م.عوسمان جاف
پەیامە جیهانیەكەی زەردەشت : ئومێد ، چارەسەر و سەبووری بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت.
پەیامێكی پێشكەوتنخوازە و ڕێز لە عەقڵی چاكی مرۆڤ دەگرێت. یارمەتی مرۆڤ ئەدات تێبگات بۆچی لەسەر ئەم زەمینەیە و پێویستە لە ژیانی ڕۆژانەیدا چی بكات.
بەشداربوونی مرۆڤ لە هەوڵدان بۆ چاككردنی جیهان دەكاتە بەرپرسیارێتی.
پەیامەكەی زەردەشت لە ساتە تاریكەكاندا گەرمی و ڕووناكی دەبەخشێت بە مرۆڤ. باس لە پرەنسیپە سەرەكیەكانی ژیان دەكات.
چاودێری كردنی زەوی و سروشت دەكاتە بەرپرسیارێتی مرۆڤ و داوای لێدەكات لەگەڵ سروشتدا لەكاردا بێت.
پەیامەكەی زەردەشت لە پێناوی ڕاستی و ڕاستگۆیی، دادپەروەری و مافی مرۆڤ و ئاشتی جیهانی دایە.
بیروهۆش وروژێنەرە و پێشكەوتنخوازە، داوا لە مرۆڤ دەكات كە گەشە بە عەقڵی چاكی بدات.
پەیامەكەی زەردەشت ئارامی و ئاسوودەیی بە هەموان دەبەخشێت.
بیری چاك وتەی چاك كرداری چاك
ئایا ئەزانیت كە ... ؟
•زەردەشت پێغەمبەرێكی ئاری نەژادە .
•زەردەشت پێغەمبەر و فەیلەسوف و مامۆستایە.
•زەردەشت دامەزرێنەری یەكەم ئایینی یەكتاپەرستی یە.
•زەردەشت یەكەم كەس بوو باسی لە لێپێچینەوە، بەهەشت و دۆزەخ كرد
•زەردەشت ناسراوە بە باوكی ئازادی .
•زەردەشتی بە دایكی ئایینەكان ناسراوە .
•زەردەشت لە رێگەی بیركردنەوە و ڕامانەوە پەروەردگاری دۆزیەوە .
•ئەهورا مەزدا ( خودای سەروەر و دانا ) بەدیهێنەری جیهانی ماددی و مەعنەوییە .
•زەردەشتی ئایینێكی عەقڵانی یە , ئەفسانە و بیروباوەری نالۆژیكی جێگەیان نییە.
•زۆر لە فەیلەسوفەكان كەوتوونەتە ژێر كاریگەری فەلسەفەی زەردەشتەوە.
•زەردەشت 3700 ساڵ لەمەوبەر لە ناوچەیەكی ڕۆژئاوای ئێران هاتۆتە دنیاوە.
•خانەوادەكەی زەردەشت لە یەكێ لە گەلانی هیندو ئەوروپی یە كە خۆیان ناو ناوە ( ئاریان ) بە مانای خانەدان.
•خانەوادەكەی زەردەشت بە ئاژەڵداری و بەخێوكردنی ئەسپەوە خەریكبوون.
•زەردەشت لە تەمەنی 30 ساڵیدا سروشی یەزدانی بۆ هات و بوە پێغەمبەر.
•زەردەشت لە تەمەنی 77 ساڵیدا كۆچی دوایی كردوە. دەڵێن لەلایەن دوژمنەكانیەوە كوژراوە.
•بەر لە ئامۆژگارییەكانی زەردەشت فرە خواوەندی لەناو ئاریەكاندا باو بوو . باوەریان بە ئەفسانە و جادوو هەبووە.
•لەو ڕۆژگارەدا پادشا و پیاوە ئایینیە چاوچنۆكەكان ئاریەكانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكاردەهێنا.
•پیاوە ئایینیە چاوچنۆكەكان بە قوربانی كردن بە خوێن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەری جۆر بە جۆر و خوێندنی دوعا و نزای ئایینی بۆ خۆشنودی خواوەندەكان و لابردنی كاریگەری جادو خەڵكە خۆشباوەڕ و سادەكانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكار دەهێنا.
•زەردەشت هەر لە تەمەنی 7 ساڵی یەوە بە گومانەوە دەیڕوانیە بیروباوەری ئایینی ئاریەكان.
•گومانی زەردەشت هێندەیتر زیادی كرد كاتێك پیاوە ئایینیەكان نەیانتوانی بە وەڵامە دڵنیانەكەرەوەكانیان ڕازی بكەن.
•ئایینی زەردەشتی لەسەر بناغەی بیری چاك و وتەی چاك و كرداری چاك دامەزراوە.
•گاتاكان سروودن ، ئامۆژگاریەكانی زەردەشتن . گاتاكان لە 17 سروود پێكهاتووە.
•ئەو پەرتوكەی كە دوعا و نزا و نوێژی زەردەشتیەكانی تێدایە پێیدەوترێت ئاڤێستا . گرنگترین بەشی ئاڤێستا گاتاكانە.
•( ئاتار ) وشەیەكی ئاڤێستایی یە بە مانای ئاگر.
•زەردەشتیەكان نوێژەكانیان بەرامبەر ئاگر و ڕۆشنایی بەجێدێنن.
•زەردەشتیكان دەڵێن : " ناتوانین بە چاومان خودا ببینین .ئاگر و رۆشنایی ئەهورا مەزدامان وەبیر دێنێتەوە ، لەبەر ئەوە ئێمە ڕوو دەكەینە ئاگر و ڕۆشنایی كاتێك نوێژ بۆ ئەهورا مەزدا دەكەین" .
•زەردەشت ئامۆژگاری مرۆڤ دەكات ڕێگەی ڕاستی و ڕاستگۆیی بگرێتە بەر چونكە راِستگۆیی چاكترین چاكەیە.
•توخمە سروشتیە سەرەكیەكانی وەك زەوی ، ئاو ، با ( هەوا ) و ئاگر پیرۆزن دەبێ پیس نەكرێن.
زەردەشت
زەردەشت ناسراوە بە باوكی ئازادی و فەلسەفە ، هەروەها لە بواری زانست و ڕەوشتناسی و مرۆڤایەتیشەوە خۆی پێشەنگ و سەرقافڵە بووە . زەردەشت باوكی فەرهەنگی ئاریەكانە . ئەم فەیلەسوفە مێشكی مرۆڤی وروژاند . داوای لە مرۆڤەكان كرد كە بوێری ئەوەیان هەبێت بیر بكەنەوە . ئازاد بن لە ئەفسانە ، كۆتو بەندی ئایین ، درۆ ، چەوسانەوە و دەمكوتكردن .
زەردەشتی
زەردەشتی فەلسەفەی ئایینە ، یەكێكە لە كۆنترین مانتراكان ( سروودی ئایینی كە مرۆڤ دەخاتە ڕامان و بیركردنەوە ) ، فەلسەفە ، ئامۆژگاری ، فەرهەنگ و شارستانییەتی جیهان . مێژووی زەردەشتی دەگەڕێتەوە بۆ 3700 ساڵ یان پتر لە 8500 ساڵ بەر لە ئێستە.
ئایینی زەردەشتی و ئازادی
ئازادی جوانترین خەڵاتی یەزدانە دراوە بە مرۆڤ . نابێ مرۆڤی لێ بێبەری بكرێت . كۆمەڵگای مرۆڤایەتی هەرگیز گەشە ناكات گەر بێت و ئازادی ئیرادە و ئازادی هەڵبژاردن لە ئارادا نەبێت.
زەردەشتی ئایینێكی دیموكراتیە
یەكەم سروودی زەردەشت بە ( یاپا ئاهو ) دەست پێدەكات ، پرەنسیپی هەڵبژاردن . بۆئەوەی ئاشتی ، خۆشگوزەرانی ، سەقامگیری ، پێشكەوتن و بەختەوەری بۆ جیهان فەراهەم بكرێت ، دەبێ خەڵكی كەسانێك هەڵبژێرن كە لێهاتوون و دەتوانن جیهان ڕزگار بكەن لە هەڵەی عەقڵی و جەستەیی بەرەو ڕاستی و پێگەیشتویی ( كەمال ) و نەمری بەرن . زەردەشت دامەزرێنەری یەكەم دیموكراسی – عەقڵی و جەستەیی ، رۆحی و ماددی یە.
زەردەشتی ئایینێكی فەلسەفیە
زۆرێك لە شارەزایان زەردەشتی بە ئایینێكی فەلسەفی پێناسە دەكەن . زەردەشتیەكان هاندەدرێن كە بۆخۆیان بیر بكەنەوە دەربارەی كامە ڕاستە و كامە هەڵەیە و خۆیان بڕیار بدەن لەسەر ڕاستی و دروستی و نەكەونە ژێر فشاری زۆرینەوە . زەردەشت خۆی زۆرجار پێناسەی ئایین دەكات بە پەیامی وروژێنەری بیر و هۆش . گەڕان بەدوای ڕاستیدا یەكێكە لە لایەنە بنەڕەتیەكانی ئایینی زەردەشت.
زەردەشتی ئایینی لێبوردەییە
باوەڕ بە پرەنسیپی لێبوردەیی و پابەندبوون پێوەی وا دەكات گشت فەرهەنگەكان مافی ئەوەیان هەبێت گوزارشت لە بیروبۆچوونی تایبەت بە خۆیان دەربارەی ژیان بكەن.
كاركردن بۆ گۆڕین یان زۆركردن لە فەرهەنگێك بۆئەوەی پەیڕەوی سروشتی بیروبۆچوون و تیڕوانینی كەسانیتر بۆ ژیان بكات ، نیشانەی لێبوردەیی نیە . ئەمە لە ڕاستیدا سەرەنجامی بێ حیكمەتی و نەزانینە . دەبێ ئەم جۆرە كارە رسوا بكرێت لەلایەن ئەو كەسانەوە كە گشت فەرهەنگەكانیان لا بە نرخە.
كاریگەری ئایینی زەردەشتی
ئایینی زەردەشتی كاریگەری زۆری لەسەر ئەو ئایینانە بووە كە دواتر سەریان هەڵدا . زەردەشتی ئایینی لێبوردن و ڕێزلێنانە بەتایبەتی بەرامبەر ژینگە ،وە دژی هەر كردارێكە كە بە چاوی سووك سەیری یاسای بیروباوەڕی ئایینی كەسانی تر ( دیگەران ) دەكات . یەكسانی ، ژینگە پارێزی و پێكەوە ژیان سوود و كەڵكی بۆ گشت ئایینەكانی جیهان دەبێت .
چاكە و خراپە
زەردەشت گەردوون وەك بەدیهاتویەكی چاكی یەزدان دەبینێت و هیچ خراپەیەكی تێدا نابینێ. گەردوونێكە یاسایەكی ڕێك و پێك و هاواهەنگە . بەهەر حاڵ چەند ئاماژەیەك هەیە بەوەی كە زەردەشت ئەم گەردوونە بە ساوا دەبینێت ، لە ڕووی پێكهاتەیەوە تەواوە بەڵام لە گەشەسەندندایە بەرەو پێگەیشتویی ( كەمال ) و نەمری.
سەبارەت بە چاكە و خراپە زەردەشت هەردووكیان دەگێرێتەوە بۆ مێشكی خودی مرۆڤ نەك بۆ دەرەوەی خۆی یان گەردوون . چاكە و خراپە ئەو دووفاقەییە دەردەخات كە تەنها لە مێشكی مرۆڤ و لەناو كۆمەڵگای مرۆڤایەتیدا بوونی هەیە .
یـــەزدان
لە ڕێگەی هۆشیاریی ڕۆحییەوە و ڕامانەوە زەردەشت دەركی بەو حیكمەت و عەقڵ و داناییە كرد كە لە یاسای سروشتدایە ، حیكمەت و عەقڵ و داناییەك كە مرۆڤەكان لەو سەردەمەدا هەوڵی ئەوەیان ئەدا لێی تێبگەن . زەردەشت ئەم حیكمەت و عەقڵ و داناییە لە ڕێگەی چاكە خوازی بیركردنەوە و بووندا ( وجود ) دەدۆزێتەوە .
زەردەشت بە شێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا پێناسەی خودا دەكات وەك رێكارێكی پێشكەوتنخوازی بیركردنەوە و بوون كە مایەی گەشەكردن و خۆشگوزەرانیە.
گـاتــاكـان
گاتاكان لە بنەڕەتدا ئەو سروودانەن كە بیر و هۆش دەوروژێنن . هەر لەبەر ئەوەشە كە كورت و لە رووی ناوەرۆكەوە چڕوپڕ و پڕ مانان . گاتاكان توانای بیركردنەوەی مرۆڤ دەوروژێنن و ڕێنمایی دەكەن و بە ئاراستەیەك دەیبەن كە بە وردی و چاكی بیر بكاتەوە . مرۆڤ هاندەدات كە ڕێگەی روون و ڕاست بگرێتە بەر بە تێڕوانینێكی چاوكراوانە لە هزر و مێشكدا .
گاتاكان وتە ئاسمانی و یەزدانیەكانی خودی زەردەشتن . پاسەوان و پارێزەرن ،خۆراكن بۆ مێشك و هەروەها خۆراك و پۆشاكن بۆ ڕەوان ( رۆح ).
شوێنكەوتنی ڕاستگۆیی و گرتنەبەری رێگەی ( ئەشا ) شادی دێنێ
ئەشا : ڕاستی و دروستی و پاكی و عشقی ئەهورایی
گرنگە ڕاستگۆ بین تەنها لە پێناوی ڕاستی و ڕاستگۆییدا نەك لە ترسی سزا .
شادی ڕاستەقینە لە ڕاستگۆییدایە چونكە ئەوە جوانترین بەخششی خودایە.
شادی بۆ ئەو كەسەیە كە شادی بە كەسانی تر دەبەخشێت .
مرۆڤ دەبێ بەرپرس بێت لە بیر و وتە و كرداری خۆی .
مرۆڤەكان و گشت بەدیهێنراوەكانی تری خودا وەك ئاژەڵەكان و روەكەكان و و هەروەها توخمە سروشتیەكان دەبێ بایەخیان پێبدرێت و چاودێریان لێبكرێت
ئەو ئازادیەی پێتدراوە بۆ هەڵبژاردن لە نێوان چاك و خراپدا بە هۆشیاری و ئاگاییەوە بەكاربێنە.
ویژدان یەكێكە لە گەورەترین بەخششەكان . بەبێ ویژدان ناتوانیت خۆت لە كردنی هەڵە بپارێزیت .
چاكە و خراپە لەناو مێشكی خودی مرۆڤدان ، نە لە دەرەوە و نە لە گەردووندا .
ئەم جیهانە و مێژوو مەیدانی جەنگە لە نێوان هێزی چاكە و هێزی خراپەدا و بەردەوام دەبێت تا دوا لێپێچینەوە كە بە یەكجاری هێزی خراپە لەناودەچێت .
مرۆڤەكان ئیرادەی ئازاد و سەربەستیان هەیە چاكە بكەن یان خراپە .
ئەركی سەرشانی مرۆڤە كە لە سەنگەری چاكەدا بێت بۆ ئەوەی یاریدەدەر بێت لە وەدەستهێنانی چارەنووسی كۆتایی گەردوون كە تیایدا خراپە لەلایەن چاكەوە بە تەواوی لەناودەچێت .
ئەوەی ئێمە دەیكەین ئەنجامی ڕاستەوخۆی تەنها بۆسەر خۆمان نیە ، بەڵكو بۆ گشت گەردوونە . بەم جۆرە پرەنسیپی مەعنەوی ڕەوشتی ( بیری چاك ، وتەی چاك ، كرداری چاك ) بەرپرسیارێتییەكی گەردوونە .
مرۆڤەكان دەبێ كار بكەن بە ئاراستەی خۆپاككردنەوە بە بەشداری كردن لە كاری چاكەدا.
ئەوە مرۆڤە كە دەتوانێت ڕاستی بێنێت بۆ جیهان . كاتێ ئێمە چاكە دەكەین شتی زۆر زیاتر لە تەنها كردنی چاكە دەكەین . بە چاكبونمان چاكە بۆ جیهان دێنین .
ئەركی سەرشانی مرۆڤی چاك ئەوەیە كەسانی تر پەلكێش بكات بەرەو ژیانی چاكە هانی كەسانی تر بدات و هاوكاریان بێت بۆ ئەوەی ئەوانیش كار بۆ چاكە بكەن .
مرۆڤ تەنها بەدیهێنراوە ( مخلوق ) كە بریكاری خودایە لەسەر زەوی . مرۆڤ بریتیە لە مێشك ، مێشك لە خوداوەیە . چاككردنی خۆمان و مێشكمان گرنگی زۆری هەیە .
مرۆڤ شكۆدارە هێزی چاكسازی ، گەشەكردن لە ناخی مرۆڤەوە و لەسەرەوە دێت (لە خوداوە )
مرۆڤ توانای گۆرینی خۆی و جیهانەكەی هەیە بە یارمەتی خودا . بەم جۆرە مرۆڤ بریكارێكە لە ڕزگاری خۆیدا .
دوای مردن لێپێچینەوە لەگەڵ ڕەوانی مرۆڤدا دەكرێت . ڕەوانێك بەرەو بەهەشت ڕەوانێك بەرەو دۆزەخ بە گوێرەی ڕادەی هاوبەشیكردنیان لە چاكەدا لە ژیانی خاكیدا .
جیهان وەلاوە مەنێ بەڵكو هەوڵدە چاكی بكەیت . ئایین تێكۆشانە لە پێناوی جیهاندا نەك دەروێشی و سۆفیگەری .
جیهان بەرەو پێش دەڕوات لە ڕێگەی خزمەتگوزارییەوە كە دەبێتە هۆی بەختەوەری و خۆشحاڵی .
ئامانجی ژیان بەختەوەرییە لە ڕێگەی قوربانی دان لە پێناوی كەسانیتردا . مرۆڤ خزمەتگوزارێكە لە خزمەتی ڕەگەزەكانی سروشت و جیهان .
هەر مرۆڤە دەبێ خزمەتی مرۆڤێكی تر بكات ، بەو جۆرە هەمووان لە هەمان كاتدا خزكەتگوزارن و خزمەتكراویشن .
ڕاستگۆیی چاكەی سەرەكییە لە پێناوی جێبەجێكردنی ڕۆڵمان لەم بەرەو پێشچوونەی نەشونمای گەردوون .
باوەڕ ( ئیمان ) ، زانیاری و خۆشەویستی دەبێ پێكەوە بەكار بخرێن لە كەسێكدا لە پێناوی پێشكەوتنی خۆیدا .
رەِوانی گشت پیاو و ژنە ڕاستگۆكان دوای مردن شادە چونكە دەچێت بۆ جێگەیەكی باشتر .
شادی و ئاشتی تەنها لە ڕێگەی تێكۆشان و ڕاستگۆییەوە وەدەستدێت .
هەرشتێك پاڵ بە مرۆڤەوە بنێ بەرەو تەمەڵی ، تاریكی و غەمناكی ، ڕێگری لە پێشكەوتنی مرۆڤ دەكات .
گریە و شین بە دوای كۆچكردووی ڕاستكرداردا مانای بێ وەفاییە بەرامبەر پەروەردگار .
مردنی جەستە كۆتایی بوون ( وجود ) نیە. كەواتە بۆ شین كەین لە دوای مردنی كەسێك.
ئاهەنگ گێڕان و شادیكردن ڕێگەیەكە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی لە ئەهورا مەزدا ( خودای دانا ) نزیكتر ببینەوە .
ئازادی ، ئومێد و شادی سەرسەختترین دوژمنی خراپەن .
ڕێگە لە جیهاندا یەكێكە و ئەو ڕێگەیە ( ڕاستی ) یە .
مرۆڤ خۆی ئەندازیاری چارەنوس و ڕزگار كردنی ڕەوانی خۆیەتی بە پیادە كردنی خەسڵەتەكانی ئەهورامەزدا ( خودای سەروەر و دانا ).
بەهەشت لەو شوێنەیە كە بیری چاكی لێیە .
بۆئەوەی وتەی چاك و كرداری چاكت هەبێت دەبێ یەكەم جار بیری چاكت هەبێت .
ئایین پەیامی وروژێنەری بیرە ، پەیامێك نیە كە بە ئاسانی بیری لێبكرێتەوە و كاری پێ بكرێت .
ئەو كەسانەی ژیانیان لە خراپەدا دەبەنەسەر تێڕوانینێكی ڕوونیان نابێت بۆ ژیان و ڕێگای ڕاستی ئەهورامەزدا ( پەروەردگار ) نازانن .
هەموو بیرە چاكەكان، هەموو وتە چاكەكان، هەمو كردارە چاكەكان سەرچاوەكەیان ویژدانی بە ئاگا و نەخەوتوە .
[ بیری چاك ، وتەی چاك و كرداری چاك ] دەبێ ئەو دروشمە بێت كە ڕێنمایی گشت لایەنەكانی ژیان دەكات .
مرۆڤ ئاوەز ( عەقڵ ) و توانای بیركردنەوەی هەیە ، دەبێ پشت بە خۆی ببەستێت ، نەك كەسانیتر ، بۆ دۆزینەوەی چی ڕاستە و چی هەڵەیە .
چارەنوسی كەس پێش لەدایكبون بڕیاری لەسەر نەدراوە .
فەرمانڕەواییەكی چاك دەبێ هەڵبژێردراو بێت ، ئەوكات دەبێتە چاكترین دەستكەوت .
هێز لە خۆشەویستی و تەبایی دایە . نە چاكە و نە هێز لە ڕق و كینە و دوژمنایەتیدا بوونیان هەیە .
مرۆڤ دەبێ چاك بیر بكاتەوە و كوێرانە دوای ئایین و بیروباوەڕ نەكەوێت .
عەقڵی چاك وامان لێدەكات ئەم جیهانە كەموكوڕ و ناتەواوە وەك خۆی بناسین ، ڕۆحی خێرخوازیش هانمان ئەدات كە ئەم جیهانە چاكبكەین و لە كۆتاییدا بیگۆڕین بەرەو پێگەیشتوویی ( كمال ) .
ئەوە ئێمەین ( مرۆڤ ) كە بوونی ( وجود ) كۆمەڵایەتی بە پێگەیشتویی ( كمال ) دەگەیەنین چونكە لە ڕێگەی عەقڵمانەوە و مەیلی چاكە خوازیەوە دەتوانین چاكترین هەڵبژاردە بكەین ، دوور لە نەریت و نۆرمی پیادە كراو و ئامۆژگاریەك كە لە دەرەوەی خۆمان سەپێنراوە .
هەڵبژاردنی ئازادانە خۆی بنەمایە بۆ بەرپرسیارێتی . مرۆڤ دەبێ هەڵبژێرێت و بەرپرسیارێتیش هەڵبگرێت .
ڕەوشتی جوان و سەروەری بەبێ كردار مانایەكی نیە
مرۆڤ بە بەردەوامی بیر دەكاتەوە. ئەندێشەكەی یان چاكە یان خراپ، سودبەخشە یان زیان بەخشە، كە دەیگۆڕێ بۆ وتە و كردار چاكە یان خراپەی لێ دەكەوێتەوە.
سەنگی مەحەك بۆ بیر و وتە و كرداری چاكتر و پێشكەوتووتر كاریگەریە بەسوودەكەیەتی لەسەر كۆمەڵگای مرۆڤایەتی.
یەزدان ئازادی بیر و وتە و كرداری بە مرۆڤ بەخشیوە. مرۆڤ خاوەنی عەقڵی ڕۆشنە ، دەتوانێت جیاوازی بكات لە نێوان چاكە و خراپەدا ، چی بۆ كۆمەڵگا چاكە و چی خراپە.
مرۆڤ دوو عەقڵیەتی هەیە، عەقڵیەتی پێشكەوتنخواز و عەقڵیەتی دواكەوتوو. عەقڵیەتی پێشكەوتنخواز یارمەتی مرۆڤ ئەدات خۆی و جیهانی دەوروبەری چاك بكات، عەقڵیەتی دواكەوتوو ئازار بە مرۆڤ و جیهانەكەی دەگەیەنێت.
مرۆڤی ژیر و زانا عەقڵیەتی پێشكەوتنخوازهەڵدەبژێرێت و گەشەی پێدەدات.
چاك و خراپ یان ڕاست و هەڵە لە هەڵسوكەوتی مرۆڤ خۆیدایە لە مێشكەوە دەستپێدەكات بە وتە و كردار كۆتایی دێت.
مرۆڤ خۆی ڕزگاركەری خۆیەتی. هەر مرۆڤە بەرپرسە لە بیر و وتە و كرداری خۆی.
لە دەرەوەی مرۆڤ هیچ هێزێك یان ڕەوانێكی خراپ نیە ڕێنمایی مرۆڤ بكات بۆ بیر و وتە و كرداری خراپ.
لەبەر ئەوەی مرۆڤ خاوەنی عەقڵ و ویژدانە كەچاكە و خراپە لێك جیا دەكەنەوە دەبێ بەرپرسیارانە و خۆنەویستانە كار بكات بۆ چاككردنی خۆی و كەسانیتر و بوونەوەرەكان.
زوو یان درەنگ مرۆڤایەتی خۆی چاكدەكات و دەگاتە پێگەیشتوویی ( كمال ) و ژیانی نەمری.
گەر كەسێك بە وریاییەوە هەڵبژاردەی ڕاست نەكات ئەوا پشێوی لە جیهانەكەیدا بەردەوام دەبێت و خۆشی ئاكامەكەی دەچێژێ.
جیهانی مرۆڤ لەم سەرزەمینە دابەش بووە بەسەر دوو كامپدا، كامپی ڕاستگۆكان و كامپی درۆزنەكان. ئامانجی ڕاستگۆكان دەبێ كار كردن بێت بۆ هێنانی درۆزنەكان بۆ كامپی ڕاستگۆكان و بەو جۆرە ژیانێكی چاك بۆ هەموان فەراهەم بكەن.
پیاو و ژن یەكسانن و بەهرەمەندن لە هەمان ماف لە كۆمەڵگایەكی ئازاد و بەرپرسیاردا
كۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئازاد دەبێ تەنها كەسانێك هەڵبژێرن بۆ پلە و پایەی دنیایی و رۆحی كە ناوبانگی ڕاستگۆییان هەیە و شایستە و لێهاتوون.
تەنها لە ژینگە و بارودۆخی ئازادی ڕاستەقینەدا یاسای خوازراو و هەڵبژێردراو بۆ فەرمانڕەوایی دادەمەزرێت.
توند و تیژی، تۆڵە مەیلێكی ئەهریمەنییە بەكاریان مەهێنە تەنانەت دژی دوژمنانی ئایینەكەشت.
وەدەستهێنانی عەقڵ و حیكمەت و گەشە پێدانی پێویستی سەرشانی هەرتاكێكە.
كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەبێ كۆمەڵگایەكی عەقڵانی بێت و لە ئەندامانی خۆنەویست و خۆبەخش پێكهاتبێت.
ئامانجی سەرەكی هەر تاكێك دەبێ بنیاتنانی جیهانێكی چاكتر بێت لە مێشك و جەستەدا.
دەبێ جیهانی مرۆڤایەتی گەشە بكات و بەرەو پێشەوە بڕوات. پێویستە هەموو تاكێك بەشداری لەم پرۆسەیەدا بكات.
بیر و باوەڕێك كە سەرچاوەكەی ئەفسانە و بیری نالۆژیكی بێت دەبێ دوور بخرێتەوە و عەقڵ و لۆژیك جێگەی بگرێتەوە.
بە زانست و ڕاستی بەگژ درۆزنان و بەدكاران و دوژمن بە ئایینی مەزدادا بچنەوە.
تەنها لە ڕێگەی بە ئەنجامدانی ئەركە ئایینیەكان خودای خۆت ناناسیت، بەڵكو دەبێ باش خۆت بناسیت ئەوسا دەتوانیت بەدیهێنەرەكەی خۆت بناسیت.
خودا نور و چاكەی ڕەهایە هەرچی كە چاكە لەوەوەیە و هەرچی كە خراپە لە ئەهریمەنەوەیە.
مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگەی عەقڵی چاكەوە و بیركردنەوەی چاكەوە پەیوەندی خۆشەویستی بە خوداوە بكات.
خودا یەكەم پرەنسیپی نەخولقێنراوە كە لەوەوە تەواوی خولقاندن و خولقێنراوەكان سەرچاوە دەگرن.
خودا نە دەبینرێ و نە دەستی لێوە دەدرێ تەنها لە ڕێگەی بیركردنەوە و رامانەوە هەست بە بوونی دەكرێت.
بەهەشت لە ئارامی مێشك و ئاسودەیی ویژداندایە.
گەردوون بە چاكی بەدیهێنراوە و بە گوێرەی یاسایەك لە پێشرەویدایە بەرەو ( كمال ) پێگەیشتوویی، بەو شێوەیەی بەدیهێنەرەكەی ( خالق ) دەخوازێ.
چارەسەر بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوەی كە هەڵەیە بە سزا و ئەشكەنجەی دۆزەخ نیە، بەڵكو بە گۆڕینی مێشكە.
ئەندێشەی چاك وتەی چاكی لێدەكەوێتەوە، وتەی چاكیش كرداری چاك بەرهەم دێنێت. كرداری چاك دەبێتە نەریت، نەریتی چاكیش دەبێتە كەسایەتی چاك، كەسێكی خاوەن كەسایەتی چاك ڕاستگۆیە.
شادمانی بۆ ئەو كەسە دێت كە نایەوێت تەنها خۆی شاد بێت، بەڵكو یارمەتی كەسانیتر دەدات بۆ ئەوەی ئەوانیش شاد بن لەبەر ئەوەی ئەوە كارێكی چاكە.
ئامۆژگاری ڕاستەقینە ئەوەیە كە ویژدان بە ئاگا دێنێتەوە و ئەندێشە دەوروژێنێت.
ئاوەزی ( عەقڵ ) مرۆڤ تەرازو و سەنگی ڕاستی هەر ئەندێشەیەكە. ئەوەی كە لەگەڵ ئاوەزدا ناسازێ دەبێ رەتبكرێتەوە.