مەدخەلییزم، وەكو لقێكی سەلەفی هەر لە سەرەتاوە لە كوردستان بە مردوویی لە دایك بوو، چونكە كوردستان بۆ هێزە ئیسلامییەكان گۆڕەپانێكە كە لە بنچینەدا سۆفیزم ڕەگ و ڕیشەی تێدا داكوتیوە، دواتریش كاتێك هێزە ئیسلامییە جیهادیی و بانگخوازییەكان دروست دەبن بۆشاییەك نامێنێتەوە بۆ پڕكردنەوەی لە لایەن هێزێكی تەقلییدی هاوشێوەی مەدخەلییزمەوە.
بۆیە سەلەفییەكان تا پرۆسەی ئازادیی عێراق، لە ڕووبەرێكی زۆر تەسكدا چالاكییان هەبووە، تەنانەت تا گەڕانەوەی د. عەبدولەتیف ئەحمەد ناسراو بە عەبدوللەتیف سەلەفی كە دواتر دەبێت بە كەسی یەكەمی ئەم گرووپە، بانگەشەكارانی سەلەفییزم كەمترین كار بە یەكەوە دەكەن و تەنانەت سەردانكردنیش لە نێوانیاندا بە كەمی هەستی پێ دەكرێت، چجای ئەوەی بتوانن بە شێوەیەكی ڕێكخراو بانگەواز بۆ ئەو هزرە بكەن.
سەلەفییەكان و شەڕی ناوخۆی كوردستان
لە ساڵی 1993 دوای سوتانی مزگەوتی ئیمان لە گردی مامەیارە لە شاری سلێمانی و كوژرانی دوو كەس لە هەڵگرانی ئەو ڕێبازە و پەرتەوازەبوونی سەلەفییەكانی ناو مزگەوتەكە و خۆ دەربازكردنی مەلا عومەری سەلەفی كە ئەو كاتە كەسی یەكەمی ئەو گرووپە بوو، وە لە هەمان ڕۆژ و مزگەوتدا بانگەوازی جیهادی هەڵكرد، سەلەفییەكان پەرتەوازە بوون و لەبەریەك هەڵوەشانەوە.
ئەو ڕووداوە لێدانێكی كوشندە بوو لە ڕێبازی سەلەفییەتی جیهادی كە تا ماوەیەك پرشنگ و خۆری سەلەفییەكانی لە سلێمانی كز و تاریك كرد.
گەڕانەوەی عەبدولەتیف ئەحمەد دەستپێكی مەدخەلیزم
پاش ئەوەی د. عەبدولەتیف لە ناوەڕاستی نەوەدەكان كوردستان بەرەو دەرەوە بە جێ دەهێڵێت، سەرەتا دەڕواتە سوریا و پاشان سودان و دواتریش لە یەمەن دەگیرسێتەوە، پاشان لە قوتابخانەی دەمماج دەست دەكات بە خوێندنی زانستە شەرعییەكان لای شێخ موقبیل ئەلوادعی، كە یەكێك دەبێت لە زانا سەلەفییەكانی ئەو كاتەی یەمەن.
ناوبراو لە ساڵی 2000 بۆ جاری یەكەم دەگەرێتەوە بۆ كوردستان و دواتریش لە پاش پرۆسەی ئازادی عێراق بە یەكجاری واز لە ژیانی تاراوگە دەهێنێت و لە شارەدێی چوارقوڕنە دەگیرسێتەوە، وردە وردە دەست دەكات بە بڵاوكردنەوەی ئەو هزرەی كە لەسەر دەستی ژمارەیەك زانای سەلەفی مەدخەلی وەریگرتبوو.
ناوبراو بە حوكمی ئەوەی لە لای زانایانی سەلەفی وانە شەرعییەكانی خوێندبوو، هەروەها چەند تەزكیەی زانستیشی پێ دەبێت بە تایبەت هی شێخ هادی بن ڕەبیع مەدخەلی، خۆشی زمانزانێكی بە توانا و كەسێكی بزێو دەبێت، هەر زوو دەتوانێت دەست بەسەر جەماوەری سەلەفییەكاندا بگرێت و بە شێوەیەكی بەرچاو كاریگەرییان لەسەر دابنێت و بە شێوەیەك ئاڕاستەیان بكات كە لە بەرژەوەندی خۆی و بیرە نوێكەیدا بن، بۆ دەرخستن و دەركەوتنیشی چەند مەلایەك هاوكاری دەبن.
ئەو زیاتر لە دەیەیەك بە شێوازی جۆراوجۆر كاری بۆ بڵاوكردنەوەی بیری مەدخەلیزم كردووە، تەنانەت توانی ئەو كەسانەش پەراوێز بخات كە سەلەفی بوون، بەڵام خوێندنەوەی جیاوازیان بۆ فەتوا و ئیجتیهادەكانی شێخ ڕەبیعی ڕێبەری سەلەفییەكان هەبوو.
دەتوانرێت دەركەوتنی عەبدوللەتیف سەلەفی بەسەرەتای پەیرەویكردنی ڕێبازێكی نوێی سەلەفیزم لە كوردستان دابنرێت كە ئەویش ڕێبازی مەدخەلییەتە كە تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ ڕێبازی سەلەفی جیهادی كە پێش ڕووداوەكانی شەڕی ناوخۆ و ڕووداوەكەی مزگەوتی ئیمان سەلەفییەكانی كوردستان پەیرەویان لە سەلەفی جیهادی دەكرد، بەڵام لە ئێستادا پەیڕەوی لە سەلەفییەتی مەدخەلی دەكەن.
شێخ ڕەبیع، عەبدولەتیف سەلەفی تەبدیع دەكات!
پاش ماوەیەك لە كردنەوەی كەناڵی ئامۆژگاری، عەبدوللەتیف سەلەفی وردە وردە پاشەكشە لە هزری مەدخەلییزم دەكات،خاڵی وازهێنانیشی لەو بیرە لە دەركەوتنی مەلا هاوڕێ لە كەناڵی ئامۆژگارییەوە دەست پێ دەكات.
دەركەوتنی مەلا هاوڕێ لە كەناڵی ئامۆژگارییەوە، بە وێنەی تەقینەوەی بۆمبێك كێشەكانی نێو ئەم گرووپە دەتەقنەوە و لە زاخۆوە بۆ خانەقین و كەركوك سەلەفییەكان دەبن بە دوو بەرەی سەرەكی، بەرەی پشتیوانی عەبدولەتیف ئەحمەد و بەرەی دژ.
بۆ یەكلایكردنەوەی ناكۆكی نێوانیان هەردولا پەنا دەبە بەر شێخ هادی بن ڕەبیع مەدخەلی، دوای چەندین سەردانی هەردولا و درێژەكێشانی ناكۆكییەكە بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ، دواجار شێخ ڕەبیع، عەبدولەتیف ئەحمەد تەبدییع دەكات و بە یەكجاری لەو ڕێبازە دەریدەكات.
بەر لە ماوەیەك چەند قوتایبیەكی سەلەفی عێراقی كە ژمارەیەك كوردیان لەناودایە، ئەوانیش: (خالید جەواد، عوسام نەجار و پۆڵا سەلاحەددین، یوسف ڕەشید سندی، موحەممەد سەباح و ڕاغیب بونیانی) سەردانی شێخ ڕەبیع بن هادی مەدخەلی دەكەن و چەند پرسیارێكی ئاڕاستە دەكەن و وەكو خۆیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویان كردوەتەوە ئەم وتوێژە لە نێوانیان ڕوودەدات.
دەقی وتووێژەكە:
ئەی شێخ، د. عەبدولەتیف دەڵێت «من لە ساڵی 1986 شەرحی سێ بنچینەكەی محەممەدی كوڕی عەبدولوەهابم كردووە، كەچی شێخ ڕەبیع لە ساڵی 1992 وازی لە ئیخوان موسلیمین هێناوە، شێخیش لە وەڵامدا دەڵێت "ئەو دەیەوێت فەزڵی خۆی بەسەرماندا بدات، من هیچ كاتێك ئیخوان نەبووم، ئەو ماوەیەیش كە لەگەڵیان بووم مەبەستم ئەوە بووە كە شارەزای ڕێبازی پێشینی چاكانیان بكەم، تێكەڵیان بووم بە مەبەستی چاككردنیان، پێش ڕووداوەكانی كەنداو 1990 وازم لێ هێناون".
– ئایا د. عەبدول لەتیف موبتەدیعە؟
شێخ لە وەڵامدا دەڵێت: بەڵێ موبتەدیعە، گومڕایە و كەرامەتی نییە!
لە ئێستادا ئامۆژگاریمان دەكەیت لە عێراقدا بۆ وەرگرتنی فەتوای شەرعی بگەڕێینەوە بۆ لای كێ؟
شێخ لە وەڵامدا دەڵێت: نازانم و ناوی كەس ناڵێت و كەس بە شایەنی ئەو كارە نازانێت.
سەعافیقە، گرووپی نوێی سەلەفییەكان
(سەعافیقە) لە زمانەوانیدا بە واتای نەزانین و بێئاگایی دێت، لە زاراوەی شەرعیدا بریتییە: لەو كەسانەی كە خۆیان لە بابەتە شەرعییە قورسەكان دەدەن، بە بێ ئەوەی هیچ شارەزاییەك و تێگەیشتنێكیان لە دەقە شەرعییەكاندا هەبێت. هەروەها خۆیان لە بابەتگەلێكی شەرعییدا هەڵدەقورتێنن كە جگە لە ئیمامەكان و زانا دەگمەنەكان هیچ كەسێكی تر توانای بە سەریاندا ناشكێت. (بەغەوی لە شەرحی سوننەتدا، موجەلەدی 1، لاپەرە 318 وادەڵێت.)
شێخ محەممەدی كوڕی هادی مەدخەلی یەكێك بوو لە پایەكانی هزری مەدخەلییزم، لە ناوچەی جازان لە وڵاتی سعوودییە دادەنیشێت، بەراورد بە سەرانی تری مەدخەلییزم، یەكێكە لە بەتواناترین كەسی ئەو ڕێبازە، دەیان دانراوی لە بابەتە جۆربەجۆرەكانی زانستە شەرعییەكان هەیە، بۆ دانراوەكانی زانایانی پێشتریش دەیان لێكدانەوەی بە نووسین و دەنگ هەیە.
شێخ محەممەد هاوشێوەی سەرانی تری مەدخەلییزم كە زۆرینەی تواناكانیان بۆ وەڵامدانەوەی زانا ئایینییەكان و كەسایەتییە ئیسلامییەكانی سەر گۆڕەپانی ئیسلامی تەرخان كردووە، ئەمیش لەو كارە كەمتەرخەمی ناكات، وەلێ دوای ئەوەی لە لایەن ناوبراوەوە چەند كەسێك تەبدیع دەكرێن ، بەڵام لە لایەن شێخ عوبێد ئەلجابرییەوە ئەو جەرحانە وەرناگیرێن و پێچەوانەی شێخ محەممەد مەدخەلی، شێخ عوبێد ئەلجابری ئەو خەڵكانە بە سەلەفی لە قەڵەم دەدات، ئەم جیاوازییەی نێوان شێخ محەممەد و شێخ عوبێد دەبێتە گورزێكی كاریگەر بۆ لێكهەڵوەشاندنەوەی مەدخەلییزم، چونكە ئەم جارە ناكۆكیەكە لە هەرەمی گرووپەكەدا دروست دەبێت.
شێخ محەممەد مەدخەلی لە ئیستادا دژەكانی بە سەعافیقە ناوزەد دەكات. لایەنگرەكانیشی لە جیهانی ئیسلامییدا بە زۆری دەكەونە جەزائیر، لیبیا، مەغریب و چەند ناوچەیەكی ترەوە، لە كوردستانیشدا د. عەبدولەتیف پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ناوبراودا هەیە، بۆیە لە ئێستادا ئەو كەسانەی دژایەتی د. عەبدولەتیف دەكەن لە لایەن ناوبراوەوە بە سەعافیقە ناوزەند دەكرێن.
پەرتەوازەیی و فرەگرووپی، خۆرەی سەلەفییەكانی كوردستان
لە كوردستاندا سەلەفییەكان بەسەر ئەم بەرانەدا دابەشبوون: (مومەییعەكان) كە زۆرینەیان دەكەونە ناوچەكانی هەولێر و دهۆكەوە، (حجوورییەكان) كە زۆرینەیان دەكەونە هەولێرەوە، (حەددادییەكان) و (سەعافیقەكان) كە زۆرینەیان دەكەونە چەمچەماڵ و كەركوكەوە، بەرەی د. عەبدولەتیف كە نەیارانیان پێیان دەڵێن سەلەفییە حزبییەكان و ناوەندی سلێمانییان بە دەستەوەیە بە چەمچەماڵ و كەلارەوە.
بەرەی (حەكیمەكان) كە زۆرینەیان دەكەونە كەركوك، چەمچەماڵ و سلێمانییەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، تەواوی ئەو گروپانە خۆیان بە سەلەفی ڕاستەقینە دادەنێن و نەیارانیان بە لادەر و دەرچوو لە مەنهەجی سەلەفی تۆمەتبار دەكەن.
سەرچاوە / ماڵپەڕی ئاژانس