سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

ئایا گرووپە تیرۆریستی و تەکفیرییەکان سوودیان لە هزری سەید قوتب بینیوە؟

27/06/2019


و: ئارام مەحمود ئەحمەد

یەکەم ڕێکخستنی ناسراو بە (قوتبی) لە ناو گەنجە ئیسلامییەكانی میسر لە دەیەی پێنجەم و شەشەمی سەدەی بیست درووست بوو، کە بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندییان بە گرووپە تیرۆریستییەکانەوە لە بەندیخانەی (قەناتیر) بەند کرابوون. ئەم کەسانە لەژێر کاریگەریی بیری سەید قوتب، کۆمەڵگەی خۆیان لە (جاهیلی)دا دەبینییەوە و هاووڵاتییان و دەسەڵاتدارانی کۆمەڵگە مسوڵمانەکان لەوانە کۆمەڵگەی میسریان بە هۆی نەگرتنەبەر و جێبەجێ نەکردنی حوكمەكانی شەریعەت مەحکوم دەکرد و بە کافریان دەزانین.

بێگومان لەمڕۆدا گرووپە جیهادییە تەکفیرییەکان وەک کارەکتەری سەرەکیی سەر گۆڕەپانی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفەریقا و ئەورووپا و ئەمەریکا هەژمار دەکرێن. شێوازی ڕوانینی ئەم گرووپانە بۆ سیستمی نێودەوڵەتی، دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکان و هاووڵاتییان بووەتە هۆی درووستبوونی جۆرێکی تایبەت لە ڕەفتاری توندڕەوی لەناو گرووپەکاندا، کە تێکڕایان سەرچاوەکەی بۆ بنەما فیکرییەکانی ئەوان دەگەڕێتەوە.

ئەو بیرکردنەوانەی، کە لە دونیابینی و بیری ئیبن تەیمیە، ئەبو ئەعلا مەودودی و سەید قوتب وەرگیراون. لەم نێوانەدا کاریگەریی سەید قوتب لەسەر گرووپە نوێیەکانی وەک قاعیدە و داعش لەوانی تر زیاتر بووە، چونکە بیری سەید قوتب لەو باسانەدا كە پێشکەشی کردووە لەگەڵ بارودۆخی ئێستادا گونجاوترە، جۆرێک مەیلی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژئاوا، کە بزوێنەرێکی باشە بۆ گەنجە ئیسلامییەكان زیاتر لەو دوانەی تر بەرچاو دەکەوێت.

سەید قوتب دامەزرێنەری بیری جیهاديی

سەید قوتب لە هاوڕێ نزیکەکانی جەمال عەبدولناسر بوو، لە کۆمیتەی سیاسی دوای کودەتای ئەفسەرە گەنجەکان وەک جێگری ناسر کاری دەکرد. بە وتەی مێژوونووسان بەر لە کودەتاکە ناسر بەڵێنی ئەوەی بە سەید قوتب دابوو کە بیکات بە وەزیری پەروەردە، بەڵام دوای کودەتاکە بەڵێنی خۆی نەبردووەتەسەر. لەبەر ئەوە قوتب بە هۆی نائومێدبوون لە دەوڵەتی نوێ بوو بە ئەندامی ڕەسمی ئیخوان موسلمین و سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئیخوان موسلمین، بەڵام ساڵی ١٩٥٤ بە هۆی پەیوەندیی بە ئیخوانەوە خرایە بەندیخانەوە.

لەو ماوەیەدا نووسینی کتێبی (في ظلال القرآن)ی بە تیشک خستنەسەر واتا و چەمکەکانی بانگەواز، جیهاد و ڕێکخستنی قورئان تەواو کرد. لە ڕاستیدا ئەم کتێبە پێشەکییەک بوو بۆ کتێبی سەرەکیی قوتب بە ناوی (مەشخەڵی ڕێ) کە تێیدا بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکانی ژیانی لە ڕۆژئاوا، وێنای دوو کۆمەڵگەی باوەڕدار و کۆمەڵگەی جاهیلی و ناکارایی کولتووری ڕۆژئاوا بۆ خۆشگوزەرانی مرۆڤایەتی کرد. یەکێک لەو بابەتانەی سەید قوتب لە کتێبی مەشخەڵی ڕێدا لەژێر کاریگەریی ئەبو ئەعلا مەودودی ئاماژەی پێ داوە، بریتی بوو لەوەی کە دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی لە ڕێگەی لە درووستكردنی ڕێکخستنێکی بەهێز و نهێنی و چەکدارانە نەبێت نایەتەدی. لەبەر ئەوە بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبە کاریگەریی قووڵی لەسەر گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان درووست کرد و بوو بە سەرچاوەیەک بۆ فێربوونی ئەو گرووپانە.

ئەو گرووپانەی کاریگەریی سەید قوتبیان لەسەرە

یەکەم نەوەی ڕێکخستن جوڵانەوەیەک بوو بە ناوی (قوتبی) لە ناو ئەو گەنجە ئیسلامییانەی میسر کە لە دەیەی پەنجا و شەستدا بە تۆمەتی پەیوەندی بە گرووپە تیرۆریستییەکانەوە لە بەندیخانەی (قەناتر) درووست بوو. ئەم کەسانە لەژێر کاریگەریی بیری سەید قوتب کۆمەڵگەی خۆیان لە جاهیلیدا دەبینییەوە و خەڵک و دەسەڵاتدارانی کۆمەڵگەی ئیسلامییان بە هۆی پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی یاساکانی شەریعەت بە مەحکوم و کافر دادەنا. وردە وردە گرووپی جیاجیا لەژێر کاریگەریی سەید قوتب لەو ماوەیەدا درووست بوون لەوانە:

١- كۆمەڵی تەکفیر و هیجرە.

گرووپێک لە گەنجە ئیسلامییەکانی میسر دوای ئازادبوونیان لە بەندیخانە لەژێر کاریگەریی بیری قوتب و باوەڕبوون بە جاهیلییەتی فکری و ڕەفتاری کۆمەڵگە، گرووپێکیان بە ناوی (تەکفیر و هیجرە) دامەزراند. ڕابەری ئەم گرووپە (شوکری ئەحمەد مستەفا) ناسراو بە (ئەبو سەعد) لە ئەندامە کۆنەکانی ئیخوان و لاساییکەرەوەی بیری سەید قوتب بوو. ئەندامانی ئەو گرووپە ساڵی ١٩٧٣ کۆچیان کرد بۆ ناوچە شاخاوییەکان و ئەشکەوتەکانی سنووری (ئەبی قیرتاس) و لەوێ نیشتەجێ بوون.

دوو بنەمای بیری ئەوان یەکێکیان تەکفیر و ئەوی تریان کۆچە. لەسەر ئەو بنەمایە هەر کەسێک کە تاوانی گەورە ئەنجام بدات و پێداگریی لەسەر بکات و تەوبە نەکات، بە کافری دەزانن و ئەو دەسەڵاتدارانەی کە حوکم بە پێی (ما انزل اللە) ناکەن و کەسانێک کە ڕەزامەندییان لەسەر داوە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە، بە کافر دادەنرێن. هەروەها ئەو کەسەی کە فکری خۆیانی پێ ڕادەگەیەنن و پێی ڕازی نییە یان ناچێتە ناو گرووپەکەیانەوە، کافرە. ئەوان سەدە ئیسلامییەکانی دوای سەدەی چواری کۆچی بە سەردەمی کوفر و جاهیلییەت دەزانن. لە لایەکی ترەوە کۆچ بە واتای دابڕان لە کۆمەڵگەی جاهیلی دێت. بە بڕوای ئەوان سەرجەم کۆمەڵگەکانی ئەمڕۆ، جاهیلن و دەبێت لە ڕووی شوێن و فکر و عەقڵەوە لێیان دابڕێن. هێشتا ئەندامانی ئەو گرووپە لە بیابانی سینا چالاکن.

٢. قوتبییەکانی ناو ئیخوان موسلمین

گرووپێکی تر لە گەنجان لەژێر کاریگەریی بیرە جیهادییەکانی سەید قوتب لە میسر لەوانە (مەحمود عیزەت، ڕەشاد بیومی و …) دزەیان کردە ناو ئیخوان موسلمینەوە و لە ڕێگەی لۆبییەوە لەناو ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناسراو بە ڕێکخستنەکانی مستەفا مەشهوور، کە ئەرکی تیرۆر و کارە نەرێنییەکانی ناو ئیخوان بوو، سەرەتا هەوڵی پەراوێزخستنی عومەر تەلمەسانی، ڕابەری سێیەمی ئیخوان و دواتر هەڵبژاردنی محەمەد بەدیع وەک ڕابەری گشتی ئیخوانیان دا. لە سەردەمی محەمەد بەدیع وتنەوەی کتێبە جیهادییەکان لە دەستووری کاری ئیخوان دانران و کەمپەکانی مەشقی جیهادی بۆ گەنجان لە دەوروبەری شارەکانی میسر دامەزران.

ئەم کەسانە دوای شۆڕشی ساڵی ٢٠١١ی میسر بۆ گەورەترین باندی سەرمایەدار و بەهێز لە ناو ئیخوانەکانی میسر گۆڕان، هەروەها هەوڵی زۆریان دا لە ڕێگەی ناردنی جیهادییەکان بۆ سوریا کاریگەری لەسەر گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە درووست بکەن.

٣. قاعیدە

درووستبوونی گرووپی تیرۆریستیی قاعیدە لە ئەفغانستان بە سەرۆکایەتیی ئوسامە بن لادن بەرهەمی ئاشنایەتیی ئەو لەگەڵ ئەیمەن زەواهیری یەکێک لە خوێندکارەکانی سەید قوتب بوو. چونکە بن لادن کە ساڵانێک پێش دامەزراندنی قاعیدە لە ئەفغانستان بوو، شەڕی دژی هێزە کۆمۆنیستییەکان لەو وڵاتە لەگەڵ عەبدوڵڵا عەزام دەست پێ کردبوو، بە وردی دوای ئاشنابوونی بن لادن لەگەڵ زەواهیری و چەکدارە میسرییەکان کە دەیانویست لە ڕێگەی توندوتیژییەوە حکومەتەکانی جیهانی ئیسلام بڕووخێنن و ئەوانیان بە کافر و هەڵگەڕاوە دەزانی، بن لادن کەوتە بیرکردنەوە لە دامەزراندنی گرووپێکی جیهادی و لە سەلەفییەکی ئاساییەوە گۆڕا بۆ سەلەفییەکی ڕادیکاڵ و خاوەن بیری جیهادی.

کەمێک ڕامان لە فیكری قاعیدە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە واتای جیهاد و دژایەتیی ئەمەریکا گرنگترین بنەمای بیری قاعیدە و ڕابەرانی بووە. بن لادن و زەواهیری هەر دوویان چەندین جار ڕێزیان بۆ بیری سەید قوتب دەربڕیوە و بەرهەمەکانیان بە مانیفێستی بونیادگەرایی نوێ ناساندووە. زەواهیری لە چاوپێکەوتنێکدا مانگی دیسەمبەری ٢٠٠١ لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت وتویەتی «سەید قوتب لە کتێبی مەشخەڵی ڕێدا، دەستووری گرووپە جیهادییەکانی داڕشتووە. هەروەها کتێبێکی تری بە ناوی (دادپەروەریی کۆمەڵایەتی لە ئیسلامدا) گرنگترین دەستکەوتی فکری و بیری گرووپە بونیادگەراکانە لە سەردەمی هاوچەرخ.»

٤. داعش

داعش دوا نموونەی کاریگەریی بیری قوتب لەسەر گرووپە جیهادییەکان بوو. چونکە بە لێکدانەوەی بیری ڕابەرانی داعش بە ئاسانی دەتوانرێت ئەدەبیاتی جیهادی سەید قوتب بە کەمێک نوێکردنەوە و گۆڕین ببینرێن. یەکەم تایبەتمەندیی داعش کە بە هۆی کاریگەرییەکانی قوتبەوە بوو، بریتی بوو لە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و خەلافەتی ئیسلامی بە سوودوەرگرتن لە شێوازی چەکداری و سەربازی. لەم چوارچێوەیەدا ڕابەرانی داعش بە پشتبەستن بە کۆمەڵگەی جاهیلی، تەنیا ڕێگەی ڕزگارییان لە بوونە ئەندامی دەوڵەتی ئیسلامیدا دەبینییەوە و وڵاتانی تری جیهانیان بە کافر دادەنا. لە لایەکی ترەوە هەر کەسێک کە باوەڕی بە بیروڕاکانی ئەوان نەبووایە بە کافریان دادەنا و دانیشتوانی ئەو ناوچانەی داگیریان دەکرد ئەگەر بەیعەتیان نەدایە، لەسێدارە دەدران. بەم شێوەیە دوو بنەمای فکری سەید قوتب، واتا دابەشکردنی جیهان بۆ ئیسلامی و جاهیلی و جیهاد لەپێناو هاتنەدی خەلافەتی ئیسلامی بە ڕوونی لە بیری ڕابەران و ئەندامانی داعشدا دەبینرا، هەرچەندە ئەم گرووپە داهێنانیشیان لەم بوارەدا هەبوو.

دەرەنجام

بێگومان بۆ ڕەگوڕیشەی بیری جیهادی و جیهادگەرایی لەناو ئیسلامییە سوننەکاندا دەبێت لەناو بیروڕاکانی سەید قوتب بگەڕێین. قوتب بە خستنەڕووی تێگەیشتنی جاهیلییەت، بنەمای تیۆری جیهادیی خۆی دامەزراند. لە جیهانبینی سەید قوتبدا جیهان دابەش بووە بۆ دارولئیسلام و دارولکوفر و ئەرکی مسوڵمانی ڕاستەقینەیە کە دەسەڵاتدارانی وڵاتانی مسوڵمان و وڵاتانی نامسوڵمان بە ئەنجامدانی جیهاد بەرەو ئیسلامیبوون ببەن.

لەم جیهانبینییەدا سوودوەرگرتن لە توندوتیژی وەک کارێکی ئاسایی بە مەبەستی دەرچوونی ئەوانی تر لە جاهیلییەتی مۆدێرن بەرەو ئیسلامی ڕاستەقینە سەرنجیان لێ داوە. کارێک کە دواتر لە لایەن کەسانی وەک ئەیمەن زەواهیری تیۆرسێنی قاعیدەوە شیکردنەوەی بۆ کراوە و لە لایەن داعشەوە بۆ کۆمەڵکوژی خەڵکی بێتاوان بە کار هات.

 

ئاژانس

 

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.