سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

دامەزراوەی سیاسی و دینی، بەرژەوەندیی هاوبەش

30/05/2019


بەهمەن تاهیر نەریمان

دینی دەسەڵات ئەو دینەیە کە دەسەڵاتێکی دیاریکراو پشتگیریی دەکات و وەک بەشێک لە ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت مامەڵەی لەگەڵ دەکات، لە بەرانبەردا دینیش دەتوانێت سوود لە دەسەڵاتی دەوڵەت وەربگرێت تا نەیارە دینی و ئایدیۆلۆژییەکانی پێ سەرکوت بکات، لەو ژینگەیەدا گەشە بکات.

ئایینە جیهانییەکانی وەک ئیسلام و کاریستیانێتی، کاتێک بوونەتە دینی دەوڵەت و ئیمپڕاتۆریەکان؛  سوودیان لە پێگەی خۆیان لەناو دەسەڵاتدا وەرگرتووە و لەگەڵ پەلکێشانی ئەو دەسەڵاتەی ئەمان بوونەتە ئایدیۆلۆژیای دەوڵەت، ئەمانیش پەلیان هاویشتووە و فراوان بوون، فراوانیی ئەم دوو دینە لە ئێستادا بۆ تێکەڵبوونیان دەگەڕێتەوە لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی.

دەوڵەتی مۆدێرن، یەکێک لە بنەما هەرە گرنگەکانی؛ بریتی بووە لە جیاکردنەوەی دەسەڵاتە جۆربەجۆرەکانی ناو دەوڵەت، لەناو ئەوانیشدا؛ جیاکردنەوەی دەسەڵاتی دینی بووە لە دەسەڵاتی سیاسی.

لە دونیای ئیسلامیدا نموونەی جیاکردنەوەی ئەم دوو دەسەڵاتە نەبووە، بەڵکوو نموونەی ئیدارەدان هەبووە، ئیدارەدانی دامودەزگای دینی لە لایەن دەوڵەتەوە، بۆ نموونە لە دونیای ئیسلامیدا؛ دێت و لەناو حکومەتدا وەزارەتێک بۆ کاروباری دینی، بە ناوی وەزارەتی ئەوقاف یان نزیک لەو ناوەوە دادەمەزرێنن.

بە هۆی وەزارەتی ئەوقافەوە، بۆ یەکەمجار، مەلا دەبێتە کارمەندی میری و مزگەوت و قوتابخانە دینییەکان دەبنە بەشێک لە دامەزراوەی سەر بە میری. بۆیە لە دونیای ئیسلامیدا، بەو شێوە وردەی دەوڵەتی مۆدێرن، جیاکردنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە دەسەڵاتی دینی تا ئێستا وجودی نییە.

کاتێک دین لە دەسەڵاتی سیاسی جیا دەکرێتەوە، ئیتر دین لە دەستتێوەردانی سیاسییەکان دەپارێزرێت و دین لە بوارە مەعنەوی و ڕۆحییەکەی لە خزمەتی کۆمەڵدا دەبێت. هەروەها کە دین لە دەسەڵاتی سیاسیش جیا دەکرێتەوە، پیاوی دینیش ناتوانێت دین بۆ مەرامە کەسییەکانی خۆی بە کار بهێنێت و بەو  شێوە دین تەئویل بکات کە دەسەڵاتی سیاسی دەیەوێت و ئەم پەیمانی لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیدا هەیە، واتە کاتێک دەسەڵاتی دینی لە سیاسی جیا دەکرێتەوە بۆ ئەوەیە کە دین نە لە لایەن سیاسییەوە و نە لە لایەن پیاوی دینییەوە بۆ بەرژەوەندیی کەسی بە کار نەهێنرێت و لە دەستی بەرژەوەندخواز پارێزراوبێت.

لە دونیای ئیسلامی، دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێی وەزارەتی ئەوقافەوە هەمیشە دەستی خستووەتە ناو گوتاری دینییەوە و ویستویەتی بۆ مەرامە پاوانخوازییەکانی خۆی بە کاریان بهێنێت، دین بووەتە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی شەرعییەتی دەسەڵات، دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێی ئەوقاف و پیاوە دینییەکانی سەربەخۆی؛ گوتاری دینی لەگەڵ دیدەکانی خۆی دەگونجێنێت و زۆر جاریش وەک ئامرازی سەرکوتکردنی نەیارەکانی بە کاری دێنێت.

دەکرێت پەیوەندیی دەسەڵاتی سیاسی و دینی لە سێ خاڵدا کورت بکەینەوە:

یەک: دەوڵەت دین دەکات بە سەرچاوەیەکی گرنگی شەرعییەتدان بە خۆی.

دوو: دەوڵەت دین وەک ئایدیۆلۆژیای ڕەسمیی خۆی بە کار دێنێت.
سێ: دەوڵەت پاراستنی گوتاری ڕەسمیی قبوڵکراوی دینی دەگرێتەخۆ و دەستەبەری پێویستییەکانی دەمەزراوەی دینی و پیاوانی سەر بەو دامەزراوە دەخاتە ئەستۆی خۆی.

ئەم سێ خاڵە بە درێژایی دەسەڵاتی دین لەناو دەوڵەتدا؛ دامەزراوەی دینی سوودی لەو پەیوەندییە بۆ بەرژەوەندیی خۆی وەرگرتووە و دامەزراوەی سیاسیش سودی لێ وەرگرتووە و جێی ڕەخنەی لێبڕاوانە نەبووە، هەتا نوێگەریی ڕۆژئاوا دێت و ئەم پەیوەندییە دەکات بە بواری توێژینەوەی خۆی و لە دوا ئەنجامدا دەگاتە ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەبێت لە دەسەڵاتی دینی جیا بکرێتەوە. بەڵام لە دنیای ئیسلامیدا ئەم تێزە نەیتوانیوە ببێتە تێزی زۆرینە، تەنانەت ئەو هێزە سیاسییانەی خۆیان بە مەدەنی دەزانن، بە هۆی دامەزراوەی ئەوقافەوە، دەست دەخەنە ناو گوتاری دینییەوە و لەگەڵ مەرامە سیاسییەکانی خۆیان دەیگونجێنن و بە کاری دێنن.

دەسەڵاتی سیاسی لە دونیای ئیسلامیدا، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە ناوخۆییەکان، لە دوو ڕووەوە دین بەهێزەوە بە کار دەهێنێت:

یەک: بۆ شەرعییەتدان بە بەکارهێنانی زەبروزەنگی شەرعی دژی نەیارەکانی لە ناوخۆی دەوڵەتدا.

دوو: کاتێک نەبوونی و نادادی لەناو خەڵکدا بڵاو دەبێتەوە، دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێی دامەزراوەی فەرمیی دینیی دەوڵەتەوە برەو بەو گوتارە قەدەرییە لەناو دیندا دەدات کە خەڵک دەبێت بە قەدەری خۆی ڕازی بێت و ژیانی دنیا لەوە کەمترە مرۆڤ هەڵپەی بۆ بکات، هەروەها خەڵکی گشتی بە گوێڕایەڵیکردن بۆ دەسەڵاتی سیاسیی وڵات پەروەردە دەکەن. واتە پیاوی سیاسی لە ڕێی پیاوی دینییەوە بە گوێی خەڵکیدا دەچپێنێت، بەو بەشەی خودا پێی داون ڕازی ببن و ڕزقی دنیا لە لایەن خواوە بڕاوەتەوە و هەڵپەی ناوێت، بۆ درووستنەبوونی فەوزای سیاسیش داوا لە خەڵک دەکەن گوێڕایەڵی وەلی ئەمریان بن.

دین لەم حاڵەتەدا؛ نابێتە هۆکاری گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی، بەڵکوو دەبێتە هۆکار بۆ مانەوەی باری سەپاوی سیاسی بەسەر گەردنی خەڵکەوە، دین لەم بارەدا؛ جێی ئەو دەرزییە بێهۆشکەرە دەبینێت کە دەوڵەت بە هۆی دامودەزگای ئەوقافەوە لەناو خەڵکیدا دەیوەشێنێت و خەڵکی پێ بەدمەست دەکات.

دەسەڵاتی سیاسی خۆی دێت و لە ڕێی دامەزراوەی ئەوقافەوە هەوڵی ئەوە دەدات گوتاری دینی بە پێی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی خۆی ڕەنگڕێژ بکات، لەم دۆخەدا، ئەگەر گوتاری دینی لەگەڵ دین خۆی تەماهی بکەین، دەکرێت بڵێین: ئەوە دەسەڵاتە موقەدەس بەو شێوە دادەتاشێت خۆی دەیەوێت، نەک بەو شێوەی کە دەکرێت ببێت. دەسەڵاتی سیاسی ئەگەر لە دۆخی هێشتنەوەی باری ئاساییدا بوو، گوتاری دینی وەک گوتارێک دادەڕێژێت کە پارێزگاریی لە باری باو بکات، لەم قۆناغەدا دین، دینێکی شۆڕشگێڕ و گۆڕانخواز نییە، بەڵکوو دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێی پیاوی دینییەوە، بۆ ناو خەڵکی سادەی خۆی، دەقەکانی (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنْكُمْ …) گرنگی پێ دەدات. بۆ نەیارەکانیشی، گرنگی بەو دەقانە دەدات کە دژی نەیارەکانی بە کاری دێنێت و پەنا دەبات بۆ کولتوورێکی دینی کە لە بەرژەوەندیی خۆیدا بێت.

سەدام حسێن، دژی گەلی کورد، سورەتی ئەنفالی بە کار دەهێنا، بەرانبەر ئێران، جەنگەکەی ناونابوو جەنگی قادسییەی دووەم. ئەم تەوزیفە سیاسییە، لە یەککاتدا بۆ سەرکوتکردنی نەیارەکانی ناوەوە و شەڕکردن لەگەڵ نەیارێکی وەک کۆماری ئیسلامیی ئێران بە کاری دەهێنا.

کاتێک دەسەڵاتی سیاسی لە دنیای ئیسلامیدا لە ڕێی ئەوقافەوە جڵەوی دین دەکات، دوو مەبەستی گرنگ دەپێکێت:

یەک: بۆ بەرهەمهێنانی گوتارێکی ڕەسمیی دینییە کە لەگەڵ بەها و سیاسەتەکانی خۆیدا بگونجێت. ئەم گوتارە دینییە دەبێت هەڵگۆزانی مانا لە دین و هەڵگۆزانی بەها لە دین؛ لەگەڵ ویستەکانی دەسەڵات و بەهاکانی دەسەڵاتدا بگونجێت.

دوو: بەم گوتارە بەرهەمهاتووە دینییە پێکەوە بەستنی کۆمەڵایەتی و گوێڕایەڵیی کۆمەڵ بۆ دەسەڵاتی سیاسی مسۆگەر دەکات، ئەگەر ئەمە ڕووی نەدا، ئەوە دەسەڵاتی سیاسی سەرکەوتوو نەبووە لە ڕامکردنی دامەزراوەی ئایینی.

 

دامەزراوەی ئەوقافیش بە دەوری خۆی، سەرکەوتوو بووە لە پاراستنی بەرژەوەندیی گوتاری دینی خۆی و لە ڕووی ماددیشەوە سەرچاوەیەکی باشی بۆ کارمەند و پیاوە دینییەکانی خۆی و دامەزراوە دینییەکان دابین کردووە، هەروەها زۆربەی کات سوودی لە دەسەڵاتی سیاسی وەرگرتووە تا نەیارە دینییەکانی خۆی سەرکوت بکات و لە باشترین حاڵەتدا پەراوێزێکی کەم بۆ نەیارە دینی و ئایدیۆلۆژییەکانی خۆی بهێڵێتەوە و بوارە گشتییەکە لە بەرژەوەندیی خۆی یەکلا کردووەتەوە. واتە دامەزراوەی سیاسی و دامەزراوەی دینی لە پەیمانێکدان کە بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە و ئەم بەرژەوەندییە هاوبەشە دەبێت لە هەردوولاوە پارێزراو بێت.

 

وەرگیراوە لە: ئاژانس

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.