وەرگێڕانی: شۆڕش ئەنوەر
دكتۆر عەدنان ئیبراهیم كە بە ڕەگەز فەڵەستینییە و لە نەمسا دادەنیشێت، یەكێكە لە موفەكیر و ناوە هەرە دیارەكانی ئێستای دونیای موسڵمانان، كە بە وتارە زەمینهەژێنەكانی بەناوبانگە لە بارەی زۆرێك لەو پرسە ئایینییانەی كە قسە لەسەركردنیان ئاسان نییە، دكتۆر عەدنان بەوە ناسراوە كە ئازایانە لە بارەی توراس و مێژو و كۆمەڵێك بیروباوەڕ و ڕیفۆرمی ئایینی و ئازادییەكان لەناو كۆمەڵگە موسڵمانەكان و نوێگەری و عەلمانییەت و توندوتیژی و ئیسلامی میانڕەو قسە دەكات كە لە دواجاردا هەم دۆستی زۆر و هەم دوژمنی زۆریشی لەناو دونیای ئێستای موسڵمانان بۆ دروستكردوە، ئەمەش چاوپێكەوتنێكی دكتۆر عەدنان ئیبراهیمە لەگەڵ ڕۆژنامەی (تیلیكل)ی مەغریبی.
پرسیار: لە سایەی بونی بزوتنەوە ئیسلامییە سیاسییەكاندا چۆن لە ڕۆڵی قوتابخانە ڕیفۆرمخواز و پرۆژە ئاینی و فكرییەكان دەڕوانن؟
دكتۆر عەدنان ئیبراهیم: بە بۆچونی خۆم بزوتنەوە ئیسلامییەكان بەشێوەیەكی گەورە بەشدارییان كردوە لە شكست پێهێنان و لەباربردنی كاری قوتابخانە ڕیفۆرمخوازەكان كە لە ڕابردودا زۆر بون، بەتایبەتیش قوتابخانەكەی محەمەد عەبدە، ئەو بزوتنەوە ئیسلامییانە خاوەن پرۆگرامێكی ڕیفۆرمی زانستی و توندوتۆڵ نین، بەڵگەش قسە و لێدوانی گەورە ڕابەرەكانی خۆیانە لە نمونەی قەرزاوی و ئەحمەد العسال و جەمالەدین عەتییە كە پێیان وایە عەقڵی ئەو بزوتنەوە ئیسلامییانە لە جەستەیان زۆر بچوكترە، لەناو بزوتنەوە ئیسلامییەكاندا بەڕۆیشتنی زەمەن عەقڵ بچوك دەبێتەوە و جەستەیان هەڵدەئاوسێ، لەبەرئەوە ئەو بزوتنەوە ئیسلامییانە هەر لەناو خۆیاندا ڕوبەڕوی لەدایكبونی جموجۆڵی بەرهەڵستكارانە بونەتەوە بەجۆرێك خەریكی وێرانكردنی زاتی ئەو بزوتنەوە ئیسلامییانەی دایكیشن.
لە لایەكی تر ئەو هاوپەیمانێتی و تێكڕژانەی كە لە نێوان هەندێ لە بزوتنەوە ئیسلامییە سیاسییەكان و هەندێ دەوڵەت دروستبوە، بەتایبەتیش قوتابخانەی سەلەفیەتی زانستی لە كۆپیە سعودییەكەیدا كە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ چاكسازی لە فیكر و ڕەفتار دیاریكراون ئەنجامی زۆر خراپیان خستۆتەوە، كە جیهانی ئیسلامییان لە كێشەی زۆر گەورە گلاندوە لەگەڵ زلهێزەكان بەجۆرێك كە تێیدا ئیسلام و ئومەتی ئیسلامی بەزۆرترین خەسارەت لێی هاتونەتە دەرەوە، مەبەستم لێی ڕێكخستنی قاعیدەو داعش و پاشكۆكانیەتی.
پرسیار: ئەی چی لەبارەی جیاوازی پرۆژە فكرییەكان و كاریگەرییان لەسەر كاروانی ڕیفۆرمدا؟
دكتۆر عەدنان ئیبراهیم: پرۆژە فكرییەكان گەلێك زۆرن، هەرچەندە هەندێكیان لە بەشداربون بەشتێك نزیكترن تا ئەوەی پرۆژەی فكری بن، چونكە ناگەنە ئاستی ئەوەی كە پرۆژەیەكی تەواو بن و هۆشیار بن بە سنوری كار و ئامانجەكانیان.
پرسیار: ئایا هێشتا فكری وەهابی لە ئەمڕۆدا كاریگەری هەیە لەسەر ئیسلام و موسڵمانان؟
دكتۆر عەدنان ئیبراهیم: بێگومان هێشتا كاریگەری هەیە چونكە فكر وەك كەسێك نییە كە لە شوێنێكەوە بیكەیتە دەرەوە، بەڵام بچوك دەبێتەوە و كەم كەم بەرەو دواوە لە پاشەكشەدایە، لەوانەشە لە وەرزێك لە وەرزەكانی ساڵیشدا نەمێنێ، بەڵام وەهابییەت لەم دەیەیەی دواییدا گورزی زۆر تەندی بەركەوتوە، بەجۆرێك گەمارۆ دراوە كە مژدەی ئەوەمان پێ دەدات هەروەك فكرە ئوسوڵییەكان بەگشتی ئەمیش بەئیزنی خوا لەناو دەچێت.
پرسیار: بۆچی پرۆژەكەی داعش لە حوكمكردندا سەردەكەوێت بەڵام پرۆژەی ئەوەی بەئیسلامی میانڕەو ناو دەبرێت شكست دەهێنێت؟
دكتۆر عەدنان ئیبراهیم: سەرەتا ڕێگام بدە لەگەڵت جیاواز بم، نیشانەكانی سەركەوتنی پرۆژەكەی داعش لەحوكمكردندا چین؟ لەكوێدا وایان دەبینی كە پێكاویانە؟ لەنانەوەی كۆمەڵكوژییەكان؟ لەسەربڕینی دیل و سوتاندنیان بەزیندویەتی؟ یان لەتۆقاندنی خەڵكی مەدەنی و داركاریكردنیان لەسەر بچوكترین سەرپێچیەك؟ یان لەزیندوكردنەوەی بازاڕی كۆیلە و فریودانی كوڕ تا باوكی خۆی بكوژێت و خزم خزم لەناوبەرێت و حەڵاڵكردنی تەقاندنەوەی مزگەوتەكان بەنوێژخوێنانییەوە، یان ڕاگواستنی مەسیحی و ئەو ئێزدییانەی كە سەدەها ساڵە دانیشتوی ناوچەكانیانن و بەكۆیلەكردنی ئافرەتەكانیان و فرۆشتنیان لەبازاڕی كۆیلەكاندا؟ یان لە وێرانكردنی توراسی ناوچەكە كەخۆیان لە یادەوری شارستانییەتدا دەبیننەوە و شاهیدحاڵی پێشكەوتن و بنیاتنانی شارستانیەتی مرۆڤایەتی بون، داعش كە دو لێكۆڵەرەوە نابینی جیاواز بن لەسەر ئەوەی كە شتێكی دروستكراو بو، لەهەمو لایەكەوە گوماناوی بو، پەنجەی بەهێزی موخابەراتیی لەوەی پەیوەندی بەو ڕێكخستنەوە هەیە ئامادەیی هەیە، زۆر لایەنیش كە لەگەڵ یەكتر لەململانێ دابون بەرژەوەندییان لە پشتێوانیكردنی داعشدا هەبوە، بەڵام لە كۆتاییدا كێ قازانجی كرد؟ كێ بەزۆرترین قازانج هاتە دەرەوە؟ ئەمە ئەمڕۆ ڕون و ئاشكرایە!
ئەگەر داعش لە شتێكدا سەركەوتو بوبێت ئەوا لەوەدا سەركەوتو بوە كە لەسەر ئاستی جیهان كە پێشتر وێنەی نەبوە توانی وێنەی ئیسلام بشوێنێ، لەوەدا سەركەوتو بو كە نەوەیەك لە گەنجانی موسڵمان دورخاتەوە لەئاینەكەیان و بیانخاتە باوەشی گومان و ئیلحادو كافربون بەدینەوە.
سەبارەت بەئیسلامی سیاسی میانڕەو و پرۆژەیان لە حوكمدا، جگە لە بڵقی گەورە هیچی تر نەبون كە خەڵكانێك ماوەیەكی زۆر پێی خەڵەتابون، كە لە دواجاردا بۆیان دەركەوت هیچ نییە.
پرسیار: پرسیارێك كە هێشتا دوبارە دەبێتەوە بریتییە لە پرسیاری ئەوەی كە هێشتا توندوتیژی ئاینی لە لێكدانەوەی دەقە ئاینییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت، واتا لە قورئان و لە سوننەت و لە قسەی زانایان و لە مێژوی ئیسلامیدا، ڕێگەی دەرچون لەو ئیشكالییەتە چۆن دەبینی؟
دكتۆر عەدنان ئیبراهیم: وەڵامی ئەم پرسیارە لە چەند خاڵێكدایە:
یەكەم: لە زوەوە ئیمامی عەلی كوڕی ئەبوتالیب دركی بە كرۆكی بابەتەكە كردوە كاتێك دەڵێت: قورئان هەڵگری چەند ڕویەكە، قورئان چەند دێڕێكی نوسراوە لەنێو پەڕەكاندا، قسە ناكات بەڵكو مرۆڤەكان قسەی پێ دەكەن.
لەبەر ئەوە دەق ئاینی بێت یان غەیری ئاینی، لەلێكدانەوەو ڕاڤەكردن پارێزراو نییە، ئەلێرەوە جەنگەكە جەنگی تێكستەكان نییە بەڵكو جەنگی خوێندنەوەی تێكستەكانە، كە لە دواجاری لێكۆڵینەوەكەدا جەنگەكە دەبێتە جەنگی دەسەڵاتی سیاسی یان زانستی وە یان نوخبە وەیاخود جەماوەریی، لەبەر ئەوە لە هەمو كۆتاییەكدا تێكستێك دەبینی بە نمونە هیی دەسەڵاتە، كە مەرج نییە لەگەڵ دەسەڵاتی تێكستدا ڕێك بێتەوە، بەڵكو لە زۆربەی جارەكاندا دەسەڵاتی تێكستەكە دەبێتە پاشكۆ.
دوەم: دین بە تێكست و چەمكەكانییەوە بە شێوەیەكی هەڵاوساو لەناو كولتوری گشتیی ئێمەدا ئامادەیی هەیە، ئەمەش وای كردوە كە نزیكبونەوە لە هەمو شتەكان بەدەقەوە گرێدراو بێت كە دەشێ بە نەزعەی دەقگەرایی ناوی بەرین، ئەم نەزعەیەش دەرگایەكی فراوانی كردوەتەوە بۆ هەر كەسێك كە باش لێی دەزانێت یان لێی نازانێت، تا لە پرسی زۆر مەترسیداردا بەناوی ئاینەوە قسە بكات، ئەمەش لە سایەی فەوزای مەرجەعییەتەكاندا، بە هۆی غیابی مەرجەعییەتگەلێكی یەكگرتوی متمانەپێكراو لە جیهانی ئیسلامیدا، ئەگەر پێویستیش بێت كە مەرجەعیەتەكان خاوەنی متمانەیەكی ڕاستگۆیانەی مەعریفی بن بەجۆرێك كەمتمانەیەكی مەعریفەئاسا ببێتە پاڵنەری ڕاڤە و لێكدانەوەی دەقەكان و پرۆسەی تەئویل بە كۆمەڵێك پرەنسیپ و ڕێسای مەنهەجی بێت، ئەوا بەداخەوە پاڵنەرەكانی تەئویلی دەق لەلای گروپە ئوسوڵییەكان لە سروشتێكی ئایدۆلۆجییەوە سەرچاوەی گرتوە و مەحكوم نییە بە پرۆسەیەك كەپێشتر ئاماژەمان پێی دا، بەمەش پرۆسەی تەئویلی دەقەكان ڕوبەڕوی چەندەها ناتەواوی بۆتەوە.
سێهەم: پرۆسەی تەئویلی دەقەكان ڕێكوپێكتر و پارێزراوتر دەبو لە دژی سەرەڕۆیی و عەبەسییەت ئەگەر بهاتبایە ڕۆشنبیرییەكی قوڵ هەبوایە چاودێریی و ناساندنی مەبەستەكانی گشتی بۆ ئاین بكردبایە.
لە لایەكی تر لەئەنجامی كرانەوەی لەناكاو بەسەر جیهانی خۆرئاواشدا بەتایبەتیش لە قوڵایی سیستمە فكری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەكەیدا، غیابێكی نیگەرانكەر بۆ گونجانی كلتوری لەناو جیهانی موسڵمانان هاتۆتە ئاراوە، لەبەرئەوە دەبینی كەئەوە كلتورە نزیك بەیەكەكانە لەگەڵ یەكتری لەشەڕدان و لەچەندین فەزادا لەیەكتر تێناگەن، وەكو لەزانكو لە سیستم و لەشەقام و لەشانۆ و لەمینبەرەكانی فكرو لەڕاگەیاندنە جۆراوجۆرەكانەوە، لەڕۆژنامەو لەكتێبەكانەوە، دوجاریش لەتۆڕی جاڵجاڵۆكەیی ئینتەرنێت و لەتۆڕە كۆمەڵایەتییە بەناوبانگەكانەوە.
پرسیار: پێت وا نییە نەوەی ئێستا ئازایەتی زۆرتریان تێدایە بۆ ڕەخنەكردنی ئەوەی وەكو تێكستی ئاینی و گێڕانەوەی ئاینی هەیە، بەتایبەتی گێڕانەوە خورافییەكان، وەكو ئەوەی كە عەقڵ پەرەی سەندبێت، ئایا ئەمەش وا دەكات كە تێكستەكان لە مەحەك و تاقیكردنەوەی پەرەسەندنی عەقڵدا بن؟
دكتۆر عەدنان ئیبراهیم: بە دڵنیاییەوە، ئەم ئازایەتی و ئەو پەرەسەندنەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەمو مەعریفەیەی كە بڵاو دەكرێتەوە لە پێناو ئازادبون لە هەمو كۆت و پێوەندێك، ئەو هەمو مەعریفەیەی كە لە هەمو جیهانەوە و لە هەمو كولتورەكانەوە هەڵدەڕژێت، ئەمەش وایكردوە كەسەقفی مشتومڕەكان بەرز ببنەوە، سەقفی پێشبینییەكان لە بەرامبەر هەر پرسیار و هەر ئیشكالیەتێك بەرز ببنەوە، لە هەمو ئەمانەش زیاتر ئەمە بۆ زۆر كەس بۆتە ئیشكال، تەنانەت ئیشكال لەو شتانەش كە لە ڕابردودا وەكو بەڵگەنەویست وابون.
ئێستا بیربۆچونەكان تەنها مەحكوم نین بە تەقالیدە فیكری و ئاینییەكانمانەوە، بەڵكو ئێستا لە چوارچێوەیەكی فراوانتردا مەحكومیشە بە مەرجەعیەتگەلێكی سنوربڕ لە هەمو جۆرێكی كلتوری و جوگرافی و ئیتنی و زمانەوانی كە ئەمەش شتێكە پێشتر وێنەی نەبوە، بەڵام ئەمە دەرفەتێكیشە بۆئەوەی دەقە ئاینییەكان تاقی بكرێنەوە كە تا چەندە ئامادەن بۆ جیهانگەرایی.
پرسیار: هێشتا هەندێ پرسی ئاڵۆز هەن كە سەردەمی تازە قەناعەت پێ ناكەن، وەكو میرات و فرەیی و حیجاب و ئازادی بەڕۆژوبون لە ڕەمەزاندا، ئایا پێویستیمان بە نوێكردنەوەیەكی هەمەلایەنەی سیستمی یاسادانانی فیقهی هەیە یان پێویستیمان بەجوڵانەوەیەكی هۆشیاركردنەوە و بیركردنەوەی ئیسلامی هەیە؟ یان پێویستیمان بە ڕێگەچارەی تر هەیە؟
دكتۆر عەدنان ئیبراهیم: جوڵانەوە و ڕاپەرین بۆ هۆشیاركردنەوە پێچەوانە نییە لەگەڵ پرۆسەی نوێكردنەوەی سیستەمی فیقهی، بەڵكو دەستپێكردنی ئەم نوێكردنەوەیە بەڵگەی هەبونی جموجۆڵی هۆشیارییە، بە ڕێسای ئسوڵی فیقه هەمو حوكمێك حوكمەكەی دەگۆڕێت كاتێك هۆیەكەی دەگۆڕێت، ئەم یاسایەش یاسایەكی زۆر گرنگی عەقڵانییە و خاوەن توانایەكی گەورەی تەفسیركردن و گۆڕانكارییە، بوارە بنەڕەتییەكەشی بۆ كاركردن ئەحكامی مامەڵەكانە، واش نابینم كە هیچ ڕێگرییەك هەبێت بۆ ئەوەی لە سەرجەم بوارەكان بەكاربهێنرێت مەگەر چەقبەستن و ترس و تۆقین نەبێت لە نوێبونەوە.
هەروەها ئەمە ڕێگریش نییە لەوەی كە پرۆگرامی تێگەیشتن لە دەقی ئاینی جگە لەوەی پێویستی بە كاراكردنە، پێویستی بە نوێكردنەوە و بە ڕۆشنكردنەوەش هەیە، دەكرێ هەر شتێكی نوێ بەو پێوەرانە تاقی بكرێنەوە كە خاوەن زانست و فكر لە بارەیانەوە ئیجتهاد دەكات، بە جۆرێك گونجاو بێت لەگەڵ مەبەستەكانی شەریعەت و ڕۆحی گشتیی ئایندا.
سەرچاوە/ ئاژانس