سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ڕۆشنبیر، شۆڕش و دەسەڵاتی سایبەرنیتیک

25/07/2018


گفتوگۆ لەگەڵ ئێدگار مۆغان
سازکردنی: هیشام فەهمی
وەرگێڕانی: بڕوا عەلادین



- بەڕێز مۆغان، ئێوە بە کۆتا بیریار و فەیلەسوفی سەدەی بیستەم دادەنرێن کە لە ژیاندا مابێتن! لێنەبڕاوانە و بە بەردەوامیش لە جەنگی هزر و زانیندان. داخۆ لە کۆنتێکستە میدیاییەکەیدا، چۆن دەڕواننە ڕۆڵی ڕۆشنبیری هاوچەرخ بۆ یەکخستنی پێودانگەکانی هزر و بیرکردنەوە؟
مۆغان: گومانی تێدا نیە کە دەبێت خەباتبکەین بۆ یەکخستنەوەی پێودانگەکانی هزر و بیرکردنەوە. من پێموایە ڕۆشنبیر سەرباری چالاکیەکانی وەک نووسەر، فەیلەسوف یان ئەدیب، کارەکانی هەمووی بە ئاڕاستەی خەڵک و بۆ ڕای گشتین، ڕێک وەک ئەوەی کە نێچە دەیڵێت: بۆ هەمووانە و بۆ هیچ کەسێکیش نیە. ئامانجی ڕۆشنبیر چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەیە کە وا دیارە جەوهەریی و سەراپاگیرن و پەیوەستن بە چارەنووسی مرۆڤایەتیەوە، بە سیاسەت و دادپەروەریەوە، بە یاسا و بەرگریکردن لە بێگەردیی و خاوێنیی مرۆڤەوە. هەر بۆیە دەبینیت کە ڕۆشنبیر ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە جیهانێکی زۆر تایبەتمەندتردا کە تیایدا جۆرە یەکخستنێکی هەموو پێودانگەکان دەبینرێن، ئەگەرچی بەداخەوە کەمتر گوێی لێدەگیرێت. لێ جاروباریش بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەڵدەکەوێت کە پەیامی ڕۆشنبیر پرشنگدەداتەوە، پزیسکدەسەنێت و پەخشدەبێتەوە، ڕێک وەک ئەوەی لەو دوایانەی فەرەنسادا لەگەڵ (ستێفان هیسێل) دا بینیمان کاتێک لە دەزگایەکی پەخشی بچووک کتێبێکی ٢٠ لاپەڕەیی بە ناونیشانی ((نکۆڵیبکەن!)) بڵاوکردەوە، کتێبێک کە دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبوو و ملیۆنێکی لێ فرۆشرا.



 - دەمەوێت بزانم کە چۆن سەردەمی تێکنۆلۆژیا و سایبەرنیتیک دەبنە مایەی شۆڕش لە جیهاندا و دەیگۆڕن، لەکاتێکدا ئێوە باس لە چاکسازی و ڕیفۆرم دەکەن: ڕیفۆرمی هزر؟
مۆغان: بۆچی ڕیفۆرمکردنی هزر؟ چونکە زۆر پێویستمان بە ڕیفۆرمکردنی خودی زانین خۆیەتی. زانین لەمڕۆدا پەش و بەربڵاوە، تەواو لێکهەڵوەشاوە و لێک جوێبۆتەوە، بەو مانایەی کە ئێمە بە چەند لقێکی زانین پەروەردە و ئاڕاستەدەکرێین کە هیچ پەیوەندی و کۆمۆنیکاسیۆنێک لە نێوانیاندا نیە، لە کاتێکدا کە بەڕاستی لە خودی جیهان خۆی دەڕوانین، پۆلێن نەکراوە بۆ لق، کاتیگۆری و پۆلی جیاجیا وەک ئەوەی کە لە زانکۆدا هەیە بۆ نمونە. لە جیهاندا، شتەکان پێکڕا هەموویان لە پەیوەندی، کارلێک و هەماهەنگیدان بە یەکتریەوە، هەر بۆیە ڕیفۆرمکردنی زانین و چاکسازیکردن تێیدا واتە توانای تێگەیشتن لە پەیوەندیەکان و پێکەوەبەستەرەکان، پێکەوەبەستەرەکانیش ئەو شتانەنان کە من پێیان دەڵێم کۆچنی پێکهێنەرانە. بۆیە من ڕام وایە کە پێویستمان بە هزرێکە پێکهێنەرانە و پێکەوەبەستەرانە، چونکە تەنها ئەوە دەتوانێت ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی ئەم سەردەمەمان ببێتەوە کە تەواو گشتگیر و جەوهەریین، بۆ نمونە جیهانگیریی (گڵۆبالیزم). هەموومان دەیبینین کە جۆرە ئاوێتەبوون و کارلێکردنێکی نزیک هەیە لە نێوان دیاردە سیاسی و دیمۆگرافی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونی و ئایینیەکاندا، ئەمە جگە لەوەی کە ناتوانین دانایی و زانینی شارەزا و پسپۆڕەکان هەر هەموویان، بخەینە پاڵ یەکتری، بەڵکو دەبێت زانینێکمان هەبێت کۆکەرەوە و پێکەوەبەستەری کۆی ئەو کایانە بێت، ئەمەیش خۆی جۆرە بەرەنگارییەکە کە هەر وا ئاسان نیە.


- لە ئێستادا هەموو ئامرازەکانی ڕاگەیاندن باسی شۆڕشێکی عەرەبی دەکەن، شۆڕشێکی ئیسلامی لە تونس و میسر. لە دوای شۆڕشی 1968 ەوە کە هەڵاوێردی هزری و ڕۆشنبیران هەڵیان گیرساند، کەس ناوێرێت باس لە شۆڕش بکات. ئێوە چۆن دەڕواننە پەرەسەندنی چەمکی شۆڕش، بەتایبەتی کە میللەتانی عەرەب بە دەر لە سەرکردە و هەڵاوێردەکانیان خەبات دەکەن و هاتونەتە سەر شەقام؟ ئایا ئەمە بەتەنها تایبەتمەندێتی وڵاتانی باشوورە؟
مۆغان: سەرەتا دەبێت ئەو تەمومژە بڕەوێنینەوە کە لەسەر وشەی شۆڕش هەیە. من خۆم ڕەخنەم لە شۆڕش گرتووە بەو مانا گشتگیرەی کە هەڵدەستێت بە سڕینەوەیەکی تەواوی ڕابردوو، کە جیهانێکی نوێ دروستدەکات و ئامرازی توندوتیژ و خوێنین بەکاردەهێنێت. ئەوەی کە لە چوارچێوەی تونس و میسردا ڕوویدا بوونی کۆمەڵێک بزووتنەوەیە کە مۆرکێکی شۆڕشگێڕانەیان هەیە لێ لە چوارچێوەیەکی نیشتمانی و نەتەوەییدا. واتا، ڕژێمێکی کۆن لەناودەچێت، بەڵام نازانین ئەو ڕژێم سیستمە تازەیەی کە دێتە ئارا و دروستدەبێت، چۆنە. بەڵام وەک ئێوەیش تێبینیتان کردووە، ئەم شۆڕشە لە بنەڕەتدا ئاشتییانەیە. ئەوەی کە لەوڵاتانی عەرەبیدا وەک ڕووداوی گرنگ ڕوودەدات تەنها لەو ڕوانگەیەوە بەهادارە کە هەمیشە ڕووداوێکی چاوەڕواننەکراوە.

ئێمە بینیمان گەنجێک لەشارێکی چەپەک و دوورەدەستی تونس خۆی سووتاند، کەچی لەپڕ ناڕەزاییەکان و لێکەوتەی کردارەکەی ئەو، کڵپەیان سەند و کاتێک ئاوڕماندایەوە گەیشتە یەمەن. ئێمە بینیمان کە خواستێک بۆ ئازادی و برایەتی هەیە، کاردانەوەیەک لە ئارادایە دژ بە گەندەڵی و دەوڵەمەندیەکی چەپەڵانە. دەمەوێت بڵێم ئەمە شۆڕشێکە لە هەمان ئەو پرەنسیپانەوە سەرچاوەیگرتووە کە بوونە مایەی سەرهەڵدانی مافەکانی مرۆڤ و شکاندنی زیندانی باستیل لە ساڵی 1789 دا. بەڵام ئەوەی کە سەریهەڵدا هەر زوو خنکێنرا و دەستخرایە بینی، تا بینیمان لە سەدەی نۆزدەیەمدا سەریهەڵدایەوە و بووینە خاوەن سیستمی کۆماری. مەبەستم لەوەیە کە ئەوەی لە ساڵی 1789 دا ڕوویدا، سەرباری ئەوەی کە هەن لێرەو لەوێ دەڵێن نەماوە و بزربووە، بووە سروش و بناغەیەک بۆ ئایندەی ئێمە. من پێموایە ئەوەی کە لە تونسیش ڕوویدا، ئەگەری زۆرە کە پێچەوانە و قڵپببێتەوە، زۆر بۆی هەیە لە ڕێڕەوەکەی خۆی لابدات، دەشێت بخنکێنرێت و لە یادبچێتەوە، لێ ڕۆشناییەکە دەدرەوشێتەوە، وانەیەکیشە.

زۆر لە ئێمە لە ئەوروپا ڕایان وایە کە لە جیهانی عەرەبیدا هیچ ئەڵتەرناتڤ و جێگرەوەیەک بۆ سیستمێکی دیکتاتۆری، پۆلیسیی سەربازی، یا تیۆکراسی ئایینیی، لەئارادا نیە و وای دەبینن کە کۆی ئەم جوڵانەوانە زادەی کۆمەڵێک گەنجن کە خولیا و تامەزرۆی ئازادیین و بەس. هەموو ئەم جۆرە بۆچوونانە ئەو ڕوداوانەی ساڵی 1989 ی چینم بیردەخەنەوە کە زۆربەی ئەوانەی قسەیان لەسەر دەکرد ڕایان وا بوو کە چین هیچ نیە جگە لە مێشوولەیەکی شین کە دەخوازێت کتێبی سوور ژێرەوژوور بکات. ئەوە بوو دەرەنجام سەرکوتکردنی هەموو ئەو گەنج و لاوانەمان بینی کە داوای ئازادییان دەکرد. کەواتە چینیەکانیش، سەرباری جیاوازییان لە ئێمە، هەر وەک ئێمە وان و ئێمەیش وەک ئەوانین. هەر بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە کە داخۆ ئەمە چ وانەیەکمان فێردەکات؟
بەو دواییانە لە دیدارێکدا بووم لە پاریس کە لەگەڵ چەندین تونسی، فەرەنسی، لوبنانی و تەنانەت ئەلیاس سەنبەری باڵیۆزی فەڵەستینیش لە یونسکۆ، کۆبوومەوە و لەبەردەم جەماوەرێکی فەرەنسی پاریسیدا وتم: ئێمەیش وەک عەرەبین، عەرەبیش وەک ئێمەن. ئەوە بوو جەماوەرەکە کردیان بە چەپڵەڕێزان. مەبەستەکەی من لەوە بوو کە چەندە لە ڕووی کولتورییشەوە جیاواز بین، دواجار ئەوانیش لە ئێمە دەچن و ئێمەیش لە ئەوان، دەیشبێت پارێزگاری لەو جیاوازبوونەی خۆمان لە یەکتری بکەین. تۆ بنواڕە: هەردوو لامان هەمان خولیا و هەمان یەکێتیمان هەیە، هەر بۆیە پێموایە کە ئەمە خاڵێکی زۆر پۆزەتڤ و گرنگە بۆ دەرچوونمان لە وەهمێک کە خەڵکانێک زۆر زیرەکانە قۆستویانەتەوە و تەنها و تەنها خزمەت بەو سیستمە دیکتاتۆریە گەندەڵانە دەکات. باوەڕیشم وایە ئەوەی کە ڕوویدا، پەیامێکە خاوەن مۆرکێکی جیهانی و گەردوونیی کە لە هەموو لایەکەوە دەبیسترێت.


- پاش یانزەی سێپیەمبەر و دەستوەردانی سەربازیانەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، توشی شۆک بووین بە وێنەیەکی تری خۆرئاوا، خۆرئاوایەک کە دەگەڕێتەوە بۆ جەنگە پیرۆز، ئایینی و خاچپەرستیەکانی! ئەمەیش وای کرد کە سەلەنوێ ئیسلام ڕەوایەتی پێبدرێتەوە کە بە دیوێکی تردا، لێدانی جەزرەبە و گورزێکی کوشندە بوو لە هێزە پێشکەوتنخوازەکان. ئایا پاش دەسەڵاتگرتنە دەستی تەواوی هێزە کۆنەپارێز و کۆنزەرفاتڤەکان لە جیهاندا، چۆن دەڕواننە سێکیولاریزمی خۆرئاوایی؟
مۆغان: دەستێوەردانی ئەمریکی لە جەنگی دووەمدا دژ بە عێراق بە ناوی سەپاندنی دیموکراسیەوە، بەتەنها پڕوپاگەندە و بانگەشەیەکی وەهمی بوو، چونکە دیموکراسی بە زەبر و توندوتیژی ناسەپێنرێت، بەتایبەتی ئەوەی کە سەپێنرا نیمچە هەڵتەکاندن و لەڕیشەهەڵکێشانی وڵاتێک بوو. تونس نمونەیەکی زۆر قەشەنگی ئەوەیە کە ویست و خواست بۆ ئازادی و دیموکراسی لە قوڵایی وڵاتەکە خۆیەوە هەڵقوڵا، نەوەک دەرەنجامی دەستێوەردانێکی دەرەکی بێت. وەک سەرۆکی پێشوویش (حوسنی موبارەک) وتی، ئەوەی کە جەمبوون و کۆبوونەوەی خەڵکی لە مەیدانی تەحریری میسر هێناوەتە ئارا، دەستێوەردانی دەرەکی نیە. کەواتە ئەمە خاسیەت و تایبەتمەندێتی بزووتنەوە خۆڕسک و خۆوەکیەکانە کە لەپڕێکدا دروستدەبن، ئاشتیخوازانەن، قەشەنگن و دۆستانە کە دەکرێت بە پرشنگدارترین چرکەساتەکانی مێژوویان دابنێین، بەڵام کاتیان دەوێت تا باشتر ئۆرگەنایز و ڕێکبخرێن! ئەوەی کە لە تونس و میسر ڕویدا و بینیمان، دوورخستنەوە و لاوازکردن و دواجاریش وێرانکردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنە دیموکراسیەکان بوو، ئێ ئەمەیش وایان لێدەکات ناچاربن خۆیان بونیادبنێنەوە. کەواتە هەڵچوون و خۆوەکیببونەکە هەر بەردەوامدەبێت، بەڵام لە ڕەوتێکدا کە بریتیە لە سەرلەنوێ خۆبونیادنانەوە. بێگومان ڕوویشدەدات کە هەندێک جار لادان، پاشەکشە و گەڕانەوە بۆ دواوە ببینین، بەڵام ئەوەی کە ڕوویدا، ڕوویدا، ئێستا دەبێتە لە ئایندە بڕوانین.


- دوا پرسیار، ئایا ئینتەرنێت بەکاردەهێنن؟ ئەی پەیوەندیتان لەگەڵ ئەو تێکنۆلۆژیە نوێیە چۆنە؟
مۆغان: من ئینتەرنێت تەنها بۆ ناردنی ئیمەیڵ و نامەی ئەلێکترۆنی بەکارناهێنم، بەڵکو وەک هۆکارێکیش بۆ دەستخستنی زانیاری و بەدواداچوونی هەواڵەکان. لێ ئینتەرنێتیش وەک زمان وایە، زیاد لە ڕوویەکی هەیە و دەتوانیت بە زیاد لە شێوەیەک بەکاریبهێنیت. وەک چۆن شاعیرەکان بۆ نووسین بەکاریدەهێنن، ئاوهایش مافیاکان و تاوانکارەکانیش بەکاریدەبەن. گرنگترین بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەلای منەوە دیموکراتیزەکردنی کولتورە، مەبەستم لەوەیەکە ئێمە بۆ نمونە لەڕێی ئینتەرنێتەوەیە کە دەتوانین موزیک، گۆرانی و دەقە ئەدەبی و شیعریەکان دابگرین، بەڵام ئینتەرنێت هێزێکی ئازادیخوازانەی مەزنیشی هەیە کە خزمەت بە هەندێک جوڵانەوە و بزووتنەوە دەکات، بۆ نمونە لە ئێران و چین و تونس و میسر ئامرازێکی باشی پەیوەندیگرتن و کۆمۆنیکاسیۆن بوو کە وایکرد لاوان و جەماوەر دەمودەست بکەونە جوڵە و بێنە سەر شەقامەکان. نمونەیەکی تر مەسەلەی ویکیلیکسە کە پەردەهەڵماڵینە لەسەر چەندین مەلەفی نهێنی گرنگ و هەستیار کە تیایدا هەم هەندێک شتمان بۆ دەردەکەون، هەم شتگەلێکیشمان لێ وندەبن. بەڵام لە هەمووی گرنگتر بوونی جەنگێکی جیهانیە لە نێوان هێزگەلێکدا کە خواستی زانینە و نێوانی کۆمەڵێک سیستم و بانک کە هەموو شتێک دەکەن تەنها بە ئامانجی خنکاندنمان و بەکارهێنانی خودی ئامرازی ئینتەرنێت بۆ دیلکردن و لەقاڵبدانی هەر دەستپێشخەریەک کە بۆ زانین هەبێت.
لە ئێستادا مۆرکە ئازادیخوازانەکەی ئینتەرنێت زۆر زۆر گرنگتر و بەبایەخترە لەو دیاردە نێگەتڤ و نەرێنیانەی کە باسمکردن. بیریشت نەچێت - وابزانم خۆیشت دەیزانیت - ئازادی ڕەها وەک ئەوەی کە هیگڵ باسی دەکات، هاوتا و یەکسانە بە تاوانکاری! من ڕاموایە ئەو ئازادیە کە لە ئێستادا پەسەندە، بریتیە لە زانین، لە بەرەنگاربوونەوە، لە یاخیبوون و ململانێ دژی ستەمکاری.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.