ئه‌بوبه‌كر عه‌لی
ساڵانێكه نوسه‌ری ئه‌م بابه‌ته قسه له‌سه‌ر پرسی ئیسلامیه‌كان و واقیع وسروشتی كاروپێشمهرجهكانی گه‌وره‌بوون و ئاڵنگاریه‌كان و چاره‌نووسی جیاوازیان ده‌كات.
وه‌ك خاوه‌ن فكرێكی ئیسلامی نیشتیمانی هه‌وڵیداوه، هه‌رچی زووتر ئه‌م ته‌وژمه خۆی پێناسه بكاته‌وه و ئاراسته‌ی گۆڕانكارییه ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كان و ئه‌زموونه جۆراوجۆره‌كان و واقیعی كوردستان وسایكۆلۆژیای مرۆڤی كورد دووباره وسه‌رله‌نوێ بخوێنێته‌وه . بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر ڕۆشنایی ئه‌ویشدا به دیدگا و تاكتیك و ستراتیژ و شێوازی كار و چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی ململانێكانیدا بچێته‌وه و نه‌بێته ئه‌سیری په‌نگ خواردنه‌وه له هه‌ندێ چوارچێوه‌ی كاتی و تێپه‌ڕ وبهسهرچوو . له‌م پێناوه‌شدا زیاتر له (800) لاپه‌ڕه‌ی له دوو توێ ی (4) كتێبیدا بڵاوكردۆته وه.
به‌ڵام جێگه‌ی داخه سه‌ركرده و سه‌ركردایه‌تی لایه‌نه ئیسلامیه‌كان نه‌یانتوانی به گوێره‌ی پێویست له‌م هه‌ڵوێسته بگه‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی له كات و هه‌ل و مه‌رجی گونجاو‌دا، به‌خۆیاندا بچنه‌وه و خۆیان نوێ بكه‌نه‌وه وله‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه وبه تایبه‌تیش ئاڕاسته‌ی بیركردنه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ‌دا خۆیان بگونجێنن . بۆ ئه‌وه‌ی دووچاری دابڕان و له‌ش داهێزران و په‌راوێزكه‌وتن نه‌بن. وه نه‌گه‌نه ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ی ئێستا كه به هه‌موو پێوه‌ره‌كان به یه‌كێ له ساته‌وه‌خته خراپه‌كانی ئه‌م ته‌وژمه له مێژووی دوای ڕووخانی ڕژێم داده‌نرێت .
چونكه ئیسلامیه‌كان له سه‌رده‌مێكدا نزیكه‌ی (350) هه‌زار ده‌نگی ئه‌م وڵاته‌یان له‌گه‌ڵدا بوو . توانیان له‌گه‌ڵ هه‌موو ته‌نگ و كۆسپه‌كاندا بوونی خۆیان لانی كه‌م له ئاستێكی ماقولدا بپارێزن . خاوه‌نی (17) كورسی په‌رله‌مانی كوردستانیش بوون . كه‌چی ئێستا به هه‌ر هه‌موویانه‌وه ناگه‌نه دوو سه‌د هه‌زار ده‌نگ و ژماره‌ی كورسیه په‌رله‌مانیه چاوهڕوانكراوهكانیشیان بۆ (12) یاخود (13) كورسی دابه‌زیوه . هه‌موو ئه‌وه‌ش ده‌یسه‌لمێنن كه ئیسلامیه‌كان نه‌ك هه‌ر له دۆخی گه‌شه‌كردن و گه‌وره‌بوونی خۆیاندا نین و له‌و ڕوه‌وه وه‌ستاون. به‌ڵكو له پاشه‌كشه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌دان . به‌تایبه‌تیش له ڕووه سیاسییه‌كه‌دا.
ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی :
ڕه‌نگه لێره‌دا یه‌كێ بڵێ كۆمه‌ڵی ئیسلامی توانیویه‌تی پارێزگاریی له قه‌واره‌ی خۆی بكات و ئه‌م قسانه‌ش ته‌نها بۆ دوو هێزه‌كه‌ی تر ڕاسته ، به‌ڵام كاشكێ وا بوایه جێگای خۆشحاڵی بوو، چونكه لانی كه‌م هێزێ له هێزه‌كانیان به‌ره‌و هه‌ڵكشان وگهشانهوه بچوایهو بیانتوانیایه پارێزگاری له كورسی ئیسلامیه‌كان بكات و بۆخۆیان به‌رێت ، ده‌بووه سه‌رچاوه‌ی ئومێدێكی نوێ . به‌ڵام له كاتێكدا كۆمه‌ڵی ئیسلامی حاڵی له هه‌ردوو هێزه‌كه‌ی تر باشتره ، نه‌یتوانیوه پارێزگاری له ده‌نگه‌كانی بكات گه‌رچی به گوێره‌ی به‌ره‌نجامه به‌راییه‌كان كورسیه‌كیان زیادكردووه . ئه‌مه له كاتێكدایه به‌گوێره‌ی داتاكانی كۆمسیۆن زیاتر له 300 هه‌زار ده‌نگده‌ری نوێ بۆ تۆماری ده‌نگده‌رانی هه‌رێم زیادبووه. كه به‌ره‌نجامه‌كان و ئاماژه‌گه‌لێكی تریش پێمان ده‌ڵێت ئه‌م نه‌وه نوێیانه به نیمچه ڕه‌هایی له ده‌ره‌وه‌ی بازنه وجه‌ماوه‌ری ئیسلامیه‌كانن . مۆدیله سیاسیه‌كه‌یان سه‌رنجیان ڕاناكێشێ و زۆر كه‌م نه‌بێت متمانه‌ی خۆیانیان پێ ناده‌ن .
بۆیه هیچ هێز و لایه‌نێك نابێت خۆی تووشی وههم بكات و وابزانێت به‌م حاڵه‌ی ئێستایه‌وه ده‌توانێت مۆدیلی دڵخوازی ئایندهی كوردستان بێت، یاخود ڕۆژێ له ڕۆژان به ئاستێ متمانه‌ی هاوڵاتیان به‌ده‌ست ده‌هێنن بیانكات به هاوبه‌شی ڕاسته‌قینه‌ی بڕیاری سیاسی كوردستان. چونكه ئه‌م هێزانه به حوكمی فۆرم و شێوازی كار و پاشخان و توانا و زۆر شتی تر ده‌نگێكی سنووردار و دیاریكراویان هه‌یه. گه‌ر جارانی پێشووش ده‌نگده‌رانیان ده‌نگ و كورسیه دیاریكراوه‌كانیان له‌نێوان هێزه ئیسلامیه‌كان خۆیاندا به‌ش كردبیت، ئه‌وا ئه‌مجاره‌یان چووینه قۆناغێكی نوێ و ئه‌و ئاڵ و گۆڕه نه‌ماو بوو به كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگ وكورسی له‌سه‌ر ئاستی كۆی ته‌وژمه‌كه.
ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش له ڕووی بابه‌تیه‌وه به‌شێكی په‌یوه‌ندی به ئیراده‌ی ساخته‌كاری و نادادپه‌روه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌وه هه‌بێت ، وه بۆ هه‌ندێكیان له‌وانه‌ش یه‌كگرتوو په‌یوه‌ندی به به‌شێ له هه‌ڵوێسته سیاسیه‌كانه‌وه هه‌بێت ، ئه‌وا هۆكارێكی هاوبه‌ش و بنه‌ڕه‌تیی نێوانیان په‌یوه‌ندی به فۆرمی كاركردن و مۆدێلی حیزبه‌كانه‌وه هه‌یه. گه‌ر ئه‌وه نه‌بوایه چۆن ده‌گونجێت ئه‌م هه‌موو پێداگرتن و ئۆپۆزیسیۆنبوونهی كۆمه‌ڵ له دوو سێ ساڵی ڕابردوودا، نه‌توانێ به ته‌واوی ده‌نگه‌كانی خۆی بێنێته‌وه و ته‌نها یه‌ك كورسیش زیاد بكات؟
بۆیه ئه‌مه ئه‌و له‌حزه مێژووییه‌یه كه وه‌ك ئیسلامیه‌كان ده‌بێت به‌ره‌و ڕووی حه‌قیقه‌تی خۆمان ببینه‌وه. چیتر له‌ناو وههم و خه‌ونی ئایدۆلۆژی و نامۆبوون له واقیعدا نه‌ژین. بوێرانه دان به شكست و پاشه‌كشه‌كاندا بنێین. چونكه ئه‌و دانپیانانه خاڵ و پێشمه‌رجی یه‌كه‌می هه‌ڵسانه‌وه و ده‌ستپێكردنی قۆناغێكی نوێ و ئومێد گێڕانه‌وه‌یه به ئایندهی ئه‌م ته‌وژمه. گه‌ر ئێمه ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ر بڕیاری سیاسی ئایندهی وڵاته‌كه‌مان كاریگه‌ر بین، بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵمان له چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی دادپه‌روه‌ری سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی زیاتر بێت، وه بتوانین لانی كه‌م به‌شێ له نه‌وه‌ی نوێ له‌خۆبگرین و له ئازاره‌كانیان كه‌م بكه‌ینه‌وه و توانا و لێهاتنه‌كانیان بۆ خزمه‌تی خۆیان و گه‌ل و وڵاته‌كه‌یان و تهوژمهكهش بخه‌ینه گه‌ڕ، ده‌بێت بوێر بین له ڕه‌خنه له‌خۆگرتن و به‌خۆداچوونه‌وه و شكاندنی قاڵبه ده‌ستكرده‌كان و نوێكردنه‌وه‌ی شێوازه‌كانی كاركردن و به‌شێ له نوخبه‌كانی سه‌ركردایه‌تیكردن. .
ده‌بێت له‌وه تێبگه‌ین ئیسلامی بوون به‌م جۆره‌ی ئێمه پێش ئه‌وه‌ی هێزه ده‌ره‌كیه‌كان كێشه‌ی بۆ دروستبكه‌ن، كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له سنوورێك زیاتر ده‌نگی پێ نابه‌خشن. هه‌ڵكشانی ده‌نگیش هه‌ندێ له‌حزه‌ی دیاریكراو و قه‌یراناویدا به‌ڵگه‌ی فراوانبوونی له‌خۆگرتنی كۆمه‌ڵگه بۆ ئیسلامیه‌كان نیه، به‌ڵكو هاندانێكی كاتیه له‌سه‌ر هه‌ڵوێستێكی دیاریكراو، به تایبه‌تیش له‌و كاتانه‌ی له‌گه‌ڵ هێزێكی تری نارازی ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی ئیسلامی له چوارچێوه‌یه‌كی هاوبه‌شی كاركردندان .
ده‌رفه‌تێكی نوێ بۆ ئیسلامیه‌كان
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی پێشوو وه‌ك پێشتریش وتومه و نووسیومه دۆخی ئێستای كوردستان ده‌رفه‌تێكی تری خستۆته به‌رده‌م ئیسلامیه‌كان. گه‌ر بتوانن تێ ی بگه‌ن و خۆیان له هه‌ندێ كڵێشه و ناو و میكانیزم و فكر هه‌ستیاری وخه‌می بچوك ڕزگاربكه‌ن، كه سه‌لما سنوور بۆ گه‌شه و گه‌وره‌بوونی ئیسلامیه‌كان داده‌نێت، ئه‌وا ده‌توانن ببنه هه‌وێنی پرۆژه‌یه‌كی نیشتیمانی وڕیفۆرمخوازی گه‌وره‌ی دواڕۆژی وڵاته‌كه‌یان، به‌ڵام ئه‌وه بوێری و هه‌ست به لێپرسراوی و قوربانیدانی ده‌وێت . به‌ده‌ر له‌وه له بازنه داخراوه‌كه‌دا به هه‌ندێ هه‌ڵكشان و داكشانی كه‌مه‌وه دێن و ده‌چن. .
میللەت