سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

یۆھانس کێپلەر

29/05/2019


یۆھانس کێپلەر (بە ئینگلیزی: Johannes Kepler؛ ١٥٧١ – ١٦٣٠) بیرکار و گەردوونناس و ئەستێرەناسی ئاڵمانیایی بوو. ئەو ڕۆڵێکی سەرەکی ھەبوو لە شۆڕشی زانستیی سەدەی ١٧ھەمدا. ناوبانگی کێپلەر دەگەڕێتەوە بۆ یاساکانی لەبارەی جووڵەی ھەسارەکانەوە کە چەندین بەرهەمی بوون لە بوارە جیاجیاکان، ئەوانیش: Astronomia nova ،Harmonices Mundi، وە Epitome of Copernican Astronomy. ئەو بەرهەمانەی کێپلەر یەکێک لە بنچینەکانی یاسای ڕاکێشانی گەردوونیی نیوتۆن بوون. کێپلەر مامۆستای بیرکاری بوو لە قوتابخانەیەکی ئایینی لە گراتز، نەمسا. دواتر بووە یاریدەدەری گەردوونناسی دانمارکی تیچۆ براھی. وە لە کۆتاییشدا بووە بیرکاری ئیمپراتۆریەت لەسەردەمی ئیمپراتۆر ڕودۆڵفی دووەم و دوو جێگری هەمان ئیمپراتۆر بەناوەکانی ماتیاس و فردیناندی دووەم. وە هەروەها لەلینتز، نەمساش مامۆستای بیرکاری بووە، و ڕاوێژکاری ژەنەڕاڵ ڤۆڵێنشتاینیش بووە. سەرەڕای ئەوەش، بەشداریی گەورەی پێشکەش بە بواری ئۆپتیککردووە، وە جۆرێکی باشتری تەلیسکۆپی ڕووناکی درووست کرد، کە ئێستا پێی دەگوترێ تەلیسکۆپی کێپلەری. وە کێپلەر لە دۆزینەوە تەلەسکۆپییەکانی هاوسەردەمەکەی، گالیلێو گالیلەی ئاماژە بە ناوی کراوە.

کێپلەر لە سەردەمێک دەژیا کە هیچ جیاوازییەکی ڕوون نەبوو لە نێوان گەردوونناسی و ئەستێرەناسی (پێشبینیکردنی داهاتوو بەهۆی ئەستێرەکان). بەڵام دابەش بوونێکی دیار هەبوو لە نێوان گەردوونناسی و فیزیک.نەیزەکە گەورەکەی ساڵی ١٥٧٧، کە کێپلەر بە منداڵی بینی، سەرنجی گەردوونناسانی لەسەرانسەری ئەورووپا ڕاکێشا. یۆهانس کێپلەر بە نزیکەیی لە کاتژمێر ١ی دوای نیوەڕۆی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ١٥٧١ لە شاری ڤایل دێر شتات کە ئێستا دەکەوێتە هەرێمی شتوتگارتیئەڵمانیا لە دایک بووە. بە منداڵی نەخۆش بووە و خێزانەکەشی هەژار بوون. دوو برا و خوشکێکی لە خۆی گەورەتری هەبوو. باوکی سەربازی بەکرێگیراو بوو و ماڵەوەی بە جێهێشت کاتێک کێپلەر ٥ ساڵان بوو. وە وا پێدەچێت لە جەنگی ناوخۆی هۆلەند دا مردبێت. دایکیشی، کە کچی خاوەن میوانخانەیەک بووە، خەڵکی بە دەرمانی گیایی چارەسەر دەکرد. لەبەر ئەوەی زووتر لە کاتی خۆی لە دایک بوو، بانگەشەی ئەوە دەکرێ کە کێپلەر بە منداڵی لاواز و نەخۆش بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، سەرنجی ئەو ڕێبوارانەی بەلای خۆیدا ڕادەکێشا کە لە میوانخانەکەی باپیری دەمانەوە، ئەویش بەهۆی توانا لەڕادەبەدەرەکەی لە بیرکاریدا.[١]

لە منداڵییەوە گەردوونناسی پێناسێندرا، بەمەش تا لەژیان دابوو، خۆشەویستی بۆ ئەو بوارە هەبوو. لە شەش ساڵی نەیزەکە گەورەکەی ساڵی ١٥٧٧ی بینی، کە لە یەکێک لە نووسینەکانی دەڵێت کەوا "دایکی بردوویەتیە سەر شوێنێکی بەرز بۆ ئەوەی سەیری نەیزەکەکە بکات".[٢] لە نۆ ساڵیشدا، دیاردەیەکی دیکەی بینی، کە مانگ گیرانێک بوو لە ١٥٨٠. بەپێی گێڕانەوەکانی لەو کاتەدا بانگی دەرەوە کراوە بۆ ئەوەی مانگ گیرانەکە ببینێت و لەو کاتەدا مانگ "زۆر سوور دەرکەوتووە".[٢] بەڵام هاوڵەی منداڵی بووە هۆی لاواز کردنی بینینی و ئیفلیج کردنی دەستەکانی. ئەمەش تواناکانی سنووردار کرد لە لاینە بینراوەکانی گەردوونناسی.[٣]

لە ١٥٨٩ دوای ئەوەی قوتابخانەی ڕێزمان، قوتابخانەی لاتینی و قوتابخانەی ئایینی تەواوکرد، چووە زانکۆی توبینگن. لەوێ فەلسەفە[٤] و خواناسی خوێند. توانی تواناکانی خۆی لە بواری بیرکاریدا بسەلمێنێت و ناوبانگی وەک ئەستێرەناسێکی گەورە دەرکرد. کە زۆرجار کەلووەکانی بۆ هاوڕێ خوێندکارەکانی لێکدەدایەوە.[٥] وە یەکێک لەوانەبوو کە باوەڕی تەواوی بەوە بوو کە هەسارەکان بە دەوری خۆردا دەسوڕێنەوە، وە خۆر سەرچاوەی وزەیە.[٦] هەرچەندە حەزی دەکرد ببێتە شاڵیار، لە کۆتاییەکانی خوێندنەکەی کێپلەر پێشنیار کرا بۆ پلەی مامۆستایبیرکاری و گەردوونناسی لە قوتابخانەی پڕۆتێستانت لە گراتز. کێپلەر کارە نوێیەکەی لە نیسانی ١٥٩٤، لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا وەرگرت.[٧]

مۆدێلی کێپلەر بۆ سیستەمی خۆری
یەکەم بەرهەمی دیاری کێپلەر بەناوی Mysterium Cosmographicum (نهێنییە کۆسمۆگرافییەکە)، یەکەم بەرهەمی بڵاوکراوەبوو کە پشتگیری لە بیردۆزەکەی کۆپەرنیکۆس دەکرد سەبارەت بەوەی کە زەوی بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە. کێپلەر مۆدێلێکی درووستکرد لە سەر شێوەی سووڕانەوەی هەسارەکان بەدەوری خۆردا.[٨] بە پاڵپشتی مامۆستایەکەی میشائیل ماستلین، کێپلەر ڕەزامەندی ئەنجومەنی پیرانی زانکۆی توبیگن وەرگرت کە دەستنووسەکەی بڵاوبکاتەوە. میستریەم لە کۆتاییەکانی ١٥٩٧ بڵاوکرایەوە و کێپلەر چەند کۆپییەکی بۆ گەردوونناسە گەورەکانی هاوسەردەمی خۆی نارد؛هەرچەندە کەسانی زۆر نەیانخوێندەوە، بەڵام هۆکارێکی گەورەبوو بۆ دەرکردنی ناوبانگی کێپلەر وەک گەردوونناسێکی بەهرەدار.

باڕباڕا مولەر و یۆهانس کێپلەر
لە کانوونی دووەمی ١٥٩٥، کێپلەر بە باڕباڕا مولەر ناسێندرا، کە بێوەژنێکی تەمەن ٢٣ ساڵی بوو و کچێکی هەبوو بەناوی ڕێجینا لۆرێنز. مولەر ماڵ و سامانی دوو مێردەکەی پێشووتری بە میرات بۆمابووەوە، وە هەروەها کچی خاوەن ئاشێکی دەوڵەمەندیش بوو بە ناوی یۆبست. باوکی یەکەمجار هاوسەرگیرییەکەی ڕەت کردەوە سەرەڕای خانەدانیی کێپلەر؛ هەرچەندە کێپلەر خانەدانی باپیری بۆ مابووەوە، بەڵام هەژار بوو. دوای تەواوبوونی یەکەم بەرهەمی کێپلەر، میستریەم، یۆبست دڵی نەرم بوو، بەڵام دەزگیرانییەکەی ئەوەندەی نەمابوو تێکبچێت کاتێک کێپلەر لەوێ نەبوو و خەریکی ڕاپەڕاندنی کارەکانی بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکەی بوو. باڕباڕا و یۆهانسن لە ٢٧ی نیسانی ١٥٩٧ هاوسەرگیرییان کرد.[٩]لە ساڵانی سەرەتای هاوسەرگیری، دوو منداڵیان بوو کە هەردووکیان لە ساوایەتی مردن. دواتر لە ١٦٠٢ کچێکیان بوو (سوزانا)، لە ١٦٠٤ کۆڕێکیان بوو (فرێدریک)، وە لە ١٦٠٧ کوڕیکی دیکەیان بوو (لودویگ).[١٠][١١]

توێژینەوەکانی دیکە
دوای بڵاوبوونەوەی میستریەم، بە یارمەتی قوتابخانەی گراتز، کێپلەر دەستی بە پڕۆگرامێکی گەورە کرد بۆ زیادتر بەرەوپێشبردنی توێژینەوەکانی. کێپلەر پلانی نووسینی چوار کتێبی تری دانا: یەکێکیان لەسەر لایەنە جێگیرەکانی گەردوون (خۆر و ئەستێرە جێگیرەکان)، یەکێکیان لەسەر هەسارەکان و جووڵەیان، یەکێکی دیکەش لەسەر سرووشتی فیزیکی هەسارەکان و درووستبوونی سیما جوگرافییەکان (گرنگی زۆرتری بە زەوی داوە)، وە یەکێکیش لەسەر کاریگەری ئاسمان لەسەر زەوی، کە تێیدا باسی ئۆپتیکی بەرگەهەوا، کەشناسی و ئەستێرەناسی دەکات.[١٢]

لە چواری شوباتی ١٦٠٠ چاوی کەوت بە تایکۆ براهی و دوو یاریدەدەرەکەی، فڕانس تێنگنەیجڵ و کریستن لۆنگۆمۆنتانەس لە شوێنێکی نزیک پراگ. کە لە هەمان شوێندا ڕوانگە نوێکەی تایکۆ براهی درووست دەکرا. بۆ ماوەی دوو مانگ وەک میوانێک لەوێ مایەوە و لە هەندێک لە تێبینییەکانی تایکۆ براهیی دەربارەی مەریخی دەکۆڵییەوە؛ تایکۆ زۆر بەباشی پارێزگاری لە داتاکانی دەکرد، بەڵام سەرسامبوو بە بیرۆکەکانی کێپلەر و دوای ماوەیەکی کەم داتای زۆرتری خستە بەردەست. کێپلەر نیازی وابوو کە بیردۆزەکەی خۆی کە لە میستریەم کۆسمۆگرافیکەم نووسیبووی تاقیبکاتەوە[١٣] بە یارمەتی داتاکانی مەریخ، بەڵام بەمەزندەی ئەو ئەوە پێویستی بە دوو ساڵ بوو (لەبەر ئەوەی ڕێگەی پێنەدەدەرا کە داتاکان کۆپی بکات بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکات). بە یارمەتی زانایەکی دیکە، کێپلەر ویستی بە شێوەیەکی فەرمیتر کار بۆ تایکۆ براهی بکات. بەڵام وت وێژکردنەکان شکستیان هێنا و لە ٦ی نیسان ئەوێی جێهێشت و چووە پراگ. کێپلەر و تایکۆ دوای ماوەیەکی کەم ئاشتبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر مووچە و شوێنی مانەوە، بۆیەش لە حوزەیرانی هەمان ساڵ کێپلەر گەڕایەوە چووەوە گراتز بۆ ئەوەی خێزانەکەی لەگەڵ خۆی بهێنێت.[١٤]

بەهۆی ڕێگری ڕامیاری و ئایینی، هیواکانی کێپلەر بۆ ئەوەی ڕاستەخۆ بگەڕێتەوە لای تایکۆ براهی لەناوچوون. بە هیوای ئەوەی بەردەوامی بە لێکۆڵینەوە گەردوونناسییەکانی بدات، کێپلەر هەوڵی ئەوەی دا ببێتە بیرکاری ئاڕکدیوک فێردیناند (ئیمپراتۆری ئەو کاتەی ئیمپراتۆریەتیی ڕۆمیی پیرۆز). بۆ ئەو مەبەستە، کێپلەر وتارێکی نووسی و تەرخانیکرد بە فێردیناند، تێیدا بیردۆزێکی نوێی پێشنیارکرد لەسەر جوولەی مانگ : "In Terra inest virtus, quae Lunam ciet" واتە "زەوی هێزێکی هەیە کە دەبێتە هۆی جوڵانی مانگ".[١٥] هەرچەندە کە وتارەکەی یارمەتی نەدا لە بەدەستهێنانی پۆستەکە، بەڵام ڕێگایەکی نوێی تێدا باسکرد بۆ پێوانەکردنی مانگ گیران، کە لە مانگ گیرانی ٧ی تەمموز لە گراتز بەکاریهێنا. ئەو زانیارییانە بوونە بنچینەی دۆزینەوەکانی دەربارەی یاساکانیی دەربارەی ئۆپتیک و لە کتێبی Astronomiae Pars Optica بڵاوی کردنەوە.[١٦]

لە ٢ی ئابی ١٦٠٠ بە هۆی ئەوەی ڕەتی کردەوە ببێتە کاتۆلیک، کێپلەر و خێزانەکەی لە گراتز دەرکران. دوای چەند مانگێک، کێپلەر لەگەڵ تەواوی ئەندامانی خێزانی گەڕانەوە پراگ. لە سەرەتادا کێپلەر پشتگیری دارایی ڕاستەوخۆ لەلاین براهییەوە لێدەکرا، کە ڕایسپاردبوو بە لێکۆڵینەوە لەبارەی تێبینییەکانی تایکۆ سەبارەت بە هەسارەکانەوە بکات. لە ئەیلوولی ١٦۰۱ براهی کێپلەری کردە ئەندامی پڕۆژەیەکی خۆی کە پێشکەشی ئیمپراتۆری کردبوو بە ناوی "خشتەکانی ڕودۆڵفین" کە زانیاری دەربارەی ئەستێرەکان تێدابوو، وەک: شوێن، قەبارە و ڕۆشنیاییان. دوو ڕۆژ دوای مردنە لەناکاوەکەی تایکۆ براهی، لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ١٦۰۱، کێپلەر شوێنی تایکۆ براهی گرتەوە و بوویە بیرکاری ئیمپراتۆریەت. ئەو ١١ ساڵەی کە وەک بیرکاری ئیمپراتۆر خزمەتی کرد، پڕ بەرهەمترین ساڵەکانی تەمەنی بوون.[١٧] دوای مردنی براهی، کێپلەر تۆماری تێبینییەکانی تایکۆ براهی برد.[١٨] ئەوەش یارمەتیدا لە لێکۆڵینەوە زانستییەکانی، لەبری ئەوەی کە لەلاین خێزانی تایکۆ براهییەوە هەڵبگیرێ و کەس سوودی لێوەرنەگرێت.

ڕاوێژکاریی بۆ ئیمپراتۆر ڕودۆڵفی دووەم
ئەرکی سەرەکی کێپلەر وە بیرکاری ئیمپراتۆرییەت ئەوەبوو کە ڕاوێژکاریی ئەستێرەناسیی پێشکەش بە ئیمپراتۆر بکات. هەرچەندە ئەو باوەڕی بە هەوڵی ئەستێرەناسە هاوسەردەمەکانی نەبوو بۆ پێشبینیکردنی داهاتوو، لەگەڵ ئەوەشدا لەو کاتەوەی کە قوتابی بوو لە زانکۆی توبینگن کەلووەکانی زۆر بە وردەکارییەوە بۆ هاوڕێ، ئەندامانی خێزان و سەرکردەکان لێکدەدایەوە. وە هەروەها لەکاتی تەنگژەی ڕامیاریش ئیمپراتۆر داوای ڕاوێژی لێدەکرد. چەندین زانا لە دەست و پێوەندی ئیمپراتۆر هەبوون و ئیمپراتۆر بە حەزی دەکرد ئاگاداری وردەکاری کارەکانیان بێت، هەربۆیەش کارەکانی کێپلەر لە بواری گەردوونناسی فیزیکی سەرنجی ئیمپراتۆریان ڕاکێشابوو.[١٩]
لە پراگ بە فەرمی تەنها کاتۆلیکی و تەراکیستی ڕێگەدەدرا پەیڕەوبکرێن، بەڵام لەبەر پلەوپایەکەی، کێپلەر دەیتوانی بیروباوەڕە لوتریانییەکەی بە ئاشکرا پەیڕەوبکات. ئیمپراتۆر بە ناو داهاتێکی زۆری بۆ کێپلەر دابین کردبوو، بەڵام بەهۆی دژوارییە ئابوورییەکانی خەزێنەی ئیمپراتۆریەت، بەڕێکردنی ئەرکە ئابوورییەکان هەوڵێکی زۆری دەویست، بەشێکیش لەبەر ئەوە بوو کە ژیانی لەماڵەوە لەگەڵ باڕباڕا ناڕەحەت بوو. بەڵام کارکردن لەناو کۆشکی ئیمپراتۆرییەت وای کرد کە چاوی بە چەندین زانای گەورەی ئەوکاتە بکەوێت و کارە گەردوونناسییەکانی بەخێرایی گەشەیان کرد و بەرەوپێش چوون.[٢٠]

بەرگی ئەستڕۆنۆمی پارس ئۆپتیکا
کاتێک هێواش هێواش لێکۆڵینەوەی دەربارەی داتاکانی مەریخی تایکۆ براهی دەکرد و زانیارییەکانی خشتەکانی ڕودۆڵفینی ڕێکدەخست، کێپلەر دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد دەربارەی یاساکانی ئۆپتیکی ئەو وتارەی خۆی دەربارەی مانگ کە لە ساڵی ١٦٠٠ نووسیبووی. مانگگیران و خۆرگیرانیش هەندێک سیمای چاوەڕوەننەکراویان هەیە، لەوانە: قەبارەی سێبەر، ڕەنگە سوورەکەی مانگگیرانی تەواو وە ئەو ڕووناکییە نائاساییەکەی دەوری خۆرگیرانی تەواو. لە ١٦٠٣ کێپلەر زۆربەی کارەکانی ڕاگرت بۆ ئەوەی تەرکیز بخاتە سەر بیردۆزی ئۆپتیکی. بەرهەمی کارەکانی لە یەکی کانوونی دووەمی ١٦٠٤ پێشکەش بە ئیمپراتۆر کرد و لە ژێر ناوی Astronomiae Pars Optica (بەشە ئۆتیکییەکەی گەردوونناسی) بڵاوی کردەوە. لەوێدا کێپلەر باسی یاسای دووجای پێچەوانە کرد کە بڕیار لەسەر توندێتی ڕووناکی دەدات، هەروەها باسی دانەوەی ڕووناکی لەلایەن ئاوێنەی تەخت و چەماوە، کامێرا و چەند لایەنێکی ئۆپتیکی پەیوەندیدار بە گەردوونناسیشی کرد وەک: پاڕالاکس (شوێنی بینراوی تەنەکان لە ئاسمان) و قەبارەی بینراوی تەنەکان لە ئاسمان. وە هەروەها لێکۆڵینەوەکانی باسی ئۆپتیکی چاویش دەکەن، و بە گشتی لە لایەن زانایان بە یەکەم لێکۆڵینەوە دادەنرێت کە ئاشکرای کردووە کە لێنزی چاو وێنەکان بە پێچەوانەیی پەخش دەکات ناو تۆڕینە. هەرچەندە کە چارەسەری ئەو کێشەیە بەلای کێپلەرەوە زۆر گرینگ نەبووە، بەڵام گریمانەی ئەوەشی کردووە کە وێنەکان دواتر "لە ناو بۆشاییەکانی مێشک" چاکدەکرێنەوە بەهۆی "چالاکی گیان".[٢١] لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ ئەم بەرهەمەی کێپلەر بە بنچینەی ئۆپتیکی هاوچەرخ دەدانرێت (هەرچەندە کە یاسای شکانەوەی ڕووناکی تێدا نییە).[٢٢]

بەرهەمەکانی تر
دوای نووسینی Astronomiae Pars Optica کێپلەر دەستی بە نووسینی Astronomia nova (گەردوونناسی نوێ) کرد. تێیدا لێکۆڵینەوەی لە جووڵە و خولگەی هەسارەکان کرد، بەتایبەتی خولگەی مەریخ. دوای زۆرتر لە ٤٠ هەوڵی سەرنەکەوتوو، بۆی دەرکەوت کە خولگەی مەریخ و هەموو هەسارەکانی تریش هێلکەییە. هەر لەم بەرهەمەیدا یاساکانی کێپلەر بۆ جووڵەی هەسارەکان نووسییەوە. هەرچەندە لە کۆتایی ساڵی ١٦٠٥ کتێبەکەی تەواوکرد، بەڵام نەیتوانی بڵاویبکاتەوە تا ساڵی ١٦٠٩ بەهۆی کێشەی یاسایی لەبەر بەکارهێنانی داتاکانی مەریخی تایکۆ براهی، کە ببووە موڵکی میراتگرەکانی.[٢٣]

دواتر کێپلەر تەرکیزی خستەسەر تەواوکردنی خشتەکانی ڕودۆڵفین و وە لەگەڵ چەند زانایەکیش چالاکی زانستی هەبوو، یەک لەوانیش گالیلێو گالیلەی بوو. وە چەند بەرهەمێکی دیکەشی بڵاوکردوە لەوانە لە ساڵی ١٦١١ Dioptrice ی بڵاوکردەوە کە تێیدا باسی چۆنییەتی کارکردنی تێلیسکۆپ و هەروەها وێنەی ڕاستەقینە، وێنەی خەیاڵی، وێنەی ڕاست، وێنەی پێچەوانە و گەورەکردنی وێنەی کردووە. وە بەرهەمێکی دیکەشی بەناوی Somnium (خەونەکە) بڵاوکردەوە. بەشێک لە ئامانجی ئەو بەرهەمەی ئەوەبوو کە گەردوونناسی چۆن دەبێت ئەگەر لەسەر هەسارەیەکی دیکەوە پەیڕەوبکرێت. ئەو بەرهەمەی ونبوو دوای ئەوەی چەند دەستێکی کرد.

 

لە ١٦١١ گرژییە ئایینی و ڕامیارییەکان گەیشتنە لووتکە لە پراگ. ئیمپراتۆر ڕودۆڵف - کە تەندرووستی بەرەو خراپی دەچوو - لەلایەن براکەیەوە ناچارکرا کە دەست لەکاربکێشیتەوە و ببێتە پادشای بۆهێمیا. هەردوو لایەنیش ڕاوێژی تەستێرەناسییان بە کێپلەر دەکرد، کە ئەویش ئەو هەلەی دەقۆستەوە بۆ ئەوەی قسە لەسەر بڕیارە ڕامیارییەکانیش بکات. بەڵام ئەوەش ڕوون بوو کە داهاتووی کێپلەر لەلای ئیمپراتۆری نوێ، ماتیاس، تاریکە.[٢٤]

هەر لەو ساڵەشدا، باڕباڕای هاوژینی تووشی جۆر تایەک بوو کە بەهۆی بەکتریای ریکێتسیا دەگوازرایەوە. دواتریش دەستی بە گرتنی سامان (گەشکەبوون) کرد. لەوکاتەی کە بەرەو چاکبوونەوە دەچوو، هەر سێ منداڵەکەی کێپلەر نەخۆش کەوتن. یەکێکیان، فرێدریک، لە تەمەنی شەش ساڵی مرد. پاش مردنی کوڕەکەی، کێپلەر نامەی بۆ چەند هاوڕێیەکی نارد لە ورتمبێرگ و پادوا. زانکۆی توبینگن لە وتمبێرگ، بەهۆی نیگەرانی دەربارەی بیروباوەڕی ئایینی کێپلەر ڕەتیان کردەوە کە دایبمەزرێننەوە، بەڵام زانکۆی پادوا لەسەر ڕاسپاردەی گالیلێو گالیلەی ڕازی بوون کە وەک پڕۆفیسۆری بیرکاری لەلای خۆیان دایبمەزرێنن. بەڵام کێپلەر حەزی دەکرد کە خێزانەکەی لە ناوچەی ئەڵمانزمان بهێڵێتەوە و پادڤاش شارێکی ئیتاڵییە. بۆیە لەبڕی ئەوە گەشتی کرد بۆ نەمسا بۆ ئەوەی وەک مامۆستا لە لینتزدابمەزرێ. بەڵام باڕباڕا نەخۆشکەوتەوە و دوای ماوەیەکی کورت لە گەڕانەوەی کێپلەر کۆچی دوایی کرد.[٢٥]

کێپلەر چوونیی بۆ لینتز دواخست و لە پراگ مایەوە تا مردنی ڕودۆڵفی دووەم لە ١٦١٢. بەڵام بەهۆی باردۆخی ناهەمواری ڕامیاری، گرژی ئایینی و ناڕەحەتییە خێزانییەکانی و کێشە یاساییەکانی لەسەر موڵکەکانی هاوژینەکەی نەیتوانی لەو ماوەیەدا هیچ توێژینەوەک بکات. دوای تاج لەسەرنانی، ئیمپراتۆر ماتیاس پلەو پۆستەکەی وەک بیرکاری ئیمپراتۆریی پێشکەشی کێپلەر کردەوە، بەڵام ڕێگەشی پێدا بچێتە لینتز.[٢٦]لە لینتز کاری سەرەکی کێپلەر جگە لە تەواوکردنی خشتەکانی ڕودۆڵفین، وانەوتنەوە لە قوتابخانەکانی لینتز و دابینکردنی خزمەتگوزاری ئەستێرەناسی و گەردوونناسیش بوو. وە لە ١٦١٣ بەرهەمێکی بەناوی De vero Anno بڵاوکردوە لەبارەی ساڵی لەدایکبوونی عیسای مەسیح. وە هەروەها بەشداری لە وتوێژەکان کرد دەربارەی بەکارهێنانی ڕسەرۆژژمێرە چاکسازی تێداکراوەکەی پاپا گریگۆری لە ناوچە ئەڵمانییە پڕۆتێستانتەکان کرد. هەر لەو ساڵیش بەرهەمێکی دیکەی نووسی بە ناوی Nova stereometria doliorum vinariorum کە دەربارەی پێوانەکردنی قەبارەی لەخۆگرەکان (دەفر) بوو، بۆ نموونە دەفرێک ئاو. ئەو بەرهەمەشی لە ١٦١٥ بڵاوکردەوە.[٢٧]

ـــــــــــــــــــــ

سەرچاوە: لە ئینسایکڵۆپیدیای ئازادی ویکیپیدیاوە

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.