سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

کۆتایی ئیسلامگەرا لە باشورى کوردستاندا
خوێندنەوەیەک بۆ ئاکامى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى ئێراق

21/05/2018


خوێندنەوەیەک بۆ پێشبینییەکانى ئێمەو ئاکامى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى ئێراق

نوسینى: ماجید خەلیل
هەوانتە نەبوو لە مێژووى خەباتى رزگاریخوازى کوردیداو لە مێژووى ئەدەبى بەرگریی و لە کەلتورى رەسەن و سەردەمى ئێستەى کۆمەڵى کوردیدا ئیسلامى سیاسیی وەک پرۆژەیەکى نامۆ و نادیدە تەماشا دەکرا. ئیسلامى سیاسیی لە کۆى تایبەتکارە نەتەوەییەکانى کوردا بێ ریشەو رەونەقەو لە هەشتاکانى سەدەى پێشوودا بە رووکەش تێکەڵ بەخەباتى رزگاریخوازى نەتەوەى کورد بوو، بەڵام لە راستیدا سەرەداوەکانى ئەم پرۆژە سیاسییەى ئیسلامگەرا وابەستە بوو بە هەردوو جەمسەرە سیاسییە مەزهەبزاکەى ئیسلامەوە. جەمسەرێکیان قورساییە هزرییەکەى یان مەرجەعە سیاسییەکەى ئیخوانى میسر بوو، هاوکات لە تۆرەمەکانى ئیخوانەوە رەوگەکانى سەلەفیزمى جیهادیش لەناو بۆتەى بزووتنەوەى ئیسلامیدا چەکەرەیانکردو جوندو ئەنسارو داعشیان لێ سەوز بوو. هاوکات سەرچاوەیەکى تریی ئیسلامگەراى کوردستان سروشى خۆى لە سەردەمى شۆڕشى ئیسلامى ئێرانەوە هەڵهێنجا، کەواتە هیچکام لەسەرەداوەکانى ئیسلامیزمى کوردى لە سروشتى کۆمەڵایەتى و ئابورى کوردەوە نەبوو، ئەو شروشتەى تاوى تێکڕاى تەڤگەرو شۆڕشە کلاسیکیی و نوێیەکانى نەتەوەى کوردى دەدا. 
بوونى ئیسلامگەرا لە باشورى کوردستاندا هەمیشە بونێکى لاوازو لادەر بووە لە رەوگەى نەتەوایەتى کوردیدا. هەربۆیە هێزو هیواى کورد هەزمى نەکردووەو داویەتە دواوە. لە نەوەدەکانى سەدەى رابردوودا تاوەکو بەهارى عەرەبى چەند فاکتەرێک بوونە هۆکارى هەورازو نشێو یان بەرزبوونەوەو نزمبوونەوەى جوڵانەوەى ئیسلامگەرا لە باشورى کوردستاندا.

سەرەتا ئەو هۆکارانەى کە ئەم رەوتانەى رێکردەوە بریتیبوون لە:
1. ئەجێنداى ئیسلامى گڵۆباڵ و تەونى تەنراوى رێکخستنەکانى ئیخوان لە ئێراقدا: هەر ئەو ئەجێندایەش بوو کە لە حەفتاکانى سەدەى پێشووەوە تاوەکو راپەڕینى خەڵکى کوردستان دەمارى توڕەیی خەڵکى کوردى لە مزگەوتەکانەوە دژ بە هزرو هێزى بەعس خاو دەکردەوە، تاوەکو لە نەفیرى جیهادى نەوەدەکانى سەدامدا بەتەواوى رێکخستنى ئیسلامگەراى کوردى هەمان پەیام و پێناوى ئیخوانى میسرى هەبوو دەرهەق بە رژێمى سەدام و کیمیاباران و ئەنفال نەیتوانى بەیاننامەیەک بە ئیسلامگەراى کورد دەربکات کە دەنگى بندەستى نەتەوەى کورد بگەیەنێت.
2. شۆڕشى گەلانى ئێران و جەنگى ئێران وئێراق: بەشێوەیەکى تاکتیکى ئیسلامگەراى کوردى پڕچەککرد دژ بە رژێمى بەعس و بوویە ئیلهامبەخشى خەباتى چەکداریی، بەڵام هەرزوو ئەم خەباتە چەکداریە ئەجێندا راستە قینەکەى چەندین رێچکانى جیهادى لێسەوز بوو کە دەرکەوت سەلەفیزمى جیهادى دەیجوڵێنێت. بۆنموونە لەپشتى بزووتنەوەى ئیسلامیدا وەکو بێچووە دوپشک چەندان جزووى ژەهراوى ئیسلامگەرا لە شێوەى جوندو ئەنسارو تەوحیدو جیهاد لەدایک بوون و دایکەکەیان تا رادەى مەرگ برد، ئەو دایکەى لەسەر دەستى چەند مەلایەکى خەمخۆرى کورد هاتبووە پێشەوەو لە هاوکێشە هەرێمى و نێونەتەوەییەکەى ئیسلامگەرا تێنەگەیشتبوون و بەرۆحێکى پاکى کوردانەوە لێنەویبوون.
3. جەنگى ناوخۆى پارتە سیکۆلارەکانى کورد لە نەوەدەکاندا دیسانەوە هۆکاری وەڕسبوونى خەڵکى کورد بوو: ئەم جەنگە دەرفەتێک بوو بۆ رێکخستنە ئیسلامییەکان تا بە کاوە خۆ لێنەون و لە رێگەى دروشمى ئایینىو دەزگا خێرخوازییە ئەجێندا دارەکانى خەلیجەوە بێنە پێشەوەو خەڵکانێک رامکەن بۆ میتۆدو میزاجى سیاسییان.
بەگشتى ئەم هۆکارانە ئیسلامگەرایان هێنایە پێشێ، بەڵام ئەم هاتنە پێشەوە فرە لاواز بوو، بە جۆرێک ئیسلامییەکان بەردەوام لە هەڵبژاردن لە دوواى هەڵبژاردندا هیچ خواستێکیان نەهاتووەتە دى و نە توانیویانە بەشێکى ئەکتیڤ بن لە دەسەڵات، نەیش توانیویانە ئەلتەرناتیڤى دەسەڵات بن و ببنە ئۆپۆزسیۆنێکى کارا. هەربۆیە لە کوردستانى باشوردا دەسەڵات سیکۆلارەکانن و ئۆپۆزسیۆنیش سیکۆلارەکانن. پێمان وایە فاکتەرى شکستى پرۆژەى ئیسلامگەرا لە دوواى بەهارى عەرەبییەوە تەنها جیهانى ئەمڕۆى ئیسلامى نەگرتووەتەوە، بەڵکو کوردستانى باشوریش لەو شکستەدا خۆى دەبینێتەوە. سەرەتا ئیسلامییەکان لە پێچى گەندەڵى و ناکامڵى دەسەڵاتى پارتى و یەکێتیدا هاتن دروشمە ئیسلامییەکانیان لە هەڵبژاردنەکاندا زەقکردەوە، بەڵام بە درێژایی رووخانى سەدام لە 2003 دا تاوەکو بەهارى عەرەبى ئەو دروشمە ئاینییانە خەڵکى کوردو رۆحى ئایینى کوردیان تێر نەکرد، بۆیە هەمیشە لەهەڵبژاردنەکاندا رەقەمێکى لاواز بوون. لە دوواى بەهارى عەرەبییەوە بەتەواوى خەڵکى کورد لەم هێزە ئیسلامییانە سڵەمانەوە.

هۆکارەکانیش بريتيبوون لە:
1. بە گشتى لە راپەڕینەکانى بەهارى عەربیەوە ئیسلامگەراکان نەبوونە هێزى گۆڕانکارى و خواستى خەڵک لەگەڵ دروشمەکانى ئەواندا تەبا نەبوو. بەڵکو دروشمى خەڵک خۆى لە خزمەتگوزارى و ئازادى و راشکاوى و دادپەروەری و دیموکراسیدا دەبینییەوە. بۆیە نەهامەتییەکانى کوردیش لە باشورى کوردستان بە دروشمەکانى ئازادى و دیموکراسى تێر دەبوون نەک دروشمە ئاینییە کلاسیکییەکانى ئیسلامگەراکان.
2. ئیسلامییەکان بە دوو ئاراستەدا دابەش بوون، هەردوو ئاراستەکە شکستیان هێنا. ئاراستەیەکیان سەلەفیزمى جیهادى بوون، کە لە کوردستانیشدا روویەکى دیاریان هەبوو، لە چوارچێوەى رووبەڕوو بوونەوەى جەنگى دژ بەتێرۆردا بڕبڕەى پشتیان کە داعش بوو تێکشکێنرا. هەربۆیە ئیسلامییە کوردەکان ئەوانەى پشتیوانى ئەم رەوتە بوون یان وەک ئەنسار توانەوەن یان وەک جیهادییەک چوونە ناو داعش و بەرەى نەسرە. ئاراستەى دووەم ئەوانە بوون لە چوارچیچوەى کۆمەڵ و بزووتنەوەو یەکگرتوودا مانەوەو بە پێچەوانەى مەلەى خۆیان لێنەوین، واتە روویانکردە بەشدارى سیاسى و خەباتى دیموکراتىو باوەڕبون بە هەڵبژاردن و هاوپەیمانى لەگەڵ پارتە سیکۆلارەکان. بەڵام خەڵک هەر چاوى لە مەرجەع و رابردووى ئەوان بوو، ئەم تۆنە نوێیەى خەباتى ئەوان متمانەى لا دروستنەکردن. هاوکات ئەتاوى داعشییانە لە جینۆسایدى ناوچە دابڕاوەکانى کوردستاندا خەڵکى کوردى لەو سیما ئیسلامگەرایانە سڵەماندەوە. 
3. دیوێکى ترى ئیسلامگەرا لە باشورى کوردستاندا خزان بوو بۆ ناو هاوپەیمانى لەتەک سیکۆلارەکاندا، بۆنموونە بەشێک لە ئیسلامییەکان بەوە داناکەون کە لە چوارچیچوەى پارتێکى ئیسلامیدا کارکەن و باوەڕیان بە تێکەڵى و هاوپەیمانى و بەرەى فراوانەن ئەم مۆدێلە لە باڵێکى ئیسلامییەکان لەتەک هاوپەیمانى بەرهەم ساڵحدا بینراز بەڵام بۆ یەک کاندیدى ئەو ئیسلامییانە نەیتوانى دەربچیچت. بۆنموونە کاندیدى تەڤگەرى ئازادى لە نەوەى نوێدا دەرچوو، بەڵام ئەوان لەدوواى دواوەى کاندیدى سیکۆلارەکان بوون. کەواتە ئیسلامییەکانى کوردستان بە هەر سێ رێگەکە لە شکستدان. لەم هەڵبژاردنەى دووایدا ئەوە بەتەواوى روون بوویەوە.

رەوتى یەکەم کە سەلەفییە جیهادییەکانن، کۆتاییان هاتووەو وەک چەند گروپێکى لاوازو پەراگەندەى ناو داعش ماونەتەوە. ئەوانە نە هێزێکى میدیاییان هەیەو نەرێکخستن و بانگەواز. 
رەوتى دووەمیش پارتە ئیسلامییەکانى وەک کۆمەڵ و بزووتنەوەو یەکگرتوون، ئەمانیش بە هەمویانەوە باوادانێین لە کوردستاندا هەڵبژاردنێکى خاوێن نەکراوە، بەڵام هێشتا هێندەى جوڵانەوەکەى شاسوار نابن کە دوێنێ و بە چەند دروشمێکى پۆپۆلیستى زۆر ئاشکراوە هاتووەتە پێشێ. کەواتە ئەوان بەو هەموو دروشم و دەربڕینە قورئانییانەوە، بەو هەموو مەلا و ریش و سیواک و حیجابەوە، بەو هەموو کەلتورە لەمێژینەوە هەزار ساڵییەى مێژووى ئیسلامەوە، بەو هەموو نزاو نواڕینە نەریتیەى ئیسلامەوەن بەو هەمو حۆرى و حەزەى بەهەشت و بەندایەتى خواوە، نەیانتوانى هێندەى قیتارەو ماشێنە کارەباییە خەیاڵییەکەى شاسوار خەڵک کەمەند کێش بکەن. رەوتى سێهەم بریتین لەو باڵە ریفۆرمخوازە ئیسلامییانەى ناو یەکگرتوو کۆمەڵ کە هاوپەیمانییان لەتەک دکتۆر بەرهەم کرد، ئەوانیش بە سیماى ئیسلامییانەوە نەیانتوانى هێندەى گرەو لە کاندیدە سیکۆلارەکانى بەرهەم بەرنەوە. لە ئێستادا ئیسلامى سیاسیی لەباشورى کوردستان هەم لە رووى رەوشە هەرێمى و نێونەتەوەییەکەى دنیاى ئیسلامەوە لەشکستدایە، هەمیش لە رووى خواست و خەمى خەڵکییەوە بایەخى نەماوەو خەڵک پەیجورى ئازادى و پێناوى خزمەتگوزارى و ژیانێکى سڵامەتن، واتە خەڵک ئاتاجیان بە دونیا گەراییە نەک پێچران لە خوارفەو خەمى قیامەت و قەمتەکانى دۆزەخى ئەو دنیا کە سیاسەتى روکەشى ئەم رەوتە سیاسییانە بووە. بەپێى زانیاریەکان ئیسلامییەکان بۆ خۆیان پێشوەخت ئەم قەبارەیەى ئێستەى خۆیانیان زانیوەن ئەوان لە ئێستادا سەوداسەرى ئەوەن کە لە وشەى ئیسلامى ناو پارتەکەیان هەڵبێن و بە فۆرمێکى تر سیاسەت بکەن، بۆیان روونبووەتەوە کە بیچمیچکى بێزراو و خوێنتاڵى ناو جوڵانەوەى کوردیین و نابێ و ناکرێ بەم هەناسە کز و لاوازەوە لە گۆڕەپانى سیاسیدا سیاسەت بکەن، چوون لەگەڵ دروستبونى هەر جوڵانەوەیەکى نوێدا ئەوان دەبنە رەقەمێکى لەپاشترو بەرە بەرە لە گۆرشەپانەکەدا دەبنە ژمارەیەکى سوتاو.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.