سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

سعودیە.. بانگخوازەكان متمانەی جەماوەریان لەدەستداوە

13/05/2019


لە سعودیە دیاردەیەكی تازە سەریهەڵداوە ئەو گەورە بانگخوازانەی لایەنگیری خۆیان بۆ دەسەڵاتی فەرمانڕەوا ڕاگەیاندووە، پەشیمانی و بێبەریبوونی خۆیان دەربڕیوە لەو ڕابردووە بانگخوازییەی هەیان بووە، ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر بە وانە و پەرتووك و پرۆگرامی تەلەفزیۆنی دونیایان پڕ كردبوو، بە فەتوا ئاگرینەكانیان پرسەكانی ئومەتی ئیسلامیان گەرم كردبوو، تا ئەو ڕادەیەی هەندێك ئەوانیان بە ئەستێرەی بانگخوازی دەدایە قەڵەم.

زانایانی شەریعەتی ئیسلامی و بانگخوازە ئاینییەكان لە هەندێك دەوڵەتی عەرەبی و بە تایبەتیش لە سعودییە، لە دۆخێكی پڕ ترس‌و لەرز و تۆقاندندا دەژین، ئەمەش دوای ئەوەی دەیەهایان لێدەستگیركران و چەندەهای دیكەشیان دەستبەسەرن.

 

ئێستا بۆ پیاوە ئایندارە سەربەخۆكانیش سەختە، بۆچوون و هەڵویستی خۆیان دەربڕن
ئێستا بۆ پیاوە ئایندارە سەربەخۆكانیش سەختە، بۆچوون و هەڵویستی خۆیان لەمەڕ ڕووداوە كۆمەڵاتییەكانی دەوڵەتەكانیان دەربڕن، پێشتر تەنیا سیاسەت بۆ ئەوان هێلی سوور بوو، كە دەسەڵات بۆی كێشابوون، تەنانەت ئەوانەی لاداری دەسەڵاتیش بوون و شەرعییەتی ئاینی و سیاسیان بۆ مسۆگەر كردبوو، ئێستا توانستی ئەوەیان نییە سەبارەت بە پرسە لاوەكییەكانیش پیادەی ڕۆڵی ئاراستەكەری خۆیان بكەن لە كۆمەڵگادا، ئەمەش دوای ئەوەی ڕینماییان پێگەیشتووە دەمیان داخەن.
لەو ساوەی شانشینی عەرەبی سعودیە دامەزراوە، ئەمە یەكەمجارە وەزارەتی ناوخۆ دەزگا ئەمنییەكان لەوە ئاگادار بكاتەوە كە خۆیان لە قەرەی دیاردەكانی خواردن و خواردنەوەی هاووڵاتییان‌ لە ڕۆژانی ڕەمەزاندا نەدەن، ئەمەش‌ بە گوێرەی نووسراوێكی فەرمی كە چەند چالاكوانێك لە توڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دزیان پێكردووە. 

دوای هاتنە سەركاری محەمەد بن سەلمان زۆربەی بانگخوازان بێدەنگن
لەو كاتەوەی محەمەد بن سەلمان هاتۆتە سەر تەختی جێنشینی باوكی لە سعودیە، هەوڵیدا پیاوانی ئاینی بەلای خۆیدا ڕابكێشێت، دۆستایەتی هەندێكیشیان بۆ خۆی مسۆگەر بكات بۆ‌ پشتیوانیكردنی ئەو ووتارە بەناو نوێخوازییەی گوایە خۆی هەڵگریەتی، لەولاشەوە زۆرینەی زانا و بانگخوازانی دیكە بێدەنگیان هەڵبژارد، بەوەی سەبارەت بە گۆڕاوە لەناكاوەكانی ووڵاتەكەیان هیچ نەڵین و بێدەنگبن.


سەرباری زۆری ژمارەی ئەو بانگخوازانەی تووشی لیپێچینەوە بوون، بە گوێرەی بەڵگەنامەكانیش ئەوانەی دوای تەنها دوو مانگ لە هاتنەسەركاری محەمەد بن سەلمانی جێنشینەوە،‌ لەسەر بیروبۆچوون لە سعودیە دەستگیركراون، ‌ ژمارەیان گەیشتۆتە 105 كەس‌ لە بانگخواز و چالاكوان و ئەكادیمی و نووسەران.


سەیرەكە ئەوەیە ئەم هەڵمەتەی گرتن و ڕاوەدوونانە بە كەسە نزیكەكانی لایەنگیری دەسەڵات دەستیان پێكرد، بۆ نموونە "سلێمان ئەبالخەیل" ی سەرۆكی زانكۆی ئیمام محەمەد بن سعود كە لە توندترین شێخە بانگخوازەكان بوو و لایەنگیری محمەمەد بن سەلمان بوو، زۆریش ڕقی لە ئیسلامییەكان بوو، ڕاژەی چەندەها فەرمانبەر و ئەكادیمی لە زانكۆ كۆتایی پێهێنا تەنها لەبەر ئەوەی سۆزداری ئیخوانەكان بوون كە دەسەڵاتی دوژمنایەتی خۆی لە دژ ڕاگەیاندن، سەرباری ئەوەی "سلیمان ئەبالخەیل" بۆ ڕازیكردنی محەمەد بن سەلمان قسەی ناشرینی بە  ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ووت.


بە گوێرەی واڵی "العهد الجدید" ی سەر تویتەر، ئەبالخەیل بە فەرمانی ڕاستەوخۆی محەمەد بن سەلمان لە پۆستەكەی دوورخرایەوە، پێگەكە ئەوەشی خستووەتەڕوو :"ئەو خۆی و دارو دەستەكەی،تۆمەتی گەندەڵی دارایی دراوەتەپاڵ.


شێخ ئیدریس و‌لد سیدی عەبدولقادری ئەندامی ڕایەڵەی زانایانی مەغریبی عەرەبی بۆ خەلیج ئۆنلاین ووتی: "دەستدرێژی ستەمكاران بۆ سەر ئامۆژگارییكەر و زانایانی ناو كۆشكی سەر بە دەسەڵات، پەیامێكی مەترسیدارە و سوڵتانی دەسەڵاتدار بەم كارەی لە نزیكەكان دات تاوەكو دوورەكانی پێ بترسێنێت".


وتیشی:‌ "ئەم میتۆدە بەرهەمی هەبووە، سەرباری دەركەوتنی ڕەفتارە كۆمەڵایەتییە دژە ئاینییەكان، كەچی زۆرینەی هەرە زۆریان بێدەنگیان هەڵبژارد و لە ماڵی خۆیان دانیشتن ، بۆ نموونە دەستەی گەورە زانایانی سعودیە لە بەرامبەر بەرتەسككردنەوەی ڕۆڵی دەستەی "فرمان بە چاكە و ڕەتكردنەوەی خراپە" ‌دا بێدەنگ بوون، لەولاشەوە پشتیوانی دەستەی "خۆشی و زاخاوی مێشك" یان كرد كە پرۆگرامی وای خستنە بازاڕەوە كە ڕەشبینترین كەسەكان بە خەیاڵیاندا نەدەهات ئەو جۆرە پرۆگرامانە لە ووڵاتدا پەخش بكرێن، لەو ووڵاتەی  كە بەرهەمهێنەری محەمەدی كوڕی عەبدولوەهابە كە دەوڵەت میتۆدەكەی لە ڕووی‌ ڕۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەوە كردە ڕێبازی خۆی".


گلانی ئەستێرەكانی  بانگخوازی 
شتێكی باوە كە ڕژێمە عەرەبییەكان،  زانا و بانگخوازان كە بە ئاشكرایی بانگخوازی دەكەن دەستگیر بكات كاتێك دژ بە میتۆد و ڕیبازی حوكمرانی ئەوانبن، بەڵام سەیرەكە لەوەدایە ئەوانە دەستگیر بكەیت و هەڕەشەیان لێ بكەیت كە خۆیان بێدەنگ كردووە و لایەنگری دەسەڵاتن، ئەمەش‌ ئەوەیە كە پێشتر لە سعودیە ڕووی نەداوە.


شێخ محەمەد عورەیفی لەو ئەستێرە بانگخوازانە بوو كە لە سەردەمی پەرەسەندنی كەناڵە ئاسمانییەكان درەوشایەوە، ژمارەی هەوادارانی لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گەیشتۆتە 20 ملیۆن كەس.


عورەیفی بێدەنگ بوو سەبارەت بەو پرسانەی لەم دوایانەدا ورژێندران و لە وانەش كوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووس و دەستگیركردنی زانا و بانگخوازان، دەسەڵاتدارانی ووڵاتەكەی بە كەڵكی نەهاتن و لە ساڵی 2014 وە چەندەهاجار دەستگیر كراوە، بێ ئەوەی دەسەڵاتداران فرمانی دەستگیركردنەكەی ئاشكرا بكەن.


بە گوێرەی زاینارییەكانی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، دواتر عورەیفی ووتاربێژی و وانە ووتنەوەی لە هەموو مزگەوتەكاندا لێ قەدەغەكرا، یەكێك لە كوڕەكانیشی دەستگیركراو حوكمدرا، ئەمەش‌ بە گوێرەی پێگەی ئەلەكترۆنی "دەستگیركراوانی بیروڕا"، ئێنجا لەسەر تویتەر واڵی عورەیفی دیار نەما، بێ ئەوەی هۆكارەكانی بزانرێن.
ئینجا هێندەی نەبرد عورەیفی كە یەكێكە لە دەموچاوە دیارەكانی ڕابوونی ئیسلامی لە سعودیە، لە واڵەكەی خۆیەوە دەركەوتەووە و بە قسە و ووتارەكانی جێنشینی سعودیەی هەڵاووت كە لە لوتكەی وەبەرهێنانی ڕیازدا كردنی.


عورەیفی لە دیسەمبەری ڕابردوو، هاشتاگێكی لەژێر ناونیشانی "متمانەی تەواومان بە محەمەد بن سەلمان هەیە" دامەزراند، لە جریوەیەكیشی لەسەر تویتەردا ووتی: "ئەركمانە نزا بۆ ئەوانە بكەین كە كاروباری موسوڵمانانیان گرتۆتەدەست، ئومێد و هیوای چاكە و سەركەوتنیان بۆ دەخوازین، هاریكاریان دەبین لەسەر كاری چاكە و سوودی گشتی لە ووڵاتدا، دووركەوتنەوەش لە قین لەدڵ و دڵڕەشان كە چاویان بە شكۆمەندی و پایەبڵندی سعودیە هەڵنایەت، بەڵكو هیوای پەرتبوون و ناكۆكی بۆ دەخوازن".
 
كاریگەری بۆ سەر نەوەكان
شیخ هەیسەم مەشهەدانی ئەندامی یەكیەتی جیهانی زانایانی موسوڵمانان پێی وابوو ترس لە ڕاوەدوونان و دەستگیركردن هۆكاری هەرە‌ گەورەی پشت دیاردەی گلانی ئەو بانگخوازانەیە كە سەنگ و قورساییان لە كۆمەڵگای سعودیەدا هەیە.

مەشهەدانی بۆ خەلیج ئۆنلاین ووتیشی: "زانیاریمان پێگەیشتووە كە ڕاوەدوونانی هەندێك لە زانا و بانگخوازان لە سعودیە گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی گەشتكردنیان لێ قەدەغەكراوە، ئەڵقەی چاودێریشیان لە دەست كراوە تاوەكو دەسەڵاتدارانی سعودیە شوێنپێیان هەڵگرن".


ئاماژەی بەوەشدا، دەسەڵاتدارانی سعودیە لە ساڵی 2017 بڕیارێكیان دەركردووە بە قەدەغەكردنی گەشتكردن لە هەردوو شێخەكە (عورەیفی و قەڕنی) ، لە كەناڵی تایبەتیشەوە هەڕەشەی ئەوەیان لێكردوون كە چارەنووسیان وەك چارەنووسی شێخ سلێمان عۆدە و ئەوانی دیكە دەبێت".


لە قسەكانیدا بۆ پێگەی خەلیج ئۆنلاین ، مەشهەدانی ووتیشی: "مێژووی ئیسلام پڕپڕە لە و وێنە وێچووە لاڕێیانە كە پێشەوایەتی بانگخوازیان كردووە و بەهەڵەداوان دوای دەسەڵات كەوتوون، یان بە زۆری لە ترسان بووە، یان بۆ بەدەستهێنانی دەستكەوت و زێدەماف لە هەندێك كاتدا، كەمیشن ئەوانی خۆڕاگربوون لە بەرامبەر ترس و تۆقاندن وەك ئیبن تەیمییە و ئیمام محەمەدی كوڕی حەنبەل و هی دیكەش".


سەبارەت بە كاریگەری هەڵوێستی بانگخوازان لەسەر ڕای گشتی و پێگەیاندنی بانگخوازان لە جیهانی ئیسلامیدا، مەشهەدانی ووتی: "ئەو واقعانە بێ دوودڵی كاریگەرییان دەبێت بۆسەر دەروونی ئەوانی گوێبیستی ووتارەكانی ڕابوونی ئیسلامی دەبن، بە تایبەتیش لە سایەی ئەو هەڵمەتی شێواندنەی كە زنجیرە دراما و پرۆگرامە گفتوگۆكارییەكان دژ بە هەموو ئەو شتانە پێشكەشی دەكەن كە پەیوەستن بە ئاین و بانگخوازانەوە".


سەرچاوە: خلیج اونلاین

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.