كۆكردنەوە و نوسینی: ڕێدین عەتار
ئەم ڕێبازە سێیەم مەزهەبی مەسیحییە لە جیهاندا، لەڕووی شوێنكەوتەوە دوای (ئۆرتودوكس و كاتۆلیك)دێت، لەسەردەمی ڕیفۆرمی ئایینیدا لە ( كاتۆلیكەكان) جیابووەوە، بەهۆی كارتێكردنی (لۆپیروس) و (كلڤینۆس)ـەوە. مانا زمانەوانییەكەی پروتستانەكان: Protestant واتە بەرەی ناڕەزا (موعاڕەزە) یان بەرهەڵستكاران دێت، ئەم كۆمەڵەی قەشە مارتن لۆتەر دایمەزراند دوای ئەو چەوساندنەوە زۆرەی لەلایەن كڵێساوە تووشی خەڵك بووبوو. هەروەها مارتن لۆتەر دژی ئەو بیروباوەڕەی پاپای كاتۆلیكی بوو كە پاپا دەتوانێت بەڵگەنامەی لێخۆشبوون بۆ هەركەسێك بەدەست بهێنێت لە بەرامبەر بڕێك پارە یان زێڕدا.
مارتن لۆتەر كێ بوو؟
مارتین لۆتەر Martin Luther، لە ساڵی ١٤٨٣ دا لەدایك بوو. لە ساڵی١٥٤٦ـدا كۆچی دوایی كرد، "پیاوی خودا و ئایین" بوو، مارتن بەڕێبەری پروتستانت و چاكسازان و ڕیفۆرمخوازان ئەژمار دەكرێت لە مێژوودا، بەكورتی ڕازی نەبوو بەوەی لە كڵێساوە نامەی لێخۆش بوون وەربگیرێت، بەڵكو وتی:
"مرۆڤ لە خوا نزیك دەبێتەوە بە باوەڕبوونی لە دڵەوە بە خوداوەند، نەك بەو كارانەی كە كڵێسە لە سەری دەیسەپێنێت".
هەروەها ڕایگەیاند كە: "كتێبی پیرۆز بەتەنها تاكە سەرچاوەی سەرەكی ئایینی مەسیحییە"، لۆتەر داوای كرد كە پیاوانی كڵێسا دەبێت بكەونە ژێر دەسەڵاتی مەدەنی و قەشەكانیش بتوانن هاوسەرگیری بكەن، مارتین لۆتەر بەردەوام بوو لە بڵاوكردنەوەی بیروڕاكانی تا وایلێهات لایەنگری زۆری بۆ پەیدا بوو، لەسەرەتادا بیروڕا نوێیەكەی لە بەشی باكوری ئەوروپادا بڵاوبووەوە.
پروتستانەكان دابونەریتی تایبەتی خۆیان هەیە، باوەڕیان بە قەشە و كشیش و فریشتە گەڵێكی دەستووری كڵێسا نییە، باوەڕیان بە گشتی وەهایە كە پەیوەندی كردنیان بەخوداوە، واسیتەی كەسی تری ناوێت، ڕاستەوخۆیە و (كورد واتەنی خۆت و خوای خۆتە).
باوەڕی پروتستانەكان وەهایە كە ڕۆم و (پاپا) دوو شتی زیادەن و هەروەها هەموو جۆرە سوننەت و قەشە رێوڕەسمێكی نوێژ و پەرستشی كڵێساییشیان ڕەتكردەوە، بەم كارانەیان مرۆڤیان لە چەوساندنەوەی دەرەبەگ و كڵێسا ڕزگاركرد و وایان لێكرد، زیاتر هەست بە لێپرسینەوە بكات و دەرگای سەربەستی و دیموكراتییانەی بۆرژواییانەیان خستە سەر پشت. گەلێك گۆڕانكاریی باشیان بۆ قۆناغەكەی خۆیان كرد، لەلایەنی ڕسومات و عەقیدەشەوە تەنها باوەڕیان بە (ئینجیل) هەیە وەك خۆی چۆنە ئاوها، هەر لەوێشەوە كۆد و هێما و فرمانە ئایینیەكانیان وەردەگرن، لێرەدا شایەنی باسە دەبێت ئاماژە بە كەسایەتییەكی تری دیاری نێو ڕێڕەوی پروتستانی بكەین ئەویش پایەبەرز (قەشەجۆن كاڵڤین John Calvin-1509 بۆ 1564 زایینی ژیا) ئەم پیاوە زانایەكی لاهوتی بەرەچەلەك فەرەنسی بوو، هەروەها هەر زوو پروتستانی بوونی خۆی ئاشكراكرد، لە مێژووی ئەوروپاشدا بەیەكێك لە پیاوە مەزنەكان دادەنرێت، لە شاری (لیۆن) لە فەڕەنسا لەدایك بووە، لە كۆلێژی (پاریس و ئۆلیرانس) خوێندنی قانونی تەواو كردووە. هەر لەتەمەنی لاویدا پەیوەندی بە ڕێبازی پروتستانی مەسیحییەوە كردووە. ناوبراو بۆ ئەوەی توشی ئازار و سزا نەبێت، پاریسی بەجێ هێشت و چوو بۆ شاری (پایل) لەو شارە دەستی كرد بەخوێندنی زانستی ئایینی.
كاڵڤینی مەزن لە تەمەنی 27 ساڵیدا كتێبێكی گرنگی بەناوی (یاساكانی ئایینی دیان) نوسی. كە یەكێك بوو لەبەناوبانگترین كتێبەكانی مێژووی ئایینی مەسیحی، لە هەمانكاتیشدا یەكێكە لە نوسراوە نەختینەكانی پایەبەرز كاڵڤین كە بنچینە و بنەماكانی بیروباوەڕی ئایینی مەسیحی- كاڵڤینی تێدا نوسیبووەوە، كە جیاوازییەكی زۆری هەبوو لەگەڵ باوەڕی ڕێبازی كاتۆلیكی و پروتستانیشدا، بەڵام بەتایبەت كاتۆلیكەكان، بۆ نمونە بە پوختی كاڵڤین ئەم ڕایانەی هەبوو لە كتێبەكەیدا:
*سەرشۆڕنەكردن بۆ (پاپا).
*سەرشۆڕنەكردن بۆ پاتریك و وردەڵە پاپا دەسەڵاتدارە چاوچنۆكەكانی هەردوولا (واتە ئورتودوكسی و كاتۆلیك) لە ژێر سایەی كڵێساكانیاندا.
*قبوڵ نەبوونی لێخۆشبوون بەهۆی ئامراز و وەسیلەیەكەوە (وەك پاپا یان پیاو چاكێك).
*داواكردن لە خوداوەند بەبێ هیچ وەسیلەیەك و لەدڵەوە تەوبەكردن و پاڕانەوە لەخودا بەسە بۆ بەدەستهێنانی لێخۆشبوون لای خوداوەند.
*مرۆڤ ئەبێت كتێبی پیرۆز (بەبێ هیچ زیادەیەكی تەفسیری و تەئویلی پاپا و پیاو چاكەكان "بۆ مەرامی خۆیان") تاكە سەرچاوەی شەریعەتی خوداوەندی بێت بۆی و پارێزگاری لە باوەڕەكەی بكات لەهەركوێیەكی جیهاندا بێت.
كاڵڤین لە ساڵی 1536ی زایینیدا چوو بۆ شاری (جنێڤ) لە سویسرا، لەبەر ئەوەی ئەوكات ڕێڕەوی پروتستانی لە سویسرا پەرەی سەندبوو، تكایان لێكرد بمێنێتەوە وەك مامۆستا و ڕابەرێك بۆ كۆمەڵە پرۆتستانییەكەیان، بەڵام ناكۆكی لە ساڵی 1538ی زایینیدا كەوتە نێوان كاڵڤین و بیوریتانییەكانی دانیشتووی (ژنێڤ)ـەوە، زۆریشی لێكرا لە ژنێڤ بڕوات و ئەوێ بەجێبهێلێت.
بەڵام لە ساڵی 1541ی زایینیدا، داوا لە كاڵڤین كرایەوە بگەڕێتەوە بۆ ژنێڤ، ئەمجارەیان لەوێ بوو بە پێشەوایەكی ئایینی و سیاسیی شارەكە و لەوێ سەرەڕای هەندێك گیروگرفت پێشكەوت و بوو بە خاوەنی دەسەڵاتیكی زۆر تا دوا ڕۆژەكانی ژیانـی بەوشێوەیە مایەوە.
باوەری كاڵڤین لەنێو مەزهەبی پروتستانیدا لەهەموو باوەڕ و مەزهەبەكانی تڕ زیاتر بڵاوبووەوە لە ئەوروپای ناوەڕاستدا. ئەوەی جێی سەرنجە كاڵڤین هەرگیز لە مەسەلە عەقیدەیی و ئایینیەكاندا گەر كەسانی تر دەستكارییان بكردایە یان بۆ مەرامی خۆیان بەكاریان بهێَنایە لێخۆشبوو نەبوو، بەڵكو بەدەستی ئاسنین ناحەزان و گێرەشێوێنانی دەمكوت دەكرد و زۆر توند بوو لە دەسەڵات و بایەخدان بە كتێبی پیرۆز بەو شێوەیەی كە خۆی هەیە، كاڵڤینیش هەروەك مارتین لۆتەر تا لە ژیاندا بوو لە ململانێی سەختدا بوو لەگەڵ كڵێسا كاتۆلیكەكانی ڕۆم دا.
ڕێڕەوی پروتستانی چەند یەكگرتن و تێكەڵبوونێكی هەبووە لەگەڵ گەل و كۆمەڵە مەسیحییەكانی تردا كە ژمارەیان كەم و هەندێك جاریش زۆر بووە و لەهەمان كاتیشدا سەر بەهیچ كام لە سێ ڕێبازە سەرەكییەكە نەبوون (واتە كاتۆلیك و ئۆتودوكس و پروتستان). یەكێك لەوانە لە سەدەی 20دا بزوتنەوەی (مسكونی) تێكەڵ بوو و یەكیگرت لەگەڵ پروتستانەكاندا.
رێوڕەسم و تقوسە ئایینییەكانی پروتستانەكان بەگشتی ئەم چەند دانەیەی خوارەوەیە، بەڵام دیسانەوە ئەمانەش هۆكار نیین بۆ ئەوەی تۆ باشتر و بەرز تر بكەنەوە لای خوداوەند و لێخۆشبوونت بۆ دەستەبەربخەن، لەكاتێكدا ئەم شتانەشیان دیاری كردووە بەڵام بەواتای جیاواز تر لە واتا (ئۆرتودوكسی و كاتۆلیكییەكانی تر)، بۆنمونە:
*تەعمید (بەڵام بەواتای تەنها شۆردن نا، بەڵكو بەواتای نوێبوونەوە و لەدایكبوونەوەی ڕۆحی).
*باوەڕهێنان (بەڵام باوەڕهێنانێكی نا ئیجباری و بێ زەبر و زۆر).
*خویندنەوەی باشی كتێبی پیرۆز وەك خۆی بەبێ ڕاوبۆچوونی كەس (واتە هەر خۆت و تەنها بە مەبەستی خوێندنەوەی كتێبەكە).
*ئامادەبوون لە كڵێسا دا (بەڵام نەك فشار بخەیتە سەر خۆت بۆ ئەوەی بەشداری هەموو كۆبوونەوەكان ببیت و وابزانیت بە لەدەستچوونی كۆبوونەوەیەك گوناهێكی گەورەت كردووە).
*گەر تۆ باوەڕداری و دەستت ناگات بە كڵێسا ئەوا زەوی كڵێسا و ماڵی خودایە.. موڵكی خودایە.. لە هەر جێگەیەك ویستت ئەتوانیت ڕێوڕەسمی خۆت و پاڕانەوە و نزای خۆت بكەیت.
ئەو وڵاتانەی ڕێڕەوی پروتستانی گرتنیەوە و پەیڕەوی دەكەن، بریتین لە وڵاتانی:
ئەسكەندەناڤی و سویسرا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. یەكەم نێردراویشیان بۆ خۆرهەڵات بەڕەسمی لە ساڵی 1977 بوو، لە ئێستاشدا بەشێوەیەكی بەرچاو شوینكەوتووانی ئەم ڕێڕەوە لە كـوردستاندا ڕوو لە زیاد بوونە.
سەرچاوەكان:
- ئینسایكلۆپیدیای گشتی/ بەرگی 1 و بەرگی 2 / نوسینی یاسین سابر ساڵح – چاپ 2009
- كتاب: تاریخ ادیان و مذاهب جهان / ن: مبلغی بادانی – چاپ 2010
- كتێبی: چاكسازی ئایینی The Reformation / لە نووسینی: سارا فلۆوەرز – چاپ 2010
- كتێبی: پشكنینی باوەڕەكان The Inquistion / لە نووسینی: دیبۆرا بیكراش – چاپ 2010
- سایتی: http://www.luther.de/en/leben/
- كتێبی: مارتن لۆتەر/ نوسینی: هورست هێرمان – بە كوردی –چاپ 2017
- سەرچاوەی هەمان كتێبیش بە ئینگلیزی: Horst Herrmann: Martin Luther-1999
- مارتن لۆتەر ڕابەری بزوتنەوەی ڕیفۆرمی ئایینی لە ئەوروپا / نوسینی: د.هاشـم ساڵح- چاپ 2015
- مێژووی مرۆڤایەتی/ نووسینی: ئارنۆڵد/بەرگی 1- چاپ 2013
- مێژووی شارستانیەت/ وێڵ دۆرانت / بەرگی 11 – چاپ 2014
- ویكیپیدیا ئینسایكلۆپیدیای ئازاد (تەنها بۆ دەرهێنانی چەمكە لاتینی و یۆنانییەكان)
ئۆرتودۆكسی
كاتۆلیكی