ئایا پێغه‌مبه‌ری ئیسلام خوێنده‌وار بوه؟ ئایا قورئان زاده‌ی خوێنده‌واریه؟
سه‌روه‌ر پێنجوێنی
یه‌كێك له‌و لایه‌نه ناڕۆشنانه‌ی ژیاننامه‌ی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام موحه‌ممه‌د كه مشت‌ومڕی زۆریان له‌سه‌ره و بیروڕای ناكۆكیان له‌سه‌ره، ئه‌وه‌یه ئایا ناوبراو خوێنده‌وار بوه و توانای خوێندنه‌وه و نوسینی هه‌بوه یان نا. ئه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ی هه‌ستیار و ئاڵۆز كردوه ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ی (یان زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی) پێیان وایه موحه‌ممه‌د خوێنده‌وار بوه ئامانجیان ئه‌وه‌یه بڵێن قورئان زاده‌ی خوێنده‌واری و خوێندنه‌وه‌ی كتێبه ئایینیه‌كانی پێشتره، ئه‌وانه‌ش كه ده‌ڵێن موحه‌ممه‌د نه‌خوێنده‌وار بوه ئامانجیان ئه‌وه‌یه بڵێن قورئان زاده‌ی (وه‌حی) ی خواییه و هیچ به‌شداری و بیر و داهێنانێكی موحه‌ممه‌دی تێدا نیه.
ئه‌مه‌ش بابه‌ته‌كه‌ی هه‌ستیار كردوه و كارێكی كردوه مشت‌ومڕه‌كه له باس‌وخواسێكی زانستیه‌وه ببێته شه‌ڕی بیروباوه‌ڕ و ئایدیۆلۆجیا. له كاتێكدا (خوێنده‌واری) و (نه‌خوێنده‌واری) ی موحه‌ممه‌د هیچیان له خۆیاندا ناتوانن تیشكی پێویست بخه‌نه سه‌ر (سه‌رچاوه) ی قورئان و ناتوانن ببنه بنه‌مایه‌كی ته‌واو بۆ پۆلێنكردنی قورئان، چونكه نه (خوێنده‌واربون) ی موحه‌ممه‌د ده‌توانێت هه‌مو دیارده‌یه‌ك له قورئاندا ڕاڤه بكات، نه (نه‌خوێنده‌واربون) ی ناوبراویش ده‌توانێت ببێته به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆكه و زانیاریانه‌ی له قورئاندا هه‌ن له خواوه هاتون نه‌ك به شاره‌زابون له كتێبه ئایینیه‌كانی پێش‌و، چونكه جگه له خوێندنه‌وه ڕێگه‌یه‌كی تر هه‌یه بۆ شاره‌زابون له كتێبه ئایینیه‌كانی پێش‌و كه ئه‌ویش بیستن و وه‌رگرتنی ده‌ماوده‌مه، شتێكی ئاشكرایه كه بیرۆكه و چیرۆكه ئایینیه‌كان هه‌مو كاتێك ده‌توانن ببنه باس‌وخواس و چیرۆكی میللی و ده‌ماوده‌م كه مرۆڤه نه‌خوێنده‌واره‌كانیش له توانایاندا هه‌یه بیانبیستن و وه‌ریانبگرن و بیانگێڕنه‌وه بۆ خه‌ڵكی تریش..
بۆ نمونه منداڵێكی موسوڵمان یان موسوڵمانێكی نه‌خوێنده‌وار، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئاماده‌ی ئامۆژگاری و وتاری مامۆستا ئایینیه موسوڵمانه‌كان ببێت؛ ده‌بینیت ئاگایی له هه‌مو یان زۆربه‌ی چیرۆكه قورئانی و ئیسلامیه‌كان هه‌یه و ده‌توانێت بیانگێڕێته‌وه. كه‌واته مه‌رج نیه ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌خوێنده‌وار بو ئیتر نه‌توانێت باس‌وخواس و چیرۆكه ئایینیه‌كان وه‌ربگرێت و ئاگاداریان ببێت. بۆیه موحه‌ممه‌د هه‌رچه‌ند نه‌خوێنده‌واریش بوبێت ئه‌وه نابێته به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه نه‌یتوانیبێت بیرۆكه و چیرۆكه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان ببیستێت و وه‌ربگرێت و بیانگێڕێته‌وه. كه‌واته (نه‌خوێنده‌واربون) ی موحه‌ممه‌د له خۆیدا نابێته به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ی كه بیرۆكه و زانیاریه‌كانی قورئان به ڕێگه‌ی ناسروشتی و (خوایی) وه‌رگیراون.
هه‌روه‌كو له لایه‌نه‌كه‌ی تریشه‌وه (خوێنده‌واربون) ی موحه‌ممه‌دیش ناتوانێت به كارامه‌یی دیارده قورئانیه‌كه لێك بداته‌وه، یان ـ به گوزارشێكی تر ـ بۆ لێكدانه‌وه‌ی دیارده قورئانیه‌كه پێویست به گریمانكردنی (خوێنده‌واربون) ی موحه‌ممه‌د ناكات، به‌ڵكو ڕه‌نگه ئه‌و گریمانه‌یه له لێكدانه‌وه‌ی هه‌ندێك لایه‌نی دیارده قورئانیه‌كه‌دا كێشه‌ش دروست بكات.. كه دواتر ئه‌م لایه‌نه ڕون ده‌كه‌ینه‌وه. له‌لایه‌كی تریشه‌وه گریمانه‌ی (خوێنده‌واربون) ی موحه‌ممه‌د به‌ته‌نها به‌س نیه بۆ كه‌سێك پێی وا بێت موحه‌ممه‌د به خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه ئایینیه‌كانی پێشتر قورئانی به‌رهه‌م هێناوه، چونكه به‌ته‌نها (خوێنده‌واری)، واته زانینی خوێندنه‌وه و نوسینی عه‌ره‌بی، نابێته بنه‌مای ته‌واو بۆ ئه‌و بیروڕایه، به‌ڵكو له‌و حاڵه‌ته‌دا پێویسته ئه‌وه‌ش بسه‌لمێنرێت كه موحه‌ممه‌د زمانه‌كانی ئه‌و ده‌قه ئایینیانه‌ی پێشتری زانیوه، وه‌كو عیبری و ئاڕامی و سوریانی و گریكی.. كه سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش ئه‌سته‌مه، هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌وه‌ش بسه‌لمێنرێت كه موحه‌ممه‌د ئه‌و كتێبه ئایینیانه‌ی پێشتری ده‌ست كه‌وتبێت و به‌م پێیه‌ش ده‌بێت كتێبخانه‌یه‌كی ئایینیی ئاوه‌دانی هه‌بوبێت! كه سه‌لماندنی ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌سته‌مه.
كه‌واته گریمانه‌ی (خوێنده‌واربون) ی موحه‌ممه‌د وه‌كو به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی گوایه موحه‌ممه‌د ڕاسته‌وخۆ له ته‌وڕات و ئینجیل و ده‌قه‌كانی تره‌وه بیرۆكه و چیرۆكی گواستوه‌ته‌وه، به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر لاوازه چونكه ته‌نها خوێنده‌واریی عه‌ره‌بی به‌س نیه بۆ تاو‌وتوێكردنی ئه‌و ده‌قانه.. و له‌وه‌ش دڵنیاین كه ده‌قه‌كانی (په‌یمانی كۆن) و (په‌یمانی نوێ) و پاشكۆكانیان له نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا له‌به‌ر ده‌ستدا نه‌بون و گومان هه‌یه له‌وه‌ی نوسخه‌یه‌كی ته‌واوی ـ بۆ نمونه ـ ته‌وڕاتی عیبری له نیمچه‌دورگه‌كه‌دا له‌به‌ر ده‌ستدا بوبێت.. هه‌روه‌كو بونی وه‌رگێڕانی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌و ده‌قانه‌ی (په‌یمانی كۆن) و (په‌یمانی نوێ) له‌و سه‌رده‌م و جێگایه‌دا هیچ به‌ڵگه و شوێنه‌وارێكی نیه [هه‌ڵبه‌ته ده‌نگ‌وباسی وه‌رگێڕانی هه‌ندێك ده‌قی لاوه‌كی هه‌یه، وه‌كو ("ئینجیلی منداڵیی مه‌سیح" ی عه‌ره‌بی) Arabic Gospel of the Infancy (إنجيل الطفولية) كه ئینجیلێكی ناڕه‌سمیه و بنه‌ڕه‌ته داب‌ونه‌ریتیه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی (٢ ز.)، نوسینی ده‌قه سوریانیه فه‌وتاوه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی (٥ ز.)، یان ـ به وته‌ی هه‌ندێک سه‌رچاوه ـ دوروبه‌ری (٤٠٠ ز.).
ئینجا له سوریانیه‌وه كراوه به عه‌ره‌بی، و ئه‌م وه‌رگێڕانه عه‌ره‌بیه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی (٦ ز.) واته ساڵانی (٥٠٠ ز.) ـه‌كان، هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی تریش دانانی خودی ده‌قه سوریانیه‌که ده‌گێڕنه‌وه بۆ هه‌مان سه‌ده‌ی (٦ ز.).. ئه‌مه‌ش هه‌موی واته پێش ئیسلام، و وا ده‌رده‌كه‌وێت پێش ئیسلام له‌ناو عه‌ره‌بدا و له‌ناو مه‌سیحیه‌كانی نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا بڵاو بوبێت. شایه‌نی باسه ئه‌م ده‌قه هه‌ندێك بابه‌تی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ قورئاندا هه‌یه: ده‌ڵێت یه‌شوع به منداڵی قسه‌ی كردوه (بڕوانه: ئینجیلی منداڵی: ١) و له قوڕ شێوه‌ی باڵنده و شتی تری دروست كردوه و كردویه‌تی به باڵنده‌ی زیندو (بڕوانه: ئینجیلی منداڵی: ٣٦)، كه هه‌مان شت له قورئانیشدا ده‌رباره‌ی عیسا ده‌بینینه‌وه: قسه‌كردنه‌كه‌ی: آل عمران: ٤٦، المائدة: ١١٠، مريم: ٢٩، ٣٠. باڵنده دروستكردنه‌كه‌ی له قوڕ: آل عمران: ٤٩، المائدة: ١١٠. هه‌روه‌ها هه‌واڵی بونی ده‌قی عه‌ره‌بی و وه‌رگێڕانی هه‌ندێك ده‌قی یه‌هودیمه‌سیحیی ترمان پێ گه‌یشتوه، وه‌كو ده‌قی (كێشمه‌كێشی ئاده‌م و حه‌ووا له‌گه‌ڵ شه‌یتان) و ("وه‌سێته‌كانی ئیسحاق و یه‌عقوب" ی عه‌ره‌بی) كه لێره‌دا بواری درێژه‌ی باسه‌كه‌یان نیه.
به‌ڵام گومان هه‌یه له ژینگه حیجازیه‌كه‌ی قورئاندا ئه‌م سێ ده‌قه‌ی ناوم بردن ("ئینجیلی منداڵی" ی عه‌ره‌بی، "كێشمه‌كێشی ئاده‌م و حه‌ووا له‌گه ڵ شه‌یتان" ، "وه‌سێته‌كانی ئیسحاق و یه‌عقوب" ی عه‌ره‌بی) نوسخه‌یان له‌به‌ر ده‌ستدا بوبێت، به‌ڵام دڵنیاین كه گه‌لێك له چیرۆكه‌كانی ئینجیلی منداڵیی مه‌سیح و زۆر ده‌قی تریش به شێوه‌ی چیرۆكی میللی و ده‌ماوده‌م له حیجازیشدا باو بون، یانی كۆمه‌ڵێك داب‌ونه‌ریتی ده‌ماوده‌م له‌و ده‌قانه‌وه بڵاو بونه‌ته‌وه له ناوچه‌كه‌دا، له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانی عه‌ره‌بیه‌وه بێت یان گێڕانه‌وه و گواستنه‌وه‌ی ده‌ماوده‌می چیرۆكه‌كان له ڕێگه‌ی مه‌سیحیه‌كانه‌وه]. هه‌روه‌ها له قورئاندا گه‌لێك چیرۆك و بیرۆكه هه‌ن كه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ته‌لمود و میدراش و ته‌رگوم و ده‌قه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كانی تر، كه شتێكی ئه‌سته‌مه ئه‌م ده‌قانه نوسخه‌یان له ژینگه‌ی قورئاندا هه‌بوبێت و ئاشكرایه كه وه‌رگێڕانی عه‌ره‌بییشیان نه‌بوه.
كه‌واته گریمانه‌ی (خوێنده‌واری) ی موحه‌ممه‌د وه‌كو بنه‌مایه‌ك بۆ لێكدانه‌وه‌ی قورئان و دۆزینه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌كانی ئه‌و ده‌قه، له خۆیدا كێشه و گرفتی زۆری هه‌ڵ گرتوه.. له كاتێكدا گریمانه‌ی (نه‌خوێنده‌واری) ی موحه‌ممه‌د هیچ كێشه‌یه‌كی نیه له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕاستیه‌دا كه گه‌لێك بڕگه‌ی كه‌له‌پوری یه‌هودی و مه‌سیحی له نیمچه‌دورگه‌كه‌دا به شێوه‌ی كه‌له‌پوری ده‌ماوده‌م باو بون و نه‌خوێنده‌وارێكیش توانیویه‌تی بیانبیستێت و وه‌ریانبگرێت، به‌تایبه‌تی بۆ كه‌سێكی عه‌وداڵ و هۆشیاری وه‌كو موحه‌ممه‌د، كه ـ به‌پێی گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كان ـ پێش ئیسلام و دوای ئیسلامیش گوێی گرتوه بۆ زۆر كه‌س له‌وانه‌ی شاره‌زاییه‌كیان له كه‌له‌پوری ئایینی هه‌بوه، به‌پێی ئه‌و گێڕانه‌وانه موحه‌ممه‌د دوای ئیسلامیش گوێی گرتوه بۆ كه‌سانی وه‌كو (ته‌میمی داری) و (سه‌لمانی فارسی) كه پێشتر ئه‌زمونی ئایینی‌یان هه‌بوه. هه‌روه‌ها هه‌ر ئه‌و گێڕانه‌وانه ئاماژه بۆ بونی كه‌سێك [یان چه‌ند كه‌سێك] ی مه‌سیحی ده‌كه‌ن له مه‌ككه‌دا كه ئاسنگه‌ر بوه و موحه‌ممه‌د زۆر جار لای دانیشتوه و گوێی بۆ گرتوه [كاتێكیش مه‌ككه‌ییه‌كان وتویانه ئه‌و كه‌سه مه‌سیحیه موحه‌ممه‌د فێر ده‌كات؛ قورئان وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه به‌وه‌ی كه زمانی ئه‌و كه‌سه عه‌ره‌بی نیه و ئه‌م قورئانه‌ش به زمانێكی عه‌ره‌بیی ڕه‌وانه: (لِسانُ الذي يُلْحِدون إليه أعجميّ وهـذا لسان عربي مبين) (النحل: ١٠٣).
ئه‌م وه‌ڵامه‌ش سه‌ركه‌وتو نیه، چونكه مه‌به‌سته‌كه ئه‌وه نیه كه ده‌ق و ده‌سته‌واژه‌كانی قورئان له‌و ئاسنگه‌ره مه‌سیحیه وه‌رگیرابن، به‌ڵكو مه‌به‌سته‌كه ته‌نها هه‌ندێك بیرۆكه و چیرۆكه كه ئه‌و كه‌سه بێ گومان ئه‌وه‌نده عه‌ره‌بی فێر بوه كه بتوانێت به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بۆ موحه‌ممه‌دی بگێڕێته‌وه. ئه‌و كه‌سه كۆیله‌ی بنه‌ماڵه‌یه‌كی مه‌ككه بوه كه سه‌رچاوه‌كان یه‌كده‌نگ نین له ناوهێنانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌دا، هه‌روه‌كو له ناوهێنانی كۆیله‌كه‌یشدا یه‌كده‌نگ نین: هه‌ندێكیان ده‌ڵێن ناوی (جه‌بر) بوه، هه‌ندێكی تریان ده‌ڵێن ناوی (یه‌عیش) بوه، هه‌ندێكی تریشیان ده‌ڵێن ناوی (به‌لعام) بوه، هه‌ندێكی تریشیان ده‌ڵێن دو كۆیله بون به ناوی (یه‌سار) و (جه‌بر). به‌ڵام زۆربه‌یان ده‌ڵێن ئه‌و كه‌سه له بنه‌ڕه‌تدا (ڕۆمی) بوه، هه‌ڵبه‌ته (ڕۆمی) مه‌به‌ست یۆنانی ـ بیزانتیه، هه‌ندێكیش له گێڕانه‌وه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌و كه‌سه خوێنده‌وار بوه و كتێبی هه‌بوه: ده‌رباره‌ی یه‌عیش ناوه‌كه ده‌ڵێن كتێبی ده‌خوێنده‌وه، ده‌رباره‌ی جه‌بر ناوه‌كه ده‌ڵێن كتێبی هه‌بوه. گێڕانه‌وه‌یه‌كیش ده‌رباره‌ی هه‌ردو (یه‌سار) و (جه‌بر) ده‌ڵێت: كتێبێكیان به زمانی خۆیان ده‌خوێنده‌وه و پێغه‌مبه‌ریش لایان داده‌نیشت و گوێی ل ێ ده‌گرتن(١).
هه‌روه‌ها ئیبن ئیسحاق ده‌ڵێت: پێم گه‌یشتوه كه پێغه‌مبه‌ر زۆر جار لای ته‌پۆڵكه‌ی مه‌ڕوه له‌لای كۆیله‌یه‌كی مه‌سیحی داده‌نیشت كه ناوی (جه‌بر) بو و كۆیله‌ی به‌نو حه‌ضڕ ه‌می (لای طه‌به‌ری: به‌نو به‌یاضه‌ی حه‌ضڕ ه‌می ) بو(٢) . هه‌رچه‌ند گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كان بۆ خۆیان ده‌ڵێن كه گوایه موحه‌ممه‌د بۆ ئه‌وه ده‌چوه لای ئه‌و كه‌سه قورئانی بۆ بخوێنێته‌وه و فێری بكات. ڕه‌نگه بتوانین بڵێین هه‌م موحه‌ممه‌د قورئانی بۆ ئه‌و خوێندوه‌ته‌وه، هه‌م ئه‌ویش هه‌ندێك چیرۆكی ئایینیی بۆ موحه‌ممه‌د گێڕاوه‌ته‌وه]. مه‌به‌ستم ئه‌وه بو كه گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كانیش به‌شی خۆیان تیشك ده‌خه‌نه سه‌ر گه‌یشتنی چیرۆك و بیرۆكه یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان به موحه‌ممه‌د به شێوازی ده‌ماوده‌م، هه‌رچه‌ند نابێت چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه بكه‌ین گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌كان هه‌مو شتێكمان پێ بڵێن و هه‌مو نهێنییه‌كمان بۆ ئاشكرا بكه‌ن.
ئینجا با بزانین ده‌قه ئیسلامیه‌كان و كه‌له‌پوری ئیسلامی چیمان ده‌خه‌نه به‌ر ده‌ست ده‌رباره‌ی بابه‌تی (خوێنده‌واری) و (نه‌خوێنده‌واری) ی موحه‌ممه‌د: كۆمه‌ڵێك ده‌ق و گێڕانه‌وه‌ی ئیسلامی هه‌ن كه به‌كار ده‌هێنرێن بۆ سه‌لماندنی (نه‌خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د)، له هه‌مان كاتدا كۆمه‌ڵێك گێڕانه‌وه‌ی تریش هه‌ن به‌كار ده‌هێنرێن بۆ سه‌لماندنی (خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د). ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه لێره‌دا ئه‌وه‌یه زۆر توێژه‌ر بۆ سه‌لماندنی ئامانجی خۆیان ملی ده‌قه‌كان با ده‌ده‌ن و ده‌قه‌كان به بارێكدا لێك ده‌ده‌نه‌وه كه له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كه‌یاندا بگونجێنن. له‌م بابه‌ته هه‌ندێك ده‌قی ئیسلامی هه‌ن كه به‌زۆر كراونه‌ته به‌ڵگه‌ی (نه‌خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د)، هه‌ندێك ده‌قی تریش هه‌ن كه به‌ڕونی ئاماژه بۆ نه‌خوێنده‌واریی ناوبراو ده‌كه‌ن به‌ڵام زۆر توێژه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌كی جیاوازیان بۆ ده‌دۆزنه‌وه كه ئه‌و واتایه له ده‌قه‌كه دور بخاته‌وه، هه‌ندێك گێڕانه‌وه‌ی ئیسلامی‌یش به‌ڕاشكاوی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه موحه‌مه‌د جارجاره‌یه‌ك شتی كه‌می نوسیوه، یان ویستویه‌تی بینوسێت، یان شتی كه‌می خوێندوه‌ته‌وه.. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕی نه‌گۆڕیان به (نه‌خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د) هه‌یه هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و گێڕانه‌وانه ڕه‌ت بكه‌نه‌وه یان به شێوه‌یه‌ك لێكیان ده‌ده‌نه‌وه كه نه‌بنه ئاماژه بۆ خوێنده‌واربونی ناوبراو. به‌م شێوه‌یه:
(ما أقرأ ـ ما أنا بقارئ) ئه‌وه‌ی كه زۆر جێی باس و سه‌رنجه، ئه‌و گێڕانه‌وه ئیسلامیه‌یه كه باسی سه‌ره‌تای وه‌حی ده‌كات و له‌سه‌ر زمانی موحه‌ممه‌ده‌وه ده‌ڵێت: جیبریل له ئه‌شكه‌وتی حیڕائدا پارچه ئاوریشمێكی بۆ هێنام كه نوسراوێكی له‌سه‌ر بو، وتی: بخوێنه (اقرأ)، منیش وتم: ناخوێنمه‌وه (ما أقرأ)، دو جار، ئینجا وتی: بخوێنه (اقرأ)، منیش وتم: چی بخوێنم؟ (ماذا أقرأ؟)، ئه‌مه‌ش دو جار. ئه‌مه به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی ئیبن ئیسحاق( ٣ ) . به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی (بوخاری) یش: جیبریل وتی: بخوێنه (اقرأ)، منیش وتم: ناخوێنمه‌وه (ما أنا بقارئ). ئه‌مه سێ جار( ٤ ) . سه‌باره‌ت به ده‌سته‌واژه‌ی (ما أقرأ) و (ماذا أقرأ؟) ی گێڕانه‌وه‌كه‌ی ئیبن ئیسحاق: ده‌سته‌واژه‌ی (ما أقرأ)، هه‌رچه‌ند هه‌ندێك به پرسیار لێكیان داوه‌ته‌وه به‌ڵام زیاتر وا دیاره نه‌فیكردنه به واتای (ناخوێنمه‌وه)، واته (خوێندنه‌وه‌م نیه) یاخود (توانای خوێندنه‌وه‌م نیه). ده‌سته‌واژه‌ی (ماذا أقرأ؟) یش دیاره كه پرسیارێكه و مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه موحه‌ممه‌د پرسیاری له جیبریل كردوه: چی بخوێنێته‌وه.
سه‌باره‌ت به ده‌سته‌واژه‌ی (ما أنا بقارئ) ی گێڕانه‌وه‌كه‌ی بوخارییش، دیاره كه پرسیار نیه و نه‌فیكردنه، به واتای (ناخوێنمه‌وه) واته (خوێندنه‌وه‌م نیه) یاخود (نه‌خوێنده‌وارم) یان (توانای خوێندنه‌وه‌م نیه) (واته به هه‌مان واتای ڕسته‌ی "ما أقرأ" ه، جیاوازییان ئه‌وه‌یه "ما أقرأ" ڕسته‌یه‌كی فرمانیه، "ما أنا بقارئ" ڕسته‌یه‌كی ناویه). به‌ڵام توێژه‌رێكی وه‌كو (محمد عابد الجابري) كه مه‌به‌ستیه‌تی خوێنده‌واربونی موحه‌ممه‌د بسه‌لمێنێت، ده‌یه‌وێت ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه (واته "ما أنا بقارئ") به (چی بخوێنمه‌وه) ڕاڤه بكات( ٥ ) . به‌ڵام له ڕاستیدا كاتێك ئه‌و ڕسته‌یه ده‌بێته پرسیار ئه‌گه‌ر به شێوه‌ی (ما أنا قارِئٌ) یان (ما أنا قارِؤُهُ) بوایه، به‌ڵام بونی ئامڕازی (بـ) له به‌شی گوزاره‌ی ڕسته‌كه‌دا كه ده‌ڵێت (بقارئ)؛ نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئامڕازی (ما) بۆ نه‌فیكردنه (چونكه ئه‌م جۆره ئامڕازه ـ كه له ڕوی واتاوه وا داده‌نرێت که "زیاده" یه یان بۆ "دوپاتكردنه‌وه" یه ـ له ڕاستیدا ده‌چێته سه‌ر به‌شی گوزاره‌ی ئه‌و ڕسته‌یه‌ی كه به فرمانی "لیس" یان ئامڕازی "ما" ی هاوواتای "لیس" ده‌ست پێ بكات).
جابیری بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێت كه ڕسته‌ی (ما أنا بقارئ) پرسیاره؛ به‌راوردی ده‌كات به (ما أنا فاعِلٌ بكم؟)! له كاتێكدا ئامڕازی (بـ) له‌م ڕسته‌یه‌ی دوه‌مدا زیاده نیه به‌ڵكو بۆ (تێپه‌ڕكردن) ی فرمانه بۆ به‌ركاری دوه‌م، چونكه ڕسته‌كه له واتادا ده‌بێته (ما أفعل بكم؟) [ئه‌م به‌راورده‌ی جابیری وا ده‌كات گومان له عه‌ره‌بی زانینه‌كه‌ی دروست ببێت! به‌گشتی جابیری له توێژینه‌وه ئیسلامیه‌كانیدا كه له‌م دواییه‌دا ده‌ستی پێ كردن توێژه‌رێكی ته‌واو سه‌ركه‌وتو نیه، یه‌كه‌م له‌به‌ر نه‌بونی شاره‌زایی تایبه‌تمه‌ندانه له كه‌له‌پوری ئایینیی ئیسلامی، دوه‌م له‌به‌ر ده‌ستگرتنی به باوه‌ڕی ئیسلامیه‌وه به شێوه‌یه‌كی گشتی، سێیه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌وڵ ده‌دات شێوه و وێنه‌یه‌كی لۆجیكی و مه‌عقول ببه‌خشێته باوه‌ڕی ئیسلامی و چه‌مكه ئیسلامیه‌كان وه‌كو به‌شێك له كولتوری عه‌ره‌بی، واته له هه‌وڵی خوێندنه‌وه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێندایه بۆ كولتوری عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی].
سه‌باره‌ت به مادده‌ی (قرأ): مه‌رج نیه هه‌مو كاتێك مادده‌ی (قرأ) به خوێندنه‌وه‌ی نوسراوێك ڕاڤه بكرێت، بۆ نمونه له قورئاندا به كه‌می بۆ خوێندنه‌وه‌ی نوسراوێك به‌كار هاتوه: (فاسأل الذين يقرؤون الكتاب من قبلك) (يونس: ٩٤)، (اقرأ كتابك) (الإسرا‌ء: ١٤)، (فأولـئك يقرؤون كتابهم) (الإسرا‌ء: ٧١)، (.. حتى تُنزِّل علينا كتابا نَقْرَؤُهُ) (الإسرا‌ء: ٩٣)، (اقرؤوا كتابيه) (الحاقة: ١٩)، ئیتر له هه‌مو شوێنه‌كانی تردا به واتای خوێندن و وتنه‌وه‌ی ده‌قێكی وتراو هاتوه: (وإذا قرئ القرآ‌ن..) (الأعراف: ٢٠٤)، (فإذا قرأت القرآ‌ن..) (النحل: ٩٨)، (وإذا قرأت القرآ‌ن..) (الإسرا‌ء: ٤٥)، (وقرآنا فرقناه لتقرأه على الناس على مكث..) (الإسرا‌ء: ١٠٦)، (.. فقرأه عليهم..) (الشعرا‌ء: ١٩٩)، (فاقرؤوا ما تيسّر من القرآ‌ن) (المزمل: ٢٠)، (فإذا قرأناه؛ فاتََّبِع قرآنَه) (القيامة: ١٨)، (وإذا قرئ عليهم القرآ‌ن..) (الانشقاق: ٢١)، (سَنُقْرِؤُكَ..) (الأعلى: ٦)، (اقرأ باسم ربك.. اقرأ وربّك الأكرم) (العلق: ١، ٣). ده‌توانین بڵێین مادده‌ی (قرأ) له بنه‌ڕه‌تی زمانی عه‌ره‌بیدا به واتای خوێندن و وتنه‌وه‌یه (بۆ نمونه بۆ گه‌یاندن و وتنی سڵاویش به‌كار دێت، كاتێك ده‌وترێت "یقرأ السلام").
مه‌گه‌ر له ڕسته‌یه‌كدا كه ناوی نوسراوێكی تێدا برابێت ئه‌و كاته واتای (خوێندنه‌وه‌ی نوسراوێك) وه‌رده‌گرێت، كه بێ گومان له‌م حاڵه‌ته‌شدا هه‌ر به واتا گشتیه‌كه‌یه، واته: خوێندن و وتنه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی كه له نوسراوه‌كه‌دا هه‌یه [به‌م پێیه له بنه‌ڕه‌تی عه‌ره‌بیدا مادده‌ی (قرأ) بۆ ئه‌و جۆره خوێندنه‌وه‌یه به‌كار نایه‌ت كه ئێمه پێی ده‌ڵێین (خوێندنه‌وه‌ی بێده‌نگ)، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر به واتای (خوێندنه‌وه‌ی نوسراوێك) ێكیش بێت؛ ته‌نها به واتای وتن و هه‌ڵخوێندنی ئه‌و قسه‌یه دێت كه له نوسراوه‌كه‌دا هه‌یه. بۆیه بۆ (خوێندنه‌وه‌ی بێده‌نگ) له شێوازی عه‌ره‌بیدا ده‌وترێت (نظر في الكتاب) نه‌ك (قرأ الكتاب)]. بۆیه ئه‌گه‌ر به ڕاشكاوی له ڕسته‌كه‌دا ناوی (نوسراوێك) نه‌برابو یان پێشتر ئاماژه‌ی بۆ نه‌كرابو ناتوانرێت بوترێت فرمانی (قرأ) له‌و ڕسته‌یه‌دا به واتای خوێندنه‌وه‌ی نوسراوێكه. لێره‌شدا ده‌بینین له گێڕانه‌وه‌ی (بوخاری) دا باسی نوسراوێك نه‌كراوه، به‌ڵام له گێڕانه‌وه‌كه‌ی (ئیبن ئیسحاق) دا ئاماژه بۆ ئه‌وه كراوه كه گوایه جیبریل نوسراوێكی پێ بوه. به‌پێی ئه‌مه ده‌توانین بڵێین مادده‌ی (قرأ) له گێڕانه‌وه‌كه‌ی (ئیبن ئیسحاق) دا (خوێندنه‌وه‌ی نوسراو) ده‌گرێته‌وه.
ڕه‌نگه بتوانین ئه‌مه وه‌كو به‌ڵگه‌یه‌كیش به‌كار بهێنین بۆ ئه‌وه‌ی له گێڕانه‌وه‌ی (بوخاری) یشدا مه‌به‌ست هه‌ر (خوێندنه‌وه‌ی نوسراو) ه. (خوێندنه‌وه‌ی نوسراو) یش هه‌ر به واتای (وتنه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ی كه نوسراوه). ئینجا هه‌رچه‌ند ده‌سته‌واژه‌ی (ما أقرأ) و (ماذا أقرأ) و (ما أنا بقارئ) ئاماژه بن بۆ خوێندنه‌وه‌ی نوسراو، هێشتا ناكرێت بڵێین گێڕانه‌وه‌كه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه ئاماژه بكات بۆ فه‌رماندانی جیبریل به خوێندنه‌وه‌ی نوسراو، ته‌نها ده‌توانین بڵێین گێڕانه‌وه‌كه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه كه گوایه جیبریل داوای له موحه‌ممه‌د كردوه ئه‌و وشانه بڵێته‌وه كه جیبریل بۆی ده‌خوێنێته‌وه، هه‌رچه‌ند ـ گوایه ـ جیبریل بۆ خۆی له‌به‌ر نوسراوێك ده‌یخوێنێته‌وه. واته: سه‌ره‌تا موحه‌ممه‌د وا حاڵی بوه كه داوای خوێندنه‌وه‌ی نوسراوه‌كه‌ی لێ ده‌كات، به‌ڵام له ڕاستیدا جیبریل هه‌ر داوای ئه‌وه‌ی لێ كردوه له‌دوای خوێندنه‌وه‌كه‌ی ئه‌وه‌وه بیخوێنێت. ئه‌مه‌ش واته (بخوێنه) ی جیبریل له سه‌ره‌تا و له كۆتاییدا هه‌ر به واتای وتنه‌وه و هه‌ڵخوێندن و دوباره‌كردنه‌وه‌یه، هه‌رچه‌ند (ناخوێنمه‌وه) ی موحه‌ممه‌د به واتای خوێندنه‌وه‌ی نوسراو بێت چونكه وا تێگه‌یشتوه داوای خوێندنه‌وه‌ی نوسراوی لێ كراوه.
ئه‌گه‌ریشی هه‌یه هه‌ردو ده‌سته‌واژه‌ی (ما أقرأ) و (ما أنا بقارئ)؛ به واتای (ناخوێنم) بن نه‌ک (ناخوێنمه‌وه)، یانی مه‌به‌ست ئه‌وه بێت که ئاماده نیه فه‌رمانی "بخوێنه" (اقرأ) جێبه‌جێ بکات. به‌ڵام بونی باسی "نوسراوێک به ده‌ستی جیبریله‌وه" له گێڕانه‌وه‌که‌ی (ئیبن ئیسحاق) دا؛ ئه‌م ئه‌گه‌ره لاواز ده‌کات. له ڕاستییشدا ئه‌گه‌ری زۆره ئه‌م گێڕانه‌وانه كه ئه‌م مشت‌ومڕه‌ی نێوان موحه‌ممه‌د و جیبریل(!) ده‌گێڕنه‌وه ته‌نها دوای موحه‌ممه‌د وه‌كو ڕاڤه و په‌راوێزێك بۆ ده‌سته‌واژه‌ی (اقرأ) ی ده‌قه قورئانیه‌كه‌ی (العلق: ١) و بۆ ڕاڤه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی (النبي الأمي) كه دواتر باسی دێت، ساز كرابن.. واته ته‌نها بریتی بێت له به‌شانۆییکردن (مَسْرَحة) ی فه‌رمانی "بخوێنه" (اقرأ) ی ده‌قه قورئانیه‌که.. به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ده‌سته‌واژه‌كانی گێڕانه‌وه‌كه به‌ڵگه‌یان تێدا نیه له‌سه‌ر خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د، وه‌كو هه‌ندێك توێژه‌ر (وه‌كو جابیری) ئێسته ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌ی لێ ده‌ربهێنن.
(النبي الأمي ـ الأميين) ده‌سته‌واژه‌یه‌كی قورئانی كه جێی مشت‌ومڕی زۆره، ئه‌وه‌یه موحه‌ممه‌د به (النبي الأمي) وه‌سف ده‌كات: (الأعراف: ١٥٧، ١٥٨). ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ی (النبي الأمي) ـه به هه‌ڵه له كولتوری ئیسلامی‌دا به (پێغه‌مبه‌ری نه‌خوێنده‌وار) لێك دراوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌رنا له ڕاستیدا به‌واتای (پێغه‌مبه‌ری ناجوله‌كه) یه، چونكه قورئان خۆیشی كه ده‌ڵێت (النبي الأمي) جارێكی تر بۆ خۆی ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه ڕاڤه ده‌كات كه ده‌ڵێت: (هو الذي بعث في الأُمِّيِّينَ رسولا منهم) (الجمعة: ٢)، هه‌روه‌ها له هه‌ندێك شوێندا ئاماژه بۆ عه‌ره‌ب ده‌كات به ده‌سته‌واژه‌ی (الأُمِّيِّين): (آل عمران: ٢٠، ٧٥)، كه (الأُمِّيِّين) ئاماژه‌یه بۆ گه‌لانی نایه‌هودی (واته وشه‌ی أُمِّيّ " وشه‌یه‌که که به پاڵدانه وشه‌ی "أُمَم" داڕێژراوه، وشه‌ی "أُمَم" یش له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌بێته به‌رامبه‌ری زاراوه‌ی "گۆییم" גּוֹיִם ـ واته "گه‌لان" ـ ی یه‌هودی كه جوله‌كه به گه‌لانی نایه‌هودیی ده‌ڵێن. وشه‌که "گۆی" גּוֹי له زمانی عیبریی ته‌وڕاتیدا به واتای "گه‌ل" یاخود "نه‌ته‌وه" یه، به‌ڵام له عیبریی میشناهـ و دواتردا واتای "ناجوله‌که" و "نایه‌کتاپه‌رست" ی وه‌رگرتوه) و به‌تایبه‌تی عه‌ره‌ب له‌و كۆنتێكسته جیۆگرافیایی و كولتوریه‌دا.
ئاشكرایشه ئه‌گه‌ر بتوانرێت كه‌سێك به نه‌خوێنده‌وار دابنرێت؛ ناتوانرێت گه‌لێك به‌سه‌رله‌به‌ری به نه‌خوێنده‌وار دابنرێت [عه‌ره‌ب به‌گشتی نه‌خوێنده‌وار نه‌بون، شوانه‌كانیش له نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیی كۆندا نوسینیان له‌سه‌ر به‌رده‌كان به‌جێ هێشتوه، چ جای خه‌ڵكی شاره‌كان، به‌ڵكو عه‌ره‌ب چه‌ند جۆرێكیش نوسینیان هه‌بوه نه‌ك ته‌نها جۆرێك، بۆ نمونه: له یه‌مه‌ن نوسینی موسنه‌دیان هه‌بوه كه نوسینی حه‌به‌شییش هه‌ر له‌مه‌وه وه‌رگیراوه، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر له خێڵه كۆنه‌كانی نیمچه‌دورگه‌كه، وه‌كو ثه‌مودیه‌كان و لیحیانیه‌كان.. نوسینی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بوه.. له باكوری نیمچه‌دورگه‌كه‌ش به چه‌ند شێوه‌یه‌كی نوسینی ئاڕامی نوسراوه، له‌وانه نوسینی نه‌به‌طى كه ورده‌ورده نوسینی عه‌ره‌بیی لێ پێك هاتوه، به شێوه‌یه‌ك ئه‌و ڕێنوسه عه‌ره‌بی ـ حیجازیه‌ی كه سه‌ره‌تا قورئانی پێ نوسراوه تایبه‌تمه‌ندیی نوسین و شێوه‌زاری نه‌به‌طيى پێوه دیاره]، له‌به‌ر ئه‌وه (الأميين) واتای (نه‌خوێنده‌واره‌كان) ناگه‌یه‌نێت، ئه‌گه‌ر وا بێت كه‌واته (الأمي) یش به واتای (نه‌خوێنده‌وار) نیه. جا هه‌رچه‌ند من باوه‌ڕی زانستیی ته‌واوم به نه‌خوێنده‌واریی موحه‌ممه‌د هه‌یه، به‌ڵام وشه‌ی (أمّيّ) كه له قورئاندا بۆ وه‌سفی ئه‌و هاتوه به واتای نه‌خوێنده‌وار نیه، به‌ڵكو به واتای (عه‌ره‌ب ـ نایه‌هودی) ـه، واته قورئان ده‌یه‌وێت بڵێت موحه‌ممه‌د قۆرخكردنی (پێغه‌مبه‌رایه‌تی و بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كتاپه‌رستی) له لایه‌ن جوله‌كه‌وه ده‌شكێنێت و ئه‌م جاره‌یان پێغه‌مبه‌ر له گه‌لێكی نایه‌هودی ده‌بێت، ئه‌مه‌یه ئه‌و مه‌به‌سته گرنگه‌ی كه ده‌قێكی وه‌كو (هو الذي بعث في الأُمِّيِّينَ رسولا منهم) (الجمعة: ٢) ده‌یه‌وێت بیگه‌یه‌نێت.
سه‌رنج بده له ده‌سته‌واژه‌ی (رسولا منهم)، واته (پێغه‌مبه‌رێك له خۆیان)، ئه‌مه‌ش چونكه پێشتر هه‌ندێك له عه‌ره‌ب شوێنی ئایینی یه‌هودی و مه‌سیحی كه‌وتبون، به‌ڵام (مو‌سا) و (عیسا) عه‌ره‌ب نه‌بون، ده‌قه‌كانی ئه‌و دو ئایینه‌ش به عه‌ره‌بی نه‌بون، ئیتر قورئان ده‌یه‌وێت ڕوبه‌ڕوی عه‌ره‌ب بڵێت ئه‌م ئایینه یه‌كتاپه‌رستیه نوێیه پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی له خۆتانه [هه‌ر بۆیه قورئان له زۆر شوێندا منه‌تی ئه‌وه ده‌داته‌وه به چاوی عه‌ره‌بدا كه به زمانی عه‌ره‌بیه، بۆیه ده‌ڵێت: ئێمه قورئانمان به عه‌ره‌بی دابه‌زاندوه بۆ ئه‌وه‌ی ئێوه‌ی عه‌ره‌ب ده‌رك بكه‌ن و تێ بگه‌ن (إنا أنزلناه قرآنا عربيا، لعلّكم تعقِلون) (یوسف: ٢) و (الزخرف: ٣). له ڕاستییشدا ئه‌وه هه‌نگاوێكی گرنگ بوه و ڕوداوێكی گه‌وره‌یه له مێژوی ئایینه‌كانی ناوچه‌كه‌دا]. ئینجا دواتر وشه‌ی (أُمّيّ) واتای (نه‌خوێنده‌وار) ی وه‌رگرتوه، و وشه‌كه ئه‌م واتایه‌ی له سه‌رده‌می قورئاندا نه‌بوه.. ئیتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جوله‌كه و مه‌سیحیه‌كان ناسراون به‌وه‌ی كتێبی ئاسمانییان هه‌یه، له‌مه‌وه گه‌لانی تر به‌وه ناسران كه كتێبی ئاسمانییان نیه، ئه‌مه‌ش واته خوێنده‌واریی ئایینی‌یان نیه و كتێبی ئایینی ناخوێننه‌وه و نانوسنه‌وه، پاشان واتاكه‌ی گه‌شه‌ی تری كرد بۆ نه‌بونی خوێنده‌واری به‌گشتی.. به‌م شێوه‌یه واتای وشه‌كه گۆڕاوه، دوای قورئان.