گفتوگۆی ماڵپه‌ڕی مه‌ردومه‌ک له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د ره‌زا نیکفه‌ر
و: عه‌تا جه‌ماڵی
له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی وه‌ک ئێران‌دا که هێشتا مۆدێرنیته‌ی سیاسی یان سیاسه‌تی به مانا مۆدێرنه‌که‌ی ئه‌زموون نه‌کردووه، دینداره‌کان ته‌نانه‌ت له وشه‌ی سیکۆلاریزم سڵ ده‌که‌نه‌وه. ئه‌م سڵکردنه‌وه‌یه له سیکۆلاریزم پشتیوانێکی حکوومه‌تیشی هه‌یه و ده‌زگاکانی بانگه‌شه‌کاری، دامه‌زراوه په‌روه‌رده‌یی و رێکخستنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی وه‌ک رۆحانییه‌تیش له خزمه‌تی بڵاو کردنه‌وه‌ی و ره‌گاژۆپێکردنی ئه‌و سڵکردنه‌وه‌یه‌دان. دینداره‌کان ده‌پرسن: سیکۆلاریزم چ شتێکی هه‌یه که ئایین نییه‌تی؟ ئایین ره‌نگه له چه‌ند بڕگه‌یه‌ک له مێژوودا به‌هۆی فه‌رمانڕه‌وا یان شه‌رعزانه دنیا په‌ره‌سته‌کانه‌وه له مه‌عنه‌وییه‌ت به‌تاڵ کرابێته‌وه یان کرابێته ئامرازێک بۆ توندوتیژی و پاره‌کۆکردنه‌وه، به‌ڵام ئایین هه‌میشه به‌م شێوه‌یه نه‌بووه. لانیکه‌م ده‌کرێ که‌مایه‌سییه‌کانی ئایین به راڤه‌یه‌کی نوێ له ئایین بڕه‌وێندرێته‌وه. بژاری ئایینی ریفۆرمه کراو، که‌م تێچوونتر و خۆماڵیتره له سیکۆلاریزمێک که خۆمانه نییه و ئایین، گرینگ‌ترین ره‌گه‌زی کلتووری ئێرانی پشت گوێ ده‌خات. ئێوه یه‌کێکن له شرۆڤه‌کاران و به‌رگریکارانی سیکۆلاریزمن له ئێران. ئێوه وتووتانه سیکۆلاریزم به مانای ره‌واندنه‌وه‌ی هه‌موو چه‌شنه هه‌ڵاواردنێکه. له روانگه‌ی ئێوه‌وه سیکۆلاریزم واته به‌شدار بوونی هه‌موان له مافی یه‌کسان. بۆچی راڤه‌ی دادگه‌ریخوازانه و ریفۆرمیزه‌کراوی ئایین و ده‌قه ئایینییه‌کان ناتوانێ بمانگه‌یه‌نێته ئه‌و خاڵه؟ چ پێویستییه‌ک به سیکۆلاریزم له‌ئارادا هه‌یه؟
محه‌مه‌د ره‌زا نیکفه‌ر: سه‌ره‌تا بزانین سیفه‌تی سیکۆلار به چ مانایه‌که و ئه‌وکات بپرسین چ پێویستییه‌ک بۆ به سیکۆلاربوون هه‌یه، ئایا ئه‌و پێویستییه ره‌وایه و ئه‌گه‌ر ره‌وایه ئایا ناشێ بیچمێکی تری پێبدرێ، بۆوێنه به‌یارمه‌تیی ئایینێکی ریفۆرمیزه کراو یان له بواری سیاسه‌ت و وڵاتداریدا له‌لایه‌ن حکوومه‌تێکی ئیسلامیی "باشتره‌وه".
یه‌کێک له گرینگ‌ترین کتێبه‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی سه‌باره‌ت به سیکۆلاریزم، کتێبێکی چارلز تیلۆر، فه‌یله‌سووفی که‌نه‌دییه به‌ناوی "چاخی سیکۆلار". تیلۆر له‌و کتێبه ئه‌ستووره‌دا بڕگه‌ی ساڵی 150 له‌به‌رچاو ده‌گرێت و پیش و پاش ئه‌و له‌گه‌ڵ یه‌کدا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت. به‌لای ئه‌وه‌وه ئه‌م پرسیاره سه‌رنجڕاکیشه که چی روویدا که به‌ر له 1500 مرۆڤه‌کان به ئۆتۆماتیکی ئیمانی ئایینی‌یان هه‌بوو و بیبه‌ری بوون له‌و ئازادییه‌ی که خۆیان هه‌ڵبژێرن که بێ‌دین بن یان ئایینه‌که‌یان بگۆڕن یان به‌بێ په‌رده‌پۆشکردن لێکدانه‌وه‌ی خۆیان هه‌بێت بۆ ئه‌و ئایینه‌ی که ده‌یناسن، یان ئایینه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کدا تێکه‌ڵ بکه‌ن و ئایینی که‌سانه‌ی خۆیان دروست بکه‌ن. به‌ڵام له سه‌رده‌مێکدا که له‌پاش 1500 ده‌ستپێده‌کات، هه‌موو ئه‌مانه دوگونجێت، هه‌ڵبه‌ت نه‌ک له کوتوپڕ به‌ڵکوو ورده‌ورده ئه‌گه‌ریان بۆ ده‌ڕه‌خسێ.
له سه‌رده‌می سیکۆلاردا باوه‌ڕی ئایینی له‌ناو ناچێت، به‌ڵام خۆی ده‌بێته به‌ربژار، ده‌بێته بژارێک له‌نێو کۆمه‌ڵێک له بژاره‌کانی دیکه‌دا. تیلۆر گۆڕانکاریی تێپه‌ڕین له سه‌رده‌مێکه‌وه بۆ سه‌رده‌مێکی تر، له سه‌رده‌می زاڵێتیی ره‌های باوه‌ڕی ئایینییه‌وه بۆ سه‌رده‌می سیکۆلارێک که هه‌لی هه‌ڵبژاردن ده‌ره‌خسێنێ، بۆ یه‌ک تاکه هۆکار ناگه‌ڕێنێته‌وه. ئه‌و خۆی گوته‌نی کۆمه‌ڵیک له به‌سه‌رهاته‌کان ده‌گێڕێته‌وه که سه‌رئه‌نجامه‌که‌یان کاریگه‌ری دانانه له‌سه‌ر تێڕوانینێک که مرۆڤ بۆسه‌ر خۆی و جیهان هه‌یه‌تی. ره‌خنه‌ی لێگیراوه که به‌ته‌واوی به‌دوای هه‌موو به‌سه‌رهاته‌کاندا ناچێت، به وته‌یه‌ک شاخه‌وشاخ قه‌ڵه‌مباز ده‌دات، به‌ڵام به بۆچوونی من گرینگ ئه‌وه‌یه که له‌و کاره‌دا سه‌رکه‌وتوو بووه که نه‌ک رووبارێکی ته‌سک و باریک به‌ڵکوو رووبارێکی پان و به‌رین رابخات به کۆمه‌ڵێک له ره‌وته‌کان و دنیایه‌ک جۆباره‌وه که تیی ده‌ڕژێن.
ره‌وته‌کانی ئه‌م رووباره له شوێنه جیاجیاکاندا هه‌ندێک جیاوازییان له‌گه‌ڵ یه‌کدیدا هه‌یه. مێژووی تێپه‌ڕین به‌ره‌و سه‌رده‌می سیکۆلار له ئه‌ورووپای خۆرهه‌ڵاتی جیاوازه له‌گه‌ڵ مێژووه‌که‌ی له ئه‌ورووپای ناوه‌راست و خۆراوایی یان له ئینگلته‌را. له ئێرانیش ئه‌و تێپه‌ڕینه مێژووی خۆی هه‌یه که ده‌قاوده‌ق ئه‌و شته نییه که له‌لایه‌که‌وه بۆوێنه له ئه‌ڵمانیا ده‌یبینین یان له‌لایه‌کی تره‌وه بۆوێنه له ئه‌ندوونیزیا. به‌پیی ئه‌و جیاوازییانه له هه‌ندێک هێڵی گشتیدا کۆمه‌ڵێک هاوشێوه‌یی به‌رچاو له‌ئارادا هه‌ن که به‌گوێره‌ی ئه‌وانه ره‌وایه که له کۆمه‌ڵێک ده‌سته‌واژه‌ی یه‌کسان که‌ڵک وه‌ربگرین، چه‌مکگه‌لێکی یه‌کسان به‌ڵام ده‌توانن مێژووی جیاوازیان هه‌بێت.
سیکۆلار سیفه‌تی یه‌ک سه‌رده‌مه. له سه‌رده‌می سیکۆلاردا، جیهان، ده‌بێته جیهان، ئه‌م مه‌یله به‌هێز دێبێت که جیهان به خۆی روون بکه‌ینه‌وه. دیارده‌کان ده‌بنه ئه‌م-جیهانی واته بۆ روونکردنه‌وه‌یان ئیتر پێویستییه‌ک ده‌سته‌وداوێن بوونی دیارده‌گه‌لێک له‌وپه‌ری جیهان نابێت، به‌ڵام له‌نێوان ئه‌و و جیهانی ئێمه‌دا جیاوازی داده‌نرێت. ئه‌و-جیهان ئیتر له‌سه‌ر هه‌موو شت ده‌ست له کاری ئه‌م-جیهان وه‌رنادات.
نموونه‌یه‌ک بێنمه‌وه: من به‌م دواییانه له میانه‌ی کارکردنمدا له‌سه‌ر وتارێک به‌راوه‌ردێکم ده‌کرد له‌نێوان روونکردنه‌وه‌ی دیارده‌ی هه‌وره‌برووسکه له راڤه‌کانی قورئان له سه‌رده‌مه جیاوازه‌کاندا. به‌لامه‌وه سه‌رنجڕاکێش بوو که بزانم چلۆن له راڤه نوێیه‌کاندا، روونکردنه‌وه‌ی هه‌وره‌برووسکه "سیکۆلار"، واته ئه‌م-جیهانی ده‌بێته‌وه. له راڤه کۆنه‌کاندا، ئه‌وه‌ی له ئایه‌تی 13ی سووره‌تی "ره‌عد"دا هاتووه سه‌باره‌ت به دیارده‌یه‌ک که ئێمه ئێستا به سروشتیی داده‌نێین به‌پیی ئه‌و وێنه راسته‌وخۆیه‌ی که ئه‌مه ده‌یدات به‌ده‌سته‌وه ئه‌و بۆچوونه ده‌رده‌بڕدرێت: هه‌وره‌برووسکه فریشته‌یه‌که که سپاسی خودا ده‌کات، ده‌گرمێنێ و مشتومڕکه‌ران سه‌باره‌ت به په‌یامی محه‌مه‌دی، ده‌ترسێنێت. له راڤه نوێیه‌کاندا، روونکردنه‌وه‌کان ده‌گۆڕێن. بۆوێنه له "راڤه‌ی نموونه"ی مه‌کارمی شیرازیدا، باس له یۆنی پۆزێتیڤ و نیگه‌تیڤ ده‌کرێت، له کردار و په‌رچه‌کرداری ئیلکتریکی و سووده‌کانی هه‌وره‌برووسکه بۆ کشتوکاڵ. راسته که هه‌موو ئه‌م دیاردانه له چاوی جه‌نابی مه‌کارمی شیرازییه‌وه ده‌رکه‌وته‌ی هێزی خودایین، به‌ڵام ئه‌و ئیتر نه‌هاتووه فریشته‌یه‌ک به‌ناوی هه‌وره‌برووسکه بکاته به‌رپرسی ئه‌و دیارده‌یه. گرمه‌ی ئاسمان ئیتر بۆ ترساندن نییه و ئایه‌توڵا ته‌شه‌ر له که‌سێک که گومانی هه‌یه نادات که گوێ له گرمه‌ی ئاسمان بگرێت و واز له مشت‌ومڕ بێنێت.
ده‌کرێ زۆر له‌و نموونانه بهێنینه‌وه. بوارێکی گرینگ بۆ تێگه‌یشتن له گۆڕانی سه‌رده‌م، بواری ته‌ندروستی و پزیشکییه. تێگه‌یشتنی نوێ له پاک و ناپاک، له سوودبه‌خش و زیانبه‌خش بۆ جه‌سته و له هۆکاری نه‌خۆشییه‌کان، تێگه‌یشتنه ئایینییه‌کان لێیان به‌ته‌واوی وه‌لا نانێت، به‌ڵکوو ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌یکه هه‌ندێک له لێکدانه‌وه‌کان فه‌رامۆش بکرێن، هه‌ندێک له‌وان که‌مسه‌نگ بکرێن و یان راڤه‌ی تازه‌یان لێبکرێت. وه‌رچه‌رخان به‌ڵام هێنده بنه‌ڕه‌تییه که به‌رئه‌نجامه‌که‌ی گۆڕانێکی بنه‌ڕه‌تی له پێگه‌ی ئایین له جیهاندا بێت. ئه‌و گۆڕانه ئیماندار و نائیماندار ناناسێت. من له هێنانه‌وه‌ی ئه‌و نموونه‌یه هیلاک نابم که بروانن ئایه‌توڵاکان له‌کاتی نه‌خۆشیدا چی ده‌که‌ن: پێیان باشتره بچنه له‌نده‌ن یان بچنه پابۆسی حه‌زره‌ت یان به داوای لێخۆشبوو‌ن ده‌رده‌که‌یان چاره بکه‌ن؟
روونکردنه‌وه‌ی جیهان به‌هۆی جیهان خۆیه‌وه ده‌بێته هۆی که‌مبایه‌خ بوونه‌وه‌ی باوه‌ڕه ئایینییه‌کان و به‌پێچه‌وانه‌وه، به سست بوونی باوه‌ڕه ئایینییه‌کان، تازه هه‌لی دۆزینه‌وه‌ی جیهان له‌بار ده‌بێت. ئه‌م دوانه، دوو فاکته‌ری سه‌رده‌می سیکۆلارن و سیفه‌ته سیکۆلاره‌که‌ی مانا ده‌که‌نه‌وه.
گرفتێکی گه‌وره‌ی ئایین له سه‌رده‌می سیکۆلاردا ئه‌وه‌یه که ده‌بێته "ئایین"، به دامه‌زراوه‌یه‌کی دیاریکراو و به دیارده‌یه‌کی کلتووریی دیاریکراو. له رابردوودا، ئایین، هه‌موو شت بوو، کلتوور بوو، پزیشکی بوو، ئابووری بوو، سیاسه‌ت بوو، به‌رپرسی هه‌موو کاروباره ئه‌م دنیایی و ئه‌ودنیاییه‌کان بوو. له سه‌رده‌می نوێدایه که به جیاکارییه یه‌ک له‌دوای یه‌که‌کان، ئایین لاواز ده‌بێت. له رابردوودا ته‌قیله‌به‌سه‌ر، هه‌م پێشنوێژه، هه‌م مامۆستایه، هه‌م دادوه‌ره، هه‌م کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌ڕه‌کی له ئه‌ستۆیه، هه‌م به‌رپرسی تۆمار و به‌ڵگه‌کانه و هه‌م له‌وانه‌یه هه‌ندێک کار بۆ چاره‌سه‌ری جه‌سته و ده‌روونی تاکه‌کانیش ئه‌نجام ده‌دات. ده‌رمان پێشنیار ده‌کات، دۆعا ده‌کات و جنۆکه ده‌گرێت. چونکه له رابردودا ئایین هه‌موو شت بوو، هه‌موو تاکه‌کان سه‌ر به ئومه‌ت واته کۆمه‌ڵگه‌ی ئیمانداران بوون. ئێوه ئه‌گه‌ر سه‌ر به ئومه‌ت نه‌بوایه‌ن، له کۆمه‌ڵگه ته‌ره ده‌کران، له کۆمه‌ڵیک له خزمه‌تگوزارییه‌کان بێبه‌ری ده‌بوون که هه‌ر به‌ته‌نیا به مزگه‌وت وه‌ک مزگه‌وت کورت نابنه‌وه.
له سه‌رده‌می نوێ‌دا جیاکاری ده‌کرێت: ئه‌مه مه‌لایه، ئه‌وه مامۆستایه، ئه‌مه دادوه‌ره، ئه‌مه به‌رپرسی تۆماره، ئه‌مه مه‌حزه‌رداره، ئه‌مه پزیشکه، ئه‌مه پزیشکی ده‌روونییه. لێره‌دایه که مه‌لا، ده‌بێته مه‌لا. مامۆستا کارێکی به که‌ڵک ئه‌نجام ده‌دات، دادوه‌ر هه‌روه‌ها، پزیشک و پزیشکی ده‌روونیش هه‌روه‌ها. مه‌لاش ده‌بێ بسه‌لمێنێ که به‌که‌ڵکه. ئه‌و ئیتر به‌شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی کۆمه‌ڵێک له ئیمتیازه‌کانی پێ نابڕێت، ئێسته ئیتر ده‌بێ شه‌ڕی بۆ بکات. له‌لایه‌کی تره‌وه ئیتر ئه‌و وه‌ک مه‌لایه‌ک ده‌بێ سه‌باره‌ت به‌و کاره په‌ڕاوێزییانه‌ی که له رابردوودا کردوویه‌تی روونکردنه‌وه بدات، بۆوێنه له‌بواری به‌خت گرتنه‌وه و جنۆکه گرتندا، واته ئه‌و کۆمه‌ڵه کارانه‌ی که له ئه‌ستۆی بوون بۆ ئاشتکردنه‌وه‌ی دیارده عه‌ینی و غه‌یبییه‌کان، ئه‌م-جیهانی و ئه‌و-جیهانی، مرۆیی-جنۆکه‌یی. به‌دڵنیایی ئه‌وه کارێکی قورسه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م مه‌لایه ئه‌و مه‌لایه نییه، به‌ڵام به‌هه‌رحاڵ وا وێنا ده‌کرێت که له رابردووش‌دا دامه‌زراوه‌یه‌کی دیاریکراوی ئایین بوونی هه‌بووه که ئێستا له سه‌رده‌می نوێ‌دا، له سه‌رده‌می لێپێچینه‌وه له مێژووه، ده‌بێ سه‌باره‌ت به به‌رپرسیارێتییه‌کانی رابردووی لێپێچینه‌وه‌ی لێبکرێت.
له سه‌رده‌می نوێ‌دا لێکترازانێک رووده‌دات له‌نێوان ئایینی گه‌وره و ئایینی بچووکدا. ئایینی په‌ڕگیر ئه‌وه‌یه که هه‌موو شت بووه و ئێستاش به‌شێوه‌ی وێنای هه‌موو شت بوون، بوونی هه‌یه. له‌به‌رانبه‌ردا ئایینی بچووک ئایینێکه که خۆی به پانتایه‌کی دیاریکراوی ئایینی به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه. زۆربه‌ی باسه ناوئایینی و نێوان ئایینه‌کان و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و، له‌سه‌رده‌می نوێ‌دا به‌رئه‌نجامی ئه‌و جیاکارییه‌یه.
ریفۆرمی ئایینیش هه‌ر لێره‌وه دێت، به هه‌مان شێوه که تۆتالیتاریزمی ئایینی. یه‌کێک ده‌یهه‌وێ ئایین لاواز و رۆحانی بکاته‌وه، ئه‌ویتر ده‌یهه‌وێ ئایین وه‌ک رابردووقه‌به بێ، هه‌مووکاره بێت، ده‌ست له هه‌موو بوارێک وه‌ربدات. سه‌یر لێره‌دایه که ئه‌م تۆتالیتاریزمه هاوکات له‌گه‌ڵ جۆرێک له قبووڵکردنی جیاکاری به‌ڕێوه ده‌چێت.
بۆوێنه به‌جێی ئه‌وه‌یکه له ئێران هه‌موو زانکۆکان داخه‌ن و بڵێن زانکۆ واته حه‌وزه‌ی عیلمییه، هه‌م ئه‌م راده‌گرن و هه‌م ئه‌ویش و باسی یه‌کگرتنی حه‌وزه و زانکۆ به‌مانای سه‌روه‌ریی حه‌وزه به‌سه‌ر زانکۆ‌دا دێننه ئاراوه. به‌جێی ئه‌وه که بڵێن هه‌رچی په‌یوه‌ندیی به مرۆڤه‌وه هه‌یه بۆنموونه له "ئوسوولی کافی"دا هاتووه (به وته‌ی ئیمامی زه‌مان: الکافی کافا لامتنا، واته کتێبی کافی کلینی به‌سه بۆ ئومه‌تی ئێمه)، له‌ملا زانسته مرۆییه‌کان داده‌نێن، له‌ولا ئیسلام و دواتر ده‌ڵێن ده‌یانهه‌وێ زانسته مرۆییه‌کانی ئیسلامی دروست بکه‌ن.
فره‌جۆری و جیاکردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌کان، بواره‌کان و رۆڵه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان فاکته‌رێکی دیاری سه‌رده‌می نوێیه. به‌گوێره‌ی ئه‌م فره‌جۆری و جیاکاری و دابه‌شکردنی کارانه‌یه که دامه‌زراوه‌ی ئایینیش رۆڵێکی دیاریکراو به‌ده‌ست ده‌هێنێت و هه‌ندێک له کاره گرینگه‌کانی رابردووی خۆی له‌ده‌ست ده‌دات. به جیاکردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌کان و رۆڵه‌کان له بیچمه گشتییه‌که‌یدا نا‌ڵێن سیکۆلاریزاسیۆن. جیاکارییه‌کی دیاریکراوه که ئه‌م ناوه‌ی لێده‌نرێ و ئه‌ویش جیاکردنه‌وه‌ی ئایین و ده‌وڵه‌ته. ده‌وڵه‌تی جیاکراوه له دامه‌زراوه‌ی ئایین، ناوی ده‌وڵه‌تی سیکۆلاره. ئه‌مه مانای سێهه‌می "سیکۆلار"ه که هه‌روه‌ک گوترا خۆی ده‌رهاوێشته‌ی ره‌وتێکی جیاکه‌ره‌وه‌ی سه‌رده‌می نوێیه. ده‌کرێ به‌جیا له به سیکۆلار بوونی ده‌وڵه‌ته‌کان بکۆڵرێته‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مای مه‌یلێکی گشتی که له‌جیهاندا به‌دی ده‌کرێت، سه‌رده‌می سیکۆلار به‌مانای سه‌رده‌می سه‌رهه‌ڵدانی ده‌وڵه‌ته سیکۆلاره‌کانیش لێکبدرێته‌وه. کورتی بکه‌مه‌وه: سیفه‌تی "سیکۆلار" سێ مانای سه‌ره‌کیی هه‌یه:
سه‌رده‌مێک وه‌سف ده‌کات که له‌وێدا لۆژیکی ده‌روونمان به‌سه‌ر جیهاندا زاڵ ده‌بێت.
سه‌رده‌مێک وه‌سف ده‌کات که له‌وێدا ئیمانی ئایینی به شێوه کۆنه‌که‌ی به‌ره‌و لاوازبوون ده‌چێت و باوه‌ڕهێنان به ئایینێکی دیاریکراو به داموده‌زگایه‌کی دیاریکراوه‌وه له ئاراسته گرتنه‌کانی مرۆڤه‌کان له بواری به‌هاکاندا و روانینی گشتی بۆ ژیان و بۆ جیهان، ده‌بێته بژارێک له‌نێو کۆمه‌ڵێک له بژاره جیاجیاکاندا.
ده‌وڵه‌تێک وه‌سف ده‌کات که له‌سه‌ر بنه‌مای جیاکردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌کان و رۆڵه‌کان له سه‌رده‌می نوێ‌دا له دامه‌زراوه‌ی ئایین جیاکراوه‌ته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت "سیکۆلار" کۆمه‌ڵێک که‌ڵکی دیکه‌شی هه‌یه. بۆوێنه ده‌ڵێن رووناکبیری سیکۆلار، که مه‌به‌ست له که‌سێکه که لۆژیکی ئه‌و، لۆژیکی روونکردنه‌وه‌ی ده‌روونیی جیهانه، باوه‌ڕی ئایینی به شتێکی تایبه‌تی ده‌زانێ و له‌و باوه‌ڕه‌دایه که دامه‌زراوه‌ی ئایین نابێ ده‌ست له دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌ربدات. که‌سێکی له‌و چه‌شنه مه‌رج نییه ئاتێئیست یان دژه‌ئایین بێت، ده‌توانێ ئیمانداریش بێت، له‌و ئیماندارانه‌ی که ئیمانه‌که‌یان نمایش ناکه‌ن.
سه‌باره‌ت به سیکۆلاریزمی فه‌لسه‌فی و زانستی باسێکی جیدیی ئه‌وتۆ له ئێران‌دا نه‌کراوه. له ئێستادا ته‌نگه‌ژه‌ی سه‌ره‌کیی سیکۆلاریزم له سێ قه‌ڵه‌مڕه‌وی دیاریکراودایه: سیاسه‌ت، ماف و ئه‌خلاو. پرسی ماف، ده‌سه‌ڵات و ئه‌رک هه‌تا ئێستاش له بازنه‌ی میتافیزیکی ئایینی نه‌هاتۆته ده‌ر. سیکۆلاریزم رکابه‌ری سیاسه‌تی ئایینی، شه‌رع و ئه‌خلاقی ئایینییه. سیاسه‌تی ئایینیش به حکوومه‌تی ئایینیشه‌وه له ئیراده‌ی ویلایه‌تی فه‌قیهدایه. سیاسه‌تی ئایینی ده‌توانێ سیاسه‌تێک بێت که سیسته‌مه مافه‌کییه‌که‌ی له چوارچێوه‌ی شه‌ریعه‌تدا بێت و یاسا و بڕیاره سیاسییه‌کانیشی به‌پێچه‌وانه‌ی شه‌رع نه‌بن. وه‌ک یاسای بنه‌ڕه‌تیی ئێستای عیراو. ئێوه بۆچی له‌و بڕوایه‌دان که سیاسه‌تی سیکۆلار، مافی سیکۆلار و ئه‌خلاقی سیکۆلار بۆ ئێمه‌ی ئێرانی له ئاڵترناتیڤه ئایینییه‌که‌ی باشتره؟
محه‌مه‌د ره‌زا نیکفه‌ر: بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره چه‌ند ره‌هه‌ندییه، من سه‌ره‌تا له ئیلاهییاتی سیاسییه‌وه ده‌ستپێده‌که‌م، دواتر دوان له بیچمه سه‌ره‌کییه‌کانی روون ده‌که‌مه‌وه، دواتریش بابه‌ته‌که به سه‌رنجدان به پرسیاره‌که‌ی ئێوه باشتر دیاری ده‌که‌م.
یه‌که‌م، ئیلاهییاتی سیاسی و سه‌ره‌تاش وه‌سفێک سه‌باره‌ت به ئه‌و ئایینانه‌ی که پێیان ده‌وترێت ئیبڕاهیمی: ئه‌و ئایینانه جیاکه‌ره‌وه‌ی ئه‌و ئایینانه‌ن که جیاوازی ده‌که‌ن له نێوان ئه‌و که‌سانه‌دا که ئیمانیان پێیان هه‌یه و ئه‌و که‌سانه‌ی که ئیمانیان پێیان نییه، جیاوازییه‌کی جیدی و پڕپاشهات. جووله‌که که‌سێکه که سه‌ر به گه‌لێکی هه‌ڵبژێردراوه و ناجووله‌که خوڵقاوێکی پله دووه که ئه‌گه‌ر دانیشتووی نیشتمانی مزگێنی پێدراو بێت ده‌بێ له‌وێ ده‌رکرێ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژێردراوه‌کان جێگه‌یان بگرنه‌وه. مه‌سیحی که‌سێکه که په‌یمانێکی نوێی له‌گه‌ڵ خودادا به ناوبژیوانیی کوره‌که‌ی ئه‌و گرێداوه که ده‌بێته هۆی ئه‌وه که داخی ئه‌و گوناهه‌ی له سه‌رده‌می هوبووتدا به سروشتییه‌وه لکاوه، بسڕدرێته‌وه. ئه‌وانیتر په‌یمانیان نه‌به‌ستووه و هه‌روا ناپاک ده‌مێننه‌وه و سه‌رئه‌نجام موسوڵمان که‌سێکه که بۆته هۆگری دوا پێغه‌مبه‌ر و ملی بۆ دوا هه‌قیقه‌تی ده‌ربڕاو له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه که‌چ کردووه. ئه‌وانیتر له‌چاو ئه‌و له سه‌رلێشێواویدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
بهێننه به‌رچاوتان ئه‌و وێناکردنانه له خۆ و ئه‌ویتر، سیاسه‌تساز بن. چی رووده‌دات؟ دوانه‌ی ئایینیی "ئیماندار-کافر" و دوانه‌ی سیاسیی "دۆست-دوژمن" و دوانه‌ی مافه‌کیی "هه‌قدار و ناهه‌ق" لێک جووت ده‌بن و ئیلاهییان به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ده‌که‌نه ئیلاهییانتی سیاسی. له‌م رووه‌وه ده‌ڵێم به‌رچاو که هه‌ر ئیلاهییاتێک له بنه‌ڕه‌ته‌وه سیاسییه، ئه‌ویش به جیاوازیکارییه‌که‌وه که به‌گوێره‌ی پێوه‌ری ده‌سه‌ڵات ده‌یکه‌ن (بۆوێنه خوداوه‌ند و به‌نده).
ئیلاهییاتی سیاسی ده‌توانیت بیچمی جۆراوجۆر به‌خۆوه بگرێت. ئێمه ئێستا له ئێران‌دا رووبه‌ڕووی بیچمێکی تایبه‌ت له‌و بووینه‌ته‌وه. خۆییه‌کان ئه‌و که‌سانه‌ن که ده‌که‌ونه ژێر ئاڵای ویلایه‌ته‌وه و ئه‌ویتره‌کانیش ئه‌و که‌سانه‌ن که یان به‌هۆی سروشتیانه‌وه ناشێ به خۆیی هه‌ژمار بکرێن (چونکه بۆوێنه سوننه‌ن، جووله‌که و مه‌سیحین، بێدینن)، یان به‌هۆی تیۆرییه‌که‌یه‌وه یان چۆنیه‌تیی پراتیکه‌که‌یه‌وه کێشه‌یان له‌گه‌ڵ ویلایه‌تدا هه‌یه (وه‌ک "ریفۆرمخوازه‌کان"). رادیکاڵیزمی ئه‌و ئیلاهییاته له‌وه‌دایه که مه‌یلێکی دیاریکه‌ری بۆ ئه‌وه هه‌یه که به دوانه‌ی "خۆیی-ناخۆیی" هه‌مان ئه‌و باره بدات که دوانه‌ی ئایینیی "ئیماندار-کافر" هه‌یه‌تی.
ده‌شێ که هه‌ر ئه‌م تیۆرییه‌ی ویلایه‌تی فه‌قی به‌م شێوه رادیکاڵه‌ی خۆی نه‌خرێته روو، هه‌روه‌ک مونته‌زری که له‌و باوه‌ره‌دا نه‌بوو که کۆنفلێکتی خۆیی و ناخۆیی سیاسی به هاومانای کۆنفلێکتی ئیماندار و کافر له‌به‌رچاو بگیرێت. ئه‌و کۆنفلێکتی ئیماندار و کافری ره‌ت نه‌ده‌کرده‌وه، به‌ڵام پێیوابوو که ئه‌و کۆنفلێکته کۆتاییه‌ک نیشان ده‌دات که پێده‌چێ له هه‌موو کاتدا راست ده‌رنه‌چێ، واته بۆوێنه پێده‌چێ که‌سێک له‌نێو نه‌یاره‌کاندا هه‌بێت که بتوانێ له کاتێکی تردا رابکێشرێ و بکه‌وێته ریزی یاره‌کانه‌وه. به‌م پێیه به‌بۆچوونی ئه‌و ئه‌رکی ویلایه‌تی فه‌قی ده‌بووه ئه‌وه که هه‌تا ئه‌و جێیه‌ی ده‌توانێ راکیشێت و به وته‌یه‌کی تر رێگر بێت له به‌رده‌م ئه‌وه‌ی که خۆیی و ناخۆیی بکه‌ونه کۆنفلێکتێکی ئه‌نتاگۆنیستییه‌وه.
به‌م پێیه ئیلاهییانتی سیاسی ده‌توانێت دوو ستراتیژی بگرێته به‌ر، لادان و راکێشان. ستراتیژیی لادان، لێک جووت بوونی دوو کۆنفلێکت به کرده‌کی ده‌زانێت، واته خۆیی و ناخۆیی به هاوگونج له‌گه‌ڵ ئیماندار و کافر ده‌بینێت. ستراتیژیی راکێشان له به‌رانبه‌ردا، پێداگری له‌سه‌ر پرۆسه ده‌کات و ده‌ڵێ به‌گوێره‌ی به‌ڵێنیی خوداوه‌ندی له کۆتاییدا به‌م شێوه‌یه‌ی لێدێت، به‌ڵام ئێستا وه‌ها نییه و ئێمه ده‌بێ ئاراسته‌یه‌ک بگرینه به‌ر که تاکه‌کان به‌ره‌و کوفر رانه‌ده‌ین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ له‌گه‌ڵیان هه‌ڵبکه‌ین و ئیمان سه‌رنجڕاکێش بکه‌ین.
سیاسه‌تی لادان و راکێشان له کرده‌وه‌دا هه‌میشه پێکه‌وه ده‌گیرێنه به‌ر. جیاوازیکردن له‌نێوان دوو ستراتیژیدا، شیکارانه‌یه. ستراتیژیی پراتیکیی لادان، ستراتیژییه‌که که به‌گشتی بڕوای به یه‌کبوونی کۆنفلێکتی دۆست و دوژمن له‌گه‌ڵ کۆنفلێکتی ئیماندار و کافر هه‌یه، ستراتیژیی پراتیکیی راکێشان له به‌رانبه‌ردا یه‌کبوونه‌که به هێزه‌کی نازانیت. ستراتییی یه‌کبوون ده‌خوازێت که پێناسه‌یه‌کی سنوورته‌سکی سه‌ختگیرانه له ئیمان بخرێته به‌ر ده‌ست ( که له‌وێدا بۆوێنه ئیمان به ئه‌ڵڵا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی به‌س نییه و جگه له‌وه ده‌بێ ئیمانت به دوازده ئیمامه‌که و به ئیمامی سه‌رده‌میش واته وه‌لی فه‌قیهیش هه‌بێ و بێگومان به سه‌رۆک کۆماره ده‌ستنیشان کراوه‌که‌ی ئه‌و و ره‌نگه به کارگوزار و خزمه‌تکاره‌کانی ئه‌ویش). به‌ڵام ستراتیژیی راکێشان، مه‌رجه‌کانی ئیماندار بوون قورس ناکات، پانتاکه فراوان ده‌کات و هیچ پێداگرییه‌کی له‌سه‌ر لادانی تاکه‌کان نییه.
پرۆسه‌گه‌راکانیش له‌و باوه‌ڕه‌دان که کۆتاییه‌ک هه‌یه که له‌وێدا دوانه‌ی "ئیماندار-کافر" و "دۆست-دوژمن" هاوگونج ده‌بن. ئه‌وان ره‌نگه له ئێستادا زۆر ئاسانگیر بن، به‌ڵام هیچ ئاشکرا نییه که له "کۆتایی"دا چی‌یان لێبێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له "کۆتایی"دا ئه‌وان ته‌نیا له‌گه‌ڵ "ئیمانداره‌کان"دا دۆستایه‌تی ده‌که‌ن. ئه‌وه‌یکه کاتی کۆتایی که‌ی بێت، له‌ده‌ستی من و تۆدا نییه. پرۆسه‌گه‌راکانی په‌یڕه‌وی ستراتیژیی راکێشان، له‌وانه‌یه سبه‌ی بڵێن که جارێ هاوگونج بوونی دوانه‌کان به کرده‌وه نه‌بووه، به‌ڵام ره‌نگه دووسبه‌ی، تێگه‌یشتنیان له به‌کرده‌وه بوون ببێته شتێکی تر.
به‌م وه‌سفه، مه‌یله‌که ئه‌وه‌یه که کاری سیاسه‌ت به‌وه‌وه نه‌به‌ستینه‌وه که هێزی ئایینخواز هه‌نووکه چ تێگه‌یشتنێکی له هێز و کرده هه‌یه. ئه‌وپه‌ڕی ئیلاهییاتی سیاسیی توندڕه‌وه‌کان و میانڕه‌وه‌کان، بنه‌ماخوازه‌کان و ریفۆرمخوازه‌کان، یه‌کێکه و له‌م رووه‌وه دروست ئه‌وه‌یه که له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و ئه‌زموونه‌ی که له ئیلاهییاتی سیاسی هه‌مانه، خوازیاری سیسته‌مێکی سیاسی بین که له‌پێشتره‌وه رێگر بێت له‌وه‌ی که ئه‌م ئایدیۆلۆژییه دیاریکه‌ری دۆست و دوژمن بێت.
له بارودۆخێکدا ره‌نگه هاوسه‌نگیی سیاسی به‌شێوه‌یه‌ک بێت که شه‌ریعه‌تخوازه‌کان نه‌توانن خواسته‌کانی خۆیان به‌ره‌و پێش به‌رن و له‌م رووه‌وه پرۆسه‌گه‌رایی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه بگرنه‌به‌ر. له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بێ سه‌رنج بدرێت که هه‌ر چه‌شنه ئیمتیازێک به ئیلاهییاتی سیاسی له‌وانه‌یه له حاڵه‌تێکدا که هاوسه‌نگیی سیاسی تێکچوو، ببێته هۆی زاڵبوونی ئه‌و ئایدیۆلۆژییه و وه‌های لێبێت که پێناسه‌ی ئیلاهییاتی له دۆست و دوژمن سه‌رله‌به‌ری که‌شی سیاسی بشێوێنێت. له کۆتاییدا من جیاوازییه‌ک نابینم له‌نێوان ئه‌و که‌سه‌دا که باوه‌ڕی وایه من به‌هۆی جیابیریمه‌وه له‌ئه‌نجامدا شیاوی دۆزه‌خم، له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سه‌دا که هه‌ر له ئێستاوه ژیانی من ده‌کاته دۆزه‌خ.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من ناڵێم جیاوازی نه‌که‌ین له‌نێوان ره‌وته رادیکاڵ و به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌کاندا، یان به واتایه‌کی تر، له نێوان تۆتالیتێره‌کانی ئێستا و پرۆسه‌گه‌راکاندا.
بڕیاری ئێمه سه‌باره‌ت به تۆتالیتێره‌کان روونه، کێشه ریفۆرمخوازه‌کانن که پرسیاره گه‌ڵاڵه‌کراوه‌که‌ش بۆ ئه‌وان ده‌گه‌ڕێته‌وه. سه‌باره‌ت به‌وان ئه‌م روونکردنه‌وه‌یه به پێویست ده‌زانم: ئێمه له ئیسلامدا له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ریفۆرمی ئایین رووبه‌ڕوو نابینه‌وه. کاتی ئه‌و قسانه به‌سه‌رچووه. ئیسلام نه‌ک له‌ڕێگه‌ی بزاوتێکی ریفۆرمیستیی بیرلێکراوه و ره‌خنه‌گرانه و به‌ناوه‌ندیکراوه‌وه، به‌ڵکوو له‌ڕێگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیخوازیی هه‌نگاو به هه‌نگاوه‌وه وه‌رده‌چه‌رخێ. به‌رژه‌وه‌ندیخوازی له بێده‌نگی لێهێنان له هه‌ندێک له نۆرمه ئایینییه‌کاندا و له به‌رانبه‌ردا پێداگرتن له‌سه‌ر هه‌ندێک نۆرمی دیکه‌ی که به‌گوێره‌ی سه‌رده‌م رێگه به راڤه‌یه‌کی په‌سه‌ندکراو ده‌ده‌ن. سه‌رده‌می تۆتالیتێره‌کان به‌سه‌ر چووه ئێستا سه‌رده‌م، سه‌رده‌می به‌رژه‌وه‌ندیخوازه‌کانه. هه‌تا ئێستاش ئێمه نازانین ئه‌و رێڕه‌وه‌ی که ئه‌وان له‌پاش تێکشکان و ئابڕووچوونی تۆتالیتێره‌کان هه‌نگاویان تێناوه، ده‌شێ بێته‌وه سه‌ر جێ یان نا. هه‌ر له‌م رووه‌شه‌وه ناکرێ دڵنیا بین له‌وه‌ی که ئه‌و رژێمه‌ی که ئه‌گه‌ر ئه‌وان دایمه‌زرێنن – و له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنه‌که‌یدا بێگومان به‌ڵێن ده‌ده‌ن ئیتر چیرۆکی ئه برا دینییانه‌ی خۆیان دووپات ناکه‌نه‌وه - نابێته سه‌رچڵی تۆتالیتاریزم. دیموکراسی ده‌بێ بتوانێت به‌رگری له خۆی بکات. یه‌کێک له مه‌رجه‌کان ئه‌وه‌یه که رێگه‌یه‌کی یاسایی بۆ ده‌ستدرێژیکران به خۆی نه‌کاته‌وه. به‌م شێوه‌یه ئامانجی دیموکراسیخوازه‌کان ده‌بێ ئه‌وه بێت که له یاسای بنه‌ڕه‌تیدا جیا بوونی ئایین له ده‌وڵه‌ت به شێوه‌یه‌کی روون دانی پێدا بنرێت و جێگیر بکرێت.
به‌ڵام له بارودۆخێکدا پێده‌چێ هاوسه‌نگکرانی هێزه‌کان ئه‌وه‌ی لێبکه‌وێته‌وه که ئه‌و ئیمتیازه به ئایین بده‌ن که له یاسای بنه‌ڕه‌تیدا بنووسن، یاساکان نابێ ناته‌با فک له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تدا. وه‌ها یاسایه‌کی بنه‌ڕه‌تی دیموکراتیک نییه. سروشتی سیسته‌مه‌که‌ش هه‌تا ئه‌و کاته‌ی ئه‌و ئیمتیازه به‌لایه‌کدا ده‌خرێت – که له‌وانه‌یه به‌شێوه‌ی فه‌رامۆشکردنی به نهێنیی ئه‌و بێت – به له‌رزۆکی ده‌مێنێته‌وه.
هه‌میشه ده‌کرێ بپرسین ناته‌با نه‌بوون له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌ت مانای چییه. کاتێک وتیان خوێندنی ژنان و مافی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵبژێردرانیان بۆ پارلمان، ناته‌بایه له‌گه‌ڵ شه‌ریعه‌تدا. له‌ئێران به‌شێوه‌ی مه‌سڵه‌حه‌تی ئه‌م بۆچوونه‌ی خۆیان له‌پاش شۆڕشه‌وه بێده‌نگ کرد. شه‌ریعه‌ت، بریتی نییه له کۆمه‌ڵێک یاسای کۆدبه‌ندی کراوی یه‌کده‌ست که به‌تاڵ بن له دژوازی. هه‌موو شتێکی تێدایه. کۆیله‌داریش به‌بۆچوونی شه‌ریعه‌ت رێگه‌پێدراوه و له هیچ شوێنێک ره‌ت نه‌کراوه‌ته‌وه. وانییه که له شوێنێک ئاماژه بکه‌ن کچان مافی خوێندنیان هه‌یه و بۆ هه‌میشه وای لێبێت. بنه‌ما ئه‌وه‌یه که حه‌رام و حه‌ڵاڵی محه‌مه‌دی تا هه‌تایه به حه‌رام و حه‌ڵاڵی بمێننه‌وه. شه‌ریعه‌ت کۆن و نوێ ناناسێت.
ئه‌وه‌یکه "ناته‌با بوون" چ مانا و ئاستێکی هه‌یه، به‌نده به هاوسه‌نگیی هێزه‌کانه‌وه. خودی یاسای بنه‌ڕه‌تی ناتوانێ بازنه ماناییه‌که‌ی دیاری بکات. ئه‌مه به‌م مانایه‌یه که به ئاماژه به پره‌نسیپی ناته‌با نه‌بوونله‌گه‌ڵ شه‌رعدا له یاسای بنه‌ڕه‌تیدا، شتێک له ئاسادا هاتووه که چییه‌تییه‌کی بان یاسایی هه‌یه. ئه‌و هه‌مووه ئه‌زموونه مێژوویی و باسه تیۆریکانه‌ی که به‌تایبه‌تی کارل شمیت له‌بواری تیۆریی ماف‌دا ورووژاندوونی، سه‌باره‌ت به مه‌ترسیداربوونی رێی ده‌رچوونێکی بان یاسایی له سیسته‌می یاساییدا هۆشداریمان ده‌داتێ. هه‌ر له‌م رێی ده‌رچوونه‌وه‌یه که پێده‌چێ له بارودۆخێکی قه‌یراناویدا که هاوسه‌نگیی هێزه‌کان تێکچوو، حاڵه‌تی نائاسایی رابگه‌یه‌نرێت و سه‌ر له‌به‌ری سیسته‌م لێک هه‌ڵوه‌شێته‌وه.
به‌ستێنی سیاسه‌ت، هه‌روه‌ک کلۆد لۆفۆر، فه‌ه‌یله‌سووفی سیاسیی هاوچه‌رخی فه‌ڕه‌نسی ، به‌باشی ئاماژه‌ی پێکردووه، کۆمه‌ڵه‌یه‌که له پره‌نسیپه‌کانی به‌دیهێنه‌ری رواڵه‌تی کۆمه‌ڵگه. سیاسه‌ت، نیگارکێشه. کاروباری سیاسی کاتێک پێشتر دیاریکراوه که ئیمتیازێک به شه‌رع ببه‌خشێت، کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تی له ئاراسته‌یه‌کی تایبه‌تدا بیچم ده‌دات، له ئاراسته‌یه‌کدا که شه‌رع به‌لایه‌وه په‌سه‌نده.
شه‌رع، به‌بێ کۆمه‌ڵێک له جیاوازیکردنه‌کان بێمانایه. گرینگرتینیان جیاوازیکردنه له‌نێوان موسوڵمان و ناموسوڵماندا، له‌نێوان مه‌زهه‌به ئیسلامییه‌کاندا، له‌نێوان ژن و پیاودا، له‌نێوان زانا و ره‌شۆکی له بواری مووشه‌رعێندا و له‌نێوان شوێنه‌کان و کاته‌کان و شته‌کاندا به‌گوێره‌ی بڕیاره‌کان و نه‌ریته ئایینییه‌کان. ناته‌با نه‌بوون له‌گه‌ڵ شه‌رع، واته ناته‌با نه‌بوون له‌گه‌ڵ ئه‌و جیاوازیکردنانه‌دا، یارمه‌تیدان به سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یان، یان لانیکه‌م رێگر نه‌بوون له‌به‌رده‌م سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌مهاتنه‌وه‌یاندا
شاریع، ئه‌و هه‌ڵاواردنانه‌ی که پێش خۆی هه‌بوون واژۆ کردووه، هه‌ندێکیانی هاوسه‌نگ کردووه، هه‌ندێک هه‌ڵاواردنی دیکه‌ی هێناوه‌ته گۆڕێ و بنه‌مای پاراستنی ئه‌وانه‌ی کردۆته هۆکاری هه‌بوونی خۆی. له بارودۆخێکی رێکخستنی هێزه‌کاندا پێده‌چێ شه‌رعزانه‌کان، دان به هاوسه‌نگکردنی هه‌ندێک له هه‌ڵاواردنه‌کاندا بنێن، به‌ڵام هه‌روه‌ک پیشتریش گوترا، له‌و دانپێدانانه‌وه شه‌رعێکی نوێ به‌دی نایه‌ت که ئیتر گه‌ڕانه‌وه بۆ دوا له‌ڕووی شه‌رعییه‌وه قه‌ده‌غه بکات.
ریفۆرماسیۆنی ئیسلام له بنه‌ڕه‌ته‌وه یانی ره‌خساندنی هه‌لومه‌رجێک که شه‌رع ئه‌گه‌ری په‌ره‌سه‌ندنی نه‌بێت، ویشک بکرێت، بێده‌نگ و ناکارامه بێت و هه‌نگاو به هه‌نگاو فه‌رامۆش بکرێت. هه‌تا ئێستا له‌م رێگه‌یه‌وه ئیسلام هه‌ندێک چاکسازیی به خۆیه‌وه بینیوه که یه‌کێک له‌وان فه‌رامۆش کردنی به دیل گرتن و کۆۆیله‌دارییه. ئیتر "جزیه"ش له باوه‌ڕداران به ئایینه‌کانی تر وه‌رناگرن. ده‌ره‌وه‌ی ئیسلامیش به "دارالحرب" ناودێر ناکه‌ن. مه‌رجی سه‌ره‌کیی ریفۆرمیزمی ئایینی قبووڵکردنی سیکۆلاریزم، واته جودایی دین و ده‌وڵه‌ته. به‌بجێ جودابوونی یه‌کجاره‌کیی ئه‌و دوانه، ئیسلام ئه‌و شانسه ده‌دۆڕێنێت که هه‌رچی زووتر له ئایینێکی شه‌رعییه‌وه ببێته ئایینێکی "ئیمانی" و به‌و گۆڕانه مل بۆ پێویستییه‌کانی سه‌ده‌م که‌چ بکات.
ئیسلامی حکوومه‌تی ئێستا هه‌موو تواناییه‌کانی خۆی نمایش کردووه، ئێمه هه‌موو ده‌رکه‌وته هاوچه‌رخه‌کانیمان دیتووه، به‌تایبه‌تی له سعوودیا، له ئه‌فغانستانی تالیبان، له ئێران. له سیاسه‌ت و ماف‌دا، کاره‌که‌ی بۆته به‌گوڕترکردنی هه‌ندێک له هه‌ڵاواردنه‌کان و له هه‌ندێ حاڵه‌تیشدا جێگیر کردنی هه‌ندێک هه‌ڵاواردنی تازه بووه. له ئێران، جووڵانه‌وه‌که‌ی له بواری ئه‌خلاقدا به ئاشکرا ده‌بینین. به پێی ئه‌و بیره‌وره‌رییه‌ی که نه‌وه هاوچه‌رخه‌کان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندن هه‌یانه، ده‌توانین بڵێین ئه‌م نیشتمانه هیچکات به‌م راده‌یه تووشی درۆ و رسوایی نه‌بووه.
له پرسیاره‌که‌دا ئاماژه به عیراو کرا. خه‌ڵکی عیراو ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ئێمه‌یان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ئایینی‌دا نییه. ئێمه له ئه‌زموونه‌که‌ی خۆمان تێپه‌په‌ڕێین و من پێموایه ئه‌و وانه‌یه‌ی که ئێمه له‌و ئه‌زموونه وه‌رمانگرتووه، بۆ دراوسێکانیشمان به‌سووده. له‌ساڵی 1979هه‌تا ئێستا دامه‌زراوه‌ی مه‌زهه‌بی شیعه که‌وتۆته دۆخێکه‌وه که توانیویه‌تی هه‌رچی چاکه‌ی هه‌یه بیخاته روو. له‌وه‌یکه رسوایی هاتۆته ئارا، نابێ به‌م ئه‌نجامه بگه‌ین که به ئیمتیازپێبه‌خشینێکی تازه به‌م دامه‌زراوه‌یه، جۆرێکی تر له تێکه‌ڵکاریی ئایین و ده‌وڵه‌ت تاقی بکرێته‌وه.
تاقیکردنه‌وه‌ی تازه له ئێران ئه‌وه ده‌بێت: ئه‌وه‌یکه سیسته‌مێکی سیکۆلار چۆن ده‌توانێ هاوکات له‌گه‌ڵ پابه‌ندبوون به پره‌نسیپه دیموکراتیکه بنچینه‌ییه‌کانی خۆی متمانه‌ی زۆرینه‌ی ئیمانداره‌کانیش راکێشێت و له‌لایه‌کی تره‌وه، ئیمانداره‌کان چۆن ده‌توانن سیاسه‌تکاری بکه‌ن بێ ئه‌وه‌ی هه‌وڵی دووباره‌کردنه‌وه‌ی ئه‌زموونی شکست‌خواردووی حکوومه‌تی ئایینی بده‌ن؟ به‌بۆچوونی من ئه‌مه پرسیاری سبه‌ی نییه، ئه‌مه پرسیاری پێویستی ئه‌مڕۆیه.
ئێوه ده‌ڵێن جودا بوونی دامه‌زراوه‌ی ئایین له دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت. له ئێران به ئاسانی ناشێ بگوترێ دامه‌زراوه‌ی ئایین و دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ت یه‌ک شتن. حه‌وزه‌ی عیلمییه به‌ڕه‌سمی رۆڵی حوزبی کۆمۆنیست له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت ناگێڕێ. له ئێستادا ژماره‌ی ئه‌و که‌سه سه‌ربازییانه‌ی که له‌سه‌ر کارن له رۆحانییه‌کان زۆر زیاترن. له‌لایه‌کی تره‌وه هه‌ر ئه‌م که‌سه سه‌ربازییه رادیکاڵانه‌ی که ئه‌حمه‌دی نژاد نوێنه‌رایه‌تییان ده‌کات، هێنده‌ش ده‌ربه‌ستی شه‌ریعه‌ت نین. ئه‌وان نیشانیان داوه که نه هێنده بڕوایان به رۆحانییه‌ت هه‌یه و نه هێنده‌ش جێبه‌جێکردنی حوکمه‌کانی شه‌ریعه‌ت به‌شێوه تالیبانییه‌که‌ی بۆیان له له ئه‌وله‌وییه‌تدایه. هه‌ر رۆژه‌و ده‌توانن شێوه‌یه‌ک به خۆیانه‌وه بگرن، رۆژێک ئاخر زه‌مانی و رۆژێکی تر ئێرانی که‌وناراگه‌رایی. کۆماری ئیسلامیش خۆی به بیرۆکه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی سیسته‌م پێشێلکردنی شه‌ریعه‌تی به‌شێوه‌ی یاسایی راسپاردووه. که‌واته شه‌ریعه‌ت و دامه‌زراوه‌که‌ی، رۆحانییه‌ت، له کۆماری ئیسلامی‌دا هێنده‌ش به‌ده‌سه‌ڵات نین. پێتان وانییه کێشه له ئێران زیاتر نه‌بوونی دیموکراسییه هه‌تا نه‌بوونی سیکۆلاریزم؟ پرسیارێکی تریش ئه‌وه‌یه که ئێوه ده‌ڵێن سیکۆلاریزم جودا بوونی دامه‌زراوه‌ی ئایین له دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌ته، به‌ڵام دامه‌زراویه‌ی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌ی ئایین هه‌ردووکیان تایبه‌تمه‌ندترن له ئایین و ده‌وڵه‌ت. له کۆمه‌ڵگه‌ی سیکۆلاردا په‌یوه‌ندیی نێوان ئایین و ده‌وڵه‌ت چۆنه؟
محه‌مه‌د ره‌زا نیکفه‌ر: نموونه‌ی سۆڤیه‌تتان هێنایه‌وه. له سۆڤیه‌ت کادیره‌کان و تاڕاده‌یه‌ک ئه‌ندامانی حیزبی کۆمۆنیست، خاوه‌نی ئیمتیاز بوون، به‌ڵام قورسه بڵێین حیزب له‌ژێر ناوی سه‌رجه‌می ئه‌ندامه‌کان حکوومه‌تی کردبێت. رێبه‌رایه‌تیی حزب حکوومه‌تی ده‌کرد، وه‌ک سه‌رچاوه‌یه‌کی کۆنترۆڵی دراوێکی ئایدیۆلۆژیک که ده‌کرا بگۆڕێت بۆ دراوگه‌لی ئابووری و کلتووری. رێبه‌رایه‌تی هه‌تا ئاستی مۆنارشی به‌رته‌سک و به‌ناوه‌ند کراو بوو. له‌پاش ستالین، رێبه‌رایه‌تیی حکوومه‌تی، بۆته گرووپی. حکوومه‌ت له‌به‌ر ده‌ستی ناوه‌ندێکی ده‌سه‌ڵاتی وه‌ک تۆڕێکی ئاڵۆزدا بوو که گونجاندنی به‌شێوه‌یه‌کی رێژه‌یی له‌گه‌ڵ رێبه‌رایه‌تیی حیزبی کۆمۆنیست‌دا، به‌مانای ده‌سه‌ڵاتدارێتیی سه‌رجه‌می ئه‌ندامه‌کانی حیزب نییه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ڵه نییه، ئه‌گه‌ر سیسته‌می سۆڤیه‌ت به تاک حیزبی و هێزی ده‌سه‌ڵاتدار به حیزبی کۆمۆنیست بزانین.
با له‌چاوی ئه‌ره‌ستووه‌وه له بابه‌ته‌که بڕوانین. مامۆستای یه‌که‌م، داڕێژه‌ری پڕنفووزترین مۆدێلناسیی سیسته‌مه حکوومه‌تییه‌کان بووه له مێژووی هزری سیاسی‌دا. ئه‌و ده‌ڵێ حکوومه‌ت یان له‌به‌رده‌ستی یه‌ک که‌سدایه یان له‌به‌ر ده‌ستی زۆرینه‌ی خه‌ڵکدا و له هه‌رکام له‌واندا دوو حاڵه‌ت هه‌یه، یان دامه‌زراوه‌ی زاڵ به‌پیی یاسا و به وته‌یه‌کی تر له ئاراسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی کۆمه‌ڵگه‌دا کار ده‌کات، یان ئه‌وه‌یکه به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیه‌وه‌یه‌تی. ئه‌ره‌ستوو ئه‌گه‌ر بیویستایه سیسته‌می سۆڤیه‌ت شی بکاته‌وه بێگومان به جۆرێک له ئاریستۆکراسی واته حکوومه‌تی که‌مینه‌یه‌ک ده‌زانی که رێبه‌ره‌کانی سه‌ره‌تا ده‌یانویست به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی کۆمه‌ڵگه‌دا بچن، به‌ڵام دواتر شوێنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان گرت. ئه‌ره‌ستوو به ئاریستۆکراسیی گه‌نده‌ڵ ده‌ڵی ئۆلیگارشی.
حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش حکوومه‌تێکی ئۆلیگارشییه. ئه‌و حکوومه‌ته له کۆی حه‌وزه + برۆکراسی پێکنه‌هاتووه. کاتێک که ده‌ڵیین دامه‌زراوه‌ی ئایین و ده‌وڵه‌ت له‌وێدا تێکه‌ڵ کراون، مه‌به‌ست کۆکردنه‌وه‌ی ژماره‌ی حه‌وزه‌وییه‌کان و برۆکراته‌کان نییه. که‌واته ئه‌ی مه‌به‌ست چییه؟
حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامی، حکوومه‌تی مه‌لایییه، به‌ڵام حکوومه‌تی مه‌لاکان نییه. حکوومه‌تی مه‌لایییه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جیاوازیکردن له‌ن\یوان مه‌لا و نامه‌لا و ئیمتیاز به‌خشین به مه‌لا یه‌کێکه له بناغه‌کانی ئه‌و سیسته‌می هه‌ڵاواردنه‌ی که ئه‌و حکوومه‌ته گتروویه‌ته به‌ر. یاسادانان و شێوازی دادوه‌ریی ده‌زگاکه له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌ژێر کاریگه‌ریی شه‌ریعه‌تی بوونه‌یه‌که‌یدایه. له‌نێو هێزه جێبه‌جێکاره‌کانیشدا مه‌لاکان له پشکداره سه‌ره‌کییه‌کانن. "لووتکه‌ی راسته‌قینه‌ی کاروباره‌کان" (ده‌سته‌واژه‌که‌ی خومه‌ینی) له‌لایه‌ن " رێبه‌رایه‌تی مه‌زن" و نووسینگه‌که‌ی ئه‌وه‌وه پێکده‌هێنرێت.
حکوومه‌تی ئیسلامی هۆنراوێکی ئایدیۆلۆژیک-ئابووری-سه‌ربازی. له‌نیو هێزی ئۆلۆگارشیکدا، بکه‌ری ئایدیۆلۆژیک رۆڵی ره‌واییبه‌خش و نێوانگر له‌نێوان بکه‌ره‌کانی دیکه‌دا ده‌گێڕێت. ئه‌وه‌یکه هێزه نامه‌لاکان ده‌ربه‌ستی شه‌ریعه‌تیان نییه و له‌وانه‌شه سه‌ودای تریان له‌سه‌ردا بێ، هیچ له‌و راستییه ناگۆڕێت که ئه‌و حکوومه‌ته به‌بێ ئایدیۆلۆژییه‌که‌ی و ئه‌و به‌شه‌ی که مۆنۆپۆلی به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردنی دراوی ئایدیۆلۆژیکی له‌به‌رده‌ستدایه، ناسنامه‌یه‌کی تری ده‌بێت، ناسنامه‌یه‌ک که گه‌یشتن پیی خۆی گۆڕانێکی شۆڕشگێڕانه‌یه، گۆڕانێکه که زۆر له‌سه‌رووی جێگۆڕکێی باڵه‌کانه‌وه‌یه.
ئه‌وه ده‌زانین که له هه‌مبانه‌ی شه‌ریعه‌تدا هه‌موو شت هه‌یه. دێهخودا له "ئه‌مسال و حیکه‌م"دا ئه‌و حیکایه‌ته‌ی تۆمار کردووه: "چه‌قه‌ڵێک که‌ڵه‌شێری مه‌لایه‌ک خنکاند و بردی و مه‌لا به‌شوێنی که‌وت. هاوڕێکه‌ی وتی: بۆ له به‌ڵاش راده‌که‌ی؟! که‌ڵه‌شێره‌که ئێستا ئیتر مندار بۆته‌وه و خواردنه‌که‌ی ناڕه‌وایه. مه‌لا وتی: تۆ نازانی من خۆم چه‌قه‌ڵیشم حه‌ڵاڵ کردووه و ده‌یخۆم! چه‌قه‌ڵ له پێشه‌وه و شێخ به‌دوایدا له ئاوایی دوور که‌وتنه‌وه. نیوه‌شه‌و بڕستی لێ بڕاو و شێخ به که‌ڵه‌شێره‌که‌وه گرتی. هه‌ڵبه‌ت برسێتی زاڵ و لادێ دوور و خۆپاراستن ئه‌رک بوو. ئاگرێکی کرده‌وه و که‌ڵه‌شێره‌که‌ی به منداری خوارد و لێی خه‌وت. سبه‌ی رۆژه‌که‌شی له‌و شوێنه مایه‌وه و رۆژه‌که‌ی به برسێتی به‌سه‌ر برد و ته‌نگانه به‌ری پێ هه‌ڵچنی و چه‌قه‌ڵه‌که‌شی به کڵاوی شه‌رعیی (خواردنی حه‌رامکراو) که‌باب کرد و ره‌وانه‌ی لای که‌ڵه‌شێره‌ی کرد."
دێهخودا ئه‌گه‌ر له سه‌رده‌می ئێمه‌دا بژیابایه، ئه‌گه‌ر بیویستایه ناتوندوتۆڵیی شه‌رع نیشان بدات، ده‌سته‌وداوێنی ئه‌و به‌سه‌رهاته ده‌گمه‌نه نه‌ده‌بوو. سه‌رجه‌می پراتیکی حکوومه‌تی باس له ناتوندوتۆڵیی شه‌رع ده‌کات. هیچ کارێکی گه‌وره نییه که پشتی به فێڵێکی شه‌رعی نه‌به‌ستبێت. رێسا له رژێمی ئایینی‌دا خواردنی منداره‌وه‌بووه، حافز گوته‌نی، خواردنی پارووی گوماناوییه.
هه‌ندێک که‌س به دیتنی ئه‌و هه‌موو فێڵه شه‌رعییانه به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتوون که شه‌رع به‌و نادۆگمابوونه‌که‌ی خۆی و به‌و هه‌موو مه‌یله دنیاییانه‌ی که هه‌یه‌تی، له‌خۆیدا "سیکۆلاره" و ئێمه پێویستیمان به سیکۆلاریزاسیۆنێکی نوێ نییه. وه‌ها تێگه‌یشتنێک له سیکۆلاریزاسیۆن هه‌ڵه‌یه. سیکۆلاریزم له‌به‌رانبه‌ر ته‌رکه دنیا بوون و گۆشه‌گیری و ژیانی سۆفییانه‌دا نییه. له ئه‌ورووپا به‌م شێوه‌یه نه‌بووه و له ئێرانیش وه‌ها نییه. له قۆناغی په‌ره‌سه‌ندنی سیکۆلاریزمدا له ئه‌ورووپا جیاکه‌ره‌وه‌ی ره‌فتاری کڵێسا نه‌ک ته‌رکه دنیابوونه‌که‌ی، به‌ڵکوو هه‌مان دنیاگه‌راییه‌که‌ی بووه، دنیاگه‌راییه‌ک که هیگڵ به راناوی "خراپ" ده‌ستنیشانی ده‌کات. دنیاگه‌رایی شه‌ریعه‌تی ئیسلامیش دنیاگه‌رایی خراپه. له ئاستی تاکیدا، مۆدێلی دنیاگه‌رابوونی شه‌رع، دنیایه‌کی پیاوانه‌یه که پیاو له‌وێدا له چێژی دنیایی (له چوارچێوه‌یه‌کی له‌ڕووی مێژووییه‌وه په‌روه‌رده‌کراودا له بیابان نشینه‌کان و شارنشینه سه‌ده ناوه‌ڕاستییه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ئاسیا و باکووری ئه‌فریقا)به‌هره‌مه‌نده و له‌گه‌ڵ هه‌ر چێژێکدا که وه‌ریده‌گرێت زۆر زیره‌کانه کۆشکێکیش له به‌هه‌شت بۆخۆی دروست ده‌کات. له ئاستی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا، مۆدێل بۆ دنیاگه‌رایی شه‌ریعه‌تی شیعه، ئه‌و رۆڵه‌یه که شه‌رعزانه‌کان له ناوه‌راسته‌کانی حکوومه‌تی سه‌فه‌وییه‌وه هه‌تا ئێستا له پانتای ده‌سه‌ڵاتدا ده‌یگێڕن.
ئاڵوێری دراوی ئایین له بازاڕێکی ئازاد‌دا به‌ڕێوه ناچێت. وه‌لی فه‌قی خه‌زانه‌داری بانکێکی ئایدیۆلۆژیکه. حه‌وزه‌ش خۆی قه‌رزداری ئه‌و بانکه‌یه. له‌گه‌ڕدا بوونی دراوی ئایین، دیسکۆرسی ده‌سه‌ڵات پێکدێنێت. ئه‌م مامه‌ڵه‌یه له گۆڕه‌پانێک له هه‌ڵاواردنه‌کاندا ده‌چێته پێش و به‌رده‌وام ئه‌و هه‌ڵاواردنانه سه‌رله‌نوێ به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه. حه‌وزه، یه‌کێکه له ماده پێکهێنه‌ره‌کانی ئه‌و سیسته‌مه‌یه نه‌ک یه‌کێک له بنه‌ماکانی. به‌و پێیه ئه‌و راست نییه که بڵێین ته‌قیله‌به‌سه‌ره‌کان له‌م چیرۆکه‌دا هیچکاره‌ن. ئه‌وان سووخۆرن، کارمه‌ندانی ئه‌و بانکه ئایدیۆلۆژیکه‌ن و ئه‌و نوێژه‌ش که له مزگه‌وت ده‌یخوێنن، خزمه‌تێکه که به‌و بانکه‌ی ده‌که‌ن، جا مه‌به‌ستیان هه‌ر شتێکه با ببێت.
ئه‌و سیکۆلاریزاسیۆنه‌ی که مه‌رجی دیموکراتیک کردنی ستراکتۆری ده‌سه‌ڵاته له ئێران‌دا، دژه ئایین نییه، به‌ڵام پێویسته سه‌رهه‌ڵبدا و دراوی ئایین له بره‌و بخات. ئیمانداره راسته‌قینه‌کانیش له‌وه‌یکه ره‌وتێک بۆ تێکشکاندنی ئه‌و "دنیاگه‌راییه خراپه" و به زمانێکی خۆماڵی کۆتاییهێنان به ئالووده بوون به ماڵی دنیا، راپه‌ڕیوه ده‌بێ خۆشحاڵ بن. خۆزگه له کۆبیره‌وه‌ریدا ئه‌وه تۆمار بکرێت که زۆربه‌ی زاناکان ئالووده بوون و له حه‌وزه‌وه زۆر به ده‌گمه‌ن ده‌نگێکی ناڕه‌زایی له‌دژی "دنیاگه‌رایی خراپ" به‌رز بۆته‌وه.
له‌م رۆژانه‌دا باسی یارانه له ئێران گه‌رمه. باس له هه‌موو کاڵایه‌ک ده‌کرێت جگه له‌و کاڵایه‌ی که زیاترین یارانه بۆ ئه‌و ده‌گه‌ڕێته‌وه و ئه‌ویش هه‌مان کاڵای ئایینه. سه‌رجه‌می بوودجه‌ی سانسۆر، بوودجه‌ی رادیۆ و ته‌له‌فزیۆن، بوودجه‌ی رێکخراوی بانگه‌شه‌ی ئیسلامی، بوودجه‌ی نوێژه هه‌ینییه‌کان، بوودجه‌ی وه‌زاره‌تی ئیرشاد و به‌شێک له بوودجه‌ی وه‌زاره‌ته‌کان و به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌کانی تر، یارمه‌تیی راسته‌وخۆ به حه‌وزه‌کان و تۆڕی مزگه‌وته‌کان، ئیمتیازه‌کانی دامه‌زراندنی ته‌قیله‌به‌سه‌ره‌کان، ئه‌و پاره‌یه‌ی که له ده‌ره‌وه بۆ ئیسلام و "خاوه‌ن بڕیاری موسوڵمانه‌کان" خه‌رج ده‌کرێت و زۆر شتی تر، هه‌موو له‌و یارانانه‌ن که ده‌چنه خزمه‌ت کاڵای ئایینه‌وه. له پرسیاره‌که‌دا هاتبوو که "له کۆمه‌ڵگه‌ی سیکۆلاردا په‌یوه‌ندیی نێوان ئایینداری و سیاسه‌ت چۆنه". به سه‌رنجدان به باسی یارانه ده‌کرێ به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بدرێته‌وه: له سیسته‌می سیکۆلاردا هیچ یارانه‌یه‌کی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ به ئایین نادرێت.
مه‌به‌ست له راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ چییه؟ ئه‌و کاڵایانه‌ی که هه‌ژمار کران، رێگه‌کانی یارمه‌تیی راسته‌وخۆن که بۆ بره‌و پێدان به بازاڕی ئایین ته‌رخان ده‌کرێن. یارمه‌تییه داراییه ناڕاسته‌وخۆش به دامه‌زراوه ئایینییه‌کان ده‌کرێت: له سووڕی پاره له‌و دامه‌زراوانه‌دا ناکۆڵرێته‌وه و باجیان لێوه‌رناگرن. له سه‌رده‌می په‌هله‌ویشدا وه‌ها یارانه‌یه‌ک به ئایین ده‌به‌خشرا. فاکته‌ری سیسته‌مێکی سیکۆلاری جیدی سڕینه‌وه‌ی هه‌موو چه‌شنه ته‌رخانکردنێکی یارانه بۆ ئایینه. ئایا ئه‌وه سته‌مه به ئایین؟ ئه‌گه‌ر ئایین وه‌ک ئه‌و به‌ڕێزانه ده‌ڵێن به‌دژی ماده‌په‌ره‌ستییه، ده‌بێ سیکۆلاریزاسیۆن به گه‌وره‌ترین خزمه‌ت به ئایین بزانریت.
له پرسیاره‌که‌دا ئه‌م بابه‌ته‌ش هاتبووه ئارا که پرسی سه‌ره‌کی له ئێران سیکۆلاریزمه یان نه‌بوونی دیمۆکراسی. وه‌لام ئه‌وه‌یه که هه‌ردووکیان. دیسانیش هه‌ر له گۆشه‌نیگای "ئابووریی سیاسیی ئایینه‌وه" له بابه‌ته‌که بڕوانین. کاڵایه‌ک له ئارادا هه‌یه که یارانه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ی پێ ده‌گات. به‌رهه‌مهێنه‌ران و دابه‌شکه‌رانی ئه‌و کاڵایه، دراوی وایان هه‌یه که له سیسته‌می ئێستادا به گه‌ره‌نتیی ده‌وڵه‌تییه‌وه شیاوی گۆڕینه‌وه‌یه به ئیمتیازه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و کلتوورییه‌کان. تا ئه‌و کاته‌ی که سوورانه‌وه له پانتای ده‌سه‌ڵاتدا، سه‌رجه‌می سیسته‌می پاره و سه‌رجه‌می سیسته‌می به‌رهه‌مهێنان و دابه‌شکردنی سه‌رمایه کۆمه‌ڵایه‌تی و کلتوورییه‌کان، له‌ژێر کاریگه‌ریی دیاریکه‌ری یارانه‌دان به کاڵای ئاییندایه، ناشێ باسێک له دیموکراسی له وڵات‌دا بهێنرێته ئاراوه. سیسته‌می وه‌لیی فه‌قی ئه‌گه‌ر پیاوکوژیش نه‌کات، سه‌رجه‌می سامانی وڵات داپڵۆسێنه‌رانه‌یه. سڕینه‌وه‌ی سیسته‌می ته‌رخانکردنی یارانه به ئایین، که ناوی سیکۆلاریزاسیۆنه، له خۆیدا وڵات دیموکراتیک ده‌کات، به‌ڵام به‌بێ ئه‌و ناتوانرێ هیچ باسێک له دیموکراسی بکرێت. جودابوونی ئایین و ده‌وڵه‌ت، مه‌رجی یه‌که‌می جێگیربوونی دیموکراسییه له ئێران.