سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

راسپاردەكانی كۆنگرەی دامەزراندنی فێمێنیزمی رۆشنگەری

23/08/2017


كارە بنەڕەتییەكاتی فێمێنزمی رۆشنگەری
1- فێمێنیزمی رۆشنگەری كار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پیاوسالاری، لەرێگەی دروستكردنی هۆشیاری جێندەرییەوە، دەكات.
2- كاركردن لەسەر بنەبڕكردنی خوی سێكسیزم بەرامبەربە ژن‌و بەرەنگاربوونەوەی كلتوری دژە ژنانە لەرێگەی دروستكردنی ئاگایی لەلایەن هەردوو رەگەزەوە بۆ وەستانەوە بەرامبەر كلتوری سێكسیزم.
3- كاركردن لەسەر دونیابینییەكی ژنانەو فۆرمەلەكردنی لەرێگەی زمانێكی زانستییانەو سەردەمییانە، كە بتوانێت گوزارشت لەژن بكات.
4- كاركردن‌و دروستكردنی رەخنەی بنیاتنەر لەسەر بەرهەمهێنانی كلتوری هاوچەرخ‌و وشیاری كۆمەڵایەتی (دراماكان، فیلم، گۆرانی،  شانۆ، كۆی پرۆگرامی تەلەفزیۆنەكان) كە زمانی دژە ژن‌و منداڵ، خاڵی بكرێتەوە.
5- جەختكردنەوە لەسەر بەرنگاربوونەوەی رۆڵی نەرێنی راگەیاندن‌و ئەو تێگەیشتنە باو‌و  وێنا شێواوەی لەسەر ژن بەرهەمی دەهێنن.
6- فێمێنزیمی رۆشنگەری بەئەركی سەرەكی خۆی دەزانێت، كە هەردوو چەمك‌و فەلسەفەی فێمێنزم‌و رۆشنگەری بەكۆمەڵی كوردی ئاشنا بكات‌و لێرەوە هەنگاو هەڵگرێت بەرەو دروستكردنی كۆمەڵێكی رۆشنگەر لەسەر بنەمای هۆشیاری جێندەری.

راسپاردە رۆشنگەرییەكان
1- هۆشیاركردنەوەی ژنان بەماف‌و ئەركەكانی خۆیان‌و رۆڵی كاریگەرییان لەپێشكەوتنی كۆمەڵایەتیدا.
2- گەشەپێدانی هۆشیارییەكی ئەقڵانی مرۆڤدۆستانە، لای هەردوو رەگەز بەئامانجی بنیادنانی پەیوەندییەكی مرۆڤانە لەنێوان تاكەكانی كۆمەڵ.
3- بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی توندڕەوی ئاینی، كە سەرچاوەیەكی بەهێزی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ‌و بەكۆیلە هێشتنی ژنانە.
4- كردنەوەی ناوەندی رۆشنگەری‌و بازنەكانی هۆشیار كردنەوە بۆ بڵاوكردنەوەی بیری رۆشنگەری.

راسپاردەكانی پەروەردەو فێركردن
1- داڕشتنی فەلسەفەیەكی پەروەردەی هاوچەرخ لەسەر بنەمای زانست‌و ئەقڵانیەت‌و مرۆڤدۆستی بۆ كوردستان.
2- كاركردن لەگەڵ دامەزراوە ئەكادیمیەكان‌و سەنتەرەكانی توێژینەوە بەمەبەستی بەرهەمهێنانی توێژینەوەی تایبەت بەپرسی ژنان.
3- دورخستنەوەی باوەڕی ئاین‌و سیاسیەت لەداڕشتنی پرۆگرامەكانی خوێندن لەباخچەی ساوایانەوە بۆ زانكۆكان.
4- چالاككردنی بنكەكانی نەهێشتنی نەخوێندەواری‌و بەزۆرەملێكردنی خوێندن تا قۆناغی (9)ی بنەڕەتی.
5- پێداچوونەوە بەپرۆگرامی خوێندن لەپەروەردەو خوێندنی باڵا، كە پەیوەستن بەمافەكانی ژنان، بەجۆرێك كە گونجاو بێت لەگەڵ پرەنسیپی یەكسانی جێندەری.
6- هەمواركردنەوەی یاساكانی تایبەت بەوەزارەتی پەروەردە كە بۆتە هۆی بڵاوبونەوەی جیاكاری رەگەزی و بەربەست لەبەردەم ژناندا.

راسپاردە كۆمەڵایەتی‌و كلتورییەكان
1- كاركردن بۆ نەهێشتنی ئەو داب‌و نەریتە كۆن‌و باوانەی كە كاریگەری نەرێنیان لەسەر ژنان‌و كۆمەڵەیە.

راسپاردە ئابوری‌و داراییەكان
1- كۆمەككردن‌و دەستگیرۆیی ژنان لەرووی داراییەوە بۆ بەشداریكردنیان لەپرۆسەی بەرهەمهێنان‌و چالاكییە ئابورییەكاندا.
2- فشارخستنە سەر حكومەت‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دابینكردنی مافە داراییەكانی ژنان لەكەرتی تایبەتدا.
3- چەسپاندنی سیستمی سۆشیال تاوەكو ژن‌و پیاو ژیانیان لەسەر بنەمای ئابوری یەكسان بچەسپێت.
4-كاركردن بۆ سەربەخۆیی ئابوری ژنان لەرێگەی یاساكان‌و كاركردن بۆ دەرچونی یاسای هاوكاری كۆمەڵایەتی.
5-هەمواری یاساكانی تایبەت بەبازرگانیكردن‌و كۆمپانیاكان بۆ لابردنی بەربەستەكان لەبەردەم ژنان لەڕووی ئابوریەوە.

راسپاردە یاساییەكان:
1-هەمواركردنەوەو دەرچونی ئەو یاسایانەی دەبنە هۆی نەهێشتنی جیاكاری رەگەزی لەنێو یاساكاندا.
2-چەسپاندنی رێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی لەنێو یاساكان‌و رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان.
3-كاركردن بۆ رێگرتن لە تاك سەرچاوەی یاسادانان لەناو دەستوری هەرێمی كوردستان.
4-كاركردن بۆ رێگرتن لەخراپ بەكارهێنانی دین‌و رەنگدانەوەی لەعورفەكاندا كە بۆتە هۆی لێكدانەوەی خراپ بەكارهێنان لەیاساكاندا كە بۆتە رێگر لەبەردەم هەمواری یاساكاندا.
5-دەرچون‌و هەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی بۆتە رێگر لەبەردەم بەشداری سیاسی ژنان لەناوەندی بریار.
6-كاركردن بۆ چەسپاندنی مافەكانی ژنان لەرەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان، لەسەرجەم مافە مەدەنی‌و سیاسی‌و ئابوری‌و كۆمەڵایەتی‌و یاساییەكاندا.
7-كاركردن بۆ دەرچونی یاسای نەهێشتنی بازرگانی كردن بەمرۆڤەوە بۆ رێگرتن لەبازرگانیكردن بەژنان لەهەمو كاتێكدا بەتایبەتی لەكاتی جەنگ‌و شەڕی تیرۆریستان.


ئەنجومەنی رابەرایەتی  فێمێنیزمی رۆشنگەری
      24 ی ئایاری 2017 - سلێمانی

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.