هادی محەمەدی
سیستمی فه‌لسه‌فی زه‌رده‌شت چۆن کار ده‌کات؟
ئه‌هورا/ ahoora: تێرمی "ئه‌هورا" له ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شت دا رۆڵی بنه‌ڕه‌تی ده‌گێڕێ و وه‌ک مه‌زنترین هێزی به‌دیهێنه‌ر و به‌ره‌وپێشبه‌ر ده‌ناسرێ.[3] ئه‌مشاسپه‌نته/ amesha spenta: ئه‌مشاسپه‌نتان، یانی شه‌ش گزنگی پاک و پیرۆز و نه‌مر. ئه‌مشاسپه‌نتان بریتین له شه‌ش گزنگ/فریشته که جیهانی سروشت و جیهانی مینوویی ده‌پارێزن. سپه‌نته‌مینو یان ئه‌هورا مه‌زدا له به‌رزترین پله و له‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م شه‌ش گزنگه دایه. پاشان ئه‌م شه‌ش گرنگه‌ی خواره‌وه دێن:
ئه‌شا/asha: به مانای راستی، به‌مانای ره‌وت و ریتم و هارمۆنی گه‌ردوونی و جیهانی، هێزێک که جیهان به‌ره‌و پێش ده‌بات، هێزێک که دۆخی جیهان سامان ده‌دات. به‌پێی جیهانبینی زه‌رده‌شت، هاوکات له‌گه‌ڵ به‌دیهاتنی جیهان، ئه‌شا به‌دیهاتووه. کاری ئه‌شا بریتییه له بزاڤ و بزواندن و گه‌شه و پێشبردنی جیهان. تێرمی ئه‌شا له‌گه‌ڵ رۆحی جیهانی ئه‌فلاتوون و رۆحی سه‌رده‌می هێگل به‌راورد بکه. پورداود له‌مه‌ڕ دوو وشه‌ی گاتایی "ئه‌شا" و "ئه‌شو" دبێژێ: "ئه‌شا به مانای راستی و دروستی و یاسای یه‌زدانی و ئه‌خلاقی پاکه. هه‌روه‌ها ئه‌شو له وشه‌ی "ئه‌شاوه‌نت"سه‌رچاوه ده‌گرێت، یانی مرۆڤێک که راستی و دروستی پێره‌و ده‌کات: راستکردار". چه‌ندین وشه‌ی وه‌کوو: ئه‌شێ، بشێ، ئه‌شیا، مه‌شیا، شیاو، شایان، لێوه‌شاوه و ...، چ له‌باری فۆنه‌تیک و چ له‌باری ماناوه له دوو وشه‌ی ئه‌شا و ئه‌شوو نزیکن و هه‌موویان خاوه‌ن مانای باش و پۆزه‌تیڤن.
ڤه‌هومه‌نا/ vahumana: ئه‌م ده‌سته‌وشه‌یه له دوو وشه‌ی "ڤه‌هو" به مانای باش، پاک، چاک، و "مه‌نا" به مانای ئه‌ندێشه، ده‌روون، مه‌به‌ست پێکدێت. پێکه‌وه ده‌بێته ئه‌ندێشه‌ی پاک/ده‌روونی پاک. به‌گشتی مانای ئه‌م چه‌مکه ده‌بێته به‌رزترین و باڵاترین ئه‌ندێشه که سروشت و گه‌وهه‌ری ئه‌قڵی جیهانساز پێکدێنێ. [له‌گه‌ڵ تێرمی فۆرمی ئه‌قڵانی/ سوره‌ت مه‌عقول هگل به‌راوردی بکه]. ئه‌م وشه‌یه له زمانی فارسی ئێستادا بۆته به‌همن، هومه‌ن، له کوردیش دا هێمن و وهمە‌ن.
خشه‌ترا/khshatra: وشه‌ی خشه‌ترا به‌مانای وزه و توانا، شار و شا دێت؛ هه‌روه‌ها راڤیاران چه‌ندین مانای تریان لێ هه‌ڵێنجاوه: زاڵبوون به‌سه‌رخۆدا، ده‌سه‌ڵاتی خودایی، وزه و توانای مرۆڤ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ندێشه، هێزی ئیراده و کۆشش، وڵاتی ئه‌هورایی، هه‌روه‌ها به‌مانای هێزی سه‌روه‌ری و سازگاری... ڤه‌هومه‌نا/ئه‌ندێشه‌ی پاک ئه‌گه‌ر له مێشکی مرۆڤ دا بمێنێته‌وه ده‌ڕزێت و ده‌فه‌وتێ، که‌وابوو تا کارا نه‌بێ و به‌کار نه‌برێ ناپشکۆێ. خشه‌ترا چونکه له‌گه‌ڵ ئه‌ندێشه‌ی پاک له پێوه‌ندی دایه، که‌وابوو بریتییه له کارێک که ڤه‌هومه‌نا ئاشکرا و پراکتیزه ده‌کا. به‌پێی ئه‌م وتانه، خشه‌ترا کردارێکه که به‌پێی ڤه‌هومه‌نا پێکهاتووه، که‌وابوو ده‌بێته کرداری پاک. هه‌ندێ له وه‌رگێڕان له‌جیاتی کرداری پاک، چه‌ندین چه‌مکی وه‌ک خزمه‌ت به خه‌ڵک، هه‌وڵدان بۆ گه‌شه و ئاوه‌دانی و ... به‌کار دێنن. خشه‌ترا له ئاڤێستادا، ناوی سێهه‌مین ئه‌مشاسپه‌نته که له زمانی په‌هله‌وی دا بۆته خشه‌ڎریڤه‌ر و له فارسی دا بووته شه‌هریوه‌ر. خشه‌ڎرا له ئاڤێستادا هێمای فه‌ڕ و شکۆ و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌هورا مه‌زدایه. هه‌روه‌ها خشه‌ڎرا له زمانی کوردی ئێستا دا بۆته شا، شار.
ئارمه‌یتی/ armatii: له گاتاکان دا به‌مانای ئارامی، مێهره‌بانی، هێمنی، خۆڕاگری به‌کار هاتووه. ئارمه‌یتی یانی جۆرێک ئارامی مادی و مینوویی که له راستی هه‌وێن ده‌گرێ، ئارمه‌یتی یانی دڵئارامی، ده‌روونی ئارام. پوخته‌ی دیدگا و جیهانبینی زه‌رده‌شت ئه‌مه‌یه که ئه‌گه‌ر مرۆڤ به‌شێوه‌ی به‌رده‌وام خاون ئه‌ندێشه‌ی پاک بێ و ئه‌م ئه‌ندێشه‌یه به کرداری پاک بنه‌خشێنێ، ئه‌وجار ده‌توانێ به ئارامی ده‌روونی/دڵئارامی بگات و به‌ره‌و پوخته‌یی و ژیانی جاویدان بڕوات. ئارمه‌یتی ئاکامی ده‌سه‌ڵاتی "ئه‌شا"یه به‌سه‌ر جیهان دا. ئارمه‌یتی له ئاڤێستادا پارێزه‌ری زه‌مینه و چوارمین ئه‌مشاسپه‌نته، له مێژووی مه‌زدایی دا دوانزه‌هه‌مین مانگی ساڵ به ناوی سپه‌نته ئارمه‌یتی ناو نراوه و پێنجمین رۆژی ره‌شه‌مه به رۆژی جێژن ناسراوه. [له‌بیرم دێ ساڵانێک پێش ئێستا له ناوچه‌ی خۆمان ئێواره‌ی پێنجمین رۆژی ره‌شه‌مه ئاگرمان ده‌کرده‌وه و ده‌مانکرد به ئاهه‌نگ و شادی، پیره‌کان ده‌یانوت: له‌م رۆژادا نه‌ورۆزی کوردی ده‌ست پێده‌کات].
هروتات/ haurvtat: به‌مانای پوخته‌یی و پێگه‌یشتوویی، هه‌روه‌ها به مانای خۆناسین، خاراوبوون و ته‌ندروستی. له گاتاکان دا هروتات بریتییه له گزنگێکی ئه‌هورایی که به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ئه‌مرتات دێت. ئه‌م وشه‌یه له زمانی فارسی دا بۆته خورداد به‌مانای خودای پارێزه‌ری ئاوه‌کان.
ئه‌مرتات/ amertat: به مانای نه‌مریی و ژیانی جاویدان. ئه‌مرتات[4]بریتییه له گزنگێکیتری ئه‌هورایی. که‌سێ که به‌پێی ئه‌ندێشه‌ی پاک به قۆناغی پوخته‌یی بگات و خاراو ببێت، به ئه‌مرتات/ نه‌مری ده‌گات. ئه‌مرتات له گاتاکان دا شه‌شمین ئه‌مشاسپه‌نته و پارێزه‌ری گیا و دره‌ختانه. رۆژی هه‌فتمی مانگی گه‌لاوێژ/ مرداد به رۆژی جێژنی ئه‌مرتاتان ناسراوه.
پورداود له‌مه‌ڕ کێش و هارمۆنی و فۆرمی شعری گاتاکان دبێژێ: "گاتاکان ده‌قێکی شعری و هارمۆنیکه، به‌ڵام له شعری ئه‌مڕۆی ئێران که به‌پێی عه‌روزی عه‌ره‌بی پێکهاتووه ناچێ، به‌ڵکوو له شعری گه‌لانی هێند و ئوروپایی ده‌چێ." (گاتها، سروده‌های زرتشت، ابراهیم پورداوود، ل 31). لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌م راستییه گرنگه بکه‌ین که راسته کێشی شعری گاتایی له زمانی فارسی دا نه‌ما و وه‌زنی عه‌روزی عه‌ره‌بی به‌ته‌واوی زاڵ بوو، به‌ڵام له زمانی کوردی دا وه‌زنی گاتایی هه‌ر به‌رده‌وام بوو و بێجگه له شعر، ده‌یان و سه‌دان به‌یتی فولکلۆری کوردی پێ هۆنرایه‌وه که زیاتر هه‌ر له‌سه‌ر فۆرم و کێشی گاتایی دانراون [بڕوانه بۆ تفحه‌ی مزفریه، ئوسکارمان، راڤه و وه‌رگێڕانی هێمن موکریانی، چاپی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر 2011]؛ جگه له‌وه‌ش زۆربه‌ی شاعیرانی هه‌ورامی و گۆرانی ملیان به وه‌زنی عه‌روزی عه‌ره‌بی نه‌دا و هه‌ر به کێشی بڕگه‌یی نووسیان؛ له‌م نێوه‌ش دا کێشی 5+5 زاڵترین کێشی شعری کوردی هه‌ورامی پێکهێناوه. هه‌ر له هۆنراوه‌ی کۆنی هۆرمزگان رمان/ ئاتران کوژان، تا به‌رهه‌مه‌کانی سه‌یدی هه‌ورامی و بێسارانی و مه‌وله‌وی تاوه‌گۆزی و غوڵام ره‌زا ئه‌رکه‌وازی و... هه‌موویان به‌پێی کێشی بڕگه‌یی پێنج پێنج پێکهاتوون: ئاخر سه‌فه‌رن/ را خه‌یلی دووره‌ن/ مه‌نزڵ بێ پایان/ تووشه زه‌رووره‌ن. [مه‌وله‌وی]. ئه‌مه‌ش دیسان پێوه‌ندی و نزیکایه‌تی دوو زمانی کوردی نوێ و ئاڤێستایی ده‌گه‌یه‌نێ.
گاتاکان وه‌ک ده‌قێکی گرنگی فه‌لسه‌فی و جیهانی
بەپێی هەندێ بۆچوون، بیر و فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شت لە بزاڤی فه‌لسه‌فه‌ی رۆشنگه‌ری ئوروپادا رۆڵی گرنگی گێڕاوە. هەندێ لە بیرمه‌ندانی چاخی رۆشنگه‌ری وەک دیدرۆ، هێگل و نیچه و ... بۆ دەربڕین و داڕشتنی سیستمی فه‌لسه‌فی خۆیان به‌جۆرێک پشتیان به ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شت به‌ستووه. بۆ وێنە دیدرۆ وەک نووسەری ئینسکلۆپیدیا و بناغەدانەری ماتریالیزم کاتێ دەبینێ هەموو کونسێپتێکی زەردەشت هەر لە سپێنتە مەئینیۆ/ ئەندێشەی پاک، ئەنگرە مەئینیۆ/ ئەندیشەی چەوت، ئەهوورا/ بیری بەدیهێنەر، مەزدا/ داڎاری مەزن و ... هەموو ریشەیان لە جیهانی مادی دایە و دوورن لە تێرم و مەفاهیمی ئەبستراکت، دەشێ ئەم پرسە لە داڕشتنی ماتریالیزمی دیدرۆدا کاریگەر بووبێت. هەروەها ئەمن پێم وایه هێگل له داڕشتنی دوو چه‌مکی رۆحی ره‌ها و فۆرمی ئه‌قڵانی دا به‌قووڵی ئیلهامی له دوو چه‌مکی "ئه‌شا" و "ڤه‌هومه‌نا"ی زه‌رده‌شت وه‌رگرتووه. هه‌روه‌ها کاکڵی دیالکتیکی هێگل له گاتاکانی زه‌رده‌شت دایه. له گاتاکان دا زۆر جار باسی هێزێکی به‌دیهێنه‌ر و به‌ره‌وپێشبه‌ر ده‌کرێت، یان ده‌ڵێ:
ئه‌ی بریا ئێمه له‌و که‌سانه بین
که هه‌رده‌م جیهان نوێ ده‌که‌نه‌وه.
هەروەتر نیچه له زمانی زه‌رده‌شته‌وه تێکڕای سیستمی ئه‌خلاقی مه‌سیحی هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و سوپێرمه‌ن ده‌خولقێنێ. له دینه‌کانی عبری و عه‌ره‌بی دا، کاتێ په‌یامبه‌رێک بناغه‌ی دین، یان سیستمێکی ئێتیکی/ ئه‌خلاقی داده‌ڕێژێ، وه‌ها ده‌سه‌ڵاتێکی ئه‌ستوونی و متافیزیکی به خودا ده‌دات که هه‌ر جۆره وزه و ئیراده‌یه‌ک له مرۆڤ ده‌ستێنێته‌وه. خودا به وه‌ها ده‌سه‌ڵاتێکی ره‌ها و بێ سنوور ده‌گات که ته‌نانه‌ت له خشه‌ی مێلوره ئاگادا‌ره و گه‌ر به ویستی ئه‌و نه‌بێ مرۆڤ ناتوانێ هه‌ناسه‌ش بدات، تا چ به‌وه بگات که بیەوێ دنیا بگۆڕێ و چاره‌نووسی خۆی دیاری بکات. به‌مجۆره مرۆڤ ده‌بێته کۆیله‌ی هێزێکی خه‌یاڵی و متافیزیکی که خۆی دروستی کردووه. به‌ڵام مرۆڤی وشیار، به خوێندنه‌وه‌ی گاتاکان هه‌ست به‌م راستیه ده‌کات که پێوه‌ندی زه‌رده‌شت و ئه‌هورا مه‌زدا، پێوه‌ندی به‌نده و خودا نییه. پێوه‌ندی ئاسۆیی ئه‌ستوونی نییه. به‌ڵکوو پێوه‌ندی دوو هاوڕێ یه. یان به‌وجۆره که میخایل باختین دبێژێ: پێوه‌ندی دیالۆگیی دوو سوژه‌ی ئینسانییه.
ئه‌ی ئه‌هورا مه‌زدا!
به من بڵێ، وه‌ک دوو هاوڕێ
چۆن له‌به‌ر تیشکی راستی دا
پوخته و خاراو ده‌بم و
به دڵ و ده‌روون شاد ئه‌بم؟
گاتاکان، سروودی نۆهه‌م، به‌ندی 8
کاتێ بیرمه‌ندانی سه‌رده‌مسازی ئوروپا به پشتبه‌ستن به فه‌لسه‌فه‌ی زه‌رده‌شت، سه‌رخان و ژێرخانی جڤاکی خۆیان سه‌رله‌نوێ داده‌ڕێژن و سامانێکی مۆدێرن و سازگاری کولتوری کۆمه‌ڵایه‌تی پێکدێنن، ئه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد، وه‌ک گه‌لێکی بنده‌ستی بێ ناسنامه که خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی بیر و ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شته بۆ له‌م خه‌زێنه هه‌راوه که سه‌رچاوه‌ی کۆن و زۆڵاڵی زمان و گیانی کوردی پێکدێنێ، سود وه‌رنه‌گرێ و کولتور و ناسنامه‌ی خۆی په‌رداخ و نوێژه‌ن نه‌کاته‌وه؟ به‌داخه‌وه به‌هۆی هێرشی سپای عه‌ره‌ب و هه‌ڵکردنی "بای دڕکاوی سه‌حرای له شمشێر زاو"[5]، کورد و هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و ناوچه‌که، ئه‌وه سه‌دان ساڵه له رێباز و فه‌رهه‌نگی زه‌رده‌شتی دابڕاون و به‌هۆی زاڵبوونی دین- کولتوورێکی غەوا‌ره و چه‌ندین توخمی وه‌ک درۆ و رێا و فریوکاری، ترس و سام و خه‌م و خه‌فه‌ت و تازیه‌باری، به‌جۆرێک له فه‌رهه‌نگی ره‌سه‌نی خۆیان دابڕاون و تووشی له‌خۆنامۆیی هاتوون، که ئاسۆی گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و راستی و ئه‌ندێشه‌ی پاک و خۆشبه‌ختی و ئاوه‌دانی به‌م زوانه به‌دی ناکرێت.
له وه‌ها دۆخێکی مێژوویی دا، گرنگترین و دژوارترین ئه‌رکی رۆشنبیری کوردی ئه‌وه‌یه که له نێوان ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شت و بیری مۆدێرنی رۆژاوایی دا سه‌نتێز بسازێ. یانی به‌جۆرێک ئه‌م دوو توخمه تێکهه‌ڵکێشێت که هه‌م له مێژووی سوژه و ناسنامه و کولتوری کوردی دا وه‌رچه‌رخانێک بخولقێنێ. هه‌م کاره‌که‌ی هێنده ره‌سه‌ن و مۆدێڕن و به‌هێز به ئه‌نجام بگه‌یه‌نێ که نه‌ته‌وه‌کەی وه‌ریبگرێ و گیانێکی تازه‌ی تێبکه‌وێ. به‌جۆرێک که بتوانێ خۆی له کۆیله‌تی رزگار بکاو به ئازادی و سه‌روه‌ری بگات. به ئه‌زمون ده‌رکه‌وتووه که رۆشنبیرانی وڵاتانی دواکه‌وتوو که هه‌موو شتێکیان له ئوروپا وه‌رده‌گرن، یه‌که‌م خۆیان خاوه‌ن هیچ هونه‌رێک نین، به‌ڵکوو ته‌نیا بیر و شتی خه‌ڵکی تر کۆپی ده‌که‌ن. دووهه‌م خه‌ڵکی وڵاته‌که‌یان بیری ئه‌وان وه‌رناگرێ و سەرئەنجام تووشی شکست و ته‌نیایی ده‌بن.
له گاتاکانی زه‌رده‌شت دا زۆر چه‌مکی وه‌ک ئازادی، ئارامی، راستی، یه‌کسانی، ئه‌قڵانیه‌ت، شادی، به‌ختیاری و ... هه‌یه که له‌گه‌ڵ تۆلێرانس و فره‌چه‌شنی و ئازادیخوازی و هیۆمانیزمی رۆژاوایی دا به‌ته‌واوی دێته‌وه و به‌مجۆره ئه‌م دوو لایه‌نه ده‌توانن یه‌کتر ته‌واو بکه‌ن. سوژه‌ی کوردی به گه‌ڕانه‌وه بۆ گاتاکانی زه‌رده‌شت ده‌توانێ خه‌زێنه‌یه‌کی هه‌راوی فکری فه‌لسه‌فی به‌ده‌ست بێنێ، خه‌زێنه‌یه‌ک که هه‌وێن و بناغه‌ی گیان و کولتور و زمانی کوردی پێکدێنێ و وه‌کوو ئایینه‌کانی عیبری و سامی له‌گه‌ڵ مرۆڤی کورد نامۆ نییه. ئه‌گه‌ر کورد به‌شێوه‌ی جدی ئاوڕ له گاتاکان بداته‌وه و له کولتور و دیسکۆرسی خۆی دا ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شت بژێنێته‌وه، به‌مجۆره ده‌توانێ تۆکمه‌ترین سیستمی ئێتیکی ئه‌خلاقی به‌ده‌ست بێنێ و به‌تێکهه‌ڵکێش کردنی له‌گه‌ڵ هیومانیزمی رۆژاوایی، زەمینە بۆ کولتوورێکی مۆدێرن و رەسەن بخولقێنێ.
پەراوێزەکان
[1] . ئه‌م پرسه‌م له کتێبی هه‌رێمی شین دا به‌کورتی و، له کتێبی سه‌گه‌کانی تۆتالیتاریزم دا به پوختی باس کردووه.
[2]. له‌مه‌ڕ دیدگای بوێرانه‌ی شاملو سه‌باره‌ت به فیرده‌وسی و شانامه، بڕوانه بۆ ئه‌م لینکه:
http://www.iwsn.org/aashr/3/shml/neg/j.pdf
[3]. ره‌نگه له هه‌موو بان [فه‌لات]ی ئێران دا، بێجگه له کوردستان، هێما و ئاسه‌واری رۆشن له وشه‌ی ئه‌هورا به‌دی ناکه‌ین. له کوردستان ده‌ڤه‌رێک هه‌یه به ناوی "ئاهورامان" [هه‌ورامان]، خه‌ڵکێک هه‌ن به‌ناوی "هه‌ورامی" و، مه‌قامێکی هه‌ره کۆن و مێژوویی هه‌یه به ناوی "هۆره" که هێشتاش هه‌ر چریکه‌ی دێ. مرۆڤی وشیار به وردبوونه‌وه‌یه‌کی کورت له فۆنه‌تیک و مانای سێ وشه‌ی ئاهورامان و هه‌ورامی و هۆره، زایه‌ڵه‌ی ده‌نگی ئه‌هورا ده‌بیسێ و دڵنیا ده‌بێ که زێدی ره‌سه‌نی زه‌رده‌شت و ئاخێزگه‌ی ئه‌ندێشه‌ی زه‌رده‌شت، کوردستان/هه‌ورامان بووه. هه‌روه‌ها وشه‌ی "مه‌زدا"ش [به‌مانای زانای گه‌وره]، له زمانی کوردی تا ئێستادا به‌شێوه‌ی "مه‌زن"، به‌مانای گه‌وره هه‌ر به‌کار دێت. جگه له مه‌ش زۆر وشه‌ی کۆنی کوردی وه‌ک فره، ئاریان، بادینان/به‌هدینان [ناوچه و زاراوه‌یه‌ک له کوردستانی باشور] و ... هه‌موو رێشه‌یان له زمانی ئا‌ڤێستا دایه. یان دوو وشه‌ی زاڵ و سام، که ناوی باب و باپیری رۆسته‌م، ئێستاش له زمانی کوردی دا هه‌ر زیندوون و خاوه‌ن مانای شیاون. زاڵ: یانی سه‌رکه‌وتوو؛ سام: یانی سامناک، ترسێنه‌ر؛ که هه‌ر دوو مانا له‌گه‌ڵ خه‌سڵه‌تی باپیری پا‌ڵه‌وانی ئه‌فسانه‌یی دا دێنه‌وه. به‌ڵام کاتێ ئه‌م وشانه ده‌ده‌یت به فه‌رهه‌نگی دهخدا، که مه‌زنترین فه‌رهه‌نگی فارسییه، مانایه‌کی شیاوت ده‌س ناکه‌وێت.
وه‌ک ده‌زانین له زمانی ئاڤێستایی دا چه‌ند ده‌نگ، یان مورفیم هه‌ن که به ئه‌لف و بێی ئێستای کوردی و فارسی نانووسرێن، به‌ڵام تا ئێستاش له ناوچه‌کانی هه‌ورامان و ده‌وروبه‌ردا ماو‌نه‌ته‌وه و له ئاخافتن دا ده‌بێژرێن، من لێره‌دا ئاماژه به دوو مورفیم/ ده‌نگ ده‌که‌م: یه‌که‌میان هه‌ر وشه‌ی ده‌نگ [ئه‌ڵبه‌ت نه‌ک به ته‌له‌فزی گ]، به‌ڵکوو به بێژی له‌چه‌شنی لانگ /language ی ئینگلیزی، که ده‌بێ له‌بێژ کردن دا بانی زمان بلکێت به ئاسمانه‌ی ده‌مه‌وه؛ هه‌روه‌ها دووهه‌م ده‌نگ له چوار وشه‌ی ئه‌گا(به هه‌ورامی یانی دایک)، که‌ورگ، دادار، شاد دا [ئه‌ڵبه‌ت نه‌ک به ته‌له‌فزی گ و د]، به‌ڵکوو بۆ ته‌له‌فوز ده‌بێ لای راستی بانی زمان بلکێنی به ئاسمانه‌ی ده‌مه‌وه، ئه‌ڵبه‌ت نه‌ختێ ژوورتر له بێژی ده‌نگ؛ ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌که له میراتی زمانی ئاڤێستایی که له‌م ده‌ڤه‌ره‌دا ماوه‌ته‌وه. سادق هدایه‌ت له ته‌رجمه‌ی به‌همه‌ن یه‌شت دا، کاتێ ده‌گاته وشه‌ی "دادار"، ده‌ڵێ ئه‌م وشه له سه‌رده‌می کۆن دا به "داذار" بێژ کراوه. یانی هدایه‌تیش نه‌یزانیوه که ئه‌م مورفیمه تا ئێستاش له ده‌ڤه‌ری هه‌ورامان ماوه‌ته‌وه. [زند وهومن یه‌سن، ترجمه هدایت، نشر جامه‌داران، تهران 1383].
هه‌روه‌ها زمانی ئاڤێستایی ده‌ڵێ: ڤه‌ئێچه: یانی که‌لام، گوتار، یانی بڵێ؛ هه‌ورامی ده‌ڵێ: واچه، ئه‌رده‌ڵانی ده‌ڵێ: بێژه، سۆرانی ده‌ڵێ: بڵێ، کرماشانی ده‌ڵێ: بووشه، فارسی ده‌ڵێ: بگو؛ وه‌ک ده‌بینین نزیکترین زاره‌اوه له زمانی ئاڤێستایی، بریتییه له زاراوه‌ی هه‌ورامی. ته‌نانه‌ت ریشه‌ی وشه‌ی "ئێران"یش له وشه‌ی "ئایران"ی هه‌ورامی/ئاڤێستایی به‌مانای شوێنی ئایر/ئاگره‌کان وه‌رگیراوه. هه‌روه‌ها وشه‌ی "ئیره‌وان" له ئایره‌وان دروست بووه، وشه‌یه‌کی کۆنی هه‌ورامی به مانای پارێزه‌ری ئاگر، ئاگره‌وان. چونکه وه‌ک ده‌زانین ئاگر له ئایینی زه‌رده‌شت دا ده‌وری گرنگی هه‌یه و هه‌م گه‌رما و روناکی به ژیان ده‌دا، هه‌م هه‌وێنی ژیار و شارستانیه‌ت و هه‌م هێمای پاکی و پیرۆزییه؛ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش له زۆر شاخی وڵات دا ئاته‌شگه هه‌بووه، ئاگر وه‌ک هێمای ئایینی راستی هه‌رده‌م له مه‌شغه‌ڵان دا بووه. بۆیه ناوی زۆر شوێن و وڵات له ئایر/ ئاگر وه‌رگیراوه. [بڕوانه بۆ ژوانی یه‌سنا، جه‌لیل عه‌باسی].
[4] . لێره‌دا ده‌کرێ ئاماژه به‌م راستییه بکه‌م که دوو وشه‌ی ئینگلیسیmortal وimmortal به مانای بمر و نه‌مر، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ وشه‌ی گاتایی مرتات و ئه‌مرتات، خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج ئه‌وه‌یه که پێشگری "ئه"ی گاتایی، هه‌تا ئێستاش له زمانی ئینگلیسی دا هه‌ر هه‌مان رۆڵی نه‌فی ده‌گێڕێ. ئایا به‌مجۆره ئه‌توانین بێژین که زمانی گاتایی/ کوردی کۆن، بناغه‌ی هه‌موو زمانه هند و ئورووپاییه‌کان پێکدێنێ؟ له‌م بابه‌ته‌وه تۆژینه‌وه‌ی تازه‌ی دوو توێژه‌ری نیوزله‌ندی که به‌م ئاکامه گه‌یشتوون که زێدی هه‌موو زمانه هند و ئورووپاییه‌کان ده‌ڤه‌ری ئاناتولی/ کوردستانی باکوور بووه، ئێجگار سه‌رنجڕاکێشه.
[5] . تا ئێستا له‌نێو ئه‌و ده‌قانه‌دا که باسی هێرشی عه‌ره‌ب بۆ سه‌ر کوردستان، و هێرشی کولتوری شمشێر بۆ سه‌ر تریفه‌ی گاتاکان ده‌که‌ن، هیچ ده‌قێک وه‌ک قه‌سیده شعری "ئاوابوون و بوومه‌له‌رزه"، به‌رهه‌می شاعیری مه‌زنی کورد، شێرکۆ بێکه‌س، سه‌رنجی رانه‌کێشاوم.
سه‌رچاوه‌کان:
1. گاتها، سروده‌های زرتشت، شرح و پێشگفتار ابراهیم پورداوود، تهران 1389، نشر جامی.
2. اوستا، گزارش و پژوهش، جلیل دوستخواه، تهران 1385، نشر مروارید.
3. زه‌رده‌شت هیوای زگاری، بابان سه‌قزی.
4. ئا‌ڤێستا له‌مێژینه‌ترین سروودی کوردی، به‌رگی یه‌که‌م گاتاکان، جه‌لیل عه‌باسی، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر 2003
5. ژوانی یه‌سنا، کۆمه‌ڵه بابه‌تێکی شوێنه‌وارناسی و مێژوویی له‌مه‌ڕ هه‌ورامان و ئایینی زه‌رده‌شت، جه‌لیل عباسی، چاپی ناوه‌ندی ئا‌ڤێستا، هه‌ولێر 2008.
6. وڵاتی که‌یانیان و زه‌رده‌شت و هه‌ورامان له ئا‌ڤێستا دا، د. محه‌مه‌د ئه‌مین هه‌ورامانی، وه‌زاره‌تی رۆشنبیری، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ و بڵاوکردنه‌وه، هه‌ولێر 2011
7. گاتها، سروودهای اهورایی زرتشت، پژوهش دکتر خسرو خزاعی، بلژیک، بروکسل 2006:
8. یشتها، ابراهیم پور داوود
9. ترجمه‌ای بر فروردین یشت اوستا، عمادالدین دولتشاهی، نشر خیام، تهران 1377
10. جغرافیای غرب ایران(کوههای ناشناخته‌ی اوستا)، عمادالدین دولتشاهی، نقش جهان، تهران 1363
11. زرتشت چه می گوید؟ پژوهشی در گاتهای زرتشت، هومر آبراهامیان، نشر بنیاد فرهنگ ایران.
12. واکنش غرب در برابر زردشت، جی. دوشمن، گیمن، ترجمه: تیمور قادری، نشر امیر کبیر، تهران 85.
13. شانامه‌ی کوردی (هه‌ورامی) ئه‌ڵماس خان که‌نووله‌یی، کۆکردنه‌وه‌ی محه‌مه‌د ره‌شید ئه‌مینی، هه‌ولێر 2007.