د. هاوڕێ سورخابی
پێشەکی
سەلەفیەت بەردەوام یەکێک لە پرسە گرنگ و ماناهەڵگرەکانی بیر و هزری ئیسلامی بووە، زەینی توێژەرانی بواری زانستی ئیسلامی بە خۆوە سەرقاڵ کردووە. سەدەی حەوتەمی کۆچی دەکرێت وەک خاڵی وەرچەرخان لە ڕەوتی بیری سەلەفی لە جیهانی ئیسلام ناوزەد بکەین. لەم سەردەمەدا ئیبن تەیمیە سەلەفیەتی پاش چەند سەدە بێدەنگی دووبارە خستەوەگەڕ. دوای تێپەڕینی چەندين سەدە، سێ ناوچەی گرنگ و کاریگەر وەک میسر، سعودیە، هیندستان هەر کام بە جۆرێک لە ژێر کاریگەری ئەم ڕەوتە ئیسلامیەدا بوون.
ئەو ململانێ فیکری و زانستییەی ئیبن تەیمیە کە سازی کردبوو، لە لایەن قوتابییەکانی بەرەو ڕەوتێکی فیکری دەچوو، بەڵام بە دژایەتیکردنی لەگەڵ ئەم بیرۆکە لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جیهاندا ئەم مشتوومڕە کوژایەوە و هەتا چەندین سەدە بێدەنگ بوو ئەگەرچی دوای ماوەیەک دووبارە تەشەنەی سەندەوە. گەڕانەوە بۆ فاندامێنتاڵیزم لە ڕێگای ڕەوتی سەلەفی لە جیهانی ئیسلام و مەیل بەرەو ئەندێشەی ئیبن تەیمیە خۆی لە سێ ڕەوتدا نیشان دا: یەکەم، جوڵانەوەی موحەممەد عەبدولوەهاب کە دواتر بە ناوی وەهابیەت ناسێندرا. دووەم، ڕەوتی سەلەفیەتی هیندستان بە نوێنەرایەتی ئەبولئەعلا مەودوودی. سێیەم دەستەیەک لە بیرمەندان بۆ نمونە ڕەشید ڕەزا، حەسەن بەنا و هەروەها سەید قوتب لە میسر لە سەدەی ١٩ و ٢٠ كە تاڕادەیەك سەلەفییەت پەرەیسەند، هەروەها بارودۆخ و بیچمگرتنی کۆمەڵێک گرووپ و ڕەوتی ئیسلامی و سەلەفی وەک ئیخوان موسلمین و .... هتد.
کەسایەتی ئیبن تەیمیە و نووسینە بەجێماوەکانی، بوو بە هۆی ئەوەی لە چەندین دەلاقە و ڕەهەندی جیاوازدا، کۆمەڵێک کەس بە بیروبۆچوونی جۆراوجۆر و میتۆدی جیاواز خۆیان بە ڕێڕەوی ئەندێشەی ئەو پێناسە بکەن. هەر کام لە بزاڤی وەهابیەت لە سعودیە، سەلەفیەتی میانەڕەو لە هیندستان، سەلەفی میسر، بە جۆریک لە ژێر کاریگەری بیرۆکەی ئیبن تەیمیەدا بوون. ئەگەرچی لەباری فاندامێنتاڵ بوونەوە وەک یەک بوون، بەڵام خاوەن هەندێ خاڵی جیاواز لە بەرامبەر یەکتردا بوون. ئەگەرچی زۆربەی بزاڤە سەلەفییەکانی جیهانی ئیسلام بە جۆرێک لە ژێر کاریگەری ئەم سێ ناوچە جوگرافییەدا بوون، بەڵام مەبەست لە نووسینی ئەم بابەتە لێکدانەوەیەکی زانستیانەی کاریگەری بیرۆکەی ئیبن تەیمیە لەسەر ڕەوتی سەلەفیەت لەم سێ ناوچەدا بووە و هەروەها کاریگەری لەسەر بیرمەندە ناسراوەکانی ئەم ناوچە بووە. پرسی سەرەکی ئەم توێژینەوە ئەمەیە، کاریگەری بیرۆکەی ئیبن تەیمیە لەسەر پەرەگرتنی سەلەفییەت لە هەرکام لەو ناوچانە و لەسەر کەسایەتییە ناسراوەکانی ناوچەکان هەتا چ ڕادەیەک و چۆن بووە؟
بیرۆکەی ئیبن تەیمیە لە سعودیە و کاریگەرییەکانی
باس لە گەڕانەوە بۆ ئیسلامی سەلەفی بە پێی هزری ئیبن تەیمیە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی ١٢ کۆچی و دەسپێکی چالاکییەکانی موحەممەد عەبدولوەهاب. ئەو لە ساڵی ١٧٠٣ زاینی لە شاری عویەینە سەر بە ناوچەی نەجد لە سعودیە چاوی بە دونیا هەڵهێنا. موحەممەد عەبدولوەهاب لەلای باوکی وانەی فیقهی حەنبەلی فێر بوو. لە سەردەمی گەنجیەتیدا ڕەخنەی لە کۆمەڵێک ڕەفتار و بیروباوەڕی خەڵک گرت و ئەوانی بە نەزان و بێدین و کافر دەزانی، هەتا ئەو ڕادەی کە باوک و براکەی بە نێوی سولەیمان بن عەبدولوەهاب دژایەتییان کرد، هەر بەم بۆنەوە موحەممەد عەبدولوەهاب بەرەو عێراق کۆچی کرد و لەگەڵ ئایین و بیروباوەڕەکانی ئەو وڵاتە ئاشنا بوو و لە ئەوانیش ڕەخنە و گازەندەی خۆی دەربڕی(1).
ئەو هاوکات لەگەڵ مردنی باوکیدا لە ساڵی ١٧٤٠ زاینی بە ئاشکرا بانگەشەی بۆ بیروباوەڕی خۆی دەكرد. بیروباوەڕێک کە ئاوێتەیەک لە بیرۆکەی ئیبن تەیمیە و ڕۆحی توندوتیژانەی موحەممەد عەبدولوەهاب بوو(2).
جێگای ئاماژەیە موحەممەد عەبدولوەهاب لە ڕادەبەدەر لە ژێر کاریگەری ئیبن تەیمیەدا بووە و ئەمە لە لایەن شارەزایان و زانایانی ئایینی وەهابیەوە قەبووڵ کراوە. بۆ نمونە سوڵتان عەبدولعەزیز بن سعودیە لە نامەیەکدا لە ساڵی ١٩١٣ زاینی بۆ گرووپی ئیخوان نوسیبووی "موحەممەد عەبدولوەهاب هەمان ڕێساو ڕێچکەی ئیبن تەیمیە پێڕەو دەکات کە پێشتر ئیبن تەیمیە و قوتابیەکەی ئیبن قەییم بانگەشەی بۆ دەکرد"(3). ئەگەرچی ئەم ڕەوتە کۆمەڵێک دەلاقەی بیرۆکەی ئیبن تەیمیە و کەسایەتی ئەویان وەلا ناوە و تەنیا جەخت لەسەر چەند بەشێكیباوەڕی ئیبن تەیمیە دەکەن کە لە خەباتی ئایینی ئەودا سەرچاوەی گرتووە، بۆیە دەتوانین وەها بڵێین وەهابیەت لە بەشێکی بیرۆکە و کەسایەتی ئیبن تەیمیە کاریگەرییان وەرگرتووە. بۆ نمونە لە فەرهەنگی زانستی ئیسلامیدا هاتووە، موحەممەد عەبدولوەهاب لەگەڵ زانایانی حەنبەلی دیمەشق پەیوەندی بووە، کە لە ئامۆژگارییەکانی ئیبن تەیمیە کەڵکیان وەرگرتووە(4).
نووسەری کتێبی "وەهابیان" لەم بارەوە دەڵێت: "لە موزەخانەی بەریتانیا هەندێ لە نوسراوەکانی ئیبن تەیمیە هەن كە بە دەستی موحەممەد عەبدولوەهاب نووسراوەتەوە. ئەمە وەها نیشان ئەدات، وەهاب کتێبەکانی ئیبن تەیمیەی خوێندووەتەوە و هەروەها دووبارە نووسیویەتەوە(5). ئەو لە زۆربەی بیروبۆچوونەکانیدا بە تایبەت لە پرسی تەوحید لە ژێر کاریگەری ئیبن تەیمیەدا بووە. هەموو ئەو کۆمەڵە پرسەی موحەممەد عەبدولوەهاب لەمەڕ تەوحید دەیوت و ئەو هەڵوێستانەی لە بەرامبەر بیروبۆچوونەکانی دیکە لە خۆی نیشان ئەدا، بێجگە لەوەی هەتا چەند لەگەڵ میتۆد و هزری ئیبن تەیمیە هاوتەریب بوو، تێگەیشتنێک بوو کە ئەو لە هزری ئیبن تەیمیە وەدەستی هێنابوو. سەبارەت بە سیفاتی خوداوەند کۆمەڵێک پرس وەک جسمانی بوونی خودا، جودایی زات لە سیفات و... تاد، کۆمەڵێک پرسی فیکری دیکەی ئیبن تەیمیە، لە پارێزگاری و سەلماندنی ئەم پرسانە مشتوومڕی زۆری لەسەر کرد(6). هەندێ بیروباوەڕی ئیبن تەیمیە وەک بە حەرام زانینی زیارەت و تەنانەت سەفەر بە مەبەستی زیارەت، بە کوفر زانینی پەنابردن بۆ بێجگە لە خودا و..... تاد(7) لەسەر موحممەد عەبدولوەهاب کاریگەری بەرچاوی نیشان دا.
هەڵبەت وەهابییەکان بەربڵاوتر لە بیری ئیبن تەیمیە بۆ پرسە ئایینیەکان دەیانڕوانی. موحەممەد ئەبوزوهرە وەک زانایەکی بەناوبانگی ئیسلامی، سەبارەت بە جیاوازییەکانی نێوان ئیبن تەیمیە و موحەممەد عەبدولوەهاب وەها باس دەکات: لە ڕاستیدا وەهابییەکان لەسەرئەو پرسانەی کە ئیبن تەیمیە باسی لێکردبوو شتێکی زیاد نەکردووە بەڵام بەراورد بە ئیبن تەیمیە لەسەر پرسەکان سوورتر و جیدیتر بوون واتە تووندوتیژتر بوون، کۆمەڵێک هەڵسوکەوتیان لەخۆ نواند کە ئیبن تەیمیە جێبەجێی نەکردبوو(8).
کاریگەری فیکری ئیبن تەیمیە لە هیندستان
هزری سەلەفی لە ڕێگای "وەلیوڵا شا دەهلەوی " هاتە نێو هیندستانەوە. ناوبراو پێڕەوی ئاینزای حەنەفی بوو و لە هەمان کاتدا لایەنگری بیری سەلەفی و قوتابخانەی ئەهلی حەدیس و بە تایبەت سەبارەت بە باسی تەوحید ڕێڕەوی بیرۆکەی ئیبن تەیمیە بوو، لە زۆربەی کاروباری ئاسایی کۆمەڵگا بۆ نمونە پەنا بردن بۆ بێجگە لە خودا، سوێند خواردن بە نێوی بێجگە لەخودا و ... تاد بە ناتەوحیدی لە قەڵەم ئەد(9). بەڵام سەرەڕای سەلەفی بوون وەلیوڵا شا دەهلەوی، بە هۆی مەیلی سۆفیگەری و عیرفانەوە پەیڕەوی بێ مەرج و ڕەهای لە ئیبن تەیمیەی قەبووڵ نەکرد و لایەنگری ئەو لەگەڵ جۆرێک ڕیفۆڕمی ئایینی کراوە و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئایینە ئیسلامییەکانی دیکە بوو(10).
گرنگترین كەسە ناسراوەکانی سەلەفیەت لە هیندستان كە دواتر دەركەوت، دەتوانین ئاماژە بە ئەبولئەعلا مەودوودی بدەین. ئەبولئەعلا مەودوودی لە ساڵی ١٩٠٣ زاینی لە شاری ئورەنگ ئاباد سەر بە هەرێمی حەیدەرئاباد هندستان چاوی بە دونیا هەڵهێنا. مەودوودی سەردەمی گەنجێتی وەک ڕۆژنامەنووس بردەسەر. لە ساڵی ١٩٢٦ زاینی یەکەمین و گرنگترین کتێبی بە نێو "جیهاد لە ئیسلامدا" بڵاو کردەوە. دوای چەند ساڵ مەودوودی مانگنامەیەک لە ژێر ناوی "وەرگێڕانی قورئان" کە تایبەت بوو بە وەرگێڕان و ڕاڤەی قورئان، بڵاو کردەوە و هەتا کۆتایی ژیانی لە ساڵی ١٩٧٨ زاینی بەردەوام بوو لە سەر بڵاو کردنەوەی( 11).
دەکرێت مەودوودی وەک دامەزرێنەری "ڕەوتی سەلەفی میانەڕەو" لە سەدەی بیست لە هیندستان ناوزەد بکەین. هزر و نووسینەکانی کاریگەری پتری لەسەر بیچمگرتنی ئەم ڕەوتەدا هەبوو. پێش هاتنە مەیدانی مەودوودی لە چێوەی بیری ئیسلامی، بیرۆکەی سەلەفی هەڵگڕی تووندئاژۆی و ڕادیکاڵیسمی ئیسلامی بوو کە لە ئیبن تەیمیە کاریگەری وەرگرتبوو، بەڵام کاتێک مەودوودی هاتە نێو بازنەی فیکری ئیسلامیەوە، بە هۆی باوەڕی ئیسلامی و ئیجتیهاد و خوێندنەوەی بەربڵاوی قورئان، نەریت و هەروها ڕۆحی ئازاد باوەڕی و نەبوونی دەمارگرژی، توانایی ئەوەی بوو ڕەوتی سەلەفی هیندوستان هەتا ڕادەیەک لە ڕادیکاڵیسم و تووندئاژۆیی بیروباوەڕ خاوێن بکاتەوە و سەرنجی بیرمەندان و زانایانی ئیسلامی بەرەو سیستەمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و کەلتووری ڕاکێشا و لەباتی " یەكتاپەرستی گۆڕ " جەختی لەسەر" یەكتاپەرستی كۆشك و دەسەڵات" دەکرد. ئەمە بەو مانایەیە ئەو هەوڵی ئەدا ڕەنگ و ڕەواڵەتێکی کۆمەڵایەتی بە پرسە ئاینییەکان ببەخشێت.
مەودوودی لە ژێر کاریگەری زانایانی ئایینی پێش خۆی بە تایبەت ئیبن تەیمیەدا بوو. لە زۆر شوێندا وەسفی ئەوان دەکات، هەروەها دەتوانین لە نێو نوسراوەکانی مەودوودی کاریگەری ئیبن تەیمیە بە ئاشکرا ببینین. ئەو بەم پێیە دەستەواژەیەکی بە نێو "جاهلیەت" ی هێنایە نێو ڕەوتی ئەندێشەی سەلەفییەوە. بە پێی باوەڕی مەودوودی جاهلیەت بابەتێکی باڵاتر لە کاتە (لە دەرەوەی کاتە) و هەر کات لایەنگرانی ئیسلام، واتە ئەو کەسانەی خۆیان بە موسڵمان دەزانی، پێبەند بە هەموو یاسا و ڕێساکانی ئیسلام نەبن، هەروەها ئەگەر یاسا لەم کۆمەڵگانەدا بە پێی شەریعەتی ئیسلام نەبێت، ئەوە خەڵکەکەی لە جاهلیەتی پەتیدا دەژین. ئەو تازەگەریە وەک نیشانەی جاهلیەت ناوزەد دەکرێت. بە پێی وتەکانی مەودوودی سیستەمەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و هەر سیستەمێکی بێجگە لە ئیسلام، نیشانەی جاهلیەتە(12).
مەودوودی کوفر وەک نیشانەی جاهلیەت لەبەرچاو دەگرێت(13). لە لایەکی ترەوە مەودوودی بە هۆی ئەو میانەڕەوبوونەی وا لە ڕۆحیدا خۆی نیشان ئەدا، لە هەوڵدا بوو بناغە چەقبەستووەکانی بیری سەلەفی نەرم بکاتەوە. ئەو زۆرتر لەسەر یەکگرتووی ئومەتی ئیسلام و ئایینزا جۆراوجۆرەکانی پێداگری دەکرد(14).
کاریگەری فیکری ئیبن تەیمیە لە میسر
پاش ڕووخاندنی ئیمپراتوری عوسمانی کۆمەڵێک بیرمەند لە هەوڵی زیندووکردنەوەی ئەحکامی ئیسلامی و گۆڕانی دۆخی نالەباری ئەو کاتی جیهانی ئیسلامدا بوون. هەر بۆیە هاتنە نێو خەباتی فیکری ئەو سەردەمەوە. هەندێ لەوانە بریتی بوون لە: ڕەشید ڕەزا، حەسەن بەنا، سەید قوتب، کە هەموو ئەم بیرمەندانە بە جۆرێک لە ژێر کاریگەری ئیبن تەیمیەدا بوون.
موحەممەد ڕەشید ڕەزا
لە ساڵی ١٨٦٥ زاینی لە گوندێکی دەورووبەری تەرابلوس لە کەناری دەریای سپی ناوەڕاست بە نێوی" قەلەمون" لە بنەماڵەیەکی "سوری" چاوی بە دونیا هەڵهێنا. خوێندنی لە تەرابلوس لە خوێندنگەیەکی نەتەوەیی ئیسلامی و پاشان لە خوێندنگەیەکی دەوڵەتی عوسمانی تەواو کرد. پاش داگیرکردنی سوریا لە لایەن دەسەڵاتی فەڕەنسەوە، ئەو بەرەو میسر کۆچی کرد و بوو بە لایەنگر و ڕێڕەوی موحەممەد عەبدە و سەرقاڵی بڵاوكردنەوەی بیروباوەڕی خۆی بوو. ئەو ساڵانەی ڕەشید ڕەزا سەرقاڵی بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی بیر و بۆچوونەکانی بوو هاوکات بوو لەگەڵ ساڵانی کۆتایی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی. ڕەشید ڕەزا خەلافەتی وەک نیشانەی پەیوەندی ئایین و و دەوڵەت لە ئیسلامدا دەزانی و بەدیهاتنی هەموو ئاوات و ئامانجەکانی بە خەلافەتەوە گرێ دەدا (15).
ڕەشید ڕەزا لە ساڵی ١٨٩٧ زاینی لە قاهیرە هاوڕێ لەگەڵ عەبدە یەکەمین ژمارەی گۆڤاری "المنار"ی بڵاو کردەوە و لە ساڵی ١٩٠٨ زاینی ئەنجومەنی "جمعیە الدعوە و الارشاد" دامەزراند، کە هەموو ئەمانە هەتا ڕادەیەک نزیک لە ئیسلامی سەلەفی بوون. سەرەڕای ئەوەی ڕەشید ڕەزا وەک مامۆستاکانی (موحەممەد عەبدە، جەمالەدین ئەفغانی) بانگەشەی چاکسازی ئایینیان دەکرد و ویستیان یەکگرتووی موسڵمانەکان بوو.
ڕەشید ڕەزا سەرسامی نووسراو و کتێبەکانی ئیبن تەیمیە بوو، بۆیە ئەو لەسەر کتێبە بە ناوبانگەکەی ئیبن تەیمیە "الرسائل و المسائل" شیکاری و ڕاڤەی نووسیبوو. ڕەشید ڕەزا لەم بارەوە دەڵێت: " لە سەرەتاکانی خوێندنی ئایینی خۆم، بیرم دەکردەوە ئایینی سەلەف زۆر لاوازە، بەڵام کاتێک لەگەڵ بەرهەمەکانی ئیبن تەیمیە ئاشنا بووم، تێگەیشتم ئایینی سەلەفی زۆر ڕەوایە و ئەوانە دژایەتی لەگەڵ دەکەن لە نەزانیدا ژیان بەسەردەبەن" (16).
حەسەن بەنا
لە ڕەمەزانی ١٩٠٦ زاینی لە گوندی مەحمودیە سەربە ناوچەی بوحەیرەی میسر لە دایک بوو. ناوبراو لە بنەماڵەیەکی ئایینیدا پەروەردە بوو. پاش کۆتایی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە تەمەنی ١٦ سالیدا بەرەو قاهیرە کۆچی کرد و لە دارلعلوم کە دامەزرێنەرەکەی موحەممەد عەبدە بوو خوێندنی خۆی دەست پێکرد. حەسەن بەنا بوو بە ئەندامی كۆمەڵەی رەوشتی ئیسلامی و هەروها ئەنجومەنی لاوانی موسڵمان. حەسەن بەنا کاریگەری گەورەی لەسەر هزری ئیسلامی سەدەی بیستەم دانا. حەسەن بەنا وەک ئیمامی شەهید دەناسرێت. ئەو خوازیاری گەڕانەوە بۆ ئیسلامی سەردەمی پێغەمبەر و ڕێگا و ڕەوشتی سەلەف بوو. حەسەن بەنا لە ١٩٢٦ زاینی بوو بە مامۆستا لە شاری ئیسماعیلییە و لە 1928 ئیخوان موسلمین پێکهاتووە لە ٦ ئەندامی لایەنگر و قوتابیانی خۆجێیی دامەزراند. ئەو لە ساڵی ١٩٤٨ زاینی لە لایەن کەسانی سەر بە دەوڵەتی میسرەوە تیرۆر کرا(17). حەسەن بەنا پتر لە هەموو کەس وەک زیندووکەرەوەی بیری سەلەفی سونە لە سەدەی ٢٠دا ناوی دەبرێت. ئەگەرچی ناوبراو بە هۆی جۆری پەروەردە و شێوازی ژیانی مەیلی بەرەو سۆفیگەری بوو و هەروەها چاکسازییەکانی ئەو لە جیهانی ئیسلامدا لە چوارچێوەی هێمنی و بە دوور لە توندووتیژی بوو. لە ڕاستیدا ئەگەر بمانهەوێت کاریگەری وەرگرتنی ئەندێشەی حەسەن بەنا لە ئیبن تەیمیە دا بدۆزینەوە ئەبێت لەسەر بناغەی فیکری ئیخوان موسلمین لێکۆڵینەوە بکەین، لەبەر ئەوەی ئەم ڕەوتە دواتر گەورەترین بانگەشەی لەسەر بیروبۆچوونی ئیبن تەیمیە دەرکرد. ئەگەرچی بیروبۆچوونی حەسەن بەنا خاوەن قورسایی و قوڵی بیری فەلسەفی نەبوو، بەڵام ئەو بزاڤەی حەسەن بەنا دایمەزراند بوو، وەک گەورەترین هێزی بزاڤی جەماوەری ئیسلامی دەرکەوت کە پێش ئەو وەها بزاڤێک بوونی نەبوو.
حەسەن بەنا حەزی لەسەر پرسی ئاڵۆز و ئایدۆلۆژیک نەبوو. ئەو بۆ بانگەشەی ئایدۆلۆژی ئیخوان، پشتی بە قورئان و ٦ کتێبی باوەڕپێکراوی (صحاح الستە) بەستبوو. ئەو کاریگەری زۆری لەو بیرمەندە ئیسلامیانە وەرگرتبوو کە بریتی بوون لە: ئەحمەد حەنبەل، ئیبن حەزم، ئیبن تەیمیە (18).
سەید قوتب
نووسەر و لێکۆڵەر لە ١٩٠٦ زاینی لە میسر لە دایک بوو. ئەو بە بۆنەی پێداچوونەوەی کاریگەری کۆمەڵێک چەمکی ئیسلامی بەسەر گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا وەک جیهاد، لە نێو توێژەرانی ئیسلامی سیاسی ناوبانگی دەرکردووە. سەید قوتب بە دەستی جەمال عەبدولناسر لە ساڵی 1966 زاینی بە تۆمەتی (ڕووخاندنی ڕژێم) لە سێدارە درا(19). سەید قوتب خاوەن ڕۆڵی شۆڕشگێڕانە و خەباتگێڕ بوو و بۆ خوێندن بەرەو ئەمریکا کۆچی کرد. ئەو کاتێک لە ئەمریکا گەڕایەوە لە پۆستی حکومی خۆی دەستی لە کار کێشایەوە و سەرقاڵی خوێندن لەسەر ئیسلام بوو. سەید قوتب لە تەوحید و تەفسیری قورئان پێڕەوی ئیبن تەیمیە بوو و خۆی بە قوتابی و شاگردی ڕەشید ڕەزا دەزانی. ئەو لەگەڵ سەلەفییەکانی لایەنگری ڕەشید ڕەزا لە پەیوەندیدا بوو بەڵام بەنیسبەت وەهابیەت و حکومەتی سەرچاوەگرتوو لە وەهابی پشتیوانی نیشان نەئەدا(20).
لە سەدەی بیستەمدا سەید قوتب وەک تەنیا کەسێک کە لەباری فیکری و کردارییەوە لە ئیبن تەیمیە نزیک بوو، دەهاتە بەرچاو. ئەگەرچی ئەو لە هەندێ گۆشەنیگاوە لەگەڵ ڕەوتی وەهابیەت جیاوازی هەیە و لە زۆر جاردا دژایەتی و ڕەخنەی خۆی ئاراستەی ئەوان کردووە، بەڵام سەید قوتب سەرەڕای ئەم جیاوازیە لەباری شۆڕشگێڕ بوون و توندئاژۆییەوە لە ئیبن تەیمیە نزیکە، بۆیە لە ڕێگای خەباتی سیاسی، ئایینی گیانی خۆی داناوە. سەید قوتب بەکارهێنانی دەستەواژەی "جاهلیەت"ی لە ژێر کاریگەری مەودوودی بە كارهێناوە، کۆمەڵگای خۆی بە کۆمەڵگایەکی جاهل ناوزەد کرد. بەڕای سەید قوتب کۆمەڵگایەک خودای قەبووڵ بێت بەڵام یاسا و ڕێسای خوداوەند جێبەجێ نەکات ئەوە کۆمەڵگایەکی جاهیلە. لەمڕووەوە هەر کۆمەڵگایەک جگە لە کۆمەڵگای ئیسلامی، بە جاهیل ناوزەد دەکرێت(21). سەید قوتب بۆ گەیشتن بە حکومەتی ئیسلامی پێشنیاری جیهاد و شۆڕش دژ بە دەسەڵاتی دەربڕی. ئەو وەک ئیبن تەیمیە پێداگری لەسەر جیهاد دەکرد. ئەگەرچی جیهادی سەید قوتب زۆرتر لە بەرامبەر ناموسڵمانان و ئەوانە هێرشیان دەکردە سەر خاکی موسڵمانان، بەڵام ئەو جیهادی لەدژی دەسەڵاتدارانی ئەو کات دەرکرد(22).
سەید قوتب وەک ئیبن تەیمیە بۆچوونی پۆزێتیڤی لەسەر فەلسەفە و زانستی ئەقڵی نەبوو، ئەو وەک یەکێک لە لێکۆڵەرانی بیری فاندامێنتاڵیزم، لە بواری دژایەتی لەگەڵ بابەتە فەلسەفییە پەتییەکان، پێڕەوی ئیبن تەیمیە بوو، هەر بۆیە سەید قوتب ڕەخنەی لە موحەممەد عەبدە دەگرت کە بەهای پتری بە ئەقڵ باوەڕی داوە. لە نێوان نووسەرانی سەدەی بیست، حەسەن بەنا، ئەبولئەعلا مەودوودی کاریگەری تایبەتیان لەسەر پێکهاتنی تیورییەکانی سەید قوتب بووە(23). لەمڕووەوە بیرۆکەی سەید قوتب دەکرێت وەک هەڵوێستێکی جیاواز لە سەلەفیەتی باکووری ئەفریقا ناوزەد بکەین کە لەگەڵ سەلەفیەتی ڕادیکاڵی سعودیە هاوئاهەنگی نییە، هەندێ لە زانایانی ئیسلامی ئەم هەڵوێستە سەلەفییە وەک "سەلەفیەتی جیهادی" پێناسە دەکەن.
لە ڕوانگەی سەید قوتبەوە کۆمەڵگا دوو جۆرە: یەکەم: کۆمەڵگای جاهیلی، دووەم کۆمەڵگای ئیسلامی، هەر بۆیە سەید قوتب ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکانی بە گرێدانی ناکۆکی نێوان ئەم دوو کۆمەڵگاوە پێناسە دەکرد.
لە ڕوانگەی سەید قوتب کۆمەڵگای ئیسلامی هەموو ڕەهەندەکانی بیروباوەڕ، شەریعەت، ڕەوشت و ئەخلاق، .... تاد لەبەرچاو دەگرێت، بەڵام کۆمەڵگای جاهیلی كار بە ئیسلام ناکات و یاسا و ڕێساکانی پشت گوێ دەخات. بە ڕای سەید قوتب هەتا کاتێک شەریعەت نەبێتە یاسای کۆمەڵگا، ئەو کۆمەڵگایە ئیسلامی نییە، تەنانەت ئەگەر تاکی ئەو کۆمەڵگایە نوێژ و ڕۆژوو و حەج بەجێ بهێنن. هەر بۆیە کۆمەڵگای ئیسلامی ئەوە نییە کە لە زەینی خۆیانەوە باس لە ئیسلامێک بکەن جگە لە دەستووری خوداوەند(24).
بە ڕای قوتب کۆمەڵگای کومونیستی، کریستیەن و جولەکە – بە لارێدا بردنی ئایین و تەنانەت زۆربەی بیروباوەڕی موسڵمانەکان بوون بە بەشێک لە جاهیلیەتی سەرەتاکانی ئیسلام(25). ئاشکرایە ئەو کۆمەڵگایەی وا سەید قوتب بە ئیسلام ناوزەدی دەکات ئەوە، ئەو کۆمەڵگای ئیبن تەیمیەیە کە بە یۆتوپیا پێناسەی دەکرد. کۆمەڵگایەک کە ئیسلام بە وردی بەسەریدا زاڵە و حوكمداری دەکات، هەروەک چۆن خودی ئیبن تەیمیە بۆ دامەزراندنی وەها کۆمەڵگایەک هەوڵی چڕوپڕی بۆ خستەگەڕ(26).
دەرەنجام
ئیبن تەیمیە لە سێ ناوچەی گرنگ بە گشتی کاریگەری خۆی جێهێشتووە، لە سعودیە و هیندستان و میسر، کە پێشتر بە تەواوی باسمان لەسەر کردووە. بیرۆکەی ئیبن تەیمیە چەند سەدە پاش خۆی و تەنانەت ئەمڕۆکە لە ڕۆژگاری خۆماندا پەرەی سەندووە، هەرکام لە ڕەوتە ئیسلامییەکان هەر لە ئیخوان هەتا داعش و ئەلقاعیدە و تاڵیبان لەسەر ئەم بنەما فیکرییە دەرئەبڕن. لە هەرکام لە ناوچەکان زانایانی ئیسلامی کاریگەری خۆیان لە ئیبن تەیمیە وەرگرتووە.
بیروبۆچونی سەلەفی پاش چەندین سەدە بێدەنگی دووبارە لایەنگرانی زۆری لە جیهان دۆزیوەتەوە. کاریگەری وەرگرتنی ئەم کەسایەتیانە لە بیرۆکەی ئیبن تەیمیە بە پێی کۆمەڵێک هۆکاری جۆراوجۆر وەک ژینگەی جوگرافی، دۆخی ژیان و کەسایەتی تاکەکان جیاواز بووە و لە ناوچە جۆراوجۆرەکاندا دەرکەوتەی جیاوازی لێکەوتووەتەوە. ئەم لایەنگرانە بوون کە بیرۆکەی ئیبن تەیمیەیان بڵاو کردەوە و پەرەیان پێداوە و کۆمەڵێک ڕەوتی فیکری لەم بیرۆکەیان هەڵهێنجاندووە، هەر بۆیە لە دەرەنجامیدا گرووپ و ڕەوتی فیکری بەربڵاو بە کردەوە و بیروباوەڕی جۆراوجۆرەوە لە دڵی ئەم ڕەوتە فیکرییەی ئیبن تەیمیە سەری هەڵداوە.
سەرچاوەکان و پەراوێزەکان
(1) احمد زینی، دحلان ( ١٣٨٦ ه). الدرر السنیه فی الرد علی الوهابیه، مصر: شرکه مکتبه و مطبعه مصطفی البابی الحلبی و اولاده بمصر ، ل 42.
(2) الامین الحسینی، السید محسن (١٤٢٨ ه). کشف الارتیاب، بیجا: موسسه دار الکتاب الاسلامی،ل 37.
(3) مختار ، صلاح الدین ( ١٣٧٦ ه). تاریخ المملکه العربیه السعودیه فی ماضیها و
حاضرها، بیروت: دارمکتبه الحیاه، ل154.
(4) زریاب خویی، عباس(١٣٦٧ ش)، " ابن تیمیه "، در دایره المعارف بزرگ اسلامی،بکوشش محمدکاظم موسوی بجنوردی، تهران: مرکز دائره المعارف بزرگ اسلامی،ل173.
(5) فقیهی، علی اصغر ( ١٣٨٥ ش). تاریخ وهابیت، قم: مجمع جهانی اهل بیت (ع)،ل 130.
(6) ابن تیمیه، احمدبن عبدالحلیم ( ١٤١٦ ه). مجموعه فتاوی، تحقیق عبدالرحمن بن محمدبن قاسم، مدینه، مجمع ملک فهد،ل 5-415.
(7) هەمان سەرچاوە، ل 27-72.
(8) ابوزهره، محمد (بی تا). تاریخ المذاهب الاسلامیه، قاهره: دارالفکر العربی،ل3351.
(9) دهلوی، شاه ولی الله( ١٤٢٦ ه ). حجه الله البالغه، بیجا، دار الجیل، ل 1-71.
(10) هاردی، پیتر ( ١٣٦٩ش). مسمانان هند بریتانیا، ترجمه حسن لاهوتی، مشهد، بنیاد پژوهشهای اسلامی، چاپ اول،ل 233.
(11) گیلانی، سعید اسعد ( ١٣٨٠ ش). نگاهی به احوال، آثار و افکار سید ابوالاعلی
مودودی، ترجمة نذیراحمد سلامی، تهران: احسان،ل 59-63.
(12) مودودی، ابوالاعلی( ١٩٧٢م). تفهیم القران، ذیل مائده، لاهور، ل50.
(13) مودودی، ابوالاعلی ( ١٣٣٣ ش). اسلام و جاهلیت، ترجمه سید غلامرضا سعیدی،تهران: کتاب فردوسی، ل 13-19.
(14) مودودی، ابوالاعلی( ١٣٤٨ ش). آیین شجاعان، ترجمه ابراهیم امینی، (بیجا): نوید، ل 191.
(15) عنایت، حمید( ١٣٥٠ ش). اندیشه ها و نهادهای سیاسی در اسلام، تهران: دانشکده حقوق و علوم سیاسی دانشگاه تهران، ل125.
(16) رشیدرضا، محمد (بیتا). تفسیر المنار، بیروت: دارالمعرفه، ل 197.
(17) حسینی، اسحاق موسی ( ١٣٧٥ ش). اخوان المسلمین: بزرگترین جنبش اسلامی
معاصر، ترجمه هادی خسروشاهی، تهران: اطلاعات، ل 1-31.
(18) هەمان سەرچاوە، ل 1-59.
(19) خالدی، صلاح عبدالفتاح ( ١٣٨٠ ش). سیدقطب از ولادت تا شهادت، ترجمه جلیل بهرامی نیا، تهران: احسان، ل 117.
(20) هەمان سەرچاوە،ل 47.
(21) هضیبی، حسن( ١٤١٣ ه). دعاه لاقضاه، قاهره: دارصادر، ل 63.
(22) سید قطب ( ١٣٧٨ ش). معالم فی الطریق، ترجمه محمود محمودی، تهران: احسان، ل 17.
(23) حنفی، حسن ( ١٩٩٨ ه). الدین و الثقافه و السیاسه فی وطن العربی، قاهره: دارقبا للطباعه و النشر، ل 118.
(24) سید قطب، هەمان سەرچاوە، ل١١٥.
(25) هەمان سەرچاوە،ل ١٥-١٨.
(26) زریاب خویی، هەمان سەرچاوە،ل ١٧٣.
ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان