نوسینی: د.هوستن سمیپ
وه‌رگێڕانی بۆ كوردی: كارزان حسین
هیندۆسیه‌كان مه‌یلی ئه‌وه ده‌كه‌ن سه‌یری سیخه‌كان (وشه‌یه‌كه به‌مانای قوتابیان دێت) بكه‌ن وه‌كو چه‌ند ئه‌ندامێكی یاخی بوو له خێزانه فراوانه‌كه‌یان. به‌ڵام خودی سیخه‌كان ئه‌م جۆره خوێندنه‌وه‌یه ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وان ئایینه‌كه‌یان وه‌ك هه‌ڵقوڵاوی وه‌حیه‌كی یه‌زدانی سه‌ربه‌خۆ ده‌بینن كه ئایینێكی نوێی كردوه‌ته‌وه. ئه‌م وه‌حیه به‌پێی بیروباوه‌ڕی سیخ دابه‌زیوه‌ته سه‌ر گورو نانك guru nank، وشه‌ی گورو به‌م مانایه دێت: "گو" له‌ناوبه‌ری نه‌زانی، "رو" ڕۆشنایی هێنه. "نانك" هه‌ر له‌كاتی له‌دایكبوونیه‌وه له‌ساڵی 1469ز دا مرۆڤێكی لهخواتر و دیندار بوو نزیكه‌ی ساڵی 1500ز به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر دیارنه‌ما له‌كاتێكدا مه‌له‌ی ده‌كرد له‌یه‌كێك له ڕوبارهكاندا، له‌پاشئه‌وه‌ی دوابه‌دوای سێ ڕۆژ ده‌ركه‌وت وتی: ((ئه‌مه نه ڕێگه‌ی هیندۆسه‌كانه نه هی موسوڵمانه‌كان. شوێن چ ڕێگایه‌ك بكه‌وم؟ كه ڕێگای یه‌زدان بێت. یه‌زدان نه موسوڵمانه نه هیندۆسی، ئه‌و ڕێگایه‌ی ده‌یگرمه به‌ر ڕێگای یه‌زدانه)).
به وته‌ی خۆی له‌ماوه‌ی دیارنه‌مانی له‌و سێ ڕۆژه‌دا یه‌زدان بردویه‌تیه لای خۆی، ده‌فرێكی داوه‌تێ له گوڵاوی یه‌زدانی "ئمریت" (كه ناوی "ئمریستار"ی لێوهوهرگیراوه: شاری پیرۆزی سیخیهكان) پێی وتوه: (ئه‌مه ده‌فری په‌رستنی ناوی یه‌زدانه. بیخۆره‌وه من له‌گه‌ڵتدام. پیرۆز و شكۆدارت ده‌كه‌م. هه‌ركه‌سێك باست بكات چاكه دێنمهڕێی و له بهخششهكانم به‌هره‌مه‌ندی ده‌كه‌م. بڕۆ شادومان به به‌ناوم و به‌وانی تر بڵێ هه‌مان كار بكه‌ن. با ئه‌مه بانگه‌وازه‌كه‌ت بێت)).
نانك ده‌ستیكرد به بڵاوكردنه‌وه‌ی بانگه‌وازه‌كه‌ی جیاواز له هیندۆسیه‌ت و ئیسلام، جه‌ختده‌كاته‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سیخیهت هه‌ڵقوڵاوی ناوه‌ندێكه كه تیایدا هیندۆسیه‌ت ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلام بووه، هیچ سه‌یر نیه كه نانك له‌دایك بووه له چینی كیشتریای هیندۆسی واته چینی جه‌نگاوه‌ران له زه‌وی بهنجابدا "زه‌وی پێنج ڕوباره‌كه" باكوری ڕۆژئاوای هیند، دواتر بوویه شوێنی نیشته‌جێبوونی سه‌ره‌كی سیخیهكان، له‌كاتێكدا موسوڵمانه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی توند ده‌ستیان گرتبوو به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا. نانك میراتی هیندۆسی ده‌وڵه‌مه‌ند كرد له هه‌مان كاتدا دانیناوه به مه‌زنی و پیرۆزی ئیسلامدا.
دوو ئایین بوون یه‌زدان به وه‌حی دایبهزاندبوون، به‌ڵام كاتێك ڕوویانكرده هیند بوونه‌هۆی خرۆشاندنی ڕقوكینه دژ به‌یه‌كتر. ئه‌گه‌ر هه‌ردو لایه‌نه‌كه ڕێكده‌كه‌وتن له‌باره‌ی ناكۆكیهكانیانهوه، ئه‌وا ناگه‌ن به له‌یه‌كگه‌یشتنی ئایینی باشتر له‌وه‌ی بنه‌ما ئایینیه‌كانی سیخیهت پێشكهشیكردوه. ئه‌و وه‌حیه‌ی هات بۆ نانك جه‌ختده‌كاته‌وه له‌سه‌ر بێ هاوتایی یه‌زدان هه‌روه‌ها له‌ده‌ره‌وه‌ی توانای ده‌رككردنی مرۆییه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ پاراستنی بنه‌مای ڕاسته‌قینه‌یی و هه‌میشه‌یی له هیندۆسیه‌تدا "ساناتانا دهارما" sanatanadharma به‌ڵام له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌م وه‌حیه هاوڕا بوو له‌گه‌ڵ وه‌حیی ئیسلامی‌دا له ڕه‌تكردنه‌وه‌ی بنه‌مای "ئاڤاتهرهكان": واته به‌رجه‌سته‌كردنه یهزدانیهكان، هه‌روه‌ك سیستمی چینایه‌تی ڕه‌تكرده‌وه له‌گه‌ڵ په‌رستنی وێنه و په‌یكه‌ره‌كان وه‌ك یارمه‌تیده‌رێك له‌سه‌ر په‌رستنی یه‌زدان، پیرۆزی كتێبه‌كانی ڤیدای ڕه‌تكرده‌وه.
به‌ڵام وه‌حیی سیخی هاوڕایه له‌گه‌ڵ هیندۆسیه‌تدا له بیروباوه‌ڕی له‌به‌رگرتنه‌وه‌ی ڕۆحه‌كان به‌پێچه‌وانه‌ی بیروباوه‌ڕی ئیسلام. بیروباوه‌ڕی سیخیهت تاڕاده‌یه‌ك یه‌كسانه له باوه‌ڕهێنان به هیندۆسیه‌ت و ئیسلام، ئه‌مه بووه‌هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له بیانیه‌كان گومانی ئه‌وه ببه‌ن نانك له قووڵاییه‌كانی و ئه‌قڵیدا هه‌وڵده‌دات بیروباوه‌ڕێك بهێنێته كایه‌وه بۆئه‌وه‌ی له‌ڕێگه‌یه‌وه ئه‌و ململانێ ئایینیه چاره‌سه‌ر بكات كه‌له ناوچه‌كه‌یدا به‌رپابووه له‌نێوان هیندۆسیه‌ت و ئیسلامدا. به‌ڵام خودی سیخیهكان جهختدهكهنهوه له‌سه‌ر سروشتی ئاشتیخوازانه‌ی ئایینه‌كه‌یان به‌ڵام ده‌یگه‌ڕێننه‌وه بۆ خودی یه‌زدان.
به‌شێكیان ده‌ڵێن نانك به‌شێوه‌یه‌كی خوازراو به گورو "ڕێنیشانده‌ر" داده‌نرێت، چونكه گوروی ڕاسته‌قینه و تاكوتهنها یه‌زدانه.به‌ڵام ئه‌وانی تر دایده‌نێن به خودی "گورو" له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌زدان له ڕێگه‌یه‌وه دواوه له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌كاندا (له‌ڕێگه‌ی وه‌حیه‌وه). ژماره‌ی"گورو" فه‌رمیه‌كان ده دانه‌یه.یه‌كه‌مینیان "گورو نانك"، هۆزی سیخ شێوه‌ی ئه‌ویان وه‌رگرتوه له‌ڕێگه‌ی پێغهمبهرایهتیهكهیهوه. به‌ڵام گوروی ده‌یه‌م له‌م زنجیره‌یه‌دا "گورو گوبیند سینگ"ه guru gubind singh (1708-1666ز) ڕایگه‌یاند كه ئه‌و دوا "گورو"یه، له‌دوای مردنی ئه‌و ده‌قه پیرۆزه په‌یڕه‌وی ده‌كرێت كه هه‌تا ئه‌و كاته دروستبووه وه‌ك ڕێنیشانده‌ری كۆمه‌ڵی سیخه‌كان.
له‌وكاته‌وه سیخه‌كان ئه‌و كتێبه‌یان به پیرۆزی ڕاگرتوه كه ناسرابوو به "گورو گرانت ساحب" guru granth saheb یان "كۆمه‌ڵه وته‌یه‌كی پیرۆز" وه‌ك گورویهكی زیندو له ناویاندا. به‌وواتایه‌ی ویستی یه‌زدان و وشه‌كانی زیندوه له‌ناویاندا. ئه‌م كتێبه زۆربه‌ی له سرودی ئایینی پێكهاتوه كه دابه‌زیوه‌ته سه‌ر شه‌ش له گوروكان له‌كاتێكدا بیریان له یه‌زدان ده‌كرده‌وه له بێده‌نگیه‌كی قووڵی دڵه‌كانیاندا، دواتر ده‌ركه‌وت له‌سه‌ر زمانیان بۆئه‌وه‌ی به‌وپه‌ڕی شادومانیهوه بیڵێنه‌وه له سوپاسگوزاری یه‌زداندا.
سیخیهت له زۆربه‌ی ماوه‌كانی مێژویدا ڕوبه‌ڕوی دژایه‌تی كردن بووه‌ته‌وه، له‌وكاته‌ی ئه‌م ئایینه نوێیه به‌ره‌وڕووی فشاربوویهوه گوروی ده‌یه‌م داوای له شوێنكه‌وتوانی ئه‌م ئایینه كرد بۆئه‌وه‌ی خۆیان به‌خت بكه‌ن له پێناو ئایینه‌كه‌یاندا(i). ((پێنج خۆشه‌ویسته‌كه))هاتن به‌ده‌م ئه‌م بانگه‌وازه‌وه سه‌رئه‌نجام گورو به‌رنامه‌ی كاره نوێكه‌ی پێدان كه ناسرابوو به‌ناوی "خالسا" khalsa واته برایه‌تی كه تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه. ئه‌م سیستمه كراوه‌یه بۆ پیاوان و ژنان به‌بێ هیچ جیاوازیه‌ك بۆ هه‌مو ئه‌وانه‌ی ئاره‌زوی پابه‌ندبوون به یاساكانیه‌وه ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌سه‌ی دێته ناو ئه‌م سیستمه‌وه پێویسته به‌ته‌واوی وازبهێنێت له خواردنه‌وه‌ی مه‌ی و ماده هۆشبه‌ره‌كان، خواردنی گۆشت، جگه‌ره‌كێشان، هه‌روه‌ها پێویسته شه‌ش كافه‌كه بپۆشێت پێنج شتن ده‌ست پێده‌كه‌ن به پیتی ك له زمانی بهنجانبیدا: (1)قژی نهبڕدراو (2)شانه (3)خه‌نجه‌ر (4)بازنێكی كانزایی (5)ده‌رپێی ژێره‌وه.
له‌ڕاستیدا هه‌ریه‌كه له‌م پێنج پێویستیه لایه‌نی خۆپاراستن، لایه‌نی هێمایی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، قژی نهبڕدراو له‌گه‌ڵ شانه‌دا كهلهژێر سهرپێچدا كۆده‌كرێته‌وه پارێزگاری له‌سه‌ر ده‌كات، وێڕای ئه‌وه به‌پێی بیروباوه‌ڕی یۆگی قژی نهبڕدراو چالاكی ده‌پارێزێت و پێی به‌رزده‌بێته‌وه. به‌ڵام شانه ئاماژه بۆ پاكوخاوێنی ده‌كات. بازنه كانزاییه‌كه له ده‌ستدا بۆ خۆپاراستنه له‌لایه‌كه‌وه و له‌لایه‌كی تره‌وه كه‌سه‌كه ده‌به‌ستێته‌وه به یه‌زدانه‌وه. وه‌ك جۆرێك له بیرخستنه‌وه بۆئه‌وه‌ی ده‌ست پێویسته هه‌میشه له خزمه‌تكردنی یه‌زداندا به‌كاربێت. ئه‌و دهرپێیهی جێگای جلوبه‌رگی هیندۆسی "ده‌وتی" ده‌گرێته‌وه ئاماژه ده‌كات بۆئه‌وه‌ی مرۆڤ هه‌میشه ئاماده‌بێت بۆ كاركردن. خهنجهرهكهش كه‌ره‌سته‌یه‌كه بۆ به‌رگریكردن.
به په‌یوه‌ستبوون له‌گه‌ڵ بونیادنانی "خالسا"دا گوروی ده‌یه‌م پیاوانی باوه‌ڕداری ناونا "سینگ" كه‌به‌مانای ئه‌و كه‌سه دێت كه بیروباوه‌ڕی جێگیره له‌كاتێكدا ئافره‌تانی باوه‌ڕداری ناونا "كهور" kaur واته خاتون. ئه‌وه‌ی باسكرا په‌یوه‌ندی هه‌یه به دیمه‌نه ئایینیهكهیهوه به‌ڵام له‌ڕووی ناوه‌كیه‌وه گه‌وهه‌ری ئایینی سیخ بریتیه‌له هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ڕزگاربوون له‌ڕێگه‌ی یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ یه‌زداندا به ده‌رككردنیان به یه‌زدانی ئارامگرتوو له قووڵترین قووڵاییه‌كانی بوونیاندا، ئه‌و دهركپێكردنهی كه به‌ده‌ست دێت له‌ڕێگه‌ی خۆشویستنی یه‌زدانه‌وه و دووباره‌كردنه‌وه‌ی ناوی یه‌زدان به‌به‌رده‌وامی، له‌گه‌ڵ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ته‌واو بۆ ویستی یه‌زدان.
یه‌كگرتن له‌گه‌ڵ یه‌زداندا به‌رزترین و دوا ئامانجه، ژیانی دوور له یه‌زدان هیچ مانایه‌كی نیه. دابڕان له یه‌زدان هۆكاری هه‌مو ئازارێكی مرۆییه. به وشه‌كانی نانك: ((چه‌نده ترسناكه ئه‌م جودابوونه‌وه‌یه، مرۆڤ جودابێت له یه‌زدان، چه‌نده یه‌كگرتنێكی پیرۆزه كه مرۆڤ یه‌كبگرێت له‌گه‌ڵ یه‌زداندا!)). وازهێنان له دونیا و جیهان له بنه‌ماكانی ئه‌م ئایینه‌دا بوونی نیه. له ئایینی سیخدا نه گۆشه‌نشینی نه قه‌ده‌غه‌كردنی ژنهێنان بوونی هه‌یه. سیخیه باوه‌ڕداره‌كان سه‌رۆكی خێزانن و كارده‌كه‌ن بۆ په‌یداكردنی بژێوی خێزانه‌كه‌ی، ده‌یه‌كی داهاته‌كه‌یان ده‌كه‌نه خێر بۆ هه‌چاران و كه‌مده‌رامه‌ته‌كان. ژماره‌ی سیخه‌كان له‌ئه‌مڕۆدا نزیكه‌ی سیانزه ملیۆن كه‌سه، زۆربه‌یان له هیند ده‌ژین، ناوه‌ندی سه‌ركردایه‌تی ئایینه‌كه‌یان په‌رستگایه‌كی ئاڵتونی به‌ناوبانگه ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستی ده‌ریاچه‌یه‌ك له شاری "ئهمریستار" پایته‌ختی به‌نجابی ڕۆژهه‌ڵات.
نوسینی: د.هوستن سمیپ
وه‌رگێڕانی بۆ كوردی: كارزان حسین