سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

"هیچ سەركردەیەكی داعش لەناو بەندكراوەكانی هەرێمی كوردستاندا نییە"

19/05/2018


د.هیشام هاشمی پسپۆڕی گروپە توندەڕەوەكان زانیاری لەسەر هەنگاوی داهاتوی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی (داعش) لەعیراق ئاشكرا دەكات و دەڵێت"هیچ سەركردەیەكی داعش لەناو بەندكراوەكانی هەرێمی كوردستاندا نییە".

د.هیشام هاشمی لەچاوپێكەوتنێكدا باس لەوە دەكات بە‌هۆی ئەوەی كورد زۆرتر لەسەر مەزهەبی شافعی‌ و حەنەفین، ڕێژەیەكی كەمی گروپە كوردییەكان پەیوەندیی دەكەن بەگروپە توندڕەوەكانی سەلەفی جیهادییەوە، دەشڵێت"گروپی ئاڵا سپییەكان گروپێكی كوردییە لە‌دژی حەشدی توركمانی سەریانهەڵداوە".

ئایا داعش لەعیراق كۆتایی هاتوە یان هێشتا بەشێوەو بەرگی نوێوە ماون؟

هیشام هاشمی: داعش بەتەنها مەلەفە سەربازییەكەی كۆتایی هاتوە، واتا جارێكی تر ناتوانێت ئاڵای خۆی لەهیچ ناوچەیەكی عێراق هەڵبكات، چونكە توانای بەرگریكردنی بۆ بە بەرزمانەوەی ئاڵاكەی لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەشدا داعش لە‌تەواوی خاكی عیراقدا بونی هەیە،‌ ئەوەش لە‌شێوەی شانەی نوستو و پەیكەری سێبەر كە بە "جەنگاوەری شەبەح"ی ناو دەبەین، توانای دەستپێشخەری و وەشاندنی گورزی هەیە، داراییەكی باشی لەژێر دەستدایە كەدەتوانێت بۆ ئەنجامدانی كردەوە تیرۆریستییەكانی بەكاری بهێنێت.

داعش دامەزراوەیەكی خاوەن 14 دۆسیەیە، لە‌سێ ساڵی ڕابردو عیراق بەپشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەنها توانی لەچوار دۆسێدا شكست بە‌داعش بهێنێت، ئێستا كەهێشتا 10 دۆسیەی تری هەیە كاری لەسەر بكات، لەهەمان كاتدا تواناشی هەیە بەشێوەیەكی بەهێزتر بگەڕێتەوە گۆڕەپانەكە، بەڵام پێمان وا نییە جارێكی تر خاك داگیر بكاتەوە.

دەوترێت ئەگەر زۆرە لەدوای داعش گروپی توندڕەوتر لەعیراق سەر هەڵبدات، ئەوە چاوەڕوانكراوە؟

هیشام هاشمی: ڕاست نییە، چونكە داعش لەڕوی بونیادی بیروباوەڕی و فیقهییەوە گەیشتە دوا پلەی توندوتیژی كەسەرجەم گروپە سەلەفی جیهادییە تەكفیرییەكان مەبەستیانەو لە‌پێناویدا هەوڵ دەدەن، دواتر داعش گەیشتە هەنگاوی ڕاگەیاندنی خەلافەت و دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەت، لەدوای ئەمەش گروپ و ڕێكخراوی دیكە دروست دەبن كە هاوشێوەی داعش دەبن یاخود هاوشێوەی قاعیدە.

بەم دواییە گروپی نوێ دەركەوتن وەك ئاڵا سپیەكان یان نەوەكانی سەڵاحەددین لە سنوری كەركوك، ئەوەندەی زانیاریت هەبێت سروشتی ئەو گروپانە چۆنە؟

هیشام هاشمی: ئەم گروپە ڕادیكاڵی نییە هاوشێوەی داعش و قاعیدەو تەنانەت نەقشبەندییەكانیش كەگروپێكی سۆفیگەریی بەعسین، چونكە ئاڵا سپییەكان گروپێكی كوردییە لە‌دژی حەشدی توركمانی سەریانهەڵداوە، بۆیە ئەمانە دەتوانین ناویان لێ بنێین گروپێكی یاخی.

واتا زانیاریت هەیە لە‌بارەی ئەو لایەنانەی هاوكاری ئەو گروپە دەكەن؟

هیشام هاشمی: ئەم گروپە كوردییە، هیچ پەیوەندییەكی بەحزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردەوە نییە.

كورد لە سەركردایەتی ئەو گروپانەدا هەن؟ دیارترینیان كێن؟

هیشام هاشمی: نەخێر لە‌ڕاستیدا كوردی سەر بەئەنسار ئیسلام هەیە پەیوەندیكردوە بەقاعیدەوەو دواتر بونە پێشەنگی سەركردەكانی ئەو ڕێكخراوە، هاوشێوەی عومەر بازیانی، چەند سەركردەیەكی پێشوتری كوردی نێو ئەنسار دوای پەیوەندیكردنیان بەداعشەوە بونە سەركردە‌و كەسانی دیاری داعش هاوشێوەی هەڵگورد، وریا هەولێری كەچەندین پلەی جیاوازو بەرپرسیارێتی گەورەی پێدرا.

بە‌گشتی كورد هەڵگری مەزهەبی شافعی حەنەفین، ئەمەش وایكردوە ڕێژەی كەمی گروپە كوردییەكان پەیوەندی بكەن بەگروپە توندڕەوەكانی سەلەفی جیهادییەوە، چونكە زۆرجار گروپە كوردییەكان لەڕوانگەی نەتەوەییەوە دەجەنگن نەك لە ڕوانگەی ڕادیكاڵییەوە.

دەوترێت ئەو داعشانەی كەپێیان دەڵێن گورگە تەنیاكان مەترسی گەورەن بۆ سەر هەرێمی كوردستان كە لەچیاكانەوە هێرشبەرن، ئەوە هاوكێشەیەكی چاوەڕوانكراوە؟

هیشام هاشمی: لە‌عیراق، یەمەن، سوریا، لیبیا، ئەفغانستان، بیابانەكانی ئەفریقا داعش پێویستی بەشەڕكردن نییە لەشێوەی تاكڕەوی واتا "گورگە تەنیاكان"، چونكە هێشتا تیمەكانی لەم وڵاتانە توانایان هەیە بە‌شێوەی گروپ و شانە شەڕ بكەن، بۆیە بەدوری دەزانم داعش پەنا بۆ شەڕكردن بەرێت بەو شێوەی گورگە تەنیاكان بەتایبەتی لە‌هەرێمی كوردستان، ڕێكخراوەكە لە‌ڕوی پێكهاتەكەیەوە هێشتا بەهێزەو پەنابردن بۆ ئەو شێوەیەش دانپێدانانە بە‌لاوازی یەكجاری.

ئەو داعشانەی لە هەولێر بەندكراون سەركردەكانی داعشیان تێدایە؟

هیشام هاشمی: لە‌ڕاستیدا هیچ سەركردەیەكی دیاری داعش لەنێو بەندكراوەكانی كوردستاندا نییە، چ ئەو گروپانەی لە‌عەیازییە‌و تەلەعفەر خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە كردو چ ئەوانەش كە لەحەویجە خۆیان ڕادەستی ئاسایش كرد، سەرجەم ئەو كەسانەی دەستگیركران لە‌لایەن هێزە ئەمنییە كوردییەكانەوە جگە لە‌چەكدارە عێراقییەكان لەناویاندا هەڵگری 14 ناسنامەی جیاواز هەیەو بەگشتی جەنگاوەرە مەیدانییەكانن و هیچ یەكێكیشیان لەسەركردەكانی ڕیزی یەكەم نین.

پێشنبیی دەكرێت داعش وەك قاعیدە كار بەڕێكخستنی ناوچەیی بكات لەبری مەركەزی كەپێشتر پیادەی دەكردو یەك سەركردەی سەرەكی هەبو كە ئەبوبەكر بەغدادی بو؟

هیشام هاشمی: لەحوزەیرانی ساڵی 2016دا داعش وتارێكی گرنگی پێشكەشكردو تێیدا ستراتیژی ئەو ڕێكخراوەی بۆ ساڵی 2017 و ساڵانی دواتریش ڕونكردەوە لەسەر زاری عەدنانی، لەو وتارەشدا 35 لقەكەی لە‌تەواوی عیراق سەرپشككرد بۆ جێبەجێكردنی كردەوە تیرۆریستییەكان، واتا هەر لقێكی ڕێكخراوەكە لە‌سنورو ناوچەكەیدا سەرپشكە چی كردەوەیەكی تیرۆریستی یاخود دارایی و هەواڵگری و كارگێڕی ئەنجام دەدات، چەكدارەكانیشی هاندا كەهەر كەسێك لە‌ناوچەی خۆی بجەنگێت.

یەكێكی تر لە‌ستراتیژە گرنگەكانی داعش كەكاری لەسەر دەكات، سەرپشككردنی لقەكانێتی بۆ دابینكردنی پارەو سەرچاوەی دارایی بەمەبەستی بەڕێوەبردنی خۆیان، بەو پێیەش ئێمە وەك پسپۆڕی كاروباری گروپە توندڕەوەكان پێمان وایە گرتنەبەری ئەو ڕێوشوێنانە لە‌لایەن ئەو ڕێكخراوەوە وایكردوە پرسی كۆتایی هێنانیان ماوەی 5 بۆ 10 ساڵی دیكە بخایەنێت، چونكە ئەركی دەوڵەتان دژی ئەو گروپە قورستر دەبێت بەو پێیەی لە‌بری شەڕكردنی ڕێكخراوێك پێویستە بۆ لەمەودوا شەڕی 35 لق بكات.

پێشبینی دەكرێت بەغدادی لە‌كوێ بێت، هیچ زانیارییەك لە‌بارەی شوێنی نیشتەجێبونییەوە هەیە؟

هیشان هاشمی: سەرجەم زانیاری و ڕاستییەكان كە لای دەزگا هەواڵگرییەكانە دەیسەلمێنێت ئەبوبەكر بەغدادی هێشتا لەژیاندایە، پێشبینی دەكەین لە سێگۆشەی گەمارۆدراودا بێت، لە نێوان داوێنی سەرسار، دێرەزور و بیابانی حەزەر.

ناكۆكی سەرەكی داعش و قاعیدە لە‌كوێدایە؟

هیشام هاشمی: ناكۆكییەكانیان خۆی لەسێ خاڵی سەرەكیدا دەبینێتەوە، كە مەنهەجییەو پەیوەندی بەبیروباوەڕەوە نییە، داعش خەلافەتی ڕاگەیاندو قاعیدەش پێی وایە ئەو هەنگاوە هێشتا زوە، داعش لەگەڵ دوژمنی نزیكدا شەڕ دەكات، بە ‌پێچەوانەوە قاعیدە شەڕ لەگەڵ دوژمنی دوردا دەكات، لە‌هەموشی گرنگتر ئەوەیە داعش هیچ ئاگربەستێك نابینێت لەگەڵ ئیخوان موسلمین و گروپە چەكدارەكاندا، بەڵام قاعیدە بەپێچەوانەوە خوێندنەوەی بۆ دەكات.
سەرچاوە/ئاژانس

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.