سەروەر پێنجوێنی
چیرۆكی (دو كوڕه‌كه‌ی ئاده‌م) به گوزارشی قورئان، كه له ده‌قه ئیسلامیه‌كانی
تردا ناو ده‌نرێن (قابیل و هابیل)، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چیرۆكی (قهیین קַיִן و هابێل הָבֶל) ی ته‌وڕاتی (خولقاندن: ٤: ١ ـ ١٦).بێ گومان چیرۆكه قورئانیه‌كه و چیرۆكه ته‌وڕاتیه‌كه له شێواز و مه‌به‌ستدا
جیاوازن و ده‌قه قورئانیه‌كه ئه‌و چیرۆكه‌ی به شێوه‌یه‌ك ساده كردوه‌ته‌وه كه
مه‌به‌سته بنه‌ڕه‌تیه‌كه‌ی تێدا نه‌ماوه و ته‌نها بوه‌ته چیرۆكی كێشه و به‌شه‌ڕهاتنی
دو كوڕی ئاده‌م و ڕودانی تاوانی كوشتن و ئه‌و په‌شیمانیه تونده‌ی كه بكوژه‌كه‌یان
توشی دێت دوای كوشتنی براكه‌ی، به‌م شێوه‌یه چیرۆكه‌كه ده‌بێته وانه‌یه‌ك له‌سه‌ر
سایكۆلۆجیای بكوژ و تاوانی كوشتن وه‌كو مامه‌ڵه‌یه‌كی توندوتیژی نێوان مرۆڤه‌كان.
له كاتێكدا چیرۆكه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌فسانه‌یه‌كی ڕه‌سه‌ن و واتاداره و له كێشمه‌كێشی
نێوان دو جۆر ژیان و ژیواری مرۆڤ ده‌دوێت ئه‌وانیش (شوانكاره‌یی) و (كشتیاری) ـن.
به‌م شێوه‌یه هێماكانی چیرۆكه‌كه شیكار ده‌كه‌ین و ئه‌و ئه‌نجامه ده‌سه‌لمێنین: له چیرۆكه ته‌وڕاتی ـ قورئانیه‌كه‌دا، یه‌كه‌م
دیمه‌ن ئه‌وه‌یه كه هه‌ر یه‌كه له قهیین و هابێل (قوربانی) پێشكه‌ش ده‌كه‌ن،
قوربانییش هه‌میشه نیشانده‌ری به‌رهه‌می ئابوریی ئه‌و مرۆڤ و كۆمه‌ڵگایه‌یه كه
قوربانیه‌كه پێشكه‌ش ده‌كات، قهیین گوڵه‌گه‌نم پێشكه‌ش ده‌كات، هابێلیش مه‌ڕ ده‌كات
به قوربانی، ئه‌مه‌ش واته قهیین كشتیاره، هابێلیش شوانكاره‌یه، واته ئه‌میان
(هابێل) مرۆڤی قۆناغی شوانكارهییه (شوانكاره‌یی جیاوازه له ئاژه‌ڵ به‌خێوكردنی
گوندی كشتوكاڵی، و كه ده‌ڵێین قۆناغ مه‌رج نیه مه‌به‌ست قۆناغی مێژویی بێت)، ئه‌ویشیان
(قهیین) مرۆڤی قۆناغی كشتیاریه، كێشمه‌كێشی نێوانیشیان هێمایه‌كه بۆ جیاوازی و
پێكهوهنهگونجانی ئه‌و دو قۆناغه كه دو قۆناغی جیاوازی شێوازی به‌رهه‌مهێنان و
شێوازی ژیانیشن.
ئاشكرایه كه ئه‌و دو جۆره ژیانه دژ و پێچه‌وانه‌ی یه‌كترن:
ژیانی شوانكاره‌یی ژیانی گه‌ڕۆكی و كۆچهریه به دوای له‌وه‌ڕگادا، ژیانی
كشتیارییش ژیانی نیشته‌جێبونی گوندی كشتوكاڵیه، شوانكاره به مه‌ڕوماڵاته‌كه‌ی
زیان به كێڵگه‌ی كشتوكاڵی و ئاودێریهكانی ده‌گه‌یه‌نێت، كشتیاریش به كێڵگه‌كانی
ئاو و له‌وه‌ڕگا له شوانكاره ته‌سك ده‌كاته‌وه. ڕه‌نگه له گوندێكی ئێسته‌شدا
ئه‌و كێشمه‌كێشه ئاشكرا ده‌ربكه‌وێت: كێشمه‌كێشی ئه‌وانه‌ی مه‌ڕوماڵاتیان هه‌یه
و ئه‌وانه‌ی جوتیار و كشتیارن، یان له ڕابردودا له‌نێوان خێڵی كۆچه‌ر و شوانكاره
و شار و دێهاتی پشتبه‌ستو به كشتوكاڵ و ئاودێری. ئینجا له چیرۆكه‌كه‌دا ده‌بینین
قابیلی كشتیار هابیلی شوانكاره له‌ناو ده‌بات، ئه‌مه‌ش هێمایه‌كه بۆ ته‌سك بونه‌وه‌ی
بواری شوانكاره‌یی و په‌ره‌گرتنی زیاتری كشتیاری و كشتوكاڵ [هه‌رچه‌ند ئه‌مه په‌یوه‌ندیی
به شۆڕشی كشتوكاڵیی چاخی به‌ردینی نوێ (١٠٠٠٠ ـ ٨٠٠٠ پ. ز.) ـه‌وه نیه، چونكه
ئه‌مه‌یان كۆتایی به قۆناغی ڕاووشكار و كۆكردنه‌وه‌ی به‌روبوم هێنا و قۆناغی كشتوكاڵ
و ئاژه‌ڵداریی هێنایه كایه. ئه‌وه‌ی كه ئێمه لێره‌دا لێی ده‌دوێین ئه‌و كێشمه‌كێشه‌یه
كه هه‌بوه و هه‌یه له‌نێوان خێڵی بیاباننشینی شوانكاره و گه‌ڕۆك له‌گه‌ڵ
گوندنشینی كشتیار و ئاژه‌ڵدار. له وڵاتی ئێمه‌شدا تا چه‌ند ده‌یه‌یه‌كیش له‌مه‌وبه‌ر
ئه‌و كێشمه‌كێشه له‌نێوان گوندنشینه‌كان و عێلهكانی جاف و غه‌واره‌دا هه‌بو!].
ڕه‌خنه‌سازیی سه‌رچاوه
بێ گومان چیرۆكه قورئانیه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه
بۆ چیرۆكه ته‌وڕاتیه‌كه و داڕشتنه‌وه‌كانی دواتری، چیرۆكه تهوڕاتیهكهش له كولتوری
عێراقی (شومه‌ری و بابیلی) ی كۆنه‌وه هاتوه: ئێمێش و ئێنتێن ئه‌فسانه‌یه‌كی شومه‌ری ده‌رباره‌ی دو براکه
(ئێمێش و ئێنتێن)، ده‌ڵێت خواوه‌ند ئێنلیل ویستویه‌تی زه‌وی به شینایی و باخ و
دره‌خت بڕازێته‌وه و ئاژه‌ڵیش په‌روه‌رده بكرێت و به‌روبومی زۆر ببێت، بۆ ئه‌م
مه‌به‌سته‌ش (ئێمێش) Emesh ی خواوەندی شوان و (ئێنتێن) Enten ی خواوەندی كشتیاری دروست
كرد، به‌ڵام له دواییدا ئه‌م دوانه كه‌وتنه مشت‌ومڕ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كامیان
شیاوتر و گرنگتره، بۆیه ده‌چنه لای ئێنلیل و ئه‌ویش ئێنتێنی
كشتیار په‌سه‌ند ده‌كات(١). لههار و ئه‌شنان
ئه‌فسانه‌یه‌كی شومهریی تر ده‌رباره‌ی (لههار
و ئه‌شنان)، ده‌ڵێت خواوه‌نده‌كان ئه‌و دوانه‌یان خولقاند بۆ زۆركردنی خۆراك و
پۆشاك، كه (لههار) Lahar خواوەندی
ئاژەڵ بو واته فرمانی ئاژه‌ڵداریی هه‌بو، (ئه‌شنان) Ashnan ی خوشکیشی ژنهخواوەندی دانه‌وێڵه بو واته فرمانی كشتوكاڵ
و دانهوێڵهچاندنی هه‌بو، ئه‌م جاره‌ش ئه‌م دوانه ده‌بێته مشتومڕیان و هه‌ردو خواوه‌ند
ئێنلیل و ئێنكی كشتیارهكهیان، واته ئه‌شنان، هه‌ڵده‌بژێرن(٢).
دوموزی و ئێنكیمدو ئه‌فسانه‌یه‌كی شومهریی تریش هه‌یه كه له
كێشمهكێشێک ده‌دوێت له‌نێوان (دوموزی) Dumuzi (= تهمموز ـ ی ئه‌ككادی) ی خواوەندی
شوانكاره و (ئێنكیمدو) Enkimdu ی خواوەندیكشتیار،
له‌سه‌ر ڕاكێشانی دڵی خواوه‌ندی مێی به‌پیتی و جوانی (ئیناننا) Inanna (= عیشتار ـ ی سامیه‌كان). دوای چه‌ند بهیتوبالۆرهیهك و هه‌رچه‌ند سه‌ره‌تا ئێنكیمدوی
كشتیار هه‌ڵده‌بژێرێت به‌ڵام له كۆتاییدا دوموزیی شوانكاره په‌سه‌ند ده‌كات(٣). ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه ئاماژه‌یه‌ك بێت بۆ ئه‌وه‌ی كاری شوانكاره‌یی و ئاژه‌ڵ به‌خێوكردن
زیاتر په‌یوه‌ندیی به (به‌پیتی) ی سروشته‌وه هه‌یه كه فرمانی خواوه‌ند
ئیناننایه (به‌پیتیی ئاژه‌ڵ نمونه‌یه‌كی گرنگی به‌پیتیی سروشته له كۆمه‌ڵگاكانی
ڕابردودا)، خواوه‌ند (دوموزی) یش به هه‌مان شێوه په‌یوه‌سته به به‌پیتیی
سروشته‌وه و له چه‌ند چیرۆكێكی شومهریی تریشدا (وه‌كو چیرۆكی "دابه‌زینی
ئیناننا بۆ جیهانی ژێرزه‌وی") په‌یوه‌ستبونی به ئینانناوه ده‌رده‌كه‌وێت،
به‌ڵام به‌پێی ئه‌م ئه‌فسانه‌یه‌ی دواییان ئه‌و پهسهندكردنهی دوموزیی شوان ته‌نها
سه‌ره‌تایه‌ك بو تێداچونی و مردنی و كرا به قوربانی بۆ به‌رده‌وامبونی خولی سروشت
و وه‌رزی كشتوكاڵ. ئه‌مه‌ش واته له میثۆلۆجیای عێراقیی دێریندا هه‌میشه كشتوكاڵی
په‌سه‌ند كراوه، چونكه هه‌مو شتێك له عێراقی دێریندا هانده‌ری كشتوكاڵ بو، به
ڕوبار و ئاودێریه‌وه، به شێوازی ژیان و ژینگه‌وه.
ته‌وڕات: قهیین و هابێل
له ئه‌فسانه ته‌وڕاتیه‌كه‌دا سه‌ره‌تا
(هابێل) Abel ی
شوانكاره په‌سه‌ند ده‌كرێت و قوربانیه‌كه‌ی وه‌رده‌گیرێت نه‌ک قوربانیی (قهیین) Cain ی کشتیار (ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی
كولتوری بیاباننشینی و شوانكاره‌یی ئه‌و كۆمه‌ڵه مرۆییه‌یه كه بیری تهوڕاتییان
به‌رهه‌م هێناوه)، به‌ڵام دواتر (قایین) ی كشتیار (هابێل) ی شوانكاره له‌ناو ده‌بات،
هه‌روه‌كو سه‌ره‌نجامه‌كه‌ی دوموزی له چیرۆكه شومهریهكهدا.
قورئان: دو كوڕه‌كه‌ی ئاده‌م: قابیل و هابیل
سه‌باره‌ت به چیرۆكه قورئانیه‌كه‌ش (چیرۆكی
دو كوڕه‌كه‌ی ئاده‌م ـ به‌پێی ده‌سته‌واژه قورئانیه‌كه)، ته‌نها ئه‌وه‌نده ڕونی
ده‌كاته‌وه كه قوربانیی یه‌كێكیان وه‌رگیراوه و له‌وی تر وه‌رنه‌گیراوه، ئیتر
جۆری قوربانیه‌كه‌ش ڕون ناكاته‌وه كه بۆ واتای چیرۆكه‌كه زۆر گرنگه، وه‌كو وتم
چیرۆكه قورئانیه‌كه بوه‌ته وانه‌یه‌ك له‌سه‌ر تاوانی كوشتن، ئه‌مه‌ش زیاتر به
كاریگه‌ریی ڕاڤه‌یه‌كی (میشنا) كه ده‌قێكی یه‌هودیی پاش ته‌وڕاته، له‌سه‌ر
چیرۆكه‌كه، كه دواتر باسی دێت.
مه‌غزای وەرگرتنی قوربانیی ئاژەڵی
ئینجا بۆچی له چیرۆكه ته‌وڕاتی ـ قورئانیه‌كه‌دا
قوربانیی قابیل (گوڵه‌گه‌نم) وه‌رناگیرێت و قوربانیی هابیل (ئاژه‌ڵ) وه‌رده‌گیرێت؟
به‌پێی لۆجیكی ناوه‌كیی چیرۆكه‌كه، به‌تایبه‌تی له كولتوری یه‌هودی و دواتریش
ئیسلامی‌دا، قوربانیی ئاژه‌ڵ په‌سه‌ندتر و وه‌رگیراوتره به به‌راورد به قوربانیی
ڕوه‌كی، ئه‌مه‌ش به‌و پێیه كه قوربانیی ئاژه‌ڵ خوێنڕشتنی تێدایه كه (خوێن)
نهێنیی ژیانه و تایبه‌ته به خواوه‌نده‌وه، جگه له‌وه‌ی دوای سه‌ربڕینی ده‌سوتێنرێت
و دوكه‌ڵه‌كه‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه بۆ ئاسمان و ده‌گاته لای خواوه‌ند.. بۆیه
قوربانیی نمونه‌یی قوربانیی ئاژه‌ڵه. ئه‌مه لۆجیكی ڕواڵه‌تیی چیرۆكه‌كه‌یه
كاتێك ده‌ڵێت قوربانیه‌كه‌ی هابیل وه‌رده‌گیرێت، هه‌رچه‌ند له ڕاستیدا كرۆكی بابه‌ته‌كه
قوربانی و وه‌رگرتنی قوربانی نیه به‌ڵكو شێوازی به‌رهه‌مهێنان و بژێوی و زاڵبونی
ئه‌و شێوازه‌یه له كۆمه‌ڵگایه‌كدا و له قۆناغێكی ژیاردا.
بۆیه شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه
له كولتوری عیبری (یه‌هودایی) دا كه ڕه‌گوڕیشه‌ی بیاباننشینی و شوانكاره‌یی
ڕونی هه‌یه، باس له ڕه‌زامه‌ندیی خواوه‌ند بكرێت له قوربانیی ئاژه‌ڵ و ڕازینه‌بونی
به به‌رهه‌می كشتوكاڵی، چونكه ئه‌و كولتوره له خۆیدا كولتورێكی بیباباننشینی
و شوانكارهییه و له‌گه‌ڵ ژیانی كشتوكاڵی و دیمه‌نی باخ و ڕه‌ز و مێو و مه‌یدا هه‌ڵناكات.
هه‌تاكو دیمه‌نه‌كانی وه‌سفی خواوه‌ند (یه‌هواهـ) ی یه‌هودی له ده‌قه‌كانی ته‌وڕاتدا
نزیكی ده‌كاته‌وه له دیمه‌نی بیابان و سروشتی گڕكان و لاڤای باكوری خۆرئاوای
نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بی (ناوچه‌ی مه‌دیانیه‌كان). بۆیه بڕوا وایه كه خواوه‌ند یه‌هواهـ له
بنه‌ڕه‌تدا خواوه‌ندێكی مه‌دیانی بوه (به‌پێی ده‌قه ته‌وڕاتیه‌كان موسایش هه‌ر له
مه‌دیان بوه‌ته پێغه‌مبه‌ر و ئه‌و خواوه‌نده‌ی ناسیوه یان ئه‌و خواوه‌نده خۆی
پێ ناساندوه!) و خواوه‌ندی بیابان یان گڕكانه. ئه‌و گروپه مرۆییه‌ش كه له
بنه‌ڕه‌تدا شانشینیی یه‌هودایان پێك هێناوه و دواتر بونه‌ته ناوكی گه‌لی عیبری و
به‌رهه‌مهێنه‌ری ئایینی یه‌هودی، بڕوا وایه له بنه‌ڕه‌تدا چه‌ند خێڵێكی
بیابانشینی هه‌ندێك ناوچه‌ی بیابانی و زورگانی فه‌له‌ستین بون و له (ئورشه‌لیم) و
ده‌وروبه‌ری نیشته‌جێ بون. بۆیه دواتر گرنگترین پاڵنه‌ری بیری ئایینیی یه‌هودی
دژایه‌تیكردنی دیمه‌نه‌كانی ژیانی كشتوكاڵی و په‌رستشه‌كانی به‌پیتیی سروشت و به‌روبومی
كشتوكاڵی بوه. له‌به‌ر ئه‌وانه زۆر ئاسایی و چاوه‌ڕوانكراوه له ده‌قه ته‌وڕاتیه‌كه‌دا
(به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌فسانه شومه‌ری و بابیلیهكانهوه) خواوه‌ند خۆشیی له به‌روبومی
كشتوكاڵی نه‌یه‌ت و به به‌روبوم و قوربانیی ئاژه‌ڵ ڕه‌زامه‌ند و خۆشحاڵ ببێت.
ئایا کێشمه‌کێشه‌که له‌سه‌ر خوشکه‌کانیان بوە؟
چیرۆكه‌كه له لێكدانه‌وه‌ی كێشمه‌كێشی نێوان
قابیل و هابیلدا شێوازێكی تری هه‌یه كه له ته‌فسیره‌كان و هه‌ندێك گێڕانه‌وه‌ی
ئیسلامی‌دا (بڕوانه: ته‌فسیری طه‌به‌ری، له‌سه‌ر: المائدة: ٢٧، گێڕانه‌وه‌ی ژماره ١١٧١٤ له ئیبن ئیسحاقهوە ئه‌ویش له که‌سێکی شارەزاوە له ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌کان، ١١٧١٥
له ئیبن مه‌سعود و هه‌ندێک صهحابیی ترەوە) ده‌رده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌ش كاتێك ده‌ڵێن ئه‌و
كێشمه‌كێشه له‌سه‌ر ئه‌وه بوه كه له‌و كاته‌دا نه‌وه‌كانی ئاده‌م دوانه (كوڕ و
كچێك) بون و هه‌ر برایه‌ك خوشكه هاوسكهكهی خۆی داوه‌ته براكه‌ی وه‌كو ژن به
ژن، به‌ڵام قابیل كه ده‌بینێت خوشكه‌كه‌ی خۆی كه بۆ هابیل ده‌بێت جوانتره و
خوشكی هابیل كه بۆ ئه‌م ده‌بێت جوان نیه؛ ئێره‌یی به هابیل ده‌بات و ده‌بێته
ناكۆكییان، پاشان چاره‌سه‌ری ئه‌وه‌یان بۆ داده‌نرێت هه‌ر یه‌كه‌یان قوربانییه‌ك
پێشكه‌ش بكات و قوربانیی هه‌ر كامیان وه‌رگیرا؛ كچه جوانه‌كه بۆ ئه‌و ده‌بێت، به‌ڵام
قوربانیی هابیل وه‌رده‌گیرێت، ئیتر قابیل ڕقی لـێ هه‌ڵده‌گرێت و ده‌یكوژێت(٤).
ئه‌م گێڕانه‌وانه‌ش شوێنه‌وارێكیان له ده‌قه قورئانی و ته‌وڕاتی و هه‌تاكو تهلمودیهكاندا
نیه و ڕه‌نگه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ داڕشتنه‌وه‌یه‌كی مه‌سیحیی چیرۆكه ته‌وڕاتیه‌كه
كه پێی ده‌وترێت (كتێبی ئاده‌م و حه‌ووا) یاخود (كێشمه‌كێشی ئاده‌م و حه‌ووا له‌گه‌ڵ
شه‌یتان) The
Conflict of Adam and Eve with Satan كه سه‌ده‌ی (٥ ز.) (واته ساڵانی
٤٠٠ ـ ٥٠٠ ز.)، له‌لایه‌ن كه‌سێكی میسریه‌وه، به عه‌ره‌بی نوسراوه و دواتر كراوه
به حه‌به‌شی(٥) [ئه‌م زانیاریه، واته بونی ده‌قێكی
ئایینی به زمانی عه‌ره‌بی له‌پێش ئیسلامدا، شتێكی زۆر گرنگه و ئه‌و قسه‌یه هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه
كه ده‌ڵێت قورئان یه‌كه‌م په‌خشانی هونه‌ریی عه‌ره‌بیه یان یه‌كه‌م كتێبی
ئایینیه به عه‌ره‌بی، دیاره ده‌قی ئایینیی تریش پێش قورئان به زمانی عه‌ره‌بی
هه‌بوه، وه‌كو ئه‌م ده‌قه‌ی باسمان كرد.. به‌ڵام درێژەی ئه‌م باسه ههڵدەگرین
بۆ دەرفه‌تی تر و توێژینه‌وەی تر]، له‌م ده‌قه‌شدا هه‌مان چیرۆك ده‌بینینه‌وه و
ده‌ڵێت قهیین خوشكه‌كه‌ی خۆی به ناوی (دهنكهمرواری) (لٶلٶة) Luluwa خۆش ویستوه و ئاماده نه‌بوه
له‌گه‌ڵ هابیلدا بیگۆڕێته‌وه(٦).
هه‌روه‌ها ده‌قێكی تری مه‌سیحی هه‌یه به‌ناوی
(ئه‌شكه‌وتی گه‌نجینه‌كان) Cave of Treasures، كه له سه‌ده‌ی (٢ ز.) به‌دواوه، نوسه‌رێكی
مه‌سیحی نوسیویه‌تی (ئه‌و بنه‌ڕه‌ته‌ی ماوه‌ته‌وه به سوریانیه)، له‌م ده‌قه‌شدا
هه‌مان چیرۆك ده‌بینینه‌وه: حه‌ووا قابیل و (لێبودا) Lebhûdha ی خوشكی بو، هه‌روه‌ها هابیل و (كێلیمهت) Kelîmath ی
خوشكی بو، واته خوشكه هاوسكهكهی قابیل ناوی لێبودا بو، خوشكه هاوسكهكهی هابیلیش
ناوی كێلیمهت بو. ئینجا ده‌ڵێت لێبودا جوانتر بو، بۆیه قابیل ئاماده نه‌بو له‌گه‌ڵ
(كێلیمهت) ی خوشكه هاوسكهكهی هابیلدا بیگۆڕێته‌وه. ئینجا ده‌قه‌كه ده‌ڵێت: ئاده‌م
ویستی ڕێكیان بخات، پێی وتن: له به‌روبوم و له ئاژه‌ڵ (به‌رخ) له‌گه‌ڵ خۆتان
بهێنن و بچن بۆ سه‌ر لوتكه‌ی چیای پیرۆز (كه گه‌نجینه‌كه‌ی لێیه)، قوربانیی
خۆتان بكه‌ن و نزا بكه‌ن تا هاوسه‌رتان دیاری بكرێت. جا ده‌ڵێت: شه‌یتان چوه ناو
قابیله‌وه و هه‌ڵی نا بۆ كوشتنی هابیل، قوربانیهكهیشی وه‌رنه‌گیرا، دواتر كاتێك
له چیاكه هاتنه خواره‌وه قابیل په‌لاماری هابیلی دا و به به‌رد كوشتی، ئیتر
قابیل ڕای كرد و به‌درێژایی ژیانی ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر بو. بڕوانه: ئه‌شكه‌وتی
گه‌نجینه‌كان: ٣٤ (په‌ڕه‌ی ٧ب، ستونی ٢، په‌ڕه‌ی ٨ب، ستونی ١،٢) ی ده‌ستنوسه
سوریانیهكهی مۆزه‌خانه‌ی بریتانیی تۆماركراو به هێمای (Brit. Mus. MS. Add. 25875.)(٧).
ئه‌م چیرۆكه‌ی ده‌قی (ئه‌شكه‌وتی گه‌نجینه‌كان) به‌ته‌واوی له نوسینه ئیسلامیه‌كان
(ته‌فسیره‌كان) دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، بۆیه له ته‌فسیره‌كانی قورئاندا ده‌وترێت
كه ناوی خوشكه‌كه‌ی قابیل (لبودا) بوه و ناوی خوشكه‌كه‌ی هابیل (إقلیما) بوه(٨).
ئه‌مه‌ش چونكه ئه‌ده‌بیاتی سوریانی كاریگه‌ریی به‌سه‌ر ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بی ـ
ئیسلامیه‌وه زۆره.
ئه‌م چیرۆكه مه‌سیحیه كه سه‌باره‌ت به چه‌ند
كه‌سێتییه‌كی ته‌وڕاتیه، واته بابه‌تێكی یه‌هودی ـ مه‌سیحیه، له ڕاستیدا هه‌ندێك
ڕیشه‌ی له هه‌ندێك ده‌قی یه‌هودییشدا هه‌یه: له (برێشیت ڕابا) دا كه به‌شێكی
(میدراش ڕابا) یه و میدراشێكی ههگگاداییه، ده‌ڵێت: قهیین جمك بو، كچێك له‌گه‌ڵیدا
له‌دایك بو، به‌ڵام هابێل به سكێكی سیانه بو: دو كچ له‌گه‌ڵیدا له‌دایك بون
(برێشیت ڕابا: ٢٢: ٢، ٧)(٩). هه‌ست ده‌كرێت ئه‌مه ناوكێكی چیرۆكه یه‌هودی ـ مه‌سیحیه‌كه
بێت، واته كێشمه‌كێشی قهیین و هابێل له‌سه‌ر خوشكه جوانه‌كه. هه‌روه‌ها ئاماژه
بۆ بڕگه‌یه‌كی (فیرقای ڕابی ئێلیعه‌زه‌ر: ٢١) ده‌كرێت وه‌كو ڕیشه‌یه‌كی تری چیرۆكه‌كه
(میدراشی "فیرقای ڕابی ئێلیعه‌زه‌ر" هه‌رچه‌ند میدراشێکی درەنگوەخته
له نوسینهوە و پاکنوسکردنیدا، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وە ڕەگهزی کۆنتری زۆر تێدایه).
بێ گومان ئه‌م شێوازی گێڕانه‌وه‌یه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی
به بنه‌ڕه‌تی ئهفسانهكهوه نیه و بیرۆكه‌یه‌كی هه‌رزان و سوكه كه تێكه‌ڵ به
چیرۆكه‌كه كراوه، بیرۆكه‌كه‌ش هه‌وڵێكی ساده‌یه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه و پرسیارێك
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی ژنوژنخوازیی نێوان نه‌وه‌كانی ئاده‌م چۆن بوه كه ئه‌وانه
هه‌موی برا و خوشكی یه‌كتر بون، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌مه‌ش ئه‌و بیرۆكه‌یه داهێنراوه
كه خوشكی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ر كوڕێك خوشكه هاوسكهكهی خۆی بوه و له‌گه‌ڵ برایه‌كیدا
ئاڵ‌وگۆڕیان كردوه. با له‌وه بگوزه‌رێین كه چۆن هه‌مو جارێك دوانه له دایك ده‌بێت
و كوڕ و كچێك ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌و جۆره گێڕانه‌وه‌یه هه‌ر له بنه‌ڕه‌تیشدا
بیركردنه‌وه‌یه‌كی ساده و ده‌ستكرده ده‌رباره‌ی گه‌شه‌كردنی ڕژێمی خزمایه‌تی له
كۆمه‌ڵگای مرۆڤدا، جگه له‌وه‌ی ته‌نها له چیرۆكه ئه‌فسانه‌ییه‌كاندا مرۆڤایه‌تی
به ته‌نها خێزانێك و باوك و دایكێك ده‌ست پێ ده‌كات و هه‌ر به‌پێی ئه‌م چیرۆكانه‌ش
ئه‌و كێشه‌یه دروست ده‌بێت، ئه‌گه‌رنا به‌پێی بیركردنه‌وه‌ی زانستی هه‌ر زینده‌وه‌ر
و گیاندارێكی سه‌ر زه‌وی به گروپ دروست بوه و به‌ته‌نها نێر و مێیه‌ك ده‌ستی پێ
نه‌كردوه.
هه‌ندێك ڕه‌گه‌زی تری چیرۆكه قورئانیه‌كه
* دەرکهوتنی قه‌له‌ڕه‌شه‌که:
ڕه‌گه‌زێكی تری چیرۆكه قورئانیه‌كه ئه‌و دیمه‌نه‌یه
كه قابیل نه‌یزانیوه جه‌سته‌ی براكه‌ی دابپۆشێت و قه‌له‌ڕه‌شێك فێری كردوه، ئه‌م
دیمه‌نه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ندێك ده‌قی یه‌هودیی لاوه‌كی، به‌تایبه‌تی ئه‌مه
له میدراشێكی گه‌شه‌كردودا ده‌بینینه‌وه كه (فیرقای ڕابی ئێلیعه‌زه‌ر) و
میدراشێكی ههگگادیه و، ده‌ڵێت قه‌له‌ڕه‌شێك ئاده‌می فێر كرد جه‌سته‌ی هابێل ئه‌سپه‌رده
بكات (فیرقای ڕابی ئێلیعه‌زه‌ر: ٢١). ئه‌م ده‌قه‌ش (فیرقای ڕابی ئێلیعه‌زه‌ر) هه‌رچه‌ند
نوسینی كۆتایی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دوای ئیسلام به‌ڵام پشتی به‌ستوه به كه‌له‌پوری
ده‌ماوده‌می پێشتر و میدراشه كۆنه‌كان. ده‌قه‌كه‌ی (فیرقای ڕابی ئێلیعه‌زه‌ر) ده‌ڵێت
ئاده‌م نه‌یزانیوه چۆن جه‌سته‌ی كوڕه‌كه‌ی (هابێل) دابپۆشێت، ئه‌مه‌ش چونكه به‌پێی
چیرۆكه یه‌هودیه‌كان قهیین دوای ئه‌وه‌ی براكه‌ی خۆی ده‌كوژێت سه‌ری خۆی هه‌ڵده‌گرێت
و له‌و ناوه‌دا نامێنێت، به‌ڵام چیرۆكه قورئانیه‌كه ئه‌وه‌ی گۆڕیوه و ده‌ڵێت
بكوژه‌كه (واته قابیل) به‌دیار جه‌سته‌ی براكه‌یه‌وه دانیشتوه و نه‌یزانیوه
چۆن بیشارێته‌وه. واته چیرۆكه قورئانیه‌كه له‌لایه‌ن خۆیه‌وه ئه‌م گۆڕانكاریه‌ی
هێناوه به‌سه‌ر چیرۆكه‌كه‌دا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چیرۆكه قورئانیه‌كه له‌م
لایه‌نه‌وه له چیرۆكه یه‌هودیه‌كه درامیتر و كاریگه‌رتره، به‌تایبه‌تی كه ڕه‌گه‌زی
(په‌شیمانی) ی تێكه‌ڵ به چیرۆكه‌كه كردوه.
قابیل و ئهسپەردەکردنی هابیل، به
ڕێنمایی قەلەڕەشەکە
لە هونەری ئیسلامی‌دا
* "هه‌ر كه‌سێك كه‌سێك بكوژێت؛
وه‌كو ئه‌وه وایه هه‌مو مرۆڤه‌كانی كوشتبێت"
بیرۆكه‌یه‌كی تر كه له ده‌قه قورئانیه‌كه‌دا
هاتوه ئه‌وه‌یه كه قورئان وه‌كو په‌راوێزێك له‌سه‌ر ئه‌م چیرۆكه ده‌یخاته‌ڕو:
(له‌به‌ر ئه‌وه له‌سه‌ر به‌نو ئیسڕائیلمان نوسیوه كه هه‌ر كه‌سێك كه‌سێك بكوژێت
به‌بێ ئه‌وه‌ی له تۆڵه‌ی خوێنی كه‌سێكدا بێت یان له‌سه‌ر خراپه‌كارییه‌ك بێت له
زه‌ویدا، وه‌كو ئه‌وه وایه هه‌مو مرۆڤه‌كانی كوشتبێت، هه‌ر كه‌سێكیش كه‌سێك
زیندو بكاته‌وه [ژیانی ڕزگار بكات، یان بیهێڵێته‌وه و نه‌یكوژێت] وه‌كو ئه‌وه
وایه هه‌مو مرۆڤه‌كانی زیندو كردبێته‌وه..) (من أجل ذلك كتبنا علی بني إسرائیل أنه:
من قتل نفسا بغیر نفس أو فساد فی الأرض؛ فكأنما قتل
الناس جمیعا، ومن أحیاها؛ فكأنما أحیی الناس جمیعا..) (المائدة: ٣٢)، ئه‌م په‌راوێزه
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ په‌راوێزێكی هاوشێوه‌ی بڕگه‌یه‌كی میشنا (ده‌قی بنچینه‌یی ته‌لمود)
كه له‌سه‌ر تاوانی (كوشتن) ده‌ڕوات و ده‌ڵێت: له ده‌قه ته‌وڕاتیه‌كه‌دا ده‌ڵێت
(خوێنه‌كانی هابێل) له‌بریی (خوێنی هابێل) ئه‌مه‌ش مانای وایه خوێنی هابێل و هه‌مو
نه‌وه‌كانی ئه‌گه‌ر بژیایه ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی بكوژه‌كه‌ی، بۆیه نوسه‌ری
میشنا ده‌ڵێت بۆیه دروستكردنی ئاده‌م (یاخود مرۆڤ) بۆ فێركردنی ئه‌و ڕاستیه‌یه
كه هه‌ر كه‌سێك كه‌سێك له‌ناو ببات ئه‌وا به‌پێی ته‌وڕات وه‌كو ئه‌وه وایه هه‌مو
جیهانی له‌ناوبردبێت، هه‌ر كه‌سێكیش كه‌سێك بهێڵێته‌وه و ڕزگار بكات وه‌كو ئه‌وه
وایه هه‌مو جیهانی ڕزگار كردبێت (میشنا، سهنهێدرین: ٤: ٣، لا. ٣٧أ)، ئه‌مه‌ش هه‌مان
ده‌قه قورئانیه‌كه‌یه. كۆكردنه‌وه وداڕشتنی ده‌قی (میشنا) یش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ
چاره‌كی دواههمی سه‌ده‌ی (٢ ز.) (١٧٥ ـ ٢٠٠ ز.) یان چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی (٣
ز.) (٢٠٠ ـ ٢٢٥ ز.) له‌لایه‌ن ڕابی یه‌هودا (١٣٥ ـ ٢٢٠ ز.) ـه‌وه كه ناسراوه به
(یه‌هودا ها ـ ناسی)، واته ده‌قه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیكه‌ی (٤٠٠) ساڵ پێش ئیسلام. ئه‌مه‌ش مانای وایه قورئان قسه‌ی حاخامێکی به
نرخی دهقیتهوڕات گواستوەتهوە.
ــــــــــــــــــــــــ
په‌راوێز:
(١) دەربارەی
چیرۆکه شومهریهکهی (ئێمێش و ئێنتێن)، بڕوانه:
Kramer, Samuel Noah, Sumerian
Mythology, A Study
of Spiritual and Literary Achievement in the Third Millennium B.C. Philadelphia: University of Pennsylvania Press.
Revised Edition, 1961. PP. 49, 50.
(٢) دەربارەی
چیرۆکه شومهریهکهی (لههار و ئه‌شنان)، بڕوانه:
Kramer, Sumerian Mythology. PP. 53,
54.
(٣) دەربارەی
چیرۆکه شومهریهکهی (دوموزی و ئێنکیمدو)، بڕوانه:
Kramer, Sumerian Mythology. P. 102.
(٤) ته‌نها
بۆ نمونه، بڕوانه:
الطبري، جامع
البيان في تأويل القرآ‌ن. تحقيق: أحمد محمد شاكر.مؤسسة الرسالة، الطبعة
الأولى، ٢٠٠٠. جـ. ١٠،
ص‌ص. ٢٠٥ـ ٢٠٦. الأثر رقم (١١٧١٤)،( ١١٧١٥).
(٥) بڕوانه:
Platt, Rutherford H., Jr. (editor), The
Forgotten Books of Eden. New York, N.Y.; Alpha House, 1926The First Book of Adam and Eve,
also called "The Conflict of Adam and Eve with Satan". P. 3.
(6) Platt, op. sit., the First Book of Adam and Eve. Book I, chap. LXXIV,
p. 53.
(7) The Book
of the Cave of Treasures. Translated from the Syriac by E. A. Wallis Budge. London, the
Religious Tract Society. 1927. The Cave of Treasures, translation, Adam's
expulsion from Paradise, p. 69.
(٨) بۆ نمونه،
بڕوانه:
البغوي، معالم التنزيل. تحقيق: محمد عبد الله
النمر، عثمان جمعة ضميرية، سليمان مسلم الحرش. دار طيبة، الرياض. الطبعة الرابعة،
١٩٩٧. جـ. ٣، ص‌ص.
٤١، ٤٢.
الشوكاني، فتح القدير الجامع بين فني الرواية
والدراية من علم التفسير. دار الفكر، بيروت. جـ. ٢، ص. ٣٠.
(9) "Medieval
Hebrew, the Midrash, the Kabbalah", in Translations by: Dr. W. Wynn
Westcott, S. L. Mathers, Herman Adler, Adolf Neubauer, Samuel Rapaport, and Dr.
Michael Friedlander. The Sacred Books and Early Literature of the East. Vol. IV. Parke, Austin, and Lipscomb, inc., New
York, London. 1917 The Bereshith, or Genesis Rabba. P. 56