سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

مەترسی جیهادییەكان بەدەستگیركردنی ئیسماعیل سوسەیی كۆتایی نایەت

04/08/2018


توێژەرێكی بواری ئایینی و ئیسلامی سیاسی، ئاماژە بەوە دەدات، مەترسی جیهادییەكان بە گرتنی ئیسماعیل سوسەیی كۆتایی نایەت، دەشڵێت"هەق وایە مەلاكانی كۆمەڵ بۆ ئامانجی سیاسی لەسەر پەتی ئاین یاری نەكەن".

سەروەر پێنجوێنی توێژەری بواری ئاینناسی و ئیسلامی سیاسی ڕایگەیاند"مەترسی مەلا و بانگخوازە سەلەفی-جیهادییەكان، یان ئەوانەی ڕابردویەكی كاری جیهادییان هەیە و ئێستا بە هەمان بڕواوە دانیشتون، هەمیشە مەترسییەكی ئامادەیە لە كوردستان، بە مەلا كرێكار و مەلا ئیسماعیل سوسەییش كۆتایی نایەت، ئەم تەوژمە كە تەنیا لە لایەنی عەقیدەییەوە بە سەلەفی دادەنرێن، لە ڕاستیدا كۆمەڵێك جیاوازی زۆر مەترسداریان لە تەوژمە سەلەفییە مەنهەجییەكە هەیە، لەوانە حكومەتە نائیسلامییەكان لەسەر جێبەجێ نەكردنی یەك یاساش لە ئیسلام، ئەگەرچی لە كەمتەرخەمی و نەتواناییشەوە بێت، تەكفیر دەكەن و باوەڕیان بە جاهیلیەتی حكومەتەكان و كۆمەڵگە هەیە، ئەمەش یانی بڕوایان بە حكومەت و كۆمەڵگە پێویستی بە موسڵمانكردنەوە هەیە".

ئەو توێژەرە پێیوایە"سەلەفییە جیهادییەكان باوەڕیان بە چەك ‌هەڵگرتن هەیە بەرامبەر حكومەتەكان و ئەم حكومەت و دەسەڵاتدارانە بە (تاغوت) و بە (كافر) دەزانن، ئینجا باوەڕیان بە هەڵگرتنی چەك و كاری تێرۆریستی لەژێر ناوی جیهاددا هەیە، واتە باوەڕیان وایە جیهاد بەبێ گەڕانەوە بۆ دەسەڵات و كاربەدەستی وڵات، هەروەها باوەڕیان بە هێرشی خۆكوژی و تەقاندنەوە هەیە، لە كاتێكدا سەلەفییە مەنهەجییەكان باوەڕیان بەم شتانە نییە و هەر ئەمەشە نهێنی كێشمەكێشی توندی نێوان سەلەفییەكان و جیهادییەكان".

وتیشی"لە كوردستاندا دەمێكە ئەم بیركردنەوەیە پەرەی پێ دەدرێ و ئاو دەدرێ، پێشتر مەلا عەبدولسەمەد و مەلا ئیسماعیل سوسەیی و هەندێكی تر چالاك بون و ئێستاش لە دەرەوە مەلا كرێكار چالاكە، ئەوەی كە ئێستا لە كوردستاندا ڕودەدات، ئەمانە بەشێكی بەرپرسیارێتییەكەی هەڵدەگرن، چونكە گەنجی ئیسلامی سادە و كاڵ‌ و كرچ وا ڕادەهێنن وەكو فیرعەون و شەیتان و تاغوت، بۆ دەسەڵات و كاربەدەستی نائیسلامی بڕوانێت و لەسەر ڕق و كینە و بەنەفرەتكردنی كۆمەڵگە و دەزگاكان پەروەردەیان دەكەن".

سەروەر پێنجوێنی ڕاشیگەیاند"لەناو كۆمەڵی ئیسلامیشدا هەندێك مەلا و بانگخواز هەن تا ڕادەیەك هەڵگری هەمان فیكرن، یان ڕابردویەكی كاری جیهادییان هەیە و ئێستاش پێداچونەوە و فیكرییان بۆ ڕابردویان نییە، بەڵام كۆمەڵی ئیسلامی وەك حیزب بەشداری پرۆسەی دیمۆكراسییە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بەشداری و كاری پەرلەمانی و سیاسی كار بكات، بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم وردە وردە ببێتە حكومەتی جێبەجێكردنی شەریعەت، جگە لە پەستانی كۆمەڵایەتی و بەكەڵكهێنانی هۆشیاریی میللی و ئاراستەكردنی خۆپێشاندان و ناڕەزایی خەڵك بۆ مەبەستی خۆیان".

پێنجوێنی پێیوایە"شوێن و ڕێگەی كاركردنی مەلا و بانگخوازەكانی كۆمەڵ جیاوازە، ئەمان لەبری ئەوەی وەك جیهادییە چالاكەكان پرۆسە سیاسییەكە بەنەفرەت بكەن، هەوڵ دەدەن بەشی خۆیان بپچڕن و ئامانج و داواكارییە ئیسلامییەكانیشیان هەر لەناو هەناوی پرۆسەكەدا بسەپێنن".

وتیشی" چاوەڕێین پێداچونەوەی مەلاكان و بانگخوازانی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ فیكری جیهادیی ڕابردویان ببینین، ئەگەرنا هەمیشە گومانیان لەسەرە، من كاتێك وەرگێڕان و پەراوێز و ئیزافەكانی مەلا هەورامان گەچێنەیی، ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی كۆمەڵ، بۆ كتێبە جیهادییەكەی (عەبدوڵڵا عەززام) دەبینم كە بە سەرپەرشتی و دەستخۆشانەی مەلا كرێكار كراوە و هەتا ئێستاش چاپ دەكرێتەوە، تەنیا تیۆریستێكی جیهادی و هاندەرێك بۆ توندوتیژی دەبینم، ئەو پرسیارەم بۆ دروست دەبێت، یانی تا ئێستاش مەلا هەورامان لەسەر هەمان فیكرە و لە پەرلەمانی كوردستانیشە".
سەرچاوە/ باس نیوز

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.