به‌یاننامه‌ی پلاتفۆرمی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگه‌ری
ده‌رباره‌ی پرۆژه یاسای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سێتی ژماره١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩
دوابه‌دوای ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ی بۆ هه‌موار كردنه‌وه‌ی یاسای باری كه‌سێتی ژماره ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ له ڕۆژی (١\١١\٢٠١٧) له‌لایه‌ن چه‌ند فراكسیۆنێكی په‌رله‌مانییه‌وه پێشكه‌شكرا و په‌رله‌مانی عێراق له‌ڕوی مه‌بده‌ئییه‌وه ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر ده‌ربڕیوه، ته‌وژمێكی ناره‌زایی له‌نێوه‌نده جیاوازه‌كانی عێراق و چاودێرانی بواره‌كانی مافی مرۆڤدا به‌رپاكردوه. ئه‌م پرۆژه‌یه یاسایه هه‌وڵێكه بۆ جیاكارییه‌كی تائیفی ومه‌زهه‌بی له‌عێراقدا و جۆرێكی تر له‌سوكایه‌تی بۆ كاراكته‌ری ژن زیاد ده‌كات. تێپه‌ڕاندنی پرۆژه‌كه له‌په‌رله‌مان و جێگیركردنی ده‌بێته نسكۆیه‌كی گه‌وره‌ی یاسایی و كاره‌ساتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی له داهاتوودا لێده‌كه‌وێته‌وه‌و به‌شبوونی عێراق له‌ڕوی مه‌زهه‌بییه‌وه به‌یاسا تۆختر ده‌كاته‌وه.
یه‌كێك له‌ترسناكترین خاڵه‌كانی نێو پرۆژه یاساكه كه‌مكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی هاوسه‌رگیرییه بۆ قۆناغێك كه به‌پێی یاسا وستاندارده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كه عێراق خۆی دانی پێداناون، به‌قۆناغی منداڵی ده‌ناسرێت. له‌و قۆناغه‌دا منداڵ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك شیاوی پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری نیه و له‌ڕوی جه‌سته‌یشه‌وه پێنه‌گه‌یشتوه و ئۆرگانه‌كانی جه‌سته‌ی ئاماده‌ی ئه‌و گۆڕانكارییانه نین كه هاوسه‌رگیری ده‌یهێنێته گۆڕێ، هاوكات هه‌ردوو دۆخی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی منداڵ ده‌كه‌وێته‌به‌ر زه‌برێكی توند وكاریگه‌ری نه‌رێنی درێژخایه‌ن له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی جێده‌هێڵێت.
ئه‌م پرۆژه یاسایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پێشێلكارییه‌كی ڕونه بۆ یاسا و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی تایبه‌تمه‌ند به‌مافه‌كانی ژنان و منداڵان، له‌هه‌مان كاتدا پێشپێلكاریهكی ڕوونه بۆ ده‌ستوری عیراقی و له‌ڕوی جێبه‌جێكردنیشه‌وه كۆمه‌ڵێك گرفتی گه‌وره بۆ دادگاكان ده‌نێته‌وه و ده‌یانخاته به‌رده‌م دابه‌شبوون و په‌رته‌وازه‌یی له‌ورده‌كاریی و له جێبه‌جێكردنی یاساكاندا.
ئه‌م پرۆژه‌یه له‌كاتێكدا دێت كه‌زۆرینه‌ی هه‌ڵسوڕاوانی بواری مافه‌كانی ژنان و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بوون كه خودی یاساكه‌ی پێشووی باری كه‌سێتی هه‌ڵوه‌شیته‌وه و بگۆڕێت به‌یاسایه‌كی تر كه له‌گه‌ڵ دنیای نوێ و بنه‌ماكانی مافی مرۆڤ بگونجێ و ده‌سته‌به‌ری مافه یاسایی و جێنده‌رییه‌كانی ژنان بكات، كه‌چی پرۆژه‌یه‌كی وا دێته‌گۆڕێ كه هێنده‌ی تر كێشه‌كان ده‌ئاڵۆزێنێ و چه‌ندین سه‌ده ده‌مانباته‌وه دواوه، دورتر له‌سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستیش.
پلاتفۆرمی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگه‌ری، به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یاسایه و هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌ن و داواده‌كه‌ن خاوه‌نانی پرۆژه‌كه لێپێچینه‌وه‌ی یاساییان له‌گه‌ڵدا بكرێت، چونكه ئه‌وان دژی ده‌ستور و مافهدهستوری و مه‌ده‌نیه‌كانی ژنان و منداڵان كاریان كردوه‌و پێشێلیان كردوون.
هاوكات داوا له سه‌رجه‌م ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و رێكخراوی (UNICEF) و ته‌واوی رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ده‌كه‌ن كه ڕێ له‌و كاره‌ساته بگرن كه سستمی گشتی له‌كۆمه‌ڵی عێراقی ده‌شێوێنێ و ده‌یباته‌وه بۆ سه‌رده‌مه تاریكه‌كان و هێنده‌ی تر له ڕه‌وتی پێشكه‌وتن و نوێبوونه‌وه دووری ده‌خاته‌وه‌و هیوای به‌دیهێنانی كۆمه‌ڵێكی دیمۆكراسی رۆشنگه‌ر كه بتوانێ ڕێز له‌مافه دیموكراسییه‌كانی تاك بگرێت به‌ته‌واوی له‌به‌ین ده‌بات.
فێمێنزمی رۆشنگه‌ری بۆ جێگیربوونی ئه‌و مافه‌و رێگریكردن له‌و پێشێلكارییه ئه‌م هه‌نگاوه سه‌ره‌تاییه ده‌نێت و له ئاینده‌شدا به مافی خۆی ده‌زانێ هه‌موو شێوازه‌كانی تری خه‌باتی مه‌ده‌نی بگرێته‌به‌ر .
پلاتفۆرمی دابڕان و فێمێنیزمی رۆشنگه‌ری
14/11/2017