پاسەوان قەپلان
به پێی سه‌رچاوه‌كانی مێژوو؛ بوونی جووه‌كان له دوورگه‌ی عه‌ره‌بیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له پێنج سه‌ده به‌ر له هاتنی ئیسلام، زۆرینه‌یان ئه‌و هۆزانه بوون كه له ئه‌نجامی شه‌ڕێك له نێوان جووله‌كه و ڕۆمه‌كان، قوتاریان بووه و له ناوچه‌ی شامه‌وه كۆچیان كردووه بۆ دوورگه‌ی عه‌ره‌بی، هه‌ندێكیشیان عه‌ره‌بی بنه‌جێ بوون و چوونه‌ته سه‌ر ئایینی جووله‌كاتی.
گه‌وره‌ترین مه‌ڵبه‌ندی ئه‌و جووله‌كانه شاری یه‌سریب (مه‌دینه) بوو، له وێشه‌وه ده‌هاتنه مه‌ككه و هه‌ندێكیان له‌وێ مانه‌وه، هه‌روه‌ها له شاپه‌ڕه‌كانی ناوچه‌ی حیجاز و له ناوچه‌ی خه‌یبه‌ری نێوان مه‌ككه و مه‌دینه‌دا نیشته‌جێ بوون، دواتر جووله‌كاتی گه‌یشته یه‌مه‌نیش. له ڕووی كار و پیشه‌وه له پێشه‌وه بوون، له كشتوكاڵدا كارامه بوون، خاوه‌نی كێڵگه و زه‌وی و زار بوون، بازرگانی و سووخۆریان ده‌كرد، هه‌روه‌ها له یه‌سریبدا ناویان هه‌بوو له پیشه كانزاییه‌كانی وه‌كو ئاسنگه‌ری و زێڕینگه‌ری و دروستكردنی چه‌ك و تیغ.
له ڕووی كه‌لتووریشه‌وه جووله‌كه كیانێكی تایه‌فی بوون، په‌رستگه و ڕه‌به‌ن و قوتابخانه‌ی تایبه‌ت به خوێندنی ئایینی خۆیان هه‌بوو، ڕێنمایی و كه‌لتووری ئایینیی خۆیان له دوورگه‌ی عه‌ره‌بیدا بڵاوكرده‌وه، كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه كرد ئایینه‌كه‌یان له باشووری دوورگه‌ی عه‌ره‌بیدا بڵاو بكه‌نه‌وه، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه زۆر له هۆزه‌كانی یه‌مه‌ن بوونه جووله‌كه، گه‌وره‌ترینیان هۆزی (حیمیه‌ر)بوو. له ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه، جووه‌كان به ته‌واوه‌تی تێكه‌ڵی ژینگه‌كه ببوون، زمانی عه‌ره‌بی فێرببوون و به‌كاریان ده‌هێنا، وه‌ك له گێڕانه‌وه‌یه‌كی بوخاریشدا هاتووه كه "جووه‌كان به زمانی عیبری ته‌وراتیان ده‌خوێنده‌وه و به زمانی عه‌ره‌بی شرۆڤه‌یان ده‌كرد"، به ڕادده‌یه‌ك تێكه‌ڵاو ببوون، ته‌نانه‌ت ژنخوازی و خزمایه‌تیان هه‌بووه له‌گه‌ڵ چه‌ند هۆزێكی عه‌ره‌بیدا، عه‌ره‌به‌كانیش شیرده‌ری جووله‌كه‌یان به كرێ گرتووه بۆ منداڵی شیره‌خۆره‌یان.
هه‌ر دوو فاكته‌ری ئابووری و كه‌لتووری پێگه و نفوزی گه‌وره‌یان به جووله‌كه‌ی ئه‌و ناوچانه به‌خشی بوو، به تایبه‌ت عه‌ره‌ب گه‌لێكی په‌رته‌وازه‌ی بێ ئایین و ناسنامه و فه‌رهه‌نگ بوون، ناوچه‌كه‌یان خاڵی بوو له زانست و خوێنده‌واری؛ بۆیه گه‌رچی خه‌ڵكه‌كه نه‌بوون به جووله‌كه، به‌ڵام مه‌عریفه‌ی ئایینی جووله‌كه جێگه‌ی گرتووه لایان.
كه ئیسلام ده‌ركه‌وت و په‌یامبه‌ره‌كه‌ی له شاری یه‌سریبدا كیانێكی بۆ ئایینی تازه (ئیسلام) دامه‌زراند، جووه‌كانی ئه‌و شاره جودا له زۆرینه‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه، باوه‌ڕیان پێ نه‌هێنا، جگه له چه‌ند كه‌سێكی كه‌م له ژیانی پێغه‌مبه‌ردا و كه‌سانێكی تریش له دوای ئه‌ودا، كه هه‌ندێكیان زانای ئایینی جووله‌كه بوون. وه‌لێ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆیان هه‌ڵنه‌بژارد له‌گه‌ڵ موسڵمانه‌كان، له‌و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌شدا كه پێی ده‌گوترێت (الكتاب) ئاماژه به جووله‌كه‌كان دراوه وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی نێو كیانی تازه دروستكراوی شاری مه‌دینه‌دا.
به‌و پێیه‌ی جووله‌كه موسڵمان نه‌بوون و شه‌ڕی ڕاسته‌وخۆشیان نه‌كردووه له دژی موسڵمانان، ده‌بێ پلانیان هه‌بووبێت له به‌رامبه‌ر ئیسلام، كه قورئان ئاماژه‌ی به هه‌ندێ له پلانه‌كانیان داوه. له‌م بابه‌ته‌دا هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌ین، بوونی جووله‌كه له پاشخانی نیشتیمانی ئیسلام و مانه‌وه‌یان له پایته‌ختی ئیسلام و هاتنه‌ناوه‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێكی شاره‌زایان بۆ ناو ئیسلام چی و چۆن و چه‌نده كاریگه‌ری هه‌بووه له‌سه‌ر ئیسلام؟
فه‌رمووده وه‌ك سه‌كۆی ڕۆشنبیریه جیاوازه‌كان و ده‌روازه‌ی دزه‌كردنی كه‌له‌پووری جووله‌كه بۆ ناو ئیسلام:
به گشتی یه‌كێك له هۆكاره‌كانی هه‌ڵبه‌ستنی فه‌رمووده ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵك له سه‌ره‌تادا هیچ شتێكی قبووڵ نه‌بووه تا نه‌به‌سترێته‌وه به قورئان و پێغه‌مبه‌ره‌وه، جا له دوای فراوانبوون و كرانه‌وه‌ی موسڵمانان به‌سه‌ر ده‌وروبه‌ردا، هه‌ڵگرانی جۆره‌ها كه‌لتوور كه‌وتنه ناو دنیای ئیسلامه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وان لێشاوێكی دید و ته‌فسیر و حیكمه‌تی ئایینی جیاواز ده‌ركه‌وتن، هه‌روه‌ها كه‌م كه‌مه وه‌رگێڕانی به‌رهه‌می ڕۆشنبیریی گه‌لانی تر ده‌ستی پێكرد بۆ سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی، جا خه‌ڵك نرخیان بۆ قسه‌یه‌ك دانه‌ده‌نا ئه‌گه‌ر بوترابا قسه‌ی هیندی یان فارس یان یۆنانیه‌كانه، یان له شرۆڤه‌كانی ته‌ورات و ئینجیله‌وه وه‌رگیراوه؛ بۆیه تا قبووڵ بكرێت به‌رگی فه‌رمووده‌یان له‌به‌ر كردووه، چونكه قورئان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به هه‌ستیاریه‌وه پارێزراوه، به‌ڵام فه‌رمووده له سه‌ره‌تادا ده‌رگایه‌كی كراوه بووه بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی ویستوویانه ڕه‌واج به كاڵای ئایینی و كه‌لتووری خۆیان و ته‌نانه‌ت كه‌لوپه‌له ئاساییه‌كانی بازاڕیش بده‌ن(1).
ئێمه لێره‌دا بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ست ده‌كه‌ین به تێكه‌ڵبوونی كه‌له‌پووری جووله‌كه، چونكه زووتر و زیاتر له هه‌ر كه‌له‌پوورێكی دیكه بوون و كاریگه‌ری هه‌بووه له نێو كه‌له‌پووری ئیسلامی‌دا. كه‌له‌پووری جووله‌كه، كه پێی ده‌گوترێت (ئیسرائیلیات)، پێكهاتووه له سێ توخم (ته‌ورات، شرۆڤه زاره‌كیه‌كانی، ئه‌فسانه‌كانی جووله‌كه).
تێگه‌یشتنی باو ئه‌وه‌یه كه ئیسرائیلیاته‌كان ته‌نها له كتێبه‌كانی ته‌فسیردا هه‌ن، ئه‌ویش ته‌نها له چوارچێوه‌ی بابه‌ته مێژووییه‌كان و چیرۆكی پێغه‌مبه‌ران و گه‌لاندا، به‌ڵام ئه‌م تێگه‌یشتنه ورد نییه. ڕاستیه‌كه ئه‌وه‌یه ئیسرائیلیاته‌كان سه‌ره‌تا له ڕێگه‌ی فه‌رمووده‌وه هاتوون، له گێڕانه‌وه و فه‌رمووده‌كانه‌وه دزه‌یان كردووه بۆ نێو ته‌فسیره‌كان؛ چونكه سه‌ره‌تا ته‌فسیر به‌شێك بووه له به‌شه‌كانی فه‌رمووده، له قۆناغه‌كانی داهاتوودا ته‌فسیر له فه‌رمووده جیا بووه‌ته‌وه، وه‌لێ ورده ورده له ته‌فسیردا ڕشته (سه‌نه‌د) هه‌ڵگیرا و بێ كۆت و به‌ند لێشاوی ئیسرائیلیاته‌كان ڕژایه نێو ته‌فسیره‌كانی قورئان(2).
له باره‌ی هاتنه‌ناوه‌وه‌ی ئیسرائیلیاته‌كان بۆ ناو ئیسلام دوو ئاراسته هه‌یه: ئاراسته‌یه‌ك ئه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه به هۆكاری كۆمه‌ڵایه‌تی و سرووشتی بابه‌ته ئایینیه‌كانی ئیسلام و جووله‌كاتی. ئاراسته‌كه‌ی تر ئه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه به پلانڕێژی جووله‌كه، كه له بری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری و سه‌ربازی هه‌وڵیانداوه له ناوه‌وه ئیسلام بشێوێنن و له تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی بده‌ن.
له‌سه‌ر ئاراسته‌ی یه‌كه‌م، (ئیبن خه‌لدوون) ئه‌م دیارده‌یه وا شیده‌كاته‌وه كه "هۆكاری ئه‌مه ئه‌وه‌یه عه‌ره‌ب ئه‌هلی كیتاب و زانست نه‌بوون، به‌ڵكو ده‌شته‌كی بوون و نه‌خوێنده‌واری زاڵبوو به‌سه‌ریاندا، جا ئه‌گه‌ر مه‌راقی زانینی شتێك له‌و شتانه‌یان كردبا كه مرۆڤ مه‌راقی زانینیانه، له باره‌ی چۆنیه‌تی به‌دیهاتنی پێكهاته‌كان و ده‌ستپێكی بوونه‌وه‌ر و نهێنیه‌كانی بوون؛ ئه‌وا په‌نایان ده‌برد بۆ ئه‌هلی كیتابی پێش خۆیان و وه‌ڵامیان له‌وان وه‌رده‌گرت، ئه‌وانیش شاره‌زایانی ته‌ورات بوون له جووه‌كان و شوێنكه‌وتوانیان"(3).
له‌سه‌ر ئاراسته‌كه‌ی تریش دكتۆر (ته‌ها عه‌لوانی) وای ده‌بینێت، كه جووله‌كه هه‌ر له ڕێگه‌ی خودی فه‌رمووده‌وه ده‌روازه‌یان دروستكردووه و زه‌مینه‌سازیان كردووه بۆ ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری، به تایبه‌تیش باس له فه‌رمووده‌یه‌كی ناوداری نێو سه‌حیحی بوخاری ده‌كات، كه گوایه هه‌ڵوێستی پێغه‌مبه‌ری تێدایه له باره‌ی گێڕانه‌وه‌ی كه‌له‌پووری به‌نی ئیسرائیل، به‌م ده‌قه:عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عَمْرٍو، أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّي اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، قَالَ: «بَلِّغُوا عَنِّي وَلَوْ آيَةً، وَحَدِّثُوا عَنْ بَنِي إِسْرَائِيلَ وَلاَ حَرَجَ، وَمَنْ كَذَبَ عَلَيَّ مُتَعَمِّدًا، فَلْيَتَبَوَّأْ مَقْعَدَهُ مِنَ النَّارِ» (4)
واته: ئه‌گه‌ر یه‌ك ئایه‌تیش بێت له منه‌وه بڵاوی بكه‌نه‌وه، قسه‌وباسی به‌نی ئیسرائیلیش بگێڕنه‌وه، ته‌نگی تێدا نییه، واته ڕێگه‌پێدراوه. ناوبراو پێی وایه ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه سه‌ره‌تای بڕینی پارێزبه‌ندی مه‌عریفی و ئاساییكردنی په‌یوه‌ندی شه‌رعی و ڕۆشنبیریه له‌گه‌ڵ جووله‌كه، ئاسانكاریه بۆ گێڕانه‌وه‌ی كه‌له‌پووری جووله‌كه، هۆكارێك بوو بۆ ئاوه‌ڵاكردنی ده‌رگا بۆ مه‌ترسیدارترین پرۆسه‌ی پارێزبڕی (اختراق) مه‌عریفی، كه تا ئێستاش زیان و شوێنه‌واره خراپه‌كانی ماون، ئه‌م فه‌رمووده‌یه دیواری ده‌روونی ڕووخاند له نێوان موسڵمانان و گێڕانه‌وه‌ی ئیسرائیلیاته‌كان، ئیدی دوایی ته‌فسیر و مێژوو پڕبوون له ئیسرائیلیاته‌كان، له كاتێكدا قورئان میتۆدی مه‌عریفه‌یه‌كی ته‌واوی له‌خۆ گرتووه، ئه‌زموونی ئایینیی ئیسرائیلیی هه‌ڵوه‌شاندووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی هاوبه‌شه له په‌یامی سه‌رجه‌م پێغه‌مبه‌راندا پاڵفته‌ی كرده‌وه و دوباره له فۆرمی خۆی (قورئان)دا دای ڕشتنه‌وه؛ بۆیه هیچ پێویستیه‌ك نییه بۆ گێڕانه‌وه‌ی كه‌له‌پووری ئه‌وان(5).
هه‌ر له خودی كتێبی بوخاریشدا قسه‌یه‌كی (ئیبن عه‌بباس)ی هێناوه كه هه‌ڵوێستێكی جودا له‌گه‌ڵ ئه‌م گێڕانه‌وه‌ی پێشه‌وه‌ی تێدایه، كاتێك به سه‌رسوڕمان و سه‌رزه‌نشتكردنه‌وه ده‌ڵێت "چۆن پرسیاری شتێك له ئه‌هلی كیتاب ده‌كه‌ن، كاتێك كتێبه‌كه‌ی ئێوه كه به‌سه‌ر پێغه‌مبه‌ری خوا (د.خ) دابه‌زیوه نوێتره، پاكه و هیچی تێكه‌ڵ نه‌بووه، هه‌ر ئه‌ویش پێی ڕاگه‌یاندوون كه ئه‌هلی كیتاب، كیتابی خوایان گۆڕیوه و ده‌ستكاریان كردووه... ئایه ئه‌و زانینه‌ی بۆتان هاتووه [قورئان] ڕێگه‌تان لێناگرێت له پرسیاركردنیان؟!..."(6).
دوو كه‌سی دیار له‌م بواره‌دا ناویان هه‌یه (كه‌عبی ئه‌حبار و وه‌هبی كوڕی مونه‌ببیه)، دوو پیاوی ئایینی جووه‌كانی یه‌مه‌ن بوون، له پاش پێغه‌مبه‌ر موسڵمان بوون، شێخ (ره‌شید ره‌زا) ئه‌م دوو پیاوه وا ده‌ناسێنێت كه بۆ تێكدان و شێواندن هاتوونه‌ته ناو ئیسلام، موسڵمانانیان هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه، به درۆ زۆر شتیان داوه‌ته پاڵ ته‌ورات و كتێبی پێغه‌مبه‌ران كه تیایدا نییه، سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ئه‌م ئه‌فسانه و قسه سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌ی ئیسرائیلیاته‌كانن، دزه‌یان پێكردووه بۆ ناو ئیسلام، فه‌رمووده و ته‌فسیریان ته‌نیوه، ده‌ڵێ من نه‌ك له‌گه‌ڵ به‌چاك دانانیان نیم له لایه‌ن فه‌رمووده‌وانانه‌وه، به‌ڵكو گومانی خراپم هه‌یه به‌رامبه‌ریان، پێشه‌وا ئه‌حمه‌د باسی كردووه كه باوكی وه‌هب خه‌ڵكی فارس بووه پاشا ده‌ری كردووه بۆ یه‌مه‌ن، وه‌هبی كوڕی پاش فه‌تحكردنی فارس هاموشۆی ئه‌وێی ده‌كرد. بۆیه گومانی ئه‌وه هه‌یه زۆر له گێڕانه‌وه سه‌یره‌كانی له‌وێ هێنابن(7).
له گێڕانه‌وه‌یه‌كی بوخاریشدا ئاماژه به‌وه دراوه كه كه‌عب درۆی لێ بینراوه، ده‌ڵێ حومه‌یدی كوڕی عه‌بدوڕه‌حمان گوێی له مه‌عاویه بوو له مه‌دینه كه قسه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك قوره‌یشی ده‌كرد و باسی كه‌عبی ئه‌حباری كرد و وتی: "ئه‌و ئه‌گه‌ر چی ڕاستگۆترینی ئه‌وانه‌یه كه قسه و باسی ئه‌هلی كیتاب ده‌گێڕنه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا درۆی لێ ده‌بینین"(8).
چۆنیه‌تی هاتنی ئیسرائیلیاته‌كان بۆ ناو ئیسلام:
له‌و دوو كه‌سایه‌تیه جووله‌كه‌یه، كه‌عب چالاكتر بووه و زیاتر باسی هه‌یه له‌م بواره‌دا، كه "له سه‌رده‌می خیلافەتی عومه‌ر موسڵمان بوو؛ شتی ناو كتێبه‌كانی خۆیانی بۆ عومه‌ر ده‌گێڕایه‌وه، ڕه‌نگه عومه‌ریش (ڕه‌زای خوای لێبێت) گوێی لێ گرتبێت، ئیدی خه‌ڵكیش ڕێگه‌یان به‌خۆدا گوێی لێ‌بگرن، هه‌رچی لێیان گوێلێبوو لێیان گواسته‌وه به پیت و به پووچیه‌وه، ئه‌م ئوممه‌ته‌ش –خودا ده‌یزانێ- پێویستی به یه‌ك پیتی لای ئه‌ویش نییه"(9)، به‌ڵكو مێژوونووس (ئیبن كه‌ثیر) ئاماژه ده‌كات كه ئه‌و دووانه (كه‌عب و وه‌هب) هه‌رچی مێژوو و سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانی به‌نی ئیسرائیلیان بۆ ئوممه‌تی ئیسلامیان گواسته‌وه، ئه‌وه‌ی هه‌بووه و نه‌بووه، له‌وه‌ی كه ده‌ستكاری كراوه و گۆڕدراوه(10). جا هاوه‌ڵانیش به تایبه‌ت هه‌رسێ هاوه‌ڵ (ئه‌بو هوره‌یره، ئیبن عه‌بباس و مه‌عاویه) قسه و باسه‌كانی ئه‌وانیان لێوه گێڕاوه‌ته‌وه، جگه له چه‌ندین تابعی(11). به تایبه‌ت ئیبن عه‌بباس له باره‌ی چه‌ندین ئایه‌تی قورئانه‌وه پرسیاری له كه‌عب كردووه (12)، ئه‌مه‌ش دژه له‌گه‌ڵ ئه‌و گێڕانه‌وه‌یه‌ی پێشتر هێنامان، كه وا ده‌ری ده‌خات ئیبن عه‌بباس ناڕازی بووه له پرسیاركردن له ئه‌هلی كیتاب.
له سه‌رده‌می هاوه‌ڵان ئه‌م وه‌رگرتنه سنووردار بوو، به‌ڵام دوایی له سه‌رده‌می نه‌وه‌ی دووه‌م (تابیعه‌كان) كه سه‌رده‌می گێڕانه‌وه‌یه، وه‌رگرتن و گێڕانه‌وه‌ی قسه و باسی ئایینه‌كانی تر بێ سڵكردنه‌وه و سنوور ڕووی تێكرا(13). گرفته‌كه زیاتر لێره‌وه‌یه كاتێك ئه‌م گێڕانه‌وه و لێكدانه‌وه و ئه‌فسانانه‌ی جووله‌كه كه زیاتر له ڕێی كه‌عب و وه‌هبه‌وه هاتوون؛ كران به ماڵ به‌سه‌ر ئیسلام و درانه پاڵ پێغه‌مبه‌ری خوا (د.خ). ئه‌دی ئه‌مه چۆن ڕوویداوه؟
سرووشتی ده‌ق و ڕێكخستنی قورئان وایه كه بابه‌ته مێژووییه‌كانی به پچڕپچڕی و ده‌سته‌بژێری باس كردووه، له هه‌ر باسێكدا چه‌ند گرته و دیمه‌نێكی هێناوه و له بابه‌تی باوه‌ڕ و ئه‌خلاقدا به‌كاری هێناون، كاتێك هاوه‌ڵان و تابیعه‌كان ویستوویانه كه‌لێن و ورده‌كاری بابه‌ته مێژووییه‌كانی نێو قورئان بزانن په‌نایان بۆ موسڵمانبووه‌كانی ئه‌هلی كیتاب بردووه، به‌و پێیه‌ی بابه‌تی هاوبه‌ش له نێوان ته‌ورات و قورئاندا هه‌یه، له‌و ڕووه‌وه ته‌ورات ورده‌كاری زیاتری تێدایه، له ڕووی كه‌لتووری ئایینیشه‌وه جووله‌كه‌كان گرنگی تایبه‌تیان به مێژووی پێغه‌مبه‌ران و لایه‌نی كه‌سێتیان داوه، هاوكات زۆربه‌ی بابه‌ته مێژووییه‌كانی قورئان په‌یوه‌ستن به به‌نی ئیسرائیل و په‌یامهێنه‌كانیانه‌وه؛ له‌به‌ر ئه‌وه‌شه ده‌بینین زیاتر ته‌فسیره‌كانی قورئان بوونه‌ته ژینگه و دایه‌نگه‌ی ئیسرائیلیاته‌كان.
ئه‌م سه‌یر و سه‌مه‌ره و ئه‌فسانانه بۆ موسڵمانه‌كان سه‌رنجڕاكێش بوون، به تایبه‌ت بۆ چینی چیرۆكبێژان كه له قۆناغێكی زووه‌وه ده‌ركه‌وتن، له مزگه‌وته‌كاندا ئه‌م قسه و سه‌ربورده سه‌یرانه‌یان بۆ خه‌ڵك ده‌گێڕایه‌وه. مێژوونووس و فه‌رمووده‌ناس (ئیبن قوته‌یبه) سێ فاكته‌ری دیاری كردووه كه بوونه مایه‌ی شێواندن و تێكچوونی فه‌رمووده‌كان:
یه‌كه‌م: بێباوه‌ڕان و نه‌یارانی ئیسلام: به تێخستن و تێكه‌ڵكردنی قسه‌ی ناپه‌سند و ناڕه‌وا و به‌ده‌ر له عه‌قڵ به فه‌رمووده‌كان و پاشان ڕه‌واج پێدانیان له ناو خه‌ڵكدا.
دووه‌م: چیڕۆكبێژه‌كان هه‌ر له دێر زه‌مانه‌وه، خه‌ڵكی ڕه‌شۆكیان له‌خۆ كۆده‌كرده‌وه و پاره‌یان لێ په‌یا ده‌كردن، به گێڕانه‌وه‌ی قسه‌ی نامۆ و سه‌یر و بێ بنه‌ما.
سێیه‌م: گێڕانه‌وه‌ی هه‌ندێ قسه و باسی كۆن كه پاشماوه‌ی سه‌رده‌می نه‌فامی (پێش ئیسلام)ن، تێكه‌ڵ به فه‌رمووده‌كان بوون(14).
چیرۆكبێژان، بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی خه‌ڵك و به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌یان؛ قسه و باسه‌كانیان ده‌خسته پاڵ زانایانی مه‌زن و زۆر جار وایان ده‌گێڕایه‌وه كه قسه‌ی هاوه‌ڵان یان پێغه‌مبه‌ره(15)، كه له بنه‌ڕه‌تدا سه‌رچاوه‌ی قسه‌كان ئیسرائیلیاته‌كان بوو، دوایی پێی سه‌رسام ده‌بوون و وایان ده‌زانی ده‌بێ هاوه‌ڵانیش له پێغه‌مبه‌ره‌وه وه‌ریانگرتبێت؛ چونكه قسه‌كان ئه‌وه نه‌بوون به بۆچوون بزانرێت، به‌ڵكو زیاتر باسه غه‌یبیه‌كان بوو، ئیدی به قسه‌ی پێغه‌مبه‌ریان حیساب ده‌كرد، دوایی وای لێهات سه‌خت بوو بۆ زانایان ئه‌م گێڕانه‌وانه جودا بكه‌نه‌وه، چی ته‌بایه له‌گه‌ڵ ڕاستی ئیسلام و چیش ناته‌بایه(16). به‌م شێوه‌یه ئیسرائیلیاته‌كان زیاتر بڵاوبوونه‌وه و كه‌وتنه سه‌ر زاری خه‌ڵك، ئه‌مه‌ش به‌ر له ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی نووسینه‌وه‌ی فه‌رمووده‌كان بوو، دوای نووسینه‌وه‌ش به شێوه‌یه‌كی زیاتر و فراوانتر به‌رده‌وامی هه‌بوو.
له‌م گێڕانه‌وه‌یه به شێوه‌یه‌كی ڕوونتر ده‌رده‌كه‌وێت كه چۆن ئیسرائیلیاته‌كانی كه‌عب تێكه‌ڵبوون به فه‌رمایشته‌كانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ): موسلیم ده‌گێڕێته‌وه له بوسری كوڕی سه‌عیده‌وه كه وتوویه‌تی "له خودا بترسن و له گێڕانه‌وه‌ی فه‌رمووده‌دا خۆپارێزی بكه‌ن، سوێند به خوا، من ده‌مبینی ئێمه لای ئه‌بو هوڕه‌یره داده‌نیشتین، قسه‌ی پێغه‌مبه‌ری به قسه‌ی كه‌عب ده‌گێڕایه‌وه، قسه‌ی كه‌عبیشی به هی پێغه‌مبه‌ر ده‌گێڕایه‌وه"(17).
بابه‌ت و بواره‌كانی ئیسرائیلیاته‌كان:
ئه‌و بوار و بابه‌تانه‌ی كاریگه‌ر بوون به ئیسرائیلیاته‌كان؛ بابه‌تی جۆراوجۆرن، هاوكات گرنگ و كاریگه‌ریشن، له خواره‌وه ئاماژه‌یه‌كی خێرا ده‌ده‌م به‌و بابه‌تانه، ورده‌كاری هه‌ندێكشیان باس ده‌كه‌م وه‌كو نموونه، بابه‌ته‌كان ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ن:
1- مێژووی گه‌لان و چیرۆكی پێغه‌مبه‌ران.
2- ده‌ستپێكی په‌یدابوونی مرۆڤ و بوونه‌وه‌ر.
3- نیشانه‌كانی كۆتایی دنیا.
4- گه‌ردوون و سرووشت.
5- سیفاته‌كانی خودا.
ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین؛ ده‌بینین سێ له‌م بابه‌تانه ده‌چنه خانی غه‌یب (میتافیزیك)ه‌وه، بۆیه موسڵمانان بۆ شكاندنی تاسه‌ی مه‌عریفی (ئه‌نتۆلۆجی)یان په‌نایان بۆ سه‌رچاوه‌ی تر بردووه كه زانیاری زیاتری تێدا بێت له باره‌ی ئه‌م بابه‌تانه‌وه، بواری مێژوو و چیرۆكی پێغه‌مبه‌رانیش وه‌ك پێشتر ئاماژه‌ی پێدرا، له قورئاندا به ته‌واوی باسنه‌كراون و بۆشاییان تێدایه، هه‌روه‌ها موسڵمانان له‌و سه‌رده‌مه‌دا زانست و زانیاریان نه‌بوو له باره‌ی دیارده سرووشتیه‌كان. هه‌موو بواره‌كان خاڵێك كۆیان ده‌كاته‌وه، ئه‌وانه‌ن كه زانیاری و ورده‌كاریان كه‌مه یان ناڕوونن، تاكه سه‌رچاوه‌ی به‌رده‌ست و نزیك لێیانه‌وه ڕۆشنبیری ئایینیانه‌ی ئه‌هلی كیتاب (جووله‌كه و كریستیان) بووه، ئیدی له‌وێ به‌دوای وه‌ڵامی پرسیار و پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنی مه‌عریفی خۆیاندا گه‌ڕاون.
له ته‌وراتدا هاتووه (خودا مرۆڤی له‌سه‌ر شێوه‌ی خۆی دروست كرد، له‌سه‌ر شێوه‌ی خودا به‌شه‌ری دروست كرد، به نێر و مێ دروستی كردن)(18)، له فه‌رمووده‌شدا به هه‌مان شێوه هاتووه، (خودا ئاده‌می له‌سه‌ر شێوه‌ی خۆی دروست كردووه، درێژیه‌كه‌ی شێست گه‌زه....)(19)، له گێڕانه‌وه‌یه‌كی تردا ده‌ڵێ: (ئه‌گه‌ر یه‌كێكتان شه‌ڕی له‌گه‌ڵ براكه‌ی كرد با خۆی له لێدانی ڕوخسار بپارێزێت؛ چونكه خودا ئاده‌می له‌سه‌ر شێوه‌ی خۆی دروست كردووه)(20)، به‌ڵام قورئان ده‌ڵێ (هیچ شتێك هاوشێوه‌ی خودا نییه) [الشورى: 11].
بابه‌تی لێكچوو له نێوان قورئان و ته‌وراتدا هه‌یه، ئه‌مه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه سه‌رچاوه‌یان یه‌كه و هه‌ردووكیان له خوداوه‌ن، وه‌كو ده ڕێنماییه‌كه، به‌ڵام بوونی بابه‌تی هاوشێوه له نێوان كتێبی جووله‌كه و كتێبه‌كانی فه‌رمووده، له كاتێكدا دژه یان ناته‌بایه له‌گه‌ڵ قورئاندا – ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه له لای ئه‌وانه‌وه دزه‌ی كردووه بۆ ناو ڕیوایه‌ته‌كان و كراون به فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر.
چیرۆكی به‌دیهێنانی ڕه‌گه‌زی مرۆڤ له ته‌ورات -كه هاوكات به‌شێكی كتێبی پیرۆزی مه‌سیحیه‌كان پێكده‌هێنێت- و له قورئاندا باسكراوه، چیرۆكه‌كه كۆمه‌ڵێك بابه‌ت له‌خۆ ده‌گرێت، له ورده‌كاریه‌كاندا جیاوازی هه‌یه له نێوان گێڕانه‌وه‌ی هه‌ردوو كتێبدا. بۆ نموونه له باسی دروستبوونی یه‌كه‌م مێینه، قورئان باسی له‌وه نه‌كردووه كه مێینه‌كه له په‌راسووی نێرینه‌كه دروستكراوه، به‌ڵكو ئه‌مه له ته‌وراتدا هه‌یه، هه‌روه‌ها له ڕیوایه‌ته‌كانی فه‌رمووه‌ده‌كانی پێغه‌مبه‌ردا هاتووه وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ لاری و ناڕێكی له پێكهاته‌ی سرووشتی و ده‌روونی ئافره‌تدا.
(خودا ئاده‌می خسته خه‌وێكی قووڵ، كه ئه‌و نووستوو بوو یه‌كێك له په‌راسووه‌كانی ده‌رهێنا و شوێنه‌كه‌ی به گۆشت پڕ كرده‌وه، خودا ژنێكی دروست كرد له‌و په‌راسووه‌ی له ئاده‌مه‌وه هێنابووی، هێنای بۆ لای ئاده‌م)(21)، له فه‌رمووده‌شدا وا هاتووه (ئاگاداری ژنان بن؛ چونكه ژن له په‌راسوویه‌ك دروستكراوه، خوارترین شتیش له په‌راسوودا سه‌ریه‌تی، ئه‌گه‌ر بته‌وێ ڕاستی بكه‌یته‌وه ده‌یشكێنیت، ئه‌گه‌ر وازیشی لێبێنیت هه‌ر به خواری ده‌مێنێته‌وه، جا ئاگاداری ژنان بن)(22). به‌ڵام له قورئاندا ته‌نها ده‌ڵێ هه‌ردووكیان له یه‌ك نه‌فس دروستكراون، واته له یه‌ك ڕه‌گه‌ز و یه‌ك حه‌قیقه‌ته‌وه دروستكراون، هه‌موو ئه‌و ڕیوایه‌تانه‌ی باس له‌وه ده‌كه‌ن حه‌وا له په‌راسوو دروستكراوه له ئیسرائیلیاته‌كانه‌وه وه‌رگیراون(23).
له ڕاستیدا جیاوازیه‌كی گه‌وره له نێوان ئه‌م دوو لێكدانه‌وه‌یه هه‌یه، ڕاڤه‌ی یه‌كه‌م گوایه حه‌وا له په‌راسووی ئاده‌م دروستكراوه تۆخكردنه‌وه‌ی شوێنكه‌وته‌یی ژنه بۆ پیاو و سڕینه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی و تواندنه‌وه‌یه‌تی له پیاودا، هه‌روه‌ها قووڵكردنه‌وه‌ی جیاكاری و چاكێتیه له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕه‌گه‌ز، ئه‌مه‌ش نایه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ مه‌به‌سته‌كانی شه‌ریعه‌ت. هه‌رچی لێكدانه‌وه‌ی تره ئه‌وا جگه له پاڵپشتی زمانه‌وانی و گونجانی له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانی قورئاندا، به‌ڕه‌وایی كردنی چه‌مكێكی ئیسلامی و ئینسانی بنه‌ڕه‌تیشه، ئه‌ویش سه‌ربه‌خۆیی كه‌سێتی ژن و له ئه‌ستۆبوونی ته‌واوی به‌رپرسیاریه‌تی خۆی له بوون و چاره‌نووسی خۆی(24).
له باره‌ی كۆتایی هاتنی دنیاوه، چه‌ندین شتی سه‌یر له ڕیوایه‌ته‌كاندا هاتووه، كه له قورئاندا نه‌ك هه‌ر باسنه‌كراون، به‌ڵكو ته‌واو جیاواز و ناهاوته‌ریبن له‌گه‌ڵ ئاراسته‌ی قورئان له‌م بابه‌ته‌دا. بۆ نموونه سه‌راپای باسه‌كانی هاتنی دێوه‌زمه‌یه‌ك به ناوی ده‌ججاله‌وه له قورئاندا نه باس نه ئاماژه‌یه‌كی بۆ نه‌كراوه، وەلێ فه‌رمووده‌كان ته‌نراون به ده‌یه‌ها فه‌رمووده‌ی دژ و ناته‌با به یه‌كتر له باره‌ی هاتنی ده‌ججال. یه‌كێك له چیرۆكه سه‌یره‌كان له باسی ده‌ججالدا، چیرۆكی (الجساسة)یه، گوایه (ته‌میم ئه‌دداری) بۆ پێغه‌مبه‌ری گێڕاوه‌ته‌وه(25)، ته‌میم موسڵمانبووێكی كریستیانی عه‌ره‌بی خه‌ڵكی شامه، ساڵی 9ی كۆچی هاتووه‌ته مه‌دینه و موسڵمانبووه.
له زنجیره‌ی نیشانه‌كانی كۆتاییهاتنی دنیا، هاتنی ڕزگاركه‌رێكه، ئه‌مه له كه‌له‌پووری زۆر له گه‌لانی دنیادا باسی هه‌یه، له كه‌له‌پووری ئیسلامی‌دا به ناوی (محمد المهدی) ناسراوه، له كتێبی ته‌وراتدا هاتووه (لقێك له ڕه‌گی یه‌سسێ ده‌رده‌چێت و گه‌شه ده‌كات، رۆحی خودای به‌سه‌ردا ده‌بارێت... بۆ هه‌ژاران بڕیاری دادگه‌رانه ده‌دات.. خرابه‌كاران به فوویه‌كی لێوه‌كانی ده‌مرێنێت، دادگه‌ری ده‌بێته قایشی قه‌دی، ڕاستیش ده‌بێته كه‌مه‌رپێچی، جا گورگ له‌گه‌ڵ مه‌ڕ ده‌ژێت، پڵنگ له ته‌ك گیسك ده‌خه‌وێت...)(26). هاوشێوه‌ی ئه‌م قسانه له ڕیوایه‌ته ئیسلامیه‌كانی په‌یوه‌ست به ده‌ركه‌وتنی (محەمەد مه‌هدی) هه‌ن، به تایبه‌ت ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه كه ده‌وترێت (ئه‌و دنیا عه‌داله‌ت ڕێژ ده‌كات، پاش ئه‌وه‌ی ته‌ژی ده‌بێت له سته‌م). لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌م بیرۆكه‌یه ڕیشه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جووله‌كاتی، ئایدیای هه‌ژارانه، كه ناتوانن سته‌می سه‌ر سه‌ریان لابه‌رن، چاوه‌ڕێی فریادڕه‌سێكی خودایی ده‌كه‌ن. ده‌بێ له‌گه‌ڵ هۆزه یه‌مه‌نیه‌كان گوێزرابێته‌وه بۆ شاری كووفه(27).
بابه‌تێكی تر كه له قورئاندا نییه و هاوبه‌شه له نێوان ته‌ورات و فه‌رمووده‌كان، بابه‌تی (رجم) به‌ردبارانكردنی زیناكه‌ری خاوه‌ن هاوسه‌ره. ڕه‌جم له شه‌ریعه‌تی موسادا هه‌یه(28)، هه‌روه‌ها له فه‌رمووده‌كانیشدا هاتووه كه به فه‌رمانی پێغه‌مبه‌ر ژنێكی به مێرد به‌ردباران كراوه به هۆی زیناكردنه‌وه(29).
ئه‌نجام:
بوونی جووله‌كه له دوورگه‌ی عه‌ره‌بی و به تایبه‌تی له شاری یه‌سریب پێش هاتنی ئایینی ئیسلام به چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك، له پاڵ نه‌زانی و نه‌خوێنده‌واری عه‌ره‌ب و چالاكی ئایینی و بازرگانی جووله‌كه و ئاوێته‌بوونیان له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی عه‌ره‌بی.. ئه‌مانه بوونه هۆی ئه‌وه‌ی ڕۆشنبیری ئایینی و كه‌لتووری جووله‌كه ببێته به‌شێك له كه‌لتوور و بیركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه، ئه‌مه‌ش خۆی بووه مایه‌یی ئاماده‌یی عه‌ره‌به‌كان له قۆناغی پاش ئیسلام بۆ قبووڵكردنی ئه‌فسانه‌ی ئایینی كه یه‌كێكه له سیماكانی هزری ئایینی جووله‌كه.
ئینجا له پاش هاتنی ئیسلام، چه‌ند پیاوێكی ئایینی جووله‌كه موسڵمان بوون و هاوكات له ده‌ق و باسه‌كانی ئیسلام بۆشاییه‌ك هه‌بوو ده‌رباره‌ی بابه‌ته میتافیزیكی و مێژوویی و سرووشتیه‌كاندا، پێویستی موسڵمانان به زانیاری و سڵنه‌كردنه‌وه‌ی جووه موسڵمانبووه‌كان له گێڕانه‌وه‌ی كه‌له‌پووری ئایینی خۆیان به هه‌موو چه‌شن و ته‌رزه‌كانیه‌وه - ڕێگه‌یه‌كی فراوانی كرده‌وه بۆ دزه‌كردن و تێكه‌ڵبوونی كه‌له‌پووری ئایینیی جووله‌كه به كه‌له‌پووری ئیسلامی، ته‌نانه‌ت ئاوێته‌بوونی به فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ر، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری گه‌وره‌ی به‌جێهێشتووه له‌سه‌ر ئیسلامی مێژوو.
ئیسرائیلیاته‌كان بوونه مایه‌ی قووڵكردنه‌وه و فراوانكردنی دووبه‌ره‌كی و ڕاجیایی له ناو ئوممه‌تی ئیسلامی‌دا. له بواری ته‌فسیردا موسڵمانانی سه‌رقاڵی شتی لاوه‌كی و بێ بنه‌ما كرد و دووری خستنه‌وه له گرنگیدان به خودی قورئان و له په‌یام و ناوه‌ڕۆك و میتۆده‌كه‌ی. له هه‌مووی ترسناكتر بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌فسانه‌ی ئایینی و ڕه‌واجپێدانی به ناوی خودا و پێغه‌مبه‌ره‌وه، كه ئه‌مه په‌نجه‌مۆری ڕاسته‌وخۆی هه‌بووه له خولقاندنی زهنیه‌تی ئه‌فسوونگه‌رایی، ئاماده‌گی بۆ باوه‌ڕهێنان و شوێنكه‌وتنی ئه‌فسانه و لێكدانه‌وه‌ی ئایینیانه‌ی بێ بنه‌ما له ناو موسڵماناندا.
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌كان:
1- أحمد أمين: فجر الإسلام، ل 262-263، چاپی یه‌كه‌می دار الشروق – القاهرة، 2009.
2- الذهبی، د.محمد حسین: الإسرائیلیات فی التفسیر والحدیث، ل 21، مكتبة وهبة – القاهرة، بێ ساڵ و نۆره‌ی چاپ.
3- ابن خلدون، عبدالرحمن بن محمد (ت: 808هـ): المقدمة، تحقيق: خليل شحادة، ل 554، دار الفكر، بيروت، ط2، 1408هـ- 1988م.
4-صحیح البخاري: كتاب احاديث الأنبياء، باب ما ذكر عن بني اسرائيل، ژماره‌ی فه‌رمووده (3461 ).
5-العلواني، د.طه: لا إكراه في الدين، ل 29-34، مكتبة الشروق الدولية-القاهرة، ط1، 1424هـ-2003م.
6- صحيح البخاري: كتاب الاعتصام بالكتاب والسنة، باب قول النبي لا تسألوا أهل الكتاب عن شي‌ء، ژماره‌ی فه‌رمووده (7363).
7-رضا، محمد رشيد (ت: 1935م): تفسير المنار، ل 9/40، 401-403 و 8/179، 317، 399-400 و 1/10، الهيئة المصرية العامة للكتاب، 1990م. بێ نۆره‌ی چاپ.
8- صحيح البخاري: كتاب الاعتصام بالكتاب والسنة، باب قول النبي لا تسألوا اهل الكتاب عن شي‌ء، ژماره‌ی فه‌رمووده
9- ابن كثیر، إسماعيل بن عمر (ت: 774هـ): تفسير القرآ‌ن العظيم، تحقيق: سامي محمد سلامة، ل 7/32-33، دار طيبة للنشر والتوزيع، ط2، 1420هـ-1999م.
10-ابن كثیر: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 1/33.
11-الذهبي، محمد بن أحمد (ت: 748هـ): سير أعلام النبلا‌ء، ل 3/489-490، مؤسسة الرسالة، ط3، 1405هـ- 1985م.
12-الطبري، محمد بن جرير (ت: 310هـ): جامع البيان../ التفسير، تحقيق: د.عبدالله عبدالمحسن التركي، بۆ نموونه بڕوانه: ل 15/375 و 16/630 و 17/299 و 22/33، دار هجر، ط1، 1422هـ-2001م.
13-الذهبی، د.محمد حسین: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 22.
14-ابن قتیبة، عبدالله بن مسلم الدینوری (ت: 276هـ): تأویل مختلف الحدیث، ل 404-409، المكتب الإسلامي- مؤسسة الإشراق، ط2، 1419هـ-1999م.
15-بۆ ئاشنابوون به به‌زمی چیرۆكبێژان و چیرۆك و قسه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌كانیان ده‌توانی بگه‌ڕێیه‌وه بۆ: السیوطي، عبدالرحمن بن أبي بكر (ت: 911هـ): تحذير الخواص من أكاذيب القُصّاص، تحقيق: محمد الصباغ، المكتب الإسلامي-بيروت، ط2، 1394هـ-1974م.
16-رضا، محمد رشید: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 8/317.
17-مسلم بن الحجاج (ت: 261هـ): التمييز، تحقيق: د.محمد مصطفى الأعظمي، ل 175، ژماره‌ی فه‌رمووده (10)، دار الكوثر– السعودية، ط3، 1410هـ-1990م. له هه‌ندێ ڕیوایه‌تی تردا هاتووه كه ئه‌وانه‌ی لای ئه‌بوهوره‌یره دانیشتوون كاتێك فه‌رمایشته‌كانیان لێوه گێڕاوته‌وه ئه‌وان تێكه‌ڵیان كردوون نه‌ك ئه‌بوهوره‌یره خۆی، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه موسلیمه له كتێبی ناوبراودا، له‌م كتێبه‌شدا ته‌نها ئه‌وه هه‌یه كه له‌سه‌ره‌وه وه‌ڕگێڕانه‌كه‌یم داناوه، كه وای ده‌رده‌خات تێكه‌ڵكردنه‌كه له لایه‌ن خودی ئه‌بوهوره‌یره‌وه ڕوویداوه.
18-الكتاب المقد‌س: العهد القدیم: سفر التكوین/1 ف27، الترجمة العربية المشتركة من اللغات الأصلية، جمعية الكتاب المقد‌س في لبنان.
19-صحيح البخاري، كتاب الاستئذان، باب بدء السلام، ژماره‌ی فه‌رمووده (6227).
20-صحیح مسلم، كتاب البر والصلة والآداب، باب النهي عن ضرب الوجه، فه‌رمووده‌ی ژماره (2612).
21-الكتاب المقد‌س: العهد القديم: سفر التكوين/2، ف 21-22.
22-صحيح البخاري، كتاب أحادیث الأنبیاء، باب خلق آدم وذريته، ژماره‌ی فه‌رمووده (3331).
23-رضا، محمد رشید: سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل 4/268.
24-الغنوشی، را‌شد: المرأة بین القرآ‌ن وواقع المسلمين، ل 16-17، دار الشروق- القاهرة، ط1، 2012م.
25-بۆ خوێندنه‌وه‌ی ته‌واوی چیرۆكی (الجساسة) بڕوانه: صحیح مسلم: كتاب الفتن وأشراط الساعة، باب قصة الجساسة.
26-الكتاب المقد‌س: العهد القديم: سفر إشعیاء/11، ف 1-9.
27-الجابري، محمد عابد: العقل السياسي العربي، ل 287، مركز دراسات الوحدة العربية، بيروت - لبنان، ط6، 2007.
28-الكتاب المقد‌س: العهد القديم: سفر التثنیة/22، ف 20-24.
29-صحيح البخاري، كتاب الشروط، باب الشروط التي لا تحل في الحدود، ژماره‌ی فه‌رمووده (2724)، كتاب الحدود، باب رجم المحصن، ژماره‌ی فه‌رمووده (6813)، باب الاعتراف بالزنا، فه‌رمووده‌ی ژماره (6829).