حەسەن مەحمود حەمەكەریم
بەشەی دوەم: ژیاننامەی زەردەشت
وشەی زەردەشت، لە گاتەكانی ئاڤێستادا كەخۆی خۆی دەناسێنێ بە (زەرە توشترە) هاتوە، لەتەفسیری پتر لەدو هەزار ساڵی ڕابردو تا ئێستا، نوسەران بیری لێدەكەنەوە، (دینۆن)ی یۆنانی دەڵێ: مانای (ئەستێرە پەرست)ە، ناوەكە لەدو كەرت پێكهاتوە، زەرەتە، ئۆشترە، (زەرەتە) لای (موللەر)ی ئەڵمانی بەمانای (ئازا) دێت، واتە (وشتری ئازا)، بەڵام (كاسڵ) دەڵێ بەمانای (كوڕی ئەستێرە) دێت، (دوهارلە)ی بەلجیكی دەڵێ (زەرەتە) واتە (زەرد) واتە (وشترە زەرد)، بەڵام لە ڕاستییدا هەر ئەوە ڕاستە كە مانای (خاوەن وشتری زەرد) دەردەچێت.
(زەردەشت) زۆر بون، بەڵام دوا زەردەشت كە كتێبی (ئاوێستا)ی بۆ هاتوەو زیاتر لە (10) مێژونوسی وەك: مەسعودی و ئەسفەهانی و یاقوت و قەزوینی و..تاد لەسەریان نوسیوەو ناساندویانە، ئەوەیە كە لەسەردەمی (كوشتاسب) پاشادا لە (ورمێ) لەدایك بوە، باوكی ناوی (پۆرشەسب) بوە، دایكی ناوی (دەغدۆقا)یە، (مستەر جاكسن) كە شارەزای ئاینی زەردەشتە دەڵێ: (لەنیوەی دوەمی سەدەی حەوتەمی پێش زاینیدا، هاتوەتە دنیاوەو لەنیوەی یەكەمی سەدەی شەشەمدا مردوە، خەڵكی ئەو ناوە بە ئاگرپەرستی و سیحرو جادوگەری و خۆرو مانگ پەرستنەوە خەریك بون، ئەم كوڕە هەر لەمنداڵییەوە شتی سەروسوڕهێنەری لێ ڕو دەدات، كەزۆر لەكەرامات دەچو، خەوی پاكی دەبینی و دەهاتە دی، لەسەر ئەوە جادوگەرەكان دژایەتییان دەكرد، چەند جارێ ویستیان بیكوژن، بەڵام بۆیان نەلواوە، ناچار لەتەمەنی (20) ساڵیدا ئاوەدانی بەجێ دەهێڵێ و دەكشێتەوە جێیەكی تەنیاو چۆڵ، بەخەڵوەت و دەرون پاككردنەوەوە خەریك دەبێت، لەبونەوەرو خەڵك و دەوروبەر ورد دەبێتەوەو ڕادەمێنێ، لەتەمەنی سی ساڵیدا لەشاخ دێتە خوارەوەو لەقەراخ ئاوی (ئاراس) لە ناوچەی (ورمێ) دەست بەبانگەوازو ڕێ ڕۆشنكردنەوەی خەڵك دەكات بۆ لای خوا، بەڵام ئەنجامی نابێت…!! بەرەنگاریی دەكرێت، ناچار بۆ ناوچەی (توران) و (سكستان) كۆچ دەكات، داوای لابردنی بتەكان و یەكتاپەرستی خوا دەكات، جادوگەر و زێوانی ئەشكەوتە تاریك و بتخانەكان بەربەرەكانی دەكەن و دەربەدەری دەكەن، بوختان و قسەی ناشیرینی بۆ هەڵدەبەستن، ئەمجارەش بەناچاری لەسەر داوای خوا، كۆچ دەكات بۆ ناوچەی (باختەر) لەخواروی ڕۆژئاوای شاری (مەشهەد)، دو ساڵ لەگەڵ (ویشتاسب)ی پاشای وڵاتی باختەر خەریك دەبێ، تا دەیهێنێتە سەر ئاینەكەی.
(ویشتاسب) یان (كشتاسب) ساڵی (668 پ.ز) فەرمانڕەوای وڵاتی (بەڵخ) بوە، سی و هەشت كوڕی هەبوە، كە یەكێكیان ناوی (ئەسفەندیار)ەو باوكی (بەهمەن)ە، كە بابە گەورەی لوڕ و بەختیاری و هەورامییە.
كشتاسپ كوڕی لوهراسپ كوڕی ئەرچان كوڕی كەیقوبادی كوردە، لەنەژادی (كیانی)یە، كە یەكەم فەرمانڕەوای زنجیرەی (كیانی)یە، زەردەشت لە (بەرجیسپ)ی كچی (جاماسپ)ی وەزیری (كشتاسپ)ی مارە كردو كچی برایەكی خۆی كەناوی (ناهو) بو دای بە (جاماسپ)، جاماسپ زاوای زەردەشت بو، وەزیری حكومەت بو، باوكی (پیرشالیاری یەكەمە، هاوناوی ئەم وەزیرەیە، ئەم وەزیرە زۆر یاریدەی ئەم ئاینە نوێیەی دا، ڕێگەی بۆ ئاسان كرد، تا ئاینەكە بناغەی داكوتا و بڵاوبوەوە، كوڕی وەزیرەكان لە دەوری ئەم ئاینەی زەردەشت كۆوبنەوەو یاریدەیەكی باشیان دا، دەوڵەتی میدیا لەسەر بناغەی ئەم ئاینە دامەزراو فراوان بو، ئاوێستا كرایە بەرنامەی ڕەسمی ئەم حكومەتە.
(ژان وان) دەڵێت: زەردەشت هەمیشە لە نەبەردی خوێنیدا بو دژ بە بۆچونی بتپەرستی و مەجوس و ساحیرو جادوگەرەكان(3)، ئەو كاتەی كە ویشتاسب هاتە سەر ئایینی نوێ، زەردەشت بەو بۆنەیەوە داری (سەرو)ە بەناوبانگەكەی چاند، ئەم دارە تا ساڵی (861)ی پاش زایین هەر مایەوە، وەك بتێك بوبوە جێ نزرگە و جێ دەستی ئەو پیاوە مەزنەو بەپیرۆز ڕاگیرا، بەڵام لەو ساڵەدا خەلیفەی عەباسی (المتوكل) داوای كرد، بڕییانەوەو قەدەكەیان هێناو لەدروستكردنی سەری (سامەڕا)دا بەكاریانهێنا، (پلین)ی فەیلەسوف دەڵێ: (زەردەشت تاكە مرۆڤێكە كە كاتی لەدایكبونی دەم بەخەندە بوە، كەهەمو كەسی تر دەم بەگریان بون، نیشانەی ئەوەیە كەدەكەوێتە بەر میهرەبانی و پاڵپشتی خواوەند) لە (مروج)دا دەڵێ: (زەردەشت سی و پێنج ساڵ پێغەمبەرایەتی كردوە).
زەردەشت لەتەمەنی حەفتاو حەوت ساڵیدا لەجەنگێكیدا كەبۆ بڵاوكردنەوەی ئاینەكەی خەریك بوە، لەگەڵ میللەتی (هیۆن)دا لە پێناو خوا و ئاینەكەیدا كوژرا، مێژونوسان لەسەر ئەوەن كەئەفلاتون و فیساگۆرس گەورەترین شاگردانی قوتابخانەی زەردەشت بون، (مەسعودی) دەڵێ: زەردەشت كوژرا (حانلس) بوە جێگری كەخەڵكی ئازەربایجان بو.
(تۆمابۆ) دەڵێ: (ئامۆژگارییەكانی زەردەشت لەگانا و ئاڤێستادا نوسراوەتەوە، ئەمانە چەند نوسینێكی شیعری گۆرانین، بیروباوەڕی چاكە بڵاودەكەنەوە)، هەروەها دەڵێ: لە ئاینی زەردەشتدا هەمو كەس ئازادە كە ڕوناكی یاخود تاریكی هەڵبژێرێت.
(ئەحمەد شناوی) دەڵێ: (جولەكەكان لەكاتی بەدیل گرتنیاندا لە بابل، ئەو كاتە سێ ساڵ مابو بۆ مردنی زەردەشت، لەو كاتی دیلییەدا جولەكەكان لە زەردەشتەوە فێری ڕاستی و حەقیقەتی بەهەشت و جەهەنەم و شەیتان و دێو و درنج بون).
سەرچاوە/هەفتەنامەی ئاژانس
كاریگەری ئایینی زەردەشت لەسەر شارستانی و ڕۆشنبیریی ناوچەكە - بەشەی یەكەم