سەرەتا/ لەبارەی دابڕان/ پەیوەندی/

جیهاد و غه‌زو له‌ ئیسلامدا (بەشی یەکەم)

18/07/2019


سه‌روه‌ر پێنجوێنی   

 


جیهاد له‌ بیری ئیسلامیی نوێدا   
له‌ ئه‌ده‌بیاتی بیری ئیسلامیی نوێدا، به‌تایبه‌تی بیری كۆمه‌ڵه‌ی (ئیخوان موسلیمین) و درێژبونه‌وه‌ و لقه‌كانی، هه‌وڵێكی زۆر دراوه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستیه‌ی كه‌ (جیهاد) له‌ ئیسلامدا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و چه‌سپاندنی ئیسلامه‌ و شه‌ڕكردنه‌ له‌گه‌ڵ ناموسوڵمان بۆ ئه‌وه‌ی ناچار ببێت موسوڵمان ببێت یان ملكه‌چی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی ببێت تا ورده‌ورده‌ كولتوری ئیسلامی به‌سه‌ریدا زاڵ ده‌بێت و ئه‌و سه‌رانه‌ و مه‌رج‌وكۆتانه‌ی له‌سه‌ری دانراوه‌ و ئه‌و پله‌دوییه‌ی كه‌ بۆی دانراوه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای ئیسلامیدا؛ هه‌مو ئه‌وانه‌ ناچاری ده‌كه‌ن موسوڵمان ببێت ئه‌گه‌ر دوای ماوه‌یه‌كی زۆریش بێت.. و هه‌ر له‌و بیره‌ ئیسلامیه‌ نوێیه‌دا وا پێناسه‌ی (جیهاد) ده‌كرێت كه‌ ته‌نها بریتیه‌ له‌ به‌رگری (دفاع)، یانی گوایه‌ جه‌نگ له‌ ئیسلامدا ته‌نها به‌رگریكارانه‌ (دیفاعی) ـه‌ و بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ده‌ستدرێژیی سه‌ربازیه‌ بۆسه‌ر موسوڵمان و نیشتمانی ئیسلامی.. كه‌ ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ ده‌قه‌كان و ڕوداوه‌كانی مێژوی ئیسلامیدا كۆك و ته‌با نیه‌ (له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ نابێت ئه‌وه‌ له‌ بیر بكرێت كه‌ به‌شێكی زۆر له‌و مێژوه‌ مێژویه‌كی پیرۆزه‌ و به‌شێكه‌ له‌ ئیسلام و كۆمه‌ڵێك ده‌قیشی هێناوه‌ته‌ كایه‌ [(سبب نزول) و (سبب ورود) هیچ نیه‌ جگه‌ له‌ به‌رهه‌مهاتنی ده‌ق له‌ په‌راوێزی مێژو و ڕوداوه‌كاندا]، مه‌به‌ستم مێژوی ئیسلامیی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر و خه‌لیفه‌ ڕاشیده‌كانه‌..

 

ئاشكرایه‌ كه‌ ئه‌و مێژوه‌ ئیسلامیه‌ی كه‌ پێغه‌مبه‌ر له‌ ژیانی خۆیدا دروستی كردوه‌ به‌شێكه‌ له‌ ئیسلام و كۆمه‌ڵێك ده‌قیشی له‌ قورئان و حه‌دیس به‌رهه‌م هێناوه‌، به‌ هه‌مان شێوه‌ كار و بڕیاره‌كانی خه‌لیفه‌ ڕاشیده‌كان بونه‌ته‌ به‌شێك له‌ ئیسلام و ئه‌ده‌بیاتی ئیسلامی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ جیاكردنه‌وه‌ی "ئایین" و "مێژو" ده‌رهه‌ق به‌ ئیسلام زۆر جار خه‌له‌لێكه‌ له‌ میتۆدی لێكۆڵینه‌وه‌ی ئیسلامدا). هه‌روه‌ها كاتێك باسی (جیهاد) بكرێت و به‌ (شه‌ڕكردن له‌ پێناوی ئیسلامدا) پێناسه‌ بكرێت؛ ئه‌وه‌ به‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ داده‌نێن و ده‌ڵێن ئه‌وه‌ (قیتال) ـه‌ نه‌ك جیهاد! ئینجا ده‌قێكی قورئان ده‌هێننه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێن جیهاد جیهادی فیكر و بانگه‌وازه‌، ئه‌وه‌ش ئه‌و ده‌قه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت: (وجاهدهم به جهادا كبيرا) (الفرقان: ٥٢)، و ده‌ڵێن ئه‌م ئایه‌ته‌ له‌ مه‌ككه‌ هاتوه‌ و باسی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ قورئان جیهاد ده‌كرێت (ئیتر هه‌ر باسی جیهاد بكرێت؛ هه‌ر ئه‌و ته‌نها ده‌قه‌ ده‌هێننه‌وه‌!!

 

بۆ ئه‌وه‌ی مانای زاراوه‌ی جیهاد بگۆڕن و له‌ ماناكانی "شه‌ڕ" و "غه‌زو" دوری بخه‌نه‌وه‌).. ئیتر خه‌ریكه‌ ئه‌وه‌ له‌ بیر ده‌كه‌ن كه‌ له‌ ده‌قه‌ ئیسلامیه‌كاندا (جیهاد) چه‌نده‌ به‌سه‌ر (شه‌ڕكردن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و چه‌سپاندنی ئیسلام) دا بڕاوه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ "تێكۆشان له‌پێناوی خوادا" (الجهاد في سبيل الله) له‌ زاراوه‌ی ئیسلامیدا خه‌ریكه‌ ده‌بێته‌ هاوواتای (شه‌ڕكردن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و چه‌سپاندنی ئیسلام) [و به‌ڵكو (غه‌زو) یش به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ر هه‌مان داگیركاری و تاڵانكاریه‌ مه‌ئلوفه‌كه‌ی خه‌ڵكی ده‌شته‌كیه‌ كه‌ پێش ئیسلامیش كراوه‌].. ئه‌مه‌ش له‌ قورئانه‌وه‌ ئاشكرایه‌ هه‌تا هه‌ر ده‌قێكی ئیسلامیی لاوه‌كییش. هه‌روه‌ها خه‌ریكه‌ هه‌مو ئه‌و ده‌قه‌ ئیسلامیانه‌ له‌ بیر ده‌كه‌ن كه‌ باسی بایه‌خی جیهاد و "غه‌زا" (غه‌زو) و "ئاماده‌كردنی هێز" (إعداد القوة) و "ئاماده‌باشیی سه‌ربازیی هه‌میشه‌یی" (مرابطة) و "شمشێر" (سیف) و "ڕم" (رمح) و "تیرهاوێشتن" (الرمي) ده‌كه‌ن، بۆ ئیسلام و بڵاوكردنه‌وه‌ و چه‌سپاندنی ئیسلام (في سبيل الله ـ إعلاء كلمة الله)؛ و خه‌ریكه‌ حاشایان لێ ده‌كه‌ن و ده‌یانشارنه‌وه‌ و په‌رده‌پۆشیان ده‌كه‌ن..  


ئه‌م بیركردنه‌وه‌ ئیسلامیه‌ گۆڕاو و تازه‌بابه‌ته‌؛ له‌پشتی ئه‌و ڕه‌تكردنه‌وه‌ تونده‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕۆشنبیره‌ ئیسلامیه‌كانه‌وه‌ ڕوبه‌ڕوی ده‌بینه‌وه‌ كاتێك ورده‌كاریی مێژوی داگیركاریه‌ ئیسلامیه‌كان (فتوحات) بیر ده‌خه‌ینه‌وه‌.. كاتێك ده‌ڵێین سوپا ئیسلامیه‌كانی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر و خه‌لیفه‌ ڕاشیده‌كان و ئه‌وانی دواتر ئیسلامیان سه‌پاندوه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌كانی نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بی و وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی نیمچه‌دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا؛ ڕۆشنبیره‌ ئیسلامیه‌ تازه‌بابه‌ته‌كان، ئه‌وانه‌ی خۆیان به‌ چه‌مكه‌ نوێیه‌كانی دیمۆكراسی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی ده‌ڕازێننه‌وه‌، به‌توندی ئه‌و ڕاستیه‌ ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌ و نكولیی لێ ده‌كه‌ن.. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێك، له‌وانه‌: باسكردنی ئه‌و ڕاستیانه‌ زیان ده‌گه‌یه‌نێت به‌و وێنه‌ جوانكراو و سه‌روگوێكراو و متوربه‌كراوه‌ی ئیسلام كه‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا (دوای سه‌ركه‌وتنی چه‌مكه‌ نوێیه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی) ده‌یخه‌نه‌ پێش چاوی خه‌ڵك.. ئه‌و وێنه‌یه‌ ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و میصداقیه‌تی ئایینی و مێژویی ده‌له‌رزێنێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئیسلامی باشترین سه‌رده‌می ئیسلامی (خیر القرون) به‌و شێوه‌یه‌ نه‌بوبێت؛ كه‌واته‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مان ئێسته‌ پێشانی خه‌ڵكی ده‌ده‌ن ئیسلام نیه‌ یان ئیسلامێكی ڕه‌سه‌ن نیه‌ یان ئیسلامێكی موتوربه‌كراوه‌ به‌ چه‌مكه‌ نوێیه‌كان..

 

هۆكارێكی تر ئه‌وه‌یه‌ كاتێك ئیسلامیه‌كانی ـ بۆ نمونه‌ ـ كوردستان ڕوبه‌ڕوی ئه‌و ڕاستیانه‌ ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ ئیسلام له‌سه‌ر ده‌ستی سوپای ده‌وڵه‌تی عه‌ره‌بی ـ ئیسلامی هاتوه‌ بۆ كوردستان و له‌سه‌ر خاكی كوردستان له‌گه‌ڵ جه‌نگاوه‌ری كورد شه‌ڕی كردوه‌ و مرۆڤی كوردی كوشتوه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌بوه‌ته‌ موسوڵمان؛ ئه‌و كاته‌ ئه‌وان جگه‌ له‌ لایه‌نه‌كانی تر هه‌ستێكیشیان بۆ دروست ده‌بێت وه‌كو هه‌ستی كه‌سێك ته‌ریق ببێته‌وه‌ له‌وه‌ی شوێن هێزێكی بێگانه‌ و كولتورێكی بێگانه‌ كه‌وتبێت كه‌ پێشتر وڵاته‌كه‌ی داگیركردوه‌ و كولتوره‌كه‌ی فه‌وتاندوه‌ و ده‌سه‌ڵات و سه‌ربه‌خۆیی له‌ناوبردوه‌، و خۆی وه‌كو تابورێكی پێنجه‌م بێته‌ پێش چاو! هۆكارێكی سه‌ره‌كیی تریش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ڕۆشنبیره‌ ئیسلامیه‌ تازه‌بابه‌تانه‌ خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و هێڵه‌ی بیری ئیسلامیی نوێن كه‌ هاتوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ كاری ئیسلامی به‌ شێوازی چه‌كدار له‌م سه‌رده‌م و كۆمه‌ڵگا نوێ و فره‌ڕه‌نگه‌دا زیانی زیاتره‌ له‌ قازانجی و وێنه‌ی ئیسلام له‌ سه‌رده‌می نوێدا ناشیرین ده‌كات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر چه‌مكی (جیهاد له‌پێناوی خوادا) به‌ شێوه‌ ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی (واته‌: شه‌ڕكردن و هێزته‌یاركردن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئیسلام) بخرێته‌ پێش چاوی خه‌ڵك؛ ئه‌وه‌ ڕێك ده‌بێته‌ ئه‌و كاره‌ی كه‌ به‌ زاراوه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تیی نوێ پێی ده‌وترێت (تێرۆر)! سه‌رڕێخستنی هێزی چه‌كدار و ناردنیان بۆسه‌ر ئاوه‌دانیه‌كان بۆ موسوڵمانكردنیان، به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ئیسلام له‌ چه‌رخی زێڕینی خۆیدا كردویه‌تی؛ له‌گه‌ڵ ئه‌و كاره‌دا به‌رامبه‌ر ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئێسته‌ به‌ تاوانی (تێرۆر) ده‌ناسرێت، كه‌ بریتیه‌ به‌كارهێنانی هێز (قوة) و تۆقاندن (إرهاب) به‌رامبه‌ری كه‌سانێك یان كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ناچاری بڕوایه‌ك یان هه‌ڵوێستێك ببن..   


بێ گومان ـ له‌سه‌ر ئاستی كرده‌یی نه‌ك تیۆری ـ شتێكی باش و خوازراوه‌ و جێگه‌ی ڕێزیشه‌ موسوڵمانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ـ به‌ سودبینین له‌ بیری نوێ ـ ئیسلام نوێ بكاته‌وه‌ و ـ بۆ نمونه‌ ـ چه‌مكی (جیهاد) به‌ تێكۆشانێكی مه‌ده‌نی پێناسه‌ بكاته‌وه‌ و چه‌مكی (قیتال) به‌ جه‌نگێكی یاسایی به‌رگریكارانه‌ پێناسه‌ بكاته‌وه‌ و باوه‌ڕی به‌ سه‌پاندنی باوه‌ڕ به‌ هێز و ترساندن نه‌بێت.. به‌ڵام كێشه‌كه‌ له‌ چه‌ند لایه‌نێكدا وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌:    ١. هه‌تا ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ش كه‌ باوه‌ڕیان به‌و تێز و بیره‌ ئیسلامیه‌ نوێیه‌ هه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕی به‌ جه‌نگی پیرۆز و به‌كارهێنانی هێزی چه‌كدار بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و چه‌سپاندنی ئیسلام نیه‌؛ هێشتا تێڕوانینیان بۆ بیری ئازاد وه‌كو تێڕوانینه‌ هاوچه‌رخه‌كه‌ نیه‌.. به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر بیرێكی ئازاد كه‌ له‌باره‌ی ئایینه‌وه‌ بدوێت و به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی (ڕه‌خنه‌یی) و بێلایه‌نانه‌ قسه‌ له‌سه‌ر چه‌مك و ده‌ق و كه‌سێتیه‌ ئایینیه‌كان بكات (كه‌ ئه‌مه‌ش مافێكی فیكری و زانستیی مرۆڤی هۆشیاری هاوچه‌رخه‌ كه‌ ده‌بێت "بزانێت").. به‌رامبه‌ر ئه‌م باس‌وخواسانه‌ جه‌ماوه‌ری ئه‌و بیره‌ ئیسلامیه‌ تازه‌بابه‌ته‌ش قبوڵكردنیان نیه‌ و وه‌كو بیری ئازاد نایناسن و به‌ تۆمه‌تی وه‌كو (سوكایه‌تی) و (برینداركردنی هه‌ستی خه‌ڵك) و (زیانگه‌یاندن به‌ دابی گشتی) و شتی تر ئابڵوقه‌ی ده‌ده‌ن و هه‌وڵی سه‌ركوتكردنی ده‌ده‌ن..

 

ئه‌گه‌ر به‌ شێوازی چه‌كدار و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنیش ڕوبه‌ڕوی نه‌بنه‌وه‌؛ هه‌مو شێوازێكی تر به‌كار ده‌هێنن بۆ سه‌ركوتكردنی ئه‌و بیره‌ ئازاده‌، هه‌ر له‌ سكاڵا و ئیستغلالكردنی یاساوه‌ هه‌تا وروژاندنی جه‌ماوه‌ر و ڕه‌شه‌خه‌ڵك و هه‌تا به‌دناوكردن و ناوزڕاندنی كه‌سێتی و په‌ستانی كۆمه‌ڵایه‌تی و جه‌نگی ده‌رونی.. ئه‌وه‌ش یانی قبوڵنه‌كردن و باوه‌ڕنه‌بون به‌ ئازادیی فیكر هه‌ر هه‌یه‌ و وه‌كو خۆیه‌تی به‌ڵام شێواز و ئامڕازی سه‌ركوتكردنه‌كه‌ جیاوازه‌ و له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخ خۆی گونجاندوه‌..  


٢. به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و تێڕوانینه‌ نوێیه‌ بۆ چه‌مكی (جیهاد) و ئه‌و پێناسه‌كردنه‌وه‌یه‌ی به‌ تێكۆشانی مه‌ده‌نیانه‌ و ئاشتیانه‌؛ ڕه‌سه‌نایه‌تیی له‌ بیریی ئیسلامیدا نیه‌ و ده‌قه‌كان پشتگیریی ناكه‌ن (مه‌گه‌ر به‌ هه‌ڵبژاردنی به‌مه‌به‌ستی چه‌ند ده‌قێكی دیاریكراو و دابڕینیشیان له‌ هاوه‌ڵده‌ق "سیاق" و چوارچێوه‌ی ده‌قی "نصي" و چه‌مكی "مفاهيمي" ی خۆیان و ئینجا فه‌رامۆشكردنی ده‌قه‌كانی تریش!)، و پێشینه‌ و بنچینه‌یشی له‌ مێژوی پیرۆز و ناپیرۆزی ئیسلامدا نیه‌؛ له‌به‌ر ئه‌وانه‌ ئه‌و تێڕوانین و داڕشتنه‌وه‌ و پێناسه‌كردنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌مو ناوه‌ند و كۆمه‌ڵگایه‌كی ئیسلامیدا ڕه‌وایه‌تی و بره‌وی نیه‌.. ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێك بیرمه‌ندی ئیسلامیی تازه‌بابه‌ت هه‌بن كه‌ ئه‌و تێڕوانینه‌ نوێیه‌ و ئه‌و پێناسه‌كردنه‌وه‌یه‌یان هه‌بێت و شوێنكه‌وته‌یشیان هه‌بێت؛ هێشتا جه‌ماوه‌رێكی ئایینیی زۆر هه‌یه‌ كه‌ باوه‌ڕی به‌ به‌كارهێنانی هێز و چه‌كداری هه‌یه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و چه‌سپاندنی ئیسلام و كۆمه‌ڵێك پێشه‌وای ئایینیی زۆریش هه‌ن كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ڕێنماییان ده‌كه‌ن، و ئه‌مانه‌ش زیاتر پڕچه‌كن به‌ ده‌قه‌كان و پراكتیس و (ممارسات) ی موسوڵمانانی یه‌كه‌م و (خیر القرون).. له‌به‌ر ئه‌وه‌؛ ئه‌وه‌ی تێڕوانینه‌ نوێیه‌كه‌ پێشنیاری ده‌كات؛ تێڕوانینه‌ ته‌قلیدی و سوننه‌تی و (ڕه‌سه‌ن) ـه‌كه‌ ڕیسه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌ به‌ خوری.. ئه‌و تێڕوانینه‌ نوێیه‌ی كه‌ وا له‌ ده‌م‌وچاوه‌ تازه‌كانی بیری ئیسلامی ده‌كات ڕوی مه‌جلیسی دیمۆكراسی و مافی مرۆڤ و ئازادییان هه‌بێت؛ لایه‌ك له‌ جه‌ماوه‌ری ئایینی و كه‌سانێك كه‌ به‌كرده‌یی توندوتیژی و تێرۆر ئه‌نجام ده‌ده‌ن به‌تاڵی ده‌كه‌نه‌وه‌ و له‌ ڕوی كرده‌یی و له‌ ڕوی تیۆرییشه‌وه‌ به‌درۆی ده‌خه‌نه‌وه‌..

 

له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌گه‌ر په‌نجه‌ بۆ جه‌ماوه‌رێكی توندڕه‌و ده‌مارگیر و كه‌سانی تێرۆریست درێژ بكه‌ین؛ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێین كه‌ ئێمه‌ (ئیسلام) و (هه‌ڵه‌ی موسوڵمان) تێكه‌ڵ ده‌كه‌ین، ئه‌وه‌ش چونكه‌ ڕۆشنبیره‌ ئیسلامیه‌كان (ئیسلام) یان به‌ شێوه‌یه‌كی نوێ داڕشتوه‌ته‌وه‌ كه‌ جیاوازه‌ له‌ پراكتیسی جه‌ماوه‌رێكی توندڕه‌و و كه‌سان و ڕێكخراوی تێرۆریست.. ئیتر كاره‌كه‌ وه‌كو "دابه‌شكردنی ڕۆڵه‌كان" (توزيع الأدوار) ی لێ هاتوه‌: موسوڵمان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ڕوناكبیر پێشبڕكێ ده‌كات بۆ خستنه‌ڕوی بیری دیمۆكراسی و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و مافی مرۆڤ و هه‌مو دروشمه‌ خۆشه‌ویسته‌كانی تری سه‌رده‌م، موسوڵمانیش هه‌یه‌ له‌ سه‌نگه‌ردایه‌ بۆ هه‌ر بیركردنه‌وه‌یه‌كی ئازاد و زانستیانه‌ ده‌رباره‌ی ئایین و به‌ هه‌مو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵی سه‌ركوتكردنی ده‌دات كه‌ نه‌چێته‌ خانه‌ی (تێرۆر) ی صه‌ریحه‌وه‌! موسوڵمانیش هه‌یه‌ به‌كرده‌یی كاری تێرۆریستی ئه‌نجام ده‌دات.. ئیتر تێڕوانینه‌ نوێیه‌كه‌ وه‌كو واجیهه‌ و دیباجه‌ و دیكۆرێكی ڕازاوه‌ی لێ دێت بۆ بیری ئیسلامی و هیچی تر.. هه‌مو شێوازه‌ جیاوازه‌كانیشیان بۆ شوێنی خۆیان خزمه‌تی هه‌مان ئامانج ده‌كه‌ن: گوتاری پێشكه‌وتنخوازیش پێویسته‌ و په‌ستان و خۆسه‌پاندنیش به‌ ئامڕازی مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵایه‌تی پێویسته‌ و ترساندن و تۆقاندنیش پێویسته‌!! هه‌ر یه‌كه‌ی بۆ شوێنی خۆی و چوارچێوه‌ی خۆی! هه‌مویشی بنچینه‌ و به‌ڵگه‌ و پاڵپشت له‌ ده‌قه‌كان و پراكتیسی ئیسلامیدا بۆ خۆی ده‌بینێته‌وه‌. (خۆش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ لایه‌نه‌ میانڕه‌وه‌كان به‌وه‌ پاساو بۆ بونی خۆیان ده‌هێننه‌وه‌ و خۆیان به‌ "زه‌روره‌ت" ده‌زانن كه‌: ئه‌گه‌ر ئه‌مان نه‌بن و ئه‌مان ئه‌و تێڕوانینه‌ نوێیه‌ بۆ جیهاد پێشنیار نه‌كه‌ن؛ ئه‌وا به‌دیلی ئه‌مان ئه‌و لایه‌ن و گروپه‌ توندڕه‌وانه‌ن كه‌ باوه‌ڕیان به‌ كاری توندوتیژی هه‌یه‌ بۆ ئامانجی ئایینی.. ئه‌مه‌ش یانی ناڕاسته‌وخۆ جارێكی تر سود له‌و ته‌وژمه‌ توندڕه‌وانه‌ ده‌بینن كه‌ وه‌كو بێچوه‌گورگ پێشانی كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخیان ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ناچاری به‌دیله‌كه‌یان ببێت

نوێترین


کاریکاتێر

وێنەهەواڵ

© 2016 Dwryan.net. All Rights Reserved.