كاتێك هۆڵەكە پڕ دەبێت لەخەڵك و ڕوناكی نامێنێت، دەچنە سەر شانۆ بەهەمو ئەو ڕێكارانەی لەسەری ڕاهاتون، دیژداشەیەكی سپی و جامانە و پژدوێنی سەوز، خەڵكی ئەوێ گەرم دادێن و جوڵە بە جەستەیان دەكەن وەك بازنەی زیكركردن و دەست بە سروتەكانیان دەكەن، ئەم سروتانەش لە چواردەوری پێداهەڵدانە بە پێغمبەری ئیسلام.
سەرەتا بەم وێنەیە دەردەكەوتن و خەڵكیش بەم شێوەیە لەسەر وێنەكەیان ڕاهاتبون، بەڵام لە واقیعدا پێچەوانە بۆتەوە، لەم ساڵانەی دواییدا ڕژێمی میسر بواری بە شوێنەكەوتوانی ڕێچكە سۆفییەكان دا بۆ بڵاوكردنەوەی فكرەكانیان، لەهەمان كاتدا پلەی سیاسی و ئاینییان پێ بەخشرا، بەوەی پاڵپشتی هەر كەسێك لەوان دەكەن كەخزمەت بە رژێمی میسر بكات و پێیاندا هەڵێ.
لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ "دیمەنێكی ئیسلامی" جێگرەوە بۆ ئەو كۆمەڵانەی قەدەغە كراون و لە هەنگاوێكدا پێش چەند هەفتەیەك، بەسیستەمی دانان-تعین سەرۆكی ئەنجومەنی ڕێچكە سۆفییەكان عبد الهادی قەسەبی بوە سەرۆكی هاوپەیمانی پشتیوانی میسر لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەم هاوپەیمانییە زۆرینەیەش لەسەرۆكی میسرەوە نزیكە.
ئەم سەركەوتنە بەبۆچونی شێخەكانی تەریقەت گەڕانەوەی متمانەیە بۆیان بەوەی بۆ ماوەی چەند دەیەیە لەهەمو ڕەهەندێكی سیاسییەوە دورن، بەڵام ئێستا وای دەبینن یاخود لە بۆچونی ڕژێمدا ئەوان شایستەن نوێنەرایەتی تەیاری ئیسلامی بكەن لەناو پەرلەمان و دیمەنی سیاسی بەهەمو شێوەكانییەوە، ئایە چی وای لە ڕژێمی میسر كرد پاڵپشتی ڕێچكە سۆفییەكان بكات لەسەر حسابی تەیارە ئیسلامییەكانی تر؟
77 ڕێچكەی سۆفی لەمیسردا هەیە، 67 ڕێچكەیان لەلای ئەنجومەنی باڵای ڕێچكە سۆفییەكان تۆماركراون و ژمارەی شوێنەكەوتوانیان دەگاتە 15 ملیۆن، سەرەڕای 6 هەزار گۆڕ كە بەسەر پارێزگاكاندا دابەشبون و شوێنكەوتوان سەردانی 1000 گۆڕی بەناوبانگ دەكەن، تەنها قاهیرە 294 گۆڕی تێدایە، لە بەناوبانگترینیان گۆڕی "حسینی كوڕی عەلی" و "سەیدە زینب" و "سەیدە نفیسە".
ئەم ژمارە زۆرە لە سۆفییەكان وای لە هێزە سیاسییەكان كرد لێیان نزیك ببنەوە، بەشێوەیەك كاندیدەكانی سەرۆكایەتی خۆیان لە سەرۆكی ڕێچكەكان نزیك دەكەنەوە بەمەبەستی بەدەستهێنانی لایەنگیرییان، بەوەی یەكێكن لە تەیارە ئیسلامییە میانڕەوەكان، لە كاتی پێشبڕكێی سەرۆكایەتی لە ساڵی 2014، ڕێچكە سۆفییەكان خۆیان یەكلاكردەوە بە پاڵپشتی كردنی عەبدولفەتاح سیسی.
لە ئەنجامی پاڵپشتی بێ سنوری ڕێچكە سوفییەكان بۆ دەسەڵاتی میسر، وایكردوە دەسەڵاتیش دژی توندڕەوی ئایینی بەكاریان بهێنێ كە لە بۆچونی دەسەڵاتدا ئیخوان موسلمینە، سەرەڕای بەكارهێنانیان بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە سیاسییەی ئیخوان بەجێی هێشتوە.
ئەم هەڵوێستە لە وێنەی دوژمنایەتی ڕێچكە سۆفییەكاندا بە ڕونی دەردەكەوێت بەرامبەر ئیخوان موسلمین و سەلەفییەكان، بەجۆرێك كۆمەڵێك لێدوانی شێخەكانی تەریقەت بەڵگەی وەستانیانە لەگەڵ لێبراڵییەكان و دژی ئیخوان و سەلەفییەكان، بۆ نمونە ئەو لێدوانەی شیخی تەریقەتی "عەزمیە" بەناوی "محمد علا الدین" لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا وتی" هەوڵی كۆمەڵەی ئیخوان موسلیمن و كۆمەڵە سەلەفییەكان بۆ تێكەڵ بونی كاری سیاسی هەڕەشەیە بۆسەر لێبوردنی ئایینی".
لە قسەكرنیشیدا لەگەڵ كەناڵی "دی دەبلیو"ی عەرەبی، كۆمەڵەی ئیخوان وا دەبینێ كە "كۆمەڵەكە ئایین و نیشتمانیان نییە" و ئەمەش ڕون دەكاتەوە"گەلی میسری ڕاستی ئەوانی زانی بەوەی كۆبونەوەیەكی تیرۆریستین"، سەبارەت بە سەلەفییەكانیش وتی"ئیخوان و سەلەفییەكان لەیەك شت نزیكن، قسەی زۆر دەكەن و كرداریان كەمە".
هەڵوێستی دوژمنایەتی سۆفییەكان بەرامبەر ئیخوان و سەلەفییەكان نە ئاینییە نە نیشتمانی هەروەك ئەوەی كە ڕەواجی پێ دەدەن، بەڵكو ململانێیە لەسەر هەژمون، ئەگەر دەسكەوت بەدەست نەهێنن دەبێتە كودەتا لەسەر خۆیان و پاشان هیچ ڕۆڵێكیان نامینێ.
بەم شێوەیە ڕژێمی دەسەڵات وەك ئامرازێك بەكاریان دەهێنێ بۆ پشتگوێخستنی ئەو كۆمەڵانە"ئیسلامی سیاسی و بەتایبەت ئیخوان موسلمین"، ڕێچكە سوفییەكان وەك جێگرەوەیەكە بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی كۆمەڵگە، كە لە ئەنجامی بچوككردنەوەی تەیاری ئیسلامییەوە بەرهەمهاتوە"، سەركەوتنیان بۆ پەرلەمان هاوكاتە لەگەڵ بەرتەسك كردنەوەی لایەنی ئەمنی و دادوەری و ئاینی دژی سەركردەو كۆمەڵە سەلەفییەكانی دژ بە ڕژێمی سیسی.
سۆفیگەری نوێ... مەیلدار لەگەڵ دەسەڵات لەسەرجەم ئاراستەكان
سۆفییەكان زۆرترین سودیان بینی لە شكستهێنانی دەسەڵاتی ئیخوان و سەرلەنوێ ڕێگە تەخت بو لەبەردەمیان بۆ گەڕانەوەی هەژمون و ڕۆڵیان بۆ جارێكی تر، هەرواش بو، لەگەڵ دەركەوتنی سەرۆكی ئێستا عەبدولفەتاح سیسی دوای كاندیدبونی بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی لە ساڵی 2014، یەكسەر ڕایانگەیاند پاڵپشتی لێدەكەن و بەیعەتیشیان بۆ دوپاتكردەوە.
لەكاتی ڕاماڵینی ئیخوانەوە پێش پێنج سال، سۆفییەكان خۆیان وەك هێزێكی میانڕەو نمایش دەكەن و داوایان لە خەڵكی میسر كرد پاڵپشتی سیسی بكەن و لەچەندین بۆنەدا شێخەكانی تەریقەت هاوكارییان كرد، ئەوەشیان نەشاردەوە لەسەرجەم بڕیارەكانی سەرۆكدا پاڵپشتی لێ دەكەن.
ئەحمەد تەیب شێخی ئەزهەر لە ئەسڵدا سۆفییە لە بەیاننامەی سێیەمی كودەتادا لە تەموزی 2013 پاڵپشتی خۆی بۆ نەخشەڕێگەكەی سیسی ڕاگەیاند لە لابردنی محەمەد مورسی بەهەمان شێوە عەلی جومعە موفتی پێشوی میسر بەڕونی دژی شۆڕش وەستایەوەو پاڵپشتی كودەتاكەی كرد.
لەگەڵ دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكانیش شێخەكانی تەریقەت هەڵسان بە ڕێكخستنی چەندین كۆنفراس بۆ پاڵپشتیكردنی سیسی پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، لەوانە عەلا مازی ئەبوعەزام شێخی ڕێچكەی عەزمیە و سەرۆكی یەكێتی جیهانی بۆ ڕێچكە سۆفییەكان وتی"ئەوەی لە خۆی ڕادەبینێ كە شایستەیە با خۆی كاندید بكات، بەڵام هەر كاندیدیك بچێتە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتییەوە لەبەرامبەر سیسی بەدڵنیاییەوە شكست دەهێنێ".
خۆنزیككردنەوەو ئینتیمای سۆفییەكان بۆ سیسی گەیشتە ئاستێك پێی بوترێ سۆفیە، هەروەك لەسەر زمانی "زین العابدین فهمی سلامە" جێنشینی جێنشینەكانی ڕێچكەی رفاعیە لە "المنیا"ەوە هات وتی"سیسی خۆشەویستی ڕێچكە سۆفییەكانە چونكە لەئەسڵدا سۆفیە"، ئاماژەی بەوەشكرد"سەرجەم ئەندامانی ڕێچكە سۆفییەكانی رفاعیە لە المنیا، دەچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان و پاڵپشتی لێدەكەن بۆئەوەی ببێتە سەرۆك". یەكێك لە شێخەكانی تری تەریقەت بەناوی ئیسماعیل تۆفیق وتی"دەنگەكانی ئێمە لەهەڵبژاردنەكان بۆ هیچ كاندیدێكی تەیاری سەلەفی و ئیخوانی و كۆمەڵەی ئیسلامی ناچێت".
لە مایۆی 2014 وەفدێك لەشێخەكانی تەریقەت لەسەروی هەمویانەوە مەحمود شەریف نەقیبی خانەدانەكان، عبدالهادی قەسەبی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ڕێچكەكانی سۆفییەت دیداریان لەگەڵ سیسی سازكرد، بەمەبەستی پاڵپشتیكردنی لە هەڵبژاردنەكان، ئەمەش بۆ یەكەم جار بو ڕێچكە سۆفییەكان پاڵپشتی خۆیان بۆ كاندیدێك دوپاتكردەوە لەژێر دروشمی "لا اله الا لله، السیسی حبیب الله".
پاش ئەوەی سیسی گەیشتە دەسەڵات، سۆفییەكان بە هەمو شێوەیەك پاڵپشتییان لێكرد، تا ئەو ڕادەیەی هەندێ لەوان وتی"پێغمبەری ئیسلام محەمەد لەسیسی ڕازیە"، ئەمەش لەسەر زاری "ئەبو العزائم"ەوە هات، دیارە ئەم بابەتە تەنها لە چوارچێوەی قسەكردندا نەمایەوە، بەڵكو ڕێچكە سۆفییەكان ڕێچكە سۆفییەكانی نوێنەر لەیەكێتی جیهانی بۆ ڕێچكە سۆفییەكان بەهاوكاری لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف كۆڕبەندێكیان بەناونیشانی "التصوف ضد التطرف" ڕێكخست لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2015، ئەمەش لە ژێر ڕۆشنایی داواكاری سیسی بۆ نوێكردنەوەی گوتاری ئایینیی.
لە پاش پشتگوێخشتنی ئیخوان و خەفەكردنیان لە ڕێگەی داپڵۆسینەوە و دورخستنەوەی سەلەفییەكان بەهۆی جیاوازی لە بۆچونیان دەربارەی ڕێكخستنی كاروبارە ئایینییەكان، بزوتنەوەی سۆفیگەری گۆڕەپانەكانی نوێژو جەژنەكانی لە میسر كەوتە ژێر دەست، لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف ڕایگەیاندبو ڕێگە بەبزوتنەوەی سۆفیگەری نادات لەگۆڕەپانەكاندا ڕێوڕەسمی نوێژكردن ڕێكبخات مەگەر ئەوە نەبێت كە وەزارەت ڕەزامەندی لەسەر بێت بە ئاگاداری وەزارەتی ناوخۆ.
ئەم پەرەسەندنە لە دۆخی ئیسلامی میسری ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە جوڵانەوەی سۆفیگەری تەنها بەوە ڕازی نابێت دەستبگرێت بەسەر مزگەوتەكانی ئالی بەیت، بەڵكو جوڵانەوەكەیان فراوان دەكەن بۆ داگیركردنی ڕوبەرێكی گرنگ لە دیمەنی سیاسی پاش دوركەوتنەوەی ئیخوان و سەلەفییەكان.
لە زیكردنەوە بۆ سیاسەت
ڕێچكە سۆفیگەرییەكان كەوتنە خزمەتكردنی ڕژێم، لە پەنجاكانی سەدەی ڕابردو شوێنكەوتوەكانی ڕێچكەی سۆفیگەری لەسەرەتادا بە ڕونی پاڵپشتی "جمال عبدالناصر"یان كرد لە بوارەكانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و دەرەوە، بۆ نمونە شێخەكان لەگەڵ عبدالناصردا وەستانەوە دژی ئیخوان موسلمین، گەورەترین كەژاوەی ڕەسمی سۆفی ڕێكخرا بۆ پاڵپشتیكردن لە عبدالناصر لەكاتی شكستی 5ی یونیۆی ساڵی 1967.
لەبەرامبەر گەیشتنی شێخەكانیان بە هەندێ پلەو پۆستی سیاسی و بە شێوەیەكی ڕەها پاڵپشتی ڕژیمە دەسەڵاتدارەكانیان كردوە، بەوەی لەگەڵ سەرۆكی لەكارلادراوی پێشو "حسنی مبارك" وەستانەوە لە شۆڕشی كانونی دوەمی 2011، پاشان پاڵپشتی "احمد شفیق"یان كرد كە یەكێك بو لەكەسە دیارەكانی ڕژێمی پێشو، لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتیدا لە بەرامبەر سەرۆكی پێشو "محمد مرسی".
لە سەردەمی موبارەكدا، سۆفییەكان سەركەوتو بون لە بەدەستهێنانی متمانەو پاڵپشتی سەركردەكانی حزبی نیشتمانی قەدەغەكراو، حزبەكەش ئەم هەلەی قۆستەوە بۆ پەرەدان بەفكرەكان و مەبەستە سیاسییەكانیان، جا چ لەسەردەمی هەڵبژاردنەكاندا بوبێت، یان هەر بۆنەیەك كە پێویستی بە پاڵپشتی جەماوەری هەبوبێت، هەرچەندە ناسەقامگیرییەك ڕویدا لە نێوان هەردولا، كاتێ كە موبارەك "عبدالهادی قەسەبی" دامەزراند، كە ئەندام بو لە حزبی نیشتمانی دیموكراتی لەو كاتەدا بە یەكێك لە شێخەكانی تەریقەتی سۆفی، بەوەی ئەمە پێچەوانەی ڕێكارە كارپێكراوەكانە لە دامەزراندنی گەورەترین ئەندامی ئەنجومەنی باڵا بۆ ڕێچكە سۆفیگەرییە هەڵبژێرداوەكان لە شێخانی تەریقەت، بەڵام ئەم گرژییەی نێوانیان سەری نەكێشا بۆ پێكدادانی نێوانیان.
لەماوەی كاری سیاسیدا "قەسەبی" لەگەڵ سەرجەم ڕژێمەكان خۆی ڕیكخستبو، هەڵبژێردرا بە ئەندام لە ئەنجومەنی شورا لە بازنەی "تەنتا" ساڵی 2007، لە سەردەمی سیسی وەك ئەندامی پەرلەمان هەڵبژێردرا، لەكاتێكدا خۆی سەرۆكی لیژنەی جڤاكی كۆمەڵایەتی بو لە پەرلەمان، لەماوەی كاركردنیدا پرۆژە یاساكانی گفتوگۆی توندی هێناوەتە ئاراوە، دیارترینیان یاسای كۆمەڵە ئەهلییەكان كەڕوبەڕوی ڕەخنەی توند بوەوە لەئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بەهۆی ئەو مەرجانەی بەسەر ڕێكخراوە ناحكومییەكاندا سەپاندبوی.
بەڵام لەگەڵ پشتبەستنی سیسی بە دامەزراوەی سەربازی و دەزگای ئەمنی بۆ پاڵپشتیكردنی ڕژێمەكەی، هەندێك بە دوری نازانن پشتببەستێ بە هەندێ كۆمەڵەی ئیسلامی وەك پاڵپشتییەكی سیاسی بۆی، بەمەرجێك چزوی ڕاستەقینەی نەبێت و لەهەمان كاتدا توانای كۆمەڵە ئیسلامییەكانی تری نەبێت، بۆیە ئەزمونی جوڵانەوەی سۆفیگەری لە میسر ئەوەی سەلماند ئەمە سەرەڕای هەوڵی كۆڵنەدەرانە بۆ زیندوكردنەوەی ڕۆڵی تەیاری سۆفیگەری.
لەگەڵ پاشەكشەی ئیسلامی سیاسی كە خۆی لە ئیخوان و سەلەفییەكاندا دەبینێتەوە، لێكۆڵەران و شیكەرەوەكان وای دەبینن كە ڕێچكە سۆفیگەرییەكان تا ئێستاش ناتوانن ببن بە جێگرەوە، بەهۆی ئەوەی دۆخی سۆفیگەری تا ئێستا لە شێوەی میللیدایەو ڕێكنەخراوە، لەلایەكی تریشەوە بە شێوەیەكی بەهێز نەچۆتە ناو كاری سیاسییەوە وەك پێكهاتەی حزبیی بەهێز، لەگەڵ ئەوەشدا پێدەچێت دەسەڵات بیانقۆزێتەوە لە ڕوی سیاسییەوە وەك ڕژێمەكانی پێشو.
سەرچاوە/ شارپرێس