سه‌روه‌ر پێنجوێنی
جگه له‌مانه‌ش، ده‌قه قورئانیه‌كانی
لێبوردن و نه‌رمییش، ئه‌گه‌ر جوان لێیان ورد ببینه‌وه، ده‌بینین به‌ڕاستی بنه‌مایه‌كی
چه‌سپاو دانانێن بۆ لێكبوردنی ئایینی و ئازادیی بیروباوه‌ڕ به‌گشتی، به‌ڵكو ئه‌و
ده‌قانه خۆیشیان هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك گرفت و ئاڵۆزین و هه‌ندێك نیشانه و سه‌ره‌داو
ده‌ده‌ن به‌ده‌سته‌وه كه مژده‌به‌خش نین و مایه‌ی خۆشحاڵی نین. بۆ نمونه:
١. كاتێك له ئایینه‌كانی
تر ده‌دوێت و له ده‌قی (البقرة:
٦٢) دا باس له‌وه ده‌كات كه شوێنكه‌وته‌ی ئایینه‌كانی تر سه‌رفرازن و لێیان قبوڵ
ده‌كرێت، ده‌بینین ته‌نها باسی ئایینی (ئیسلامی) و (یه‌هودی) و (مه‌سیحی) و
(صابیئی) ده‌كات، ئیتر ئاماژه ناكات بۆ ئایینه‌كانی تر، له‌مه‌وه دیاره ئه‌و
ئایینانه‌ی كه دورن له ئایینه ئیبراهیمیه‌كانه‌وه، وه‌كو ئایینی زه‌رده‌شتی و
ئێزدی و ئایینه‌كانی تر، ئه‌و لێبوردنه نایانگرێته‌وه.. به‌تایبه‌تی (ئایینه
سروشتیه‌كان)، واته ئه‌وانه‌ی گوتاری یه‌كتاپه‌رستی به (فره‌په‌رستی) ناوزه‌دیان
ده‌كات و زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئایینه‌كانی جیهان پێك ده‌هێنن، ئه‌وانه به هیچ
شێوه‌یه‌ك قورئان سازشیان له‌گه‌ڵ ناكات و به هیچ شێوه‌یه‌ك قورئان بوارێكی بۆ نه‌هێشتونه‌ته‌وه.
جا ئه‌گه‌ر مرۆڤێك هیچ ئایینێكی نه‌بێت؛ ئه‌وه هه‌ر له قاموسی قورئاندا نیه!
٢. جگه له‌وه‌ش هه‌ر
له‌و ده‌قه‌دا (البقرة: ٦٢)، مه‌رجی ئه‌وه داده‌نێت كه ئه‌و (یه‌هودی و مه‌سیحی
و صابیئی) یانه ده‌بێت باوه‌ڕیان به خوا و ڕۆژی دوایی هه‌بێت و كاری چاكه بكه‌ن:
(مَن آمَنَ بالله واليومِ الآخِر وعَمِل صالحا).. ئه‌م مه‌رجه بێ مه‌ڵامه‌ت نیه
و ده‌بێته بنه‌مایه‌ك بۆ بیانوگرتن له شوێنكه‌وته‌ی ئه‌و ئایینانه به‌و بیانوه‌ی
كه وازیان له ئایینه‌كه‌یان هێناوه (به‌تایبه‌تی كه ئه‌و پێناسه‌یه‌ی له
ئیسلامدا هه‌یه بۆ ئایینی ـ بۆ نمونه ـ یه‌هودی و مه‌سیحی جیاوازه له‌وه‌ی لای
خۆیان هه‌یه، به‌م شێوه‌یه موسوڵمان به‌ئاسانی ده‌توانێت یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان
تاوانبار بكات به‌وه‌ی وازیان له ئایینی یه‌هودیی ڕاسته‌قینه و مه‌سیحیی ڕاسته‌قینه
هێناوه). هه‌ر بۆیه له ده‌قێكی تردا كه ئه‌و ده‌قه‌ی پێشوی پێ هه‌ڵ ده‌وه‌شێنێته‌وه
ده‌قاوده‌ق ئه‌م مه‌رجه به‌كارده‌هێنێته‌وه و ده‌ڵێت ئه‌و یه‌هودی و مه‌سیحیانه‌ی
(باوه‌ڕیان به خوا و ڕۆژی دوایی نیه و كاری خراپ و قه‌ده‌غه ئه‌نجام ده‌ده‌ن)
ئه‌وانه كوشتاریان له‌گه‌ڵ بكه‌ن هه‌تا به‌ده‌ستی خۆیان سه‌رانه ده‌ده‌ن به سه‌رشۆڕی
(التوبة: ٢٩).
٣. ئه‌و ده‌قه
قورئانیانه‌ی كه به‌ڕواڵه‌ت بنه‌مایه‌ك داده‌نێن بۆ ئازادیی بیروباوه‌ڕ، ئه‌گه‌ر
به‌وردی لێیان بڕوانین؛ ده‌بینین له ڕاستیدا ئامانجیان بنه‌مای (ئازادیی بیروباوه‌ڕ)
نیه به‌و شێوه‌یه‌ی ئێمه چاوه‌ڕوانیی ده‌كه‌ین.. بۆ نمونه، كاتێك ده‌ڵێت:
(فمَنْ شا‌ء فلْيُؤمِن ومَن شا‌ء فلْيَكْفُر) (الكهف: ٢٩) واته: (جا هه‌ر كه‌س
ویستی [باوه‌ڕ بهێنێت] با باوه‌ڕ بهێنێت و هه‌ر كه‌سیش ویستی [باوه‌ڕ نه‌هێنێت] با
باوه‌ڕ نه‌هێنێت)، ئه‌گه‌ر جوان له‌م ده‌قه ورد ببینه‌وه ده‌بینین له ڕاستیدا
ده‌یه‌وێت بڵێت ئه‌و پێویستیی به باوه‌ڕی خه‌ڵك نیه و منه‌تباری ئه‌وان نیه و،
ده‌یه‌وێت بڵێت: خه‌ڵك كه‌یفی خۆیانه باوه‌ڕ ده‌هێنن یان نا، وه‌كو ئه‌وه وایه
بڵێت (چاویان ده‌ر ده‌هات! خۆیان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن!).. ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش باوه‌ڕی به‌م
لێكدانه‌وه‌یه نیه با سه‌رجه‌می ده‌قه‌كه بخوێنێته‌وه كه ده‌ڵێت: (وقل:
الحقُّ من ربكم، فمن شا‌ء؛ فليؤمن، ومن شا‌ء؛ فليكفر، إنا أعتدنا للظالمين نارا أحاط
به‌م سرادقها، وإن يستغيثوا؛ يغاثوا بماء كالمهل يشوي الوجوه..) (الكهف: ٢٩)، واته:
(وبڵـێ: ڕاستی له په‌روه‌ردگاری خۆتانه‌وه‌یه، جا هه‌ر كه‌س ویستی [باوه‌ڕ
بهێنێت] با باوه‌ڕ بهێنێت و هه‌ر كه‌سیش ویستی [باوه‌ڕ نه‌هێنێت] با باوه‌ڕ نه‌هێنێت،
ئێمه ئاگرێكمان بۆ سته‌مكاران [مه‌به‌ستی ئه‌وانه‌یه كه باوه‌ڕی پێ ناهێنن]
ئاماده كردوه كه چوارده‌وره‌یان ده‌دات، ئه‌گه‌ر هاواریش بكه‌ن و داوای ئاو بكه‌ن
ئاوێكیان ده‌درێتێ وه‌كو ڕۆنی قرچاو كه ده‌م‌وچاو ده‌برژێنێت..)! كه‌واته ده‌قی
(فمَنْ شا‌ء فلْيُؤمِن ومَن شا‌ء فلْيَكْفُر) كه زۆر موسوڵمان خۆیی پێوه با ده‌دات
و پێی وایه بنچینه‌یه‌كه بۆ بنه‌مای ئازادیی بیروباوه‌ڕ، له ڕاستیدا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی
سه‌خته له هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕ نه‌هێنێت! به‌ڵام فێڵه‌كه‌یان ئه‌وه‌یه ده‌چن ته‌نها
ڕسته‌یه‌ك له ده‌قه‌كه ده‌هێننه ده‌ره‌وه و ته‌نها ئه‌و ڕسته‌یه‌مان پێشان ده‌ده‌ن
بۆ ئه‌وه‌ی واتای ڕاسته‌قینه‌ی ده‌قه‌كه ده‌رنه‌كه‌وێت.
٤. ده‌قی ( لا إكراه في الدين) (البقرة: ٢٥٦)، كه زۆر جار
ده‌كرێته بنه‌مای ئازادیی باوه‌ڕ، ئه‌میش هیچ ئاسۆیه‌كی ڕونمان پێشان نادات: پێش
هه‌مو شتێك به‌پێی كه‌له‌پوری ئیسلامی و بڕوای زۆرێك به‌تاڵ كراوه‌ته‌وه به ئایه‌ته‌كانی
(التوبة: ٧٣، ١٢٣، التحریم: ٩، الفتح: ١٦) كه فه‌رمان ده‌كه‌ن به كوشتاری بێباوه‌ڕان
و توندبون به‌رامبه‌ریان و به‌رامبه‌ر دوڕوان و زۆركردن لێیان. به‌پێی بڕوایه‌كی
تریش، بۆ نمونه لای ئیبن جه‌ریری طه‌به‌ری، ده‌قی (لا إكراه في الدين) ته‌نها ئه‌هلی
كیتاب واته یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان ده‌گرێته‌وه، ئیتر فره‌په‌رست و كه‌سی بێباوه‌ڕ
و بێئایین هه‌مویان زۆریان لـێ ده‌كرێت تا موسوڵمان ده‌بن یان كوشتاریان له‌گه‌ڵ
ده‌كرێت! به‌م پێیه ئایه‌ته‌كه به‌تاڵ نه‌كراوه‌ته‌وه به‌ڵام ئیتر مایه‌ی
دڵخۆشی نیه چونكه ته‌نها ده‌یه‌وێت بڵێت كاتێك یه‌هودی و مه‌سیحیه‌كان سه‌رانه‌یان
دا و سه‌رشۆڕییان قبوڵ كرد ئیتر زۆریان لـێ مه‌كه‌ن بۆ موسوڵمانبون! لێكدانه‌وه‌یه‌كی
تریش (بۆ نمونه لای ئیبن ئه‌نباری و زۆری تریش)، ده‌ڵێت: ده‌قه‌كه مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه
كه باوه‌ڕ شتێكی ناخه‌كیه و له دڵدایه و به زۆر دروست نابێت، ئه‌م واتایه‌ش
هیچ ڕێنوماییه‌كی لێبوردانه‌ی تێدا نیه، چونكه ده‌یه‌وێت بڵێت: ئه‌گه‌ر چی ئێوه‌ی
موسوڵمان به‌زۆر خه‌ڵك ملكه‌چی ئیسلام بكه‌ن و ئیسلام بچه‌سپێنن، هێشتا ناتوانن
باوه‌ڕ به‌زۆر بسه‌پێنن چونكه باوه‌ڕ له دڵدایه و كه‌سیش نازانێت و ناتوانێت
زۆركاری له‌گه‌ڵ بڕوای ناو دڵدا بكات.
ئه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ش كه خۆم په‌سه‌ندی ده‌كه‌م
و له سه‌رجه‌می ده‌قه‌كه‌وه دیاره و له‌نێو زانا ئایینیه هاوچه‌رخه‌كانیشدا
(محمد بن صالح العثيمين) په‌سه‌ندی ده‌كات، ئه‌وه‌یه كه ده‌قه‌كه ده‌یه‌وێت
بڵێت ئیسلام ئایینێكی به‌هێز و بڕواپێكه‌ره‌وه و خه‌ڵك بۆ خۆیان كه‌مه‌ندكێشی ده‌بن
و خۆیان و به ئاره‌زوی خۆیان ڕوی تێ ده‌كه‌ن، چونكه هه‌ق و ناهه‌قیان بۆ ڕون بوه‌ته‌وه
و ئیتر خه‌ڵك به خواست و ویست و عه‌قڵ و ویژدانی خۆیان هه‌ق هه‌ڵ ده‌بژێرن، نه‌ك
ئه‌وه‌ی كه زۆردارییه‌ك له ئارادا بێت.. ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌می ده‌قه‌كه بخوێنینه‌وه
به ڕونی ئه‌م واتایه‌ی تێدا ده‌بینینه‌وه: ( لا إكراه في الدين: قد تبين الرشد من الغي، فمن يكفر بالطاغوت
ويؤمن بالله؛ فقد استمسك بالعروة الوثقى..) (البقرة: ٢٥٦ )،
واته: (زۆرلێكردن له‌سه‌ر ئایین، له ئارادا نیه، هه‌ق و ناهه‌ق جیابونه‌ته‌وه،
جا هه‌ر كه‌س باوه‌ڕی به بته‌كان نه‌ما و باوه‌ڕی به خوا هێنا؛ ئه‌وه ده‌ستی
گرتوه به قوڵفه هه‌ره قاییمه‌كه‌وه..). ڕسته‌ی (هه‌ق و ناهه‌ق جیابونه‌ته‌وه)
( قد تبين الرشد من الغي )،
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕسته‌یه‌كی ده‌ستپێكه‌ره‌وه (استئنافي) ـه، بۆیه وه‌كو لێكدانه‌وه‌ی
ڕسته‌ی پێش‌و (لا إكراه في الدين) وایه، بۆیه واتای ده‌قه‌كه ئه‌وه‌یه كه
ئایینی ڕاست و ئایینی ناڕاست له‌به‌ر چاوی خه‌ڵكدا جیابونه‌ته‌وه و ئیتر خه‌ڵك بۆ
خۆیان ئایینی ڕاست هه‌ڵ ده‌بژێرن نه‌ك زۆرلێكردنێك له ئارادا بێت. ئه‌مه‌یه مه‌به‌سته‌كه،
نه‌ك ئه‌وه‌ی قورئان بیه‌وێت به موسوڵمانه‌كان بڵێت هیچ هێزێك به‌كار مه‌هێنن بۆ
چه‌سپاندنی ئیسلام یان بڵێت به‌رامبه‌ر ناموسوڵمانه‌كان هیچ توندی و زۆركارییه‌ك
مه‌نوێنن، به هیچ شێوه‌یه‌ك ناگونجێت قورئان قسه‌ی وا بكات، چونكه ده‌یان ده‌قی
قورئانیی تر هه‌ن كه ده‌ڵێن هێز به‌كار بهێنن و توند بن به‌رامبه‌ر بێباوه‌ڕه‌كان.
ئایینێك كه به زۆرینه‌ی ده‌نگی شوێنكه‌وتوانی بڕوای وا بێت كه كه‌سێك له ئایین
هه‌ڵ گه‌ڕێته‌وه و باوه‌ڕی به ئیسلام نه‌مێنێت ده‌بێت بكوژرێت؛ ناگونجێت له هه‌مان
كاتدا بڵێت نابێت زۆر له كه‌س بكرێت بۆ باوه‌ڕهێنان!
ده‌مه‌وێت ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش بكه‌م
كه ده‌سته‌واژه‌ی (في الدين) له ڕسته‌ی (لا إكراه في الدين) دا، مه‌به‌ست لێی
(له ئاییندا) نیه، واته (في) لێره‌دا به واتای (له) نیه، به‌ڵكو به واتای
(له‌سه‌ر) یاخود (به‌بۆنه‌ی..ـه‌وه) یاخود (له‌پێناوی..دا) یان (له ڕێگای..دا)
یه.. واته: (لا إكراه في الدين) واتاكه‌ی ئه‌وه نیه (زۆرلێكردن له ئاییندا
نیه)، به‌ڵكو واتاكه‌ی ئه‌وه‌یه (زۆرلێكردن له‌سه‌ر ئایین، نیه) یاخود
(زۆرلێكردن له ڕێگای ئاییندا، له ئارادا نیه). ئه‌مه بۆیه ده‌ڵێم چونكه زۆر
كه‌س به‌و شێوه‌یه هه‌ڵه‌یه ڕسته‌كه ڕاڤه ده‌كات، كه ئه‌وه نه‌زانینی زمان و
شێوازی عه‌ره‌بیه و لاوازیی چێژی ده‌قه. شایه‌نی ئاماژه‌یه كه زۆربه‌ی وه‌رگێڕه
ئینگلیزیه‌كانی قورئان كه‌وتونه‌ته ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌وه: ـ (یوسف علی) Yusuf
Ali ، نوسیویه‌تی: Let there be no compulsion in
religion به هه‌مان شێوه رۆدوێڵ J. M. Rodwell یش، كه نوسیویه‌تی: Let there be no compulsion in
Religion. ـ پیكتاڵ Pickthal ، و موحه‌ممه‌د حه‌بیب شاكیر M. H.
Shakir ، نوسیویانه: There is no compulsion in
religion. ـ جۆرج سال George
Sale ، نوسیویه‌تی: Let there be no violence in
religion. ـ ته‌قی عوسمانی Taqi
Usmani ، نوسیویه‌تی: There is no compulsion in
Faith.
٥. هه‌مو ئه‌و ده‌قانه‌ی
كه ده‌ڵێن (ڕویان لـێ وه‌رگێڕه) و (ئه‌وه‌نده خۆت ماندو مه‌كه پێیانه‌وه) و
(تۆ چاو‌دێر و به‌رپرس نیت به‌سه‌ریانه‌وه)، ئه‌م ده‌قانه هیچیان مژده‌یه‌كی
خۆشیان پێ نیه بۆ مامه‌ڵه‌ی نێوان موسوڵمان و ناموسوڵمان، چونكه ئه‌و ده‌قانه
هه‌مویان ڕوبه‌ڕوی پێغه‌مبه‌ر وتراون، ئه‌و كاتانه‌ی بانگه‌وازی ده‌كرد و له
پاڵپشت و لایه‌نگر ده‌گه‌ڕا و له‌دوی كه‌سانێك ده‌گه‌ڕا كه پێی بڵێن (ڕاست ده‌كه‌یت)
و له‌و پێناوه‌دا توشی ناڕه‌حه‌تی ده‌هات و ماندو ده‌بو.. ئه‌م ده‌قانه‌ش ده‌ڵێن
(گوێ مه‌ده‌ره شێوازی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌وان) و (ئه‌وه‌نده خۆت ماندو مه‌كه و
كه‌یفی خۆیانه، خۆیان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر باوه‌ڕت پێ نه‌هێنن) و (تۆ ته‌نها
قسه‌كانیان پێ بگه‌یه‌نه و به‌رپرس نیت له‌وه‌ی ئه‌وان باوه‌ڕ ده‌كه‌ن یان نا)..
واته ئه‌م ده‌قانه هه‌مویان دڵدانه‌وه‌ی پێغه‌مبه‌ر بون و بۆ سوككردنی په‌ستان
بون له‌سه‌ر ده‌رون و وره‌ی پێغه‌مبه‌ر، و پێی ده‌ڵێن (ئه‌وه‌نده خۆت ماندو مه‌كه
و ئه‌وه‌نده چاوه‌ڕێی باوه‌ڕهێنان و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی ئه‌وان مه‌كه و له‌پێناوی
ئه‌واندا خۆت مه‌كوژه).. دیاره موحه‌ممه‌د به‌م شێوازه تیماری باری ناله‌باری
ده‌رونی خۆی كردوه كاتێك بێهیوا بوه و په‌ستانێكی زۆر له‌سه‌ر باری ده‌رونی و
وزه و توانای به‌رگه‌گرتنی دروست بوه.. بۆیه ده‌ڵێم ئه‌و ده‌قه قورئانیانه له‌ڕاستیدا
بنه‌مایه‌كیان دانه‌ناوه بۆ ئازادیی بیروباوه‌ڕ و نایانه‌وێت به موسوڵمانه‌كان
بڵێن كارتان به كه‌س نه‌بێت و واز له خه‌ڵك و باوه‌ڕی خۆیان بهێنن، به‌ڵكو (وه‌كو
مۆنۆلۆگێك) ده‌یانه‌وێت به موحه‌ممه‌د بڵێن تۆ بیرۆكه‌ی خۆت بگه‌یه‌نه و له‌پێناوی
ئه‌واندا خۆت له‌ناو مه‌به. ده‌بێت هه‌مو كاتێك ئاگاییمان له‌وه هه‌بێت كه ده‌قه
قورئانیه‌كان زۆر په‌یوه‌ستن به باری ده‌رونیی پێغه‌مبه‌ره‌وه، قورئانیش بۆ خۆی
ده‌ڵێت: (.. لنثبّت به فؤادك، ورتلناه ترتيلا) (الفرقان: ٣٢).
٦. ئه‌و ده‌قه
قورئانیانه‌ی كه ڕێنومایی ده‌ده‌ن به (ئارامگرتن) و به‌رگه‌گرتنی ناڕه‌حه‌تی و
شێوازی ناله‌باری مامه‌ڵه و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی خه‌ڵك، جگه له‌وه‌ی كه هه‌مویان
ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ قۆناغی بانگه‌واز له مه‌ككه، جگه‌له‌وه‌ش كه لێیان ورد ده‌بینه‌وه
ده‌بینین هه‌مویان ته‌نها ڕێنوماییه‌كن بۆ پێغه‌مبه‌ر (و موسوڵمان) كه چه‌سپاو
بێت له‌سه‌ر بنه‌مای خۆی و، دان به‌خۆیدا بگرێت و ناڕه‌حه‌تیه‌كان وای لـێ نه‌كات
له ئاڕاسته‌كه‌ی خۆی لا بدات یان سازش بكات.. بۆ نمونه: سه‌رنجی ئه‌م ده‌قه بده:
(فاصبر لحكم ربك، ولا تطع منهم آثما أو كفورا) (الإنسان: ٢٤). گه‌لێكیشیان مه‌به‌ستیان
ئه‌وه‌یه ئێوه ئارام بگرن تا خوا به‌ڵێنی خۆی ده‌باته سه‌ر و تۆڵه‌یان لـێ ده‌كاته‌وه
و ده‌رو له ئێوه ده‌كاته‌وه، بۆ نمونه: (وإن كان طائفة منكم آمنوا بالذي أرسلت
به وطائفة لم يؤمنوا فاصبروا حتى يحكم الله بيننا وهو خير الحاكمين) (الأعراف:
٨٧)، (واتبع ما يوحى إليك واصبر حتى يحكم الله وهو خير الحاكمين) (يونس: ١٠٩)،
(تلك من أنباء الغيب نوحيها إليك ما كنت تعلمها أنت ولا قومك من قبل هـذا فاصبر إن
العاقبة للمتقين) (هود: ٤٩)، (فاصبر إن وعد الله حق ولا يستخفنك الذين لا يوقنون)
(الروم: ٦٠)، (فاصبر إن وعد الله حق واستغفر لذنبك وسبح بحمد ربك بالعشي والإبكار)
(غافر: ٥٥)، (فاصبر إن وعد الله حق فإما نرينك بعض الذي نعدهم أو نتوفينك فإلينا
يرجعون) (غافر: ٧٧)، (فاصبر كما صبر أولوا العزم من الرسل، ولا تستعجل له‌م. كأنهم
يوم يرون ما يوعدون لم يلبثوا إلا ساعة من نهار. بلا‌غ، فهل يهلك إلا القوم
الفاسقون؟) (الأحقاف: ٣٥). لێره‌وه تێ ده‌گه‌ین ئه‌و ده‌قانه‌ش كه ڕێنومایی
ئارامگرتن ده‌ده‌ن به موسوڵمان ته‌نها دوپاتكردنه‌وی دامه‌زراوی و چه‌سپاوین له‌سه‌ر
بیروباوه‌ڕ و رێنومایین بۆ چاوه‌ڕوانیكردنی به‌ڵێنی خوا به له‌ناوبردنی بێباوه‌ڕان
و سه‌رخستنی باوه‌ڕداران، ئیتر نابنه بنه‌مایه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبوڵكردن
و قبوڵكردنی جیاوازی و فره‌یی..
به‌م شێوه‌یه و له كۆتاییدا ده‌گه‌ینه
ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه ده‌قه ئیسلامیه‌كانی لێكبوردن و نه‌رم‌ونیانی، له ڕاستیدا
هیچ دژایه‌تی و پێچه‌وانه‌ییه‌كیان له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كانی فه‌رمان به كوشتار و
توندوتیژیدا نیه: دو قۆناغ له كاری ئیسلامیی پێغه‌مبه‌ر و موسوڵمانه یه‌كه‌مینه‌كان
دو جۆر ڕێنومایی قۆناغه‌كییان هێناوه‌ته كایه، كه قۆناغی یه‌كه‌م ته‌نها
قۆناغێكی سه‌ره‌تاییه و ڕاسته‌وخۆ ده‌گوازێته‌وه بۆ قۆناغی دوه‌م كه قۆناغی هێز
و به‌كارهێنانی هێز و توندوتیژیه. قۆناغی یه‌كه‌م پێویسته بۆ دامه‌زران و
خۆجێكردنه‌وه و قایمكردنی جێپێ، له قۆناغی دوه‌میشدا به هێز پارێزگاری ده‌كرێت
له‌و جێپێیه‌ی قایم كراوه و له‌و ده‌ستكه‌وته‌ی به‌ده‌ست هێنراوه.. هه‌ر له
قۆناغی یه‌كه‌مدا هه‌ندێك ده‌قی قورئانی هاتونه‌ته كایه كه ئاوڕشێنی دڵی موحه‌ممه‌د
(وموسوڵمان) ده‌كه‌ن (واته به هه‌ر دو شێوازی مۆنۆلۆگ و دیالۆگ) و هه‌وڵ ده‌ده‌ن
په‌ستانی قورسی سه‌ر باری ده‌رونیی بانگخواز كه‌م بكه‌نه‌وه و كارێك بكه‌ن
بانگخواز نه‌كه‌وێت و ملكه‌چی ئاسته‌نگ و ته‌حه‌ددیه‌كان نه‌بێت و هیوایه‌كی گه‌وره‌ی
به دواڕۆژ هه‌بێت، و له هه‌مان كاتیش‌دا بێمنه‌ت بێت له خه‌ڵك و پێیان بڵێت (كه‌یفی
خۆتانه باوه‌ڕم پێ ده‌هێنن یان نا، خۆتان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ن، ئاگر چاوه‌ڕێتانه!)،
ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی وره‌به‌رز بێت و له ئاسته‌نگ و كورتهێنانه‌كاندا وره‌ی نه‌ڕوخێت.
له كۆتاییشدا كه كار ده‌گاته چه‌سپانی بانگه‌واز و بونی به واقیعێك له نیمچه‌دورگه‌كه‌دا،
ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی شه‌ڕوشۆرێكی زۆر كرا و خێڵه‌كان چاوترسێن كران و (هێز) ه
ئیسلامیه‌كه بو به (ئه‌مری واقیع)، ئیتر خێڵه‌كان ته‌سلیمی (هێزی نوێ) و (كوێخای
نوێ) ده‌بن..؛ ئه‌و كاته ده‌ڵێت (هه‌ق و ناهه‌ق جیابونه‌ته‌وه و خه‌ڵك بۆ خۆیان
هه‌ق هه‌ڵ ده‌بژێرن). هه‌مو هێزێكیش هه‌ر وا ده‌ست پێ ده‌كات و له كۆتاییشدا هه‌ر
وا ده‌ڵێت.. ئه‌مێریكایش، دوای تاقیكردنه‌وه‌ی هێزی ئه‌تۆمی له‌سه‌ر مرۆڤ و دوای
به‌كارهێنان و بردنه‌ده‌ره‌وه‌ی سوپا زیاد له (٧٠) جار له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا؛
بانگه‌شه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ خۆیان دیمۆكراسیی ئه‌مێریكاییان ده‌وێت!