نەتەوەى جو
جوو یان جوولەکە (بەعیبری:יהודים) ، بەپێی سەرچاوەکانی مێژوو ئەم گەلە به نەوەکانی پەیامبەر (یەعقووب) دادەنرێن، نەوەکانی ئەم گەلە سەر بە ئایینی جوولەکەن کە "موسا" پەیامبەری ئاینەكەیە.
ئیبراھیم بەباپیرە گەورەی جووەکان دادەنرێ، ئینجا کوڕی ئیبراهیم "ئیسحاق"، ئینجا کوڕی ئیسحاق "یەعقووب"، ئینجا کوڕەکانی یەعقووب بە ناوی (یەهوزا) بەنەوەی جووەکان دادەنرێن.
نەوەکانی ئەم گەلە سەر بە ئاینی "جوولەکە"ن کە سەر بەپەیامی موسان، لەنێو ئاينەکەدا دوو پەرتووک نێوبانگی هەیە یەکەمیان"تەورات" و دووەمیش "تەلەمود"ـه کە لەلایەن حاخامەکانەوە نووسراوە.
زمانی عیبری زمانێکە لە بنەماڵەی زمانە سامییەکان، ئێستا لە ئیسرائیلدا زمانی فەرمییە.
بەنی ئیسرائیل
قەومی بەنی ئیسرائیل (بە عیبری:בני ישראל) بە مناڵ و نەوەکانی یەعقووب دەوترێ. ئەو قەومە بن و ڕیشەی قەومێکن کە دواتر ناویان نرا یەھوود. ئیسرائیل وشەیێکی عیبریە و تێکەڵێ "ئیسرا (اسرا)" و "ئیل (یل)"ە کە وشەی "اسرا" بە مانای بەندە و "یل" بە مانای خودایە و بە گشتی بە مانای بەندەی خوایە.[١] ھەڵبەت لە کتێبە یەھوودییەکان دا بە مانای سەرکەوتوو بەسەر خوا یان ملانە گرتوو لەگەڵ خودا ھاتوە. ئەو چیرۆکە لە چیرۆکی ملانە گرتنی یەعقووب لەگەڵ خودا یان فریشتەیەک لە لایەن خوا کە لە پەیمانی کۆن دا ھاتوە، وەرگیراوە، کە دوای ئەو ملانەیە ناوی یەعقووب دەگۆردرێ بۆ ئیسرائیل.،[٢] لەبەر ئەو ھۆکارە بە نەوەکانی یەعقووب دەڵێن بەنی ئیسرائیلی. لە کتێبی پەیمانی کۆن دا وشەی ئیسرائیلی بە مانای دوازدە خێڵی بەنی ئیسرائیل و ھەروەھا بە مانای خەڵکی وڵاتی ئیسرائیلی کۆن بە کار ھاتوە. نزیکەی ٥ سەدە پێش زایین، جێماوی دوازدە خێڵی بەنی ئیسرائیلی یەھوود ئەوانە بوون؛ خێڵەکانی:
جوودا
شیمۆن
بێنیامین (ڕێژەیان کەمتر بوو)
لۆڤی (ڕێژەیان کەمتر بوو)
پەیمانی کۆن
لە تەوراتدا ڕەگەزی بەنی ئیسرائیل دەگاتە یەعقووبی پێخەمبەر نەوەی ئیبراھیم کە لە ڕووداوێکی سەیر دا تەواوی شیوێک لەگەڵ خودا یان فریشتەیەک لە لایەن خوداوە ملانە دەگرێ و لە کۆتاییش دا براوە دەبێت. یەعقووب دوازدە کوڕی ھەبوو کە ناوەکانیان ئەمانە بوو: رۆبێن، شیمۆن، لاوی، جوودا، دێن، نێفتالی، گێد، ئاشێر، ئیساکێر، زێبۆلۆن، یووسف، بێنیامین. مناڵەکانی ئەو کووڕانە خێڵەکانی بەنی ئیسرائیلیان پێک ھێنان
دایکانی مناڵەکانی یەعقووب بریتین لە:
لیە: ۆبێن، شیمۆن، لاوی، جوودا، ئیساکێر، زێبۆلۆن.
ڕاشێل: یووسف، بێنیامین.
بیلھا (خزمەتکاری ڕاشێل): دێن، نێفتالی.
زیلپا (خزمەتکاری لیە): گێد، ئاشێر.[٣]
یەعقووب و کوڕەکانی بە دەعوەتی براکەیان یووسف کە ئەو کات عەزیزی میسر بوو، کۆچیان کرد. کاتێک گەیشتنە میسر ٧٠ کەس بوون کە لە ٤ پشت بەرز بووە بۆ ٦٠٠، ٠٠٠ کەس. فیرعەون لە بەھێز بوونیان ترسا و فەرمانی دا تا ھەموو کووڕەکانیان بکوژن. خودای ئیسرائیل ناوی خۆی بە مووسا نیشان دەدا، مووسا لە پشتی لاڤیە. لەوکاتە دا خودا ئەوان لە دیلی ڕزگار دەکات و یاساکانی خۆییان دەداتێ، بەڵام ئیسرائیلیەکان ئیمانی تەواویان نەبوو و ئیزنی چوونە ناو سەرزەوی بەڵێن دراویان نەبوو، دوای مردنی مووسا و پشتەکەی، نەوەی دواتر بە رێبەری یووشەعی پێخەمبەر دەچنە ناو کەنعان و کۆنتڕۆڵی ناوچەکە دەکەن، بەڵام دیسانیش ئیسرائیلیەکان ئیمانی پێویستیان نەبوو و تووشی کێشە ھاتن. بەنی ئیسرائیل داوای شایەک لە خودا دەکەن و ئەویش تالووتیان دەداتێ. داوودی پێخەمبەر دوای تالووت ھێز دەگرێتە دەست، لە سەردەمی داوود ئیسرائیلیەکان حکوومەتی خودا بەدەست دێنن. مناڵی داوود، بە ناوی سولەیمان، پەرستگایەک بۆ پەرستشی خودا دروست دەکا. لە پەیمانی کۆندا ھاتووە کە سولەیمان ئیزنی ژنە بیانیەکانی دەدا کە خوداکانی خۆیان بپەرەستن، ھەروەھا پاشایەتیەکەی دەبێتە دوو بەش. پاشایەتی باکووری ئیسرائیل سەرپێچی و گوناە دەکەن و ئیزنی بتپەرستی دەدەن و لە یەکتاپەرستی دا شکست دەخۆن، بۆیە خودا ئیزن دەدا خێڵەکانی تر بەسەریان دا سەرکەون و جێگایان بگرن.
لە جوودا ھەندێک ڕوو لە یەکتاپەرستی دەکەن بەڵام ھەندێکی تر دەبنە بت پەرەست و تەنانەت لە پەرستگای سولەیمان بتپەرستی دەکەن. بۆیە خودا ئیزن دەدا کە جوودا بدۆڕێت و لە بابل بەند بکرێت و پەرستگای سولەیمان تێک بدرێت. بەڵام دواتر خودا سەرەرای گوناھەکانیان لێیان خۆش دەبێت و لێیان دەگەرێ بچنەوە جوودا و پەرەستگایەکە درووست بکەنەوە.
لە تێڕوانینی قورئان
لە قورئاندا چەندین جار باسی بەنی ئیسرائیل کراوە، ھەروەھا لە چەند جێ بە ناوی ئیسرائیل باسی یەعقووب کراوە، ھەرچەندە چیرۆکی گۆڕانی ناوی یەعقووب بۆ ئیسرائیل لە قورئان دا نەھاوتووە. لە قورئان دا ھاتوە خودا بەڵێنی بە بەنی ئیسرائیل داوە کە دوو جار لەسەر زەوی فەساد و ئاژاوە دەکەن، جاری یەکەم کە تێک چوونی پەرستگای یەکەمە ئەوان لەوێ دەردەکرێن و بەند دەکرێن، جاری دووھەمیش بە ھەمان شێوە پەرستگاکەیان تێک دەدرێ و لەوێ دەردەکرێن.[٤] لە قورئان دا بە پێچەوانەی پەیمانی کۆن، خودا دەڵێ سولەیمان کافر نەبوە و گوناھی نەکردوە.[٥] ھەروەھا ناوی خێڵەکانی بەنی ئیسرائیل لە قورئان دا نەھاتوە.
یەهودییەت
یەهوودییەت یان ئایینی جوولەکە (بەئینگلیزی: Judaism، بەعەرەبی: اليهودية، لە وشەی Iudaismus ی لاتینییەوە، کە داتاشراوە لە وشەی Ioudaïsmos ی گریکییەوە، دواجار لە وشەی יהודה (یەهوداهـ) ی عیبرییەوە "یەهودا")، ئایین، فەلسەفە و ڕێگای ژیانی جوولەکەکانە.
وەک لە کتێبی پیرۆزی عیبری (هەروەها ناویش دەبرێت بە تەناخ) سەرچاوەی گرتووە و دەقەکانی تری دوایی وەکو "تەلموود" ڕوونی دەکەنەوە، یەهوودییەت لەلای پیاوانی ئایینی پێناسە دەکرێت بە پەیوەندییەکی پشتاوپشتی لەنێوان خودا و بەنی ئیسرائیلدا. یەهوودییەتی ڕەبانییەت پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە خودا فەرمایشتەکانی خۆی بە مووسا لەسەر چیای سینای بەهەردوو ڕێگەی تەوراتی نووسراو تەوراتی زارەکی ڕاگەیاندووە. ئەم جەختکارییە بەدرێژایی مێژوو لە لایەن قەڕاییتەکانەوە کێبڕکێ کراوە، ئەویش جووڵەیەک بوو کە لەسەدەکانی ناوەڕاستدا دەرکەوت، کە لەئێستادا هەزاران شوێنکەوتوویان هەیە، پێشیان وایە کە تەنها تەوراتی نووسراو درووستە.
تەورات
تەورات (بەئینگلیزی: Torah، بەعیبری: תּוֹרָה؛ واتا "فێرکردن")، وشەى تەورات بەعیبری بەواتای فێرکردن یان ئاراستەدان دێت (وەرگێرانی وشەیی) بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیدارە بە فێرکاری و ئاراستەدانی یاساییەوە. تەورات ناوی پێنج کتێبی یەکەمی کتێبی پیرۆزی عیبیری (تەناخ) و پەیمانی کۆنە. کتێبی پیرۆزى عیبری دابەش دەبێت بۆ سێ بەش، تەورات بەشی یەکەمیەتی، نیڤیئیم (پێغەمبەران) بەشی دووەمیەتی و کیتۆڤیمیش (یان پەڕتووکەکان بەکوردی) بەشی سێیەمییەتی کە بریتییە لە بەشی ئەدەبییاتی یەهوودییەت.
تەناخ (بە عیبری:תנ"ך) ناوی عیبری کتێبی پیرۆزی یەھوودیەکانە کە لە لای مەسیحیەکان پێی دەوترێ تەوراتی عیبری و دوای ھەندێ گۆڕانکاری و زیادکردن بە ناوی پەیمانی کۆن خستراوەتە ناو ئینجیلی پیرۆز و سێ بەش لەخۆ دەگرێ:
تەورات یان توورا (بە عیبری:תורה) = (فەرمان یان شەریعەت)
نێڤیم (بە عیبری:נביאים) = (کتێبی پێخەمبەران)
کێتووڤیم (بە عیبری:כתובים) = (نووسراوەکان)
تەناخ لەڕاستیدا لە تێکەڵ کردنی پیتی سەرەتای ئەو سێ وشەیە لە زمانی لاتینی دا درووست بووە. ت، ن، خ.
ناوەکانی کتێبەکانی تەورات
ناوەکانی ناو بازنە ئەو ناوانەن کە لای مەسیحیەکان باون:
تەورات
بێرشیت בראשית (کتێبی خووڵقان)
شەمووت שמות (کتێبی دەرچوون)
ڤییقرا ויקרא (کتێبی لێڤیتێس = ئەو بانگ دەکات)
بێمدیبار במדבר (بەمیدبار = لە بیابان)
دێڤاریم דברים (وتارەکان)
نێڤیم
کتێبی نێڤیم کە خۆی لە چەند بەشێکی تر پێک ھاتووە.
کتێبی یووشەع یان یەهووشەع יהושע
بە پێخەمبەرایەتی یووشەع یان چوونە ناو سەرزەوی پیرۆز لە لایەن قەومی بەنی ئیسرائیل دەست پێ دەکا و مێژووی قەومی بەنی ئیسرائیل دەڵێتەوە.
شووفتیم یان کتێبی داوەران (حاکمەکان) שופטים
باسی بەسەرھاتەکانی ھەندێ حاکم دەکات کە دوای یووشەع رێبەری خەڵکیان لەستۆ بوو، وەکوو: دوورا و گیدعوون و شیمشۆن.
شێمۆئیل שמואל، دوو کتێبی ھەبووە.
ئەو کتێبە باسی دوای شووفتیم دەکات. ھەروەھا باسی بوونە پاشای شاوول یەکەم پاشای بەنی ئیسرائیل و دواتریش باسی داوود دەکا.
مەلاخیم یان کتێبی پێخەمبەران מלכים
بە باس کردنی سەردەمی پاشایانی بەنی ئیسرائیل لە دوای داوود و لە دەسەڵاتی شۆلۆمۆ(سولەیمان) دەست پێ دەکات و تا تێکدرانی خانووی ھێمیقداش بە دەستی پاسای بابێل درێژەی ھەیە.
ئەشعیا ישעיהו
ئەرمیا ירמיהו
حەزقیال יחזקאל
دوازدە كتێبەكان
یووشەع הושע
یووئیل יואל
عامووس עובדיה
عووبێدیا עובדיה
یوونس יונה
میخا מיכה
ناحووم נחום
حەبقووق חבקוק
سێفنیا צפניה
حەگای חגי
زەکەریا זכריה
مالاخی מלאכי
کێتووڤیم
تێھیلیم یان سروودەکانی داوود یان زەبوور یا مزامیر داوود תהילים
میشلێ شلۆمۆ یان ئاماژەکانی سولەیمان משלי
کووھێلێت جامعە קהלת یان جامعە لە بارەی سولەیمان کووڕی داوود دایە.
شێرھاشێریم، یان بە کوردی گەرەترین غەزەڵەکان שיר השירים
ئەیووب איוב
ڕووس רות
ئێرمیا איכה
ئێستێر אסתר
دانیال דניאל
ئێزرا עזרא
نێحیمیا נחמיה
مێژووێ سەردەمەکان דברי הימים شامل کتێبی یەکەم سەردەمەکان و کتێبی دووھەمی سەردەمەکان
تەلموود
پێش ناساندن و باسکردنی تەلموود بۆ ئاسانکردنی مەودای تێگەشتن لە تەلموود وەک حەدیثەکانی پێغەمبەری ئیسلام وایە، لە ئاینی ئیسلامدا دوو سەرچاوە هەیە کە بنەماو یاسا و ڕێسا و دەستوری ئیسلامن، دەتوانین بڵێين دوو پایە گرنگەکە ئەوانیش: قورئان + حەدیس = ئاینی ئیسلام
لە ئاینی جوویشدا دەتوانین بڵێين: تەورات + تەلموود = ئاینی جوو
ئەم بەراودکارییە بۆ ئاسانکاری بوو ئێستا ئێمە تێگەشتین کە حەدیسی جووەکان تەلموودە، حەدیسیش زۆرجار دەوری ڕوونکردنەوەی کتێبە پیرۆزەکان دەبینێت، لەگەڵ بۆچوون و خوو ڕەوشتی تایبەت بە پێغەمبەرەکە هتد... دەبینێتەوە.
موسا
مووسا (بە عەرەبی: موسی، بە ئینگلیزی: Moses) مووسا لە فاقوس لە پارێزگای شەرقییەی میسر کە ناودەبرا بە خاکی جاسان (Goshen) لەسەردەمی فیرعەونەکاندا، لەدایکبووە و ژیاوە، ناوی مووسا، لە عیبریدا بە מֹשֶׁה (بە لاتینی Moshe) ھاتووە، واتا لە ئاودا دەرھێنراو، چونکە لە ئاودا دۆزییانەوە و دەریانھێنا. جولەکە بە مووسای مامۆستا ناوی دەبەن و لە لایان گرنگترین پێغەمبەرە، مووسا لە قورئاندا 136 جار (زیاتر لە ھەموو پێغەمبەرانی تر) ناوی ھاتووە و یەکێکە لە پێغەمبەرە شکۆمەندەکان (اولی العزم) و نازناوی «کلیم الله»یە و کتێبەکەی تەوراتە، مووسا لە فەڵەستین کۆچی دوايی کرد لە کاتێکدا کە تەمەنی 120 ساڵ بووە.
بنەچە
لە نووسراوەی سەردەمی کۆندا ھاتووە، موسی کوڕی عەمران کوڕی قھات کوڕی لاوی کوڕی یەعقوب کوڕی ئیسحاق کوڕی ئیبراھیم کوڕی تارخ کوڕی ناحور کوڕی سروج کوڕی رەعو کوڕی فالج کوڕی عابر کوڕی شالح کوڕی ئەرفکشاد کوڕی سام کوڕی نووحە ، دایکی ناوی یوکابد بوو، برایەکی ھەبوو بەناوی ھارون کە ئەمیش یەک خوشکی ھەبوو بە ناوی مریەم.
ژیانی سەرەتایی
مووسا لەپێغەمبەرانی بەنی ئیسرائیل بووە کە یوسف پێشی خستن لە فەڵەستینەوە و لە زەوی (جاسانە) نیشتەجێ ی کردن (شاری الشرقیە)ی ئەمڕۆ لە میسر لەبەر پێویستیان بە شوێنێکی زۆر بۆ مەڕو ماڵاتیان. بەپێی پەڕتووکی پەیمانی کۆن و قورئان مووسا لەو ساڵەدا لەدایک بووە کە منداڵی ھۆزی ئیسرائیلیەکان دەکوژران لە کاتێکدا کە فیرعەونی میسر ڕەمسیسی دووەم کە ساڵێک فەرمانی کوشتنیانی دەرکرد و ساڵێک وازی لێھێنان ئەمەش لەترسی زۆربوونی ژمارەیان بوو ھەتا نەبنە یارمەتیدەرێک بۆ دوژمنەکانی، ھەندێکیش دەڵێن (ئەو ساڵە فیرعەون خەوێکی دیوە و بە پێی ئەوەی کە خەوەکەیان بۆ لێک داوەتەوە پێیان وتووە کە ئەم ساڵ منداڵێک لە دایک دەبێت کە تۆ لەناو دەبات بۆیە فەرمانی بەلەناو بردنی ھەموو منداڵێک کرد کە لەو ساڵەدا لەدایک دەبوون کە مووسا تیایدا لەدایک بووە). دایکی مووسا منداڵەکەی دەخاتە سندوقێکەوە و دەیخاتە ڕووباری نیل و لەم کاتەدا فیرعەون دۆزییەوە و خێزانەکەی خۆشی ویست و ئینجا مووسا لە کۆشکی فیرعەون دا ژیانی بەسەر برد.
ژیانی پێغەمبەرایەتی
مووسا لەدوای کوشتنی یەکێک لەشوێنکەوتوانی فیرعەون و سەرخستنی ئیسرائیلییەک ڕای کرد بۆ مەدیەن و بۆ ماوەی ھەشت ساڵ لەوێ مایەوە و خێزانی ھێنا. خێزانەکەی سەفورا کچی شوعەیب بوو. لەدوای ئەمە کۆچی کرد بۆ کێوی (طور سیناء) و دوو پەرجۆی داردەستەکەی و دەستی، بە یارمەتیی ھارونی برای، گەڕایە بۆ لای فیرعەون. مووسا بە بەڵگە و موعجیزەکانی، فیرعەون و گەلەکەیی سەرسام و دەستەوەستان کرد. بەڵام فیرعەون لەسەر بێ باوەڕی خۆی بەردەوام بوو. قورئان: (فَأسْتَخَفَّ قَوْمَھُ فَأَطَاعُوه إِنَّھُمْ کَانُوا قَوْمًا فَاسِقِینَ) سورەتی الزخرف، ئایەتی: ٥٤، واتە: (گەلەکەی کەوتنە ترسەوە لە فیرعەون وگوێڕایەڵیان کرد بەڕاستی ئەوانە گەلێکی لەسنوور دەرچوون).
مووسا لەگەڵ بەنی ئیسرائیل بە نھێنی لە میسر چووەدەرەوە بۆ فەڵەستین و فیرعەون و ھامان و دەست و پێوەندەکانیان شوێنیان کەوتن و پێیان گەیشتن لە کەناری دەریای سوور لەسەر کەنداوی سویس، لەلای ڕۆژھەڵاتەوە ئینجا مووسا بە دارەکەی دەستی و بەفەرمانی خوا، دای بە ناو دەریاکەدا و دەریاکە پارچە بوو، فیرعەون و شوێنکەوتوەکانی نوقمی ئاوەکەبوون و خنکان.
داوود
داوود، (بە عیبری דָּוִד داوید، و بە عیبری نوێ بە داڤید ئەخوێنرێتەوە) مانای دڵگیرە، دووەم پاشای شانشینی ئیسرائیلی یەکگرتووە (١٠١١ پ.ز - ٩٧١ پ.ز) و یەکێکە لە پێغەمبەرەکانی بەنی ئیسرائیل.
وەسفکراوە بەوەی کە ڕاسترین و پاکترین پاشا بووە لە پاشاکانی ئیسرائیلی مێژووییدا -بەڵام بێ هەڵە نەبووە- هەروەها جەنگاوەرێکی لێهاتوو بووە ، مۆسیقی و شاعیر بووە.
سولەیمان
سولەیمان کوڕی "داوود"ە کە بە ڕای موسڵمانان و جووەکان خوا نیعمەتی پێغەمبەرایەتی و پاشایەتی پێ بەخشیبوون، لە پاش مردنی داوود، پێغەمبەر سولەیمان بوو بە جێگری لە پێغەمبەرایەتی و پادشایەتیدا، سولەیمان زمانی باڵندە و مێرووی زانیوە و لێیانتێگەیشتووە. سولەیمان لە قودس بەنزیکەیی ١٠٠٠ ساڵ پێش زایین لەدایکبووە، پادشای مەملەکەتی ئیسرائیل بووە.
ناوی سولەیمان لە بنەڕەتدا عیبرییە، کە بە "شۆلۆمۆ" (Šəlomo) یان "سلومو" دەخوێنرێتەوە[٤]، بە (لاتینی: Solomon). عەرەبەکان بە (سلیمان) دەینوسن.
یوشەع کوڕی نوون
یوشەع کوڕی نوون یەکێک لە کەسایەتیەکانی تەنخە. بە پێی ئینجیلی پیرۆز ئەو یەکێک لە پێخەمبەرەکانی بەنی ئیسرائیل بوو. تێپەڕینی قەومی بەنی ئیسرائیل لە ڕووباری ئەردەن بە سەرکردایەتی ئەو بوو.کتێبی یووشەعیش پەیوەندیدار بەوەیە. ئەو لە پشتی ئەفرایمی کوڕی یووسف بوو و لەو ١٢ کەسە بوو کە مووسا بۆ پشکنینی خاکی بەڵێندراوی نارد.
ھەروەھا دوای ھاتنەوە وێڕای کالب بن یووفەنا تەنیا کەسانێک بوون لە ناو بەنی ئیسرائیل کە ئامادەی جەنگ بوون بۆ بردنەوەی سەرزەوی بەڵێن دراو. بەڵام لەبەروەی خەڵکەکە لە شەڕ بۆ خوداترسان و فەرمانی خودایان جێبەجێ نەکرد و ویستیان ئەوان و مووساش بەردباران بکەن، خودا ئەوانی چل ساڵ لە بیاباندا سەرگەردان کرد.[٣][٤] دوای ئەوەش لە ناو ٦٠٠ ھەزار پیاوی سەروو ٢٠ ساڵی بەنی ئیسرائیل، کالیب و یووشەع، تەنیا کەسانێک بوون کە چوونە ناو کەنعان.[٥] وەکوو ئەو چیرۆکە بێ ناوزەدی کەسایەتی و تەنیا بە ئاماژە بە دوو کەس کە قەومی خۆیان داوەتی شەڕ دەکرد، ڕێک لە قورئاندا ھاتوە.[٦]
ناوی یووشەع لە عیبریدا کورتکراوەی ناوی "یەھووشەع" بە مانای "یەھوە" (دەرباز بوون)ە، ناوی عیسا لە عیبریدا لە ڕێشەی ئەو ناوە وەرگیراوە. بۆیە زۆرتر لە مەسیحیەتی ڕۆژھەڵات و لە وڵاتە ئیسلامیەکان وەکوو یووشەع بن نوون ناوی دەبەن تا ناوەکەی لەگەڵ عیسا تێکەڵ نەبێ.