كۆكردنەوە و نوسینی: ڕێدین عەتار
سەرەتا
مەسیحیەت بەسەر سێ ڕێبازی گەورە و سەرەكیدا دابەش دەبێت بەناوەكانی:
-كاتـۆلیك یان (كاثۆلیكـ)ـی Catholic
-ئەرتودۆكس یان (ئۆرتۆدۆكسـ)ـی Orthodox
- پرۆتستان یان (پروتیستانـ)ـی Protestant
لەنێو ئەم ڕێبازانەشدا چەندین ڕێڕەوی جیاوازتر هەن لەڕووی جیاوازی كتێب و عەقیدەی بنچینەییەوە نا، بەڵكو لەڕووی شێوازی پراكتیكەكردنی ڕسوماتەكانیانەوە. بەڵام ئەمانە ڕێڕەوگەلی بچووك و كەمن و شوێن كەوتوانیان بەوێنەی سێ ڕێبازە سەرەكیەكە (كاتۆلیك-ئەرتودۆكس-پرۆتستان) زۆر نییە.
گەورەترین ڕێبازی مەسیحیەت ڕێبازی (كاتۆلیكـ)ـیە و دوای ئەم ڕێبازەش دووەم گەورەترینیان لە رووی شوێن كەوتووانەوە (ئەرتودۆكسـ)ـیە، و سێهەمین ڕێبازیش لەڕووی زۆری شوێنكەوتوانەوە (پرۆتستانـ)ـیە، جگە لەم سێ ڕێڕەوە گەورە و ناسراوەش چەندین ڕێڕەوی تر لەنێو ئاینی مەسیحیەتدا ئاشكرا كراون و هەن كە كۆی گشیان بەنزیكەی 100 ڕێرەو دەبێت، ئەمڕۆكە و لەڕۆژگاری ئێستاماندا گەورەترین ڕێباز، ڕێبازی (كاتۆلیكـ)ـیە، كە (پاپا) پێشەوای هەڵگرانی ڕێبازەكەیانە و فەرمان لەوەوە وەردەگرن و زۆركاتیش بەشوێن گرەوەی (یەشوع/عیسا)ی مەسیحی لە قەلەم دەدەن.
چەند زانیاريیەكی سەرەتایی لەسەر ڕێبازەكان:
1- ڕێبازی كاتۆلیكی:
ناوی (كاتۆلیك) لە زمانی یۆناندا καθολικισμό بەمانای (گشتی/گشت)دێت، كڵێسای كاتۆلیكی بە هەڵبژاردنی ئەم ناو و ئەم مانایە بۆخۆی دەیەوێت ئەوە بڵێت كە ڕێڕەوی كاتۆلیك هەڵگر و كۆكەرەوە و لەخۆگری تەواوی (نەتەوە) مەسیحیەكان دەبێت، لەكاتێكدا كە لەواقیعدا تەنها بۆ كڵێسای (ڕۆم)ـە، كە لەژێر فەرمانرەوایی بەرزی (پاپا)دا بەڕێوە دەبرێت و بەكاردێت و بەهیچ شێوەیەك بەمانای ناوەكەی، كۆكەرەوەی هەموو ڕێڕەوەكانی مەسیحیەت لە نیشتمانە جیاوازەكانی جیهاندا نییە، دەستەواژەو وشەی (كاتۆلیك) بۆ یەكەمین جار لەساڵی( 160زاینی) بەكارهات و داتاشرا، بۆ ئەوەی كڵێسایەكی گشتی و گشتگیری مەسیحییەكان جیابكاتەوە بە یەكجاری لە كڵێسای ئەو بەش و نەتەوانەی تر كە تازە دامەزرابوون و بەشپرزەی زۆر و بۆر بوون و هەبوون ئەوكات، ئەمەش بە مەبەستی پاككاری و ڕێكخستنەوەی پێناسەیەك بۆ تاكە كڵێسایەك كە ببێتە چەق(مەنبەع)ی هەموو كڵێساكانی تر لە جیهاندا و هەمووان ببەستێتەوە و كۆبكاتەوە لە خۆیدا، كۆمەڵەی كاتۆلیكی، بە گەورەترین كۆمەڵە دادەنرێت لەناو كۆمەڵە جیاجیاكانی مەسیحییەتدا، هەم لەڕووی جوگرافییەوە، هەم لەڕووی زۆری شوێنكەوتوانەوە لە جیهاندا.
ئەم كۆمەڵەیە (پاپا) سەرۆكایەتی و ڕابەرایەتیان دەكات و (پاپا) بە ڕێبەری ڕۆحی خۆیان دەزانن. ئەندامانی كڵێسای كاتۆلیكی لە هەموو جیهاندا ئەگەر لە هەندێ وردەڵە بیروبۆچوونیشدا جیاوازییان هەبێت، ئەوا لەبـڕوابوون بە خوداوەند و بڕوابوون بە كتێبی پیرۆز، هیچ جیاوازییەكیان نییە.
كاتۆلیكەكان نهێنی دانپیانان و ڕێوڕەسمە ئایینی و پەرستشییە تایبەتەكانی خۆیان ئەنجام ئەدەن، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە هەر كاتۆلیكێك لەسەر داب و نەریتی تایبەتی و ناوچەكەی خۆی ئەمە دەكات، بۆنمونە (كاتۆلیكی ڕۆمانی) بەشێوەی خۆی و (كاتۆلیكی خۆرهەڵاتی) بەشێوەی خۆی و (كاتۆلیكی بێزنتی) بەشێوەی خۆی و (كاتۆلیكی ئەنتاكی) بەشێوەی خۆی و قیبتی و... چەندان گەل و ناوچەی تر بەشێوەی تایبەتی خۆیان ڕێوڕەسمە ئاینییەكان ئەنجام دەدەن.
پیاوانی ئایینی كاتۆلیكی (ئەوانەی كە پلەی ئایینییان هەیە) بۆیان نییە هاوسەرگیری بكەن و (ئەگەر هاوسەرگیریش كرابێت ئەوا زۆر بەكەمی هەیە و هیچ شایەنی باس نییە. كڵێسای كاتۆلیكی بە گشتی لەچەند ئەپرەشیەك پێك هاتووە كە (متران/مەتران: پلەیەكی ئاینییە لەكاتۆلیكدا) سەروكاری دەكات و ئەم مەترانانەش لەلایەن پاپاوە دادەنرێن.
هەروەها ئەپرشییەكانیش لەكاتۆلیكدا چەند كڵێسایەكی بچوك بچوكی تریان بەدەستەوەیە، كە (كاهین/ كاهنە:پلەیەكی نزمتری ئاینییە لەنێو كاتۆلیكدا لەمەتران) بەڕێوەیان دەبەن.
(پاپا) بەگشتی كاروباری گشت كڵێسا گەورە و بچوكەكانی كۆمەڵەی كاتۆلیكان بەڕێوەدەبات بەهۆی كاردیناڵەكانەوە و لەگشت لایەكی جیهان و ئەم كاردیناڵانەش بەهۆی مەترانەكانەوە هەڵیاندەسوڕێن.
كاهینەكانی كڵێسای كاتۆلیكی دوای خوێندنی گشتی، دەبێ شەش ساڵ زانستی ئایینی بخوێننەوە و مەشقی ئایینی فێرببن، بۆ ئەوەی بتوانن كاروباری ئایینی كڵێسا بەشێوەیەكی دروست بگرنە دەست.
لەساڵی (434زاینی) كاتۆلیكەكان بنچینەیەكیان بۆ ئەم وشانە (گشتی/گشتگیری، ڕەسەنایەتی، پێكەوەبوون/دۆستانە پێكەوەبوون، یەكگرتوویی) داناو و ئەم وشەو واژانەیان كرد بنچینە و ئەساسی كڵێسا نوێیە گشتگیرەكەیان بۆ كۆكردنەوەی هەموو بەشەكانی مەسیحیەت لە خۆیاندا و وابەیانیان كرد كە ئەم واژانە بنچینەی ڕێڕەوی كاتۆلیكیین.
ئەندامە ڕۆحانیەكانی كاتۆلیك باوەڕیان وایە كە كە كلێسای كاتۆلیكی، پێشڕەو و سەنتەری راستەقینەی كلێسای مەسیحە و (یەكێتی باوەڕ و ئادابی مەزهەبی و پیرۆزی و ڕۆحانیەت و رەسەنایەتی...) تەنها بۆخۆیان بە ڕێگاپێدراو و دروستی ئەزانن و خۆیان و ڕەفتار و ڕسوومی خۆیان لە هەموو ڕێڕەوگەلی تری مەسیحی پێ قبوڵتر و ڕاستترە.
لە ڕێڕەوی كاتۆلیكدا (پاپا) سەرەكیترین مەرجەع و ناوەندی ڕێنمایی شاند و هەیئە جۆربەجۆرەكانە، (پاپا) كە هەڵدەبژێدرێت لەلایەن ئەنجومەنێكی باڵای ڕۆحانی كاتۆلیكیەوەیە و دوای هەڵبژاردنیشی ئەنجومەن زۆربەی جومگەكانی لە ژێر فەرمان بەرداری (پاپا) دا دەبێت، هەڵبژاردنی (پاپا) هەمیشەییە بۆ پاپا، واتە تا كۆتایی تەمەنی لەو پلەیەدا دەبێت بمێنێتەوە، هەر بۆیە ئەنجومەنی باڵای ڕۆحانی كاتۆلیكی لەسەرەتاوە بە وریایی و مشتومڕ و تاقیكردنەوەی زۆر سەخت (پاپا)ی شایستە هەڵدەبژێرن، جێگای ئاماژەشە كە بڵیین باوەڕی كاتۆلیكەكان وایە كە (پاپا) جێنشینی (پتروسی پیرۆزە).
پوتروس كێیە؟
(پایە بەرز پوتروسSaint Peter) ناوی تەواوی (سەمعانی كوڕی یوحەننا)یە و ناسراوە بە (سەمعان پوتروس). پوتروس یەكێكە لە پێشەوا مەسیحییە سەرەتایی و یەكەمینەكان، كە لەنێو پەیمانی نوێ و كرداری نێردراواندا پلەیەكی بەرزی هەیە، و یەكێكە لە 12قوتابیە هەڵبژێردراوەكە، كە یەشوعی خودا (عیسای مەسیح) هەڵیبژارد تا ببنە شوێن كەوتوو، و قوتابی ... (دواتر باسی زیاتری ئەم پایەبەرزە دەكەین) ئێستا پەیڕەوانی ڕێڕەوی (كاتۆلیك) لەجیهاندا بەپێی سەرژمێریەك نزیكەی 425 ملیۆن كەس دەبن، وە (پاپا) لە ڤاتیكانەوە ڕێبەری سەرتاسەری ئەوانە لە هەر جێگایەكی جیهان كە هەبن و نیشتەجێ بن، (پاپا) بەم شێوەیە لەنێو بیناو دیوارێكی تەواو مەحكەم و پارێزراودا حوكمڕانی گشت جومگەكانی ئەم ڕێڕەوە ئەكات و دەزگا عەوام و پەروەردەكانی (پاپا) لەگشت جیهان ڕێنوێنی خەڵك ئەكەن و بانگێشتیان ئەكەن بۆ ئایینی مەسیحی لەسەر ڕێڕەوی كاتۆلیك و پەروەردەیەكی كاتۆلیكی، جا بە ئاشكرا بێت یان بە نهێنی.
شایەنی باسە كاتۆلیكەكان باوەڕییان وایە كە (پاپا) زامن و پارێزەری ئاسایش و ئارامی تەواوی مەسیحییەكانە لەگشت جیهان و پێشەوایەكی بەئەمەكە و خوداوەند ڕێزی لێ گرتووە، كە بەتەنگ مەسیحییانی جیهانەوەیە، هەروەها باوەڕیان وایە كە (پاپا) مەعسوم و پارێزراوە لەلایەن خوداوە و لە هەڵە و كەم و كوڕی و تاوان بەدوورە، جا بۆیە هەر فرمانێك لەلایەن ئەوەوە بێت ئیتاعەتی ئەكەن و گوێ ڕایەڵی ئەبن.
ئۆرتودۆكسی
پروتستانت