سه‌روه‌ر پێنجوێنی
تابلۆیه‌کی ئیسلامی که موحه‌ممه‌د و هاوه‌ڵه پایه‌داره‌کانی پێشان ئه‌دات که دانیشتون به‌دیار قه‌تڵوعامی به‌نو قوڕهیظهوه یه‌كێك له كاره ههرهتوندوتیژهكانی موحه‌ممه‌د كه به هیچ پاساوێك ناشۆردرێته‌وه بریتیه له‌وه‌ی نزیكه‌ی (800) كه‌س (نێرینه) له خێڵی جوله‌كه‌ی (به‌نو قوڕهیظه) له مه‌دینه، دوای ئابڵوقه‌یه‌كی سه‌خت، به فه‌رمانی ئه‌و له یه‌ك جێگه‌دا وه‌كو مه‌ڕ سه‌ربڕاون. سه‌ربڕینی نزیكه‌ی (800) پیاوی به‌نو قوڕهیظه له یه‌ك جێگه‌دا و له‌نێو زریكهوهوڕی ژنومنداڵهكانیاندا و موحه‌ممه‌دیش وه‌كو ته‌ماشاكه‌رێك ئاماده بوه و جه‌سته‌ی كوژراوه‌كانیش هه‌ر به ده‌ستوری (گۆڕه به‌كۆمه‌ڵ) له خهندهكێكدا له ناوه‌ڕاستی شاردا شاردراونه‌ته‌وه و دواتر هه‌مو ژنومنداڵهكانیش كراون به كۆیله و فرۆشراون.. ئه‌مه شتێکه هه‌ر به ده‌م خۆشه و مایه‌ی شهرمهساریه.
درێژه و ورده‌کاریی ڕوداوه‌کان: ڕوداوه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جه‌نگی (ئه‌حزاب) یاخود (خه‌نده‌ق) (ساڵی 5 ك.)، كاتێك قوڕه‌یش و خێڵه‌كانی هاوپه‌یمانی هاتن و له‌ده‌وری خه‌نده‌كی شاری مه‌دینه بارگه‌یان خست، (كه‌عبی كوڕی ئه‌سه‌د) كه سه‌رۆكی خێڵی (به‌نو قوڕهیظه) بو ئه‌ویش هاوكاریی كردن و له‌گه‌ڵ سوپای خێڵه‌كاندا خۆی ڕێك خست، ئه‌مه‌ش به هاندان و دنه‌دانی قوڕه‌یش. سه‌ره‌نجامیش به هۆی تاكتیكێك كه تازهموسوڵمانبویهك كردی و موحه‌ممه‌د ناردبوی؛ نێوانی قوڕه‌یش و به‌نو قوڕهیظه تێك چو و متمانه‌یان به یه‌كتر نه‌ما، ئیتر ئه‌مه و چه‌ند هۆكارێكی تر قوڕه‌یش و خێڵه‌كانی تریان بێهیوا كرد و بارگه‌وبنه‌یان پێچایه‌وه و ڕۆشتنه‌وه. ئیتر هه‌ر ئه‌و ڕۆژه موحه‌ممه‌د بڕیاری دا هێرش بكرێته سه‌ر به‌نو قوڕهیظه و تا كاتی عه‌سر هه‌مو جه‌نگاوه‌رانی ئیسلام له‌وێ بن. بۆ ماوه‌ی (25) ڕۆژ ئابڵوقه‌ی قه‌ڵاكانیان به‌رده‌وام بو. مه‌رجی به‌نو قوڕهیظه بۆ ته‌سلیمبون ئه‌وه‌بو وه‌كو خێڵه جوله‌كه‌كانی تر ڕێیان بدرێت كۆچ بكه‌ن بۆ فه‌له‌ستین.
به‌ڵام موسوڵمانه‌كان ئه‌و په‌یمانه‌یان پێ نه‌دان، له دواییدا ڕازی بون به‌پێی بڕیاری (سه‌عدی كوڕی موعاذ) ی سه‌رۆكی ئه‌وس خۆیان ته‌سلیم بكه‌ن، كه پێشتر هاوپه‌یمانی ئه‌وس بون. بڕیاری (سه‌عدی كوڕی موعاذ) یش ده‌رباره‌ی ئه‌وان ئه‌وه‌بو كه پیاوه‌كانیان سه‌رببڕێن و ژنومنداڵهكانیان بكرێنه كۆیله! (ئه‌مه له كاتێكدا پێشتر هاوپه‌یمانیان بوه و ئه‌وان متمانه‌یان به‌و كردوه)، ئیتر خۆیان ته‌سلیم كرد به‌بێ ئه‌وه‌ی دڵنیا بن سه‌ره‌نجامه‌كه‌یان چیه. ئینجا دوای جیاكردنه‌وه‌ی ژنومنداڵهكانیان، پیاوه‌كانیان كه زیاتر له (800) كه‌س ده‌بون، هێنران و نزیك خهندهكێك ده‌ست كرا به مل پهڕاندنیان، عه‌لی و زوبه‌یر خه‌ریكی مل پهڕاندنیان بون و موحه‌ممه‌د دانیشتبو ته‌ماشای ده‌كرد.
لێره‌دا له په‌راوێزی باسی قه‌تڵوعامی به‌نو قوڕهیظهدا چه‌ند دیمه‌نێكی ئه‌و قه‌تڵوعامه یاد ده‌خه‌ینه‌وه: 1. چۆن باڵغ و ناباڵغی به‌نو قوڕهیظه جیا کراونه‌ته‌وه؟ گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كان ده‌ڵێن: ته‌ماشای به‌ری مێردمنداڵه‌كان ده‌كرا، ئه‌وه‌ی توكی كردبێت كوشتویانه، ئه‌وه‌ی نه‌یكردبێت كردویانه به كۆیله و فرۆشتویانه (فمن أنبت الشعر قتل، ومن لم ینبت لم یقتل). ئه‌م ده‌نگوباسه (عهطییهی قوڕهیظهیی) (عطیة القرظي) كه یه‌كێك بوه له‌و مێردمنداڵانه ده‌یگێڕێته‌وه و ده‌ڵێت ئه‌و له‌وانه بوه كه له‌و كاته‌دا توكیان نه‌كردوه و نه‌كوژراون به‌ڵكو كراون به كۆیله (فكشفوا عانتي، فوجدوها لم تنبت، فجعلوني فی السبي)، له شێوه‌یه‌كی تری گێڕانه‌وه‌كه‌دا، عه‌طییه ده‌ڵێت: گومانیان له من هه‌بو منداڵم یان باڵغم و توانای جه‌نگانم هه‌یه، ئیتر موحه‌ممه‌د وتی: (ته‌ماشا كه‌ن، ئه‌وه‌ی توكی ڕوابو بیكوژن، ئه‌گه‌رنا مه‌یكوژن)! (فقال رسول الله صلی الله علیه وسلم: انظروا فإن كان أنبت الشعر؛ فاقتلوه، وإلا؛ فلا تقتلوه) (ئیبن حیببان 4781 و حاكیم 8172 و 8173 و تیرمیذی 1584 و ئه‌بو داوود 4406 و نه‌سائی 5622 و 5623 و 8620 و 8621 و ئیبن ماجه 2541 و ئه‌حمه‌د 18776 و 19421 و به‌یهه‌قی 11097 ـ 11101 و داریمی 2464 و عه‌بدولڕه‌ززاق 18742 و ئه‌بو عوانه 5210 ـ 5215 و هه‌ندێكی تر. تیرمیذی ده‌ڵێت: حه‌دیسێكی حه‌سه‌نی صه‌حیحه.
به‌گشتی حه‌دیسه‌كه به صه‌حیح داده‌نرێت. حوسه‌ین سه‌لیم ئه‌سه‌د له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌كه‌ی داریمی ده‌ڵێت: به‌پێی مه‌رجی بوخاری صه‌حیحه. شێخ شوعه‌یبی ئهڕنائوط له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌كه‌ی ئیبن حیببان ده‌ڵێت: به‌پێی مه‌رجی هه‌ردو بوخاری و موسلیم صه‌حیحه. شێخ ئه‌لبانی له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌كه‌ی تیرمیذی و ئه‌وه‌ی ئه‌بو داوود و ئه‌وه‌ی ئیبن ماجه ده‌ڵێت: صه‌حیحه). 2. دیمه‌نی ته‌ماشاكردنی قهتڵوعامهكه له‌لایه‌ن موحه‌ممه‌ده‌وه: سه‌رچاوه ئیسلامیه‌كان ده‌ڵێن: عه‌لی و زوبه‌یر (ی كوڕی عه‌ووام) (دوان له‌و ده كه‌سه‌ی مژده‌ی به‌هه‌شتیان پێ دراوه!) خه‌ریكی مل پهڕاندنیان بون و موحه‌ممه‌دیش دانیشتوه (خۆی و هاوڕێكانی) ته‌ماشای كوشتنی یهكهیهكهیانی كردوه! بڕوانه: الواقدي، المغازي. جـ. 1، ص. 514، ابن سعد، الطبقات الكبری. جـ. 2، ص. 75.
چۆن ژنه‌كانیان تكایان كردوه بۆ به‌خشینی پیاوه‌كانیان: كاتێك ژنه‌كانی به‌نو قوڕهیظه برانه ماڵی ئوسامه و ماڵی ڕه‌مله، تكایان كرد و وتیان: "به‌شكو موحه‌ممه‌د پیاوه‌كانمان ببه‌خشێت یان فیدیه و پاره‌یان لێ وه‌ربگرێت". كاتێك كه ڕۆژ بوه‌وه و زانییان پیاوه‌كانیان هه‌مویان كوژراون هاواریان كرد و یه‌خه‌یان دادڕی و پرچیان بڵاو كرده‌وه و به مه‌دینه‌دا بڵاو بونه‌وه و خۆیان ده‌كوتا. بڕوانه: الواقدي، المغازي. جـ. 1، ص. 518. 4. چۆن گۆڕه به كۆمه‌ڵیان بۆ ساز كراوه: دوای ئه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل و ئاژه‌ڵ و سامانه‌كانیان كۆكرانه‌وه و ڕێك خران؛ موحه‌ممه‌د چو بۆ بازاڕ و فه‌رمانی دا به صه‌حابیه‌كان خه‌نده‌ك هه‌ڵبكه‌نن، ئیتر له بازاڕی مه‌دینه‌دا خه‌نده‌كێكی درێژ هه‌ڵكه‌نرا، ئینجا موحه‌ممه‌د خۆی و صه‌حابیه پایه‌داره‌كانی دانیشتن و بانگی كرد پیاوه‌كانی به‌نو قوڕهیظه بهێنن، ئیتر یه‌كه‌یه‌كه ده‌هێنران و له ملیان ده‌درا و ده‌خرانه خهندهكهكهوه. بڕوانه: الواقدي، المغازي. جـ. 1، ص. 514. ابن سعد، الطبقات. جـ. 2، ص. 75. ابن هشام، السیرة النبویة. جـ. 2، ص‌ص. 40، 41. دیاره (گۆڕه به كۆمه‌ڵ) له مێژوی عه‌ره‌بدا كۆنه و دیارده‌یه‌كی تازه نیه و داهێنانی به‌عس نیه!
فرۆشتنی ژنومنداڵهكانیان: سه‌رچاوه ئیسلامیه‌كان ده‌ڵێن: كاتێك ژنومنداڵ و ده‌سكه‌وته‌كان كۆكرانه‌وه؛ موحه‌ممه‌د فه‌رمانی دا: ئه‌وه‌ی كه‌لوپه‌ل بو فرۆشرا به‌وانه‌ی ده‌یانویست، ژنومنداڵه به كۆیلهكراوهكانیش فرۆشران به‌وانه‌ی ده‌یانویستن! (وبِیعَ السّبْيُ فیمن یُرید) دارخورماكانیش دابه‌ش كران. بڕوانه: الواقدي، المغازي. جـ. 1، ص. 522. هه‌روه‌ها بڕوانه: ابن سعد، الطبقات. جـ. 2، ص. 75.به‌م شێوه‌یه ژنومنداڵهكان له مه‌زادێكی ئاشكرادا فرۆشراون!ئیتر بیری لێ بكه‌ره‌وه خێزانێك چیی لێ به‌سه‌ر هاتوه:بابه و كاكه ملیان په‌ڕێنراوه و هه‌ر له ناوه‌ڕاستی شاردا خراونه‌ته ژێر گڵه‌وه،دایه بوه‌ته كۆیله/ژنی كه‌سێك، كچه‌كه‌یان بوه‌ته كهنیزی كه‌سێكی تر،كوڕه بچوكه‌كه‌یان بوه‌ته كۆیله‌ی سه‌رمایه‌دارێكی تر..ماڵ و باخ و سامانه‌كه‌یان دابه‌ش كراوه به‌سه‌ر ئه‌و كه‌س و خێڵانه‌دا كه له ئابڵوقهدانهكهدا عه‌زێتیان كێشاوه به‌وه‌ی چاوه‌ڕوانی ته‌سلیمبونیان بون!!به‌م شێوه‌یه كه ـ كورد وته‌نی ـ هه‌ر به ده‌م خۆشه و قه‌ڵه‌میش شهرمهساره.
هه‌ڵبژاردنی ڕه‌یحانه: له‌نێو ژنه بهكۆیلهكراوهكانی به‌نو قوڕهیظهدا، موحه‌ممه‌د (ڕه‌یحانه) ی بۆ خۆی جیا كرده‌وه، كه ژنێكی جوان بو. ڕه‌یحانه، كه خۆی له جوله‌كه‌ی به‌نو نه‌ضیر بو و شوی به كه‌سێك كردبو له به‌نو قوڕهیظه، تا مردنیشی هه‌ر به كۆیله‌یی ژنی موحه‌ممه‌د بو. له سه‌ره‌تادا ئاماده نه‌بو ببێته موسوڵمان، ئینجا موحه‌ممه‌د كه‌سێكی به ناوی (ئیبن سه‌عییه) نارد بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌یحانه بهێنێته سه‌ر بڕوای موسوڵمانبون، هه‌تا ڕه‌یحانه موسوڵمان بو. به‌ڵام به‌پێی زۆربه‌ی سه‌رچاوه‌كان هه‌ر به كۆیله‌یی مایه‌وه، تا هه‌ر له ژیانی موحه‌ممه‌ددا مرد. بڕوانه: الواقدي، المغازي. جـ. 1، ص. 519. (هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ش ده‌ڵێن: موحه‌ممه‌د ئازادی كردوه، ئینجا ماره‌ی كردوه, که ئێره جێگه‌ی درێژه‌ی باسه‌که نیه).
پاساودانی موسوڵمانه‌كان: ئه‌و سه‌ره‌نجامه‌ی موحه‌ممه‌د هێنای به‌سه‌ر خێڵی به‌نو قوڕهیظهدا؛ به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و تاوان و ناپاكیه‌ی دراوه‌ته پاڵیان یه‌ك ناگرێته‌وه، چونكه له‌لایه‌كه‌وه ئه‌گه‌ر هاوكاریی سه‌رۆكی به‌نو قوڕهیظهش نه‌بوایه قوڕه‌یش ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی هه‌ر ده‌كرد به‌ڵكو هه‌ڵمه‌ته‌كه ئه‌و سه‌رۆكه‌ی به‌نو قوڕهیظهی فریو داوه، ئینجا موسوڵمانه‌كان زیانێكی ئه‌وتۆیان لێ نه‌كه‌وت و قوڕه‌یش و خێڵه‌كانی تر نه‌یانتوانی خهندهكهكه ببه‌زێنن. جگه له‌وه شكاندنی په‌یمانه‌كه له‌لایه‌ن (كه‌عبی كوڕی ئه‌سه‌د) ی سه‌رۆكی به‌نو قوڕهیظهوه بو، ئیتر ده‌كرا هه‌ر سزای ئه‌و یان ئه‌و و ده‌سته‌ودایه‌ره‌که‌ی بدرایه نه‌ك هه‌مو پیاوه‌كانیان. ئینجا ئه‌گه‌ر پیاوه‌كانیان تاوانێكیان هه‌بوبێت؛ تاوانی ژنومنداڵهكانیان چیه بكرێنه كۆیله و له‌بازاڕدا بفرۆشرێن و هه‌ریه‌كه‌یان ده‌ست كه‌سێك بكه‌وێت؟! نازانن جیاكردنه‌وه و پهڕتهوازهكردنی خێزانێك چه‌ند سه‌خت و دژواره؟! ئه‌ویش دوای سه‌ربڕینی پیاوه‌كانیان!!
له ڕاستیدا پاڵنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ڵمه‌تی موسوڵمانه‌كان (موهاجیره‌كان) بۆسه‌ر جوله‌كه‌كانی مه‌دینه، ئه‌وه بوه كه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چاویان بڕیبوه ماڵوسامان و بازرگانی و دارایی جوله‌كه‌كان. یه‌كێك له صه‌حابیه‌كان، كه ناوی (خه‌ببابی كوڕی ئهڕهتت) ـه، خۆی دان به‌و ڕاستیه‌دا ده‌نێت و وتویه‌تی: ئێمه چاومان له ماڵوسامانی زۆری به‌نو قوڕهیظه و به‌نو نه‌ضیر و به‌نو قهینوقاعهوه بو و ئاواتمان بو ده‌ستمان بكه‌وێت (ئه‌م قسه‌یه له باسی هۆكاری هاتنی ده‌قی [الشوری: 27] دا هاتوه). ئیتر ئه‌و پاساو وبیانوانه‌ی تر هه‌موی پاساوی لاوه‌كین و پینه‌وپه‌ڕۆن. ئه‌گه‌رنا پهیمانشكاندنی هه‌ندێك سه‌ركرده و ده‌مسپی له جوله‌كه نابێته پاساو بۆ تاڵانكردن و قهتڵوعامكردن و ده‌ركردنی هه‌مویان. بۆیه پاساوی موسوڵمانه‌كانی مه‌دینه بۆ هێرشكردنه سه‌ر خێڵه جوله‌كه‌كانی مه‌دینه پاساوی لاواز بون و نابنه پاساو بۆ هه‌ڵكه‌ندن و وه‌ده‌رنان و تاڵانكردن و قه‌تڵوعامكردنی چه‌ند خێڵێك كه سه‌دان ساڵ له‌وه پێش له‌و ناوچه‌یه جێگیر بون و به‌پێی زۆربه‌ی ئاماژه‌كان ڕه‌نگه هه‌ر عه‌ره‌بیش بوبن و بوبێتنه جوله‌كه، چونكه ناوه‌كانیان به‌زۆری عه‌ره‌بین و شێوازی ژیانیشیان هه‌ر عه‌ره‌بی بوه.
ئه‌گه‌ر بهبنهڕهتیش جوله‌كه بوبن بونه‌ته عه‌ره‌ب و له‌گه‌ڵ خێڵه عه‌ره‌بیه‌كاندا چه‌ندین په‌یوه‌ندی و هاوپه‌یمانییان هه‌بوه، و به‌پێی مێژونوسه ئیسلامیه‌کان خۆیان سه‌ره‌تا ئه‌م خێڵه جوله‌کانه یه‌ثریب (مه‌دینه) یان ئاوه‌دان کردوه‌ته‌وه ئینجا (ئه‌وس و خه‌زره‌ج) هاتون و له‌گه‌ڵیان نیشته‌جێ بون. ئینجا له‌لایه‌ن كۆمهڵێكیشهوه وایان به‌سه‌ر بهێنرێت كه چه‌ند ساڵێكه بونه‌ته میوانی شاره‌كه‌یان. كێ لێپرسراوه له قه‌تڵوعامی به‌نو قوڕهیظه: سه‌عدی كوڕی موعاذ یان موحه‌ممه‌د؟! پێشتر ئه‌وه‌مان باس كرد كه بڕیاری (قه‌تڵوعامی پیاوه‌كان و فرۆشتنی ژنومنداڵهكان) سه‌باره‌ت به به‌نو قوڕهیظه، بڕیاری ده‌مسپیی خێڵی ئه‌وس (سه‌عدی كوڕی موعاذ) بو، چونكه پێشتر (پێش ئیسلام) هاوپه‌یمانی به‌نو قوڕهیظه بو، بۆیه ئه‌وان متمانه‌یان به قسه‌كه‌ی كرد كه ئاماژه‌ی پێ دان خۆیان بده‌ن به ده‌سته‌وه، بۆیه كرا به سه‌رپشك و بڕیارده‌ر سه‌باره‌ت به چاره‌نوسی به‌نو قوڕهیظه.. به‌ڵام بۆ ئینساف ده‌بێت باسی ئه‌وه‌ش بكه‌ین، كه (سه‌عد) ی ناوبراو له‌ژێر په‌ستانی بارودۆخێكی جه‌سته‌یی و ده‌رونیی تایبه‌تیدا ئه‌و بڕیاره‌ی دا، كه له هه‌ندێك ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌دا له كاتی ئابڵوقهدانهكهی جه‌نگی (خه‌نده‌ق) دا سه‌عد قۆڵی بڕابو، كه له کۆتاییدا به‌هۆی برینه‌كه‌یه‌وه مرد.
بۆیه ده‌توانین بڵێین ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌عد بڕیاری بارودۆخێكی جه‌سته‌یی و ده‌رونیی سه‌خت بوه (ئه‌گه‌رنا پیاوانی تری ئه‌وس زۆر تكایان له موحه‌ممه‌د و له سه‌عد كرد بۆ به‌خشینیان، كه بێهوده بو)، به‌ڵام لێپرسراوێتیی قه‌تڵوعام و بهكۆیلهكردنهكه ده‌كه‌وێته‌وه ئه‌ستۆی موحه‌ممه‌د، كه هه‌رچه‌ند سه‌عد ئه‌و بڕیاره‌ی داب‌و به‌ڵام ده‌بوایه پێغه‌مبه‌ری (رحمة للعالمین) ئه‌و بڕیاره‌ی په‌سه‌ند نه‌كردایه و ئاوا به خوێنساردیه‌وه شاهیدی قه‌تڵوعامی به‌نو قوڕهیظه نه‌بوایه (به‌ڵام گێڕانه‌وه‌كان ده‌ڵێن: كاتێك سه‌عد ئه‌و بڕیاره‌ی دا، موحه‌ممه‌د وتی: ئه‌و بڕیاره‌ت دا كه خوای گه‌وره له‌سه‌روی حه‌وت ئاسمانه‌وه داوێتی! (لقد حكمتَ بحكم الله عزّ وجلّ من فوق سبعة أرْقِعة) الواقدي، المغازي. جـ. 1، ص. 512. ابن سعد، الطبقات. جـ. 2، ص. 75. به‌م شێوه‌یه بڕیاری سه‌عد لای موحه‌ممه‌د ده‌بێته بڕیاری خوا!). چۆن ده‌بێت سه‌ركرده‌ی سیاسی بڕیاری قهتڵوعامكردنێك كه له (سه‌رباز) ێكه‌وه ده‌رچوه په‌سه‌ند بكات؟! به‌ڵام موحه‌ممه‌دی مه‌ككه‌یی چ باكیهتی خه‌ڵكی مه‌دینه بڕیاری قه‌تڵوعامی یه‌كتر بده‌ن، ئه‌و بۆ خۆی كاتێك شاره‌كه‌ی خۆی (مه‌ككه) ی گرته‌وه ـ جگه له چه‌ند كه‌سێكی دیاریكراو ـ لێخۆشبونی گشتیی بۆ هه‌موان ده‌ركرد و ڕێزی تایبه‌تییشی بۆ (ئه‌بو سوفیان) ی گه‌وره سه‌رمایه‌داری شاره‌كه دانا!