سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

کەی موسوڵمانان دان بە هەڵەکانی خۆیاندا دەنێن

20/06/2019


سه‌روه‌ر پێنجوێنی    

 

 کلێسای کاتۆلیکی داوای لێ‌بوردنی لە گالیلیۆ کرد؛ ئەی کەی دەبینین موسوڵمانان داوای لێ‌بوردن لە حەللاج و سوهرەوەردی و ئیبن ڕوشد بکەن؟! کلێسای کاتۆلیکی داوای لێ‌بوردن لە جولەکە و پرۆتیستانتیەکان و هەمو قوربانیەکانی ستەمی ڕابردویان دەکات، ئەی ڕۆژێک دێت موسوڵمانان داوای لێ‌بوردن لە کورد و ئارامیەکان و قیبتیەکان و کەمایەتیە ئایینیەکان بکەن؟ ئێمە دەبینین کلێسای کاتۆلیکی، دان‌پێدانان "اعتراف" و داوای‌لێ‌بوردن "اعتذار" یەک لەدوای یەک دەردەکات.. وردە-وردە دان بە هەڵەکانی کلێسادا دەنێن کە لە مێژوی خۆیدا گەلێک ستەم و زۆرداری و چەوساندنەوە و سەرکوت‌کردنی دەرهەق بە زاناکان و بیرمەندەکان کردوە، بەڵام لە سەردەمی نوێدا بەردەوام پێداچونەوە بۆ ئەو مێژوەیان دەکەن و هەست بە تاوانباری دەکەن، ئەم بەخۆداچونەوەیەش بە دان‌نان بە هەڵەکاندا دەست پێ دەکەن.. بەردەوام بەیاننامە و لێدوانی نوێ دەردەکەن و دان بە هەڵەکاندا دەنێن و داوای لێ‌بوردن پێشکەش دەکەن، بەڵكو پەیکەری ڕێزلێ‌نان لەناو ڤاتیکاندا بۆ ئەو زانا و بیرمەندانە بنیات دەنێن.  

دوای تێپەڕبونی زیاتر لە سەدەیەک بەسەر دادگایی‌کردنیدا؛‌ کلێسا ڕێگەی دا بە چاپ‌کردنی کتێبەکانی گالیلیۆ، ساڵی ١٩٩٢ یش ڤاتیکان داوای لێ‌بوردنی ڕەسمیی لە گالیلیۆ ڕاگەیاند، ساڵی ٢٠٠٨ یش لەناو ڤاتیکاندا پەیکەری بۆ دروست کرا و بڕیاری کۆنی کلێسا سەبارەت بە گالیلیۆ هەڵ‌وەشێنرایەوە.  نمونەیەکی تر؛ لێدوانی کلێسا بو، لە یادی سوتاندنی فەیلەسوف و زانای بیرکاری و فەلەک‌ناسیی ئیتالی (جۆردانۆ برونۆ) Giordano Bruno (١٦٠٠) ـدا، کە کلێسا ئیدانەی خۆی بۆ ئەو شێوە سزادانە دەربڕی.   هەتاکو لەگەڵ دوژمنێکی تری باوەڕی مەسیحیدا، کە زیانی زۆری پێیان گەیاندوە(!) و بۆیە بەدرێژایی زیاتر لە سەدەیەک کلێساکان دژایەتییان کردوە، کە ئەویش (داروین) و "تیۆریی پەرەسەندن" ی داروینە؛ کلێسا دەیەوێت ئاشت ببێتەوە و خۆی لەگەڵی بگونجێنێت. ئەوە بو ساڵی ١٩٥٠ پاپا (پیوس‌ی دوازدەهەم) دانی نا بە تیۆریی پەرەسەندندا بەو پێیەی "ڕێگەیەکی زانستیی دروستە بۆ ڕاڤەی پەرەسەندنی مرۆڤ"، و دواتر ساڵی ١٩٩٦ یش پاپا (یۆحەننا پۆڵس‌ی دوەم) هەمان شتی ڕاگەیاند. هەتا ئەوە بو لە کۆنگرەیەکدا (ڕۆما، ساڵی ٢٠٠٩) بە بۆنەی یادی ١٥٠ساڵەی دەرچونی کتێبی "بنچینەی جۆرەکان" ی داروینەوە، لە وتەی ڕاگەیاندنی بەستنی ئەو کۆنگرەیەدا (١٦ / ٩ / ٢٠٠٨) ڤاتیکان لەسەر زمانی وەزیری ڕۆشنبیری (جانفرانکۆ رەڤاسی) Gianfranco Ravasi ـەوە ڕایگەیاند کە تیۆریی پەرەسەندن لەگەڵ باوەڕی مەسیحی و "کتێبی پیرۆز" دا تەبایە!  

لە هەمان کاتیشدا (هەر لە مانگی ٩ ی ٢٠٠٨ دا) (د. مالکۆڵم براون) Dr Malcolm Brown کە پیاوێکی ئایینیی دیاری کلێسای ئینگلیزیە، ڕایگەیاند کە کلێسای پرۆتیستانتیی ئینگلیتەرا داوای لێ‌بوردن لە داروین قەرزارە، لەسەر شێوازی پێشوازی بیر و بۆچونەکانی لەلایەنی مەسیحیەکانی سەر بەو کلێسایەوە.   هەرچەند هەتا ئێستە کلێسای کاتۆلیکی خۆی بە ناچار نازانێت داوای لێ‌بوردن لە داروین بکات، بەو پێیەی کە هیچ کات داروین ڕوبەڕوی دژایەتیی کلێسای کاتۆلیکی نەبوە و کتێبەکەی قەدەغە نەکراوە. بەڵام دیسان کلێسا، ئەم جارەیان لەسەر زمانی پاپای ئێستای کلێسا پاپا (فڕانسیس)، دان دەنێتەوە بە ڕۆڵی تیۆریی پەرەسەندندا بۆ ڕاڤەی دروست‌بونی مرۆڤ. پاپا فڕانسیس، ڕۆژی ٢٨ ی مانگی ١٠ ی ئەم‌ساڵ، لەبەردەم (ئەکادیمیای پاپی بۆ زانستەکان) Pontificia accademia delle scienze لە ڤاتیکان، دانی نا بە تیۆریی (تەقینەوەی گەورە) و پەرەسەندندا، و وتی: تەقینەوەی گەورە کە بە بنچینەی دروست‌بونی بونەوەر دادەنرێت لەگەڵ ڕۆڵی داهێنەرانەی خولقێنەردا تەبایە، و تەقینەوەکە شێوازی دروست‌بونی گەردون ڕاڤە دەکات، و ئەو تەقینەوەیە لە خۆیشیدا وا دەردەکەوێت پێویستیی بە دەست‌تێوەردانێکی خولقێنەر بوە تا ڕو بدات.

بە هەمان شێوە؛ وتی: "پەرەسەندن لە سروشتدا لەگەڵ خولقاندنی خوایی پێچەوانە نیە، بەڵکو چیرۆکی ڕاستەقینەی دروست‌بون دەگێڕێتەوە. کاتێکیش چیرۆکی خولقاندن لە تەوڕاتدا دەخوێنینەوە؛ ئەو خەیاڵەمان بۆ دروست دەبێت کە خوا بە گۆچانێكی سیحریەوە وەستابێت و وەکو سیحر شتەکان بخولقێنێت! بەڵام لە ڕاستیدا بەو شێوەیە نیە، خولقێنەر تەنها سەرەتاکەی دروست کردوە و ئیتر وازی لێ هێناوە بەپێی یاساگەلێکی دیاریکراو پەرە بستێنێت". هەرچەند هەست دەکرێت هەوڵ دەدات هەردو تیۆریی تەقینەوەی گەورە و پەرسەندن لە کۆتاییدا ببەستێتەوە بە باوەڕێکی ئایینیەوە؛ بەڵام گرنگ ئەوەیە ئایین لەگەڵ دەسکەوتەکانی زانست ئاشت دەکاتەوە و هەوڵ دەدات باوەڕدار بهێنێتە سەر ئەو باوەڕەی واز لە ڕواڵەتی چیرۆکە ئایینیەکان بهێنێت و بەپێی چیرۆکە زانستیەکە بۆ گەردون و ژیان وێنای مێژوی دروست‌بون و پەرەسەندنی گەردون و ژیان بکات.  

بەڵکو ساڵی ٢٠٠٠، کلێسای کاتۆلیکی، بەسەرپەرشتیی پاپا (یۆحەننا پۆڵس‌ی دوەم)، قودداسێکی باڵای "داوای لێبوردن" ی ڕێک‌خست کە چەند دان‌پێدانان "اعتراف" ێکی بە "تاوانەکانی کلێسا" دا لە خۆگرتبو، ئەو قودداسە دۆکیومێنتێکی ڕەسمیی لێ پێک‌هات کە کلێسا لەو دۆکیومێنتەدا دان بە تاوانەکانیدا (توندوتیژی و چەوساندنەوە لە مێژوی ٢٠٠٠ ساڵدا) دەنێت و داوای لێ‌بوردن دەکات [لە خوا!] لەو تاوانانە و پەیمان دەدات و خەڵک دڵنیا دەکاتەوە لەوەی هەرگیز بۆ ئەو تاوانانە ناگەڕێنەوە.. ئەو تاوانانەش وەکو: چەوساندنەوە و لەناوبردنی کەمینەکان، بەتایبەتی جولەکە و پرۆتیستانت و قەرەجی ئەورۆپا، و گەلانی خۆجێیی وڵاتان. هەروەها جەنگە خاچیەکان و شەڕ لەگەڵ موسوڵمانان، و "دادگاکانی پشکنین" و بەزۆر بەمەسیحی‌کردنی خەڵک (لە دوای سەندنەوەی ئیسپانیا لە موسوڵمانەکان، و لە سەردەمی کۆڵۆنیالیزمدا)، و وەکو لایەنگری بۆ سەرمایەدار و دەسەڵاتدارەکان لەدژی هەژار و لاوازەکان، و سەرکوتکردنی بیروڕای ئازاد، و چەوساندنەوەی ژن، و هەندێک لایەنی تریش، کە کلێسای کاتۆلیکی مێژویەکی بەدناوی لەو لایەنانەوە هەیە.  

هەرچەند دەکرێت بوترێت کلێسا بەم شێوەیە و بەم داوای لێبوردنە گشتیە دەیەوێت خۆی لە لێپرسراوێتی لە دانەدانەی تاوانەکانی بدزێتەوە و خۆی لە دادگایی‌کردنێكی ورد دور بخاتەوە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم دۆکیومێنتە ڕەسمیەی کلێسا نیشانەی بەخۆداچونەوەیەکی ڕاستەقینەیە، و نیازی ڕاستگۆیانەی کلێسا پێشان دەدات بۆ ئاشت‌بونەوە و خۆگونجاندن و ڕێکەوتن لەگەڵ بەهاکانی نوێگەری و کۆمەڵگای نوێ، و هەوڵ‌دان بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی هاوبەشی بەها ئایینیەکان لەگەڵ ئەو بەها مرۆییانەی کە دەسکەوتی فیکریی مرۆڤگەرایی عەلمانی و فەلسەفەکانی ماف و ئازادیەکانی مرۆڤن. کلێسا لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت ئایین لەگەڵ پێداویستی و مەرجەکانی کۆمەڵگای لیبڕاڵیی نوێ و بەها و ڕەوشتە مرۆییە جیهانیەکانی بگونجێنێت، و کارێک بکات ئایین لەناوەوە بەپێی ئەو بەها مرۆییە نوێیانە هەڵس‌وکەوت بکات و بەخۆیشیدا بچێتەوە. بەگشتییش؛ ئەو هەوڵانەی کلێسا بەشێکە لە ئاڕاستەیەکی گشتیی بەهێز لە خۆرئاوا بەرەو چەسپاندنی زیاتری بەها مرۆییەکان و بەخۆداچونەوە و هەڵسەنگاندن و لێپرسینەوە بۆ خود و ویژدان و مێژو و دان‌نان بەو ستەم و پێشێلکاریانەی لە ڕابردودا کراون.  
  
موسوڵمانان نەک داوای لێ‌بوردن ناکەن لە قوربانیەکانی ڕژێمە ئایینیە ستەمکار و داگیرکەرەکانیان، لەو گەلانەی کە لە هەڵمەتەکانی داگیرکاریەکان "فتوحات" ی ئیسلامدا داگیر کراون و ڕوبەڕوی جەنگ و کوشتار بونەتەوە و خاک سەربەخۆیی و مێژو و زمان و بونی نەتەوەییان زەوت کراوە.. نەک هەر دان بەو مێژوەدا نانێن وەکو مێژویەک کە هەڵەی گەورە و تاوانی دژ بە مرۆڤ و ئازادی و مافەکانی تێدایە.. بەڵکو هەوڵ دەدەن ئەو مێژوە و لایەنە تاریکەکەی پەردەپۆش بکەن، نەک هەر هەست بە تاوانباری ناکەن و داوای لێبوردن ناکەن، بەڵکو نکولیی لە گەلێک لایەنی مێژوی ئیسلامی و یاسا ئیسلامیەکان و هەڵس‌وکەوتی موسوڵمانان لەگەڵ گەلانی ناموسوڵمان و ناعەرەب دەکەن.  

گەلانی دەرەوەی نیمچەدورگەی عەرەبی، کە نەتەوەی جیاوازن و ئایین و کولتوریان جیاوازە؛ لەلایەنی دەسەڵاتە ئیسلامیەکانەوە خاکیان داگیر کراوە و ئیتر یان ناچار کراون واز لە ئایین و کولتوری خۆیان بهێنن و ئایین/کولتوری عەرەبی-ئیسلامی وەرگرن، و ئەگەرنا لەسەر ئەوە ڕێ‌کەوتون کە سەرانەیان لەسەر دانراوە و ملکەچی دەسەڵاتی ئیسلامی کراون، و ئەگەرنا ئیتر جەنگ‌ و کوشتاریان لەگەڵ کراوە و ئینجا شەڕکەریان کوژراوە و ژن و منداڵیان بەتاڵانی براون و کراونەتە کۆیلە و ماڵ‌وسامانیان تاڵان کراوە. وردەکاریی ئەم مێژوە لە تۆمارە مێژوییە ئیسلامی و نائیسلامیەکاندا باس کراوە، و گێڕانەوە ئیسلامیەکان بەدورودرێژی مێژوی ئەو داگیرکاریانە دەگێڕنەوە، و لە دەقە ئیسلامیەکانیشدا، وەکو قورئان و فەرمودە، ئەو یاسایانە هاتون کە موسوڵمانانی یەکەم جێبەجێیان کردون و لە سایەیاندا نیشتمانی گەلانی تریان داگیرکردوە و بە زۆری چەک و سوپا ملکەچی ئیسلام و دەسەڵاتیان کردون و لەو پێناوەدا جەنگیان بەرپا کردوە و خوێنی زۆریان ڕشتوە و خەڵکی زۆریان کردوە بە کۆیلە و ژێردەستە.

 

هەر لە قورئان و لە فەرمودە متمانەدارەکانیشدا فەرمان دراوە بە موسوڵمانان کە هەرچی فرەپەرست "مشرک" ـە؛ دەبێت کوشتار بکرێن و شەڕیان لەگەڵ بکرێت، هەتا موسوڵمان دەبن، خۆ ئەگەر موسوڵمان نەبن؛ پیاویان دەکوژرێت و ژن و منداڵیان دەبنە کۆیلە.. هەر لە قورئان و ئەو فەرمودانەدا فەرمان دراوە بە موسوڵمانان کە ئەوانەی شوێنکەوتەی ئایینە ئیبراهیمیەکانی ترن (واتە "ئەهلی کیتاب" ـن)؛ دەبێت شەڕیان لەگەڵ بکرێت هەتا یان موسوڵمان دەبن یان بەسەرشۆڕی سەرانە دەدەن و دەبنە هاوڵاتیی پلەدو، کە ئەگەر هیچیان لەمانە قبوڵ نەکرد؛ پیاویان کوشتار دەکرێن و ژن و منداڵیان دەکرێنە کۆیلە و ناوچەکەشیان داگیر دەکرێت و خێروبێری تاڵان دەکرێت. ئەمانەش هەمویان بەپێی بنەمای "جیهاد"، بەتایبەتی "جیهادی هێرش" (الجهاد الهجومي)، کە لە ڕابردودا پێی وتراوە "جهاد الطلب". کە ئیتر موسوڵمانان لەژێر ئەم بنەمای جیهادەدا دانیشتوانی ڕەسەنی وڵاتانیان دەکردە کەمینە و هاوڵاتیی پلەدو، کە ئێستە گەلانی ڕەسەنی وەکو عێراقیە کۆنەکان و ئارامیەکانی سوریا و فەلەستین و میسریەکان (قیبتیەکان) و گروپی تری وەکو ئێزدیەکان و چەندانی تر.

 

تەنها وەکو هەندێک کەمینەی پەرتەوازە لەژێر سایەی ئایینی خۆیاندا ماونەتەوە و بەدرێژایی مێژوی ئیسلامی چەوسێنراونەتەوە، و قەسابخانەیان بۆ ڕێک‌خراوە و ستەمیان لێ کراوە، نیشتمانی خۆیان لێ تەسک کراوەتەوە و مێژو و زمان و کولتور و ئایین و سەربەخۆییان لەناو براوە. بە شێوەیەک نیشتمانی عەرەب لە نیمچەدورگەیەکەوە فراوان بو تا گەیشتە ئەوەی ئێستە هەر لە عێراق و شامەوە لە خۆرئاوای ئاسیا هەتا هەمو باکوری ئەفریقا بوەتە نیشتمانی عەرەب! هەر لەژێر سایەی ئەم بنەمای جیهادەدا بازاڕەکانی کۆیلەفرۆشی لە جیهانی ئیسلامدا هەمیشە جمەیان هاتوە لە کۆیلە و کەنیزی گەلانی تری ناعەرەب و ناموسوڵمان. ئەمە جگە لە جێبەجێ‌کردنی یاسا ئیسلامیەکانی تر کە توندوتیژییان تێدایە و مافی ژیانیان لە خەڵکانێکی زۆر سەندوەتەوە، وەکو یاسای کوشتنی هەڵ‌گەڕاوە "مرتد" واتە موسوڵمانی وازهێناو لە ئیسلام (کە ئیتر بەپێی زۆرینەی ڕێبازە ئیسلامیەکان کاتێک خەڵکی شوێنێک واز لە ئیسلام دەهێنن؛ پیاویان دەکوژرێت و ژن و منداڵیان دەکرێنە کۆیلە.

 

یەکەم خەلیفە، ئەبو بەکر، ئەمەی دەرهەق بە خێڵەعەرەبی "بەنو حەنیفە" جێبەجێ کردوە). ئینجا لەناوبردنی هەمو شۆڕشێکی سیاسی و جوڵانەوەیەکی نەتەوەیی، بە بیانوی ئایینی و بە زەبری شمشێر و لەمل‌دان، کە دەسەڵاتدارە عەرەبی-ئیسلامیەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان هەمیشە هەمو بزوتنەوەیەکی سیاسی و نەتەوەییان لەژێر ناوی لەناوبردنی بێدینی "زندقة" و هەڵگەڕانەوە "ردة" دا قەڵاچۆ کردوە. ئەمە جگە لەو هەمو بیرمەند و زانا و عاریف و فەیلەسوفە بیرئازاد و سەربەخۆیانەی کە لەسەر بیرکردنەوەی جیاواز لە بیرکردنەوەی ڕەشەخەڵكی موسوڵمان، کە بە شێوازی نامرۆڤانەی وەکو هەڵواسین و سوتاندن و کوشتن بە برسێتی، لەناو براون، کە (حەللاج) و (سوهرەوەردی) تەنها دو نمونەن.  

ئەم مێژوە، و ئەم بنەما ئیسلامیانە؛ ئێستە موسوڵمانان و بەتایبەتی ئیسلامیەکان نکولیی لێ دەکەن! نەک هەر دان بەوەدا نانێن کە موسوڵمانان لە ڕابردودا و هەتا ئێستەش تاوان و ستەمیان کردوە دەرهەق بە گەلانی ناعەرەب و ناموسوڵمان و هەمو کۆمەڵگاکان. بەڵکو هەر خۆیان بێئاگا دەکەن لەو مێژوە، تا ئەو ڕادەیەی کە نکولی دەکەن لەوەی دەسەڵاتە ئیسلامیەکان وڵاتانی تریان داگیر کردبێت، بەڵکو ئەو داگیرکردنە ناو دەنێن "ئازادکردن"!! نکولی دەکەن لەوەی لە ئیسلامدا "جیهادی هێرش" هەبوبێت! لە کاتێکدا مێژوی "فتوحات" هەموی جێبەجێ‌کردنی جیهادی هێرشە! تا ئەو ڕادەیەی نکولی دەکەن لەوەی ئیسلام خەڵکی کردبێت بە کۆیلە و ژن و منداڵی گەلانی ناعەرەب و ناموسوڵمانی کردبێتە کۆیلە و کەنیز! بە شێوەیەک ئێمەی توێژەری سەربەخۆ ناچار دەبین ئەو دەقانەی قورئان و فەرمودە و ئەو "ئیجماع" ـەی موسوڵمانان، لەسەر یاسای کۆیلە و بەکۆیلەکردن لە ئیسلامدا، بدەینەوە بە ڕویاندا.

ئێستە کە گروپگەلی وەکو داعش (و نوصڕە و هەمو جانەوەرەکانی تر)، جارێکی تر دەستیان داوەتە جێبەجێکردنی حوکمی (ئەهلی کیتاب) و (موشریکەکان) و بنەمای "جیهادی هێرش" جێبەجێ دەکەن و بەپێی حوکمی موشریک پیاوانی ئێزدیەکان دەکوژن و ژن و منداڵیان دەکەنە کۆیلە کەنیز و دەست‌درێژیی سێکسییان دەکەنە سەر و بازاڕی کۆیلەفرۆشییان بۆ دەکەنەوە؛ دیسان موسوڵمانان و بەتایبەتی ئیسلامیەکان نکولی لەوە دەکەن ئەو کارانە هیچ پەیوەندییەکیان، نە لە دور و نە لە نزیک، بە ئیسلام و یاسا ئیسلامیەکانەوە هەبێت و لە مێژوی ئیسلامیدا هاوشێوەی هەبێت و لە دەقە ئیسلامیەکاندا یاسای وا هەبێت! نەک هەر خۆیان و پێشینانی خۆیان بە لێپرسراو و تاوانبار بزانن و داوای لێ‌بوردن پێشکەش بکەن، بەڵکو هەر نکولی دەکەن لەوەی لە مێژودا شتی وا کرابێت و لە ئایینی ئەواندا یاسای وا هەبوبێت! ئێستە موسوڵمانان، نەک هەر نکولی لە تاوانەکانی مێژوی خۆیان دەکەن و پەردەپۆشیان دەکەن و ئامادە نین هیچ داوای لێبوردنێک بکەن لە گەلان و لە مرۆڤایەتی؛ بەڵکو هەندێکیان ئەو مێژوە پڕ لە پەڵە ڕەشەی سەدەکانی ناوەڕاست دوبارە دەکەنەوە، بەبێ ئەوەی ئیسلامیەکانی تر بەجیددی ڕوبەڕویان ببنەوە.. خۆ ئەگەر گروپی وەکو داعش دەستیان نەدایەتە دژایەتی و ڕشتنی خوێنی "موجاهید" ەکانی تر لە سوریا؛ ئامادە نەدەبون سیفەتی "خەواریج" ـیشیان بدەنە پاڵ.

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.