سه‌روه‌ر پێنجوێنی
هه‌روه‌ها جگه له فه‌رماندان به
كوشتار و كوشتنی بێباوه‌ڕان و بتپه‌رستان، بابه‌تی لایه‌نگری و دۆستایه‌تیی ئه‌و
بێباوه‌ڕ و بتپه‌رستانه به تاوان و ناپاكییه‌كی گه‌وره دانراوه.. هه‌رچه‌ند له‌و
چوارچێوه سیاسیه‌ی كێشمه‌كێشی نێوان بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌كه و مه‌ككه‌ییه‌كاندا
ئه‌م لایه‌نگری و دۆستایه‌تیه بریتی بوه له لایه‌نگری و دۆستایه‌تیی لایه‌نێك
كه پێشتر ئه‌شكه‌نجه‌ی موسوڵمانه‌كانی داوه و دواتر له شار و زێدی خۆیان ده‌ریان
كردون و به‌رامبه‌ریان جه‌نگاون [وه‌كو له ده‌قه‌كه‌ی (الممتحنة: ٨، ٩) ـه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت
كه ده‌ڵێت خوا لایه‌نگریی ئه‌وانه‌تان لێ قه‌ده‌غه ده‌كات كه جه‌نگاون له
دژتان و له وڵاتی خۆتان ده‌ریان كردون و هاوكاری و گه‌له‌كۆمه‌یان كردوه بۆ ده‌ركردنتان
و ئه‌وانه‌ی كه وایان نه‌كردوه قه‌یناكا چاكه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ن]، به‌م شێوه‌یه
ئه‌و لایه‌نگری و دۆستایه‌تیه ده‌بێته ناپاكییه‌كی سیاسی و نیشتمانی ئه‌گه‌ر
زاراوه‌كه بۆ ئه‌م كۆنتێكسته بگونجێت.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م بابه‌تی به‌ریبونه
له بێباوه‌ڕان و قه‌ده‌غه‌بونی دۆستایه‌تییان (كه ناسراوه به باوه‌ڕی وه‌لاء و
به‌ڕاء)، له زۆر ده‌قی تردا (آل عمران: ٢٨، النساء: ٨٩، ١٣٩، ١٤٤، المائدة: ٥١،
٥٧) به ڕه‌هایی دوپات كراوه‌ته‌وه و كراوه‌ته بنه‌مایه‌ك بۆ ڕاگه‌یاندنی دوژمنایه‌تی
و بڕینی هه‌مو په‌یوه‌ندییه‌ك له‌نێوان موسوڵمانان و ئه‌وانی تردا، هه‌تاكو له ده‌قێكیاندا
ده‌ڵێت: باوك و براكانتان ئه‌گه‌ر بێباوه‌ڕییان هه‌ڵ بژارد له‌بریی باوه‌ڕهێنان؛
ئێوه به دۆست و لایه‌نگری خۆتانیان مه‌زانن، ئیتر ئه‌وانه‌تان كه دۆستایه‌تییان
ده‌كه‌ن؛ سته‌مكارن و كاری نابه‌جێ ده‌كه‌ن (التوبة: ٢٣)، هه‌روه‌كو له ده‌قێكی
تریشدا ناڕاسته‌وخۆ ئه‌وانه ته‌كفیر ده‌كات كه دۆستایه‌تیی بێباوه‌ڕان (له جوله‌كه
و مه‌سیحیه‌كان) ده‌كه‌ن و ده‌ڵێت ئه‌وانه‌تان كه دۆستایه‌تییان ده‌كه‌ن له‌وانن
و ده‌چنه ڕیزی ئه‌وان! (المائدة: ٥١)، ئه‌مانه‌ش هه‌مویان ما‌نایان وایه كه
موسوڵمان ناتوانێت هیچ پردێك بۆ پێكه‌وه‌ژیان و په‌یوه‌ندیی دۆستانه و ئاشتیانه
له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا دروست بكات.
دواتریش ئه‌م بنه‌مای (وه‌لاء و به‌ڕاء)
ـه به شێوه‌یه‌كی زۆر لاستیكی و شلۆق پێناسه ده‌كرێت و له چوارچێوه و بواری
جۆراوجۆردا به‌كار دێت و ده‌بێته بنچینه‌ی ڕقێكی له‌بننه‌هاتوی مرۆڤی موسوڵمان له
هه‌مو كۆمه‌ڵگه و كولتوره‌كانی تر و، په‌یوه‌ندیه ده‌ره‌كیه‌كانی كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌تی
ئیسلامی به بارێكی خراپ‌دا ئاڕاسته ده‌كات، جگه له‌وه‌ی پێشتریش په‌یوه‌ندیه
ناوخۆییه‌كان و ئاشته‌وایی نیشتمانی لێك هه‌ڵ ده‌وه‌شێنێت. ده‌توانین ئه‌وه‌ش
بڵێین كه ئه‌م بیروباوه‌ڕه باكگراوندی دروستبونی جیهادیه‌كانی سه‌عودیه و ـ به‌تایبه‌تی
ـ قاعیده‌یه، چونكه هاوپه‌یمانبونی ڕژێمی سه‌عودی له‌گه‌ڵ بریتانیا و پاشان ئه‌مێریكا
ئه‌و ئۆپۆزیسیۆنه ئایینیه توندڕه‌وه‌ی دروست كرد. ئێسته‌ش له كرده‌وه ئیرهابیه‌كاندا
هه‌ر به‌پێی ئه‌م بنه‌مای (وه‌لاء و به‌ڕاء) ـه هه‌ر كه‌سێك به شێوه‌یه‌ك له
شێوه‌كان هاوكاری بكات له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و ئه‌و دام‌وده‌زگا و حكومه‌ته‌ی
ئه‌وان به بێباوه‌ڕ پێناسه‌ی ده‌كه‌ن؛ به بێباوه‌ڕ داده‌نرێت و سوك‌وباریك و به‌بێ
هیچ لێكدانه‌وه و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك له‌ناو ده‌برێت!
ئه‌مه هه‌موی له سه‌رده‌می قورئاندا
و له‌ناو ده‌قه قورئانیه‌كاندا. ئینجا دواتر له سه‌رده‌می بره‌وی بازاڕی سه‌نعاتی
حه‌دیسبێژی و چیرۆكخوانی له سه‌رده‌می ئومه‌ویه‌كاندا، چه‌ند (حه‌ديث) ێك ده‌ركه‌وتن
كه سزای كوشتن بۆ (موڕته‌دد) واته موسوڵمانی پاشگه‌ز له ئیسلام داده‌نێن، وه‌كو ( من ترك
دينه فاقتلوه) و (من بدّل دينه فاقتلوه) و (لا
يَحِلُّ دَمُ امرئ مسلم إلا بإحدى ثلاث: ... و التارك لدينه المفارق للجماعة) .. ئه‌مه‌ش بنه‌مایه‌كه كه به‌ته‌واوی ئازادیی فیكر و
ویژدان ده‌كوژێت و مانایه‌كی بۆ ناهێڵێته‌وه، جگه له‌مه‌ش وه‌كو بیانویه‌ك به‌كار
ده‌هێنرێت بۆ قه‌ڵاچۆكردنی هه‌مو جیاوازییه‌كی فیكری و مه‌زهه‌بی و هه‌مو هه‌وڵێكی
جیابونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی و ئابورییش. له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی
سه‌ربه‌خۆدا تیشكی زیاتر ده‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌م یاسا ئیسلامیه.
له سه‌رده‌مانی دواییدا دوای چه‌ند
ئه‌زمونێك بنه‌مای جیهاد گه‌شه‌ی زیاتری كرد، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی (ئیبن ته‌یمییه)
كه به فه‌یله‌سوفی جیهاد داده‌نرێت. ئیبن ته‌یمییه به گوفتار و به پراكتیس
جیهادی كرده ئه‌ركێك كه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی و (ئیمام) و فه‌رمانڕه‌وای
ئیسلامی‌یش نه‌بێت؛ هه‌ر پێویسته به‌رده‌وام بێت و، ئه‌گه‌ر فه‌رمانڕه‌وایش ئه‌و
ئه‌ركه پشتگوێ بخات؛ ده‌بێت زانای ئایینی ئه‌و ئه‌ركه ڕاپه‌ڕێنێت و قافڵه‌ی
جیهاد ڕێك بخات. ئه‌مه‌ش مانای وایه هه‌ر كه‌سێك پێی بوترێت زانای ئایینی (كه ئه‌م
نازناوه‌یش زۆر هه‌رزانه و چه‌مكێكی شلۆقه) و بتوانێت خۆی بكاته پێشه‌وای
ئایینیی كۆمه‌ڵێك؛ ده‌توانێت كۆمه‌ڵێك چه‌كداریان لێ ساز بكات و به‌كاریان بهێنێت
دژی هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك كه ئه‌و به شایه‌نی كوشتن و ته‌مێكردنیان بزانێت به‌بێ
گه‌ڕانه‌وه بۆ یاسا و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌سمی، كه ئه‌مه‌ش تیۆریسازی ( تنظير) ێكی
مفت و هه‌رزانه بۆ هه‌مو گروپه تێرۆریسته‌كان ئه‌وانه‌ی فه‌توای كوشتن و تێرۆر
له كه‌سێك كه پێی ده‌وترێت (زانای ئایینی) وه‌رده‌گرن و ده‌بنه دارده‌ست و جێبه‌جێكه‌ر
بۆی.
بنه‌مایه‌كی تری فیكری جیهادی كه
زیاتر سه‌رده‌كێشێت بۆ ئاژاوه و پاشاگه‌ردانی و تێرۆر؛ ئه‌و بڕوایه‌یه كه هه‌ر
ده‌وڵه‌تێكی كۆمه‌ڵگای ئیسلامی شه‌ریعه‌تی ئیسلامی جێبه‌جێ نه‌كات و ده‌ستوره‌كه‌ی
به‌پێی شه‌ریعه‌ت نه‌بێت؛ ئه‌وا ئه‌و حكومه‌ت و ده‌سته‌ی فه‌رمانڕه‌واییه بێباوه‌ڕ
(كافر) ـن و ده‌بێت جه‌نگیان له‌دژ به‌رپا بكرێت، هه‌ر كه‌سێكیش لایه‌نگرییان
بكات، ئه‌گه‌ر پیاوی ئایینییش بێت؛ ئه‌ویش بێباوه‌ڕه یان دوڕوه. به‌ڵگه‌یشیان چه‌ند
ده‌قێكی قورئانیه: (و من لم یحكم بما أنزل الله؛ فأولئك هم الكافرون) (المائدة:
٤٤) هه‌روه‌ها (.. هم الظالمون) (المائدة: ٤٥) و (.. هم الفاسقون) (المائدة: ٤٧).
(حكم) یش له قورئاندا به‌گشتی له بنه‌ڕه‌تدا واتایه‌كی ساده‌ی هه‌یه و بریتیه
له بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه یاخود قه‌زاوه‌ت و فه‌رماندان به‌تایبه‌تی بۆ بڕینه‌وه‌ی
كێشه‌ی دو لایه‌نی ناكۆك، له زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ده‌قه قورئانیه‌كاندا به‌م
واتایه هاتوه. له ده‌قی (و من لم یحكم بما أنزل الله فأولئك هم..) یشدا به‌تایبه‌تی،
له هه‌ر سێ شوێنه‌كه‌دا (المائدة: ٤٤، ٤٥، ٤٧)، به مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی یاسا
شه‌رعیه‌كان هاتوه واته كاركردن به یاساكانی كتێبه ئایینیه‌كان: له (المائدة:
٤٢ ـ ٤٤) دا باسه‌كه باسی كاركردنه به یاساكانی ته‌وڕات، له (المائدة: ٤٦، ٤٧)
یشدا باسی جێبه‌جێكردنی یاساكانی ئینجیله [هه‌رچه‌ند له ئینجیل‌دا یاساگه‌لێكی ئه‌وتۆ
نیه! به‌ڵكو هه‌وڵی ئینجیل بۆ سوككردنی په‌ستانی شه‌ریعه‌ته له‌سه‌ر مرۆڤ]،
ئینجا (المائدة: ٤٨ ـ ٥٠) یش باسی جێبه‌جێكردنی یاساكانی قورئانه. به‌ڵام به‌پێی
ئه‌و لێكدانه‌وه سیاسیه‌ی ئیسلامیه‌كان و به‌تایبه‌تی جیهادیه‌كان ئه‌و (حوكم) ـه
به واتای حكومه‌تداری و فه‌رمانڕه‌وایی و به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌ته، بۆ ئه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌كه‌ی
خۆیان بگه‌یه‌نێت و بڵێن هه‌ر حكومه‌تێك ئامانجی جێبه‌جێكردنی شه‌ریعه‌ت نه‌بێت
كافره. كه ئه‌وه‌ش فراوانكردن و كشاندنی چه‌مكه‌كه‌یه یان پێناسه‌كردنیه‌تی به‌پێی
چه‌مكێكی نوێ و گه‌شه‌كردو.
به‌پێی فیكری ئیسلامیی نوێ كه كه‌سانی
وه‌كو (مه‌ودودی) و (سه‌یید قوطب) به‌رهه‌میان هێناوه، ئه‌م سه‌رده‌مه سه‌رده‌می
نه‌فامی (جاهیلیه‌ت) ێكی نوێیه و، ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تانه‌ی ئێسته له
وڵاتانی ئیسلامی‌دا هه‌ن ده‌وڵه‌تی ناشه‌رعین چونكه كار به شه‌ریعه‌ت ناكه‌ن، به‌پێی
ئه‌و فیكره‌ش كه دوپاتی (حاكمیه‌ت) ی خوا ده‌كاته‌وه ده‌بێت شه‌ریعه‌ت سه‌رچاوه‌ی
بنه‌ڕه‌تی و كۆتایی هه‌مو بڕیار و به‌ڕێوه‌بردن و فه‌مانڕه‌واییه‌ك بێت و هیچ شتێك
به‌جێ نه‌هێڵرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی خه‌ڵك یان یاسا ده‌ستكرده‌كان مه‌گه‌ر بابه‌ته
لاوه‌كیه‌كان. ئه‌مه گرنگترین بنچینه‌ی بیری ئیسلامیی نوێیه، به‌تایبه‌تی لای
جیهادیه‌كان.
بنه‌مایه‌كی تری بیری جیهادی، كه له‌وه‌ی
پێش‌و مه‌ترسیدارتره، ئه‌وه‌یه كه سه‌له‌فیه‌كان، به‌تایبه‌تی ئاڕاسته‌ی (صه‌حوه)
و كه‌سانی وه‌كو مه‌لا (سه‌فه‌ر حه‌والی)، هه‌میشه دوپاتی ده‌كه‌نه‌وه، كه
پێیان وایه بیروباوه‌ڕی ئیسلامیی ئێسته توشی (إرجاء) بوه واته ڕێبازی گروپی
(مورجیئه) له ڕابردودا، ئه‌مه‌ش واته كه موسوڵمان ئێسته بڕوای وایه باوه‌ڕ
(إیمان) ته‌نها بریتیه له باوه‌ڕهێنان و شه‌هاده‌تهێنان و ئیتر گوناه و سه‌رپێچی
زیانی بۆ باوه‌ڕ نیه و گوناهكار هه‌ر باوه‌ڕداره، ئه‌مه ده‌چێته‌وه سه‌ر قسه‌ی
گروپی كه‌لامیی (مورجیئه) كه وتویانه گوناه زیانی بۆ باوه‌ڕ نیه. بێ گومان ئه‌وه
بیروباوه‌ڕی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری موسوڵمانان بوه، به‌تایبه‌تی ئه‌شعه‌ریه‌كان كه
بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك هه‌ژمونیان به‌سه‌ر فیكری ئیسلامی ـ سوننی‌دا هه‌بو. به‌ڵام
ئه‌و سه‌له‌فیانه بڕوایان وایه كه باوه‌ڕ باوه‌ڕهێنان و شه‌هاده‌تهێنانه و
كرداریشه، به‌پێی كردار باوه‌ڕ زیاد‌وكه‌م ده‌كات و، ئه‌گه‌ر هیچ كردار و گوێڕایه‌ڵییه‌ك
نه‌بو و سه‌رپێچی و گوناه هه‌بو؛ ئه‌و كه‌سه ئیتر باوه‌ڕدار نیه. كۆمه‌ڵێك ده‌قی
قورئانی و فه‌رموده‌یش ده‌هێننه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه گوێڕایه‌ڵی و كاری چاكه
به‌شێكن له باوه‌ڕ. به‌پێی ئه‌م بنه‌مایه بازنه‌ی كوفر و كوفراندن فراوان ده‌بێت
و هه‌ر موسوڵمانێك ڕه‌نگه له‌سه‌ر پشتگوێخستنی ئه‌ركه ئایینیه‌كان یان شكاندنی
قه‌ده‌غه ئایینیه‌كان ته‌كفیر بكرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌نجام و حاڵه‌ته‌ی كه به‌دوای
ته‌كفیردا دێت له ئازاردان و كوشتن. بۆیه به‌پێی بیری جیهادیه‌كان هه‌ر ئه‌وه
نیشانه نیه له‌سه‌ر بێباوه‌ڕیی كه‌سێك كه به ده‌می خۆی هاوار بكات باوه‌ڕی نیه،
به‌ڵكو ئه‌گه‌ر ئیسلامی به كردار جێبه‌جێ نه‌كرد؛ هه‌ر بێباوه‌ڕه و پێویست به
ئیفاده‌ی خۆی ناكات بۆ كوفراندنی! ئه‌مه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه له‌سه‌ر
ژیان و ئاسایشی هه‌مو مرۆڤێك له كۆمه‌ڵگای ئیسلامی‌دا.
سه‌رباری ئه‌وه‌ش به‌پێی زۆربه‌ی
ڕێبازه فیقهیه‌كانی ئیسلام، به‌تایبه‌تی ڕێبازی حه‌نبه‌لی كه ده‌كاته ڕێبازی وه‌ههابیی
ئێسته كه بوه‌ته ئیسلامی نمونه‌یی له جیهاندا، هه‌ر موسوڵمانێك نوێژ نه‌كات و
دوای ئاگادار كردنه‌وه‌یش ئاماده نه‌بێت نوێژ بكات و په‌شیمان نه‌بێته‌وه، ده‌بێت
بكوژرێت: به شمشێر له گه‌ردنی ده‌درێت! ئه‌مه بڕوای زۆرینه‌ی زانایانی ئایینیی
ئیسلامه. درێژه‌ی ئه‌م بابه‌ته هه‌ڵ ده‌گرین بۆ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ.
ئینجا ئاشكرایه ئه‌م حوكمی كوشتنی (نوێژنه‌كه‌ر) ه كه له فیقهی ئیسلامی‌دا هه‌یه
ئه‌گه‌ر جێبه‌جێ بكرێت چ كۆمه‌ڵگایه‌كی پڕ له توند‌وتیژی و ترس و تۆقین و له هه‌مان
كاتدا دوڕویی و دوفاقی و ئیزدیواجیه‌ت دروست ده‌كات: نوێژ له ترسی شمشێر! نوێژ بۆ
سه‌لامه‌تیی سه‌ر!
به‌كورتی له ئیسلام و ده‌قه
ئیسلامیه‌كان و بیروباوه‌ڕی ئیسلامیی ته‌قلیدیدا زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بۆ توند‌وتیژی
و تێرۆر هه‌یه و ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ق و بنه‌ما ئیسلامیانه ده‌قاوده‌ق وه‌كو خۆیان
جێبه‌جێ بكرێن و بۆ كۆمه‌ڵگای نوێ داببه‌زێنرێن و موسوڵمان مرۆڤه‌كان دابه‌ش بكات
بۆ بێباوه‌ڕ و فره‌په‌رست و پاشگه‌ز و به‌پێی ئه‌و ده‌قانه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ
بكات و هه‌رچی بێباوه‌ڕ و فره‌په‌رسته و هه‌رچی دۆست و لایه‌نگریانه وه‌كو
قورئان ده‌ڵێت كوشتار بكرێن؛ بێگومانین كه دۆزه‌خێك له توند‌وتیژی و كوشت‌وبڕ
دروست ده‌بێت كه ته‌ڕ‌وشك پێكه‌وه ده‌سوتێنێت، له‌ناو موسوڵمانانیشدا جه‌نگی
ناوخۆیی دروست ده‌بێت چونكه موسوڵمانان هه‌مویان یه‌كتر به باوه‌ڕدار و یه‌كتاپه‌رست
دانانێن (شیعه لای سوننی بێباوه‌ڕن، سوننیه‌كان لای شیعه نه‌فره‌تلێكراو و لاده‌رن،
ئه‌شعه‌ری و صۆفیه‌كان لای وه‌ههابیه‌كان فره‌په‌رستن، وه‌ههابیه‌كان لای ئه‌شعه‌ری
و صۆفیه‌كان تۆمه‌تبارن به ته‌شبیه و ته‌جسیمی خوا، و به‌م شێوه‌یه).
به‌ڵام سه‌رباری هه‌مو ئه‌مانه
شارراوه نیه كه هه‌ر مرۆڤه چه‌مكه ئایینیه‌كان ده‌خاته گه‌ڕ و كۆمه‌ڵێك وشه
و ده‌قی نیمچه مردو ده‌گۆڕێت بۆ پڕۆژه و بزاڤێك و كۆمه‌ڵێك كار و كرده‌وه و
پراكتیس. گومانی تێدا نیه كه خوێندنه‌وه و ئیجتیهاد و لێكدانه‌وه و به‌گه‌ڕخستن
ڕۆڵی سه‌ره‌كیی هه‌یه له چالاككردنی چه‌مك و بنه‌ما ئایینیه‌كاندا و هه‌روه‌ها
له هه‌ڵبژاردنی ئه‌و ده‌ق و چه‌مكانه‌دا كه هانده‌ری توند‌وتیژی و كوشت‌وبڕن و سه‌پاندنیان
به‌سه‌ر بارودۆخێكی نوێ‌دا و پشتگوێخستنی ئه‌و ده‌قانه‌ی كه هانده‌ری لێكبوردن و
پێكه‌وه‌ژیانن. كاتێك ئاییندارێك ڕێگای توند‌وتیژی و تۆقاندن هه‌ڵ ده‌بژێرێت؛ با به‌ڵگه
و پاڵنه‌ری ئایینییشی هه‌بێت و له ئایینه‌كه‌دا پاساوی ته‌واوی كاره‌كانی به‌دی
بكات به‌ڵام له هه‌مان كاتدا به ڕونی دیاره كه خۆیشی مرۆڤێكی دواكه‌وتو و
توند‌وتیژ و خێڵه‌كی و ڕه‌گه‌زپه‌رست و ده‌مارگیر و كه‌للـه‌ڕه‌قه، به به‌ڵگه‌ی
ئه‌وه‌ی باوه‌ڕداری تر هه‌ن كه هه‌مان ده‌قی ئایینی ده‌خوێننه‌وه و ڕه‌نگه باوه‌ڕێكی
قوڵتریشیان هه‌بێت به‌ڵام ئاماده نین به‌و شێوه‌یه‌ی ئه‌و توند‌وتیژی ئه‌نجام بده‌ن.
به هه‌مان شێوه كاتێك ئاییندارێكی میانه‌ڕه‌و و لێبورده و نوێخواز ئاییندارییه‌كی
لێبورده و گونجاو به‌رهه‌م ده‌هێنێت؛ با هه‌ندێك به‌ڵگه و پاڵپشتی ئایینی
بدۆزێته‌وه بۆ هه‌ڵوێست و شێواز و ڕێبازه ناتوندوتیژ و میانه‌ڕه‌وه‌كه‌ی (وه‌كو
هه‌وڵه‌كانی جه‌وده‌ت سه‌عید) به‌ڵام به ڕونی دیاره كه خۆیشی مرۆڤێكی لێبورده
و پێشكه‌وتو و میانه‌ڕه‌و و ڕوناكبیره، و سه‌رنجی پێكهێنه‌ر و ڕه‌گه‌ز و كارتێكه‌ره‌كانی
فیكره‌كه‌ی بكه؛ ده‌بینیت سودی له زۆر بیر و ئاڕاسته‌ی فیكریی تر وه‌رگرتوه و
ته‌نها پشتی به ئیسلام نه‌به‌ستوه.
بۆیه له ئه‌نجامدا ده‌توانین بڵێین
له ڕاستیدا توندوتیژیی ئایینی، به هه‌مان شێوه لێكبوردنی ئایینییش، بنچینه و ڕیشه‌ی
له هه‌ر یه‌كه له بنه‌ما و ده‌قه ئایینیه‌كان و، له خوێندنه‌وه و لێكدانه‌وه‌ی
ئه‌و ده‌ق و بنه‌مایانه‌دا، هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئایینێك هه‌مو گیانی لێبوردن و نه‌رمی
و مرۆڤپه‌روه‌ری بێت؛ به هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌ك توند‌وتیژ ده‌رناچێت، ئه‌گه‌ر
مرۆڤێكیش له خۆیدا لێبورده و ئازادیخواز بێت؛ شوێن هیچ بیر و ئایدیۆلۆجیایه‌كی
توند‌وتیژ ناكه‌وێت. مرۆڤێكیش دواكه‌وتو و توند‌وتیژ و ده‌مارگیر بێت؛ ئه‌گه‌ر
شوێنكه‌وته‌ی هیچ ئایینێكیش نه‌بێت؛ هه‌ر توند‌وتیژ و ده‌مارگیره، ئایینێكیش له
بنه‌ڕه‌تی بنه‌ما و چه‌مكه‌كانیدا توند‌وتیژی هه‌بێت؛ به هیچ خوێندنه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ
كۆمه‌ڵگای نوێ‌دا ناگونجێت.