سه‌روه‌ر پێنجوێنی له دیمانه‌ی گۆڤاری (چاو) دا
سازدانی: شێرزاد عه‌بدوڵڵا
چاو: سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر خۆتمان پێ بناسێنیت؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: من پێشتر به ناوی (سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان) ده‌منوسی، دواتر بۆ ئه‌وه‌ی تێكه‌ڵ نه‌بێت له‌گه‌ڵ ناوی هه‌ندێك نوسه‌ری تر كردم به (سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان پێنجوێنی) و ئێسته‌ش كورتم كردوه‌ته‌وه بۆ (سه‌روه‌ر پێنجوێنی).. هیچ ناوچهگهرێتییهكیش له‌م نازناوه‌دا نیه، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌یه ساڵی (1979) له شاری (پێنجوێن) له‌دایك بوم و له بنه‌ڕه‌تدا خه‌ڵكی دێهاتی ده‌وروبه‌ری پێنجوێنین. خوێندنی ڕه‌سمی و خوێندنی ئایینیی تهقلیدییشم هه‌بوه، به‌كالۆریوسی خوێندنی ئیسلامیم هه‌یه. بایه‌خی تایبه‌تیم داوه به لێكۆڵینه‌وه‌ی ئیسلام و به‌تایبه‌تی قورئان: ده‌قه‌كه‌ی و، زمانه‌كه‌ی و، شێواز و ڕه‌وانبێژیه‌كه‌ی و، سه‌رچاوه‌كانی و، به‌های مێژویی چیرۆكه‌كانی و، مێژوی پێكهاتن و كۆكردنه‌وه و نوسینه‌وه‌ی و، باكگراوندی مێژویی و كولتوریی بیرۆكه و ئاماژه و مشتومڕه‌كانی. ده‌مه‌وێت له‌لایه‌ن خۆمه‌وه مه‌ته‌ڵی قورئان ئاشكرا بكه‌م و نهێنیه‌كانی ئه‌و ده‌قه بدۆزمه‌وه (هه‌رچه‌ند هه‌زاره‌های وه‌كو من و باشتریش له من هه‌مان ئاواتیان هه‌بوه و هه‌یه). پێم وایه گۆڕانكاری و نوێكردنه‌وه له جیهانی ئیسلامی‌دا په‌یوه‌سته به گۆڕانكاریه‌وه له تێڕوانینی خه‌ڵكدا بۆ قورئان، من ده‌مه‌وێت تێڕوانینی موسوڵمان بۆ قورئان و شێوازی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌قه‌دا بگۆڕم، ئه‌و كاته ـ پێم وایه ـ به‌ڕاستی جیهانی ئیسلامی به‌ره‌و نوێبونه‌وه و گۆڕانكاری ده‌چێت، كاتێك موسوڵمان ناوێرێت ئه‌و هه‌ڵه ڕێنوسیانهی له نوسینه‌وه‌ی قورئاندا ڕویانداوه ڕاست بكاته‌وه؛ ئیتر چاوه‌ڕێی چ گۆڕانكاری و نوێبونه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگای ئیسلامی بكه‌ین؟!
من ئێسته خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی هه‌مو زانیاری و داتا و ده‌ق و دهستنوسێكم كه په‌یوه‌ندیی به قورئانه‌وه هه‌بێت یان تیشكێك بهاوێته سه‌ر قورئان و مێژوه‌كه‌ی و باكگراونده‌كه‌ی، و ده‌مه‌وێت كارێك له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه بكه‌م كه وه‌رچه‌رخانێك دروست بكات.. ئه‌مه پێناسه‌ی منه و له‌مه باشتر نیه بۆ ناساندنی خۆم به ئێوه..
چاو: جه‌نابت وه‌ك هه‌ر تاكێكی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه گه‌نجێكی موسڵمان بوویت، چ هۆكارێك وای كرد سه‌روه‌ر پێنجوێنی له كه‌سایه‌تییه‌كی موسڵمانه‌وه بگۆڕێت بۆ كه‌سایه‌تییه‌كی ڕه‌خنه‌گر له ئیسلام؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: به كورتی، ئه‌وه‌ی منی كرد به كه‌سێكی ڕه‌خنه‌گر له ئیسلام هه‌ر خودی ئیسلام یان ـ به‌تایبه‌تی ـ هه‌ر خودی قورئان خۆی بو. هه‌ر ته‌نها بایه‌خدان به قورئان و تێگه‌یشتن و چونه بنجوبناوانی قورئان وات لێ ده‌كات به‌دوای ڕه‌گوڕیشه و باكگراوندی مێژویی قورئان و بیری ئایینیی ئیسلامی‌دا بچیت، هه‌ر ته‌نها هه‌وڵی تێگه‌یشتنی دیارده قورئانیه‌كه ناچارت ده‌کات هه‌مو زانیاری و داتایه‌ك ده‌رباره‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلام و پێكهاتنی ده‌قی قورئان كۆ بكه‌یته‌وه. كاتێك قورئان ده‌خوێنیته‌وه و ده‌ته‌وێت وه‌كو هه‌ر ده‌قێكی تر تێی بگه‌یت و بچیته بنجوبناوانی، هه‌ست ده‌كه‌یت چویته‌ته وڵاتێكی نامۆ كه خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ تۆ نامۆن و شوێن و جێگاكانیش نامۆن، كاتێك قورئان باسی (خه‌لقی ئاسمان و زه‌وی له ئاو) و (حه‌وت ئاسمان) و (خه‌لقی مرۆڤ له قوڕ) و.. هتد، ده‌كات و ده‌ته‌وێت لێی حاڵی ببیت؛ ده‌بینیت ئه‌و چه‌مك و چیرۆكانه به‌ته‌واوی نامۆن به كو‌لتور و عه‌قڵیه‌تی تۆ و هیچ له‌وانه حاڵی نابیت و نازانیت چۆن باوه‌ڕ به‌و چیرۆكانه بكه‌یت ئه‌گه‌ر بشته‌وێت باوه‌ڕ بكه‌یت، به خوێندنه‌وه‌یه‌كی ساده‌ش له‌سه‌ر كو‌لتور و ئایینه دێرینه‌كان ده‌گه‌یته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ئه‌و چیرۆك و چه‌مكه قورئانیانه مێژویه‌كی قوڵیان هه‌یه و ڕه‌گوڕیشه‌ی دوریان هه‌یه و ئینتیمایان بۆ كو‌لتور و جیهانبینی و گه‌ردونناسی و مرۆڤناسییهك هه‌یه كه ڕه‌نگه له ناوچه‌كه‌دا هیچ كه‌سێك نه‌مابێت هه‌ڵگری زیندوی ئه‌و كو‌لتور و جیهانبینیه بێت.. له‌پڕ له‌به‌رامبه‌ری قورئاندا هه‌ست ده‌كه‌یت تۆ له‌به‌رامبه‌ری ده‌قێكی كۆن و ئهنتیكهییدایت كه له سه‌رده‌می كۆنه‌وه هاتوه و ده‌بێت وه‌كو شوێنه‌وارێكی كۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌یت و هه‌وڵ بده‌یت مێژوه‌كه‌ی بنوسیته‌وه و به فڵچه‌یه‌كی نه‌رم ته‌پوتۆزی چه‌ندان سه‌ده‌ی له‌سه‌ر لاببه‌یت و ئینجا شیكاری مادده‌كه‌ی و ناواخنه‌كه‌ی بكه‌یت.. ئه‌و كاته تۆ ته‌نها ده‌بیته توێژه‌رێكی زانستی كه قورئان له‌به‌ر ده‌ستتدا ته‌نها جه‌سته‌یه‌كه و توێكاریی ده‌كه‌یت، ئه‌و كاته باوه‌ڕ وه‌كو كارێكی بێ‌سود دێته پێش چاوت كاتێك به‌راوردی ده‌كه‌یت به‌و دۆزینه‌وه و توێكاری و شیكاره زانستیه‌ی ده‌یكه‌یت له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه.
كۆمه‌ڵێك دێڕ و په‌ره‌گراف و چیرۆك و چه‌مك و بیرۆكه هه‌ن له قورئاندا، كه ئه‌گه‌ر بته‌وێت لێكیان بده‌یته‌وه و واتا و ناوه‌ڕۆكیان بدۆزیته‌وه، هه‌ر ئه‌م كاره له خۆیدا هه‌ندێك نهێنیت بۆ ئاشكرا ده‌كات كه پێچه‌وانه‌ی بیركردنه‌وه ئایینیهكهن.. تا كۆتایی ڕێگه له‌گه‌ڵ قورئاندا بڕۆ و هه‌مو شتێك ده‌رباره‌ی قورئان بزانه و ماوه‌یه‌كی باش له چیرۆك و چه‌مكه‌كانی بكۆڵه‌ره‌وه و به‌راوردی بكه له‌گه‌ڵ ده‌قه ئایینیه‌كانی تردا؛ ده‌بینیت شتێكت به‌ده‌سته‌وه نه‌ماوه پێی بڵێیت باوه‌ڕی ئایینی! بۆ نمونه هه‌ر ته‌نها به‌دوای ئه‌و (ئاو) هدا بڕۆ كه قورئان ده‌ڵێت پێش دروستكردنی (ئاسمان و زه‌وی) هه‌بوه (هود: 7) و ئه‌و چه‌مكه به‌راورد بكه به چیرۆكه‌كانی خه‌لق له ئایینه‌كانی تردا، ده‌گه‌یته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه تیۆریی خه‌لق (كۆسمۆگۆنیا) له قورئاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌مان گه‌ردونناسیی كولتوره دێرینه‌كانه.. ته‌نها به‌دوای ئه‌وه‌دا بچۆ: ناوی (قابیل و هابیل) له چیه‌وه هاتوه؟ چۆن له زاراوه‌ی ئیسلامی‌دا وشه‌ی (قایین) ی عیبری هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له (هابیل) و (إسرائیل) و هاوشێوه‌كانیان بچێت كراوه به (قابیل)! هه‌ر ئه‌مه گومانت بۆ دروست ده‌كات. ته‌نها هه‌وڵ بده بزانه: هه‌ردو وشه‌ی (ئاده‌م) و (حه‌ووا) له چیه‌وه هاتون؟ ئه‌و كاته ڕه‌گوڕیشه‌ی چیرۆكه‌كه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بینیت چیرۆكه‌كه باسی له (نێر و مێ) ی مرۆڤ ده‌كات به گشتی نه‌ك داپیره و باپیره‌ی مرۆڤایه‌تی، چونكه ده‌بینیت وشه‌ی (ئاده‌م) له بنه‌ڕه‌تدا یانی (مرۆڤ) و وشه‌ی (حه‌ووا) یش له واتای ژیان (حیاة) ه‌وه هاتوه ئه‌مه‌ش واته سه‌رچاوه‌ی ژیانه كه ئاماژه‌یه بۆ ژن. هه‌ر ته‌نها هه‌وڵ بده بزانه: ناوی (نوح) له چیه‌وه وه‌رگیراوه؟ ده‌بینیت ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌سته‌واژه‌ی (نه‌پش) له ناوی پاڵه‌وانی تۆفانی نێو داستانی گیلگامێش (ئوتنه‌پشتیم). ته‌نها به‌دوای ئه‌وه‌دا بچۆ بزانه دو فریشته‌یه‌ی له قورئاندا ناویان براوه (هاروت و ماروت) ناوه‌كه‌یان له چیه‌وه هاتوه؟ ده‌بینیت له ناوی دو فریشته‌ی زه‌رده‌شتیه‌وه هاتوه كه ناویان به ئاڤێستایی بریتیه له (هاروڤاتات و ئهمێریتات)! ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای بیركردنه‌وه‌ی زۆره: ناوی دو فریشته‌ی زه‌رده‌شتی له چیرۆكێكی یه‌هودی ـ ئیسلامی‌دا چی ده‌كات؟!
به كورتی: ته‌نها هه‌وڵی تێگه‌شتنی چیرۆكه قورئانیه‌كان و زانینی ڕیشه‌ی زمانه‌وانیی زاراوه قورئانیه‌كان ده‌ریایه‌ك گومانت بۆ دروست ده‌كات و جیهانێكی شاراوه‌ت بۆ ده‌رده‌خات.
له‌لایه‌كی تره‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ی ئیسلام و به‌تایبه‌تی ده‌قی قورئان، هه‌ر له خۆیدا بێلایه‌نیی پێویسته، واته پێویسته ئه‌وه‌ی له ئیسلام ده‌كۆڵێته‌وه باوه‌ڕی به ئیسلام نه‌بێت ئه‌گه‌ر بیه‌وێت كاره‌كه‌ی زانستی بێت و كارێكی سه‌ركه‌وتو بێت و نه‌بێته به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه‌كی ئایینی بۆ ده‌قه‌كان و چه‌مكه‌كان، هه‌روه‌كو پێویستیشه باوه‌ڕداری ئایینێكی تر یان ئایدیۆلۆجیایه‌كی تۆتالیتاری تر، نه‌بێت، واته ده‌بێت بێلایه‌ن بێت، ئینجا ده‌توانێت به‌سه‌ركه‌وتویی چه‌مكه ئیسلامیه‌كان ده‌ستنیشان بكات.. ئه‌مه‌ش چونكه توێژه‌ری بێلایه‌ن خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و دیارده‌یه‌دا تێكه‌ڵ ناكات، هه‌ست ده‌كات جیاوازه له‌و دیارده‌یه‌ی كه لێی ده‌كۆڵێته‌وه و هه‌وڵی ده‌ستنیشانكردن و ئینجا شیكاركردنی ده‌كات، ئه‌و كاته به‌بێلایه‌نی و به‌بێ ئه‌وه‌ی كو‌لتور و بڕوای خۆی تێكه‌ڵ به بونیاد و ماهییه‌تی دیارده‌كه بكات توێژینه‌وه‌كه به‌ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێت.. به‌ڵام باوه‌ڕدار له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕی به دیارده ئایینیه‌كه (واته چه‌مك یان ده‌قه ئایینیه‌كه) هه‌یه دێت كو‌لتور و بڕوای خۆی و ئه‌و دیارده ئایینیه ده‌كاته یه‌ك شت، چونكه ئه‌و پێویسته له‌سه‌ری باوه‌ڕی به ده‌قه‌كه هه‌بێت، ئه‌و كاته دێت یان چه‌مكه ئایینیه‌كه به‌سه‌ر خۆیدا ده‌سه‌پێنێت به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كو‌لتور و جیهانبینیی هاوچه‌رخی خۆیدا بگونجێت یان كو‌لتور و بیروڕاكه‌ی خۆی به‌سه‌ر ده‌قه‌كه‌دا ده‌سه‌پێنێت وه‌كو ڕاڤه و لێكدانه‌وه‌یه‌ك بۆ ده‌قه‌كه به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به ده‌قه‌كه‌وه هه‌بێت.. له ئه‌نجامدا لێكدانه‌وه‌ی باوه‌ڕدار بۆ ده‌قه‌كه بێلایه‌نانه نیه و ئه‌وه‌ی كه خۆی چاوه‌ڕوانیی ده‌كات و خۆی په‌سه‌ندی ده‌كات ئه‌وه له ده‌قه‌كه ده‌خوێنێته‌وه.. ئێسته كه جیهانبینی و گه‌ردونناسی و سروشتناسیی مرۆڤی ناوچه‌كه گۆڕاوه ده‌بینین چه‌مكه قورئانیه‌كان بۆ موسوڵمان نامۆن، هه‌ر بۆیه بزوتنه‌وه‌ی (لێكدانه‌وه‌ی زانستی بۆ قورئان) له‌ناو موسوڵماناندا دروست بوه بۆ دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی و هاوسه‌نگی له‌نێوان چه‌مكه قورئانیه‌كان (به‌تایبه‌تی له بواری گه‌ردونناسی و سروشتناسیدا) و بیركردنه‌وه‌ی هاوچه‌رخی مرۆڤی موسوڵماندا.. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك ویستی توێژینه‌وه‌ی زانستی بكات و ده‌قه ئایینیه‌كه وه‌كو خۆی بدۆزێته‌وه و ئینجا شیكاری بكات ده‌بێت ئامانجی ئه‌وه نه‌بێت باوه‌ڕی به ده‌قه‌كه هه‌بێت چونكه ئه‌وه سه‌رده‌كێشێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قه‌كه وه‌كو خۆی نه‌دۆزێته‌وه و بیروڕا و كولتوری خۆی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت.. من خۆم له ژیانی زانستیی خۆمدا كاتێك توانیم چه‌مكه قورئانی و ئیسلامیه‌كان وه‌كو خۆیان ده‌ستنیشان بكه‌م كه هه‌ستم به سه‌ربه‌خۆیی و بێلایه‌نی كرد به‌رامبه‌ر ئیسلام و قورئان.
ده‌توانم ئه‌وه‌ش بڵێم كه من هیچ كاتێك نه‌مویستوه باوه‌ڕی كوێرانهم هه‌بێت، هه‌ر بۆیه تا منداڵ بوم باوه‌ڕم هه‌بو، كه پێگه‌یشتم باوه‌ڕی ئایینی له‌چاوی مندا ته‌نها جۆرێك بو له ته‌ممه‌ڵی، ئه‌وانه‌ی ده‌وروبه‌رم كه ده‌ستیان به باوه‌ڕه‌وه گرتبو هه‌ر ئه‌وانه بون كه كه‌مترین خوێندنه‌وه و بیركردنه‌وه‌یان هه‌بو و حه‌زیان له حه‌وانه‌وه بو و ڕقیان له گومان و سه‌رئێشه و خۆماندوكردن بو.. كه پێگه‌یشتم ئیتر هه‌مو چه‌مكه ئایینیه‌كان بۆ من ته‌نها مه‌ته‌ڵ بون و كێڵگه‌یه‌ك بون بۆ توێژینه‌وه نه‌ك باوه‌ڕم پێیان هه‌بێت! چۆن بتوانم باوه‌ڕم به شتێك هه‌بێت كه لێی تێنه‌گه‌م؟! چه‌مك و ده‌قه ئایینیه‌كان خۆیان پێویستییان به لێكدانه‌وه و لێكۆڵینه‌وه و شیكردنه‌وه هه‌یه ئیتر چۆن ده‌توانن شتێك به من بگه‌یه‌نن؟ چه‌مك و ده‌قه ئایینیه‌كان بۆ خۆیان مه‌ته‌ڵن ئیتر چۆن ده‌توانن مه‌ته‌ڵه‌كان هه‌ڵ بهێنن؟! ئیسلام بۆ خۆی تا ئێستاش لێكدانه‌وه‌ی جیاواز و جۆراوجۆری بۆ ده‌كرێت و كه‌س ناتوانێت لافی دۆزینه‌وه‌ی ئیسلامی یه‌كه‌م لێ بدات؛ ئیتر چۆن ده‌شێت من له ئیسلامدا بۆ وه‌ڵامه‌كان بگه‌ڕێم؟ ئیسلام تا ئێستاش كێڵگه‌یه‌كی به‌پیته بۆ لێكۆڵینه‌وه و ئێسته‌ش وه‌كو مه‌ته‌ڵ وایه و به‌ته‌واوی زانستیانه نه‌دۆزراوه‌ته‌وه و تا ئێستاش ئێمه چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی مه‌ته‌ڵه‌كانی ئیسلامین، ئیتر چۆن پشتی پێ ببه‌ستین بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه؟
ئینجا بایه‌خی من به ئایین و به‌تایبه‌تی به ئیسلام ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و حه‌زه‌ی له منداڵیه‌وه هه‌مبوه له ئه‌فسانه و كولتوره كۆنه‌كان، جگه‌له‌وه‌ی وه‌كو هه‌ر مرۆڤێكی عه‌وداڵ سه‌ره‌تا له بیری ئاینیدا پرسیاره ئهزهلیهكانم بینیوه‌ته‌وه، چونكه بیری ئایینی هه‌وڵێك و ئه‌زمونێكی یه‌كه‌مه له وروژاندنی ئه‌و پرسیاره گه‌ردونی و مرۆییانه‌دا هه‌رچه‌ند ئه‌زمونێكی به‌راییش بێت.. جگه‌له‌وه‌ی ئێمه ـ وه‌كو خۆرهه‌ڵاتی و هاوڵاتیی وڵاتی موسوڵمان‌نشین ـ تازه توش بوین به‌و بیره ئایینیه‌وه و هه‌نگاوی یه‌كه‌ممان بۆ بیركردنه‌وه‌ی نوێ ده‌بێت تێگه‌یشتن بێت له دیارده‌ی ئایین و په‌ره‌پێدانی هۆشیارییه‌كی زانستی بێت به‌رامبه‌ر چه‌مكه ئایینیه‌كان. ئه‌و ڕۆشنبیر و بیرمه‌نده خۆرهه‌ڵاتیه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تای كاریه‌وه ئه‌م لایه‌نه چاره‌سه‌ر نه‌كات و كێشه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ بیری ئایینی‌دا نهبڕێنێتهوه له كۆتاییدا وه‌كو (عه‌بدولڕه‌حمان به‌ده‌وی) ی لێ دێت كه دوای نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌ك له توێژینه‌وه و بڵاوكردنه‌وه و په‌ره‌پێدانی فه‌لسه‌فه‌ی وجودی گه‌ڕایه‌وه بۆ به‌رگری له قورئان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و توێژینه‌وه ڕه‌خنه‌ییه جیددیانه‌ی كه خۆرهه‌ڵاتناسه‌كان كردویانه له‌سه‌ر قورئان، ئه‌مه‌ش هه‌مان كاری كۆلكه خوێنه‌وارێكی ئیسلامیه له سه‌عودیه.. نه‌بونی هه‌ڵوێستی جیددی به‌رامبه‌ر بیری ئایینی گه‌وره‌ترین فه‌یله‌سوف ده‌هێنێته ئاستی ساده‌ترین خوێنه‌واری ته‌قلیدی..
له‌به‌ر هه‌مو ئه‌و هۆكارانه من هه‌ر له قۆناغێكی زودا بڕیارم دا بیرم ئازاد بێت و وه‌كو چاودێرێكی بێلایه‌ن له ئایین و ئیسلام بكۆڵمه‌وه. به‌ڵام ئاواتی ههرهگهورهم له ژیاندا هه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌ی ئیسلام و به‌تایبه‌تی قورئانه، بۆیه زۆر له موسوڵمانان زیاتر سورم له‌سه‌ر كۆكردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ی كه‌له‌پوری ئایینیی ئیسلامی..
چاو: هه‌ر نوسه‌رێك ڕه‌خنه‌ی له ئایین گرتبێت ئیسلامیه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان لێ كردووه.. هیچ كاتێك نه‌بووه هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له جه‌نابت كرابێت سه‌باره‌ت به‌و بابه‌تانه‌ی له رۆژنامه‌كان بڵاویان ده‌كه‌یته‌وه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: هه‌رچه‌ند من به ڕاشكاوی باسی سه‌رچاوه سروشتیه‌كانی قورئان و باكگراوندی سروشتیی سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامم كردوه و ئاماژه‌م بۆ چیرۆكه (مێژویی و نامێژوییهكان) ی قورئان كردوه و له‌نێو چیرۆكه نامێژوییهكانی قورئاندا (ئه‌فسانه) و (ئه‌فسانه‌ی میللی) و (چیرۆكی میللی) ـم جیا كردوه‌ته‌وه، و ئاماژه‌م بۆ (15) چیرۆكی قورئان كردوه به‌و پێیه كه تێكه‌ڵكردنیان تێدایه و هه‌ر یه‌كه‌یان تێكه‌ڵكردنی دو چیرۆكی یههودیـمهسیحیی پێشترن.. و هه‌رچه‌ند چیرۆكه قورئانیه‌كانی (ئاده‌م و حه‌ووا) و (قابیل و هابیل) و (تۆفانی نوح) و گه‌لێكی ترم به ناونیشانی كۆمه‌ڵێك ئه‌فسانه و به به‌راوردكردنیان به ئه‌فسانه كۆنه‌كان شیكار كردوه، و هه‌رچه‌ند ئاماژه‌م بۆ گه‌لێك هه‌ڵه و نه‌گونجاویی مێژویی چیرۆكه‌كانی قورئان كردوه، و هه‌رچه‌ند ڕه‌خنه‌م له گه‌لێك له یاسا ئیسلامیه‌كان گرتوه.. هتد.. تا ئێستا هیچ نوسینێكیشم به ناوی خوازراو بڵاو نه‌كردوه‌ته‌وه.. به‌ڵام ـ له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌وانه‌شدا ـ تا ئێستا ڕوبه‌ڕوی هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جیددی نه‌بومه‌ته‌وه، گله‌یی و گازانده و قسه‌ی ناخۆش و، تكا و ڕجا و، ده‌نگدابڕین و ڕوگرژكردن و ڕووه‌رگێڕان، هه‌یه، به‌ڵام هه‌ڕه‌شه‌ی جیددی و ئازاردان؛ نه‌خێر.
ئه‌وه‌ش چه‌ند هۆكارێكی هه‌یه، له‌وانه: به ئه‌زمون بۆمان ده‌ركه‌وت كه جه‌ماوه‌ری موسوڵمان، له‌سه‌ر گوتار و كردارێك دێنه وه‌ڵام و ده‌ڕژێنه سه‌ر شه‌قام و ناڕه‌زایی ده‌رده‌بڕن كه سوكایه‌تی بێت و هیچ ئامانجێكی نه‌بێت جگه له سوكایه‌تیكردن و وروژاندن و توڕه‌كردنی جه‌ماوه‌ر، وه‌كو كاریكاتێره‌كان و هه‌ندێك نوسین (وه‌كو: ڕۆمانه‌كه‌ی سه‌لمان ڕوشدی، له وڵاتی خۆیشمان: نوسینه‌كانی خاوه‌نی کتێبی "سێکس و شه‌رع و ژن"..). ئه‌مانه ـ كه منیش بێزارم لێیان و منیش خۆشیم لێیان نایه‌ت ـ سروشتیه خه‌ڵك بهێننه سه‌ر جاده و هه‌ڕه‌شه‌یشیان لێ بكرێت، چونكه له بنه‌ڕه‌تدا له ئاستی ڕه‌شه‌خه‌ڵكدا نوسراون و بۆ ئه‌وه نوسراون نزمترین ئاستی بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤ بوروژێنن.. ئه‌و جۆره كارانه ـ به‌لای كه‌مه‌وه له ده‌ربڕین و ڕواڵهتیاندا ـ كه‌مترین مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ عه‌قڵدایه و زیاتر سه‌روكاریان له‌گه‌ڵ هه‌ست و سۆزدایه كه سه‌ره‌تاییترین هه‌ست و ده‌ركه له جیهانی ئاژه‌ڵدا و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بنكی ده‌ماغ نه‌ك سه‌ره‌وه‌ی ده‌ماغ كه شوێنی بیركردنه‌وه‌یه! به‌ڵام خوێنه‌ران شتێكی تر له نوسینه‌كانی مندا ده‌بیننه‌وه كه جیاوازه له‌و جۆره نوسینانه، نوسینی من سوكایه‌تی و هه‌وڵی وروژاندنی ڕه‌شه‌خه‌ڵكی تێدا نیه و عه‌قڵ و لۆجیك ده‌دوێنن و زانیارییشم نه‌بێت یه‌ك چركه له كاتی خه‌ڵك ناگرم.
هۆكارێكی تر ئه‌وه‌یه نوسینی من به‌زۆری نوسینی زانستیی چڕوپڕه و زمانێكی زانستی و زاراوه‌ییه كه پشت ده‌به‌ستێت به كۆمه‌ڵێك زاراوه‌ی ته‌كنیكیی پسپۆڕانه، بۆیه هه‌مو كه‌سێك تێی ناگات و له كۆمه‌ڵێك قسه‌ی زه‌قدا كورت ناكرێته‌وه. ئه‌وه‌نده‌ش خۆم ماندو ده‌كه‌م پێیانه‌وه كه خوێنه‌ر هه‌ست ده‌كات له‌به‌رامبه‌ری نوسینێكدا كه عهوداڵییهكی دۆزینه‌وه‌ی ڕاستیی تێدایه.
به‌ڵام هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌و ژینگه ئارام و پارێزراوه‌یه كه له هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی له شاری سلێمانیدا ڕه‌خساوه و من و چه‌نده‌های تری وه‌كو منی چاونه‌ترس كردوه و كارێكی كردوه بتوانین ئه‌وه‌ی بیری لێ ده‌كه‌ینه‌وه به ده‌نگی به‌رز بیڵێین و بتوانین چیمان پێ باشه بینوسین و لێره‌وله‌وێ بڵاوی بكه‌ینه‌وه.. هه‌رچه‌ند هیچ لایه‌نێك نیه بتوانێت ئه‌و نوسینانه‌ی ئێمه‌مانان له‌خۆ بگرێت و به ئاشكرا به‌رگرییان لێ بكات، به‌ڵام هه‌ندێك گۆڤار و ڕۆژنامه هه‌ن كه ئاماده‌ن بڵاویان بكه‌نه‌وه. جا بێ گومان ئه‌گه‌ر من له وڵاتێكی عه‌ره‌بیدا بومایه یان له هه‌رێمی كوردستانی نه‌وه‌ده‌كاندا بومایه نه‌مده‌توانی به‌و ئاشكرایی و ڕاشكاویه بنوسم یان بنوسم و بمێنمه‌وه یان بمێنمه‌وه و ساغ بم!
چاو: بۆچی مامۆستایان یاخود حیزبه ئیسلامیه‌كان بۆیان ڕه‌وایه ره‌خنه له ئایینه‌كانی تر بگرن و به ئایینی ته‌حریفكراو ناویان به‌رن، به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك ڕه‌خنه‌یه‌ك له ئایینی ئیسلام بگرێت قبوڵ نیه له‌لای ئه‌وان و خوێنی حه‌ڵال ده‌كرێت؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: من زۆر مه‌راقم هه‌یه به‌ده‌ست ئه‌و ڕه‌وشته ئیسلامیه‌وه.. زۆر هه‌وڵ ده‌ده‌م موسوڵمان بهێنمه سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه وه‌كو چۆن ئه‌و بڕوای ته‌واوی به بیروباوه‌ڕی ئایینی و جیهانبینیی خۆی هه‌یه و سوره له‌سه‌ری؛ به هه‌مان شێوه خه‌ڵكی تریش به هه‌مان شێوه بیروباوه‌ڕی خۆیان هه‌یه و سورن له‌سه‌ری، وه‌كو چۆن ئه‌و بنه‌ما و (مه‌بده‌ء) ی خۆی هه‌یه خه‌ڵكی تریش بنه‌ما و (مه‌بده‌ء) ی خۆیان هه‌یه.. وه‌كو چۆن موسوڵمان ئاماده نیه واز له ئایینی خۆی بهێنێت خه‌ڵكی تریش ئاماده نین واز له ئایینی خۆیان یان (مه‌بده‌ء) ی خۆیان بهێنن.. وه‌كو چۆن خه‌ڵك به‌گشتی ڕێز له بیروباوه‌ڕی موسوڵمان ده‌گرن؛ به هه‌مان شێوه پێویسته موسوڵمانیش ڕێز له بیروباوه‌ری خه‌ڵك بگرێت.. به‌ڵام موسوڵمان هه‌ر سوره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها بیروباوه‌ڕ و جیهانبینی و (مه‌بده‌ء) ـه‌كه‌ی ئه‌و ڕاسته و پێویسته هه‌ر بیروباوه‌ڕی ئه‌و بڵاو ببێته‌وه و په‌ره بگرێت و ئازادیی هه‌بێت.. موسوڵمان له‌وه تێ ناگات كه خه‌ڵكی تریش بیروباوه‌ڕ و جیهانبینی و (مه‌بده‌ء) ی خۆیان به‌ڕاست ده‌زانن..
ئه‌گه‌ر ته‌نها بتوانین له بیركردنه‌وه‌ی موسوڵماندا ئه‌وه بچه‌سپێنین كه هه‌مو مرۆڤێك كو‌لتور و جیهانبینیی خۆی هه‌یه و هه‌مو مرۆڤێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بیروباوه‌ڕی خۆی هه‌بێت و هه‌مو مرۆڤێك بیروباوه‌ڕی خۆی به‌ڕاست ده‌زانێت؛ ئه‌و كاته ده‌مانتوانی هاوسه‌نگی و پێكهوهگونجانێك دروست بكه‌ین له په‌یوه‌ندیی نێوان موسوڵمان و نامسوڵماندا.. به‌ڵام موسوڵمان (مه‌به‌ستم موسوڵمانی ڕه‌سه‌ن كه ئیسلام ته‌نها سه‌رچاوه‌ی بیركردنه‌وه و بڕواكانی بێت) ئه‌و بابه‌تانه‌ی پێ ئه‌زم ناكرێت، هه‌ر چاوی له‌وه‌یه كه ته‌نها ئایینه‌كه‌ی ئه‌و ڕاسته، هه‌ر له‌و جیهانه تایبه‌تیه‌ی خۆیدا ده‌ژی، هه‌ر وا ده‌زانێت ته‌نها ئه‌و عه‌وداڵی ڕاسته‌قینه‌یه و خه‌ڵك وه‌كو ئاژه‌ڵ و به‌بێ هیچ (مه‌بده‌ء) و ئامانجێك له ژیاندا ده‌سوڕێنه‌وه..
به‌ڵام موسوڵمان خه‌تای خۆی نیه و قورئان وای ڕاهێناوه: قورئان كاتێك باسی ئه‌وانه ده‌كات كه موسوڵمان نین و باوه‌ڕیان به ئیسلام نیه به (ئاژه‌ڵ) ناوزه‌دیان ده‌كات و ده‌ڵێت "وه‌كو ئاژه‌ڵ وان و هیچ هه‌ست و ئاگاییه‌كیان نیه و به‌ڵكو له ئاژه‌ڵیش خراپتر ڕێیان ون كردوه"!! ئه‌م دو ده‌قه قورئانیه بخوێنه‌ره‌وه: (ولقد ذرأنا لجهنم كثیرا من الجن والإنس، له‌م قلوب لا یفقهون بها ولهم أعین لا یبصرون بها ولهم آذان لا یسمعون بها، أولـئك كالأنعام بل هم أضل، أولـئك هم الغافلون) (الأعراف: 179)، (أم تحسب أن أكثرهم یسمعون أو یعقلون؟ إن هم إلا كالأنعام بل هم أضل سبیلا) (الفرقان: 44).
ئینجا له دابونه‌ریتی ئیسلامی‌دا زیاتر په‌ره به‌م ڕه‌وشته دراوه، واته له لاهوتی ئیسلامی‌دا به وردی كار بۆ ئه‌وه كراوه موسوڵمان دان به هیچ ئایینێكدا نه‌نێت: ئایینه فرهپهرستیهكان یان ئه‌و ئایینانه‌ی له‌سه‌ر بیرۆكه‌ی (خوا/پێغه‌مبه‌ر) نه‌وه‌ستاون، ئه‌وانه له بیری ئایینیی ئیسلامی‌دا به ئایین دانانرین یان به ئایینی ده‌ستكرد و مرۆیی داده‌نرێن، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ئیسلام ناچن. ئایینه یهكتاپهرستیهكانیش، له بیری ئایینیی ئیسلامی‌دا، له‌ڕێگه‌ی گوته‌ی (ته‌حریف) ـه‌وه كه بنه‌ڕه‌تێكی ئه‌وتۆیشی له قورئاندا نیه، به ئایینی ده‌ستكاریكراو داده‌نرێن. كه‌واته لای موسوڵمان تاكه ئایینێك كه له خواوه هاتبێت و وه‌كو سه‌رچاوه خواییهكهی مابێته‌وه ته‌نها ئیسلامه.. ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌ش وا له موسوڵمان ده‌كات هیچ ئایینێكی تر قبوڵ نه‌كات و هه‌مو مرۆڤه‌كانی تر به سه‌رلێشێواو دابنێت.
چاو: زۆر جار پیاوانی ئایینی له وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه‌دا كه ره‌خنه له ئایینی ئیسلام ده‌گرن، ده‌ڵێن: "شوێنكه‌وتوانی ئه‌م ئایینه رێژه‌یان زیاتر له ملیارێك مرۆڤه" یان "ئه‌گه‌ر ئیسلام ئایینی دروستكاری ده‌ستی مرۆڤ بێت چۆن تا ئێستا نزیكه‌ی (1430) ساڵه به‌رده‌وامه و ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ خه‌ڵكی ڕوو له‌و ئایینه ده‌كات؟". چۆن ئه‌مه ده‌خوێنیته‌وه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: پێش هه‌مو شتێك مه‌رج نیه زۆرینه له‌سه‌ر حه‌ق بن. كاتێكیش خه‌ڵكێكی زۆر شوێن درۆیه‌ك یان شایعهیهك ده‌كه‌ون مانای ئه‌وه نیه ئه‌و درۆیه ده‌بێت به ڕاست. ئینجا ئه‌گه‌ر سه‌رنجێك له ڕێژه‌ی بڵاوی و دابه‌شبونی ئایین وئایدیۆلۆجیاكان یبدهین، ده‌بینین مه‌سیحیه‌کان له موسوڵمانه‌کان زیاترن و ژماره‌ی هيندۆسیهکانیش له ژماره‌ی موسوڵمانه‌کان نزیک ده‌بێته‌وه. له كاتی خۆیشیدا فره‌په‌رستی ئایینی هه‌مو مرۆڤایه‌تی بوه و ئێسته‌ش هه‌ر زۆرینه‌یه له‌سه‌ر ئاستی جیهان، به‌ڵكو شوێنه‌واری ڕونیشی له ئایینه یهكتاپهرستیهكان و له ئیسلامیشدا ماوه‌ته‌وه. ئایینه یهكتاپهرستیهكان هیچیان نه‌كردوه جگه له‌وه‌ی ئه‌و هه‌مو خواوهندانهیان شێلاوهته ناو یه‌ك خواوه‌نده‌وه، بۆیه هه‌مان فره‌یی ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستی (زات) یشدا نه‌مابێت له‌سه‌ر ئاستی كاره‌كانی خواوه‌ند و كاته‌كانی ماون: كاتێك له ئایینی عێراقیی كۆندا حه‌وت نه‌وه له خواوه‌نده‌كان بونه‌وه‌ر و ژیان و مرۆڤ دروست ده‌كه‌ن، ده‌بینین له ئایینه یهكتاپهرستیهكاندا خواوه‌ند به حه‌وت ڕۆژ بونه‌وه‌ر و ژیان و مرۆڤ دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش واته فرهییهكه هه‌ر ماوه، ئه‌گه‌ر فره‌یی له (زات) دا نه‌مابێت له كرداردا ماوه و كه پاشماوه‌ی هه‌مان فره‌ییه زاتیهكهیه.. . جگه له‌وه‌ی زۆربه‌ی ئه‌و خواوه‌نده كۆنانه له شێوه‌ی فریشته و جنۆكه و پیاوچاك و وه‌لی و قیددیسدا ماونه‌ته‌وه..
سه‌باره‌ت به‌وه‌ش كه ده‌وترێت "ئه‌گه‌ر ئیسلام ده‌ستكاری مرۆڤ بێت؛ چۆن ده‌توانێت چوارده سه‌ده و زیاتر به زیندویی بمێنێته‌وه"، پێم وا نیه ئه‌م جۆره به‌ڵگه‌سازیه به‌سه‌ر مرۆڤی هۆشیار و ڕه‌خنه‌گردا تێبپه‌ڕێت. پێش هه‌مو شتێك ئه‌گه‌ر ئیمپراتۆرێتیی عه‌ره‌بی (ی ئومه‌وی و عه‌بباسی) و هه‌وڵی فراوانخوازیی ئه‌و ئیمپراتۆرێتیه نه‌بوایه ئیسلامیش ده‌بوه یه‌كێك له‌و ڕێبازه ئایینیانه‌ی مێژو كه ئێسته ته‌نها ده‌نگوباسه‌كه‌ی ده‌خوێنینه‌وه. جگه‌له‌وه‌ی ئایینێك هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن له شوێنكه‌وتوانی بكات ئه‌گه‌ر وازی لێ بهێنن، ڕه‌نگه تا ڕاده‌یه‌ك له نهێنیی مانه‌وه‌ی تێ بگه‌ین! ئه‌گه‌ر شمشێر و هێز نه‌بوایه ئیسلام مێژویه‌كی تری ده‌بو. مێژوی ئیسلام بریتیه له هه‌مان مێژوی ئومه‌ویه‌كان و عبباسسیهكان و ئه‌ییوبیه‌كان و مهملوكیهكان و عوسمانیه‌كان.. سه‌رباره‌ی ئه‌وانه‌ش ئایین كه ده‌مێنێته‌وه ده‌بێته دابونه‌ریتی كۆمه‌ڵایه‌تی و لێره‌وه ده‌چه‌سپێت و ڕیشه داده‌كوتێت، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی خوایی هه‌یه. ئینجا ئێمه ده‌بینین زۆربه‌ی ئایینه‌كانی جیهان تا ئێستاش ماونه‌ته‌وه، به ئایینی یه‌كتاپه‌رستی و فرهپهرستیشهوه، ئیتر یان هه‌مویان سه‌رچاوه‌ی خواییان هه‌یه، یان هیچیان!
چاو: پێت وا نیه دژایه‌تیكردنی / یاخود ره‌خنه‌گرتن له / ئایین و ئه‌و بابه‌تانه سه‌ربه‌خۆیی وڵات و یه‌كپارچه‌یی خاك و ئاسایشی وڵات ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كپارچه‌یی وڵات ئه‌و گروپه ئایینیانه ده‌یخه‌نه مه‌ترسیه‌وه كه ـ به كاری ئینتیمای ئایینی و مه‌زهه‌بی بۆ ڕژێمی هه‌ندێك له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ـ كار ده‌كه‌ن بۆ دروستكردنی ئاژاوه و ناكۆكیی ئایینی و مه‌زهه‌بی.. كاری ئێمه بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵكه بۆ ئه‌وه‌ی به كاڵای ڕزیو و خۆراكی به‌سه‌رچوی ئه‌و گروپه ئایینیانه فریو نه‌خۆن و داهاتوی خۆیان نه‌خه‌نه به‌رده‌ستیان.
ته‌ماشایه‌كی گۆڕه‌پانی عێراقی بكه و بڕوانه و بزانه كێ و چ لایه‌نێك (ی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی) ناكۆكی و ئاژاوه‌ی دروست كردوه و سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كپارچه‌یی وڵاتی خستوه‌ته مه‌ترسیه‌وه.. ده‌بینیت به شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی هه‌ر ئه‌و لایه‌ن و گروپه ئایینی ـ سیاسیانه‌ن كه به هۆی ئینتیمای ئایینی و مه‌زهه‌بییانه‌وه به‌كار ده‌هێنرێن بۆ له‌باربردنی پرۆسه‌ی سیاسی له عێراقدا.. ئه‌گه‌ر شیعه‌كانی عێراق نه‌بن ئێران چۆن ده‌توانێت ده‌ست وه‌ربداته كاروباری عێراقه‌وه؟ ئه‌گه‌ر سوننه‌كان و پاشماوه‌كانی به‌عس نه‌بن سوریا و سه‌عودیه چۆن ده‌توانن تێرۆر و ئاژاوه و ناسه‌قامگیری له عێراقدا دروست بكه‌ن؟ ئه‌گه‌ر ناكۆكی و جیاوازیی (ئایینی) و (مه‌زهه‌بی) نه‌بێت مه‌ینه‌تیه‌كانی گه‌لانی عێراق بۆ به‌و شێوه‌یه چه‌ند قات ده‌بن؟
ئێمه‌مانان ده‌مانه‌وێت بیری مرۆڤدۆستی له‌بریی ده‌مارگیریی ئایینی له بیركردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كاندا بڕوێت، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان یه‌كتر قبوڵ بكه‌ن و له‌پێناوی بیروباوه‌ڕدا مافی مرۆڤ پێشێل نه‌كرێت و ئه‌وه‌ی له‌پێشه‌وه بایه‌خ و نرخی هه‌بێت هه‌ر خودی مرۆڤ بێت به‌ده‌ر له‌وه‌ی چ ئینتیمایه‌كی ئایینی یان ئایدیۆلۆجیایی هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه زیاتر ئایین و مه‌زهه‌ب نه‌بنه فاكته‌ری سه‌ره‌كی و یارمه‌تیده‌ر بۆ ته‌قاندنه‌وه و وروژاندنی كێشه سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و به‌كار نه‌هێنرێن بۆ پاساودان و په‌رده‌پۆشكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و شه‌خسیه‌كان.
جگه‌له‌وه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری زانستی له‌به‌رامبه‌ر بیری ئایینی‌دا پێویستییه‌كی كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخه و، ئه‌گه‌ر جاروبار كێشه‌یشی لێ بكه‌وێته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه بیركردنه‌وه‌ی نوێ هه‌میشه به‌رهه‌ڵستیی ده‌كرێت و به ئاسانی ناچه‌سپێت..
ئه‌و كه‌سانه‌ش كه به كاریكاتێر و شێوازی ناشیرین و گاڵته‌بازانه ویژدانی ئایینیی خه‌ڵك ده‌وروژێنن، ئه‌وانه له ئێمه نین و ئێمه به‌رین له‌وانه، ئێمه‌مانان بێڕێزی ناكه‌ین به‌و بابه‌ته‌ی كه ته‌مه‌نی خۆمان له‌پێناوی دۆزینه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌یدا ته‌واو ده‌كه‌ین.
ئه‌وه‌نده هه‌یه موسوڵمان هه‌مو ڕه‌خنه و تێبینییه‌ك به بێڕێزی و سوكایه‌تی لێك ده‌داته‌وه، كاتێك موسوڵمان له من ڕازی ده‌بێت كه وه‌كو ئه‌و بیر بكه‌مه‌وه و وه‌كو ئه‌و بنوسم، ئه‌گه‌ر وا نه‌كه‌م هه‌رچی بڵێم له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ڕه‌تی ده‌كاته‌وه و به سوكایه‌تی له قه‌ڵه‌می ده‌دات. ئه‌مه كێشه‌ی ئێمه‌یه.
چاو: ده‌ڵێن: "مایكڵ هارت له كتێبی سه‌د پیاوه ناوداره‌كه‌یدا ژماره (یه‌ك) ده‌داته پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د. خ. ) و چه‌نده‌ها نمونه‌ی تر".. ئه‌مه چی ده‌گه‌یه‌نێت له‌لای به‌ڕێزت؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: گومانی تێدا نیه كه موحه‌ممه‌د یه‌كێكه له كه‌سێتیه هه‌ره كاریگه‌ر و گرنگه‌كان له مێژوی مرۆڤایه‌تیدا و مرۆڤ ئه‌گه‌ر باوه‌ڕی به ئیسلام نه‌بێت و بێلایه‌ن بێت ئینجا باشتر ده‌توانێت ئه‌و كه‌سێته بنرخێنێت و كاریگه‌ریی ئه‌و به‌سه‌ر لایه‌ك له جیهاندا بسه‌لمێنێت چونكه موسوڵمان پێی وایه بڵاوبونه‌وه‌ی ئیسلام كارێكی خواییه و موحه‌ممه‌د ته‌نها ئه‌و وشانه ده‌ڵێته‌وه بۆ خه‌ڵك كه پێی وتراوه.
سه‌باره‌ت به كتێبه‌كه‌ی (مایكڵ هارت) به ناوی (100) واته سه‌د ههڵكهوتوهكهی جیهان، كه باسی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامی له‌پێش هه‌مو ئه‌و سه‌د كه‌سه‌دا هێناوه.. بیرۆكه‌ی مایكڵ هارت له‌و كتێبه‌دا ئه‌وه‌یه باسی ژیان و كاره‌كانی سه‌د مرۆڤ بكات كه زۆرترین ڕۆڵ و كاریگه‌رییان له مێژوی مرۆڤدا هه‌بوه، نه‌ك به‌پێی ئه‌وه‌ی كامه‌یان له‌بیری نوسه‌ره‌وه نزیكتره و لای ئه‌و خۆشه‌ویستتره یان باوه‌ڕی كامیان ڕاستتره و كامیان كامڵتره. ناوبراو سه‌رنجی داوه كه موحه‌ممه‌د كه به ته‌نها خۆی بنچینه‌ی ئایینێكی گه‌وره‌ی داناوه كه مێژوی لایه‌ك له جیهانی گۆڕی و بارودۆخێكی دروست كردوه كه تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه، به شێوه‌یه‌ك هیچ كه‌سێكی تر (له ڕوانگه‌ی ناوبراوه‌وه) ئه‌وه‌نده كاریگه‌ریی نه‌بوه له مێژودا. ئینجا ده‌بینین نوسه‌ر باسی (ستالین) یش ده‌كات، كه ئه‌و كابرایه كه‌س خۆشی نه‌ویستوه (جگه له صه‌ددام كه ئه‌ویش تیاچو!!)، به‌ڵام مایكڵ هارت وه‌كو یه‌كێك له‌و سه‌د كه‌سه باسی ده‌كات، چونكه ستالین گۆڕانكاریی زۆری له مێژوی پیشه‌سازی و كشتوكاڵیی ڕوسیادا هێنایه كایه، بۆیه نوسه‌ر له‌نێو باسی ئه‌و سه‌د كه‌سه‌دا ناوی هێناوه و به‌ڵكو خستویه‌تیه پێش زۆر كه‌سی تریش! به هه‌مان شێوه باسی (هیتله‌ر) ی كردوه و خستویه‌تیه پێش ـ بۆ نمونه ـ شهیكسپیێر و ئه‌دیسۆن و پلاتۆن و لۆك و پلانك و دێكارت و روسۆ و بیكۆن و ڤۆلتێر و زه‌رده‌شت و كیپله‌ر و پیكاسۆ و بۆر!!
چاو: ده‌ڵێن ئایین لایه‌نێكی ڕوحی و ده‌رونیه بۆ مرۆڤه‌كان.. ئه‌گه‌ر هاتوو كۆمه‌ڵگا ئایینی فه‌رامۆش كرد دووچاری بۆشاییه‌كی ده‌رونی و ڕۆحی نابێته‌وه؟ ئه‌ی چاره‌سه‌ر چیه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگا ئایینی فه‌رامۆش كرد و دووچاری ئه‌م بۆشاییه بوه‌وه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: گومانی تێدا نیه كه مرۆڤ به‌بێ بیروباوه‌ڕ و جیهانبینی ناژی، مرۆڤ ده‌بێت كۆمه‌ڵێك بنه‌ما و ئایدیال و (مثالیات) ی خۆی هه‌بێت كه باوه‌ڕی پێیان هه‌بێت، ئینجا ده‌توانێت له ژیاندا هه‌نگاو هه‌ڵ گرێت. ئه‌گه‌ر مرۆڤێك هه‌بێت هیچ بڕوایه‌كی نه‌بێت و خه‌ون و ئاواتی نه‌بێت و هیچ واتا و فه‌لسه‌فه‌یه‌كی بۆ ژیان نه‌بێت یان خۆی ده‌كوژێت یان مانای وایه هیچ هه‌ستێك به‌وه ناكات كه هه‌یه و ده‌ژی. ئه‌م ڕاستیه بۆ تاكی مرۆڤ و بۆ كۆمه‌ڵگای مرۆڤیش هه‌ر ڕاسته، كۆمه‌ڵگایش پێویستیی به خوا یان بنه‌مایه‌كی نه‌گۆڕ هه‌یه، به‌بێ ئه‌وه دروست نابێت.
هه‌مو كه‌سێك خوای خۆی هه‌یه، ئیتر ئایا ناوی ده‌نێت خوا یان ناوێكی تری لێ ده‌نێت، گرنگ ئه‌وه‌یه باوه‌ڕی به نه‌گۆڕێك و بنه‌مایه‌ك هه‌یه، گرنگ ئه‌وه‌یه باوه‌ڕی به یاسا و ڕێسایه‌ك هه‌یه له ژیاندا. ئینجا له كولتوره دێرینه‌كاندا ئه‌و نه‌گۆڕ و بنه‌مایه به خوا گوزارشی لێ كراوه و مرۆڤی هاوچه‌رخ به شتی تر گوزارشی لێ ده‌كات..
نیچه خوای مراند، به‌ڵام سوپه‌رمان (مرۆڤی باڵا) ی زیندو كرده‌وه، كه‌واته هیچ نه‌گۆڕا جگه‌له‌وه‌ی ناوێكی تری بۆ خوا دانا و خوای له چنگی دامه‌زراوه‌یه‌كی ئایینیی قۆرخكار ڕزگار كرد و گه‌ڕاندیه‌وه بۆ مرۆڤ (مرۆڤ وه‌كو كه‌ره‌سته‌یه‌كی خاو نه‌ك ئه‌و مرۆڤه له‌قاڵبدراو و بهكارهاتوهی ئایینه‌كان). (مرۆڤی باڵا) یش هه‌ر ته‌نها گوزارشێكی فه‌لسه‌فیه له خوا، هیچ ئاییندارێكیش نیه بتوانێت به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان خوا له شێوه‌ی مرۆڤێكی باڵادا وێنا نه‌كات! زۆربه‌ی بیروڕاكانیش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه وشه‌ی (إل) و (إلاه) له زمانه سامیه‌كاندا له‌بنه‌ڕه‌تدا شێوه‌یه‌كی تری مادده‌ی (علو، علی) ـه واته ئاماژه‌یه بۆ باڵایی و به‌رزی! ساده‌ترین و له هه‌مان كاتدا ڕاستگۆترین پێناسه و بیركردنه‌وه ده‌رباره‌ی خوا ئه‌وه‌یه كه به‌رزه! له ئێمه و ژینگه‌ی ئێمه به‌رزتره! به‌ڵام هه‌ر له شێوه‌ی ئێمه‌یه و هه‌ر گوزارشه له خه‌ون و ئاوات و نمونه باڵاكانی ئێمه به شێوه‌یه‌كی ڕه‌ها. بڕوانه كه سیفه‌ته‌كانی خوا له لاهوتی ئیسلامی‌دا هه‌مان سیفه‌ته‌كانی مرۆڤن: ژیان، بیستن، بینین، قسه‌كردن.. !
به‌ڵام هه‌مو بنه‌ما و فه‌لسه‌فه و هیوا و ئاوات و به‌رنامه‌یه‌ك ده‌توانێت جێگه‌ی ئایین بگرێته‌وه.. ئایینیش هه‌ر به‌وه گره‌وی بردوه‌ته‌وه كه فه‌لسه‌فه‌یه‌كه بۆ ژیان.. له‌به‌ر ئه‌وه زۆر به ئاسانی فه‌لسه‌فه‌یه‌كی گشتگیر ده‌توانێت جێگه‌ی ئایین بگرێته‌وه بۆ میلیۆنان مرۆڤ. ئێسته میلیۆنان مرۆڤ هه‌ن كه شوێنكه‌وته‌ی هیچ ئایینێكی دیاریكراو نین یان له‌ژێر سایه‌ی ڕژێمێكی نائایینی ژیانێكی نائایینی ده‌ژین..
ئینجا ئێمه به مۆدێلێكی ئایین ڕاهاتوین: خوایه‌كی ته‌نها، كۆمه‌ڵێك فریشته‌ی له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه، په‌یامبه‌ری ناردوه، زیندوبونه‌وه و نه‌مری هه‌یه دوای مردن: ئه‌وانه‌ی شوێنی په‌یامه‌كه‌ی ده‌كه‌ون به‌نه‌مری له به‌هه‌شتێكدا ده‌مێننه‌وه، ئه‌وانه‌ش شوێنی ناكه‌ون بۆ هه‌تاهه‌تایه له دۆزه‌خێكی ئاگردا ده‌مێننه‌وه. ئێمه‌ی خۆرهه‌ڵاتی به‌م مۆدێله له ئایین ڕاهاتوین و وا ده‌زانین مرۆڤ هه‌ر به‌م جۆره بیروباوه‌ڕانه لایه‌نی ڕۆحیی مرۆڤ پڕ ده‌بێته‌وه.. له كاتێكدا تا ئێستاش زۆربه‌ی ئایینه‌كان باسی زیندوبونه‌وه و به‌هه‌شت و دۆزه‌خ ناكه‌ن، هه‌تاكو له ئایینی مهسیحییشدا باوه‌ڕی زیندوبونه‌وه و به‌هه‌شت و دۆزه‌خ به واتا ماددیهكهیان ڕون نیه.. له بنه‌ڕه‌تی ئایینی یه‌هودی و ده‌قه‌كانی (په‌یمانی كۆن) دا باوه‌ڕی زیندوبونه‌وه و به‌هه‌شت و دۆزه‌خ نیه و دواتر بهكاریگهریی ئایینی زه‌رده‌شتی له ئه‌ده‌بیاتی ئایینیی یه‌هودیدا ئه‌و بابه‌ته گه‌شه‌ی كردوه..
سه‌رباری هه‌مو ئه‌مانه ڕه‌خنه‌ی ئێمه له ئایینێكی وه‌كو ئیسلام له‌به‌ر ئه‌وه نیه كه ڕۆحیه، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كه كۆنه و نامۆیه یان نامۆ بوه: زاده‌ی تامه‌زرۆیی ڕۆحی و ڕازونیازی ڕۆحیی ئێمه نیه، وه‌كو وه‌ڵامی پێداویستیه ده‌رونی و فیكریه‌كانی ئێمه نه‌هاتوه‌ته كایه، چه‌مك و چیرۆك و نمونه و به‌ڵگه‌كانی له ئاستی عه‌قڵ و ده‌ركی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا نین. ئیسلام حاڵه‌تێكی ڕۆحیی سه‌پێنراو بۆ مرۆڤ دروست ده‌كات و له قاڵبی ده‌دات، نه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ڕاستی ڕۆحی ئاسوده بكات و توانا و به‌هره‌كانی مرۆڤ بته‌قێنێته‌وه. ئیسلام مرۆڤ بچوك ده‌كاته‌وه و ته‌نها ده‌یكاته هه‌ڵگری چه‌ند ڕسته و دێڕێك.
چاو: تا ئێستا (یه‌كێتیی زانایانی ئایینی) و (پڕۆژه‌ی تیشك) هه‌وڵیان داوه وه‌ڵامی تۆ بده‌نه‌وه؟ ئه‌گه‌ر هه‌وڵیان نه‌داوه هۆكاری ئه‌وه چیه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی: (یه‌كێتیی زانایان) هه‌ر له خۆیدا دامه‌زراوه‌یه‌كی زانستی نیه و ته‌نها وه‌كو (سه‌ندیكای مه‌لایان) وایه ئه‌گه‌ر دروست بێت زاراوه‌ی وا دابتاشین. (پڕۆژه‌ی تیشك) یش پڕۆژه‌یه‌كی ئهپۆلۆجیایی (دفاعی) ی ڕوته كه هیچ به خه‌می لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیه‌وه نیه، و پڕۆژه‌یه‌كی نه‌زۆكیشه، چونكه ئه‌ندامان و نوسه‌رانی ئه‌و پڕۆژه‌یه بۆ خۆیان لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی له‌سه‌ر ئیسلام و ئایین به‌گشتی ئه‌نجام ناده‌ن به‌ڵكو ته‌نها چاوه‌ڕێن كه‌سێك لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بنوسێت ئه‌مان په‌راوێزی بۆ بنوسن و به خه‌یاڵی خۆیان وه‌ڵامی بده‌نه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه هه‌رگیز له‌و دو دامه‌زراوه‌یه (یه‌كێتیی زانایان و پڕۆژه‌ی تیشك) چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه ناكه‌م بتوانن بگه‌نه‌وه به توێژینه‌وه‌كانی من چ جای ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌ڵه و كه‌موكوڕیی ئه‌و توێژینه‌وانه‌ی من ده‌ستنیشان بكه‌ن و ئه‌وه‌ی من نه‌متوانیوه بیكه‌م ئه‌وان بیكه‌ن! ئه‌مه‌ش چونكه ئامانجی من ته‌نها لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستیه و به‌رهه‌مهێنانی مادده‌یه‌كی زانستیه، به‌ڵام مه‌لا ته‌نها له بیری ئه‌ركه ئایینی ـ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی و بژێویهكهیدایهتی، سه‌باره‌ت به‌و ڕۆشنبیر و خوێنده‌واره ئیسلامیانه‌ش كه له پڕۆژه‌ی تیشك و ئه‌و جۆره پڕۆژه ئایینیانه‌دا كار ده‌كه‌ن ئامانجیان ته‌نها باوه‌ڕ و به‌رگریكردنه له باوه‌ڕ، له‌به‌ر ئه‌وه دوا ئامانجی هه‌وڵه‌كانیان هه‌ر ئه‌وه‌نده‌یه بتوانن به‌رگری له باوه‌ڕه ئایینیه‌كه بكه‌ن، ئیتر به هه‌ر شێوه‌یه‌ك ئه‌و به‌رگریه به ئه‌نجام بگات و چۆن وه‌ڵام بده‌نه‌وه و تا چ ڕاده‌یه‌ك پێوه‌ری زانستی به‌كار ده‌هێنن، ئه‌وه به‌لای ئه‌وانه‌وه گرنگ نیه، گرنگ ئه‌وه‌یه وه‌ڵام بدرێته‌وه و بڵێن ئه‌وه وه‌ڵام دراوه‌ته‌وه و بتوانن خوێنه‌ر و مورید و مه‌نسوبه‌كانی خۆیان دڵنیا بكه‌نه‌وه.
پڕۆژه‌ی تیشك هه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و كارانه ده‌ده‌نه‌وه كه لاواز بن و بۆشی و كهلهبهریان تێدا بێت، ئه‌ویش ته‌نها كوردیه‌كان.. ئه‌ی ئه‌و هه‌مو كتێبه عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و فڕانسیهی له‌سه‌ر ئیسلام و قورئان به‌رهه‌م ده‌هێنرێن، چ هه‌ڵوێستێكیان هه‌یه به‌رامبه‌ریان؟! ئێنسایكلۆپیدیایهكی شه‌ش به‌رگی له ئه‌مێریكا له‌سه‌ر قورئان ده‌رچوه، ئایا نوسه‌ره‌كانی پڕۆژه‌ی تیشك هه‌ر بینیویانه چ جای ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی بده‌نه‌وه؟! ئه‌ی (ئێنسایكۆپیدیای ئیسلام) ی چاپخانه‌ی (بریل) له لایدن، كه ئێسته چاپی دوه‌م (په‌ره‌پێدراو) ی له‌به‌ر ده‌ستدایه و خه‌ریكی چاپی سێیهمیشن، نوسه‌ره‌كانی پڕۆژه‌ی تیشك بینیویانه تا بتوانن وه‌ڵامی بده‌نه‌وه؟ ئه‌ی ده‌توانن كتێبی (مێژوی قورئان) له نوسینی (نۆلدكه ـ شڤالی) بخوێننه‌وه و جوان تێی بگه‌ن چ جای ئه‌وه‌ی بتوانن وه‌ڵامی بده‌نه‌وه؟ ئه‌ی ئایا ده‌توانن وه‌ڵامی نوسینه‌كانی نوسه‌رانی وه‌كو (فراس السواح) و (نبیل فیاض) و.. . بده‌نه‌وه؟ ده‌توانن وه‌ڵامی توێژینه‌وه و ڕه‌خنه و سیخوڕمهكانی سایتی (منتدی الملحدین العرب) بده‌نه‌وه؟! یان توێژینه‌وه و وتاره به‌پێزه‌كانی سایتی (الأوان)؟
پڕۆژه‌ی تیشك وا ده‌زانن ته‌نها كتێبی لاوازی وه‌كو (سێكس و شه‌رع و ژن) و (ئیسلامناسی) و (23 ساڵ) و (خوێننامه).. هه‌ن و بونیان هه‌یه و وا ده‌زانن خه‌ڵك هه‌ر ئه‌وانه‌یان خوێندوه‌ته‌وه! له كاتێكدا من خۆم كه چه‌نده موتابه‌عه‌ی ئه‌و نوسینه ڕه‌خنه‌ییانه ده‌كه‌م تا ئێستا ناتوانم بڵێم ئه‌و كتێبانه‌م خوێندوه‌ته‌وه! لاپه‌ڕه‌م هه‌ڵ داوه‌ته‌وه به‌ڵام نهمخوێندونهتهوه وه‌كو چۆن توێژینه‌وه‌یه‌كی زانستیی نوێ ده‌خوێنمه‌وه.
هه‌مو كتێبێكیش كه وه‌ڵامی ده‌ده‌نه‌وه كۆمه‌ڵێك سته‌م و بێویژدانی به‌رامبه‌ر ئه‌و كتێبه ده‌كه‌ن.. جاری وا هه‌یه له هه‌مو ئه‌و كتێب/وه‌ڵامه‌دا كه ده‌ینوسن بۆ جارێكیش باسی نوسه‌ری كتێبی یه‌كه‌م ناكه‌ن چ جای ئه‌وه‌ی به‌ویژدانه‌وه باسی ژیان و كاره‌كانی و كتێبه‌كه‌ی بكه‌ن.. ئه‌م حاڵه‌ته‌م له‌و وهڵامهیاندا بینی كه نوسیویانه بۆ كتێبی (23 ساڵ) واته (بیست و سێ ساڵ پێغه‌مبه‌رایه‌تی) له نوسینی (عه‌لی ده‌شتی)، له هه‌مو ئه‌و كتێبه‌دا باسێكی (عه‌لی ده‌شتی) نه‌كراوه كه چۆن نوسه‌ر و ئه‌دیب و ڕۆژنامه‌نوسێك بوه و چۆن دوای شۆڕشی ئیسلامی له ئێران توشی ئه‌شكه‌نجه هات، نه له نوسینه‌كه‌دا نه له‌و پێشه‌كیه‌دا كه (شێخ صه‌باح به‌رزنجی) بۆی نوسیوه. هه‌مو جارێك به ئاماژه‌یه‌كی پڕ له ڕق و قین ئاماژه بۆ نوسه‌ر ده‌كرێت.