سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ژن و پیاو:پێکدادانی ڕەهەندە جێندەریەکان

27/11/2018


گفتوگۆ لەگەڵ لوسی ئیریگارای
لە ئینگلیزییەوە: بڕوا عەلادین



- جیاوازیەکانی نێوان ژن و پیاو چیین؟
ئیریگارای: خەڵکانێکی زۆر لێم دەپرسن: کاتێک باسی جیاوازیە جێندەریەکان دەکەیت، مەبەستت چیە؟ بێگومان قسەیەک هەیە کە دەڵێت کۆمەڵێک جیاوازی بیۆلۆژیین، هەندێکی تریش دەڵێن کۆمەڵێک مۆرکەوێنەی جێگیرکراو (ستریۆتایپ) ی کۆمەڵایەتی یا کولتووریین، وەک ئەوەی کە سیمون دو بوڤوار بانگەشەی دەکرد. لێ من ڕام وا بوو کە مەسەلەکە بەو شێوەیە نیە، بەڵام خۆیشم نەمدەزانی کە بۆچی دەمووت وا نیە.  ئەوە بوو هەستام بە ئەنجامدانی هەندێک توێژینەوە لەسەر مناڵان، هەرزەکاران و پێگەیشتووەکان لە ڕێگای زمانەوە. من ڕام وا بوو کە جیاوازیەکە بە زۆری لە پەیوەندیەکانی نێوان نێر و مێ دایە. چونکە کاتێک تۆ بە جەستەیەکی مێیینەوە لە دایکدەبیت، ئەو جەستەیە توانایەکی پەیوەندیکردنی جیاوازتری هەیە بەراورد بە جەستەی نێرینەیەک. بۆ نمونە: کاتێک تۆ مناڵێک بە سکی خۆت هەڵدەگریت، مناڵێک لە ناوەوە و بە هەناوی خۆت هەڵدەگریت، هاوشێوەی هەمان ئەو دۆخە نیە کە ئەو مناڵە لەدەرەوەی خۆت هەڵبگریت (باوەشی بکەیت بۆ نمونە یا بیکەیتە کۆڵ). جیایە تۆ لەناوەوەی جەستەی خۆتدا خۆشەویستی درووستبکەیت، جیایشە ئەو سۆزە لە دەرەوەی جەستەی خۆت بێت. گەر من لە کۆمەڵێک مناڵ، هەرزەکار یان کەسی پێگەیشتوویش بپرسم: ڕستەیەکم بۆ بنووسن کە وشەی (لەگەڵ)[1] ی تێدا بێت، راستەوخۆ دەبینیت کە سوبێکتە نێرەکان ڕستەی لەم چەشنەت بۆت دەنووسن: ((من ڕستەکەم بە قەڵەمێک نووسی))[2]، یان ((من بە پایسکیلەکەم هاتم بۆ خوێندنگە))[3]. بەڵام گەر مێینەیەک بێت، ئەوا دەنووسێت: ((من ئەمشەو لەگەڵ کوڕەکەی هاوڕێمدا دەچمە دەرەوە))[4]، یان ((هەمیشە لەگەڵ تۆدا دەژیم))[5].لەبەرئەوە دەبینیت نێر زیاتر جەخت دەکاتە سەر ئەو شتە و ڕێژەکەی کە تایبەتە بە خۆی (من/ ئەوەی کە هی منە)، لەکاتێکدا مێینە زیاتر چاوی لەسەر (من/ کەسێکی تر) ە. گەر کوڕێک بە جۆرێک لە جۆرەکان ناچار بوو باس لە پەیوەندی خۆی لەگەڵ خەڵکی تردا بکات، گەر لێی بپرسم ڕستەیەکم بۆ بنووسە کە وشەی (پێکەوە)[6] ی تێدا بەکاربهێنیت،ڕستەیەک کە ناچاربێت خەڵکی تری تێدا بن، ئەوا یەکسەر خۆی دەخاتە ناو کۆمەڵێک کوڕی ترەوە ((من لەگەڵ هاوڕێکانمدا پێکەوە تۆپتۆپێن دەکەین))[7] یا ((لەگەڵ هاوڕێکانمدا پێکەوە دەچینە دەرەوە))[8]، تەنانەت گەرچی تۆزێک لە ڕووی ڕێزمانییشەوە دروست نەبێت، کەچی ئەو هەر خۆی دەلکێنێتەوە بە هەمان کۆمەڵە جێندەریەکەی خۆیەوە و خۆی وەک یەک کەسی تەنها لەو گروپەدا دەبینێتەوە کە بە سەر بە خۆییان دەزانێت، لە کاتێکدا لایەنگیری مێینەکان زیاتر بۆ ئەوی ترە، خۆیان بە ڕەگەزەکەی ترەوە دەلکێنن و جەخت لە دووان بوون دەکەنەوە لە ڕستەکانیاندا نەوەک ئەوەی کە یەک تاکە کەس بن. وەک دەبینیت ئەم دوو جیهانە چوونیەک و هاوشێوە نین


- لەساڵی ٢٠١٣ دا ژنان پێویستیان بە چ مافێکە کە هەیانبێت و بۆیان دەستەبەربکرێت؟ 
ئیریگارای: شت زۆر هەن کە دەبێت بکرێن. بەڵام من دەمەوێ سادەی بکەمەوە و تەنها سێ شت لەوانە باسبکەم کە زۆر گرنگن. تەنانەت لە فەرنسایش هەندێک کێشە هەر ماون، بۆ نمونە ئەو گرفتانەی پەیوەستن بە مەسەلەی لەباربردنی منداڵ و کێشەی سکپڕبوونەوە، چونکە ئەوەی کە مناڵێک بە سکی خۆت هەڵبگریت خۆی بەشێکە لە شوناسی مێینە، کەچی لە ڕاستیدا ئەو کۆرپەلە یا منداڵە ئەوەندەی سەر بە دەوڵەتە و بووە بە مناڵی دەوڵەت، نیو ئەوەندە هی دایکی نیە. بۆ نمونە دەبینین کە بەبۆنەی کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی لەدایکبوونەوە، ژن هیچ سەربەستی و دەسەڵاتێکی نیە بەسەر جەستەی خۆیدا. هەر بۆیە پێویستە ژنان مافی ئەوەیان هەبێت کە مناڵدروستنەکەن، هەروەها مافی لەباربردنی مناڵیشیان هەبێت، بەتایبەتی کە دۆخێک بێتە پێشەوە و تیایدا کۆرپەلەیەکی نەخوازراو بێتە بوون وەک بەرەنجامی پەیوەندی نێوان دوو کەس کە ناخوازن پێکەوە بژین و بمێننەوە.
دووەم: زۆر کەس باسی یەکسانی دەکەن، لێ لەڕاستیدا خودی یەکسانی بەچەشنێک ئاڵۆزە کە وەک تەڵەیەک وایە کە ڕەنگە  هەر دوو ژن و پیاویش پێکەوە بکەونە ناوی. قسەکردن لەسەر یەکسانی پەیوەستە بە باسکردنی یەکسانی لە موچەدا. لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر دوورە لە موچەی یەکسانەوە بۆ کاری یەکسان، چونکە من پێم وایە کە نابێت لە مەسەلەی پێدانی موچەدا، جیاوازی لە نێوان ڕەگەزەکاندا بکرێت، مەسەلەیەک کە هێشتا سووربوونێکی زۆر لەسەر یەکسانکردنەوەی بە موچەی پیاو، بوونی نیە.
سێهەم خاڵیش کە بەلامەوە زۆر گرنگە و کەمترین قسەی لە بارەوە نەکراوە، قبوڵکردنی کولتوری جیاوازە.  کولتوری ئەمڕۆ نێرسالارانەیە بەتەنیا، ژن تا ئێستایش خاوەنی ئەو کولتورە نیە و پێی نەگەیشتووە کە تەبا و پڕاوپڕ بە شوناسی خۆیەتی وەک مێیینە. ئەوەی کە هەیە نابێتە مایەی گەورەبوون و گەشەکردنیان بەپێی پێویست. بەڵکو هێشتا هەر لە دۆخێکی پاشکەوتەدان. بەلای هەندێک فێمینیستەوە، یەکسان بوون بە پیاو، دوا خەونە کە بهێنرێتە دی، لێ بەڕای من ئەوە خراپترین شتێکە کە لە ژنی داوا بکەیت تا یەکسان ببێت بە پیاو، چونکە وەک ئەوە وایە کە دەستبەرداری شوناسی خۆت ببیت.


- یەکسانی، جەنگێکی ساختەیە؟
ئیریگارای: دەترسم ئەوە تۆزێک دیماگۆژیانە بێت. چونکە ئەگەر هاتوو چەندە پیاومان هەیە، لە بەرامبەریشدا ئەوەند ژنمان دانا، تا بمانەوێت کولتوری نێرسالاری بەهێزبکەینەوە، ئەوسا کەمتر ژن لە دەستدەین، بەڵام کام ژن، ئەوانەی کە دەتوانن شەڕی ئەو کولتورە نێرسالاریە بکەن. ئەمە لە حاڵەتێکدا ئەگەر هاتوو تۆ کولتورێکی فێمینیستیت نەبێت، واتە ئەوەی کە جمک - کولتور بیت (هەم نێرسالار و هەم مێخوازیش)، کە دیارە ژنانێکی زۆر ئەمەیان هەیە، مەبەستم لە بوونی کولتورێکی گرنگ و پێویستە بۆ وەرگرتنی ئاستی بەرزتر لە پلەوپایەدا. دیارە نابێت ئەوەمان لەبیربچێت کە بەدرێژایی چەندین سەدە ڕێگە بە ژن نەدراوە کە بخوێنێت، ئەمە جگە لەوەی تازە بە تازە و لەو دواییانەدا ڕێگەمان پێدراوە کە بچینە زانکۆ. مەسەلەکە پەیوەندی بەوەوە نیە کە ژن توانای نەبووە بچێتە زانکۆ، چونکە من خۆم کارم لەگەڵ مناڵان کردووە و تێبینیم کردووە کە لەناو مناڵاندا، کچان زۆر بەتواناترن لە کوڕان. بەڵام ئەوە کولتورە کە خزمەتی تواناکانیان ناکات و ناخوازێت پێشتربکەون. هەر بۆیە ناگەن بەو ئاستەی کە بەڕاستی لە توانایاندایە و تەواو لەبارن بۆئەوەی پێی بگەن. بەداخەوە، ڕەخساندنی ئەو هەلومەرجانەی کە وا دەکەن ژنان دەستیان بەو سەرچاوانە بگات کە یارمەتیدەریانە بۆ گەشەکردنی کولتووریی و گەیشتنیان بە پلەوپایەی گرنگ، هێشتا بوونی نیە. ئەوەیان پێویستی بە گۆڕانکاریە لە هزر و مێنتاڵتیدا تا باوەڕ بەوە بکەیت کە بوونی ژنانیش هاوشێوە و بە ئەندازەی بوونی پیاوان گرنگە. دەزانم کە ئەو گۆڕانە لە شەو و ڕۆژێکدا ڕوونادات، بەڵام ئەوەیشی کە ئێستا هەیە و بەردەستە، بەس نیە.


- هەستت چیە بەرامبەر بە بوونی ژنێک بە سەرۆکی فەرەنسا؟
ئیریگارای: گەر توانی هەر وەک ژنێک بمێنێتەوە، وەک ژنێک خۆی پەروەردە بکات و بایەخ بە چەسپاندن و گەشەپێدانی بەها مێینەییەکان بدات، دیارە بەبێ فەرامۆشکردنی هەبوونی پەیوەندیەکی باش لەگەڵ پیاودا، جا بەها جیاوازەکانیان بێت یا پێکەوەژیان و هاوبەشیکردنیان بێت لە جیاوازیەکانیاندا، ئەو کات لە ناخی دڵمەوە هیوای بۆ دەخوازم و دەڵێم بەڵێ: بەڵی بۆ سەرۆکێکی ژن لە فەرەنسا.


- مەبەستت لە کام بەهایانەیە بۆ ژنی ئەمڕۆ؟  
ئیریگارای: جارێ سەرەتا با ئەوە بڵێم کە من باوەڕم وایە ژن زیاتر ڕێزی ژیان دەگرێت. جا گەر ژیان خۆی بێت یان ژینگە و ئەتمۆسفێری ژیان بێت، ژن ڕێزی زیاتری بۆی هەیە. دواجار ئێمە لەمڕۆدا، تازە لە سەرەتاوە دەستمان پێکردۆتەوە تا بەیەک دنیا ناکۆکی جۆراوجۆرەوە بایەخ بە گرفتە ئیکۆلۆژیەکان بدەین، چونکە تا ئەو کاتەی نابنە بەربەست لەبەردەم پارە پەیداکردنماندا، دەمانەوێت بەشداری لە بایەخدان بە ژینگەدا بکەین، ئەمەیش بۆ خۆی بەهایەکە کە لە مڕۆکەدا ژنان دەتوانن بیچەسپێنن و پێشی بخەن. مەبەستم لە ڕێزگرتنە لە ژیان و ئەو ژینگەیەیشی کە ژیان دەپارێزێت. پاشان شتێکی تریشمان هەیە بە ناوی میواندۆستی و مامەڵەکردنی دۆستانەی ئەوانی ترەوە کە خۆی لە بنچینەدا کولتوورێکی فێمینستیانەیە، میواندۆستیی فێمێنیستی جیاوازترە لەوەی کە پێشتر هەبووە. لەمڕۆدا تۆ بۆئەوەی بتوانیت هاوکاری هەژاران بکەیت دەبێت بە مانای تەواوی وشەکە بەخشندەتربیت و دەستودڵت فراوانتر بێت، لێ بیرۆکەی دۆستایەتی و میواندۆستی، جاران باشتر بوو، چونکە هەموو مرۆڤەکان لە پەیوەندیەکی دۆستانەی دوولایەنە و ئاڵوگۆڕکارانەدا بوون لەگەڵ یەکتری، کە بە باوەڕی من زۆر تایبەتمەند و سوودبەخشە، چونکە گەر من هاتبێتم بۆ وڵاتەکەی تۆ و وەک دۆست و میوانێک ڕاتگرتبێتم، منیش کە تۆ هاتبیتە وڵاتەکەم هەمان میواندۆستی و خزمەتکردنم وەک قەرزێک لە ئەستۆم، نیشانداویتەتەوە. ئا لەبەر ئەوەیە کە پێم وایە ژن دەتوانێت دۆستایەتی زیاتر وەک بەها ببەخشێت نەوەک بەهاکانی لەسەر بنەمای هیرارکی (پلەبەندیی دەسەڵات) یا پەیوەست بە پارەوە، دامەزرابن. ئەمە سەر باری ئەوەی کە بەهای نزیکایەتییشمان هەیە کە هەر تایبەتە بە ژنان، چونکە بەداخێکی زۆرەوە، بەوەی کە زیاتر پێوەند/پەیوەست و کابانی ماڵ بوون وەک ترادسیۆن، ژنان زیاتر لەبار و بەتواناتر بوون بۆ سەقامگیرکردنی بەهاکانی دڵسۆزیی و پەیوەندیە گەرموگوڕەکان لە نێوان کەسان و کۆمەڵەکاندا، شتێک کە لە مڕۆدا زۆر پێویستیمان پێیەتی تا گفتوگۆی بکەین و بەهۆیەوە بتوانین لە کولتورەکانی تر تێبگەین. ئێمە پێویستمان بەوەیە کە دووبارە بەدوای ڕەچەڵەک و ڕەگوڕیشەی دڵسۆزیی و گەرموگوڕیی مرۆڤەکاندا بگەڕێێن و بزانین چیین. چونکە گەر تۆ لەمڕۆدا گوێ لەزۆربەی ئەو ئاخاوتن و وتانە بگریت کە گوایە پێشکەوتنخوازانەن، دەبینیت هەر هەمان ئەو بەهایانەن کە سەرچاوەکەیان ژنە. بەڕای من بۆ ژن وا باشترە کە لە ماڵ بێتەدەرێ تا بتوانێت ئەو بەهایانە بە ناو ئەو کەسانەدا بڵاوبکاتەوە کە نییانە. بەتایبەتی ئەوانەی کە زۆر سادە و سروشتین و زۆر پێویستیان بە کولتوور و ڕۆشنبیریە.  
ـــــــــــــــــــــــــ
سەرچاوە:
Of relations and rights -- interview with Luce Irigaray: https://www.youtube.com/watch?v=ODD8-wayDhM
[1] With. دیارە ئەم وشەیە مانای زۆر جیاوازی هەیە لە ئینگلیزیدا، بۆ نمونە بە ماناکانی وەک: لەگەڵ، بە، لای، و..هتد یش بەکاردێت، بەڵام مەبەستی ئیریگارای لەنووسانی نێرینەوە تەنها بەو مانایەوە کە زیاتر (بە) یە نەوەک (لەگەڵ) وەک ئەوەی لای مێینە دەیبینین. و.ک.
[2] I wrote the sentence with a pen.
[3] I came to school with my bike.
[4] I’ll go out tonight with my boyfriend.
[5] I’ll always live with you.
[6] Together.
[7] I play football, together, with my friends.
[8] I go out, together, with my friends.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.