سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

موحسین كەدیوەر: زانستە ئایینییەكان پێویستیان بە پاڵاوتن و نوێكردنەوە و بیری ڕەخنەگرانە هەیە

29/12/2018


موحسین كەدیوەر زانا و بیرمەندی ئایینیی ئێرانی لە چاوپێكەوتنێكیدا پێی وایە پێویستە خوێندنەوەی عەقڵانی، مرۆیی و ئەخلاقی بۆ ئایین لە كۆمەڵگەدا بەرجەستە بێت بۆ ئەوەی بتوانرێت چۆنێتیی مامەڵەی ئایین لەگەڵ زانستە مرۆڤایەتییەكان باس بكرێت. ئاماژەی بەوە داوە كە پێویستە دان بەوەدا بنێین زانستە ئایینییەكانمان پێویستیان بە پاڵاوتن، نوێكردنەوە، پەسەندكردنی بیری ڕەخنەگرانە و تێڕوانینی مێژویی، هەیە.

-هەندێك ئایینەكان و ئیسلام بە ڕاستییەك دەزانن كە مرۆڤ پیویستە خۆی لەگەڵ بگونجێنێت، ژمارەیەكی تر پێیانوایە پێویستە ئایین لە خزمەت مرۆڤەكاندا بێت، سێیەم گروپیش لە نێوانیاندان، تۆ چی وەڵامێك دەدەیتەوە؟

موحسین كەدیوەر: ئەگەر مەبەست لە ئایین تێگەیشتنە باوەكەیەتی، كە پڕە لە شتی ڕاستی و عورف و خورافە و پێویستە مرۆڤ لە خزمەتیدا بێت، نەك تەنیا چارەسەری كێشەكە نییە، بەڵكو خۆی كێشە خوڵقێنە. هەروەها ئەوەی كە ئایینەكان وەك مۆمێك لە دەستی مرۆڤدا بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ خواستە و مەیلە گۆڕاوەكانی مرۆڤدا بگونجێنن، ئەمەش بە هیچ ناگات، چونكە نە بەڵگەیەك بەردەستە بۆ ئەوەی تاكە تاكەی ئەم خواستانە ڕاست بن، نە بەڵگەیەك هەیە لەسەر بەسودبونی ئەمجۆرە ئایینە بۆ مرۆڤایەتی. گرفتی گروپی یەكەم لە ئاییندایە، هی گروپی دوەمیش نادیاری لە مرۆڤناسیدایە.

ئەگەر سەرەتا ئاماژە بە دو خاڵ لەبارەی ئایین و مرۆڤ بكەین، باسەكە ئاسانتر دەبێت. یەكەم، ئایینی واقیعی واتا ئەوەی بە ڕاستی لەناو باوەڕداراندا باوە، كە بێ كەموكوڕی نییە:

أ- كاروبارە باڵا و ڕزگاركەرەكان.
ب- ئەو كارانەی كە لە كات و شوێنی گوتاری سەرەتادا بۆ باڵایی مرۆڤ بەسود بون، بەڵام ئێستا وانین.
ج- خورافات و دژە باڵاییەكانی مرۆڤ لە ئیستا و ڕابردودا.

رونە كە گروپی سێیەم هەرگیز بە سود نەبوە و نابێت و زیانی زیاترە. گروپی (ب) لە كات و شوێنە هاوشێوەكاندا گوتاری سەرەتا بەسود بوە، بەڵام ئێستا وانییە و بە لەمپەڕی بەردەم پێشكەوتن و باڵایی هەژمار دەكرێن و دەچنە بازنەی گۆڕاوە هەڵوەشاوەكان (منسوخ). قورسایی ئایین تەنیا بۆ چەمكەكانی گروپی (‌أ)ە. دیاریكردنی ئەركی مرۆڤ كە تۆ پێویستە لە خزمەت ئاییندا بیت، جێی بەرگری نییە. ئەوەی نابێت بیرمان بچێت ئەوەیە كە بە پێشكەوتنی زانست و ئەزمونە مرۆییەكان وردە وردە قەڵەمڕەوی گروپەكانی (ب، ج) زیاتر دەبێت و بەراورد بە سەدەكانی ڕابردو ئەو قەڵەمڕەوەی بۆ ئایین ماوەتەوە، زۆر بچوكە. پێویستە پێشوازی لەم كەمبونەوەی قەڵمەڕەوە بكرێت، بەڵام دەبێت بۆ قوڵبونەوە تێیدا چارەسەرێك بدۆزرێتەوە.

لەلایەكی ترەوە خواستەكانی مرۆڤ لە بنچینەدا ڕەسەن نین و دابەش دەبن بۆ سێ گروپ:
‌أ- خواستی كامڵبون و ڕاستەقینە.
ب- خواستی بێ زیان كە سودی زوتێپەڕیان هەیە.
ج- ئەو خواستانەی زیانی درێژماوە و سودی كورت مەودایان هەیە.

خواستەی (أ) ڕەسەن و بە بەهان. (ب) كێشەیان نییە. بەڵام (ج) گرفت دروست دەكات. ئەگەر كارێك لە خزمەتی (‌أ، ب) بێت گرفت نییە، بەڵام ئەگەر ئایین بخرێتە خزمەت گروپی (ج)ی مرۆڤ، كارەساتبارە.

ئاماژە كردن بەم دو خاڵە لەبارەی ئایین و مرۆڤ دەیسەلمێنێت كە نە تێڕوانینی مرۆڤ لە خزمەت ئایین جێی بەرگرییە و نە تێڕوانینی ئایین لە خزمەت مرۆڤ. كەواتە تێڕوانینی سێیەم پێویستە، ئەویش مامەڵە كردن لە نێوان چەمكی (أ) ئایینەكان و چەمكەكانی (أ، ب) مرۆڤ.

بەڵام لێرەدا پرسیارێكی جەوهەری هەیە، چۆن لە نێوان ئەو چەمكە سیانیانەدا جیاوازی دابنێین؟ چۆن كاروبارە باڵاكانی ئایین لە گۆڕاوە (منسوخ)، یان خوارفییەكان جیابكەینەوە؟ چۆن خواستە بێزیانەكانی مرۆڤ لە خواستە درۆینەكان جیا بكەینەوە؟

موحسین كەدیوەر: عەقڵ و تێگەیشتنەكانی مرۆڤ و هەندێك فێركاری وەحیی بە یارمەتی یەكتر ئەم ئەركە لە ئەستۆ دەگرن. عەقڵی مرۆڤ لە زانستەكانی وەك فەلسەفە، زانستە مرۆڤەیاتی و كۆمەڵایەتییەكاندا بەرجەستە بوە. مەبەست لە تێگەیشتنی مرۆڤ، عیرفانە. مەبەست لە فێركاری وەحی گروپی (أ) فێركاری ئایینییە. بە سەرنجدانە ئەوەی كە سەرجەم گوزارە ئایینییەكان، یان سەرجەم دەستكەوتەكانی عەقڵ و تێگەیشتنی مرۆڤ جێی گومان نین و بەلایەنی كەمەوە هەندێكیان بە سادەیی دیاری دەكرێن، سود لە ئەمانە بۆ جیاكاری نێوان نادیار و جێی گومان وەردەگرین. ئەمە ڕێكاری سەرەكی منە.

-بە بۆچونی تۆ چاوەڕوانیی مرۆڤایەتی لە ئایین چییە؟ پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ ئایین چۆن پێك دێت؟

موحسین كەدیوەر: چاوەڕوانیی مرۆڤ لە ئایین دەكرێت لەم حەوت بابەتەدا بێت:

1- واتادان بە ژیان و زیندوكردنەوەی دەرونی مرۆڤایەتی، ئارامبەخش، پێدانی ئومێد بە ژیان و گەیشتن بە دڵنیایی.
2- ئاشناكردنی مرۆڤ بە كارە باڵاكان، ناسینی سەرەتا و وەڵامی پرسیارەكانی لە كوێوە هاتوم؟ هاتنم بۆچی بو؟
3- ئاشناكردنی مرۆڤ بە ڕۆژی دوایی و وەڵامدانەی پرسیارەكانی بۆ كوێ دەچین؟ ئەوێ چۆنە؟ دەبێت چی ئامادەكارییەكی بۆ بكرێت؟
4- ئاشنابون بە غەیب.
5- گەرەنتیی ئەخلاق، بوە واتایەی كە گوزارە ئەخلاقییەكان لەلایەن عەقڵی مرۆڤەوە بەردەستن و كۆیلایەتی نییە. بەڵام پاڵنەری خراپەكاری مرۆڤ بۆ دەستهەڵگرتن لە ئەخلاق زۆر چالاكە و ئایین تاكە گەرەنتی ئەخلاقە.
6- فێربونی عیبادەت و پاڕانەوەكان.
7- فێربونی نیمچە بۆنە ئایینییەكان و وەڵامی پرسیارەكان لە بارەی خواردن و خواردنەوە و سێكس پێویستە كام نەریتانە بپارێزین؟ هێڵە گشتییەكەی ژیانی كۆمەڵایەتی مرۆڤ دەبێت چی بێت؟

چوار چاوەڕوانیی یەكەم پەیوەندیدارن بە ناسین و باوەڕەوە، چاوەڕوانیی پێنجەم ئەخلاقییە. شەشەم و حەوتەم پەیوەندیدارن بە زانستی مرۆییەوە. لە چوار چاوەڕوانیی یەكەمدا عیرفان پەیوەندیدارە بە ئایینەوە. لە چاوەڕوانی دوەم تا چوارەم فەلسەفە هاوڕێی ئایینە. پێنجەم بەرهەمی هاوبەشی زانستی ئەخلاق و ئایینە. شەشەم ئایینییە. حەوتەم ئایین لەگەڵ فەلسەفەی زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە كێبڕكێدایە. دەبینیت ئێستا ئایین ڕكابەری جدی هەیە.

-بە پێی ئەم ڕونكردنەوانە ئایا لە نێوان زانستە مرۆڤایەتییە نوێیەكان و زانستە ئایینییەكان پەیوەندییەك هەیە، یان لە میتۆدۆلۆجیدا جیاوازن؟ ئایا بە هەمان ئەو شێوەیەی كە زانستە مرۆییەكان دەتوانرێت لێكدانەوەیان بۆ بكرێت و ڕەخنەیان لێبگیرێت، زانستە ئایینییەكانیش دەتوانرێت ڕەخنەیان لێ بگیرێت؟

موحسین كەدیوەر: زانستە ئایینییەكان یەكێك لە ژێر كۆمەڵەكانی زانستە مرۆڤایەتییەكانە و لە ژێر ڕێسا و شێوازە گشتییەكانی ئەم زانستەدایە. بەڵگەنەویستە هەمو بوارێكی تر ڕێسا و شێوازی خۆیان هەیە، لەوانە فەلسەفە، عیرفان، ئەخلاق، مێژو، زانستی تەفسیر، دەرونناسی ئایینی، كۆمەڵناسی ئایینی، هونەر.

زانستە ئایینییەكان وەك هەمو زانستێكی مرۆیی دتوانرێت ڕەخنەیان لێبگیرێت. زانستە ئایینییەكان بە درێژایی مێژو لەلایەن زانا ئایینییەكانەوە كە مرۆڤ بون دروستكراوە، لەبەرئەوە تەواوبونی پلە بە پلە، عەقڵی بە كۆمەڵ، بیری ڕەخنەگرانە لە خۆدەگرێت. كتێبە نەریتییەكانی زانستە ئایینییەكان پڕن لە ڕەخنەی زانایانی ئایینی لە یەكتر. پیرۆزكردنی هەر كارێكی مرۆیی سەرەتای لەناوچونە. ڕەخنە، هۆكاری زیندویەتی و گەشەیە. ئەوەی كە ئەم زانستە باس لە باڵایی دەكات، هەرگیز نابێت بەو ئەنجامە گەیشت كە خودی ئەم زانستانەش باڵا و بان مرۆیی و لە ئەنجامدا ناتوانرێت ڕەخنەیان لێبگیرێت. زانستە ئایینییەكان زیاتر لە هەمو زانستێكی مرۆیی پێویستیان بە ڕەخنە لێگرتنە.

-جیا نەكردنەوەی زانستە مرۆییەكان لە زانستە ئایینییەكان، فەزای زانستی سنوردار نەكردوە؟ لە بنەڕەتدا زانستە ئایینییەكان تا چی ڕێژەیەك مافی دەستوەردان لە بابەتە زانستییەكانیان هەیە و ئایان دەتوانێت وەڵامدەرەوەی دیاردە نوێیەكانی زانست بێت؟

موحسین كەدیوەر: وەك لە پرسیاری پێشودا ئاماژەم پێدا، زانستە ئایینییەكانی لقێكی زانستە مرۆییەكانە و بە پاراستنی ڕۆڵە گشتییەكانی زانستی مرۆیی و مامەڵە لەگەڵ بوارەكانی تر بەرەوپێش دەچێت. زانستی ئایینی ناتوانێت ئەركی هیچ زانستێك دیاریبكات، زانستی پەتی، زانستی مرۆیی، كۆمەڵایەتی، عەقڵی. هەروەها مافی دەستوەردانی لە زانستدا نییە و توانای وەڵامدانەوە پرسیارەكانی ئەوانی نییە. لەگەڵ هەندێك لەم زانستانەدا مامەڵە دەكات. چاوەڕوان ناكرێت زانستی ئایینی وەڵامی پرسیارە پزیشكیی، ئەستێرەناسی، ئابوری، سیاسی، بەڕێوەبردن و مافەكان بداتەوە. ئەو چاوەڕوانییانە لە ڕابوردودا بو، بەڵام ئەمڕۆ بەڵگەی بەهێز لەسەر ناڕاستی ئەو چاوەڕوانیانە هەیە.

-بۆچی پێویستە دوای زانستی ئایینی بكەوین؟

موحسین كەدیوەر: بە هەمان ئەو پێویستییەی كە دوای ئایین دەكەوین! ئایین یەكێك لە پێویستییە سەرەكییەكانی مرۆڤە. ئەم پێویستیانە پەیوەندیدار نین بە ڕابوردوەوە، تا مرۆڤ هەبێت، دەبن. زانستی ئایینی تێروانینی عاقڵانە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەیە. ڕەتكردنەوەی زانستی ئایینی، پێشوازی كردنە لە تێروانینی نەشارەزایانە لە ئایین، بوار ڕەخساندن بۆ خورافات و نیمچە باوەڕی و تێگەیشتنی هەڵەیە لە ئایین و هەندێك كات كارەساتبارە، خۆبەدەستەوەدان بۆ لادان و ساختەكاری و پیرۆزكردن و زێدەڕەوی نەزانانەیە و لە كۆتاییدا غەفڵەتە لە ڕاستی دەقە ئایینییەكان. هەرچەندە قەڵەمڕەو و چاوەڕوانییەكان لە زانستە ئایینییەكان بە بەراورد لەگەڵ ڕابوردو زۆر كەمبوەتەوە، بەڵام لە بەرامبەردا زیاتر قوڵبوەتەوە.

ئەمڕۆ زانستی ئایینی بازاڕێكی پڕ ڕەونەقی هەیە، بۆ باوەڕدار و بێباوەڕانیش. گروپی یەكەم بە دوای ناسینی زیاتری جەوهەری باوەڕی خۆیانەوەن، گروپی دوەم واقیعییەتێكیان بە ناوی ئایینەوە قبوڵ كردوە، لە هەوڵی ڕونكردنەوەی بێلایەنانە و هەندێكجار دوژمنكارانەی ئەو واقیعییەتەدان.

-بە گشتی نزیكبونەوەكانی زانستە مرۆییەكان چۆن دەتوانێت بە خوێندنەوەیەكی عەقڵانی، مرۆیی و ئەخلاقی بۆ ئایین كۆبكرێتەوە، كە لە هەمانكاتدا نەبێتە هۆی لێكهەڵوەشانی ڕەسەنایەتی و ناسنامەی ئایین؟

موحسین كەدیوەر: بەداخەوە ناتوانرێت بۆ زانست، ئایینی یان نائایینی پێشبینی بكرێت. زانستەكان دڕندەن، دەستەمۆ نین، پێویستە خوێندنەوەی عەقڵانی، مرۆیی و ئەخلاقی بۆ ئایین لە كۆمەڵگەدا بەرجەستە بێت بۆ ئەوەی بتوانرێت لەبارەی چۆنێتی مامەڵەی ئەو لەگەڵ زانستی مرۆیی قسە بكرێت. بەر لە باسكردنی ئەم بابەتە پێویستە سەرەتا ئەوە پەسەند بكەین كە زانستە ئایینییەكانی ئێمە پێویستیان بە پاڵاوتن، نوێكردنەوە، قبوڵ كردنی بیری ڕەخنەگرانە، تێروانینی مێژوی و هارمۆنیتیكە. هەڵبەتە نیگەرانی ڕەسەنایەتی ناسنامەی ئایینی جێی ڕێزە، بەڵام خودی ڕەسەنایەتی و ناسنامەش جێی باسە. ڕەسەنایەتی كام بەشانەی ئایینە؟ كام بەشانە ناسنامە لەخۆدەگرن؟ بهێڵن ڕەسەنایەتی و ناسنامەش بە شێوازی زانستی باسبكرێن.

-ئەگەر قەڵەمڕەوی ئایین بەرفراوان بكەین، ئایا دوبارە باوەڕت بە زانستی ئایینی و نائایینی هەیە؟

موحسین كەدیوەر: بە لۆجیك و ڕێژەی بەرفراوانبونەكەوە گرێدراوە. ئەگەر قەڵەمڕەوی زانستە ئایینییەكان بە ڕێژەیەك بەرفراوان بكرێت، كە گریمان سیاسەت و ئابوری و ماف و بەڕێوەبردن و پزیشكیش لەخۆبگرێت و سەرجەم زانست بۆ ئایینی و نائایینی دابەش بكات، ئەنجامەكەی گەشەی شێرپەنجەیی و درۆینەی چاوەڕوانییە بێ بنەماكان لە ئایین لەو بوارانەدایە، كە تایبەتن بە عەقڵی بە كۆمەڵی مرۆڤەكانەوە و ئایین لەو بوارانەدا هیچی پێ نییە تا بیڵێت. دانانی بارێكی قورسە لەسەر شانی ئایین، كە دەبێتە هۆی غەفڵەت لە ئەركە سەرەكییەكانی ئایین، واتا ڕێنوێنی مرۆڤ بۆ قەڵەمڕەوە بان عەقڵانییەكان و واتابەخشین بە ژیان و گەرەنتی ژیانی ئەخلاقی.
سەرچاوە/ئاژانس

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.