ئارام مەحمود ئەحمەد
ناو: بزاف یان بزوتنەوەی خزمەت
ساڵی دامەزراندن: 1970
دامەزرێنەر: فەتحوڵڵا گولەن
بزوتنەوەی گولەن گروپێكی بەرفراوان و بەهێزی مەزهەبیە، ساڵی 1970 لەلایەن فەتحوڵڵا گولەن دامەزرێنرا، تێڕوانینەكانی ئەو لەبارەی گرنگی و ئامانجەكانی ئەم بزوتنەوەیە جۆراوجۆرن.
بزوتنەوەكەی فەتحوڵڵا گولەن لەسەرەتای دامەزراندنییەوە لەلایەن حكومەتی ئەتاتوركەوە بەتایبەتی سوپاوە لەمپەری بۆ دروستكراوە بۆ ئەوەی نەخرێتە بەندیخانەوە، لەساڵی 1999وە گولەن لەئەمریكا نیشتەجێیە، ئەندێشەی گولەن كە لەكتێبەكانیدا خستویەتییەڕو، ئیلهام دەبەخشێت بەئەندامانی و بەیەكەوە گرێیان دەدات. لایەنگرانی گولەن بە (مەسیحی ژزوییت Jesuit Christians، میسیونەرە پرۆتستانتەكان و ئۆپوس دای (opus dei) كەڕێكخراوێكی موحافیزكاری كاسۆلیكییە) دەچوێنرێن.
ئایا ئەوان تەنها چالاكوانی كۆمەڵایەتین؟ ئایا بزوتنەوەی گولەن لەمەزهەبی مەدەنییەوە سەرچاوەی گرتوە؟ كۆمەڵناسێكی ئەمریكایی وەك ئەو بزوتنەوە مەزهەبییانەی خواستی مەزهەبیان هەیەو گرنگی بەنوێخوازی لەكۆمەڵدا دەدەن، پێناسەی كردوە.
ئەم بزوتنەوەیە چالاكی سیاسی ڕاستەوخۆی نییە، بەڵام بەهۆی توانای دارایی زۆرەوە بەتایبەتی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی كاریگەری ڕاستەقینەی دروستكردوە.
فەتحوڵڵا گولەن كە لەساڵانی 2002 تا 2011 هاوپەیمانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك وەزیرانی ئەو كاتەی توركیا بو، ئەردۆغان بەشێوەیەكی بەرچاو سودی لەدادوەرو پۆلیسەكانی لایەنگری گولەن بۆ كۆتایی هێنان بەباڵادەستی سوپا لەژیانی سیاسیدا وەرگرت، بەڵام دواتر كاتێك لەمانگی 12/2013 قەیرانەكە دەستیپێكرد، ئەردۆغان بزوتنەوەكەی بەدەستوەردانە ناو كاروباری دادوەری و پۆلیس تاوانباركرد، دوای ئەوەی گولەن لەكردنەدەرەوەی سوپا بەشداریكرد، بەتوندی تیشكی خستە سەر لاوازكردنی پێگەی پیاوە بەهێزەكەی توركیا، ئەوە دادوەرەكانی نزیك لەم بزوتنەوەی بون كە بەدواداچونیان بۆ گەندەڵی لەئاستە باڵاكاندا ئەنجامدا.
ئەم بزوتنەوەیە لەباسی دیموكراتی لەتوركیا بەتایبەتی لەبارەی دەستوری نوێوە بەشدارە. (خوێندنگە پێش مزگەوت) دروشمی پەسەندكراوی گولەنەو زیاتر لەدو هەزار دامەزراوەی فێركاری لە 140 وڵاتی جیهاندا هەیە، كۆڕبەندی گەورە بەمەبەستی گفتوگۆی نێوان مەزهەبەكان رێكدەخات و گرنگی بە چالاكیە خێرخوازییەكان دەدات و سەرچاوەی دارایی بە 50 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
بنەمای بۆچونی ئەو ئاشتەوایی نێوان تێڕوانینی چینایەتی مەزهەبە لەگەڵ ڕەفتاری كۆمەڵایەتی سكۆلار، لەهەمان كاتیشدا دژی لێكدانی ئەم دوانەیە، واتە پێچەوانەی ئەوەیە كەئیسلامی سیاسی پێشنیازی دەكات.
بەپێی ئەندێشەی ئەو كەدژی لێكدانی ئاین و سیاسەتە، گولەن بەردەوام بەرگری لە دیموكراتی كردوەو دژی ئیسلامی سیاسی لەتوركیا وەستاوەتەوە كەدەستی لەئایدۆلۆژیای (تێڕوانینی نەتەوەیی) هەڵگرتوە، كەدەرئەنجامێكی ئیسلامی ئایینگەرایەو لەحكومەت و نەتەوەپەرستی تورك نزیكترەو (نەجمەدین ئەربەكان) كەساڵانی 1996 تا 1999 سەرۆك وەزیرانی توركیا بو، دامەزرێنەری بو، لەگەڵ ئەمانەدا ئەندێشەی گولەن لەتوركگەرایی بەدەر نییەو ئەمەش دەتوانێت سەرچاوەكی ناوەڕۆكی پەیامەكانی ئەوبێت كەسۆفیگەری توركە، لەگەڵ ئەوەی گولەن باس لەئاشتەوایی دەكات، بەڵام دژی گفتوگۆكانی ئەردۆغانە لەگەڵ ڕێبەری مێژویی كوردەكانی توركیا (عەبدوڵڵا ئۆجەلان).
ساڵانی 2003 تا 2011 بەو هۆیەوە گولەن پشتیوانی لەپارتی دادو گەشەپێدان دەكرد، چونكە ڕێبەرەكانی لەگەڵ ئەوەی خواستی ئیسلامی سیاسییان هەبو، خۆیان وەك (موحافیزكار- دیموكرات) دەناساندو ئەمەش گونجاوە لەگەڵ تێڕوانینەكانی گولەن، جگە لەوە پەیڕەوی ناوخۆی پارتی دادو گەشەپێدان هیچ بەندێكی تایبەتی لەبارەی ئیسلام تێدا نییە، هاوكاری ئەم دو چالاكە بەهێزە، یەكێكیان سیاسی و ئەویتریان كۆمەڵایەتی ڕۆڵی گرنگی لەئاڵوگۆڕی وڵات و پێشكەوتنی ئابوری و دیپلۆماتیك هەبوە، ئەوان توانییان سوپا پەراوێز بخەن، بەڵام لەساڵی 2010وە گولەن دەستیكرد بەڕەخنەی ئاشكرا لەهەڵبژاردەكانی ئەردۆغان، لەبواری سیاسەتی ناوخۆ و دیپلۆماتیك بەتایبەتی وتە توندوتیژەكانی دژی ئیسرائیل.
گولەن ساڵی 2011 لەبەرامبەر گۆڕانی ئیسلامگەرایانەی سەرۆك وەزیران لێی دوركەوتەوە و بەمشێوەیە پەیوەندی نێوانیان ئاڵۆز بو، ساڵی 2013دا بەتەواوی پچڕا.
ئایا بزوتنەوەیەكی مەزهەبی دەتوانێت چالاكی نوێبونەوە بێت؟
توركەكان لەنوێبونەوە تێگەیشتنێكی كۆماریخوازانەو نامەزهەبی وەك فەڕەنسییەكانیان هەیە، ئەم گریمانە سادەیە دەتوانێت نەزانانە بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە شتێكە كە توركیا ڕوبەڕوی دەبێتەوە، چونكە گۆڕانكاری قوڵ لەكۆمەڵی توركیادا ڕویداوە، چینی ناوەند لەكۆمەڵدا زۆرینەن بەتایبەتی لە (ئاناتۆلی)، ئەم بەموحافیزكاری مانەوەیەش ئەم گۆڕانەی دروستكردوە، كۆمەڵ تاكگەراترو سكۆلارتر بوەو ئەمەش لەخۆپیشاندانەكانی مانگی 6/2013 لەئەستەمبوڵ و زۆر شاری تر بینرا، نوێخوازی دیكتاتۆری ئەتاتورك لە كێشكردنی هاوڵاتییە موحافیزكارو دیندارەكانی ئاناتۆلیدا سەركەوتو نەبوەو لەمڕوەوە ئەمجارە بینەری دەركەوتنی نوێبونەوەیەك لە (خوارەوە)ین، ئەو چینانەی كۆمەڵ كە لە كۆنەوە فەرامۆش دەكران، دەگرێتەوە.
وزەی مرۆڤگەرایی
چاكسازییە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكان كەساڵی 1980 لەلایەن (تورگوت ئۆزال)ەوە جێبەجێكران، توركیای خستەجوڵە، لەو كاتەوە موحافیزكاری و پەیوەندی نێوان چینەكانی ناوەندو خاوەنكارەكانی ئاناتۆلی لەگەڵ ئیسلام لەژێر كاریگەری عەقڵانییەتی پاوانخوازی سەرمایەداری گۆڕا، كاریگەری ئەم عەقڵانییەتی ئابوری و كۆمەڵایەتییە وردە وردە موحافیزكاری تاك و كۆمەڵی بەرەو دواوە بردو بزوتنەوەی گولەن بەشێكی گرنگی ئەم گۆڕانكارییەیە.
ئەم مۆدێرنیزم و گۆڕانكارییە پەیوەندیدارانە بەئیسلامەوە دەتوانرێت لەبەر ڕۆشنایی كۆمەڵناسی ئایینەكانی (ماكس ویبەر) دركی پێبكرێت، بەرهەمی كۆمەڵناسی ئەڵمانی دەریدەخات ئەوە ئەم پرۆسە كۆمەڵایەتییەیە كە لەكۆتاییدا ئاراستەی دامەزراوەو سومبولی مەزهەبەكان دیاری دەكات، گۆڕانكارییەكانی كۆمەڵی توركیا سەلمێنەری ئەوەیە.
لەبوارەكانی دەرونی و ڕۆشنگەریدا گولەن میراتگری (سەعید نورسی)ە، ئەو شێوازەكانی نورسی لەبارەی گرنگی پەیوەندیەكانی نێوان ئیسلام و نوێبونەوە، واتە هزرو زانستی شیكردۆتەوەو نوێی كردۆتەوەو چوارچێوەیەكی دیموكراتیك و دەستوەردانێكی جەختلێكراوتری لەكۆمەڵدا بەتایبەتی لەبواری پەروەردەدا پێبەخشیوە.
(سریف ماردین)ی كۆمەڵناس، لەبەرهەمێكی ڕۆشنگەرانەدا قوڵایی ڕەسەنایەتی ئەندێشەی نورسی شیكردۆتەوە، چونكە بەتەواوی درك بەم كەسایەتییە مەزهەبیە نەكراوەو وەك كەسایەتییەكی دەمارگیرو چالاكی مەترسیدار لەلایەن حكومەت و نوخبەكانی شارەوە ناسرابو، ماردین دەریدەخات كەئەندێشەكانی ئەو هەڵگری چوارچێوەی شتێكە كەئەو بە (تاكگەرایی Personalism) ناوی دەبات كەهانی تاكگەرایی لەناو موسوڵماناندا داوە.
ئەو جەخت لەسەر ئەو دو تێگەیشتنە لەئیسلام دەكاتەوە، لەلایەكەوە هاوڵاتیانی پەیڕەوی فەرمودە، عەقیدەیی Dogmatic و ڕێ لێبزربو، لەلایەكی ترەوە ئەو سۆفییانەی عەوداڵی خواوەندن وەك نورسی و گولەن كەگرنگی بەجیهانی عیرفانی دەدەن و وێناكاری مەزهەبی مرۆڤگەران.
ئایا بزوتنەوەی گولەن بۆ دیموكراتی و كۆمەڵگەی توركیا مەترسییە یان چانسێكە بۆ سەركەوتن؟
تا ئەو كاتەی گەشەی ئەندێشەو كەسایەتی گولەن پارێزراو بێت، گریمانەی دوەم نزیكترە، بەڵام مردنی ئەم پیاوە تەمەن 77 ساڵە دەتوانێت هەلومەرجەكە بگۆڕێت، لەئێستادا لە كۆمەڵی توركیا بزوتنەوەیەكی چەپی بەهێزی هاوشانی گولەنییەكان بونی نییەو ئەگەری سەرهەڵدانی پارتێكی چەپتر نییە كەبتوانێت بەرامبەر پارتی دادو گەشەپێدان یان لە پانتایی سیاسیدا بەرامبەر بزوتنەوەی دوای گولەن بوەستێتەوە.
سەرچاوە/ناوەندی كوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەكان (KCCRC)