حەسەن مەحمود حەمەكەریم
بەشەی سێیەم و كۆتایی: كتێبی (ئاڤێستا) ئاوێستا
مەسعود محەمەد پێی وایە بۆ یەكاڵاكردنەوەی وشەی (ئاوێستا)، باشترین سەرچاوە كتێبەكەی (دكتۆر محەمەد موعین)ـە.
ئاوێستا مانای (ئەساس و بونیان و مەتن) دەبەخشێت، بەڵام (ویسباج) و (بارتۆ مۆلا) دەیبەنە سەر (پەنا و كۆمەك)، زانای ئەرمەنی بە (اعتماد) و (ویكاندێر) و (پەنا)ی لێك دەدەنەوە.
(دالا) بە مانای (زانین) واتای كردوە، بەڵام مانای (زەند) بە (شەرح) یان (زانین) داناوە كە خۆشی لە ئەسڵدا شەرحی ئاوێستایە و (بازندە) بە واتای (هۆش) لێكدراوەتەوە، پێش برەوی زمانی پەهلەوی - كوردی كۆن - لە زۆر كۆنەوە تەفسیرێكی تر بە زمانی ئاوێستا نوسرا بو، بەڵام ئەمە لەگەڵ (دەقی) ئاوێستا تێكەڵاو بو، تا ئەوەی ئاوێستاخوێنان شەرحەكەیان بە دەقی ئاوێستا زانی، ئا ئەم شەرحە زۆر لە دەقە هۆنراوەكانی ئاوێستای شێواندوە.
هەرچی لە ئاوێستادا نوسراوە، بەشێكی كەمە لە واقیعی باسەكە. (مەسعودی) دەڵێ: (ئەبستا) واتە (ئاوێستا) و بە عەرەبی پێی دەڵێن (ئەبستاق)، ژمارەی سورەتەكانی بیست و یەك دانەیە، هەر سورەتەی دو سەد لاپەڕەیە، لە دوازدە هەزار پێستی گادا بە ئاوی ئاڵتون و بە هەڵكەنراوی نوسراوەتەوە، بە زمانێك كە تەنیا زەردەشت خۆی لێی تێدەگات و بۆ پەیڕەوانی هەیە كە تەنیا لەبەری بكەن، تا دەستكاری نەكرێت، ژمارەی پیت و دەنگەكانی شەست دانەیە، هەر پیت و دەنگێك وێنەی تایبەتی خۆی هەیە، ئەو زوبانەشی ناو ناوە (نوسینی ئاینی)، تەنیا بۆ لەبەركردن بو، بۆ خێر و پیرۆزی دەخوێندرایەوە، زەردەشت شەرحێكی بۆ ئاوێستا نوسیبو، ناوی نابو (زەند)، كە شەرح و تەفسیری فەرمایشتەكانی خوا بو كە بۆ زەردەشتی ناردبو، پاشان ئەمەی كردە كوردی كۆن (پەهلەوی)، دوبارە ئەمیشی بۆ فارسی وەرگێڕاو ناوی نا (پازەند)، دوای زەردەشت زاناكانی ئەم ئاینە شەرحێكی درێژیان بۆ (پازەند) نوسی و ناویان نا (باردە) یان (ئەكردە).
ئاڤێستا پێنج بەشە:
یەكەم: یسنا (گاتاكان كۆنترین بەشی ئاوێستایە).
دوەم: ویسپرد.
سێیەم: وندیدات (ڤەندیدات).
چوارەم: یشتها.
پێنجەم: خردە ئاوێستا.
سورەتەكانی ناو ئاوێستا وەك سورەتی (ئەشتاد) و (بانیست) و (هادرخت)، سورەتی (جترشت) باسی سەرەتای دروستبونی بونەوەر و كۆتایی دنیا دەكات، (هادۆخت)یش ئامۆژگارییە.
ول دیۆرانت، فەیلەسوفی مەزنی ئەمریكی دەڵێت (زەردەشت) كە بتپەرستی و ئاگرپەرستی مەجوسەكانی بینی توڕە بو، پیایاندا هەڵشاخاو وتی (لە بونەوەردا هیچ خوایەك نییە جگە لەخوای تاك و تەنیا كەخوای ئاسمان و زەوی و ڕوناكییە).
پاشان (ول دیۆرانت) لە كتێبە كەم وێنەكەیدا بەناوی (قصە الحضارە) كە 32 بەرگە لە باسی ئاوێستادا دەڵێت: (ئەوەی كە ئێستا لە ئاوێستا ماوە، بەشێكی كەمە لە كتێبێكی گەورە).
پاشان دەڵێ: (كشتاسپ) دو دانە لە ئاوێستای لە سەردەمی خۆیدا نوسیەوە، یەكیان ئەسكەندەری مەكدۆنی لە هێرشەكەیدا لە شاری (بەرسۆبۆلیس) سوتاندی، ئەوەی تریان یۆنانییەكان بردیان بۆ وڵاتی خۆیان و وەریانگێڕا و هەمو زانستەكانی یۆنانی كۆنایان لەوەوە وەرگرتوە).
پاشان دەڵێ: ئاوێستا پێنج بەشە:
أـ یزنا: چل و پێنج بەشە.
ب ـ وسپرد: بیست و چوار بەشە.
ج ـ وندیداد: بیست و دو بەشە. ئەمە فیقهی زەردەشت و یاساكانی ڕەوشتن لە دژی شەیتان.
د ـ یشت: ئەمە بریتییە لە بیست و یەك سرود كە هەموی زیكرو یادە بەشێوەی لاواندنەوەو هۆرەی بەسۆزو غەمگیناوی.
ه ـ خردو ئەبستاق: ئەمە سڵاواتدانە لە بۆنە تایبەتییەكاندا دەخوێندرێتەوە).
كەس ئەوەندەی (مەسعودی) باسی زەردەشت و ئاوێستای نەكردوە، مەسعودی دەڵێ: (ئاوێستا قسەی خوایە، بۆ زەردەشت هاتوە، پاشان زەردەشت وەریگێڕا بۆ زمانی كوردی كۆن. مەسعودی دەڵێ: فارسەكان پێش زەردەشت ئاگرپەرست بون.
(هرمیپ ئەزمیری) نوسەرێكی یۆنانییە لەسەدەی سێیەمی پێش زایندا نوسیویەتی (زەردەشت لەسەدەی سێیەمی پێش زاییندا دو ملیۆن دێڕە شیعری داناوە).
زۆر لە كوردەكان هەزاران بەیت لەو شیعرانەیان لەبەر بوە و پەیڕەویان لێ كردوە، زەردەشت دەیویست لە ڕێگەی ئەو شیعرانەوە مەبەستەكانی بگەیەنێت، چونكە شیعر زۆر باش و ئاسان لەبەر دەكرێ و كەمتر لەبیر دەچێتەوە، زەردەشت خۆشی شاعیرێكی هەست ناسكی كەم وێنە بوە، چۆنی بویستایە دەیتوانی بیهۆنێتەوە.
بورهان قانیع دەڵێ: دوا لێكۆڵینەوە گەیشتە ئەو ڕایەی ئەو خەتەی كە ئاوێستای پێ نوسراوەتەوە، لە كۆتایی سەدەی شەشەمی پێش زاییندا پەیدا بوە.
مەسعودی دەڵێ: (ئەم نوسینانەی زەردەشت خۆی دایهێناوە، پیت و دەنگی بۆ داناوە، تا ئەسڵەكەی نهێنی بێت و دەستكاری نەكرێت، پاشان نوسینی تری داهێنا ناوی نا (كش بیر) واتە نوسینی گشتی هەموان، بە زمانی هەمو نەتەوەكان دەخوێندرایەوە و لەبەر دەكرا. ئەم نوسینە نوێیە سەدو شەست پیت و دەنگی هەبو كە هەر پیت و دەنگێك وێنەی خۆی هەبو).
قانعی شاعیر لە دیوانی (شاخی هەورامان)دا زۆر جوانی هۆنیوەتەوە:
كتێبی زەردەشت كە ئاوێستایە
وەك باقی كتێب خەڵاتی خوایە
بە زوان هەورامی هاتە سەر بەشەر
یانێ های زەردەشت بو بە پێغەمبەر
تا دەوری خۆی بو وەك باقی دینان
بەڵام نەسخ بو ئەویش بە قورئان
ماریفەت و پیر وتەی شالیارە
كە بە پیرشالیار لە گشت دیارە
سەرچاوە/هەفتەنامەی ئاژانس
كاریگەری ئایینی زەردەشت لەسەر شارستانی و ڕۆشنبیریی ناوچەكە - بەشەی یەكەم
كاریگەریی ئایینی زەردەشت لەسەر شارستانی و ڕۆشنبیریی ناوچەكە - بەشەی دوەم