پێرێ 12/8/2017، مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری گشتیی پلاتفۆرمی دابڕان، لەگەڵ ژنانی بزوتنەوەی فێمێنیزمی رۆشنگەری كۆبۆوەو تێیدا چەند بڕیارێكی گرنگ لە بارەی ئەركە نوێیەكانی فێمێنیستی رۆشنگەریو دەستپێكردنی چالاكییەكانیانەوە درا. لەوانە بڕیار درا، هاوكات لەگەڵ گۆڤاری دابڕانو دابڕانی زانستی گۆڤارێكیش بە ناوی دابڕانی فێمێنیستی دەربكرێت. هەروەك لە كۆبونەوەكەدا رێبەرایەتی كارای فێمێنیستی رۆشنگەری دەستنیشان كرا. لایخۆشیەوە مەلا بەختیار كۆبونەوەكەی بە كۆبونەوەیەكی مێژویی وەسف كردو داوای لە هاوبیرانی ئامادەبوو كرد، لەدوای ئەم كۆبونەوەیەوە بچنە سەر شادەماری كارەكانیان، لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەكانی فێمێنیزمی رۆشنگەری كە خۆی لە گۆڕینی عەقڵی باوكسالاریو نەریتگەراییو سەلەفیەتدا دەبینێتەوە.
ئامانجەكانی فێمێنیزمی رۆشنگەری
لەسەرەتای كۆبونەوەكە، مەلا بەختیار، وتەیەكی پێشكەشكرد، كە تێیدا ئەركو ئامانجەكانی فێمێنیزمی رۆشنگەری بۆ ئامادەبوانی كۆبونەكە رونكردەوەو ئاماژەی بەوە كرد، كە پلەو پایەو هەندێ شتی لاوەكی لەناو بزوتنەوەی فێمێنیستی رۆشنگەری، نابنە هۆی گۆڕانكاری، بەڵكو گۆڕانكاری لە ناو كۆمەڵی كوردەواریدا بە گۆڕینی عەقڵەكان دێتەدی، بە گۆڕینی نەریتی باوكسالاریو سەلەفیەت دێـتەدی. ئەوەی ئەمانەش دەگۆڕێت دیاریكردنی ئامانجەكانی فێمێنیزمی رۆشنگەرییە، نەك خۆ خەریككردن بە هەندێ شتی لاوەكی وەكو پلەوپایەوە. بۆیە ئیتر دەبێت لە دوای ئەم كۆبونەوەیەوە بێنە سەر شادەماری ئەركەكانتانو ئێمەش بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانتان لەگەڵتانین.
پڕوپاگەندەی عەقڵە سەلەفییەكان
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا، مەلا بەختیار باسی لەو پروپاگەندەو دژایەتیانە كرد، كە لە لایەن حزبە ئیسلامگەراكانو عەقڵە سەلەفییەكانی ناو حزبەكانی دیكەش بەرامبەر بە پلاتفۆرمی دابڕانو فێمێنیزمی رۆشنگەری دەكرێن. لەوبارەیەوە رایگەیاند، شتێكی ئاساییە كە حزبە ئیسلامگەراكانو سەلەفیەكان دژایەتی ئێمە بكەن، چونكە هەموو باوكسالارییەك بۆ عەقڵی سەلەفی دەگەڕێتەوە، بۆیە ئاساییە كە ئیسلامگەراكان دژایەتیمان بكەن. هەرچی لە بارەی ئەو پروپاگەندانەشەوەیە كە گوایە پلاتفۆرمی دابڕانو فێمێنیزمی رۆشنگەری، دامەزراندنی حزبە، ئەوە سەرتاپا درۆیەو لە ناو عەقڵی سەلەفی هەندێ لە حزبەكانی كوردستانەوەیە هۆكارەكەشی بۆ مەرامی بەرژەوەندیو كێشەی ناوخۆییو شەخسی دەگەڕێتەوە. هەر بۆیە پێویستە ئێمە بەرگەی ئەم دژایەتیو پڕوپاگەندانە بگرینو دورمان نەخەنەوە لە ئامانجەكانمان.
كاركردن لە كۆمەڵێكی دواكەتودا
مەلا بەختیار، راشیگەیاند، ئەركەكانی فێمێنیزمی رۆشنگەری لە سەرەتاوە قورسن، چونكە ئێمە كار لەسەر كۆمەڵێكی دواكەوتو دەكەین، كار لەسەر كۆمەڵێكدا دەكەین كە فەلسەفەو فەیلەسوفی تێدانەبووە، كار لەسەر كۆمەڵێكدا دەكەین، كە تاوەكو ئێستاش 60% بۆ 65%ی ژنانی كورد نەخوێندەوارن، كۆمەڵێك كە هێشتا لە ناو خێزاندا باوكسالاری زاڵە، كۆمەڵێك كە هێندەی وەلائیان بۆ سەركردەو حزبەكان هەیە، هێندە وەلائیان بۆ دیموكراسی نییە، بۆیە هێنانەدی ئامانجەكانمان لە ناو ئەم كۆمەڵەدا ئاسان نییەو دەبێت پشو درێژ بین.
ناوبراو، باسی لەوەش كرد، ئەوەی وایكردوە پشتگیری پلاتفۆرمی دابڕانو فێمێنیزمی رۆشنگەری بكات، تەنیا بیروباوەڕەو لە بنەماوە باوەڕی پێیەتی، ئەمانە هەمو بۆ گۆڕانكاری لە كۆمەڵی كوردەواریدا گرنگن، لەو رێگەیەوە دەتوانین لە بنەماوە كۆمەڵی كوردەواری بگۆڕین، چونكە ئەگەر ئەم ئامانجە رۆشنگەرییانە نەبن، بە سیاسەتو دەسەڵات مەحاڵە گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی دروستببن.
هێزی نەرمو گۆڕانكارییە خێراكان
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا، مەلا بەختیار تیشكی خستە سەر پێشكەوتنە خێراكانی جیهانگیریو كاریگەرییەكانی لەسەر خێراكردنی گۆڕانكارییەكانی جیهان. لەوبارەیەشەوە رایگەیاند، كە هەمو ئەم پێشكەوتنە تەكنەلۆژیانەی جیهانگیری، رۆچونی كولتوری سۆشیال میدیا، وا دەكات وەرچەرخانی زۆر گەورە لە جیهانو بەتایبەت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتدا بێنەكایەوە، ئەمانەش لە قازانجی ئەو فەلسەفە رۆشنگەریەدایە، كە ئێمە لە پلاتفۆرمی دابڕانو فێمێنیزمی رۆشنگەری لەپێناویدا خەبات دەكەین. وتیشی "ئێمە لە پلاتفۆرمی دابڕانو فێمێنیستی رۆشنگەری باوەڕمان وایە كە ئامانجەكانمان لە رێگەی "هێزی نەرم" بەدیدەهێنین، چونكە ئێمە باوەڕمان بە "هێزی رەق" نییەو خاوەنی چەكو تانكو تۆپ نین، ئێمە كار لەسەر گۆڕینی عەقڵەكانو گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتییەكان دەكەین، لەمەشدا پەلەپەل ناكەین، بەڵام كەمتەرخەمیش لە ئەركەكانماندا ناكەین".
بڕیارەكانی كۆبونەوەكە
دوا بەدوای وتەكەی مەلا بەختیار، دەرگای گفتوگۆ لەسەر كارو چالاكییەكانو هەیكەلی فێمێنیزمی رۆشنگەری كرایەوەو، هاوبیرانی كۆبونەوەكە بیروبۆچونی خۆیان لەسەر تەوەرەكانی كۆبونەوەكەو چۆنێتی راپەڕاندنی ئەركەكانیان دەربڕی. لەسەرئەنجامیشدا چەند بڕیارێك دران كە ئەوانیش بریتین لە:
-دامەزراندنی رابەرایەتیی كارای فێمێنیستی رۆشنگەری، كە لە 5 بۆ 7 ئەندام پێكدێتو سەرپەرشتی سەرجەم كارو چالاكییەكانی فێمێنیزمی رۆشنگەری دەكەن. هەروەك ئەندامەكانیش بەپێی ناوچەی جوگرافی دانران.
-بڕیاری دەركردنی گۆڤارێكی تایبەت بە فێمێنیزمی رۆشنگەری درا بەناوی "دابڕانی فێمێنیست" كە هاوكات لەگەڵ هەردو گۆڤاری دابڕانو دابڕانی زانستیدا بڵاودەكرێتەوە.
-بڕیاردرا بەشێكی تایبەت لە ناو سایتی دابڕان، بۆ فێمێنیزمی رۆشنگەری بكرێتەوە، كە بابەتەكانی تایبەت بە جێندەرو فێمێنیستو چالاكییەكانی فێمێنیستی رۆشنگەری تێدا بڵاوبكرێتەوە.
-بڕیاردرا چالاكیو كۆبونەوەو سیمینارەكانی فێمێنیزمی رۆشنگەریی لە شارو شارۆچكەكانی كوردستاندا چڕبكرێنەوەو بە شێوازی گروپیش ئەركەكانیان دابەشكرا.