د.هێرش قادری
ده‌قی گاتاکان
نه‌ته‌نیا فه‌لسه‌فه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی زه‌رده‌شت به‌ڵکوو
ده‌قی گاتاکان که ده‌قی سه‌ره‌کیی ئاینی زه‌رده‌شته و که‌سێک له پێوه‌نددانه‌وه‌ی
به خودی زه‌رده‌شته‌وه گومانی نییه. له به‌رگریکردن له مانگا و پێکدادان له‌گه‌ڵ که‌سانێکه که
مانگا قوربانی ده‌که‌ن. " به‌رده‌نگی سه‌ره‌کیی به‌رخۆدانی زه‌رده‌شت که‌سانێک
بوون که له ئه‌شکه‌وته‌کاندا مانگایان قوربانی ده‌کرد و نۆشباوی مه‌ستی هێنه‌ری
هۆمیان ده‌خوارده‌وه ". (هینتس، 1386: 75). زه‌رده‌شت له گاتاکاندا، له‌گه‌ڵ
هه‌موو پاشهاته‌کانی قوربانی کردنی مانگا، سه‌رخۆشبوون و مه‌ستی و هۆم خوارنه‌وه‌دا
دژایه‌تی کردووه (رضی، 1381، 68). یه‌سنای 31، هه‌مووی ترساندن و هه‌ڕه‌شه‌کردنه
هه‌مبه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ی که له ڕێوڕه‌سمی ئایینی‌دا، مانگا ده‌کوژن و هۆم ده‌خۆنه‌وه
(رضی، 1381: 246). " ئه‌و که‌سانه‌ی که خه‌ڵکی له باشترین کاره‌کان په‌ژیوان
ده‌که‌نه‌وه، مه‌زدا بۆ ئه‌وانه چاره‌ڕه‌شی بهێنه.... ئه‌و که‌سانه‌ی که له نێوان قسه‌ی نابه‌جێ –
سه‌رخۆشیی سه‌ما – مانگای خۆیان به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن.... ئه‌وانه.... درۆزنن....
شوێنکه‌وتووان درۆیان کرد که گوتیان مانگا ده‌بێت بکوژرێت" (یسنا32 ، بند
12-14).
" بابه‌تی ڕاستینه چه‌واشه ده‌که‌ن کاتێک ئیدعای ئه‌وه ده‌که‌ن که
مانگا و خۆر خراوترین شته‌کانن که چاو ده‌یانبینێت. ئه‌وانه شوێنکه‌وتووی درۆ و ئاشا‌ن"
(گاتها: 10/32).پرسیارێک که لێره‌دا دێته ئاراوه ئه‌مه‌یه که چ که‌سێک مانگا
قوربانی ده‌کات یان ده‌کوژێت؟ وه‌ڵام
ڕوونه، ئه‌هریمه‌ن. " قوربانی کردن(کوشتن)ی مانگا، له‌گه‌ڵ ئاینی زه‌رده‌شتدا
دژبه‌رن که به‌دژی قوربانی کردنی مانگایه، زه‌رده‌شت، ئه‌هریمه‌ن وه‌کوو بکوژی
مانگا ده‌زانێت" ( فون گال، کلوسکا، همان، 574). به‌ڵام پرسیاری سه‌ره‌کیتر و
گرنگتر ئه‌مه‌یه که ئه‌هریمه‌ن یان شه‌ڕ هێمای چییه و ڕێوڕه‌سمی قوربانی کردنی
مانگا له نێو چ که‌سانێک یان چ ئایینێک به‌ڕێوه چووه که زه‌رده‌شت به‌مه‌به‌ستی
کۆتایی هێنان به‌ئه‌و شته سه‌ری هه‌ڵداوه؟ پێش له سه‌رهه‌ڵدانی زه‌رده‌شت چ
ئایین و خه‌ڵکانێک هه‌بوون که کوشتنی مانگا لایان باو بووه که، زه‌رده‌شت ئه‌وه‌ی
وه‌کوو هێمای ئه‌هریمه‌ن ڕه‌چاو کردووه و دالی ناوه‌ندیی شه‌ڕ یان "ئه‌ویدی"ی
ئاینی زه‌رده‌شت و خودای به‌رانبه‌ر یان شه‌یتان بووه به ئه‌هوورامه‌زدا؟
لێکۆڵه‌ران له‌و بڕوایه‌دان که میهر/میترا، پێش له زه‌رده‌شت
خودایه‌کی مه‌زن بووه که زه‌رده‌شت بوونی میهری نکۆڵی کردووه.
"ک.بار" نووسیویه‌تی: زه‌رده‌شت وروونه و میترای له ئه‌هوورامه‌زدا
کۆکرده‌وه. که‌وایه جێگایه‌ک بۆ میترا نه‌مایه‌وه. نیبرێگNyberg به‌ڵگه دێنێته‌وه که میهر
خودای شه‌وه و زه‌رده‌شت میهری ڕه‌ت کرده‌وه. هه‌روه‌ها زنێر و گێرشویچGershevich ده‌ڵێن که هه‌موو
خوداکانی بێجگه ئه‌هوورامه‌زدا و سپه‌ندمینوو، وه‌لانا. هومباخHumbach و هینتزhintz بڕوایان وابوو که زه‌رده‌شت به گشتی له‌گه‌ڵ میترا
و په‌رستنیی دژایه‌تی ده‌کرد. به بڕوای لومل، زه‌رده‌شت له په‌ناوه میترای ڕه‌چاو
نه‌کردووه و زه‌رده‌شت ڕووی له میترا وه‌گێڕاوه که خودای زۆرینه‌ی خه‌ڵکی سه‌رده‌می
بتپه‌رستی بوو. به بڕوای موله، هه‌ندێکجار ئاین ئاڵقه‌ی ئاینی ژوورده‌ستان بوو
که له هه‌مبه‌ر بڕواکانی زۆرینه‌ی خه‌ڵک که‌مته‌رخه‌م بوو. گێرشویچ ئه‌م بڕوایه‌ی
قبووڵ کرد که زه‌رده‌شت میهری به ڕقه‌وه له‌به‌رچاو گرتووه و زه‌رده‌شت میهری
له ئاینی خۆی کرده ده‌ره‌وه. (بویس، 1384، 109 –110).
هه‌روه‌هادۆشن گیمێنD.Guillemin بڕوای وایه که ماوه‌یه‌کی
زۆر میترا ڕکابه‌ری مه‌زدا بوو و بێده‌نگبوونی سه‌باره‌ت به‌و ئانقه‌ست، دوژمنانه
و هه‌ستبزوێن بووه (گیمن، 1378، 17). ناکۆکیی نێوان ئاینی زه‌رده‌شت و ئایینی
میترایی له لایه‌ن ویدن گره‌ن، ویکاندێر، لومل و نیبێرگ پشتڕاست کراوه‌ته‌وه
(رضی، 1381، 74). گوناهی ئه‌هریمه‌ن به بڕوای زه‌رده‌شت و خوداکه‌یه‌وه، ئه‌هوورامه‌زدا،
کوشتنی مانگای پیرۆزه، به‌ڵام چ پێوه‌ندییه‌کی به میتراوه هه‌یه؟ ئامانجی سه‌ره‌کیی
میترا کوشتنی مانگای پیرۆزه (زنر، لومل، بیانگی در کلوسکا، 1385، 48). له
ڕاستیدا سه‌رنجڕاکێشترین چیرۆکی میترا، شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ مانگای سه‌ره‌تاییه
(رضی، 1381، 304). له سه‌رجه‌م به‌ردنووسه‌کان و ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی که له
ڕێوڕه‌سمه‌کانی میترایی له ئه‌شکه‌وته تاریکه‌کاندا به‌جێ ماوه، وێنه‌ی میترا
له کاتی کوشتنی مانگا که مارێک به‌ده‌وریدا ئاڵاوه، کێشراوه(فون گال، کلوسکا،
هه‌مان، 578). به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که ئه‌مه نه قوربانی کردنی، به‌ڵکوو
کوشتن و شه‌ڕکردنی له‌گه‌ڵ مانگایه.
ئێرنێست ویل له وتاری " ئاخێزگه و
سرشتی ئاینی میترا"دا به دروستی ئه‌م پرسیاره‌ی هێناوه‌ته ئاراوه که ئایا
ئه‌مه قوربانی کردنی مانگایه یان کوشتن و لێدانی مانگا؟ " تا ئێستا هه‌مووان
به ئاسووده‌ییه‌وه له وشه‌ی قوربانیی میترایی که‌ڵکیان وه‌رگرتووه. به‌ڵام له
ڕاستیدا له‌ئه‌م وێنانه‌دا مه‌به‌ست قوربانی کردنه؟ .... قوربانی چۆکی داداوه و
که‌وتووه. قوربانیکه‌ری مانگا، ئه‌ژنۆی چه‌پی له‌سه‌ر پشتی مانگا داناوه و ...
خنجێره‌که‌ی له شانی مانگا چه‌قاندووه. ئه‌م وێنه‌یه له‌گه‌ڵ هیچ وێنه‌یه‌کی
ڕاستینه یه‌ک ناگرنه‌وه... پێی خودا له‌سه‌ر پشتی مانگا... که له زۆربه‌ی وێنه‌کاندا
ئه‌وانه‌ی سه‌رکه‌وتوون، ڕکابه‌ری خۆیان ده‌ڕمێنن، پێیان به هێمای سه‌رکه‌وتن له‌سه‌ر
پشتیان ده‌نێن-- هێکتۆر بۆ کوشتنی پاترۆکل له پشته‌وه نزیکی ده‌بێته‌وه و
سه‌ری ئه‌و به‌ره‌و دوا ده‌گێڕێت... یان هێرکوول بۆ کوشتنی ئمازون، پێی چه‌پی خۆی
له‌سه‌ر پێی ڕاستی به‌رانبه‌ره‌که‌ی داده‌نێت ... که‌وایه ئه‌مه نه قوربانی به‌ڵکوو
پێکدادان بووه؟
کوشتنی ڕۆژهه‌ڵاتییه‌ک
به ده‌ستی مه‌قدوونییه‌ک له که‌ژاوه‌یه‌کدا به‌چه‌شنی وێنه‌ی مانگاکوشتنی
میترایه... سه‌رکه‌وتووان، به‌زیوه‌کانیان به‌پشته‌وه له زه‌وی ده‌ده‌ن و پێیان
له‌سه‌ر پێی ئه‌وان، سه‌ری به‌ره‌و پشت و شمشێر له پشتی ده‌چه‌قێنن...." (
ویل در کلوسکا، همان، 583 - 584). که‌وایه،
به‌وشێوه‌یه که ویل به دروستی شرۆڤه‌ی کردووه، ئه‌مه نه‌ک کرده‌وه‌ی قوربانی
کردن به‌ڵکوو کوشتن و شه‌ڕکردن له‌گه‌ڵ مانگایه که دواتر که میترا، مۆرکی زه‌رده‌شتیی
خوارد، کرده‌وه‌ی کوشتنی مانگا مانای بۆ قوربانی کردن گۆڕدرا. هه‌روه‌ها که فون
گاڵیش ئاماژه‌ی پێکردووه، قوربانی کردن(کوشتنی)ی مانگا له ئایینی میترادا، له‌گه‌ڵ
ئاینی ئێرانییه‌کان (زه‌رده‌شت) دژایه‌تیی هه‌یه که دژی کوشتنی مانگایه.
ئێرانییه‌کان، ئه‌هریمه‌ن به بکوژی مانگا ده‌زانن (فون گال، کلوسکا، همان، 574).
" ڕۆڵی قوربانیکه‌ر، پێش ئه‌وه‌ی که بدرێته ئه‌هریمه‌ن، ڕۆڵی میترا بووه
که مانگای نێر ده‌کوژێت" (گیمن، 1378، 53).
هه‌روه‌ها لومل له ڕاڤه‌ی یه‌سنای
29دا، سکاڵای مانگا سه‌باره‌ت به شوێنکه‌وتووانی میترا ده‌زانێت (لومل به نقل از
بیگن، کلوسکا، 1387، 60-61). که‌وایه، زه‌رده‌شت، میترا وه‌کوو ئه‌هریمه‌ن ده‌زانێت
و ئه‌هریمه‌نی زه‌رده‌شت هه‌مان میترایه. نه‌ته‌نیا خودی میترا ده‌بێته ئه‌هریمه‌ن
به‌ڵکوو میتراییه‌کان و ئایینی میترا که مانگا قوربانی ده‌که‌ن، ده‌بنه هێمای نه‌ریت
و فه‌رهه‌نگی شه‌یتان. زه‌حاکیش مانگای بێرمایه ده‌کوژێت و فه‌ریدوون بۆ به‌رگری
له مانگا، زه‌حاکی له‌نێو هه‌مان خوێنی مانگا ده‌خنکێنێت که هێمایه‌ک له به‌رخۆدانی
ئه‌هوورامه‌زدا له به‌رانبه‌ر ئه‌هریمه‌نه. به‌رده‌نگی کێبه‌رکێی زه‌رده‌شت، ئایینی میترا بوو که
له ئه‌شکه‌وته‌کان مانگایان قوربانی ده‌کرد و ئاوی مه‌ستیهێنه‌ری هۆمیان ده‌خوارده‌وه(هینتس،
1386: 75). زه‌رده‌شت له ناوبردنی میترا – که به جدییه‌ته‌وه به‌ره‌و شه‌ڕکردن
له‌گه‌ڵیدا ده‌ڕوات- خۆی ده‌بوێرێت، ته‌نیا له ڕووی گوته‌کانیه‌وه ده‌رده‌که‌وێت
که دوژمنی ئه‌و له‌ئه‌م شه‌ڕه‌دا میترا و ڕۆحانییه‌کانی میتراییه (رجبی، 1380:
53).
هه‌موو به‌ڵگه‌کانی به‌رده‌ست دوژمنایه‌تیی هه‌مه لایه‌نه‌ی زه‌رده‌شت له‌گه‌ڵ
میترا و میتراپه‌رستی نیشان ده‌ده‌ن (همان: 64). بێده‌نگبوونی زه‌رده‌شت سه‌باره‌ت
به میترا بێده‌نگبوونێکی ئه‌نقه‌ست، ڕقانه و دوژمنانه بوو (گیمن، 1378، 17).
نازناوی " ئه‌که" به واتای سه‌خت و پته‌و – بڕیارده‌ر – ه که بۆ
میترا ئاوه‌ڵناوێکی باش بوو، له گاتاکاندا، بۆ هێزی شه‌ڕ و ناشیرین، به شێوه‌ی
نه‌شیاو به‌کار ده‌چێت (هات 32، بندهای 3 و 5 و 12 و هات 32 به نقل از رضی، 1381،
70). " دئۆکان ڕاستیان هه‌ڵنه‌بژارد -
خراوترین بیریان به‌ره‌و تووڕه‌یی هه‌ڵبژارد و – ناخی خه‌ڵکیان نه‌خۆش
کرد" ( یسنا هات 30 بند 4 ). " ئه‌ی دێوه‌کان ئێوه هه‌مووتان له ڕه‌گه‌زی
کرده‌وه‌خراپ– ئه‌که منه - ن. که‌سێک که ئێوه ده‌په‌رستێت به درۆ – بێ یاسایی
به پێچه‌وانه‌ی ئاشا - ده‌ڵێت .... خه‌ڵکیان له ژیانی باش و تاهه‌تایی دوور
کرده‌وه. ئه‌کی منۆ – کرده‌وه‌خراپ – به بیری ناشیرین و گوتاری نه‌شیاو....
وێرانی دێنێت...." (یسنا 32 بند 5- 3). له شانامه‌یشدا به شێوه‌ی "
ئێکوان دێ‌و"ه. یه‌سنای 31، سه‌رتاسه‌ر هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه‌یه به‌ره‌وڕووی
ئه‌وانه‌ی که له ڕێوڕه‌سمی ئایینی‌دا، مانگا ده‌کوژن و هۆم ده‌خۆنه‌وه: "
نه‌وه‌کوو که‌سێک له ئێوه له گوتار و فێرکاریی درۆپه‌رستی گوێ ڕاگرێت.... به
چه‌ک و که‌رسته‌ی شه‌ڕ لێیان بده‌ن".
ئه‌و به‌رده‌نگانه‌ی زه‌رده‌شت که هه‌ڕه‌شه ده‌کرێن ئه‌نجومه‌نی خودایانی
میترایین، دوژمنانی وی کۆیه‌کان و ده‌سه‌ڵاتدارانی میترایین، ڕێوڕه‌سمێک که ده‌ڕه‌وێنێت
ڕێوڕه‌سم و درووشمه‌کانی میهرئاینانه" (رضی، 1381: 246). "مه‌زدا بۆ ئه‌وانه
چاره‌ڕه‌شی بهێنه.... ئه‌وانه‌ی که خه‌ڵکی
له باشترین کرده‌وه‌کان په‌ژیوان ده‌که‌نه‌وه.... ئه‌وانه‌ی که له نێو قسه نه‌شیاوه‌کانیان
– سه‌رخۆشی و سه‌ما- ژیانی مانگا به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن.... ئه‌وانه.... درۆزنه‌کانن....
شوێنکه‌وتووه‌کان درۆیان کرد که ده‌بێت مانگا بکوژرێت" ( یه‌سنای 32 بڕگه‌ی
12- 14). بڕگه‌ی 29 میهریشت : "تۆ هه‌م
ناپاکی – ئه‌ک – هه‌م باشترین میسره، سه‌روه‌ری ئاشتی و ئاڵۆزی بۆ
نیشتمان......". زه‌رده‌شت له گاتاکان، له دژوازی له‌گه‌ڵ ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه
: " ئه‌و که‌سه‌ی که هه‌ندێکجار باشتر و هه‌ندێکجار خراوتره..... ئه‌ی ئه‌هوورامه‌زدا
ئه‌و له چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تۆ، عه‌قڵی تۆ، به جیا ده‌وه‌ستێت" (یسنای
48 بند 4. رضی، 1381: 71).
کاتێک زه‌رده‌شت ورده‌ورده پێگه‌ی قایمتر ده‌کات توندتر
له‌گه‌ڵ ئایینی میترایی شه‌ڕ ده‌کات. له یه‌سنای 29، به ڕوونی سه‌باره‌ت به
ڕێوڕه‌سمی قوربانی کردنی مانگا و سه‌ماکردن، میترا تاوانبار ده‌کات. پێکدادانی نه‌رم
به‌ڵام کارتێکه‌ری زه‌رده‌شت که له عه‌قڵی ئه‌هوورایی جیاکراوه‌ته‌وه به ڕوونی
ئاشکرا ده‌بێت (رضی، همان، 71 – 72). له یه‌سنا 10\32 – زه‌رده‌شت به ئاشکرایی
ڕه‌خنه له ئایینی میترایی ده‌گرێت. سه‌رجه‌م یه‌سنای 32 و ... ئاماژه‌کردنی
ڕوونه به‌بێ ناوبردنی میترا و ئه‌نجومه‌نی میترایی، که به هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی،
له لێدانی ئاشکرای خۆ ده‌بوێرێت (همان: 113). گاتاکان: له پێداهه‌ڵدانی دێوه‌سنان
(میترایی) ده‌نووسێت: " وانه‌یڕاسته‌قینه ده‌شێوێنن؛ ئیدعا ده‌کات که مانگا
و خۆر له خراوترینی ئه‌و شتانه‌ن که چاو ده‌یانبینێت.
ئه‌وانه پێڕه‌وی درۆ و له
دژی ئاشا‌ن" ( گاتاکان: 10\32). میترا پاشله‌دایکبوونی له ناخی گاشه‌به‌رده‌وه،
یه‌که‌م کارێک که ده‌یکات، ڕاوکردنی خۆر و کوشتنی مانگایه. هه‌ربۆیه نیبێرگNyberg به دروستی ئه‌م به‌شه
له گاتاکان به‌ه‌ره‌وڕووی میتراییه‌کان ده‌زانێت(نیبێرگ به گێڕانه‌وه له رضی،
هه‌مان: 250) که ، به دوور له ڕووناکی رووناکی له تاریکیی ئه‌شکه‌وته‌کاندا،
سه‌رقاڵی کوشتنی (قوربانی) مانگا بوون و سه‌ما و شاییان کردووه. ئایینی قوربانی
کردن و خواردنه‌وه، پاش ئاوابوونی خۆر له تاریکیی ئه‌شکه‌وت، به شه‌وانه، به‌مه‌به‌ستی
ڕازی کردنی ئه‌هریمه‌ن که هێمای تاریکی و لێڵی بووه، به‌ڕێوه ده‌چوو(رضی، 1381:
135). که‌وایه، به ڕاپه‌ڕینی ئاینی زه‌رده‌شت، میهر بووه دێ‌و و دژه‌خودا
(بیانگی، در کلوسکا، 1387، 48). زنێر و لوملیش ئه‌وه‌یان قبووڵ بوو که میترا له
گاتاکاندا وه‌کوو بکوژی مانگا و به‌زێنه‌ری خۆر پێناسه کراوه (به نقل از
بیانگی، هه‌مان). " زه‌رده‌شت ئوستوره‌ی
کۆنی قوربانیی به‌قازانجی که له بنه‌ڕه‌تدا سه‌ر به ئێرانی پێش زه‌رده‌شت بوو –
کوشتنی مانگا به‌ده‌ستی میترا – به چه‌شنی کرده‌وه‌یه‌کی ناپاکانه له‌گه‌ڵ ئه‌نگره،
مینیۆ (ئه‌هریمه‌ن) گرێ دایه‌وه (بویس، 1381: 50).
هه‌ربۆیه زه‌رده‌شت، میترای
به ئه‌هریمه‌ن و دوژمنی یه‌که‌می ئه‌هوورامه‌زدا و ئاینی پاکی زه‌رده‌شت
ناساند. میترا که‌وتۆته به‌ر لۆمه‌ی پێغه‌مبه‌ریش (مولتون، 1387: 61 – 62).
" میهر له ئاینی زه‌رده‌شتدا، نوێنه‌ری ئه‌هریمه‌نه و ناوی شه‌یتانه له ئاینی
زه‌رده‌شتیدا." (هینلز، 1385: 128). شه‌یتانێک که بۆ ئاینی ئیسلام و یه‌هوود
و مه‌سیحیش گوازرایه‌وه (بهار، 1384: 421). که‌وایه، بنه‌مای دژبه‌ریی دوانەی زه‌رده‌شت
له هه‌مبه‌ر میترایه. که میترا له ئه‌هریمه‌ن و شه‌ڕه‌وه، له به‌رانبه‌ر ئه‌هوورامه‌زدا
و خێردا وێنا ده‌کرێت. دژبه‌ری دوانەیی ئه‌هوورا ئه‌هریمه‌ن که بنه‌ڕه‌تی ئاینی
زه‌رده‌شته له هه‌مبه‌ر ئایینی میترا پێکهات و ئه‌هوورامه‌زدا، نێردراوی زه‌رده‌شته
بۆ به‌ئه‌هریمه‌ن ناساندنی میترا. ئه‌هریمه‌نێک که له ئاینه ئیبراهیمییه‌کاندا
به شه‌یتان، و ئه‌هوورامه‌زدا به خودا و ئه‌ڵڵا ناوزه‌د کرا.