هادی محەمەدی
له‌مێژ ساڵ بوو تامه‌زرۆی رێباز و ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شت بووم؛ ئه‌م حه‌زه هه‌م له شعری "کرماشان" دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، هه‌م ساڵانێک له‌ودیو، له رۆژهه‌ڵات، ناوی نهێنی "زه‌رده‌شت"م بۆ خۆم هه‌ڵبژاردبوو، چه‌ند به‌رهه‌مێکم هه‌ر به‌م ناوه‌وه له میدیاکانی ده‌ره‌وه بڵاو کرده‌وه، تا دوایی کاتێ که گیرام، گرنگترین شت که سیستمی ئه‌منی به دوایدا ئه‌گه‌ڕا، ئه‌وه بوو که زه‌رده‌شت کێیه؟[1]
حه‌ز و خولیای ناسینی فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شت، به زه‌رده‌شتی نیچه ده‌ستی پێ‌کرد و به ئاڤێستای ئیبراهیم پورداود و جه‌لیل دوستخواه گه‌یشت، به‌ڵام منی تینوو هێشتا له سه‌رچاوه‌ی زوڵاڵی بیری زه‌رده‌شت تێر نه‌ده‌بووم. تا ئه‌وه که ئه‌مساڵ کتێبی تۆژینه‌وه‌ی گاتاکانی دکتۆر خسره‌و خه‌زاعی م دیته‌وه. کاتێ ئه‌م کتێبه‌م خوێنده‌وه، هه‌م مێتۆدی تۆژینه‌وه و هه‌م زمانی شیرین و پاراوی نووسه‌ر وایان لێکردم که بیکه‌م به کوردی. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و به‌تایبه‌ت بۆ روونکردنه‌وه‌ی ناسنامه و زمانی زه‌رده‌شت، هه‌م کتێبخانه‌کان و هه‌م دنیای مه‌جازیم پشکنی تا توانیم به پشتبه‌ستن به گه‌لێ به‌ڵگه‌ی مێژوویی جوغرافی، فولکلۆریک و زمانناسانه دڵنیا بم که زمانی گاتاکانی زه‌رده‌شت، کۆڵه‌که و پشتخانی زمان و کولتوری کوردی پێکدێنێ.
ناسینی بیر و فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شت و به‌تایبه‌ت گاتاکانی زه‌رده‌شت بۆ نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ستی کورد، گرنگی بنه‌ڕه‌تی و چاره‌نووسسازی هه‌یه. چونکه چ بمانه‌وێ یان نه‌مانه‌و‌ێ زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی زۆڵاڵی زه‌رده‌شت و بیری زه‌رده‌شت به‌جۆرێک له زمان و کولتور و گیانی کوردی دا تێکه‌ڵ بووه که توێژه‌رانی وشیار هه‌ست به‌م راستییه ده‌که‌ن که نه‌ته‌وه‌ی کورد و وڵاتی کوردستان، خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی بیر و فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شتن. به‌داخه‌وه زۆربه‌ی زه‌رده‌شتناسان هه‌تا ئێستا یان به‌هۆی ناشاره‌زایی، یان به‌هۆی بیرته‌سکی شئۆنیستی، زێد و زمانی زه‌رده‌شتیان نه‌ناسیوه، یان چه‌واشه‌یان کردووه و له کوردستانه‌وه بردوویانه بۆ ئه‌فغانستان. ئه‌م کاره‌ش له پێش هه‌موو شتێک دا غه‌دره له بیری زه‌رده‌شت، چونکه زه‌رده‌شت له سه‌رتاسه‌ری گاتاکان دا، درۆ و فریوکاری به دزێوترین شت ده‌زانێ و به‌رده‌وام دژایه‌تی ده‌کا و ته‌نیا راستی به رێگه‌ی رزگاری مرۆڤ ده‌زانێ.
ناو و زێد و زمانی زه‌رده‌شت
تا ئێستا زۆربه‌ی زه‌رده‌شتناسانی ئێرانی و رۆژاوایی ته‌نانه‌ت له‌مه‌ڕ ناوی "زه‌رده‌شت" تووشی هه‌ڵه بووگن و ده‌ڵێن وشه‌ی زه‌رده‌شت یانی "خاوه‌نی حوشتری زه‌رد". به‌ڵام ده‌وڵتشاهی توێژه‌ری وردبین و شاره‌زای کورد بەمجۆرە ناوی زه‌رده‌شت راڤه ده‌کات: "وشه‌ی (زه‌ره‌تاوشه‌ترا Zarathushatra) له زمانی هه‌ورامی دا یانی "مرۆڤێک که وه‌ک تیشکی خۆر ئه‌دره‌وشێ و ئه‌بارێ". مانای زه‌ره‌تاوشه‌ترا له زاری هه‌ورامی دا به‌مجۆره‌یه: (زه‌ره zara) یانی وه‌ک تیشکی زێڕینی خۆر، (تاو tav) یانی دره‌وشان، تیشکهاویشتن؛ (شه‌ته‌را shatara) یانی بارین؛ (ئا a) یانی هاتووی، دێی. ده‌وڵه‌تشاهی هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "زه‌ره‌تاوش" یانی که‌سێک که زێڕ و ئاڵتوون ده‌سازێ؛ زێڕینگه‌ر. یانی که‌سێک که گیانی مرۆڤه‌کان له ژه‌نگ و ژار ده‌پارێزێ و وه‌کوو زێڕ خاراو و پوخته‌یان ده‌کات. [کوههای ناشناخته اوستا، ل 160].
ناوی "زه‌ره‌تاوشه‌ترا" به‌شێنه‌یی و به تێپه‌ڕینی کات سوا و گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و له زمانی کوردی دا بوو به "زه‌رده‌شت" و له زمانی فارسیش دا بوو به "زرتشت". له‌مه‌ڕ زێدی زه‌رده‌شت گرووپێک پێیانوایه که زه‌رده‌شت له رۆژاوای ئێران له دایک بووه و گرووپێکی تر ده‌ڵێن له رۆژهه‌ڵاتی ئێران [یانی هه‌ر له‌و شوێنه که ئایینی زه‌رده‌شت له‌ودا په‌ره‌ی سه‌ند] له‌دایک بووه. گرووپێک ده‌ڵێن له که‌ناری ده‌ریای "چیچه‌ست" (ورمێ) له‌دایک بووه و، گرووپێکی تر ده‌ڵێن له شاری کۆنی "راگە" [یان ره‌ی] چاوی به جیهان پشکووتووه و پاشان که گه‌وره بووه به‌ره‌و رۆژهه‌ڵاتی ئێران کۆچی کردووه.
جه‌لیل دوستخواه ده‌ڵێ: تا ئێستا به‌ڵگه و ئارگومێنتی زمانناسانه‌ش نه‌یانتوانیوه ئه‌م ته‌م و مژه بڕه‌وێنن که زه‌رده‌شت خه‌ڵکی کوێ یه و به کام زمان دواوه. ئه‌گه‌ر زمانی گاتاکان به یه‌کێ له زمانه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ئێران بزانین، دیسان ناتوانین وڵامی ئه‌م پرسه بده‌ینه‌وه که: ئایا ئه‌م زمانه زمانی دایکی زه‌رده‌شت بووه، یان زه‌رده‌شت پاش کۆچکردنی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌م زمانه، وه‌ک زمانی ئه‌ده‌بی و ره‌سمی ئه‌و ده‌ڤه‌ره به‌ره‌وڕوو بووه و سرووده‌کانی خۆی پێ نووسیوه؟ که‌وابوو به‌ناچار ده‌بێ له باسکردن له‌مه‌ڕ زێدی زه‌رده‌شت خۆ ببوێرین و ئاکامی تۆژینه‌وه‌ی زۆربه‌ی ئاڤێستاناسان که ده‌ڵێن بانگه‌وازی زه‌رده‌شت له رۆژهه‌ڵاتی ئێران دا په‌ره‌ی سه‌ندووه قه‌بوڵ بکه‌ین و بێژین که: زه‌رده‌شت کۆنترین بیرمه‌ند و دادگه‌ر و شاعیری ئێرانی له شوێنێک له ئێران دا چاوی به جیهان پشکووت و له رۆژهه‌ڵاتی ئێران په‌یام و دینی خۆی ئاشکرا کرد." [اوستا، د. جلیل دوستخواه، مقدمه].
ئیبراهیم پورداوود، راڤیاری گاتاکان و مامۆستای زه‌رده‌شتناسانی ئێرانی، له‌مه‌ڕ زێد و نیشتیمانی زه‌رده‌شت ده‌نووسێ: "پێشتر رۆژهه‌ڵاتناسان شاری به‌ڵخ، شارێکی ئه‌فغانستانی ئێستایان، به زێدی زه‌رده‌شت ده‌زانی، به‌ڵام ئه‌مڕۆ به‌گشتی له‌سه‌ر ئه‌و ڕوانگه‌یه کۆکن که زه‌رده‌شت له رۆژاوای ئێران له‌دایک بووه. له ئازه‌ربایجان له‌و شوێنه که ئه‌مڕۆ به ته‌ختی سلێمان ده‌ناسرێت و ئاته‌شگه‌ی به‌ناوبانگی ئازه‌رگۆشئه‌سپ و مه‌زار و په‌رسگه‌یه‌کی پێرۆزی لێ هه‌ڵکه‌وتووه. یاقوت حموی له‌مه‌ڕ ئازه‌رگۆشئه‌سپ ده‌ڵێ: له‌نێوان مه‌راغه و زه‌نجان، له نزیک شاره‌زوور و دینه‌وه‌ر دایه. زۆربه‌ی مێژوونووسانی ئێرانی و عه‌ره‌ب هه‌ر له ئیبن خردادبێه و مه‌سعودی و یاقوت حه‌مه‌وی و قه‌زوینی و حه‌مزه ا‌سفهانی له‌سه‌ر ئه‌م روانگه‌یه کۆکن که زه‌رده‌شت له ئازه‌ربایجان و له که‌ناری ده‌ریای ورمێ له‌دایک بووه و باسی پله و پێگه‌ی پیرۆزی ئازه‌رگۆش ئه‌سپ یان کردووه. پورداود ده‌ڵێ: "ده‌توانین بێژین که زه‌رده‌شت له رۆژاوای ئێران له دایک بووه و هیچ فڕی به جنووبی ئێرانه‌وه نییه و بڕوا به رۆژهه‌ڵاتی ئێرانیش وه‌ک زێدی زه‌رده‌شت ئه‌مڕۆ له‌بره‌و که‌وتووه و ئیتر که‌س لایه‌نگری لێ ناکات". [گاتها، سروده‌های زرتشت، شرح و پێشگفتار ابراهیم پورداوود].
وه‌ک ده‌بینین پورداود له شاگرده‌که‌ی، یانی جه‌لیل دوستخواه واقعبینتره و ناڕاسته‌وخۆ دان به‌م راستییه‌دا ده‌نێ که زێدی زه‌رده‌شت کوردستان بووه.
کاتێ له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م دا ره‌زاشا له ئێران ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی مۆدێرنی ئێرانی دامه‌زراند. ئێرانی مۆدێرن به‌پێی یه‌ک زمان، یه‌ک نه‌ته‌وه بوو. ئه‌مه‌ش بریتی بوو له زمان و نه‌ته‌وه‌ی فارس. هەر ئەوکات زۆرێک له نووسه‌ران و رۆشنبیران بۆ ساغکردنه‌وه‌ی کولتور و ناسنامه‌ی خۆیان گه‌ڕانه‌وه بۆ ئایین و فه‌رهه‌نگ و ئه‌فسانه‌کانی ئێرانی له‌مێژین. له‌م ناوه‌دا ئیبراهیم پورداود یه‌کێ له توێژه‌ران و پسپۆڕانی ئێرانی بوو که ده‌ستی دایه شه‌رح و را‌ڤه‌کردنی کتێبی ئا‌ڤێستا و گاتاکان. یانی وه‌رگێرانی ده‌قی ئاڤێستایی بۆ زمانی فارسی. پورداوود ئه‌گه‌رچی له‌نێو رۆشنبیرانی فارس دا رێز و پرستیژێکی تایبه‌تی هه‌یه، به‌ڵام هه‌م به‌هۆی ناشاره‌زایی له خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی ئاڤیستادا، هه‌م به‌هۆی ده‌مارگرژی شئۆنیستی، زۆر که‌م و کووڕی به کاره‌کانییه‌وه ده‌بینرێ. وه‌ک ده‌وڵه‌تشاهی دبێژێ ئه‌گه‌ر وه‌رگێڕی ئا‌ڤێستا زمانی کوردی، به‌تایبه‌ت زاراوه‌ی هه‌ورامی نه‌زانێ، ناتوانێ به باشی له ده‌قی ئا‌ڤێستا تێبگات. پورداود چەندین بەشی ئەڤێستای وەرنەگێڕاوە. بۆ وێنە له وه‌رگێڕانی فه‌روه‌ردین یه‌شت دا، به‌ندی چوار تا هه‌شت وه‌رناگێڕێت!
ئیسمایل بێشکچی، نووسه‌ری بوێری تورک، له وته‌یه‌ک دا ده‌ڵێ: سه‌رتاسه‌ری فه‌رهه‌نگ و ژیاری هه‌ر سێ نه‌ته‌وه‌ی فارس و تورک و عه‌ره‌ب، به‌پێی درۆ و فریو داڕێژراوه، بۆچی؟ بۆوه‌ی که حاشایان له رۆڵی مێژوویی نه‌ته‌وه‌ی کورد کردووه. عمادالدین ده‌وڵه‌تشاهی، توێژه‌ر و وه‌رگێڕی بوێری کوردی کرماشانی به وه‌رگێڕانی زامیاد یه‌شت و فه‌روه‌ردین یه‌شت باشترین خزمه‌تی له‌پێش دا به روونبوونه‌وه‌ی راستییه‌کان و، پاشان به زمان و کولتور و ناسنامه‌ی کورد کردووه. ده‌وڵه‌تشاهی له پێشه‌کی کتێبه‌که‌ی دا ده‌ڵێ: "یه‌که‌م جار له شیراز کتێبێکی یه‌شته‌کانی پورداوودم بینی و زمانی وه‌رگێڕانی فارسی و ده‌قی ئەڤێستام پێکه‌وه به‌راورد کرد. بینیم وه‌رگێڕانه‌که له‌گه‌ڵ ده‌قی سه‌رچاوه‌دا نایه‌ته‌وه. بۆیه بڕیارم دا که بچم زمانی ئاڤێستایی به باشی فێر ببم و بزانم چ باسه. به‌کورتی پاش فێر بوونی زمانی ئاڤێستایی، هه‌موو ناوچه‌کانی کوردستان، هه‌ر چوار پارچه، گه‌ڕام و هه‌موو زاراوه‌کانی زمانی کوردیم له نزیکه‌وه بیست و ئه‌وجار ده‌ستم کرد به تۆژینه‌وه و وه‌رگێڕانی فه‌روه‌ردین یه‌شت، هه‌م به فارسی و هه‌م به کوردی".
کاتێ وه‌رگێڕانی فه‌روه‌ردین یه‌شتی ده‌وڵه‌تشاهی و پورداود پێکه‌وه به‌راورد ئه‌که‌ین، ئه‌بینین که پورداوود به‌ندی چوار تا هه‌شتی فه‌روه‌ردین یه‌شت ته‌رجمه ناکات. [هەروەها جه‌لیل دوستخواه به‌ندی چوار تا هه‌شتی ته‌رجمه نه‌کردووه]. بە کورتی وەرگێڕانی دەوڵەتشایی و پورداود هێندە لێک دوورن دەڵێی بەرهەمی دوو دەقی جیاوازن. به‌ڕای من هۆکاری سه‌رکه‌وتنی ده‌وڵه‌تشاهی له‌م سێ شته دایه: یه‌که‌م زمانی کوردی ده‌زانێ، دووهه‌م، کەم تا زۆر لە زمانی ئاڤێستایی ده‌زانێ، سێهه‌م، خه‌ڵکی کرماشانه و شاره‌زای کێو و شاخ و چۆم و رووبار و ناوچه‌کانی کرماشان و کوردستان و هه‌مه‌دانه. له‌مه‌ڕ گرنگی زمانی کوردی بۆ وه‌رگێڕان و توێژینه‌وه‌ی ئا‌ڤێستا، ده‌وڵه‌تشاهی به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێ که ئا‌ڤێستا به زمانی کۆنی کوردی نووسراوه، بۆ نموونه هه‌موو یه‌شته‌کانی ئا‌ڤێستا به‌م دێڕه ده‌ست پێده‌که‌ن: "په‌نامەم ئه‌و یه‌زدانه‌ن تا ئه‌وه زایات". یانی: په‌نام وه ئه‌و یه‌زدانه که تۆی زاوه، که تۆی به‌دیهێناوه. [کوههای ناشناخته، ل 20].
ئە‌ڵبەت پورداوود، دوستخواه و زۆرێک لە نووسەرانی ئێرانی بەئەنقەست هەندێ بەشی ئەڤێستا وەرناگێڕن، یان بە نادروست وەریدەگێڕن. هۆکاری ئەم کارەش رۆشنه. چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌وان شوێنی جوغرافیایی دەڤەرەکان و مانای دروستی وشەکان بەدروستی روون بکه‌نه‌وه، شیرازه‌ی ئەفسانەی درۆیین و ئایدێنتیتی پانفارسیزم هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه. بۆ وێنە ئه‌حمه‌د شاملوو ساڵی 1990 له زانکۆی بێرکلی له ئه‌مریکا له بابه‌تێک دا که باسی به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی داریوشی هه‌خامه‌نشی و تێکشکانی شۆڕشی گەئۆمات ده‌کات، هەندێ لە راستییه‌کانی روون دەکاته‌وه و چه‌واشه‌کاری فیرده‌وسی ئاشکرا دەکات[2]؛ هه‌ر ئه‌وکات شاملووی مه‌زن له‌گه‌ڵ تۆفانی جنێو و هێرشی شئۆنیستانی دۆگم به‌ره‌وڕوو دەبێت... به‌ڵام پوورداوود و دوستخواه و کەسانی تر وه‌کشاملو نین، که هێنده بوێر بن که راستییەکان ئاشکرا بکه‌ن.
ئەم جۆرە کەسانە له پله‌ی یه‌که‌م دا غه‌در راستییەکان دەکەن و، له پله‌ی دووهه‌م دا، خه‌سڵه‌تی هه‌قخوازی و راستبێژی خۆیان وه‌ک توێژه‌ری پسپۆڕ و شاره‌زا دەخەنه ژێر پرسیار! ده‌وڵه‌تشاهی پێی وایە که شاخ و کێوه‌کانی زاگرۆس و کوردستان، کێوه نه‌ناسروه‌کانی ئا‌ڤێستا پێکدێنن. ئه‌و ده‌ڵێ زه‌رده‌شت له ته‌نیشت ده‌ریای ئاورامیه و له‌نێو هه‌ورامیه‌کان له دایک بووه، دواتر له‌وێوه به‌ره‌و ئاوشینده‌ره/ ئاویه‌ر رۆشتووه، پاشان به‌ره‌و دیناوه‌ر/ دینه‌وه‌ر رۆشتووه و لێره‌دا به یارمه‌تی که‌ی ڤێشتاسپ په‌ره‌ی به دینی خۆی داوه. ئەی که‌ی ڤێشتاسپ کێیه؟ که‌ی ڤێشتاسپ دواین پادشای ده‌سه‌ڵاتی کەیانییه‌کان بووه. ده‌سه‌ڵاتی کیانی به‌هۆی که‌ی قوباد دامه‌زراوه، هه‌روه‌ها که‌یکاوس که نه‌به‌ردی رۆسته‌م و زۆراب له سه‌رده‌می ئه‌ودا رووی داوه، پادشایه‌کی تری کەیانییه... توێژینه‌وه‌که‌ی ده‌وڵه‌تشاهی کارێکی گرنگه که ده‌توانێ زۆر تۆژینه‌وه‌ی تر به‌دوای خۆی دا بهێنێ و راستییه‌کانی مێژووی کورد و مێژووی گه‌لانی تری ناوچه‌که رۆشن بکاته‌وه.