتوانی نەداوە لای ئەهورامەزدا داوای بەخشینیان بۆ بكات، چونكە هەركەس خۆی بەرپرسە لە گوناحەكانی تەنانەت ئەنجامدانی نوێژ و ڕۆژوو پرنسیپە ئاینیەكانیش تێشوو نین بۆ وەدەستهێنانی ڕۆح شادی لە بەهەشت ، بەڵكو بیر و گفتار و كرداری چاك لە ژیانی خاكی دا سەنگی مەحەكە بۆ ئەوەی ڕەوانی لە شادی و ڕوناكیدا بمێنێتەوە و ئازار نەچێژێ ، مەزدیەسنا ئاینێكی دونیاییە لەسەر زەمین بەهەشت و جەهەنەم لەم جیهانەدا بۆیە پێویستە مرۆڤ هەوڵبدات ئەم سەرزەمینە بكات بە بەهەشت.
هەندێ سەرچاوە ئاینی مەزدیەسنا بە (دوالیزمی ) ناو دەبەن ؟ دوالیزمی چۆن لەگەڵ یەكتاپەرستی دا دەگونجێت تا چەند ڕاستە؟
وەڵام:ئەوە ناحەزانی زەردەشتین دەڵێن (دوالیزمییە) مەزدیەسنا یەكتاپەرستییە و شانازی بەوەوە دەكەین كە باب و باپیرانی كورد یەكتا پەرستیان داهێنا، ئەهورامەزدا خودای تاك و تەنهایە و ئێمە بڕوامان بەوەنییە كە شەیتان لە قسەی خودا دەرچوبێت و كاری خراپە بە مرۆڤ بكات، شەیتان لای ئێمە هەر نییە،مێژووی شەیتان دەگەڕێتەوە بۆ ئاینی یەهودی كاتێ جووەكان هاتنە بابل بیرۆكەی شەیتانیان بردەوە بۆ ئۆرشەلیم و خستیانە ئاینەكەیانەوە، دەنا لە تەوراتی موسادا شەیتان بوونی نییە، ئەهریمەن شێوە و جەستەیەكی مادی نییە بەڵكو كارە بەدو خراپەكانی مرۆڤ و گیاندار و سروشت بە كاری ئەهریمەنی دەزانین.
ڕۆح چییە ئەو میكانیزمەی بونەوەر و سروشت دەبزوێنێ؟
وەڵام : ڕۆح یەكێكە لەو هێزە مەعنەویانەی كە لە لەشی مرۆڤدا هەیە،دوای مردنی لاشە ڕۆح دەگەڕێتەوە بۆ ئەو جێگەیەی لێوەی هاتووە، ئەهورامەزدا ئاینی ئاینی داوە بە مرۆڤ واتە (ئەدینا) ویژدان، ویژدان هەمیشە چاكەخوازە ڕێگای چاكە پیشانی ڕۆح دەدات و دووری دەخاتەوە لە خراپە ، ئەگەر ڕۆح ڕێنماییەكانی ویژدان وەربگرێت چاكە دەكات، ئەندێشەی چاكیش فەرمان بە گفتار و كردار دەدات چاكە بكەن، بەڵام ئەگەر ڕۆح ڕێنماییەكانی ویژدان وەرنەگرێت و سەرپێچی بكات ئەوا كاری ئەهریمەن ئەنجام دەدات ، ڕۆحی خراپ فەرمان بە مێشك ئەدات ئەو دەمە گفتار و كرداریش خراپ دەكەن، نە ئەندێشەی خراپ چاكە دەكات نە ئەندێشەی چاك خراپە دەكات ، ئەوە یاسای ئەشایە، ئەشا واتە ڕێژەی نەگۆڕ مرۆڤ ناتوانێ دەستكاری سروشتی ئاهورایی بكات، سەرما گەرما ، بومەلەرزە و لافا و و بوركان ئەمانە یاسای ئەشان.
دوای مردن بڕواتان بە زیندووبونەوەی مرۆڤ لە دونیایەكی تردا هەیە؟
وەڵام: نەخێر ڕۆح لە جەستە جیادەبێتەوە، ویژدان كە ئاینی مرۆڤەكەیە (ئەدینا) لێپرسینەوە لە ڕۆح دەكات، ڕۆحی باش و چاكەكار لە شادی و ڕوناكیدا دەمێنێتەوە، ڕۆحی بەد و گوناحبار لە تاریكیدا دەمێنێتەوە، لاشەشی كە تەنها مادەیە تێكەڵ بە زەوی و سروشت دەبێت.
دۆناودۆن لە ئاینی زەردەشتیدا بڕواپێكراوە؟
وەڵام :تەنها دەڵێم نەخێر.
جیاواز لە هەموو ئاینەكانی تر مەزدیەسنا بە ئاینێكی فەلسەفی ناسراوە هۆكارەكەی چییە؟
وەڵام:لەبەرئەوەی پشت بە زانست و عەقڵ دەبەستێت، لەگەڵ مەنتقدا تەبایە،دوورە لە چیرۆك و ئەفسانە و خورافیات.
زەردەشتیەكان چۆن بیردەكەنەوە سەبارەت بە كوردایەتی و ئاین گەرایەتی و مرۆڤایەتی؟
وەڵام:ئێمە پێش هەموو شتێ بۆ مرۆڤایەتی كاردەكەین ، پاشان بۆ كوردایەتی و دواجار بۆ ئاینگەرایی.
یەكێك لە شوێنكەوتوانی زەردەشتیەكان: ئاینی ئیسلام بەزۆر بەسەر كورددا سەپێندراوە
یەكێك لەو كەسانەی كە پێشتر ئاینی موسوڵمان بووە و بڕیاریداوە ببێتە زەردەشتی دوای ئەوەی پشتوێنی بەست بۆ دوڕیان وتی: من هاوكار كەمالم خەڵكی سلێمانیم پێشتریش هەر بڕوام بە ئاینی زەردەشتی هەبووە وە بە خواستی خۆشم بومەتە زەردەشتی، چونكە ئاینی یەكەمی كورد بووە.
ئەو دەڵێت: پێم وایە ئاینی ئیسلام بە زۆر سەپێندراوە بەسەر كورددا و بۆیە ئێستا من گەڕاومەتەوە سەر ئاینی بنەڕەتی كورد و زیاتریش گرنگی دەدات بەلایەنی سروشت و ڕۆحی و ئەمانە هەمووی هاندەر بوون بێمەوە سەر ئاینی زەردەشتی، ئیسلام بوونیش لەگەڵ لەدایكبونمدا سەپێندراوە بەسەرمدا و بە خواستی خۆم نەبووە.
ئاوات حسامەدین نوێنەری زەردەشتیانی كوردستان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەستەی دامەزرێنەری ڕێكخراوی یەسنا لە وتووێژێكدا لەگەڵ دوڕیان وتی:ڕێكخراوی یەسنا یەكەم ڕێكخراوی زەردەشتی بوو لە كوردستان ، بیرۆكەی بڵاوكردنەوەی ئاینی زەردەشتی و دروستكردنی ڕێكخراوەكەش لە كتێبخانەیەكەوە سەریهەڵدا،كە یەكەم كتێبخانەش بوو لەلایەن ژنێكەوە بكرێتەوە و ببوە ناوەندێك بۆ كۆبوونەوەی زەردەشتیەكان و لەوێوە ڕەخنەمان دەستپێكرد لە فەتوا و چەندین بیری تر.
وتیشی: دوای ئەوەی زەردەشتیەكان لەوێ كۆدەبووینەوە بیرۆكەی دامەزراندنی ڕێكخراوی یەسنامان پێشنیاركرد(ڕێكخراوی یەسنا بۆ گەشەی فەلسەفەی ئاینی زەردەشتی) كە بەداخەوە دواتر بووینە دوو بەش ،چەندین كۆڕ و سیمینارمان لە شارەكانی كوردستان ئەنجامدا و زیاتر مەبەستمان دژایەتی ئاینی ئیسلام نەبووە، چونكە ئاینەكانی تریش ڕێگەن بۆ نزیك بوونەوە لە خودا،كەواتە هیچ ئاینێك ناڵێ كاری خراپ بكە، بەڵام هەندێك كەس بەناوی ئاینەوە ئەو كارە دەكەن.
نوێنەری زەردەشتیەكان لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت: ئێمە چەندین كەسمان دامەزراندووە و هەوڵمان داوە هەلی كار بۆ گەنجان بدۆزینەوە،وەزارەتی ئەوقاف هاوكاری ماددی نەكردوین و كەسیشی بۆ دانەمەزراندوین.
ئاوات حسامەدین دەڵێت: لە دەستوری تازەدا هەموو كەسێك دەتوانێت بەپێی ئاینەكەی خۆی مارەیی بكات،بەڵام لە دادگا پێویستە لێیان نەپرسرێت چ ئاینێكن؟ داواكاریشین هەموو ئاینەكان پێكەوە بخوێندرێن لە قوتابخانەكان ئەویش وەك مێژووی ئاینەكان، دەمەوێت بە قوتابیان بڵێم لە خوێندنی ساڵی داهاتوو دەتوانن لە پەروەردەی ئاین ئەگەر ئاینیان جیاواز بێت نەچنە ژوورەوە.
ئاینی زەردەشتی گەشەی سەندووە
ئاینی زەردەشتی لە ئێستادا بەوتەی ئاوات حسامەدین گەشەی سەندووە بەڵام ئاستی پەروەردەی ئاینەكە وەك پێویست نییە و پێویستە بیرمەند هەبێت فێرمان بكات چونكە نوێین لە كاركردندا،دەمەوێت لە كۆتاییدا بڵێم پێویستە زەردەشتیان خۆبەخشانە كاربكەن لەپێناو گەشەسەندنی ئاینەكەیان،هەروەها هیوادارم دژایەتی هیچ ئاینێك نەكەن، وە پێویستە بڵێم لە ئەمریكا زیاتر لە 10 هەزار زەردەشتی هەن و چوار پەرستگایان هەیە و بڕیارمان داوە هەموو مانگێك هەشت كەس بنێرم و پەروەردەی زەردەشتی بكەن،وە بڕیاریشە لە سلێمانی ئاتەشگایەك بكەنەوە كە ناوەندێكی زۆر گەورە دەبێت.
ئاینی زەردەشتی بە وتەی ئاوات بەزۆری لەناو كورددا هەیە و بەڵام لە ناو فارسەكانیش بڵاوە چونكە سەرەتا فارس و كوردەكان جیاوازیەكی ئەوتۆیان نەبووە و پێكەوە ژیاون.