سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

عەلادین سەجادی مەلایەكی رۆژنامەنوس بە عەمامەی ئەدەبەوە

24/04/2019


ناوی‌ (عەلادین نەجمەدین عیسامەدین)ە‌، ساڵی (1907) لەژینگەیەكی ئایینییدا هاتۆتە ژیانەوە، ساڵی (1927) بەمەبەستی خوێندن بەپێی نەریتی باوی ئەو قۆناغە هاتۆتە شاری‌ سلێمانی‌ و لەمزگەوتی (شێخ جەلال‌ و مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسوڵ) بوەتە فەقێ. 

لە ساڵی (1938) مۆڵەتی‌ مەلایەتی لای‌ مامۆستا (شێخ بابەعەلی تەكیەیی) وەرگرتوە، پاشتر چۆتە بەغداو لەمزگەوتی (نەعیمە خاتون) بۆتە پێشنوێژ، لەقۆناغی مانەوەی لەشاری بەغدا لای‌ مامۆستایان (شێخ ئەمجەد زەهاوی‌ و شێخ محەمەد قزڵجی) چاوی بەهەندێك لەزانستە ئیسلامییەكاندا خشاندوەتەوە. 

لە بواری نوسیندا لەساڵی (1941) بۆتە بەڕێوەبەری‌ گۆڤاری‌ (گەلاوێژ)، لەساڵی (1948)دا گۆڤاری‌ (نزار)ی بەعەرەبی‌ و كوردی دەركردوە، پاش شۆڕشی‌ 14ی تەمموز و تا ساڵی (1974) بۆتە مامۆستای‌ ئەدەب‌ و مێژوی‌ ئەدەبی كوردیی لەكۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا، لەساڵی (1974)دا بۆتە ئەمینداری‌ گشتیی ئەوقاف.  

عەلادین سەجادی لە تەمەنی لاویدا 

عەلادین سەجادی چل ساڵ‌ لە ژیانی خۆی لەپێناو‌ زیندوكردنەوەی‌ مێژوی‌ ئەدەبی كوردییدا بەسەربردوە، لە ساڵی (1939)دا گۆڤاری‌ (گەلاوێژ) لەبەغدا دەرچو، سەجادی بەهێزەوە بەشداریی لەو گۆڤارەدا كرد، پاشتر گۆڤاری گەلاوێژ لەلایەن سەجادیەوە كەرەستەی‌ بۆ كۆدەكردەوەو لەچاپخانەدا سەرپەرشتی كاروبارەكانی دەكرد. 

سەجادی لەساڵی (1948) شانبەشانی دەركردنی گۆڤاری گەلاوێژ، گۆڤارێكی نیو مانگی سیاسیی بەناوی‌ (نزار)ەوە بەكوردی و عەرەبی بلاوكردۆتەوە، پاش دەرچونی (22) ژمارەی گۆڤارەكە، دواتلا هەردو گۆڤارەكە (گەلاوێژ) و (نزار) لەساڵی (1949)دا داخران. 

 

سەجادی لەسالانی پەنجاكاندا كەوتە نوسینی گەلێك بەرهەمی ناوازە، لەساڵی (1952)دا كتێبی (مێژوی‌ ئەدەبی كوردی) لەدوتوێی (652) لاپەڕەدا چاپكرد.

لەڕوانگەی ئاییندارییەوە، عەلادین سەجادی بە درێژایی سی‌ و پێنج ساڵ، كە پێشنوێژی مزگەوت بوە، لەوێ پێشوازیی لە ئەدیب‌ و ڕۆشنبیران كردوەن لە ساڵانی (1957- 1983) هەشت بەرگی لە كتێبی (ڕشتەی‌ مرواری‌) چاپكردوە.

لە بارەی فۆلكلۆری كوردییەوە سێ چیرۆكی لەكتێبی (هەمیشە بەهار)دا لەساڵی (1960) لەچاپ داوە، لەڕوانگەی زمانەوانییەوە لەساڵی (1962) كتێبی (دەستور و فەرهەنگی كوردی) چاپكردوە، لەڕوی ڕەخنەی ئەدەبییەوە لەساڵی (1969)دا كتێبی (نرخ شناسی) نوسیوە. 

لێرەدا بەپێویستی دەزانین بەشێوەیەكی زنجیرەیی ئاماژە بەگرنگترین بەرهەمە ئەدەبیی، رەخنەیی و مێژوییەكانی عەلادین سەجادی بدەین، ئەوانیش:

"مێژوی‌ ئەدەبی كوردی، (1952)‌ و (چاپی دوەم 1971، ناوی‌ كوردی، (1953)، ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی یەكەم، (1957)‌ و (چاپی دوەم 1999) و (چاپی سێیەم 2005)، ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی دوەم، (1957)‌ و (چاپی دوەم 1999) و (چاپی سێیەم 2005)، ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی سێیەم، (1958) و (چاپی دوەم 1999) و (چاپی سێیەم 2005)،  ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی چوارەم، (1968)‌ و (چاپی دوەم 1999) و (چاپی سێیەم 2005).


بەرگی یەكێك لە كتێبە دانراوەكانی عەلادین سەجادی

ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی پێنجەم، (1972)‌ و (چاپی دوەم 1999) و (چاپی سێیەم 2005)، ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی شەشەم، (1979)‌ و (چاپی دوەم 1999) و (چاپی سێیەم 2005)، ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی حەوتەم، (1980)‌ و (چاپی دوەم 1999) و (چاپی سێیەم 2005)، ڕشتەی‌ مرواری‌، بەرگی هەشتەم، (1983)‌ و (چاپی دوەم 1999) و (چاپی سێیەم 2005)، گەشتێك لەكوردستاندا، (1956)، شۆڕشەكانی كورد (1959)‌، (چاپی‌ دوەم 2005).

هەمیشە بەهار (1960)، دەستور و فەرهەنگی زمانی كوردی، (1961)، ئەدەبی كوردی و لێكۆڵینەوەی‌ ئەدەبی كوردی، (1968)، نرخ شناسی، (1970)، دو چامەكەی‌ نالی و سالم، (1973)، كوردەواری‌، (1974)، دەقەكانی ئەدەبی كوردی (1978)، خۆشخوانی، (1978)، (یادی پیرەمێرد) (1951).

(یادی كۆچی محەمەد ئەمین زەكی) لەساڵی (1948)، عەلادین سەجادی لە 13/12/1984 كۆچی دوایی كردوەو لەگۆڕستانی (شێخ عەبدولقادری گەیلانی) لەشاری‌ بەغدا نێژراوە.
سەرچاوە/ ماڵپەری پۆلەتیك

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.